Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

پیاوکوژ …. به‌رزان هه‌ستیار

Be First!
by July 8, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

کوشتنێک کوژرام ،

نه‌ خوێن دیار بوو، نه‌ جێده‌ست

—–

تاوانبارێک ،…

 تا ئه‌به‌د، که‌س شوێنپێی هه‌ڵناگرێ ،

ئه‌وه‌ خۆمم!!!

—–

شه‌قێکم له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌که‌م‌ هه‌ڵدا،….

خوێنێکی مه‌ییو،….

ماندوو..ماندوو  لێی کردمه‌وه‌،

له‌وه‌ ئه‌چوو خوێنی چاوه‌ڕوانیی بێ

—–

 نیوه‌ی ڕۆحم  وه‌ک به‌رتیل دا به‌ شه‌یتان

تا چاو له‌ نیوه‌که‌ی تری غافڵ کات !!

—–

هه‌موو شته‌کانم لێ تێکه‌ڵ بوون،

خۆم و ئه‌ویش !!

—–

 به‌ یا‌دی ئه‌و، گوڵه‌کان ئاو ئه‌ده‌م و

خۆم گه‌رووم بووه‌ به‌ په‌ڵاس

—–

ژێر ستیان و 

نووکی په‌نجه‌کانی قاچی…..

سه‌ره‌تا‌ و کۆتایی دنیان ؛ 

سه‌ره‌تای بێ کۆتایی دنیان !!!

—–

له‌ چی ئه‌چم که‌ بێ ئه‌و ئه‌بم !؟

فڕۆکه‌وانێک که‌وتبێته‌ خاکی دوژمنه‌وه‌

—–

خوێنم له‌سه‌ر سه‌د قوڵپ ئه‌دا،

  خوێنم زمانی گیر ئه‌بێ،….

له‌ چاوه‌ڕوانیی و

‌ نه‌هاتنی ئه‌ودا

—–

که‌ ڕۆیشتی،….

 بڕوا ناکه‌م به‌ پێکه‌نینێکه‌وه‌ بڵێی:

کاکی شاعیر ، شیعر له‌ به‌تاڵیی باشتره‌ !!!!

—–

به‌ خێرایی تیشک کشاین ،

ئه‌و بۆ خۆرهه‌ڵات و

من خۆرئاوا !

—–

وه‌ڵامی هیچ پرسیارێک…..

ده‌نکه‌ شقارته‌یه‌کی سووتاویش ناهێنێ،….

که‌ خۆم له‌ خۆما  گرێ کوێره‌ بم

—–

گه‌و‌ره‌ترین گوناهم ئه‌وه‌یه‌

له‌ بێگوناهییت نه‌گه‌شتم

—–

دڵم نایه‌ت بمرم،….

نه‌وه‌ک که‌سێک غه‌مگین که‌م 

—–

توله‌ڕێیه‌ک مینڕێژ ئه‌که‌م….

سه‌فه‌ری که‌سی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بێ

 خۆ من هیچ شتێ شک نابه‌م ،

له‌ داخا ئه‌بمه‌ پیاوکوژ !!!

 

 

مایس و حوزه‌یرانی 2012

ئه‌ڵمانیا/ کۆلن

bhastiar@yahoo.de

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply