په‌نابه‌رانی عێراقی له‌به‌رده‌م دیپۆرتدا …
1- له 13-6-2009 دا په‌یمانێک له نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌وڵه‌تی دانمارک‌دا ده‌به‌سترێ بۆ به‌زۆرناردنه‌وه‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ی خوازیاری مافی په‌نابه‌رین و ڕهفزبونهتهوه و کێسه‌کانیان داخراوه، که ژماره‌یان 282 که‌سه. گوایه پڕۆتۆکۆلێکی نهێنی پاشکۆی ئه‌م په‌یمانه‌یه که تییایدا هاتوه له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی دانمارک خۆش ده‌بێت له به‌شێک له‌و قه‌رزانه‌ی که له‌سه‌ر عێراق ههیهتیه. هه‌ربۆیه ئه‌م په‌یمانه له‌ناوه‌ڕۆکدا کڕین و فرۆشتن و بازرگانیه به نزیکه‌ی 300 سه‌د ئینسانه‌وه، هه‌روه‌ک بازرگانی به کۆیله‌کانه‌وه له چه‌ند سه‌د ساڵی ڕابردودا.
2- دوو ڕۆژ دوای ئه‌و په‌یمانه له 15-6-2009 دا، گروپێکی به‌رچاو له‌و په‌نابه‌رانه، {به‌هاوکاری و چاوساغی چه‌ند ڕێکخراو و لایه‌نێکی چه‌پ، بیانی دۆست و به‌رگری که‌ر له په‌نابه‌ر و بیانیه‌کانی ناو دانمارک، وه له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌وان} په‌ناده‌به‌نه به‌ر کڵێسا‌ی بغۆسن (Brorson’s kirke). شایه‌نی باسه په‌نابه‌رانی فلستینی له ده‌یه‌کانی هافتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مڕۆ په‌نایان بردۆته به‌ر ئه‌م کڵێسایه و کاره‌که‌شیان سه‌رکه‌وتوبوه به‌وه‌ی که مافی په‌نابه‌رێتییان وه‌رگرتوه. جا بیرۆکه‌ی په‌نابردنه به‌ر ئه‌م کڵێسایه له‌م ئه‌زمونه‌وه هاتووه.
3- له 4-6-2009 دا (UNHCR) کۆمیساریای باڵای په‌نابه‌ران سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، ڕه‌خنه ده‌گرێت له‌و په‌یمانه دوو قۆڵیه و ڕای ده‌گه‌ێنێت که پێنج موحافه‌زه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراق ئه‌من و ئاسایشیان تیا نیه و نابێ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ئه‌و 5 ناوچانه به‌زۆر ڕه‌وانه‌ی عێراق بکرێنه‌وه.
4- له 12-6-2009 دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی دانمارک له ماڵپه‌ڕه‌که‌ی خۆیدا باس له‌وه ده‌کات که عێراق نایه‌وێت ئه‌و په‌نابه‌ره دیپۆرتیانه وه‌رگرێته‌وه، به‌ڵام ژنه وه‌زیری وه‌زاره‌تی ئینتیگره‌یشن. بێرته غون هۆرنبیچ (Birthe Rønn Hornbech)، که وه‌زاره‌ته‌که‌ی ئه‌و خاوه‌نی بڕیاری به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ده‌رکردوه و ئه‌و په‌یمانه‌ش که له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد له‌و پێناوه‌دا له گه‌ڵ عێراق به‌ستراوه. ئه‌و ژنه وه‌زیره ڕای گه‌یاند که عێراق پابه‌ندی په‌یمانه‌که‌یه و ئه‌وانیش به‌زۆری زۆرداری ئه‌و په‌نابه‌رانه هه‌ر دیپۆرت ده‌که‌نه‌وه.
5- به‌دوای ئه‌و ڕاگه‌یاندنه بێشه‌رمانه‌ی ژنهوهزیر، چه‌په‌کانی دانمارک، لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ و په‌نابه‌ر دۆستان بڕیاریاندا که خۆپێشاندانێک له 18-6-2009 دا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی دانمارک ڕێکبخه‌ن. ئه‌وه‌بوو که ئه‌و خۆپیشاندانه به‌رپاکرا و نزیک به 5 تا 6 هه‌زار که‌س به‌شداری تیاکرد.
6- شایه‌نی باسه که به‌شێک له‌و په‌نابه‌رانه‌ی که ئه‌و بڕیاری به‌زۆر ناردنه‌وه‌یه ده‌یگرتنه‌وه و په‌نایان نهبردبوه به‌ر کڵێساکه و هه‌ر له که‌مپه‌کاندا مابوونه‌وه پۆلیس هه‌ر زوو ده‌ستگیری کردبوون و له زیندانی ناو که‌مپه‌کاندا بوون، له 25-6-2009 دا شه‌ش 6 که‌س له‌و په‌نابه‌رانه به‌زۆر له‌ڕێگه‌ی فڕۆکه‌یه‌ک وه له دانمارکه‌وه به‌ره‌و به‌غدا دیپۆرت ده‌کرێنه‌وه.
7- له‌کۆتایی مانگی شه‌شدا ده‌شتی جه‌مال به‌رپرسی (فیدراسۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی) هاته سه‌ردانی په‌رنابه‌رانی ئه‌و کڵێسایه، له نزیکه‌وه قسه‌و باسی له‌گه‌ڵدا کردن و له ههوڵوکۆششهکانی "فیدراسۆن" ئاگاداری کردنه‌وه بۆ ڕاگرتن و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه. هه‌ر له کۆتایی مانگی شه‌شدا خۆپێشاندانێک له‌به‌رده‌م و دژی سه‌فاره‌تی عێراق له کۆپنهاگ به‌ڕێخرا. به‌شداربوانی ئه‌م خۆپێشاندانه به پله‌ی یه‌که‌م هه‌مان ئه‌و په‌نابه‌رانه بوون که بڕیاری به‌زۆر دیپۆرت کردنه‌وه گرتونیتیهوه له گه‌ڵ هه‌ڵسوڕاوان و لایه‌نگرانی مافی په‌نابه‌رێتی. "فیدراسۆن" و به‌ڕێز ده‌شتی جه‌مال له هه‌ره هه‌ڵسوڕاوانی چست وچالاکی ئه‌و خۆپێشاندانه بوون.
8- ڕۆژی 4-8-2009 ژنه وه‌زیری ئینتیگره‌یشن فه‌رمانده‌دات به هێزه‌کانی پۆلیسی کۆپنهاگ که بکه‌ونه کار بۆ جێبه‌جێکردنی یاساکه که سه‌ره‌تا گرتن و زیندانی کردنی په‌نابه‌ره‌کان و ئاماده‌کردنیانه بۆ دیپۆرت کردنه‌وه‌یان. پۆلیس له‌وه‌ڵامدا ئاماده‌یی خۆی نیشاندا. ئیتر ئاشکرایه که پلانێک له ئارادایه و ئاکسیۆنێک له‌م ڕۆژانه‌دا ڕوو ئه‌دات. بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی حاڵه‌تێکی ئاوا هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ و ئینساندۆست و لایه‌نگرانی په‌نابه‌ران ده‌که‌ونه خۆ بۆ ئاماده‌گی وه‌رگرتن.
9- شه‌وی چوارشه‌ممه له‌سه‌ر پێنج شه‌ممه واتا 12 له‌سه‌ر 13 ی 8-2009 کاتژمێر یه‌ک و نیوی شه‌و (01:30) هێزێکی نزیک به 100 پۆلیس دێن هه‌ڵمه‌ت به‌رنه سه‌ر کڵێسایه‌که. به‌ڵام ئه‌و هێزه ڕووبه‌ڕووی دیوارێکی ئینسانی نزیک به 300 که‌س له هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ و لایه‌نگرانی په‌نابه‌ران ده‌بێته‌وه كه به ده‌وری کڵێساکه‌دا وه‌ک مێشه‌هه‌نگ پوره‌یان به‌ستوه. هێزه‌کانی پۆلیس له زۆرانبازیه‌کی زۆر سه‌ختدا که تا سه‌عات چوارونیوی (04:30) سه‌رله‌به‌یانی خایاند، واتا دوای 3 سه‌عات توانیان ئه‌م دیواره ئینسانیه تێک بشکێنن و بچنه ناو کڵێساکه‌وه و ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌له‌و کاته‌دا له‌وێ بوون که ژماره‌یان 19 که‌س بوو ده‌ست گیربکه‌ن و ڕاگۆێزیان بکه‌ن بۆ زیندانێک به ته‌نیشت که‌مپی په‌نابه‌رانی سانهۆڵم (Sandholm) که نزیک به سی 30 کیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاری کۆپنهاگه‌وه دوره، ئه‌م که‌مپه گه‌وره‌ترین که‌مپی په‌نابه‌ریه و که‌وتۆته باکووری شاری کۆپنهاگه‌وه. شایه‌نی باسه پێنج 5 کهستش له ئه‌کتیڤیسته‌کان ده‌ستگیر کران. هه‌روه‌ها په‌نابه‌رێک له ناو کڵێساکه‌دا له‌کاتی هه‌وڵدانی پۆلیسه‌کان بۆ ده‌ستگیرکردنی ویستبووی له په‌نجه‌ره‌یه‌کی سه‌روه‌ی نهۆمی سێهه‌م یان چواره‌مه‌وه خۆکوژی بکات به خۆفڕدانی خۆی بۆ خواره‌وه به‌ڵام له دوا ساته‌کاندا فریای که‌وتبون و نه‌یان هێشتبوو.
10- ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه پۆلیسی دانمارک له‌م زۆرانبازیهیدا له دژی ئه‌م دیواره ئینسانیه‌دا به گۆپاڵی دار حه‌یزه‌ران که‌وتبۆ گیانی ئه‌و ئهکتڤیستانه و زۆر زاڵمانه، بێڕه‌حمانه ئه‌وانی کوته‌ک کاری ده‌کرد به‌جۆرێک هه‌رکه‌سێک تۆزێک ویژدانی ئینسانی هه‌بێت له بینینی ئه‌و تیڤی کلیپانه‌دا که به‌شێکی زۆر که‌میشی له که‌ناڵه‌کانی دانمارکه‌وه نیشان ده‌درا، دڵی ده‌بێته ئاو و خۆڕاناگرێت که دا‌نیشێت به‌دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه و ئه‌و شانۆ بێڕه‌حمانه و دڵ تهزێنهیه ته‌ماشا بکایت! ئه‌مه نمونه‌یه‌که له مامه‌ڵه‌ی پۆلیسی وڵاتانی دیموکراتی بۆ جێبه‌جێ کردنی سیاسه‌تێکی نائینسانی که جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆ زۆری نیه له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی پۆلیسی وڵاتانی ئیستیبدادیدا. بیرمه له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیست به‌دواوه که سیاسه‌تی پریڤاتیزهکردنی که‌رتی ده‌وڵه‌تی له دانمارک‌دا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ی سۆشیال-دیموکراته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، کرێکارانی ترانسپۆرت پاش پریڤاتیزهکردنی کۆمپانیاکانی هاتوچۆی پاس شوفێرێکی زۆر بێکارکران و نه‌قابه کرێکاریه‌کان ده‌ستیان دایه، خۆپێشاندا و پێکێت کردن له‌به‌رده‌م باره‌گای کۆمپاناکانی که‌رتی تایبه‌تیدا و سێ مانگ ئه‌م بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه خایاندی، من وه‌ک یه‌کێک له به‌شدار بوانی ئه‌و بزووتنه‌وه له نزیکه‌وه شاهیدی ئه‌وه بووم که چۆن پۆلیس هه‌موو ڕۆژێک هه‌ڵمه‌تی بۆدههێناین و ڕاویان ده‌ناین به حهیزهرانهکانیان و به سه‌گه‌کانیانه‌وه که جگه له حه‌یزه‌ران خواردنی ڕۆژانه‌مان، چه‌ندین کرێکاریش بریندار بوون له ڕێگه‌ی قه‌پ گرتنی سه‌گه‌کانه‌وه له ڕان و قاچ و مه‌چه‌کی ده‌ستی کرێکاره‌کان.
11- شکۆمه‌ندی، وه‌ستان به شههامهتهوهی ئه‌و ئهکتیڤیستانه له‌به‌رامبه‌ر دڕنده‌یه‌تی پۆلیسدا، به‌ڕاستی جێگه‌ی دانه‌واندنی سه‌ری نه‌وازش و ڕێزلێنانه بۆیان. که‌سانێک خه‌و و خۆراکیان له خۆیان حه‌رام کردوه، نیوه‌شه‌و دێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ده‌وری کڵێسه‌که‌دا دیوارێک دروست ده‌که‌ن و به شه‌هامه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ر حه‌یزه‌رانی پۆلیسدا ده‌وه‌ستنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی که هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی شه‌خسییان هه‌بێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش زووربه‌ی ئه‌و ئهکتیڤیستانه ده‌بێ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه سه‌ر له‌به‌یانی سه‌عات 7 و 8 له‌سه‌رکار بن و ئاماده بن شیله‌ی گیانیان له‌لایه‌ن سیستمی سهرمایهداریوه داچۆڕێت تا که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی مسۆگه‌ر بێت و کیسهباخهڵهکانی خاوه‌نانی ئه‌و دیموکراسیه‌ته ههڵدمسێن. ئه‌وه نه‌به‌ردێکی واقعی دو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ک، دو ئۆردوگای دژبه‌یه‌که له ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی دانمارک‌دا که ڕۆژانه له چه‌ندین نه‌به‌ردی له‌مه چکۆڵه‌تر و له‌مه گه‌وره‌تر، به‌شکڵێکی نه‌رمونیان یان به تۆندوتیژی ڕوو به‌ڕووی یه‌کتری ده‌وه‌ستنه‌وه، گه‌رچی ئینسانه‌کانی ده‌رگیری ئه‌و نه‌به‌رده، چ ئه‌کتیڤیسته‌کان و چ پۆلیسه‌کان ئه‌و بۆ چون و ئاگاهییهیان نیه که ئه‌وان له‌و سه‌نگه‌رانه‌دا هه‌ر یه‌ک نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێک له‌و دوو ئۆردگا دژ بهیکه ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه له ناوه‌ڕۆکی نه‌به‌رده‌که ناگۆڕێت، گه‌رچی ئه‌و ئاگاهیهشه که چاره‌نوسی ئازادی به‌شه‌ریه‌تی ئه‌مڕۆی پێوه گرێدراوه له‌سه‌راسه‌ری جیهاندا. به‌ره‌ی ئێمه به‌ره‌ی عه‌داله‌تخواز، ئینساندوست و ئازادیخواز، سه‌ره‌ڕای هه‌موو گیان له‌خۆبردوویی، شکۆمه‌ندی و وه‌ستان به‌شه‌هامه‌ته‌وه له‌به‌رامبه‌ر زوڵم و ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر مافه ئینسانیه‌کانمان، له جهگێکی نابه‌رابه‌ردا تێکشکاین، ئه‌م تێکشکانه نه‌ک بۆ به‌ره‌ی ئێمه به‌ڵکو بۆبه‌ره‌ی دژ به‌ئێمه به‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی که‌پیتالیستی دانمارک و ده‌وڵه‌تی گوێ له‌مست و نۆکه‌ری ئیمپریالیستی رۆژئاوای عێراق ده‌بێته له‌که‌یه‌کی نه‌گ و شه‌رمه‌زاری له مێژوودا.
12- له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ده‌ست وه‌شاندنه دڕندانه‌یه، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ چه‌ندین سکاڵا ئاماده‌کراوه که بڕیاره به‌رز بکرێته‌وه بۆ دادگا دژی پۆلیس له‌لایه‌ن کوته‌ک خواردوهکانهوه، ئه‌وانه به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نایان بردبێته‌به‌ر هیچ جۆره به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی توندوتیژی پۆلیس ته‌نها وه‌ک دیوارێک وه‌ستابون و پۆلیس ئاوا نائینسانانه ده‌ستی لێوهشاندون. له‌هه‌مان کاتدا پۆلیس و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت باس له به‌رزکردنه‌وه‌ی سکاڵایه‌ک ده‌که‌ن به‌دژی به‌رپرسی کڵێساکه پێر غامسدال (Per Ramsdal). که گوایه کارێکی ناقانونی کردوه که داڵده‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی داوه له کڵێساکه‌دا وئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی بۆ پۆلیس هێناوه‌ته پێش.
13- هه‌مان شه‌وی 12 له‌سه‌ر 13 ی ئۆگستی 2009 ، له‌و په‌نابه‌ره گیراوانه‌ی که پێشتر باسمان کردبوون که په‌نایان نه‌بردبوو بۆ کڵێساکه‌و له که‌مپه‌کاندا گیرابوون 7 که‌س له‌و گیراوانه ده‌خه‌نه ناو فڕۆکه‌یه‌که‌وه له دانمارکه‌وه به‌ره‌و به‌غدا و ئێواره‌ی 13 مانگ پۆلیس ڕای گه‌یاند که ئه‌و 7 په‌نابه‌ره دیپۆرتکراوانه له‌لایه‌ن لێپرسراوانی عێراقیه‌وه وه‌رگیراون.
14- هه‌روه‌ها پۆلیس ڕای گه‌یاند له کۆی ئه‌و گیراوانه‌ی کهلایهتی تهنیها %3 یان کێسه‌کانیان ئاماده‌یه که دیپۆرت بکرێنه‌وه، ئه‌وانیتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی عێراق ڕایگه‌یاندوه که ناوه‌کانیان و موشهخاساتهکانیان له تۆماره‌کانی ئه‌حواڵ مه‌ده‌نی عێراقدا نادۆزرێته‌وه، تا دڵنیا نه‌بێت له ناسنامه‌کانیان وه‌ریان ناگرێته‌وه. جا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته شاندێکی (وه‌فدێکی) ده‌وڵه‌تی عێراق له هه‌فته‌ی ئاینده‌دا دێت بۆ دانمارک بۆ لێکۆڵینه‌وه له ناسنامه‌ی په‌نابه‌ره‌کان.
15- ئێواره‌ی دوێنێ پێنج شه‌ممه 13-8-2008 خۆپیشاندانێکی گه‌وره له‌به‌ده‌م کڵێساکه‌وه سه‌عات هه‌ژده 18 ی ئێواره به شه‌قامی نۆبغۆ (Nørrebrogade) به‌ره‌و به‌رده‌م ته‌لاری په‌رله‌مانی دانمارک که‌ناسراوه به کریستیانس بۆرگ (Christiansborg)، ده‌که‌وێته‌ڕێ. ئه‌م خۆپیشاندانه داده‌نرێت به یه‌کێک له خۆپێشاندانه گه‌وره‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو که ته‌نها ئه‌و ڕۆژه بانگه‌وازی بۆکرا که ئێواره‌که‌ی هه‌مان ڕۆژ به‌رپاکراو نزیک به 20 بیست هه‌زار که‌س به‌شداری تیاکرد. شایه‌نی باسه هه‌ر هه‌مان ڕۆژ له چوار شاری تریش جگه له کۆپنهاگ خۆپێشاندان کرابوو له‌وانه شاره‌کانی: ئۆهوس (Aarhus) و ئۆلبۆرگ (Aalborg) و ئۆدێنسه (Odense). شیعاری سه‌ره‌کی ئه‌و خۆپێشاندانانه بریتی بوو له نا بۆناردنه‌وه‌ی به‌زۆری په‌نابه‌رانی عێراقی.
16- دووجۆر له ناڕه‌زایه‌تی ده‌بیندرێت له به‌ره‌ی دژ به‌سیاسیه‌تی ده‌وڵه‌تدا، له‌سه‌ر دیپۆرتکردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌نابه‌رانه. جۆری یه‌که‌می ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت هیچ جۆره سازش و نهرمشێک نانوێنێت. ده‌ڵێت ئه‌وانه کێسه‌کانیان ڕهفزبوونهتهوه و بڕیارمان داوه خۆشیان بێت و ترشیان بێت، به‌زۆری زۆرداری هه‌ر ده‌یاننێرینه‌وه. له حاڵێکدا زۆر هه‌ن که ده‌ڵێن 282 که‌س که‌ی موشکیله‌یه‌کی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه که‌ده‌وڵه‌ت وا به‌جددی گرتویه‌تی. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ نمونه مافی نیشته‌جێ بونی دابا به‌و خانه‌وادانه که مناڵه‌کانیان لێره گه‌وره‌بون و هه‌ندێکیشان هه‌ر لێره له‌دایک بوون که ژماره‌ی ئه‌و خانه‌وادانه نزیک به 10 ده خانه‌واده‌ن و به‌تێکرا نزیک به 50 که‌سێک ده‌بن و نابن. ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌کانی ژنه وه‌زیری ئیتیگرهیشن به‌وجۆره وشک و ڕه‌ق و بێپه‌رده نائینسانی نه‌بوایه، پۆلیس ئاوا به توندوتیژی مامه‌ڵه‌ی نه‌کردایه، ناڕه‌زایه‌تیه‌کی زۆر که‌متر یه‌خه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌گرت و ده‌یشی توانی به‌شێکیشیان لێ سنورداش بکاته‌وه بۆ عێڕاق به سهرئێشهێکی که‌متر و ئابڕوچونێکی که‌متره‌وه. جۆری دووه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ن که له بنچینه‌وه دژ به سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تن سه‌باره‌ت به مافی په‌نابه‌رێتی و ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران و کرێکارانی موهاجیر. ئه‌مانه چه‌په‌کانی دانمارک، ڕێکخراوه‌کانی سه‌ر به مافی مرۆڤ، ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش که بۆ به‌رگری له مافه‌کانی په‌نابه‌ران کارده‌که‌ن که تیاناههیه ڕێکخراوی سه‌ر به کڵێساکانن و تیاشیانا هه‌یه ڕێکخراوی سه‌ر به چه‌په‌کانی دانمارکن. زۆرێک له ئاکسیۆنه‌کان ئه‌کتیڤیسته‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن له‌وانه ئه‌و ئاکسیۆنه‌ی که دروست کردنی دیوارێکی ئینسانی بوو به‌ده‌وری ئه‌م که‌نیسه‌یه‌دا له نیوه‌شه‌ودا. ئه‌م به‌شه له‌به‌ره‌ی ناڕه‌زایه‌تی هه‌تا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت نهرمش و سازشیش بنوێنێ له چالاکی ناکه‌ون و به‌رنامه‌یه‌کی به‌رفراوانتریان هه‌یه بۆ به‌رگری له‌مافه‌کانی په‌نابه‌ران و وه‌ک به‌شێک له چالاکیه‌کی تربۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هه‌رچی زیاتر ئینسانی تر و قابیلی تۆلهڕانسی زیاتر به‌رامبه‌ر غه‌یره دانماکی تێده‌کۆشن.
17- میدیای چاپه‌مه‌نی و ده‌نگ و ڕه‌نگی دانمارک له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا لایه‌ک به نیشاندانی عێراق و کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌تا سۆپای ئه‌مریکی ئه‌گه‌ر عێراق ئه‌من و ئاسایشی تیا نه‌با ئه‌و وڵاته‌ی به‌جێ نه‌ده‌هێشت و ئه‌وه‌تا له کوردستان هه‌ڵبژارن هه‌یه ئۆپۆزیسیۆن، …. وه له‌م دواییانه‌شدا له هه‌فته‌ی ڕابردوودا به هه‌ڵدانه‌وه‌ی کێسی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی که پاسپۆرتی دانمارکیان هه‌یه و به‌جۆرێک خۆیان خانه نشین کردوه و له کوردستانیش ئه‌ندام په‌رله‌مان و لێپرسراون و موچه‌یه‌کی مفت وه‌رده‌گرن و خاوه‌ن کۆشک و ته‌لار و ….. سه‌روه‌ت و سامانن به‌بێ ئه‌وه‌ی دائیره‌ی زه‌ریبه‌ی دانمارک له‌وه ئاگادار بکه‌نه‌وه، که ئه‌مه لهدانمارکدا داده‌نرێت به گه‌نده‌ڵی. گشت ئه‌مانه زه‌مینه‌یه‌کی خۆشکرد که ناڕه‌زایتیه‌کان به‌ڕووی ده‌وڵه‌تدا ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌بوایه زۆر به‌رفراوانتر و مه‌زنتر ده‌بوو.
18- له‌میانه‌ی ئه‌م کێشمه‌کێشه و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی پۆلیسدا به‌ره‌ی کڵێسا له دانمارک یه‌کپارچه‌گی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات له کاتێکدا که قه‌شه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی سلسله مه‌راتبی مه‌زهه‌بی هه‌رچی ڕۆشنتر لایه‌نگری خۆیان بۆ ده‌وڵه‌ت و پۆلیس ڕاگه‌یاند. که کڵێسا‌کان نابێت خۆیان له سیاسه‌ت هه‌ڵقورتێنن و نه ئه‌بوا قه‌شه‌ی به‌رپرسی ئه‌و کڵێسایه ڕێگه‌ی به‌و په‌نابه‌رانه بدایه. قه‌شه‌کانی خواره‌وه‌ی سلسله مه‌راتبی مه‌زهه‌بیش هه‌رچی زیاتر له‌ژێر هه‌ست و نه‌ستی جه‌ماوه‌ردا زیاتر هاوپشتی خۆیان بۆ په‌نابه‌ران ڕاده‌گه‌ێنن.
19- هه‌ڵوێستی حیزبه پهرلهمانتاریستهکانی دانمارک.
A. حکومه‌ت له‌ده‌وڵه‌تی دانماکدا له‌لایه‌ن حیزبی ڤێنستغا (Venstre) به هاوکاری حیزبی کۆنسێرڤه‌تیڤ پێکهاتوه (ڤێنستغا به دانمارکی واتا حیزبی چه‌پ- ئه‌و ناوه‌ی بۆیه هه‌یه چونکه له ئه‌سڵدا باڵی چه‌پی حیزبی کۆنسێرڤه‌تیڤ بوه‌و هاتۆته‌ده‌ره‌وه و وه‌ک حیزبێکی سه‌ربه‌خۆ له حیزبی دایک کارده‌کات) . ئه‌م دوو حیزبه ناتوانن له حکومه‌تدا بمێننه‌وه ئه‌گه‌ر پشتیوانی حیزبی گه‌لی دانمارک له‌ناو په‌رله‌ماندا مسۆگه‌ر نه‌که‌ن بۆ خۆیان. به‌م پێه ئه‌م حیزبه که ڕه‌گێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دژ به بیانیه‌کانی تیایه گه‌رچی له حکومه‌تدا نیه به‌ڵام سیاسه‌ته‌کانی خۆی له که‌ناڵی حکومه‌ته‌وه بۆماووهی 8 ساڵه پیاده ده‌کات. سیاسه‌تی به‌زۆر دیپۆرتکردنه‌وه سیاسه‌تی هاوبه‌شی هه‌رسێ ئه‌م حیزبانه‌یه و له زمان ڕابه‌ران و وهزیرهکانیشیانهوه ڕاشکاوانه به‌رگری لێده‌که‌ن.
B. حیزبی سۆشیال-دیموکرات له زمان ڕابه‌ره‌که‌یانه‌وه پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ڕاگه‌یاند، هه‌تا وه‌ک تڕادیشیۆنی حیزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی ئه‌وروپاشی نه‌کرد که هه‌وڵبدات سود له ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ر وه‌ربگرێت و هه‌ڵمه‌ت به‌رێته سه‌ر حکومه‌ت و بۆ ده‌سکه‌وتی حیزبی سودی لێوه‌رگرێت.
C. پارتی سۆشیالیزمی خه‌ڵکی. که له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌کانی دانماکدا سه‌رکه‌وتنێکی زۆر گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناو ژماره‌ی کورسیه‌کانی دوو به‌رابه‌ر کرد. له‌زمان ڕابه‌ری حیزبه‌که‌یانه‌وه ڕای گه‌یاند که گه‌رچی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حکومه‌تدا دژایه‌تی ناکه‌ن بۆ دیپۆرت کردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پێناخۆشی خۆشی ڕاگه‌یاند بۆ ئه‌و شێوازه توندوتیژه‌ی که پۆلیس و حکومه‌ت ئه‌یگرێته به‌ر بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و سیاسه‌ته.
D. پارتی ڕادیکال. ئه‌م حیزبه له ئه‌سڵدا باڵی ڕادیکاڵی ئه‌و (حیزبی چه‌پ)ه بووه که له حیزبی کۆنسێرڤه‌تیڤ هاتۆته‌ده‌ره‌وه. ئه‌م حیزبه هه‌میشه حیزبی کۆمه‌گ بوه بۆ حیزبی سۆشیال دیموکرات و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا یان له ئۆپۆزیسیۆندا بوه یان له دهسهڵاتدابوه. به‌ڵام له دو سێ ساڵی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕه‌کانی ناو ئه‌و حیزبه که بوه هۆی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی باڵی ڕاسته‌که‌ی له‌لایه‌ن ناسر خدر{ (ناصر خضر) که له ئه‌سڵدا خه‌ڵکی سوریایه و له دایکوباوکێکی فلستینیه، پاش ماوه‌یه‌ک حیزبێکی تازه‌ی دروستکرد حیزبه‌که‌ی خۆشی به‌جێهێشت و ئێستا له‌گه‌ڵ حیزبی کۆنسێرڤه‌تیڤه}. ئه‌م حیزبی ڕادیکاڵه بههاتنهدهرهوهی باڵی ڕاستڕه‌وه‌که‌ی زه‌ره‌وزیانێکی زۆری پێگه‌یشت به‌وه‌ی که ژماره‌ی کورسیه‌کانی په‌رله‌مانی زۆر که‌م بۆوه. وه هاوپه‌یمانه مێژووییه‌که‌شی که حیزبی سۆشیال-دیموکراته ئێستا به‌دوای هاو په‌یمانێکی بههێزدادهگهڕێ که‌له حیزبی سۆشیالیزمی گه‌لیدا ده‌یبینێته‌وه، که میدیاکان باس له‌وه ده‌که‌ن ئه‌م دوو حیزبه له ئاینده‌دا حکومه‌ت به‌یه‌که‌و پێکده‌هێنن. ئه‌م حیزبی ڕادیکاڵه به‌م ئاڵوگۆڕانه ناچاره ڕوو بکاته جه‌ماوه‌ر و له خۆپێشاندانه‌کان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا ڕۆڵێک ببینێ تا پارسه‌نگی په‌رله‌مانی خۆی بهێنێته‌وه سه‌ره‌وه. له‌م خۆپێشاندانه‌ی دوێنێدا سه‌رۆکی پارته‌که که خانمێکی که‌م ته‌مه‌نیشه وتاری بۆ جه‌ماوه‌ری ناڕازی خۆپێشانده‌ران خوێنده‌وه، دژی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر دیپورتکردنهوه.
E. به‌ره‌ی یه‌کگرتوو. ئه‌مه به‌دوای ڕوخانی سۆڤیه‌تدا به‌ره‌یه‌ک بوو له چوار پێنج حیزب و ڕێکخراوی شوعی جۆراوجۆر. له پڕۆسه‌یه‌کدا خودی ئه‌و به‌ره یه‌کگرتوه بو به حیزبێکی هاوبه‌ش بۆیان و حیزب و ڕێکخراوه‌کانی تر تیا توانه‌وه. 5 کورسی په‌رله‌مانیان هه‌یه له کۆی 179 . وه‌یه‌ک ئه‌ندامیشیان هه‌یه له په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا. سیاسه‌تی ئه‌م حیزبه هه‌میشه به‌رگری سه‌رسه‌خت بوه له په‌نابه‌ران و مافه‌کانیان. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌میشه یه‌کێک بوه له ڕێکخه‌رانی خۆپێشاندانه‌کان و بانگه‌واز بۆکهرانی.
F. هه‌ڵوێستی حیزب و لایه‌نه عێراقی و کوردستانیه‌کان. ئه‌م به‌شه ماویه‌تی. که تیایدا باس له هه‌ڵوێست و ده‌وری هه‌ر یه‌ک له : 1- حیزبه کانی ناو ده‌سه‌ڵاتی ده‌وله‌تی عێڕاق و کوردستان. 2- حیزبی شۆعی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عێراق. 3- ڕێکخراوی چاک. 4- ده‌وری فیدراسۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌ران و هاوکاره‌کانی. 5- ڕێکخراوی دانمارکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژی هه‌ینی 14 ی ئۆگۆستی 2009 ئاماده‌کراوه له‌سه‌ر داخوازی به‌ڕێز جه‌مال کۆشش که نوێنه‌ری فیدراسۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی
عێراقیه له سوێسڕا و ئه‌و ناردویه‌تی بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی که ئه‌و ڕۆژنامه‌یه لاپه‌ڕه‌یه‌کی تایبه‌ت کردوه بۆ فیدراسۆن. نادر عبدالحمید 14 – 8- 2009 { www.rewend.info/ku }