Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

پیش ئەوەى دوا ماچى هەناسەى چوون بەفر سپى…….

Be First!
by May 24, 2008 ئەدەب

 پیش ئەوەى دوا ماچى هەناسەى چوون بەفر سپى
 ( سوعاد ) بكەین
 هەموومان سووتاین( بەبۆنى بارانى نامۆبوون)ى تەها سلێمان
 بەختیار محمد      …….
  

 كۆستێك كە تەنها ئەوانەى ژیاوى ئەو كۆستەن دەتوانن وێنەیەكى ئەومان بە بىَ ڕەنگى بدەنىَ تا زرینگەى ویژدانمان لىَ بدات وەك زەنگى كلێسایەكى سەردەمى ئاشورییەكان مەگەر هەر ئەوانەى هاوارى ئەنفال رۆژانە پێنج فەرز لە مێشكیاندا دەنگ دەداتەوە تێبگەن لە سورەتى ئەنفال و هەر ئەوانیش دواجار پاڵەوانەكانى بە ئێمە ئاشنا بكەنەوە , ئەوەتا (تەها سلێمان) بە پێى پەتى بە (مازووخ)دا هەڵدەگژىَ و بەدواى نامیقدا وێڵە بۆ ئەوەى بە شمشاڵەكەى ئاوازێك بۆ ئەنفال دا بنێت و رەشبەڵەكىَ سازبدات (نازەنین و خەلیل و ئافتا وكویستان ونادر ) هەڵپەڕكێى  تیادا بكەن.هەنارو نازەنین و كوێستان و سەدانى تر ئەو كچە شۆخ و چاورەشانەى گەرمیانن كە بیست ساڵە هەموومان چاوەروانى هاتنەوەیانین و ناشێنەوە چونكە ئەنفالن.
 ئەنفال پرۆسەى قڕ كردنى نەتەوەیەك بوو كە پێش بیست ساڵ لەمەوبەر رژێمى بەعس دژ بە گەلى كورد ئەنجامیدا  شێوازى ئەنجامدانى ئەم شاڵاوەو ئاسەوارەكانى ئەنفال.لەئەنجامداندا هێندە درندانەو لە ئاسەواریشدا هێندە كاریگەر تا ئێستا كەمن ئەوانەى جورئەتى گێرانەوەى ئەم چیرۆكەیان كردبێت بەتایبەت لەدەقى ئەدەبیدا . تەها سلێمان یەكێكە لەو گەنجە گەرمییانیە ئازایانەى كە  وا پىَ دەچىَ بریارى دا بىَ بەشێكى زۆر لە ژیانى خۆى بۆ نوسینەوەى ئەم كۆستە تەرخان بكات تا ئەوەى من ئاگادارم لە بەچاپ گەیاندنى بەرگى یەكەمى (لەپەراوێزى ئەنفالدا) بڕى تێچونەكەى تا ماوەیەكى زۆریش قەرزار بوو . هەر ئەم سور بوون و راستگۆییەى تەهاش لەگەڵ ئەنفال وخۆیدا وایكرد وەك یەكێك لە خەم خۆرانى مەسەلەى ئەنفال لەكوردستاندا دەربكەوێت. تەها سلێمان كتێبى (لەپەراویزى ئەنفالدا) بەرگى یەكەم و دووەم چاپ كرد و دواتر بە ستایلێكى تر ولەرێى شیعرەوە (حیكایەتەكانى ئەنفال) ى گێڕایەوە و ئێستاش لە رێى دەقى (سوتان بەبۆنى بارانى نامۆبوون) وە جارێكى تر ئێمە دەسوتێنێت.
 بەرلەوەى باسى ئەم دەقە بكەم پێم خۆشە دێرێك لەبارەى تەهاوە بڵێم وەك نووسەر دیارە لە روانگەى خۆمەوە. تەها و هاورێكانى و هاوسۆزەكانى بۆ ئەنفال بە شێوەیەكى دڵخۆشكەر دەستیان داوەتە نوسینەوەى ئەنفال ,بەڵام ئەوەى تەها لەخەڵكى تر جیا ئەكاتەوە ئەوەیە كە ئەم نووسەرە ئەوەندە وێنەیەكى جوان وراستگۆیانەت لەسەر ئەنفال ئەداتىَ واهەست ئەكەیت تۆ لەناو دێكانى گەرمیانیت و ساڵى(1988)ە ئەمەش هاوكارێكى باش دەبێت بۆ مانەوەى ئەنفال لە زاكیرەى ئێمەدا وەك خۆى.
 ئەگەر تەماشاى  لایەنە جیاجیاكانى دەقى (سووتان بە بۆنى بارانى نامۆبوون ) بكەیت ئەوا سەلیقەو دڵسۆزى ئەم گەنجە گەرمیانیەت بۆ دەردەكەوێت بەڵام من تەنیا قسە لەسەر پاڵەوانەكانى ئەم دەقەیە كە تەها لە (نامیق) وە دەست پىَ دەكات و لە (ئاوات) كۆتایى پىَ دێنىَ ئەو لەم سەفەرى سووتانەدا بەرائەتى ئەنفالەكانمان پیشان دەدات كە چوون هەمیشە (نامیق) شمشاڵ بۆ ژیان دەژەنىَ تەها لە شمشاڵەكەى (نامیق)ەوە بە ئێمە ئاشنا دەكات كە ئەنفالەكان چەند خەڵكێكى ژیان دۆست بوون ئەوان هەمیشە بەو ژیانە سادەیەى خۆیان رازى بوون مەخابن رەشەباى ئەنفال نەیهێشت ( خورشید) بۆ تەنها جارێكى تر ماچى هەناسەى چوون بەفر سپى (سوعاد) بكات تائەو ئاستەى (چیمن)ى كچى (نیعمت) لەسەر تاوێرە بەردێكەوە هاواردەكات ( دایكم لە نوورى خوا پاكترە,لەتەنهایى خوا تەنها ترە) هەر لەم تەنهاییەدا (كوێستان) بەقوڕگى پڕ لە گریانەوە چیرۆكى كچێنى خۆى دەگێرێتەوە و دەڵىَ ( من بووم بە كچى لم و كچێنیشم ئاوێتە بوو بە لم) لێرەوە تۆ هەست ئەكەیت تەها سلێمان چەند بەوردى كارى لەسەر ئەم دەقە كردووە جیا لەمەش ئەمانخاتە بەر پرسیارێك كە رەنگە دواجار هەموو ئێمە تاوانبار بین لەبەردەم ئەم دێرەدا ئەوەتا (ئاسكە) شەوێك (نادر) دێتە خەوى و دەلێت (بۆچى هێڵاتان ئەو جەلادە سۆتكەكانى گیرفانى دەزگیرانەكەى من فرێدا و ناو دەمى پر لەلیكى قەباحەت بكات)………
 تێبینى / ناوەكان پاڵەوانەكانى دەقى (سووتان بە بۆنى بارانى نامۆبوون) ى تەها سلێمانن
 
 
 ئەوەى تەها لەخەڵكى تر جیا ئەكاتەوە ئەوەیە كە ئەم نووسەرە ئەوەندە وێنەیەكى جوان وراستگۆیانەت لەسەر ئەنفال ئەداتىَ واهەست ئەكەیت تۆ لەناو دێكانى گەرمیانیت و ساڵى(1988)ە
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply