Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

پیاسەیەک لەگەڵ توانا ئەمین

Be First!
by August 16, 2009 کتێبخانە

 

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (پیاسەیەک پێکەوە.. پیاسەیەک بەتەنیا)

لەم کتێبەی (توانا ئەمین)دا لەبەردەم چەند دەقێکیداین مەگەر کتێبێکی لەو شێوەیە بتوانێت پێکەوە کۆیان بکاتەوە، لە شیعرەوە بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵناسیانە، لەئەدەبەوە بۆ چەند دەقێکی ئەندێشەیی، وەک ئەوەی پێکەوە پیاسەیەک بکەین و بەئاسانی لەسەر بابەتێک رێکنەکەوین بۆ لێدوان درێژەدان بەدیالۆگ، نووسەر سەرەتا لەخۆتەقاندنەوە دەست پێدەکات، وەک دیاردەیەکی ئیستاتیکییانە لێکدانەوەی بۆ دەکات، لەیەکەم رستەوە بۆ ناو جیهانی میتۆلۆژیا دەمانباتەوە، کە بەپێی لێکدانەوەی ئەم بریتییە لەجوڵەی مرۆڤ لە سەنتەرەوە بۆ خاڵێکی تر، وەک تاقیکردنەوەیەکی ئیرادەگەرییانەی خود تەماشای دەکات، کەئەفسانە لەبنەمادا بیر لەتوانستی تاک ناکاتەوە وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵکو میتۆلۆژیا کۆتکردنی تاکە لەبەردەم هێزێکی نادیار و سیفەتە خواوەندییەکان وەردەگرێت مرۆڤ دەبێتە خاڵی لاوازی سەنتەرێک کە پێی دەوترێت هێزی رەها، ئەگەرچی (توانا) دەیەوێت خوێندنەوە بۆ دیاردەی ئیسلام و ئیسلامگەرا بکات، کە ئەمیان پێویستی بەجۆرێک لەشارەزایی هەیە، بەڵام گەڕاوەتەوە بۆ دوو تاف، کە یەکەمیان تەنها پێکەوەژیان و هاوگونجاندنی بەرهەمهێناوە و ئەویتر ئەحکامەکانی ئیمانداری بەرهەمهێناوە، هاتووە دامەزراوەکەی لەسەر بنەمای توندوتیژی بە دامەزراوکراو دامەزراندووە، ئەویش ئیسلامی خاوەن دەستوور و ئەحکامەکانە، لێرەدا بوار بۆ ئیجتهاد کەم دەبێتەوە، لێرەوە سیستەمی شمولی سەرهەڵدەدات، کە ئەمە حاڵی هەموو ئایدۆلۆژییەکانە، ئایدۆلۆژیا لەگەڵ خۆی دیاردەی نوێ دەهێنێت، ئەوەتا ئایدۆلۆژیەتی ئیسلامگەرا نوێیەکان شەهادەتیان لە ئاستی تاکە کەسییەوە گواستووەتەوە بۆ ئاستی دەستەجەمعی خۆکوژی و جێگەی جەنگاوەری گرتووەتەوە، دوژمن کەسێکە ئەمیر یان کەسێک دیاری دەکات، زۆرجار لەئایینەکەی خۆیەتی، بەڵام مەزهەبیان جیاوازە، لێرەوە جیهاد و دوژمن دەبنە دوو چەمکی جیاواز لە چەمکە دێرینەکەیان.

وەک سەرەتا وتم، ئەم کتێبە گەشتێکی سەیرە بەناو چەمکە جیاوازەکاندا، دوای ئەم لێکدانەوەیە دەچێتە سەر عیرفانیەت و سەرکێشی مەحوی و لەم بەشەدا خوێندنەوەیەک بۆ هەندێک لە شیعرەکانی مەحوی دەکات و لەگەڵ خوێندنەوەکانی مودەریسەکان وەک خۆی ناوی لێناون بەراورد دەکات، بەڵام ئایا سۆفی و عارف چ جیاوازییەک لە نێوانیاندا هەیە؟، پێناسێکی (زرین کۆب) دێنێتەوە بۆ بەراوردی ئەم دوو زاراوەیە، کە هاتووە: دەتوانین بڵێین دوو دیوی یەک شێوەی ژیانی ئایینن، کە هەردووکیان لەسەر رەتکردنەوەی چێژەکانی دنیا کۆکن، بەڵام سۆفی رووی لە کردارە و خەریکی دژایەتیکردنی نەفسی خۆیەتی، بەڵام عارف رووی لە زانستە و سەرقاڵی کەشفە و دەیەوێت لەمەوە بورهان بەدەستبهێنێت.

توانا دەیەوێت لەناو جیهانی خێرای بەماککردندا بەدوای لایەنە سۆفیکەی مەحویدا بگەڕێت و لەسەرکێشی و کوفر نزیکی بکاتەوە، ئەمەش پێویستی بەهێرمۆنتیکردنی دەقەکان هەیە، چۆن بتوانین لەنێو دەقەوە بۆ راڤەی دەق بچین، کە راڤە دەبێتە دیوی دووەمی دەقی یەکەم، بەمەش شیعر یان دەق لە راستای خۆی دەردەچێت و رەوەندێکی نوێ وەردەگرێت، وەک ئەوەی توانا و مامۆستایانی مودەریس کردوویانە، (لێرەدا وەک توانا ئاماژەی پێداوە مەبەستی مەلا عەبدولکەریم مودەریس و نەوەکانیەتی)، کە دوو لێکدانەوەی جیاواز بۆ شیعرە سۆفیەکان یان ئەوانەی بۆنی عەشقێکی گەورەی لێدێت، ئەم دوو لێکدانەوەیە دەبنە خاڵی دەسپێک بۆ ئەوەی لەوە بگەین مەرج نییە دەقێک بە یەک خوێندنەوە بگەینە دوا خوێندنەوە، بەڵکو هێندەی خوێنەری دەقە لێکدانەوەی هەیە، هەروەها (رەخنە لە محەمەدی مەلا کەریم) بەوە دەگرێت کە ئەو داوای نیشتمانپەروەری و پێشکەوتنخوازی لە مەحوی کردووە، کە ئەم جۆرە لە لێکدانەوە سەر بەو رەوەندەی حەفتاکانە، کە بەپێی بیرکردنەوەی واقیعی سۆسیالیستی هەموو شتەکان دەپێورا، هەروەها خراپ لێکدانەوەی شیعرەکان لەلایەن ئەوانەوە بکاتە جێگەی سەرنجی خوێنەر و لەو لێکدانەوە سادانە مامۆستایانی مودەریس خوێنەر ئاگادار بکاتەوە.

لەنووسێنێکی تردا توانا دێتە سەر دوو چەمک کە زۆر پێچەوانەی لێکدانەوەی ئەدەبی مەحوییە، ئەویش لێکدانەوەی سۆسیۆلۆژیانەی شار و قەحبەیە، کە وەک دوو پێکهاتەکەی گرنگی بەشاربوون لێکدانەوەی بۆ کردوون، کە سەرەتا لە بەرایی مێژوودا وەک کارێکی پیرۆز مرۆڤ پەنای بۆ سۆزانیەت یان کاری سێکسی لە دەرەوەی دامەزراوەی ژن و مێرد بردووە، هەندێکجار بۆ پاکبوونەوە، بەڵام شار دێت ئەم هاوکێشەیە دەگۆڕێت، ئەوەتا توانا دەڵێت، ئەگەر میترۆ و فڕۆکەخانە و دەزگا زەبەلاحەکان ببنە پێشمەرجی شار، ئەوا بوونی قەحبە و قەحبەخانە دەبێتە پێشمەرجییەکی سەرەکیتری بوون بەشار، لەبەرئەوەی ئەم دووانە لە زۆر شتدا لەیەک دەچن، ئەویش ئەوەیە هیچیان یادەوەرییان نییە، هیچیان وەفایان نییە، لەبەرئەوەی شار کارەکتەرەکانی لەسەری دەژین لەبیر خۆی دەباتەوە، هەروەها لەشفرۆشیش بەهەمان شێوە، کار لەسەر لەبیرکردن و لەبیرچوونەوە دەکات، شار هەمیشە هەموو ئەو مرۆڤانەی لەناویدا دەژین لەبیر خۆی دەباتەوە، سۆزانیش هەموو ئەو پیاوانەی دەچنە لای لەبیریان دەکات، بەڵام کەسەکان ناتوانن نەشار نەسۆزانی لەبیر بکەن، لەبەرئەوەی ئەم دوو شتە چێژێکیان پێداون لە هیچ شوێن و لەهیچ جەستەیەکدا نەیانبینیوە، هەروەها کە شار و قەحبە پیر دەبن ئەوکات پێویستیان بەگێڕانەوەی مێژووی پڕ سەرکێشی خۆیان هەیە، لێرەوە خەونە مردووەکانی خۆیان دەگێڕنەوە و خۆیان بۆ مردنێکی تەواو تەنها ئامادە دەکەن، کە دەکرێت ئەم بابەتە ببێتە هۆی توێژینەوەیەکی بەرفراوانتر، بۆچی تەنها لە شاردا لەشفرۆش سەرهەڵدەدات؟.

لە بەشەکانی تردا دێتە سەر لێکدانەوەی چیرۆک و هەندێک لێکدانەوە و خوێندنەوە بۆ رۆمان و خوێندنەوەی یادەوەری و هەندێک دەقی ئەندێشەیی تر دەکرێت، وەک کەشێک بۆ وتنەوەی شیعر یان وڕێنەیەکی ئیستاتیکی لێکدانەوەی بۆ بکەین، هەروەها خوێندنەوەیەکی پایزانەی بۆ (محەمەد عومەر عوسمان)ی شاعیر کردووە، هەروەها لەگەڵ خوێندنەوە بۆ هەندێک دەق و دەنگی شیعری تر. کتێبی پێکەوە پیاسەیەک بەتەنها پیاسەیەک، بۆ خۆی دەمانگێڕێتەوە بۆ زەمەنی ماک، چۆن بەکورترین رستە زۆرترین شت بەرهەم بهێنین.

 

Previous
Next

Leave a Reply