Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

پیانۆی پێڵوه‌کانت…..هێمن ڕه‌ئووف

Be First!
by April 28, 2009 ئەدەب

پیانۆی پێڵوه‌کانت
هێمن ڕه‌ئووف
 
www.hemnrauf.kurdblogger.com

به‌ ڕۆژ
له‌ نێوان په‌ڕه‌کانی ئۆکۆردیۆنی پێلوه‌کانتدا
یان له‌ پشتی ده‌رگای پیانۆی پێڵوه‌کانتدا
ووشه‌ شۆخو شه‌نگه‌کان،
ئه‌وانه‌ی له‌ شه‌نگه‌یی و له‌ نیانی و له‌ هه‌گبه‌ی نازه‌کانتدا
دێن و ده‌چن
ده‌یانبه‌م و
دێم له‌وێدا
له‌ نێوان په‌ڕه‌کانی ئۆکۆردیۆنی پێلوه‌کانتدا
یان له‌ ژێر کلیلی نۆته‌ و ده‌نگه‌کاندا
هه‌ڵیانده‌گرم.

به‌شه‌و،
ئه‌وکاتانه‌ی تۆ له‌ خه‌وێکا جێده‌مێنی
کاتێ قاپی له‌ کلیلی نۆته هارمۆنییه‌کان
پێوه‌ده‌ده‌ی
من له‌ پشتی ئه‌و ده‌رگایه‌ و
له‌ نێو په‌ڕه‌ واڵاکانی پێلوه‌کان
دانه‌ دانه‌
ده‌ریان ده‌هێنمه‌وه‌ و
دێم له‌وێدا
ده‌یانکه‌م به‌ چه‌پکێ ڕسته و‌
یان ده‌یانکه‌م به‌ ملوانکه‌ی شیعرێکی نوێ،
به‌یانی له زڕ‌ه‌زڕ‌ی مورووه‌کانی به‌خه‌به‌ر دێیت
کاتێ له‌گه‌ردنی سپی تۆ ئاڵاوه.

به‌ئاگا دێیت‌
پیانۆی پێڵوه‌کانت ده‌جوڵێن جارێکی تر،
په‌ڕه‌ی سه‌رسنگی ئۆکۆردیۆن
ده‌که‌وێته‌وه‌ لاره‌لار
سیناریۆی
" _ئاوازێکی نوێ
_دوو خۆر هه‌ڵدێنه‌وه‌ ئه‌مڕۆش
_که‌له‌به‌رێک جێیه‌کی ئه‌مین بۆ حه‌شاردانی ووشه‌ نوێیه‌کانی ڕۆژ
_ڕیزبه‌ستنی سه‌ربازه‌کانی برژانگ بۆ پشووبه‌ن و ووریابن
_دوو گلێنه‌ که‌ دوو قه‌ڵای به‌دیهاتووی هیواکانمن
_دوو برۆ دوو سه‌نگه‌ری ڕێگر له‌ تێکشکانی پێکه‌نین."

ده‌ستێک له‌گه‌ردنت ده‌ده‌یت
مورووه‌کان ده‌جوڵینیت
پێت سه‌یره‌!
ئه‌مڕۆ زۆرتر و ووردتر و ناسکتر و شیرینتر ن
هه‌ندێکیان ده‌نکه‌ نوقوڵ
هه‌ندێ هێشووه‌ به‌ڵاڵوک
دانه‌دانه‌ لوءلوء و مه‌رجانو یاقوت.

هێشتا نیوه‌ به‌ئاگایت و نیوه‌ نوستوویت
ده‌ستت به‌تاڵ
ملوانکه‌که‌
له‌ ده‌ستتدا و
له‌سه‌ر سنگی تۆ نه‌ماوه‌
به‌ دیواری ژووره‌ به‌هارییه‌که‌مدا شۆڕ بۆته‌وه‌‌
دێیت ده‌ست ده‌به‌ی بۆ نوقڵێ
بۆ چکلێتێ
بۆ مووروویه‌کی ڕه‌نگاوره‌نگ
سه‌یر ده‌که‌یت
خۆت خزاویته‌ سه‌ر لقی دێڕه‌ شیعرێ
شوێنه‌که‌ ده‌ناسیته‌وه‌
دره‌خته‌که‌ی دڵی منه
ئه‌و دره‌خته‌ی
هه‌ر چڵێکی له‌ ئاوازێ لێده‌دات و
له‌ تامێکت پێده‌به‌خشێت
له‌ بۆنێکت بۆ ده‌ڕژێنێ و
له‌ گه‌ڵایه‌کت پیاده‌دات.
تا دێمه‌وه‌
بۆخۆت له‌وێ ملوانکه‌که‌ت
کردۆته‌وه‌
جۆلانه‌یه‌کی بچکۆله‌ت هه‌ڵخستووه‌
ده‌ له‌نگێیت و
با ، سه‌ما به‌ پرچت ده‌کات

من دێمه‌وه‌ ماندوو ماندوو
خه‌و به‌ خه‌وه‌وه‌ ده‌بینم
تێناگه‌م چۆن
به‌ئاگام ده‌هێنیته‌وه‌
خۆت به‌خۆما هه‌ڵده‌واسیت
پڕم ده‌که‌ی له‌که‌یف و ماچ و بۆنی خۆش
شه‌وێکی نوێ
شیعرێکی نوێ
سبه‌ینێ
ڕۆژێکی نوێ
پێکه‌نینێ، گریانێ، دڵڕه‌نجانێ، نازێ، گله‌ییێ، گوڵێ، چکلێتێ… .‌

 

Previous
Next

Leave a Reply