Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پیاوی ئەتککراو= بە ژن!

پیاوی ئەتککراو= بە ژن!

Closed
by April 19, 2013 ژنان

 

 

 

 

 

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دادوەرێکی شاری مەریوانی کوردستانی ئیران سزای بۆ تاوانبارێک ئەوە بووە کە جلی ژنانەی لەبەر بکەنو بە پاسەوانەوە بیبەن لەناو شار بیسوڕێننەوە وەک ئەتککردنێک لە بەرچاوی خەڵک سوک و ڕيیسوا بێت، ئەو حەرەکەتەی دادوەر دەلالەت نیە لە بۆچونی شخسی خۆی، بەڵکو بیرو بۆچونو تەسەوری نیزامێکە لەو وڵاتە کە حوکمی ئیسلامیە ئەگەر ئەمە لە قانونی قەزایی ئەم وڵاتە نەهاتبێت  چۆن دەتوانێت نوێنەرێکی یاسا ئەم کارە بکات؟ ئەوە یاسای کۆنەپەرستانەی وڵاتێکە کە بەپێی شەریعەتی ئیسلام داڕێژراوە وەک زەعیفەو پلە دوو، سوکایەتی بە ژن لە ئیسلامدا ئاساییە، هەر ئەمڕۆ لە پاکستانیش بەپێی هەواڵێکی دەزگای وارڤین لەبەرچاوی خەڵک کچێکی ١٨ ساڵە دەستدرێژی کراوەتەسەر، تەنها لەبەر ئەوەی کە گواێە برا ١١ ساڵەکەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێک هەبووە، ئەمە یاساو کولتوری ئیسلامە کە ژنان بە هێمای ئابڕو چونو تۆڵە سەندنەوە دەزانن.

ئەوەی کە زۆر جێگەی دڵخۆشیە لەم حەرەکەتەدا ئەوەیە کە کۆمەڵێک ئینسانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز لە مەریوان بە ژنوو پیاوەوە تێکڕا جلی کوردی ژنانە دەپۆشن و وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر حوکمی دادوەر دەچنە سەر جادەو شەقامەکان بە دروشمی ژن بوون مایەی شورەیی نیە، ئێمە تاوانبار نین بەڵام جلی ژنانەمان پۆشیوە. 

بە ڕاستی ئەو هەڵوێست و بەرپەرچ دانەوەی بەرەی هۆشیاری کۆمەڵگا جێگای هیواو خۆشحالیە، وە ئەوە دەسەلمێنێت کۆمەڵگای ئێران شیاوی ئەو نیزامە بۆگەن و داڕزیوە نیە. 

من پێموایە ئەم سوکایەتی کردن نیە تەنها بە ژنانی مەریوان بەڵکو بە هەموو ئینسانێکە لە سەرتاسەری جیهان، بۆیە دەبێت ئەم جوڵانەوە ناڕەزایەتیە سەرتاسەری بکرێتەوەو لە هەموو لایەکەوە ئەم ناڕەزایەتیەی کە ئازادیخوازانی مەریوان پیی هەستاون دووبارە بکرێتەوە دەبێت ئەوەندە فشار بخرێتە سەر جمهوری ئیسلامی کۆنەپەرستی ئێران، داوای لێبوردن لە ژنان بکات. 

هەندێ کەس هەلپەرەستانە یان نا هۆشیارانە هەوڵدەدەن تەپوتۆز بنێنەوەو  بابەتەکە بە شتی تر بێ ناوەرۆک وبچوک بکەنەوە، بۆ نمونە هەندێ دەڵێن جلی سور بووە واتە گاڵتە بە ئاینی یەزید، یان دەڵێن جلی کوردی بووە واتە گاڵتە بەکورد، بەڵام لە ئەساسدا ئەم مەسەلەیە مەسەلەی ژنە نەک نەتەوە، ئەگەر ئەم دادوەرە لە شارێکی تر بوایە ئەوا بە جلوبەرگی تایبەت بەو شارەی تر ئەم تاوانبارەی دەگەڕاند. من بە زەرورەتی دەزانم کە دەبێت وورد تر لە کێشەکە بکۆڵینەوە و ئاشکرای بکەین دەرد لە کوێوەیە، چونکە دابو نەریتی کۆنەپەرەستانەی ناسیۆ نالیزمی کورد لە گەڵ مەزهەبەکانی ناوەچەکە بە جۆرێک تێکهەڵکێش بوون هیچیان  بە بێ ئەوی تریان تەواو نیەو، و لە دژایەتی کردنی ژنیشدا هێچیان لەوی تریان  کەمتر نیە.

 سەرچاوەو ئامانجی دادوەرەکە زۆر رون و ئاشکرایە، دادوەر حوکمەکەی لە یاساو دەستوری وەڵاتەکەی وەر گرتووە، کە لە سەر دە‌قی قورعان داڕێژراوە، دادوەر ویستویەتی تاوانبار لە پیاوەتی بخات وەک ژن بیکات بە پەندو عیبرەت، ویستویەتی وەکو ژن سوک و ڕیسوای بکات.  

 

 

لاوژە جواد

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.