Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

پێشبینی زمان … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Be First!
by February 18, 2013 ئەدەب

 

 

 

ده‌ست ڕاخستن

 

ئـ  ا   ب   ت   پ   ج   ح   خ

چ   د   ر   ڕ    ز    ژ   س

ش  ع   غ    ف   ڤ   ق

ك   گ  ل    ڵ    م

ن   و   وو  ۆ  ه

ه‌   ی   ێ‌

مردن ده‌ستی ڕاخستووه‌ به‌سه‌ریدا بڕۆم

فریشته‌ له‌ پشت سه‌رمه‌وه‌ چاوی چاودێری قووڵایی هه‌زار چاوه‌

چاوم له‌سه‌ر هه‌ڵناگرێت

ده‌توانین بڵێین له‌ بارێكی تایبه‌تدایه‌

ڕۆح پرس و ڕا به‌ هێزی خۆر ده‌كات دۆنایدۆنی

ئاو

ئاگر

با

خۆڵ

كامیان بم

سه‌رێ بكێشه‌ ماڵێك كه‌ بڕیاری كوشتنی مانگی تێدا نه‌دراوه‌

چه‌ند ڕووخۆشانه‌ ده‌فی ڕوومه‌تی خودا

په‌نجه‌ی باریك كردوومه‌ته‌وه‌

هه‌موو ڕازێكی خستووه‌ته‌ دڵم

له‌مه‌وبه‌دوا ژیان به‌ ساده‌یی وه‌رده‌گرم

ده‌توانن بڵێن له‌ بارێكی تایبه‌تدایه‌

 

چاوه‌ڕوانی تێكشكاو

 

به‌ ڕوخسارێكی پڕ شادییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاڵای وڵاته‌كه‌م وه‌ستام

هێند به‌ ئاسانی ئاسمان و زه‌وی لێك هه‌ڵاتن

هێند به‌ ئاسانی ئاده‌م و حه‌وا پشتیان تێك كرد

هێند به‌ ئاسانی دایك و باوكم چاویان لێك وه‌رگێڕا

هێند به‌ ئاسانی من و خێزانه‌كه‌م لێك تووڕه‌ بووین

منداڵێك سییه‌كانی خاوبوونه‌وه‌ و  هه‌موو هێزی خۆی هێنایه‌ ئه‌ژنۆی

هه‌ستایه‌ سه‌ر لاقه‌ لاوازه‌كانی و به‌ قووڵایی هه‌زار چاو سه‌یری ئاڵای كرد

شه‌ونم له‌ چاوی بووه‌ هه‌ڵم و گوتی ئه‌ی بۆ سێوی پێوه‌ نییه‌

چاوه‌ڕوانییه‌كی تێكشكاو

….   ….   ….   ….

….   ….   ….   ….

….   ….   ….   ….

….   ….   ….   ….

سه‌رێك كه‌وته‌ ناو چاڵێك

ده‌زگای ڕاگه‌یاندنیش ڕۆژنامه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌

حه‌زده‌كه‌م ببم به‌ هه‌ڵۆ به‌ چڕنووكم هه‌موو ڕۆژنامه‌كان بدڕێنم

پاشان ببم به‌ ده‌عبا ئامێری چاپخانه‌كان بۆ تاهه‌تایه‌ له‌ كار بخه‌م

 

به‌ره‌و ساكاربوونه‌وه‌

 

ئاسۆ سڕبووه‌ ڕوومه‌تی خۆری لێ گه‌رم نابێت

وه‌ره‌ خه‌ونم ناتوانم هیچت له‌باره‌وه‌ بڵێم

ڕایه‌ڵه‌كانی وتن پچڕاون

تووخوای جوان وه‌ره‌ خه‌ونم

بۆ ئه‌وه‌ی ساكارانه‌ بڕوانمه‌ زه‌وی

با زه‌وی له‌ دڵتوندییه‌كیدا هه‌ناسه‌یه‌كی من هه‌ڵمژێت

 

فه‌رموو وه‌ره‌ ناو ژیان

 

هه‌رده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ نازداره‌دا

دێوی گوانشۆڕ و

فیلی چاوسوور و

مۆته‌كه‌ی كڵاوجادوو و

هه‌زارپێی ڕیشاڵ لاڕه‌شه‌ له‌گه‌ڵمان بژین

كارئاسك ناچێته‌ سه‌ر ئاوی تیژ

مێرووله‌ش له‌ ئاوی هێمن ده‌خواته‌وه‌

فرمێسكه‌كانی خودا كه‌ ده‌ڕژێته‌ سه‌ر زه‌وی باڵنده‌ ده‌یخۆنه‌وه‌

فه‌رمووش له‌ من ده‌كه‌ن

ئه‌ی خودا ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌م پێم ببه‌خشه‌ مردن

مردن سه‌ربخاته‌ كۆشی چیمه‌نی حه‌وشه‌ و ناوچه‌وانی  قوربانی

شه‌راب پێده‌گه‌یه‌نێت

پشووی به‌خشنده‌یی و سه‌روه‌ریت درێژبێت پیاڵه‌ی پڕ 

ده‌ستێك به‌ ناوچه‌وانانم دابهێنه‌

با وه‌ك ئاسۆی كراوه‌ چاوی گه‌رم بێ و نزای ببیسترێت

له‌ توانامدایه‌ ئاوی ده‌نووكی په‌ڕه‌سێلكه‌ به‌و ئاگره‌ داكه‌م كه‌ له‌ وڵات ده‌بارێ‌

 

پشووی باڵ

 

ده‌بوایه‌ هه‌ر ئه‌و كاته‌ بێت له‌ قاز و قورینگ و مراوی بپرسم

مه‌له‌وانی گۆم یان ڕووبار

پشوو به‌ باڵتان ده‌دا

گوتیان ده‌توانی بۆ خۆت بیربكه‌یته‌وه‌

له‌ هه‌زار ساڵ چاوه‌ڕوانی

هیچ شتێك نه‌گۆڕا

كه‌س قسه‌یه‌كی تازه‌ی نه‌كرد

په‌نجه‌ره‌ به‌ویستی خۆت نه‌یكه‌یته‌وه‌ كوێره‌

ئاشق كه‌ له‌ ده‌رگای مه‌یخانه‌ی خودادا

فه‌رمووی گوێ‌ لێ‌ بوو

داوای ژیانێك ده‌كات پێشتر گۆرانی خواستی بۆ گوتووه‌

ده‌یهێنێته‌وه‌ ناو ژیان و له‌مه‌وبه‌دوا له‌ سێبه‌ری خۆی ڕاناكات

 

به‌دوا ڕۆشتن

 

باران نمه‌ نییه‌

ڕووناكییه‌كی خودایییه‌ به‌سه‌ر دڵ و گیان ده‌بارێ

ئه‌و به‌ر و ماڵ و حه‌وشه‌یه‌

دیواری نه‌خشی چیای به‌سه‌ره‌وه‌یه‌

شوێنێكی دڵگره‌ بۆ گوێگرتن له‌ ڕادیۆ و ته‌ماشاكردنی

زه‌ڕنه‌قووته‌ی ناو هێلانه‌ و  تاسه‌ی باڵ لێكدان و دانه‌وێڵه‌

كه‌روێشكێك قوونه‌ قوون به‌ دوای به‌چكه‌كه‌ی ده‌ڕوات

مانگی ده‌ست و دڵگه‌رم كۆسپه‌ی ڕێگای بۆ ده‌ڕنێت

 

ڕاهێنانی ده‌نگ

 

نواڵه‌ گوێی له‌ په‌شیمانی قابیل گرت و له‌رزی و گریا

بیری له‌و ڕۆژه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌دبه‌ختی په‌یدابوو

پاشان منی كوشت و له‌ یادی نه‌كردووم

له‌ یاداشتیدا فانۆسم به‌ لكی

دره‌ختی باخی ناوبانگییه‌وه‌ هه‌ڵیواسیوم

له‌ ژووریشیدا په‌نجه‌ره‌ی گولله‌ نه‌بڕ

خودایه‌ نهێنی غه‌ریبی ماڵه‌وه‌كردن چییه‌

به‌سه‌رنجی پڕ سه‌رسامی دانیشتووم

له‌به‌ر ده‌می خۆم ورد ده‌بمه‌وه‌

زۆر نابا دڵی مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌ دڵی زه‌وی

خه‌م نا هه‌موومان به‌و ڕێگایه‌وه‌

ده‌نگمان به‌ گۆرانی خۆش ده‌بێت

 

دڵی خرۆشاوی پیاڵه‌

 

پرچ به‌سه‌ر گوێ و لاڕوومه‌تی نواڵه‌

وه‌ك باڵی قه‌تێ هاتووه‌ته‌ خوارێ

شه‌رم له‌ نه‌رمی و گه‌رمیی گوێ و لاڕوومه‌ت ده‌كات

پرچ به‌ ده‌نووكی په‌ڕه‌سێلكه‌ی له‌سه‌ر ئاوی شیرین هاتوو

داوای خۆی خسته‌ ناو ده‌ستم

شه‌رمم بۆ كه‌س مه‌گێڕه‌وه‌ 

نه‌رم و گه‌رمیی گوێ و لاڕوومه‌ت و شه‌رمم

له‌ بیرچوو له‌ دڵی خرۆَشاوه‌ی پیاڵه‌ی پڕ بیگوازمه‌وه‌

به‌ر ئاگری به‌سه‌رنه‌چووی سۆز

چی بوو له‌ بیرم چوو

ده‌چمه‌ شینایی ئاسمان و هه‌ردوو ده‌ستم نزای له‌سه‌ر سه‌وز ده‌بێت

خۆمم به‌ بیر هاته‌وه‌

به‌ر په‌نجه‌ره‌ نواڵه‌ی لێ بوو

 

دیدارێكی تایبه‌ت

 

ئه‌و هات

من چووم

من شیعر بووم

ئه‌و ناوكی ڕووناكی

ئه‌و سێ به‌شی ڕێگا هاتبوو

من به‌شێك

له‌ ڕێگادا پێك شادبووین و فرمێسكی شكۆ كه‌وته‌ خوارێ

ده‌توانین بڵێین دیدارێكی تایبه‌ت بوو

من گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ

هه‌زار هێڵ له‌ناوله‌پمدا بوون به‌ناوكی ڕووناكی

ئه‌و له‌ناو بازنه‌یه‌كی ڕووناكیدا بیندرا و كلیلی بۆ هه‌زار قفڵ برد

 

 

ئاهه‌نگی ساڵی مردنی دایناسوور

فاڵگره‌وه‌یه‌ك ڕێنمایی كردم

له‌ساڵی مردنی دایناسوورێكی نه‌رم و نیان

مۆم له‌سه‌ر كێلی داگیرسێنم

مار تاجیش له‌سه‌ر بكات

ژه‌هر له‌بن تاجه‌كه‌ی نامه‌به‌ره‌ و ده‌ڕژێته‌ حه‌وزی ده‌ستنوێژگرتن

نامه‌ ته‌نیا باڵنده‌ی خۆشخه‌به‌ر نایهێنێت

ناسینی به‌هار دژه‌ ژه‌هره‌ و نامه‌ بزه‌یه‌كی  به‌خشنده‌یه‌

ده‌مانباته‌ خه‌ونێكی هێمن و ئاكاری شه‌رمنی گوڵه‌وه‌

 

خۆ دركاندن

 

ماندووبووم به‌ ئاشنابوونی یه‌كه‌مین نهێنی

له‌و هۆیه‌ش نه‌گه‌یشتم مرۆڤ بۆ

دوای ماندووبوون ده‌سته‌ و نزا داوای دیداری خودا ده‌كات

وه‌ڵامی چاره‌نووسم دایه‌وه‌

ماندووێتی هات

كڕیاری مه‌رگی خۆمم

مه‌رگ خۆی دركاند و ئاماژه‌ی دا

له‌ نێوان هه‌نگاو و هه‌نگاوێكدا

شكۆی شوێنه‌وارت ده‌پارێزم

نه‌مزانی ده‌نا بڕیارم ده‌دا له‌ نێوان هه‌نگاوه‌كانمدا بژیم و ناوكی ڕووناكی بێته‌لام

 

مانه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك

 

بۆنی جۆگه‌ ئاوی بن بڕكه‌ ته‌ماته‌ و باینجان و ئاروو

قوڕی خاكه‌ناسی ئاودێر و نازی به‌رڕن

گریانی خۆشی منداڵ و مۆسیقام به‌راورد كرد

له‌ خاوێنكردنه‌وه‌ی ساچمه‌ی ڕاووشكاردا

گولله‌یه‌كی كوێر به‌راوردكاری كوشت

كارئاسك و كه‌روێشك خوێنیان له‌ زه‌وی شووشت

وێنه‌یه‌ك مایه‌وه‌

كاتێك وێنه‌كه‌مان به‌ سینگی دیواری مۆزه‌خانه‌وه‌ هه‌ڵواسی

دیوار توانای تێگه‌یشتنی بیری ئه‌و به‌راورده‌ی نه‌بوو

ڕه‌نگی وشه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌نگی هه‌ست

ئه‌و ڕه‌نگه‌ی له‌ باڵه‌ پڕهه‌سته‌كانی تیترواسك ده‌بێته‌ خه‌ڵات

له‌ خودی خۆی خاڵیمان ده‌كات

كارئاسك و كه‌روێشكیش ده‌چنه‌ سه‌ر ئاوی هێمن و ئاو ده‌خۆنه‌وه‌

ڕه‌وایی سروشت

 

به‌یانییان ئاوی جۆگه‌ی دامێن كانی سۆمای چاوی نامرادانه‌

سروشت له‌ناو كراسی ڕه‌نگ دیده‌نی كیژێك چاوی كردووه‌ته‌وه‌

سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ناو كه‌پرێكی ناوبازاڕ ده‌فرۆشێت

ئه‌نگوستیله‌ی ئه‌فسانه‌ له‌ په‌نجه‌م گیر بووه‌

من هه‌میشه‌ ئاره‌زووی سروشت به‌ڕه‌وا ده‌زانم

كه‌روێشك خه‌و چاوی به‌ردا  و له‌ لانه‌ی  بێته‌ ده‌رێ

چیا پڕ ده‌بێ له‌ گه‌رمایی

ده‌شت له‌ ڕاز

مانگ ده‌توانێت شایه‌دیی فڕینی شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ش بدات

ترسێك له‌ دڵمانی دا

به‌ڕێوه‌ خۆمان پێ ڕاناگیرێ

سروشت ده‌مار له‌ پشتی وه‌رگه‌ڕا


گه‌رمبوونه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری

 

دنیا سارد بووه‌

ئاوی حه‌وزی مه‌له‌كردنی حه‌وشه‌ و ماڵ گه‌رم ده‌كرێت

هه‌موو جێگاكان ده‌زانین

ته‌نیا جێگاپێی شه‌هیده‌كانمان نازانین

جێگاپێی شه‌هید هێمنییه‌كی پڕ به‌ دڵ ده‌نوێنێ

له‌ ڕوخساری ئه‌و كاته‌ی مانگ ده‌كات

كه‌ له‌ گلێنه‌ شه‌پۆل ده‌دا

ئه‌وه‌ چییه‌ له‌ گلێنه‌دا په‌ره‌ ده‌گرێ

ڕابردوو هاوڕێی جێماوی ئێمه‌یه‌

شه‌هید هاوڕێی جێماوی ئێمه‌یه‌

له‌ یاده‌وه‌ری یه‌كتردا گه‌شه‌ ده‌كه‌ین

بارانیش سه‌رما ده‌شكێنێ

باران نمه‌ نییه‌

ڕووناكییه‌كی خودایییه‌ چه‌تر بۆ دڵ و گیان هه‌ڵده‌دا

 

گه‌یشتن به‌ خۆت

 

بۆ لای ماڵی تۆ هاتم ڕێگایان لێ گرتم

چۆرته‌ و چه‌ته‌كان نه‌یانتوانی چ بكه‌ن

دڵم ڕێگای خۆی هه‌بوو

سوپاس بۆ ئه‌و دڵه‌ی خۆم

هه‌زار ڕێگای هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ناوكی ڕووناكی

نایه‌ڵێ دڵشكاو بم

به‌وجۆره‌ی كه‌ هه‌ی ده‌تناسم

ناشكرێ  ئاشنای كه‌سی تر بم

ناشبمه‌ براده‌ری كه‌سێك كه‌ بمرێ

دنیا شه‌وه‌ له‌ناو بازنه‌یه‌كی ڕووناكدا ده‌بیندرێیت

 

شكۆمه‌ند نه‌بوون

 

بای ناوچه‌وان گرژ

ته‌وه‌زه‌ل و

زه‌به‌لاح و

ده‌م و لێو ژه‌نگاوی و

مردۆخه‌

له‌ وه‌ته‌ی چاوی ڕواوه‌ له‌ سه‌ر زه‌ویی نه‌رم و نیان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

ته‌ماشای پێی ده‌كات جێگاپێی نییه‌

ته‌ماشای ده‌ستی ده‌كات ستوونی ڕه‌شماڵێكی ڕانه‌گرتووه‌

ته‌ماشای ده‌می ده‌كات په‌ندێكی باشی به‌كار نه‌هێناوه‌

ته‌ماشای ناوچه‌وانی ده‌كات قومرییه‌ك پووشی له‌سه‌ر دانه‌ناوه‌

خۆی پێچایه‌وه‌ و هه‌ڵات

به‌و نیازه‌ی خۆی دابڕێژێته‌وه‌

دیاره‌ با شكۆمه‌ند نییه‌

 

ئاوێنه‌ی ده‌ستی گورگ

 

له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی پاكیزه‌یی و ئه‌فسانه‌ییدا

باڵی مه‌له‌ی ده‌هاوێشت و دڵی دابووه‌ خودا

سۆته‌كی جغاره‌ی ده‌كه‌وته‌ ناو فنجانی قاوه‌ی

له‌ میهره‌بانییه‌ك گۆرانییه‌كی زێڕینی چاخه‌ كۆنه‌كان

ده‌ستی له‌سه‌ر شانی دانا و به‌رده‌می خۆی بینی

بای سه‌رپه‌ڵه‌ په‌ڕه‌ی كتێبی ڕووداوه‌كانی هه‌ڵدایه‌وه‌

یه‌كه‌م سه‌ر ناوی

ئه‌و زه‌وییه‌ی ئێستا له‌سه‌ری دانیشتووی نازانیت خۆت له‌ تای كام ته‌رازووی دابنێیت

بۆت ده‌دركێنێت

چی ڕوویداوه‌ و چه‌ند دیكتاتۆر داگیری كردووه‌

كێش كوژراوه‌ و كه‌ی ناوی لێندراوه‌

مێژوو له‌ناو خوێنمان قاقا پێده‌كه‌نێ و ده‌نگی خۆش نییه‌

قه‌ل كه‌ پیلان بۆ ته‌مه‌نی په‌پووله‌ ڕێكده‌خات ڕایهێناوه‌

كونده‌بۆ

چه‌قه‌ڵ

واشه‌

بزنمشك

دووكلكه‌

تیپی  مۆسیقاژه‌نین

لێره‌ گورگی خاوه‌ندار له‌ كه‌مین دانیشتووه‌ و ئاوێنه‌ی پێیه‌

ئێمه‌ش لێوه‌ی ته‌ماشای ژیان ده‌كه‌ین

دڵی به‌هارمان نه‌ناسی

 

مانه‌وه‌ له‌ناو ڕووناكیدا

 

وێنه‌ی شاری خواسته‌كانم له‌ پێش خۆم بڵاوكرده‌وه‌

چاوم له‌سه‌ر ڕوخساری په‌ری شاراوه‌ی به‌هه‌شت ڕاگرت

بایه‌كی تیژ هه‌ڵیگرت و  فڕاندییه‌ ناو ته‌پوتۆز

تیشكی خۆره‌تاوێكی نه‌رم

له‌ سییه‌كانم ده‌رهات

دانیشتن له‌ژێر دره‌ختی نزیك كانی و ئاو نه‌وای به‌ختیاری خودایییه‌

تیشكی سیمای براده‌ره‌كانی لێ‌ ده‌رده‌كه‌وێت

له‌ كێوی دڵم ده‌دا

له‌ناو ڕووناكیی شۆڕشگێڕ ده‌مێنمه‌وه‌

حه‌زناكه‌م له‌ شوێنێكی دووره‌ده‌ست و ژیانێكی تردا بژیم

سه‌رم له‌سه‌ر كتێبی ڕووداوه‌كان  هه‌ڵگرت

ته‌پوتۆزی نیشتووی سه‌ر گڵۆپی ژوورم سڕییه‌وه‌

ده‌رگای ماڵ پێ و ده‌ست و دڵ و چاون

له‌گه‌ڵم دێن و ده‌ڕۆن

خۆمم ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ست و خورپه‌م پێ ده‌به‌خشنه‌وه‌

به‌ هه‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماڵ سه‌یری شارم كرد

ماڵێك ڕووناك به‌ ڕه‌نگی ژیان

ژیان گه‌رمایی ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌

به‌ره‌و لای تۆ هه‌ڵیده‌هێنم ئه‌ی ناوكی ڕووناكی

 

نیازی به‌راورد

 

له‌ شه‌ودا نواڵه‌ هاته‌لام

پرسیم بۆ ئێستا

سه‌ری شكۆمه‌ندی ڕاوه‌شاند و به‌ له‌ره‌ی لێوه‌وه‌

ئه‌ی بۆ ئێستا نا

ئه‌گه‌ر به‌ ڕۆژ بهاتبوایت به‌راوردم ده‌كردی به‌ شكۆی به‌هره‌ و سرووش

ته‌ماشایه‌كی سه‌رپه‌نجه‌كانی كرد

سۆزی زایه‌ڵه‌یه‌ك به‌ره‌و غه‌مگینی و تاریكییه‌كانی دڵ كێشای

جێگاپێی له‌ ناوچه‌وانم ڕۆچوون

نووسیم ئه‌و ڕسته‌یه‌ لێكبده‌وه‌

یادگاریت ده‌پارێزم و به‌رده‌وامم له‌ خۆشه‌ویستیت

لۆكه‌ی ناو قامیشی نه‌ی قاوه‌یی سووتا

 

دره‌ختی بنه‌ماڵه‌

 

دیوان و ماڵم سه‌رڕێژن له‌ تیشكی خودا و پیاڵه‌ی پڕی به‌زه‌یی

ده‌ستی ڕه‌شی ده‌سیسه‌ ناتوانێ بیانشارێته‌وه‌

به‌یانییه‌ك  به‌ ئومێدی مه‌حاڵ ده‌سته‌مۆكردن له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم

ده‌چمه‌ ناو په‌ڕی گڤبووه‌وه‌ی كه‌ڵه‌باب له‌ كاتی بانگدان

بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌ی كه‌س و كار و دره‌ختی بنه‌ماڵه‌م شیعر

ده‌مه‌وێ‌ له‌ناو ڕه‌گ و چڵ و پۆپتدا بمرم

له‌ناو ڕه‌گ وچڵ و پۆپی ئه‌و  مردنه‌دا

خه‌ڵك و

ئازادی و

ناسینی به‌هار و

سێبه‌ر و هه‌تاو هه‌ن

به‌و چه‌شنه‌ كوڕێك هه‌بوو

ده‌ربه‌ندی گۆم و هه‌ولێری خۆشویست و خودا بۆ خۆی بردییه‌وه‌

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر پێستی دڵی خۆیدا بیژێنێت

ئه‌ی كه‌س و كار و دره‌ختی بنه‌ماڵه‌م كه‌ تۆ دێیت

زیاد له‌ پێویست ئاگام له‌خۆمه‌ و باران له‌ ڕێژنه‌وه‌ ده‌بێته‌ نمه‌

هه‌ستیار و تایبه‌ت ده‌بیت و له‌سه‌ر ڕووناكیدا ده‌نوی

شتێكی تر نامێنێ سه‌رم بسووڕمێنێت

مۆم ئاوی ڕووی خۆی ده‌ڕێژێته‌ ژێر پێی خۆی

ئاوی ڕوو ئاشتییه‌كه‌ هیچ شه‌ڕ و دوودڵییه‌كی تێدا نییه‌

 

قه‌راغی ده‌ف

 

خودا له‌ بۆشایی نێوان ئه‌ستێره‌ و مانگدا منی دۆزییه‌وه‌

ده‌ستی گرتم و هێنامیه‌ خواره‌وه‌

له‌ سێبه‌ری دره‌ختی پیرۆزدا نیشته‌جێی كردم

باڵنده‌ هۆگرم بوون و به‌رزیان كردمه‌وه‌ بۆ ئاسمان

دووباره‌ خودا پێشكێشی زه‌وی كردمه‌وه‌

من له‌ شه‌وی تاریك و نووته‌كدا به‌چرای دزانه‌وه‌ نه‌هاتوومه‌ته‌ ناو ژیان

له‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆدا تاسه‌ ڕسكاندمی

ڕیخۆڵه‌ی ناوكم بوو به‌ چه‌رمی ورد دووراوی قه‌راغ ده‌ف

گرده‌نشینێكی دڵنه‌رم له‌سه‌ر ئاوازی كاتژمێره‌كه‌ی كۆك ده‌كات

بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ گه‌شت و خواردنگای خاوێن

ده‌توانن به‌ ڕوونی له‌ ڕێگاوبانان بمبینن خوێنم ده‌جۆشێ‌

له‌ گه‌وره‌مه‌ندی باڵ لێكدانی كه‌ڵه‌شێردا

سییه‌كانم پڕ ده‌بن له‌ هه‌وای تاسه‌ی ڕسكان

كه‌ كونی شمشاڵ له‌ره‌ی دڵی ده‌ناسێ

ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆدا تاسه‌ بیڕسكێنێت

جگه‌ له‌وه‌ی جۆگه‌كان بخاته‌وه‌ سه‌ریه‌ك

بیر له‌ هیچ شتێكی تر ناكاته‌وه‌ 

چاوی هه‌قیقه‌ت ترووسكایییه‌كی گه‌رمه‌

ئاگری بێ‌ ئامان نییه‌

تاریكی نامێنێته‌وه‌

كاتێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فوو له‌ ناوله‌پم بكه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناو تاسه‌ی ڕسكانی خۆم

 

ئاوڕشێنی ده‌موچاو

 

له‌ نێوان دڵ و زماندا

ڕووه‌ك بۆن و به‌رامه‌ وه‌رده‌گرێت

ڕووه‌كی خه‌ولێكه‌وتووی مۆزه‌خانه‌ش

یاد له‌ جۆگه‌ی گه‌رم و نه‌رمی خه‌یاڵ ده‌موچاوی ئاوڕشێن ده‌كات

هه‌ڵۆش هێزی له‌نگه‌رگرتنی لێ‌ وه‌رده‌گرێت

وا مردن هات چ ده‌گه‌شێته‌وه‌

چ له‌ نێوان دڵ و زمان هات و چۆ ده‌كات

ئه‌ی چی وڕێنه‌ ده‌كات و ده‌تاسێ

دڵ و زمانم به‌داری ئاڵا هه‌ڵواسراون

شه‌هید ماوه‌ و  یارمه‌تی له‌ ناوكی ڕووناكی وه‌رده‌گرێت

ڕه‌نگاوڕه‌نگی كردن

دێوی تێكبه‌ر نامه‌كه‌ی هه‌ڵپچڕی و پڕ به‌ پێ‌ پێدزه‌ی كرد

كرم له‌ گیانم نادا

خانووم دڵۆپه‌ ناكا

مانگم تریفه‌ ده‌دا

هه‌ڵۆ له‌ له‌نگه‌رگرتن وه‌نه‌وز نادا

خوریش كێشی گرانی پێوه‌ هه‌ڵناواسرێت

 

سندووقی ته‌رم

 

له‌ ده‌م ڕووبارێك دانیشتم

نیگه‌رانی شیعرێكم لێكده‌دایه‌وه‌

له‌ پێش دڵم ئاوه‌كه‌ ده‌هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌

ته‌واو وه‌ك دڕنده‌یه‌كی ئاوی

له‌ بۆسبێ‌ و بیه‌وێت نێچیرێك ژێر چه‌پۆك خات

بڕوام به‌ چاوی خۆم كرد و خوێنم جۆشا

ده‌نگی ئاوه‌كه‌ ده‌نگی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی ترسناكی له‌ شێوه‌ی شه‌وقی هه‌وره‌ برووسكی  ده‌هێنا

به‌ قووڵایی هه‌زار چاو له‌ ئومێدی شیعر ده‌ژیام

خۆر به‌تیشكێكی توند له‌ باوه‌شی گرتم و سه‌رپێی خستمه‌وه‌

به‌ده‌ست و هێزی دایكێك ده‌ستی به‌ ده‌موچاوی داهێنام

ده‌موچاوم ته‌واو هاته‌وه‌ سه‌رخۆ

سندووقی ته‌رم هه‌ر یه‌ك مردووی پێ ده‌بردرێته‌ گۆڕستان

 

خۆشبوونه‌وه‌ی ئاگری دڵ

 

شه‌وه‌ له‌ ده‌رزی و خه‌نجه‌ر و قورئانی

پشت سه‌ری مه‌لۆتكه‌ ساتمه‌ی كرد و له‌په‌ڕوو كه‌وت

پاشان له‌ ڕاڕه‌وێكی داخراودا هه‌راسان مایه‌وه‌

له‌ مه‌لۆتكه‌ی پرسی ئێستا چ بكه‌م

بڕوانه‌ ئاگر و له‌گه‌ڵ ئاگردا

بسووتێ‌ و ئاهه‌نگ بگێڕه‌ و نوقمی شكۆی ئاهه‌نگ به‌

پاشان بڕۆ به‌ ته‌نیا بمره‌ و وه‌ره‌وه‌

له‌ دڵدا ئاگرمان هه‌یه‌

هه‌ركه‌سێك داوابكات ئاگر له‌ دڵی خۆیدا ده‌دۆزێته‌وه‌

سوپاس بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاگری دڵ

گه‌وهه‌رێكی درۆزنانه‌ نییه‌

هه‌موو شتێك ده‌گه‌یه‌نێت و به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گات

له‌سه‌ر سینه‌ی ئاوی خدر ده‌خۆمه‌وه‌

ده‌رزی و خه‌نجه‌ر و قورئان

له‌ ئێوه‌وه‌ په‌نا بۆ ئێوه‌ ده‌به‌م

شه‌وه‌ برای قه‌قنه‌س نییه‌

قه‌قنه‌س ئاگری ناسی و ئازاری نه‌دا

شه‌وه‌ش پێی له‌ برژانگ ڕۆچووه‌

ته‌ماشای پردی شكاو ده‌كات

باڵنده‌ خۆی به‌ هه‌ر چوار لای قه‌فه‌س داده‌دا

قه‌فه‌سیش ده‌ هه‌زار ته‌لسمی ئاگرینی تێدایه‌

كه‌سیش نه‌یپرسی ئه‌و ته‌لیسمانه‌ چییان تێدایه‌

كێش له‌ دیداری ناوكی ڕووناكی ده‌مێنێته‌وه‌

ئه‌ی گیانی ئاگر و قه‌فه‌س

چاوم لێڵ بووه‌ و ئێستا واده‌ی دوای جوانه‌مه‌رگیمه‌

له‌ پێشوازیتدا ده‌ست به‌ زه‌مبیله‌ی پڕم و میوه‌ ده‌به‌خشمه‌وه‌

به‌ مه‌به‌ستی دڵ ده‌گه‌م و ده‌پرسم دڵی من كێیه‌

دڵ به‌رده‌وام له‌ ئاسمان خول ده‌خوا و ڕێنمایی هه‌ڵۆ ده‌كات

 

كه‌ڵژیان

 

مه‌رگ سه‌ر له‌ سه‌رم هه‌ڵگره‌

چاوم له‌سه‌ر مانگی چوارده‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌م له‌ ده‌ور و پشتی داناوه‌

باسی ڕووناكی بۆ نواڵه‌ ده‌كه‌ن

كاتێك ڕووناكی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رمێزی ناو باخچه‌

وه‌ك ده‌ستێك له‌ژێر چه‌ناگه‌

ده‌موچاو جوان و ئاسووده‌ پێشان ده‌دات

به‌ڵێنم به‌ ڕووناكی داوه‌

ده‌زووی تاسه‌ له‌ بارستی دڵ هه‌ڵبكه‌مه‌وه‌

ناشزانم به‌ڵێنی چی له‌ ڕووناكی وه‌ربگرم

له‌ كاتێكدا له‌ دڵم ده‌ڕوانێ و دڵمی پڕ بۆنوبه‌رامه‌ی كه‌ڵژیان كردووه‌

مه‌رگ ماڵم له‌ نێوان كتێبی ئاسووده‌یی و كتێبی دڵ له‌سه‌ر ڕێیه‌

له‌ ناوێكی تازه‌ بۆ كه‌ڵژیاو ده‌پرسم

 

گه‌رمایی ناوچه‌وان

 

له‌رزی دیدار له‌سه‌ری په‌نجه‌ی پێمه‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕووداو

به‌ته‌واوی ده‌مار و خوێنمدا مێرووله‌ و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌كات

له‌چاومدا ده‌بێته‌ ئاگری بێ ئامان و هه‌واڵی مه‌رگ

له‌ ڕووناكی دیداردا چاوم سووتا

له‌مه‌وبه‌دوا هیچ  مووچڕكێك به‌چاومدا تێناپه‌ڕێت

دیمه‌نی ناشرینیش سه‌رودڵم ناگرێ

ته‌نیا ده‌ست له‌چورچ و لۆچیی ناوچه‌وانم ده‌خشێنم

كه‌ به‌دڵی دیدار به‌ڕێگادا بڕۆم

دره‌خته‌كانی ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستم

چاوڕوونمن و له‌گه‌ڵمدا ده‌ڕۆن

نه‌بینین باڵنده‌ له‌ئاسمان وڕ و كاس و تاساو ده‌كات

ئای چاوم چه‌ند ئاره‌زووی فرمێسكی شكۆی هه‌یه‌

چ شینایی ئاسمانی له‌ ناوبرد

له‌ ڕووناكی دیداردا داڵ دای له‌ ده‌مار و خوێنم

كلۆش بۆ گه‌نمی ڕژاوی گیانم باری

ناسینی به‌هار له‌ دڵی نواڵه‌دا بوو

ویستم بیناسم نه‌مناسی

له‌مه‌وبه‌دوا له‌ سێبه‌ری خۆشم ڕاده‌كه‌م

 

یاقووتی ئه‌نگوستیله‌

 

له‌ خانوو و ماڵی سه‌ر ئه‌م به‌رزایییه‌

گوڵێكی ناو باخچه‌یم لێكرده‌وه‌

كه‌ هێشتان خوناوی شه‌وی له‌سه‌ر مابوو

ئه‌ڵقه‌یه‌كم خسته‌ ناوی

بۆتۆم له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌ی ماڵتان دانا

له‌ چاوێكی چاوه‌ڕواندا چ باسه‌

هه‌موو ڕۆژێك له‌ په‌نجه‌ره‌ڕا

ژیان بۆ ڕامانی پاك و سرووشی خودایی ئاماده‌ ده‌كه‌م

قومرییه‌ك له‌شێوه‌ی دڵبه‌ر چاوی په‌نجه‌ره‌ ده‌كاته‌وه‌

چاوی په‌نجه‌ره‌ به‌هۆی داخستنه‌وه‌  سه‌یر ده‌زرینگێته‌وه‌

به‌و ته‌مه‌نه‌شه‌وه‌ بڕوام به‌ ئه‌ڵقه‌ی ناو گوڵه‌كه‌ ماوه‌

گوتم ده‌چمه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌كی تر كه‌ شه‌كراوی  له‌به‌ر بگێڕدرێت

په‌نجه‌ره‌یه‌كی له‌م په‌نجه‌ره‌ ڕوونتر بێهووده‌یه‌

یاقووتی ئه‌نگوستیله‌م وێنه‌ی ڕووناكییه‌ك پێوه‌ی هه‌ڵواسراوه‌

ده‌ستم به‌ شكۆی ڕووناكییه‌كه‌وه‌ گرتووه‌

ئه‌مه‌ هه‌مووی ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ ڕووی داوه‌

خۆشترین كاتی ته‌مه‌نه‌ دووباره‌ ده‌ست بۆ گوڵی ئه‌ڵقه‌ له‌ناو ببه‌مه‌وه‌

چاوه‌كانم نووقاند نواڵه‌م بینی له‌ نزیكم ده‌ژی

چاوی په‌یامێك له‌سه‌ر پێستی زه‌وی نیشت

وزه‌ی به‌خشییه‌ گژ و گیا و بۆنی گژ و گیای مزر و شیرین بڵاوبووه‌ته‌وه‌

ده‌نگی گیانله‌به‌ر و هه‌موو شته‌كانم به‌ گۆرانی دێته‌ گوێ‌

گوڵێك به‌ یه‌خه‌ی شه‌قامی بن قه‌ڵا پڕشنگ ده‌دا

سێ‌ باڵنده‌

 

به‌ڕێگادا مامه‌وه‌

قومرییه‌كی دڵڕووت قاچه‌كانی له‌سه‌ر شانم  گیر كرد و چاوڕوونمه‌

باڵێكی بردمیه‌ ماڵی خودا

باڵه‌كه‌ی تری ماڵی نواڵه‌

ماڵی خودا دره‌ختێكی به‌رزی تێدا بوو

سێ‌ باڵنده‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو

باڵنده‌ی یه‌كه‌م گه‌نجێتیم

باڵنده‌ی دووه‌م جوامێریم

باڵنده‌ی سێیه‌م پیریم

ماڵی نواڵه‌ حه‌وزی ئاوێكی پاكی تێدا بوو

سێ باڵنده‌ له‌ هێمنیی ئاوه‌كه‌یان ده‌خوارده‌وه‌

باڵنده‌ی یه‌كه‌م گه‌نجێتیم

باڵنده‌ی دووه‌م جوامێریم

باڵنده‌ی سێیه‌م پیریم

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێگاوه‌ بمێنمه‌وه‌

ده‌ست به‌ شكۆی باڵی باڵنده‌كانه‌وه‌ ده‌گرم

ئاسمان به‌چاوی چاك بینینه‌وه‌ سه‌یر ده‌كات و خواست به‌جێ ده‌هێنێت

باڵنده‌كان به‌سه‌ر لكی دره‌خت و ده‌می حه‌وزه‌كه‌وه‌

ئارام ده‌نووكیان ده‌جووڵێنن

تاسه‌ی بینین چاویان ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و ده‌بنه‌ چاوڕوونی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێگادا ماونه‌ته‌وه‌

 

 

به‌تاڵبوونه‌وه‌ی داوا

 

كار ئاسكێك به‌ره‌و پاوانی من دێ و بۆنی شكۆ له‌ شاخه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌

كار ئاسكێك به‌ره‌و پاوانی من دێ‌ و بۆنی شكۆ له‌ شاخه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌

كار ئاسكێك به‌ره‌و پاوانی من دێ‌ و بۆنی شكۆ له‌ شاخه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌

كار ئاسكێك به‌ره‌و پاوانی من دێ‌ و بۆنی شكۆ له‌ شاخه‌كانی به‌رز ده‌بێته‌وه‌

ته‌مه‌نی به‌فری سه‌ر لووتكه‌ به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ باخی ناوبانگه‌وه‌

ته‌مه‌نی به‌فری سه‌ر لووتكه‌ به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ باخی ناوبانگه‌وه‌

ته‌مه‌نی به‌فری سه‌ر لووتكه‌ به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ باخی ناوبانگه‌وه‌

ته‌مه‌نی به‌فری سه‌ر لووتكه‌ به‌ پیته‌ و ده‌ڕژێته‌ باخی ناوبانگه‌وه‌

په‌پووله‌ به‌ تاسه‌وه‌ ڕاوی بۆنی پاككردنی لیمۆ ده‌كات

په‌پووله‌ به‌ تاسه‌وه‌ ڕاوی بۆنی پاككردنی لیمۆ ده‌كات

په‌پووله‌ به‌ تاسه‌وه‌ ڕاوی بۆنی پاككردنی لیمۆ ده‌كات

په‌پووله‌ به‌ تاسه‌وه‌ ڕاوی بۆنی پاككردنی لیمۆ ده‌كات

ڕۆژ له‌سه‌ر ڕێگاكان ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ خه‌یاڵێكی ئه‌فسانه‌یی

ڕۆژ له‌سه‌ر ڕێگاكان ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ خه‌یاڵێكی ئه‌فسانه‌یی

ڕۆژ له‌سه‌ر ڕێگاكان ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ خه‌یاڵێكی ئه‌فسانه‌یی

ڕۆژ له‌سه‌ر ڕێگاكان ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ خه‌یاڵێكی ئه‌فسانه‌یی

ئه‌ی ساڵ

ساڵی تازه‌

ئه‌من له‌تۆ هیچم ناوێت

كار ئاسك تاریك بوو وه‌ك  هێلانه‌ی هێلكه‌ شكاو

ته‌مه‌نی به‌فر تاریك بوو وه‌ك  هێلانه‌ی هێلكه‌ شكاو

تاسه‌ی په‌پووله‌ تاریك بوو وه‌ك  هێلانه‌ی هێلكه‌ شكاو

ڕۆژی سه‌ر ڕێگا تاریك بوو وه‌ك  هێلانه‌ی هێلكه‌ شكاو

وه‌ره‌ خه‌ونم ناتوانم هیچت له‌باره‌وه‌ بڵێم

 

هه‌واڵپرسین

 

خودا له‌بیرهاتنه‌وه‌كه‌یدا له‌ دانیشتووانی قه‌ڵای هه‌ولێری پرسی

مانگ به‌چاوی گه‌رمه‌وه‌ ڕووی به‌ره‌و شار سووڕاند و ته‌ماشایه‌كی كردن

نه‌خێر لێره‌ نین

حه‌زیان له‌و مردنه‌یه‌

جل و به‌رگیان له‌سه‌ر ڕسته‌ خۆر بیسووتێنێت

قه‌ڵا ئاگری تێ به‌ربوو ساردیش بووه‌وه‌

هیوادارم له‌ هه‌واڵپرسین به‌رده‌وام بێت

 

له‌رینه‌وه‌ی دره‌خت

 

ئێواره‌ دڵی خۆی گوشی

له‌ ته‌ختایی شاخێك دانیشتم و پشووم دا

پێشتر ناوچه‌وانی مێژووی وڵات بوو

بادییه‌ك شیری مه‌ڕه‌ زه‌رده‌م دانابوو

شه‌یدای ڕاز پێكه‌كه‌ی ڕژا

هی منی ڕفاند

نواڵه‌ بۆ ده‌ست ناخه‌یته‌ سه‌ر دڵت و هه‌ڵناستییه‌وه‌ سه‌ر پێ‌

شیری مه‌ڕه‌ زه‌رده‌یان دزیم

ڕۆژێك ده‌مه‌وبه‌یان هه‌موو دنیا شیری مه‌ڕه‌ زه‌رده‌م ده‌ده‌نه‌وه‌

له‌ ده‌مه‌وبه‌یانی هه‌مان ڕۆژ نواڵه‌ له‌ تیشكی ڕاز داده‌به‌زێ‌

به‌ دڵَخۆشییه‌وه‌ سه‌ر ده‌كێشێته‌ ماڵی شاعیرێكی له‌ شه‌ڕی گورگ شكاو

لاشه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌

ئه‌م لاشه‌یه‌ له‌ كێ‌ جێماوه‌

كێ‌ ده‌یشوات

كێش ده‌ینێژێت

دره‌ختێكی لك و پۆپ به‌ردار له‌رییه‌وه‌

 

ونبوون و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌

 

جێگاپێی دیكتاتۆر زامی لاڕه‌شه‌یه‌ به‌ ناوچه‌وانی زه‌وییه‌وه‌

زه‌وی له‌ هیچ ڕێكه‌وت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كیدا

نه‌ترساوه‌ له‌ مردن

ئه‌رێ زه‌وی شتێك بڵێ

كوڕه‌كانی من

له‌ ناو له‌پم ون ده‌بن و له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌ون

كه‌سیش له‌ پشت ته‌ونی جاڵجاڵۆَكه‌وه‌ سه‌یران ناكات

ئه‌مڕۆ ئه‌كته‌ره‌ كۆسه‌كه‌ هه‌رچی پێشكێش كرد

لێوی كه‌س شادی نه‌هاتێ

برۆی كه‌سیش جووت نه‌بوو

چورچ و لۆچی ده‌وروبه‌ری چاوی حه‌كایه‌تخوانی شار گه‌مارۆی نه‌شكا

كوڕه‌كانی زه‌وی گوتیان چاوه‌ڕوانبن ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌

به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م هاتن و چوونه‌

یاری له‌گه‌ڵ چۆله‌كه‌ی ئاسمان ده‌كه‌ین

ده‌ست ده‌خه‌نه‌ سه‌ردڵیان و ده‌كه‌ون

چۆله‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت

له‌و ته‌رمانه‌ ورد ده‌بێته‌وه‌

چرایان هێنا

په‌پووله‌ش

كێ‌ بكوژی په‌پووله‌یه‌

 

ناسینی هێز

 

هه‌ندێك ترپه‌ی پێ‌ كه‌س بۆی ناكرێ‌ گوێی لێ‌ بگرێت

هه‌ندێكیان دوور

هه‌ندێكیشیان نزیك

ڕوخساری پڕ هێمای تارمایی ده‌ێته‌پێش

له‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا كه‌ركه‌ده‌نێك

له‌ ناو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌یه‌كدا ژیانی بۆ دابین كراوه‌

گۆڕی پیاوێكی ڕێزداریش

په‌رژینی نییه‌

ده‌زانم نابێ‌ له‌مه‌وبه‌دوا بیر له‌ هێز بكه‌مه‌وه‌

سیمرخی ئه‌فسووناوی داوای ئامۆژگاریمان لێ‌ ده‌كات

له‌ شوێنه‌واری یادگاری هێلكه‌ی پیرۆزی ده‌ترووكێ‌ یان نا

نواڵه‌ له‌ خه‌یاڵدا بیندرا

كه‌س ناتوانێ‌ دووباره‌ بیبینێته‌وه‌

ئه‌فسانه‌ له‌ هه‌نگاوی یاران ڕووبه‌ری ده‌بێته‌ ڕووناكی

من ده‌زانم به‌ده‌وری ئه‌ستێره‌یه‌كی چاوناس وه‌ستاوم و چیشم له‌ بیركردووه‌

ده‌مه‌وێ‌ ئه‌ستێره‌ بم چونكه‌ حه‌زم له‌ به‌خشینی ڕووناكییه‌

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply