Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

پیاوێکی چاوه‌ڕێ

Be First!

 پیاوێکی چاوه‌ڕێ
 
 ڕێباز مه‌حمود – هۆڵه‌ندا
 2008
 
 مادام تۆ هه‌یت و
 بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بێده‌نگیما جوانتر له‌ گه‌ڵایه‌ک بتنوسمه‌وه‌
 که‌ چه‌ندین دڵۆپی شه‌ونم خه‌ونی له‌سه‌ر ده‌بینن …
 ناچارم بژیم !
 به‌دبه‌ختی ئالێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات ئه‌زیزم ،
 ئا لێره‌وه‌ که‌ ده‌بێت به‌رده‌وام بژیم و
  به‌ شێنه‌یی بمرم !
 ئاخر ئه‌گه‌ر جوانی نه‌بێت
 که‌ تۆی له‌ نێو له‌پی ده‌ستیدا هه‌لگرتووه‌ و
 من ده‌مه‌وێت سات دوای سات هه‌وڵ بده‌م
 لێی بستێنم بۆ خۆم
 چیم داوه‌ له‌م هه‌موو ڕاکه‌ ڕاکه‌ی ژیان ،
 له‌م  هه‌موو بگره‌ و به‌رده‌یه‌ی دنیا !
 شار له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئاوه‌دانت بکاته‌وه‌
 ده‌تکاته‌ که‌سێکی گۆشه‌گیر …
 مادام تۆ هه‌ی
 هه‌ڵه‌ی من ئه‌وه‌ بوو
 شاره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کانی جیهانم
 له‌م عومره‌ کورته‌ی خۆمدا ڕیز کردن !
 هه‌ڵه‌ی من ئه‌وه‌ بوو خۆمم به‌ جێهێڵا و
 مێژووم ته‌سلیمی هه‌موو حیکایه‌تخوانه‌کانی سه‌رده‌م کرد …
 لێم ببوره‌
 که‌ ئێستا نازانم چاوه‌کانی تۆ
 کانیه‌کانی ده‌ورووبه‌ری لادێکه‌مانن ، که‌ لێم ون بوون …
 یان کانیه‌کانی ده‌ورووبه‌ری لادێ شاخاویه‌که‌مان چاوه‌کانی تۆ بوون
 که‌ ئه‌و هه‌موو نیگاو ئاوو پرشنگ و
 دواجار بیره‌وه‌ریه‌م
 لێ خواردنه‌وه‌ و
 که‌چی هێشتا هه‌ر تینووترین پیاوێکی چاوه‌ڕێم !
 یادمکه‌ ئه‌زیزم
 که‌ ئه‌م زوڵمه‌ته‌ی من ، زوڵمه‌تی پیاوێکه‌
 خودا به‌ر نه‌فره‌ته‌کانی خۆی داوه‌ و
 بێبه‌شی کردوه‌ له‌ نووری خۆی …
 که‌ ئه‌م به‌رگه‌گرتنه‌م ، به‌رگه‌گرتنی کۆیله‌یه‌که‌
 به‌ناو چاخه‌کاندا دێت و
 که‌چی ئه‌و هه‌موو زنجیرانه‌ی ڕۆحیان به‌ستۆته‌وه‌
 به‌ دڵداهێزرانه‌وه‌ ،
 ده‌خشێنێت به‌سه‌ر جوانی و بێئاگایی سروشتدا  !
 ئاخر ئه‌گه‌ر ئومێدی تۆ نه‌بێت
 ئیتر به‌ڕاستی شه‌رمه‌ گه‌ڕیده‌یی به‌م جیهانه‌دا
 به‌م دنیایه‌دا که‌ شوێنگه‌ی به‌خێو کردنی دڕنده‌ییه …‌
 به‌م ڕێگایانه‌دا که‌ شوێن پێی خوێن و مه‌رگ چاوساغمانه‌
 به‌ناو  قوڵایی ئه‌م سێبه‌رانه‌دا ،
 که‌ زه‌هری شارستانیه‌ت
 مۆنجی تیا داوه‌ته‌وه‌  …
 به‌ ژێر ئه‌م چه‌تره‌ ‌شاهانه‌ و ئه‌رخه‌وانیانه‌ی باوه‌ڕدا ،
 که‌ ئه‌سپسواره‌ به‌هێزه‌کانی ئامۆژگاری
 له‌ سایه‌یدا شمشێر به‌ له‌شولاری ڕووتی هه‌وادا ده‌کێشن و
 که‌ف و هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌ڕ و تازه‌ له‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌پرژێ !
 ئاخر ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بویتایه‌
 من چیم دابوو له‌م سه‌فاو مه‌روا بێتامه‌ی
  ده‌وری به‌ردی ڕه‌ق و ته‌قی هاتن …
 ئه‌گه‌ر تۆ نابووی
 ئاسانترین شت ،
 پێچکردنه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ لای مردن  !
 ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بیت
 من چیم داوه‌ له‌م
 هانکه‌ هانکه‌ی هه‌موو کاتێك ماندوو بوون
 به‌ نیازی گه‌یشتنم به‌ ئه‌فسانه‌ی حه‌سانه‌وه‌ !
 ئه‌گه‌ر تۆ نه‌بیت ،
 هیچ باڵنده‌یه‌ک هاوڕا نابێت له‌گه‌ڵما
 بۆ جریوه‌جریوی به‌ربه‌یانه‌ جوانه‌کان
 له‌ زه‌وی و زاری پڕ ته‌ڵه‌ و مینی مرۆڤدا
 گوێقوڵاخ بم !
 تۆ ، که‌ ده‌نگت مۆسیقایه‌که‌ و به‌سه‌ر تاراوگه‌نشینیما ده‌بارێت …
 دڵنیا ده‌بمه‌وه‌ له‌وه‌ی تفه‌نگ هێشتا هه‌موو ئاوازه‌کانی
 پێ قه‌تڵ و عام نه‌کراوه‌ …
 دڵنیا ده‌بمه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ولا وه‌یشوومه‌ی خێسه‌ی ڕۆژگاره‌وه‌
 چاوه‌کانی تۆش هه‌ن و
 کانیاوی سازگاری به‌هانه‌ی مانه‌وه‌ی منن !
 
   

Previous
Next

Leave a Reply