Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پیاوێکی مۆر …. جەبار حەمەد

پیاوێکی مۆر …. جەبار حەمەد

Closed
by January 6, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەساڵی ٢٠٠٩ سەردانێکم بۆ کوردوستان کرد،کەسووکار و هاوڕێ و خزمەکانم بەسەرکردەوە .بەو هۆیەی کە من پەیامنێری ماڵپەری دەنگەکانم،هەندێک چاوپێکەوتن و هەندێک وێنەم لەگەڵ خۆم هێنایەوە.

یەکێک لە سەردانەکانم کە دووایی بابەتێکم لەسەر نووسی:(نەخۆشێک لە بەینی چوار دیوار تا مردن)لەماڵپەری دەنگەکان بڵاوکرایەوە.

ڕۆژی ١ سەری ساڵی  ٢٠١٣ئەو نەخۆشە کۆچی دووایی کرد.خەمووپەژارەیەکی زۆری دامێ،چونکە لەلایەک هاورێم،لەلایەک خزمی نزیکم بوو.

ماوەیەکی زۆرە ئەم هاورێیەم تووشی تەنگەنەفەسیەکی درێژخایەن بووە،بەهۆی نائاسانی هەناسەدانەوە لەژێر ئۆکسجین لە ماڵەوە ژیانی ئەگوزەراند.

دوای بێهیوا بوونی پزیشکەکان،پێشنیاریان چوونە دەرەووە بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا و دۆزینەوەی چارەسەر بوو.

من لە گەرانەوەیەکمدا بردمەلای دکتۆرەکانی لیژنەی پزیشکی و ڕەزامەندیم بۆ وەرگرت کە ئەبێت بچێتە دەرەوەی هەرێم.

بەڵام چۆن؟ئەگەر دەوڵەتێک نەچێتە ژێر باری ئەمکارەوە بەئێمە چۆن ئەکرێت؟

زۆر هەوڵماندا ئەو بڕە پارەی تێچوونەمان بۆ دابین نەکرا.

سەردانی وەزیری تەندروستی دکتۆر (ڕێکەوت حەمە رەشید)م کرد،دوای ئەوەی لە فەیسبووک دۆزیمەوە،نامەیەکم بۆ نارد،زۆربە دڵفراوانیەوە پێی وتم کە لە نەخۆشخانەی شۆڕش بیبینم.

دکتۆر رێکەوت ناردنی بۆ لای دکتۆرێکی عەرەبی ئەردەنی،کە پێموایە بەخۆبەخش بۆ کوردوستان بۆ ئەنجامدانی هەندێک نەشتەرگەری هاتبوو.

دکتۆری خۆبەخش هەرکەبینی(ئەمە لێرە چارەسەر ناکرێت،لێرە ئەوئامێرە پزیشکیە پێشکەوتووانەی بۆ ئەم نەخۆشە لێنی.

وڵاتی وەک دوبەی ئامێری پزیشکی پێشکەوتووی لێنییە؟

دکتۆر ڕێکەوت وتی پشکنینەکانی ئەنێرم بۆ ئەوروپا،وەڵامەکەی هاتەوە چارە ناکرێت.

بەڵام خۆمان هەرهەمان پشکنینمان ناردبوو بۆ ئەڵمانیا،بەڵێ ئەکرێت،وەرن و ١٠٠٠٠٠هەزار یەرۆ لەگەڵ خۆتان بهێنن!

دوبارە ئەم وەڵامەی ئەڵمانیامان پیشان دکتۆر ڕێکەوت دایەوە،وتی ئەمە بە من ناکرێت،بچن بۆلای کاک عیماد ئەحمەد.

چۆن بگەینە لای عیماد ئەحمەد؟،،،،نەگەیشتین. 

ئەم نەخۆشە نەک نەگەیەنرایە ئەڵمانیا،بەدوو بتڵی ئۆکسجینی گەورەوە،ژیانی ئەگوزەراند تا مرد.

 

ئەم هەواڵە ناخۆشەیان پێڕاگەیاندم.

هیندەی بەدەستدانی ئەم ئازیزەم خەمبار بووم،سەد ئەوەندە خەمی خەمساردی و بەتەنگەوە نەهاتنی داموو دەزگاو نەخۆشخانە و وەزارەتی تەندرووستی دایگرتم.

زۆر تووڕەم لەم وەزارەتە،لەم وڵاتە گەندەڵەی کە ئیمەی هاوڵاتی،تا ئەمرین چاومان لە دەستی دەسەڵاتداران و بەرێوەبەرایەتیەکان و ئەوانیش هیچ. 

نەخۆشێک تا ئەمرێت چاوەروانی بەزەیی وەزیر و سەرۆک وەزیر،تا کارێکی بۆ بکات،ئەوانیش چۆن ئەگەیتە لایان؟یان چۆن دەستت پێیان ئەگات؟

دوای ئەوەی کە لیژنەی تەندروستی(لجنە طبی)بڕیار لەسەر ناردنەدەرەوەی ئەم نەخۆشە ئەدات،ئیتر بۆ ئەبێت واسیتە و واستەکاری بخوازێت؟بۆ ئەبێت (بەڵکو کاک عیماد کارێکتان بۆ بکات)!!ئەمە قسەی وەزیری تەندروستیە.

لە هەمووی شەرمەزارتر،تائێستا وڵاتەکەی من، نەخۆش بە بتڵی ئۆکسجینی گەورە،ئەوەی بۆ لەحیم کردن بەکاری ئەهێنن چارەسەر ئەکەن،ئەوەی ساڵەکانی شەست.

وەرە هیوات بەم وڵاتە و نەخۆشخانەکانی بمێنێت،لەسەردەمی ئەم هەموو ئامێرە پێشکەوتوانەی دنیا هێشتا وڵاتی من لەسەردەمی شەستەکاندادەژی.

بۆ هاوڵاتی ئاسایی،نەک بۆ دەوڵەمەندو خاوەن سەروەت و سامان،دەسەتداران و مەسوولەکان،ئەوان هەرگیز نەخۆشخانەکانی خۆمان نابینن،بۆ هەڵامەتێک بەرەو هەندەران دەچن.

نەخۆشی تەنگەنەفەسی،لەم وڵاتەی کە من تیا ئەژیم زۆرە،بەوەیا ئەزانم کە زۆر کەس ئەبینم بە بتڵیکی ئۆکسجینی بچکۆلەوە داویەتی بەشانیدا ،وەک جانتایەک و لە بازارو شوێنە گشتیەکان ئەگەڕێت.

نەخۆشی تەنگەنەفەس،ئەوەی لای خۆمان پیی ئەڵین(ڕەبۆ)لێرە لە نێوان چوار دیواری ماڵ دانانیشێت تا ئەمرێت،بەڵکو ئامێرە پێشکەوتوەکانی دروستکردنی ئوکسجینی ناو ماڵ و دەرەوەی بۆ دابین ئەکەن و نەخۆش زۆر بەباشی ژیانی ئەڕوات.

ئامێرێک لەماڵەوە ئۆکسجین دروست ئەکات،بتڵیکی بچووکی پێ پرئەکەنەوە و بۆ دەرەوە بەکاری ئەهێنن،ئەمە لە کوردوستان نیە،نازانم بۆ؟

ئەم هەموو پارەیە و ئەم هەموو بازرگانە و ئەم هەموو دکتۆرو پسپۆرەی کوردوستان بیریان لەوە نەکردۆتەوە،ئەم ئامێرە بگەیەننە کوردوستان،بۆ؟

من تەنها یەک هۆ شک ئەبەم،ئەویش ئەوەیە ئەم ئامێرە پارە دروست ناکات،واتە قازانجی ماددی نیە،کێ شتێک لە هەندەرانەوە بۆ وڵاتەکەی بهێنێت،تەنها پارە خەرج بکات و هیچی لێ قازانج نەکات؟

بیر لە بەرژەوەندی گشتی و بەتەنگەوەهاتنی نەخۆش و هاوڵاتی،کاری کێیە؟

دەوڵەت وداموودەزگا میریەکان ئەبێت رۆژ بەرۆژ،بگرە چرکە دوای چرکە چی تازە لەدنیادا دێتە ئاراوە،بگوێزنەوە کوردوستان،با قازانجی ماددیشی نەبێت،مادام هاوڵاتی پیویستی پێیەتی،ئەبێت دەوڵەت بیکات.

بەڵام بەکێ ئەلێت و هانا بۆ کێ بەرین؟

تەخشان و پەخشانی ئەم هەموو سەروەت و سامانە بەس نیە؟ تێر نە بوون؟

نۆسەدوو ئەوەندە داهێنەرمان هەیە،کامیان داهێنانیکی وای کرد،نەخۆشێک لەو هەموو ئازارە کەم کاتەوە؟

داهێنان ئەمەیە،ئازارشکێنێک بەرهەم بهێنیت،نەك ئازار بەخش.

یەک چرکە ئازاری مرۆڤێک هەموو داهێنانەکەی ئێووە پوچەڵ ئەکاتەوە.

 

ئاخ هاورێم،چەند ئازار ئەکێشم.

چەند ساڵە تۆ بەودەردەوە،مۆر بوویت،بوویت بە پیاوە مۆرەکە،ئێمەش سپی سپی،جار جارێک چارەکە هەوالێکمان ئەپرسیت.

تۆ بە مۆری لێت ئەڕوانین و ئێمە سورێکی خەجالەت.

دڕدۆنگ،دوو ڕەنگی دڕدۆنگ،بەرائەتی خوشکیشت،ئەو خوشکەی کە سروشت غەدرێکی زۆری لێکرد، ئەیزانی مۆر و سووریمان مانای چییە؟

پرسیار،،،پرسیار،،بەڕوماندا…..

تۆ لە کێ ئەچیت،ئەمەندە جوانیت؟

ئەی ئیمە لە چی؟

بێپەروا،بێچارەسەر،مۆر،ئێمەش سوور.

ئێمە لە تۆووە لەمانای ڕەنگی مۆر گەیشتین.

من ئێستا ڕەنگی مۆرم خۆش ئەوێت،بۆیە مۆر ئەپۆشم.

ئەیکەم بە سومبولی مرۆڤە مۆرەکان.

ئەوانەی هەوا،ئۆکسجین ئەیان چەوسێنێتەوە.

ئاخ ئەزانم بە مۆری چەند ئازارت چەشت.

دنیای تەکنەلۆجی وفڕین بۆ ئەستێرەکانی تر،بەتۆ چی؟کەئازار شکێنیکی بۆ تۆتیا نەبێت؟

ئوکسجین،نەبۆن،نەتام،نەڕەنگی هەیە،ئەی چۆن پەیدای بکەین؟لەم مەتەڵە.

ئەرێ ئەحۆل،شتگەلێکی بێبۆن،بێتام،بێڕەنگ؟

ئۆکسجین،ئۆکسجین،ئۆکسجین.

ئەمە چ زەمەنیکە؟ئێمە لە زۆری بووندا گەندەڵ بین؟

تۆش لە زۆری بووندا،تەنانەت هەوا،ئوکسجینت نەبێ؟

من شەرم لە بوونی خۆم ئەکەم،

شەرم ئەکەم کە من هەم،

هەبم یان نەبم پرسیار نیەو شەرمە.

بوونی من چی بۆت هێنا؟ ئەی نەبوونم چی؟

 ئەکرا ئوکسجینمان بە گازێکی تر بگۆریایە ؟

ئەی نازانیت قەیرانی ئۆکسجینە؟

نیە،،،نەما،،تەواو بوو.

هەموویان پێچایەوە و دایان ناوە بۆ رۆژی رەش.

نەبادا خەردەل و سیانیت بۆمان لەکارا بێت.

تۆ نازانیت ژینگە هێندە پیس بووە لەجیاتی ئۆکسجین پێویستمان بە گەندەڵیە؟

گەندەڵیەک هەموو گەندەڵیەکان گەندەڵ بکات،

لە بێخەوە ڕایانماڵێت. 

ئەمەسەیرە ئێمەی گەندەڵ و تۆی قەیران بەئۆکسجین بەیەکەوە ئەژین،

بەڵام من ئاگام لە تۆ نیە،من ئۆکسجین تۆش بێ ئۆکسجین. 

تۆ لە قەیراندا ئەمریت ئیمەش گەندەڵ،

تۆ ئەبیتە مێژوو،ئیمەش پوچەڵ،

مردن قەیران،،،ئۆکسجین گەندەڵ،

ئۆکسجین…… قەیران

مردن…قەیران

ژیان قەیران،،،گەندەڵ گەندەڵ…….

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.