Skip to Content

Sunday, November 28th, 2021

پیره‌ژنه‌ ته‌نیاكانی‌ پاش ئه‌نفال……باوكى لاس

Be First!
by April 22, 2009 گشتی

 

سه‌ر له‌به‌یانیه‌كی‌ دره‌نگ وه‌خت له‌گوندی‌ گۆپته‌په‌ له‌گه‌ڵ  كاك سیروان له‌ ده‌رگایه‌كی‌ سێ‌ تاكی‌  گه‌وره‌وه‌ خۆمان به‌ حه‌وشه‌ی‌ ماڵی‌ پور عایشه‌ ئیسماعیل عه‌لی دا كرد، حه‌وشه‌یه‌كی‌ پان‌وپۆڕ زیاتر بۆ ماڵه‌ خێزانداره‌كان شیاوه‌، پێشتر كه‌ باسی‌ وه‌زعی‌ پوره‌ ئایشیان بۆ كردبووم، من  وێنه‌یه‌كی‌ ترم له‌ خه‌یاڵی خۆمدا بۆ كێشابوو، چونكه‌ پێشتر زۆرم له‌مجۆره‌ قوربانیانه‌ بینیوه‌، كه‌ته‌نیاكه‌وتوون‌و له‌خانوویه‌كی‌ خراپۆكه‌دا بینیومن‌و حیكایه‌ته‌كانیانم یاداشت كردووه‌، ئه‌وماڵانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مجۆره‌ قوربانیانه‌ی‌ تێدا ده‌ژین، له‌و كه‌سانه‌ن كه‌به‌ هۆی‌ تاوانی‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ته‌نیا كه‌وتوون‌و به‌ناچاری‌ له‌ته‌نیا ژورێك یان له‌ خانوویه‌كی‌ خراپۆكه‌دا ده‌ژین، به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌رمیانی‌ پایته‌ختی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفال زۆرم بینیوه‌. بۆیه‌ له‌خۆڕانه‌بوو وێنه‌ی‌ پوره‌ ئایشیشم واكێشابوو، به‌ڵام ماڵ‌و حاڵی‌ ئه‌م مرۆڤه‌ شكستخواردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ته‌نیا ده‌ژی‌ له‌چاو ئه‌وان زۆر رێك‌وپێكتر بوو، كه‌له‌ده‌رگای‌ ده‌ره‌وه‌ڕا بانگمان كرد، زۆری‌ نه‌برد كه‌ده‌رگای‌ جامخانه‌ی‌ هه‌یوانه‌كه‌ی‌ كرده‌وه‌و به‌خوڵقێكی‌ زۆره‌وه‌ فه‌رمووی‌ لێكردین بۆ ژووره‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ چووین ئه‌و له‌سه‌ر ده‌رخۆنه‌یه‌ك خه‌ریكی‌ وردكردنی‌ تۆڵه‌كه‌ بوو، ئاماده‌كردنی‌ تۆڵه‌كه‌ش تا ده‌كرێته‌ ژه‌مه‌خواردنێك بێ زه‌حمه‌ت نیه‌، به‌ڵكو له‌ده‌شته‌وه‌ ده‌هێنرێته‌وه‌ بۆماڵ‌و بژاردن‌و دواتر وردكردن‌و شۆردنه‌وه‌ی‌ گه‌ره‌كه‌.
 كه‌ فه‌رمووی‌ كردینه‌ ژوره‌وه‌ چه‌پكێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌رخۆنه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت كه‌ هێشتا هه‌روا كه‌مێكی‌ لێجنیی‌ بوو، ئه‌و لایه‌ی‌ به‌رده‌می‌ چه‌قۆكه‌ كه‌وتبوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكو ئه‌ندازه‌یی‌ بڕدرابوو، به‌ڵام پورئایش وازی‌ له‌كاره‌كه‌ی‌ هێناو هاته‌لای‌ ئێمه‌ دانیشت. كه‌ له‌نیازی‌ چوونه‌كه‌مان حاڵی‌ بوو، ووتی‌ ساڕه‌بی‌ به‌خێربێن، ئینجا چتان ده‌وێ‌ فه‌رموون با بۆتان بگێڕمه‌وه‌.
پورئایش ژیانی‌ منداڵی‌و كچێنیشی‌ هه‌ر له‌ گوندی‌ گۆپته‌په‌ بووه‌، دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د محمه‌د پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ كردووه‌و ژیانێكی‌ باشیان پێكه‌وه‌ گوزه‌راندبوو، به‌ر له‌ په‌لاماره‌ به‌د ناوه‌كانی‌ ئه‌نفال دایكی‌  6 كوڕو 3 كچ بووه‌، كوڕه‌كانی‌ (محمد ، محمود، عه‌لی‌، دارا، عه‌بدالله‌، دلێر) هه‌موویان له‌په‌لاماری‌ ئه‌نفالی‌ چواردا گیراون‌و هه‌تا ئێستاش بێسه‌روشوێنن، وه‌كو ده‌رودراوسێ‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌ هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ش جێگه‌وبانی‌ بۆ كوره‌كانی‌ داده‌خست، به‌وخه‌یاڵه‌ی‌ كه‌ گه‌رانه‌وه‌ بچنه‌جێگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌و بخه‌ون، له‌ناوحه‌وشه‌كه‌ی‌ خۆیاندا هه‌ندێك كه‌ل‌وپه‌لی‌ هه‌بووه‌ نه‌یهێشتووه‌كه‌س ده‌ستیان لێبدات، چونكه‌ به‌ملكی‌ كوره‌كانی‌ زانیوه‌و ئه‌م پارێزگاری‌ لێكردوون، كچه‌كانیشی‌ بێجگه‌ له‌ خه‌دیجه‌ كه‌ ئێستا له‌ ژیانداماوه‌ ئه‌وانی‌ تر گوڵاله‌و ساكار به‌رپه‌لاماری‌ ئه‌نفال كه‌وتوون‌و هه‌تا ئێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌. خه‌دیجه‌ شوی‌ كردووه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ ماڵ‌ومێردی‌ خۆی‌ له‌ شاری‌ كه‌ركوك داده‌نیشێ‌، به‌ڵام ساكارو گوڵاڵه‌ شویان نه‌كردبوو كه‌ ئه‌نفال بردنی‌‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
پورئایش بۆخۆشی‌ له‌ده‌ست ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌ دڵره‌قه‌كانی‌ به‌عس‌و جاشه‌ سه‌رشۆڕه‌كان ده‌رباز نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان گوندی‌ "كانی‌ بی‌‌و چنگوڕه‌"  گیراوه‌و بردویانن بۆ لیوای‌ 39 ‌و له‌قه‌ڵاكه‌ی‌ سوسێی‌ نزیك ئۆردوگای‌ پیره‌مه‌گرون، له‌وێ‌ كۆیانكردوونه‌ته‌وه‌و دواتریش بۆ ته‌واریه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ ره‌وانه‌كراون‌و ئینجا به‌ یاوه‌ری‌ پیاوانی‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌‌و به‌چاودێری‌ شێخ جه‌عفه‌ر عه‌بدالكریم به‌رزنجی‌ بۆ كه‌مپی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ تۆپزاوا ره‌وانه‌كراون، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ تۆپزاوای‌ به‌دناو كچه‌كانی‌ لێ جیاده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ره‌و نوگره‌سه‌لمان بردویانن وه‌كو ده‌لێت ( رۆله‌ به‌سه‌یاره‌یه‌كی‌ درێژ ،په‌نجه‌ره‌كانی‌ په‌رده‌یان پێدادرابوو، به‌رێگایه‌كی‌ دورو درێژدا بردیانین رێگایه‌ك ته‌واو بوونی‌ نه‌بوو، بردیانین بۆ نوگره‌ سه‌لمان، رۆژی‌ حه‌شربوو ده‌تگوت هه‌رچی‌ ئۆمه‌تی‌ خوایه‌ لێره‌یه‌) له‌وێ‌ چوار تا پێنج مانگێك زیندانی‌ ده‌كرێن‌و له‌ژیانێكی‌ پڕله‌ ئازار‌ومه‌ینه‌تیدا ده‌مێننه‌وه‌ ئیتر له‌وكاته‌وه‌ بێئاگا ده‌بێت له‌ كچه‌كانی‌‌و پێش ئه‌وه‌ش له‌پیاوه‌كه‌ی‌‌و كوره‌كانی‌ بێئاگابووه‌، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌لایه‌كدا رۆیشتوون‌و ئیتر یه‌كتریان نه‌بینیوه‌ته‌وه‌.
پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌نوگره‌ سه‌لمان ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی‌ له‌ ئۆردوگای‌ ته‌كیه‌ی‌ لای‌ چه‌مچه‌ماڵ یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌‌و سه‌پێكه‌وه‌ ده‌نین‌و رۆژگاره‌كانی‌ چاوه‌روانی‌ هاتنه‌وه‌ی‌ كوره‌كانی‌ ده‌گوزه‌رێنن، مێرده‌كه‌شی‌ كه‌ بریندارێكی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌ بووه‌و خه‌لكانێكی‌ مرۆڤدۆست په‌نایاندابوو دواتر هه‌ربه‌و برینه‌ی‌ گیانی‌ سپاردوو،پورئایش به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌تا ئێستاش له‌گوندی‌ گۆپته‌په‌ به‌ته‌نهاده‌ژی‌.  

Previous
Next

Leave a Reply