Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پێشنیارێک:  هۆکارەکان و  چارەسەرکردنی ئەزمەی ئێستا

پێشنیارێک: هۆکارەکان و چارەسەرکردنی ئەزمەی ئێستا

Closed
by July 6, 2011 گشتی

 
       

هەرچەندە پێم وایە خووشک و برایانی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان سەرپشکن لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بەڵام لە هەمان کاتیشدا دهۆک و هەولێر و سلێمانی جیاوازیان نیە لەتەک سنە و سەقز و مهاباد. ئەوەی دەیخوێننەوە هیچی قسەی خۆم نین یان خوێندومنەتەوە یان لە پڕۆفیسۆرەکانم فێر بووم .بەڕێزان ئەم پێشنیارە بێشک کەم و کوڕی زۆری تێدایە هیوادارم ئێوەی خۆشەویست ڕەخنەگرانە بڕواننە بابەتەکە کە ڕێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەزمەکە. ئەم ووتارە بۆ بابەتی ڕۆژنامە دوور و درێژە بەڵام بۆ شیکردنەوەی ئەزمەکە زۆر زۆر کورتە، پێشنیار کردن بەرپرسایەتی و لێپرسینەوەی هەیە. .نوسەر سەر   به هیچ رێکخراو‌‌‌ێکی سیاسی نی یه.
 بابەتەکە ئاوا دابەش کراوە:
1. ئەزمەکە بناسین وەک پێشەکی.   
2. هۆکارەکانی ئەزمەکە بناسین، لەم بەشەدا پرسیار زۆر کراوە بابەتی وای تێدایە دە ساڵی دیکەش دەتوانین لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین و بابەتی شی کردنەوەن.
3. پێشنیارەکان چوار بەشن کە بریتین لە:

ـ دامەزراندنی گەشەسەندنی خۆڕاگر      ( Sustainable Development).
ـ سیستەمی  ئابووری بەشداری.(Participatory)
ـ سیستەمی بڵاو بوونەوە یان” بڵاوە”. ( Decentralized ) باسێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی یە.
ـ پێشنیار بۆ دامەزراندنی بەرنامەیەکی پێنج ساڵەی ئابووری و کۆمەڵایەتی.   
ـ پێشنیاری قەرەبوو کردنەوەی ئابووری بۆ ناوچە ناڕازیەکان.
خوێنەر دەتوانێ ‌‌‌‌‌هه ر کام له و به شانه به  جیا جیاش  بخوێنییه وه.
 

  پێشتر با ئەزمەکە خۆی بناسین

ئەزمەی کوردستان لەگەڵ گیروگرفتی تر جیاوازی هەیە, لە بواری بەرنامەڕێزیدا یان بە گرێ کوێرە ناوی دەبەن یان بە ئەزمە کە چەند پێناسەیان هەیە. یەکێ لە پێناسەکانی ئەزمەی کوردستان ئەوەیە شیکردنەوەی ئەزمەکە لە خۆیدا موشکیلەیە، چۆنی شی دەکەیتەوە وە چۆن ڕێگا چارەی بۆ دەدۆزیتەوە, کەوابوو شی کردنەوەی ئەزمەکە و ڕێگا چارە دۆزینەوە بۆ ئەزمەکە دەبێ ببێتە پڕۆسەیەک بۆ هەموو لایەنێک.  ئەمە ڕێگایەکە کە بتوانیت ڕەخنە بکەیە لایەکی ئەزمەکە. کەوابوو دەبێ بیر لە ئاکامی بڕیارەکانمان بکەینەوە چونکە بەرنامەیەک یان پێشنیارێک کە پێشکەشی دەکەین  لە خۆی دا بابەتی دیکە دەخوڵقێنێ لە کۆمەڵگادا و  پێویستە بیر لەوانیش  بکەینەوە. بۆ نموونە ئەگەر کارگەیەک پێشنیار دەدەی بۆ شارۆچکەیەک بۆ لە بنهێنانی بێکاری پێویستە بزانی ئەم کارگەیە چ گیروگرفتی دیکەی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ و وەڵامت هەبێت بۆ دەرئەنجامەکان. (1)
دووەم پێناسەی ئەزمەی ئێستای کوردستان ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ فۆرمۆلێکی تایبەت بۆ چارەسەر کردنی ئەم ئەزمەیە نەدۆزراوەتەوە. لە ئەزمەیەکی نەخوێندەواری یان بێکاری دا پسپۆڕەکان و لێزانەکانی ئەم بوارە جۆرە فۆرمۆلێکیان خوڵقاندووە بۆ ڕیشەکێش کردنی نەخوێندەواری. بەڵام ئەزمەی ئێستا هەر بێکاری و نەخوێندەواری نی یە، دەیان کێشەی ترمان هەیە کە تێکڕا ئەزمەکەیان  خوڵقاندوە.(2)
پێناسەیەکی تری ئەزمەی ئێستا ئەوەیە ئەزمەکانی بچووک و گەورە تێکئاڵاون. نموونەی سیاسی ناهێنمەوە .باسی قەڵەباڵغی هاتووچۆ لە هەولێر و سلێمانی دەکەم. ئێمە بە دەیان جۆر دەتوانین لێکۆڵینەوە بکەین و هۆکار بدۆزینەوە بۆ قەڵەباڵغی ئەزمەی هاتووچۆ لەم شارانە، دوو هۆکاری دێنمە ئارا . ئەزمەی هاتووچۆ پەیوەندی هەیە بە بابەتی تەندروستیەوە وە فەلسەفە، چۆن؟ نەبوونی سیستەمێکی تەندروستی بۆ شارۆچکە و گووندەکانی ئەم دوو پارێزگایە وا لێدەکات خەڵک بۆ دکتۆر و دەرمان بێنە ئەم شارانە، ئەگەر بنەماڵەیەکی شەش کەسی هەر کام چوار جار لە ساڵێکدا نەخۆش کەون وە بێنە شار قەڵەباڵغی زۆر دەکات. یەکێکی تر لە هۆیەکانی قەڵەباڵغی شارەکان دەبێ لە ڕوانگەی فەلسەفەوە شی بکرێتەوە. هەموو کەس دەیەوێت سەیارەی هەبێت بۆ؟ ئاخر سەرۆک وەزیرانی شای ئێران ئاواتەخوازی ئەوە بوو هەموو ئێرانیەک یەک سەیارەی هەبێت، پێ ی وابوو بەوە ووڵاتەکەی پێش دەکەوێ ئێستا ساڵانە نزیکەی بیست و حەوت هەزار کەس لە ڕووداوی سەیارەدا دەمرن لە ئێران دا. ئەو نموونانە ئەوە نیشان دەدەن کە لە ئەزمەی کوردستان دا کێشەکانی ئابووری، سیاسی ، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی تێکئاڵاون.  واتە لە ئەزمەی کوردستان دا بەشێکی ئەزمەکە هۆکاری ئەزمەی ترن.
پێناسەیەکی تری ئەزمەی کوردستان ئەوەیە ناتوانی بلێی ڕێگا چارەیەک ڕاست و دروستە بەڵام ڕێگا چارەیەکی تر تەواو غەڵەتە، لە جیاتی ئەوە پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کام ڕێگا چارە لە ڕێگا چارەکانی تر باشترە بۆ ئێستا. هەروەها ئەوە زۆر گرنگە چ جۆرە بەرنامەیەک پێشنیار دەکەین بۆ ئەزمەکە. هەموومان باش دەزانین بەشێک لەم کێشانە  تایبەتی کۆمەڵگای ئێمەیە، ئەم جۆرە ئەزمەیە پێشتر وەڵامی بۆ نەدۆزراوەتەوە.  هەرچەند زۆر تر لە ئەزمەکە بزانین ڕێگای چارەسەری جیاوازی بۆ دەدۆزینەوە، هەروەها ئەم بیر کردنەوەیە دەبێ خۆماڵی بێت.
ئەگەر دەمانەوێت چارەسەرکردنی ئەزمە تەجروبە بکەین دەبێ خۆمان ڕابهێنین بە پەلە نەبین بۆ چەسپاندنی پێشنیارەکەی خۆمان پێش ئەوەی پوختەمان هەبێت لەسەر بابەتەکە. ئەزمەی کۆمەڵگای ئینسانی وەک کێشەی بیرکاری و ئەندازیاری نی یە وەڵامی دیاریکراوی هەبێت بۆ کێشەکە بەیەک جۆر لە گشت ووڵاتانی جیهان دا. کەواتە پێویستە گوێ بگرین بۆ پێشنیاری جیاوازی لایەنە جۆر بە جۆرەکان بۆ ئەوەی ڕێگا چارە بدۆزینەوە. هەروەهاپێویستە بەرپرس بین لە پێشنیارەکانمان چونکە پێشنیاریکت دا ناتوانی پاش گاز بیەوە، ناتوانیت کارگەیەک دروست بکەی پاشان بیڕوخێنیەوە بڵیی هەڵەم کرد، هەڵەکردن لە پلان دانان دا گران دەوەستێت لەسەر خەڵک.(3)

‌هۆکاری ئەزمەکە:
 ئێستا کە بە کورتی زانیمان ئەزمەکە چ جۆرە ئەزمەیەکە دەبێ گەیشتبینە ئەم باوەڕەی کە هۆی ئەزمەکە زۆرن، هەوڵ دەدەم چەند دانەیەکیان باس بکەم:-
1. ئیستعمار:– هۆی زۆربەی گیروگرفتەکانی ووڵاتانی لە ‌حاڵی گەشەسەندندا ئیستعمارە، ئیستعمار لە زۆر بوارەوە کار دەکاتە سەر کۆمەڵگا (4). لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی یەوە ئیستیعمار شێوە ژیانی کۆمەڵگای ژێر دەستە دەگۆڕێ، سیستەمی ئیستیعماری پێش بە گەشەکردنی خۆڕسکی کۆمەڵگا دەگرێ. دەست تێوەردانی ئیستیعماری هەروەها سیستەمی ئیداری خۆماڵی دەگۆڕێ بۆ سەر سیستەمە دەرەکیەکان و دەبێتە هۆی کێشەی ئیداری بە بەردەوامی لە ناو کۆمەڵگای ژێر دەستەدا، ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی ئەزمەیەکی بێکۆتایی لە کۆمەڵگادا. دەیان ساڵە ئیستیعماری کۆن نەماوە بەڵام میراتیەکانی کێشەی جۆر بە جۆریان خوڵقاندوە لە ووڵاتانی لە حاڵی گەشەدا. دەڵێن گەشەنەکردنی ووڵاتانی جیهانی سێیەم  سەرچاوەی گەشەکردنی ووڵاتانی گەشە کردووە، بۆیە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پڕن لە ناکۆکی ئابووری و کۆمەڵایەتی(5). لە ساڵەکانی هەشتا تا ئێستا پتر لە پەنجا ووڵاتی  جیهانی سێیەم شەڕی تێدا ساز بووە، ئەو کێشانەی ئێمە هەمانە ئەو ئاڵۆزیانەن کە لە ئەفریقا و ووڵاتانی تری لە حاڵی گەشەدا دەقەومێ.(6)
 
2. ڕژێمی سەددام وەک هێزێکی ئیستیعماری لە کوردستان دەجوڵایەوە.(7) ئەم ڕژێمە لە گشت بوارێکەوە کاری کردۆتە سەر بنچینەکانی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتی یاسایی و ئیداری ئێمەو وە هەر لایەنێکی بچوک و گەورەی کێشەکانی ئێمە هۆکاری دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووە وە تا دەیان ساڵ هەر دەمێنن. بەخیلایەتی، خۆش نەویستن و  بێگانە بوون لە یەکتر،  تووند و تیژی، تووڕەیی، ڕق و کینە بەشێکی بچووکن لە بەرهەمەکانی سایکۆلۆژی فەرهەنگی دا کە لە میراتەکانی ئەم ڕژێمەوە بۆ ئێمە بە جێ ماون. ڕیشەی شەڕەکانی ناوخۆیی پێویستە لەم بابەتەدا بدۆزرێتەوە. هەروەها سیستەمی ئیداری کۆمەڵگای کوردەواری لە سەر بناخەی مەسڵەحەتەکان وە ئامانجە سیاسیەکانی ڕژێمی پێشوو بنیات نراون ئەم سیستەمە وەڵام دەرەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی نین.

3. نەیانهێشتووە ئاوەدان کردنەوە فێر بین لە حاڵێک دا بەشێکی ئەزمەی ئێستا ئەزمی ئاوەدان کردنەوەویە… مەسەلەی نان ئیش و مەعیشەت، کرێ خانوو، گرانی، نەبوونی دکتۆر و نەخۆشخانە کێشەی نەخوێندەواری، بوژانەوەی دێهات ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا، پاک و خاوێنی، کشتوکاڵ هەموو کێشەی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتین.  ڕژێمی پێشوو وێرانەی بۆ ئێمە بەجێ هێشت. بە گشتی خوێندەوار و ڕووناکبیری ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، حزبە سیاسیەکان سیستەمی ئیداری وە بە تێکڕایی کۆمەڵگای کورد تەجروبەی ئاوەدان کردنەوەمان نیە. گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی زانستە وە پێویستی بە تەجروبەی زۆر هەیە کە بە درێژایی دەیان وە سەدان ساڵ لە کۆمەڵگایەک دا لە سەریەک بنچینە بکرێت و ببێتە سەرمایەی زانستی  ئاوەدان کردنەوە لە وڵاتەکە دا.
 لە وڵاتی ئێمەدا قەت ئاوەدان کردنەوە نەبووە هەمیشە ڕووخاندن بوو. سەددام  مەعاشی  دەداینێ بۆ ئەوەی دانیشین و هیچ نەکەین واتە کۆمەڵگای خۆمان ئاوەدان نەکەینەوە. نەیانهێشتووە ئێمە فەلسەفەی ئاوەدان کردنەوەی خۆمان بخوڵقێنین(8) واتە تیۆری بۆ دا بڕێژین و بە کاری بهێنین ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی پەنا بەرینە کۆپی کردنی پرۆسەی گەشەسەندنی ووڵاتانی تر بۆ سەر کۆمەڵگای خۆمان. ئەمەش لە خۆیدا هۆیەکی ئەزمەکەیە.

 4. هۆیەکی تری ئەزمەکە ئەوەیە ئێمە ئامانجی دیاری کراومان نەبوو.(9) چ بیست ساڵی حیساب بکەین چ هەشت ساڵ پێویستە بزانین لە کوێ وەستاوین، بۆ کوێ دەمانەوێ بچین، چۆن دەمانەوێ بچین. لایەنە جۆر بە جۆرەکان لە کۆمەڵگادا هێشتا وەڵامی خۆیان بۆ ئەم پرسیارانە گەڵاڵە نەکردووە، واتە بەرنامەیان بۆ دانەڕێژاوە. ئێمە تا ئێستا بە شوێن کام فەلسەفە و پڕاکتیکی ئاوەدان کردنەوەدا چووین، چ مۆدێلێکمان هەڵبژاردووە ئاکامەکانی چی بوون؟ لێمان نەکۆڵیوەتەوە. پێم وایا مەسئولانی زۆر حکومەتی دونیا پێیان خۆشە ووڵاتێکی بێ کێشەیان هەبێت هەر نەبێ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕابگرن، مەسئولەکان تەنانەت پێیان خۆشە ووڵاتەکەیان ببێتە ئەوروپا. زۆرێک لە ڕێبەرانی جیهانی سێیەم بە زار گووتوویانە ئاواتیان ئەوەیە ووڵاتەکەیان وەک ئەوروپا لێبکەن، پاش دەیان ساڵ خەون و ئاواتەکانیان چی لێ بەسەر هات؟ ئەم ووڵاتانە تجروبەی جۆر بە جۆریان خوڵقاندووە بۆ ئاوەدان کردنەوەی ووڵات و بنبڕ کردنی کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێویستە لە هەڵە و سەرکاوتنەکانیان فێر بین، ئێمە چۆنمان مامەڵە کردووە لە تەک کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی؟ ئەمەش یەکێکە لە هۆیەکانی ئەزمە.

5. ئەقڵانیەت شی نەکراوەتەوە.
  هەموو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پەیڕەوی لە شێوەیەک عەقڵانیەت دەکا. هەندێک دەڵێن حکومەت عەقڵانیەتی نیە بۆ بەڕێوەبردنی ئیش و کارەکان بەڵام حکومەتی هەرێم عەقڵانیەتی خۆی هەیە، مۆری عەقڵانیەتی (مۆدێرنایزێشن) بە سەر زۆربەی پرۆژەکانی حکومیدا دیارە زۆر سەیرە بەشێک لە ناڕازیەکانیش هەر پەنجە ڕادەکێشن بۆ مۆدێلێکی غەربی وەک  ئاڵترناتیف بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆمەڵگا.(10) عەقڵانیەت لەگەڵ بە کاربەستنی دا گرێ دراوە، عەقڵانیەت پێویستە پاش لێکۆلینەوە پێشنیاری لێ دەرکەوێت. بۆ نموونە بزانین عەقڵانیەتی حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن دەڵێ چی لە سەر دامەزراندنی سیستەمێکی تەندروستی بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان. ئێمە چۆن دەتوانین سیستەمێکی عاقڵ لە بواری تەندروستی یەوە دابمەزرێنین کە تەمەنی خەڵکەکەمان بەرێتە سەر, ڕێژەی مناڵ مردن کەم کاتەوە لە بەر دەست و هەرزان بێت. شینەکردنەوەی عەقڵانیەت لە بواری گەشەسەندن دا بۆتە هۆی ئەوە ئێمە لە یەکتر تێنەگەین.

6. سیمای چینایەتی کۆمەڵگای ئێمە شی نەکراوەتەوە. کێ دەچەوسێتەوە؟ کێ دەچەوسێنێتەوە؟ چۆن دەچەوسێتەوە؟ چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێمە کێن؟ زێدە بایی ئەگەر پێک دێ لە کوێ دروست دەبێت،چۆن دروست دەبێت؟ کۆمەڵگای ئێمە لە چ ئاستێکی  گەشەسەندندایە لە قۆناغی ئێستادا؟ سەرمایەداری ڕووتە یا لە ئاستی سۆسیال دیموکڕاتە، ڕووکارەکانی چین؟ بۆ نموونە لە دونیای گڵۆبەڵایزدا دەوری خێڵ و عەشیرە و هۆز چی یە؟ چۆن بڕیار ئەدەین لە سەر عەشیرەت لە کۆمەڵگای خۆمان دا؟ جیاوازی بۆچوونی تۆ لەگەڵ بۆچوونی جیهانی بوون لە سەر عەشیرەت و خێڵ چی یە؟ کەسێک کە خەباتی چینایەتی دەکا دەشێ گشت لایەنەکانی هۆز و خێڵ و عەشیرە بە ووردیبناسێ  پاشان مامەڵەی لەگەڵ بکا. سیستەمی داهات و بەش کردن چۆنە لە سیستەمی خێڵدا ئایا هەموو وەک یەکن؟ ئەگەر خێڵ و عەشیرە سیستەمی کۆمەڵایەتین کەوابوو پێویستە وەک سیستەم مامەڵەیان لەگەڵ بکەین.
بۆ ناسینی ڕوواڵەتی چینایەتی کۆمەڵگای خۆمان پێویستە بابەتی خێڵ دووبارە بخوێنرێتەوە، خێڵ و عەشیرەت ڕێکخراوی سیاسی نین بەیانی جەماعەتێک بڕیار بدەن دەرگای هۆزەکانیان داخەن و قەپاتی بکەن و هەرکەسە بە شوێن ئیش و کاری خۆی دا بڕوا، هەموو ئامۆزا و پورزا و خزم و کەسن  پەیوەندی خوێنیان هەیە. .پەیوەندی عەشیرەتی لە ناو دەبەی؟ دەتوانی؟ چی باشتریان دەدەیتێ کە ئەوان دەست لە پەیوەندی خزم و کەسیان هەڵبگرن بۆ سیستەمێکی تازە. ئەگەر ئێمە وورد بینەوە وە پەیوەندی کۆمەڵناسی و  ئەنتڕۆپۆڵۆجی دابمەزرێنین لەگەڵ ڕووناک بیرانی هۆز و عەشیرە بۆ ناسینی بەشێک لە کۆمەڵگای خۆمان ڕەنگە پێشنیارەکانمان بەسوود تر بن.  خوێندەواران و گەنجانی خێڵ وعەشیرە خۆیان کێشەی جۆر بە جۆریان هەیە لەگەڵ سیستەمی عەشیرەتەکانی خۆیان دا. با دەنگی ئەوانیش ببیستین بۆ ئەوەی ڕووخساری کۆمەڵناسی وڵاتەکەمان باشتر بناسین. لەناو چوون و سست بوون شیرازەی عەشیرە هەروەها دەرئەنجامی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە کە کۆمەڵناسانی دونیا لێکۆڵینەوەی بەپێزیان لەسەر ئەنجام داوە.(11)
خەڵکی ووڵاتانی غەربی بەشێوەیەکی تر سەیری هۆزەکانی خۆیان دەکەن چونکە لە ڕابردوودا هەموو بۆچونەکانیان لە سەر دژایەتی لەگەڵ خێڵ دامەزرابوو ئێستا بایان داوەتەوە، خێڵی وا هەن ئێستاش بە داشقە و بارگین هاتوو چۆ دەکەن و ڕێگا نادەنە خۆیان سواری سەیارە بن. چوار سەد ساڵە بەشێوەی خۆیان دەژین، خۆیان خۆیان بەڕێ دەچوێنن بە کشت و کاڵ و بە گا و جووت, بەشێکیان تەراکتۆریش بە کار ناهێن(12)
 
ئێمە خۆمان لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن گەورە نەبووین بەڵام داوا لە خێڵ دەکەین مۆدێرن بیر بکاتەوە، لە هەردوو لاوە بە حکومەت و ڕووناکبیر   دەمانەوێ خێڵەکان مۆدێرن بکەین. مەسەلەی خێڵ‌ و عەشیرە هۆیەکی ئەزمەکەیە. زۆر بابەتێکی گەورەیە لە مێژووی جووڵانەوەی نیشتمان پەروەرانەی کوردستان واتە ئەوە بۆتە هۆی جیابوونەوەی گەورە لە کوردستان دا. پێویستە بزانین کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی پڕ قەوارەیە واتە فرە سترۆکچەر ە. (13)

7. چاکسازی چی یە؟ چ شێوە چاکسازی یەکمان دەوێ؟ چاکسازی ئیداری، ئابووری، ئەرزی، گومرگ، چاکسازی بار و دۆخی ژنان، چاکسازی سیاسی , بازرگانی ، کاممان دەوێ؟ هەموویان؟ چاکسازی کاری چوار ساڵ و پێنج ساڵ نیە دەخاێنێ جاری وا هەیە پاش بیست ساڵ هێشتا لە زۆر بواردا سەرکەوتوو نابیت وەک نموونەی فلیپین. لە ئێران دا چاکسازی ئەرز و زەمین بە تەنیا دە ساڵی خایاند، لە تورکیا دەیان ساڵی خایاند، لە ئۆروپا دەیان ساڵی بەلای کەمەوە خایاند  ئەگەر نەڵێین سەدان ساڵ .چاکسازی ئومێدی خوڵقاندوە لە ناو خەڵک دا. ئەو هیوا و ئومێدە پێویستە لە سەر بناغەی ڕاستیەکان دا باس بکرێت دەنا خەڵك دیسان نا ئومێد دەبنەوە، پێویستە لایەنەکان بە ووردی پێشنیاری چاکسازی خۆیان گەڵاڵە بکەن بۆ گشت بوارەکان چونکە چاکسازی بابەتێکی گەورەیە.
نەبوونی بەرنامەیەکی دیاری کراو بۆ چاکسازی لە خۆیدا بووەتە هۆیەک لە هۆیەکانی ئەزمە. کوردستان پاش بیست ساڵ چاکسازی حکومەتی  کوردی  بە بەردەوامی گەیشتۆتە ئەم قۆناغەی ئێستا. بەرنامەکانتان بۆ داهاتووی دوور و نزیک ی چاکسازی  چی یە؟(14)
 بەرنامەکانتان بۆ نەخوێندەواری, سیستەمی تەندروستی، ئابووری، کارەبا، ئاوی پاک و خاوێن، خواردنی سەلامەت و هەرزان، ڕێگا و بان دەبێ لە چاکسازی دا ڕەنگ بداتەوە. حکومەتە نەتەوەییەکانی پاش دەسەڵاتی کۆڵۆنیازلیزم زۆریان قوربانین، بەڕێز گاندی نەیتوانی ئەم کێشانە چارەسەر بکات، کۆمەڵگای ئێمە چۆن وەڵام دەداتەوە بەم کێشانە؟ بیری نەتەوەیی کوردی چ وەڵامێکی هەیە لەم بوارەدا؟

8. ژینگە  هۆیەکی تری ئەزمەکەیە. مێژوو ئەرکی گەشەسەندنی کۆمەڵگای کوردەواری خستۆتە سەر شانی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، ئێمەش هەموو لە دونیا دا دەژین ژیانی دونیاش بە سەدان هۆوە پێکەوە لکاوە دەیان بیرۆکە و سەدان ڕووانگە و بیر و بۆچوونی جیاواز ژیانی ئێستای دونیا لێک دەدەنەوە.
ئێمە پێویست بوو وەک گەلێک کە ژینگەکەشی جینۆسایت کراوەخۆمان ساغ بکردایەتەوە لە سەر کێشەکانی ئێستای دونیا لە مەڕ ژینگە، دار کاری بەشێکی زۆر بچووکی بابەتی ژینگەیە لێرە دا مەبەستم گوڵۆبەڵ ۆرمینگەGlobal Warming واتە گەرم بوونی دونیا (ئەرز).  بە داخەوە دەڵێن ناوچەکانی کوردستانیش بێ بەش نابن ئەگەر گەرمای ئەرز بەرز بێتەوە، پاشان ووشکە ساڵی دێت ئەوسا هیچ نامێنێ بۆ ڕوواندن و خواردن و قڕان دێت، پەتا دێت پێویستە لێ ی بکۆڵینەوە بەگشت لایەک بۆ پاراستنی ژینگەی خۆمان لەم کێشەیەداتا بزانین چۆن بووین تا ئێستا وە ئاواتەکانمان چی یە؟
 چ دەخۆین وە چ ناخۆین بەشێکی گرنگی گرێ دراوە بە ژینگە،  چۆن خۆمان بەخێو  دەکەین و خواردن بەرهەم دێنین پەیوەندی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ ژینگە. ژینگە زۆر بابەتێکی بەربڵاوە وە کار دەکاتە سەر جیهان بە گشتی و بەجدی، کۆمەڵگە بەشێک لە ژینگەیە. بۆ نموونە بابەتی نەخۆشی و ئابووری و ژینگە پێکەوە لکاون   لە ئەزمەی ئێستادا، لە شاری سلێمانی کارگەی چیمەنتۆ هەزاران نەخۆشی دروست کردوە وە تا ئێستا بووەتە هۆی لە کیس چوونی ملێۆنها دۆلار لە گیرفانی خەڵک و حکومەت.
 دامەزراندنی کارگە لە ناو شاردا مۆدێلێکی کۆنە، لەم مۆدێلەدا مرۆڤ سروشت کۆنتڕۆڵ دەکات بە هەموو تواناوە بە ڕاکێشانی شیرەی سروشت تا ووڵاتەکەی داوڵەمەند بكات.  وڵاتانی بازاڕی ئازاد و وڵاتانی سۆسیالیستی پێشوو بە تێکڕایی پەیڕەویان لەم فەلسەفەیە دەکرد. لە ساڵانی حەفتا بەرەو ئێستا زانست و فەلسەفە سەلماندوویانە ڕووانگەی ئەوان بەرانبەر بە ژینگە هەڵە بووە لە ڕابردوو دا، ئەم ڕووانگە زۆری زەرەر لە ژینگە و داهاتووی ژیان لە سەر ئەرز داوەوە, ئێستا گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە ژینگە یەکەمە, لە باتی کۆنتڕۆڵ کردن دەشێ لەگەڵ ژینگە بژین.
هەبوونی بڕیار لە بەرامبەر ژینگە دا دەرگامان بۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە شێوەی جیاواز ببینین وە پاشان چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، ئەوانەی هاوڕێ ی ژینگەن دەڵێن سەرمایە گوزاری ئینسانی و ماددی لە سەر ژینگە دەتوانێ کێشەکانی کۆمەڵایەتی کەم و چارەساز بکات. ئەگەر ئێمە دەمانەوێ لە دونیای ئەمڕۆدا بناسرێین ڕێزمان لێ بگیرێ قەرەبوو بکرێینەوە پێویستە بە کردەوە بە دونیای بسەلمێنین.
 بەڵام نەبوونی ڕووانگەی ژینگە پەرەستانە و کشت و کاڵ بۆتە یەکێ لە هۆیەکانی ئەزمەکە چونکە زۆر فرسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دەست چواندوین کە قەرەبووکردنەوەیان هەندێ دژوارە بەڵام ڕەنگە بکرێ. بۆ نموونە ئەگەر ژینگە پەرەستانە ڕوانیبامانا ڕەشەبای سلێمانی  بیرمان لەوە دەکردەوە چۆن ستراتیجی دابمەزرێنین بۆ ئەوەی  کارەبای لێ وەدەس بخەین, ئەو بیرکردنەوە ستراتیجیانە بۆچوونی ژینگە پەرەستانەیە.   لە (14%) کارەبای دونیا لە ڕەشەبا دەگیرێت.(15)

9. جینۆسایدمان باش نەناسیوە. بە هەزاران لاپەڕە لە سەر جینۆساید نوسراوە کە چۆن کاردەکاتە سەر بنچینە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگا و دەبێتە هۆکار بۆ دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیەکانی, جینۆساید دەبێت باشتر بناسرێت، لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێت کات و هیمەتی گشتی بۆ تەرخان بکرێت. هەم خۆمان باشتر دەناسین هەم خۆمان دەناسێنین و دەچەسپێنین، جینۆساید کاری کردۆتە هەموو لەشی کۆمەڵگا تەنانەت خانوو سازی و میعماری کوردەواری و بە دەیان شێواز دەتوانین شی بکەینەوە کە پەیوەندی نێوان جینۆساید و معماری ئێستای کوردستان لە شارەوە تا گوند، دەرئەنجامەکانی لە ڕووانگەی زمانەوانیەوە تا ئابووری پێویستە  لێیبکۆلدرێتەوە بۆ ئەوەی پردێک دروست کەین لە نێوان جینۆساید بۆ خۆناسی.
 بە پێی ئەو ڕووانگەیە ئەگەر زانیت بەرامبەرەکەشت جینۆساید کراوە فام دەکەیتەوە، ڕێزێکی تایبەت دروست دەبێت لە کۆمەڵگادا بەرامبەر بەیەک، بیری نەتەوەی کورد دەتوانێ جینۆساید بکاتە کۆڵەکە بۆ داڕشتنی بیرۆکەی نیشتیمانی دیموکراتیانە و ئەوە دەتوانێ شۆڕشی فەرهەنگی دروست بکات. کارتێکردنەکانی جینۆساید لەسەر کۆمەڵگای ئێمە ڕەنگە قەت پاک نەبێتەوە بۆیە گرنگە بتوانی ئەم هێزە بە توانایە بە چ بارێکدا وەگەر بخەی ببێتە کەرەستە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئینسانی بۆ بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگا.(16)

10. شێوەکانی تێکۆشانی شاخ بە ڕووی حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا دیارە. ڕێزم هەیە بۆ خەباتی شاخ وەک بەشێک لە مێژوو و فەرهەنگی ئێمە و ئەوە زۆری تەجروبە تێدایە ئەگەر لە جیاتی ڕەت کردنەوەیان لێی فێر بین بە چ مێتۆدێکی شاخ دەتوانین کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگا چارەسەر بکەین هەنگاوێکی گەورەمان ناوەتەوە چونکە تەجروبەیەکی تازە ڕەنگە بخوڵقێت. بەڵام لە ڕووانگەی ئیعلام فەرهەنگی شاخ ڕەقە ڕێگا لەوە دەگرێ پرسیار ببێتە جێگری پێشنیاری ووردبینانە لەسەر کەم و کووڕیەکانی کۆمەڵگا.
ئەو مێتۆدە یان شێوازە بەسەر ئۆپۆزسیۆنیش و حکومەتیش دا زاڵە. هەردووکیان موناقەشەی سیاسی هەڵدەبژێرن لە جیاتی پێشکەش کردنی بەرنامە. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئەمڕۆ حوکم بە دەست گرێ لە کوێڕا دەست پێ دەکات؟ چۆنی دەکا؟ حیسابی کردووە چەند خەستەخانە و کارگە و مەکتەب و ڕێگاوبانمان پێویستە؟ چ مۆدێلێکی ئابووری ڕەچاو ‌دەکات؟ پلانی هەیە بۆ چاکسازی؟  ئەگەر ئێوەش ئەوە نەزانن کە حکومتان بە دەستەوە گرت تووشی ئەزمەیەکی تر دەبن. هەبوونی پلان لە بەرامبەر یەکتردا ئاڵ و گۆڕی پێک دێنێ لە ڕەفتار بەرامبەر بە یەکدا، ئەوجا دەبێتە شەڕی پلانەکان نەک شەڕی حیزبەکان. پاشان چۆن بزانین خەڵک چی دەوێ، چۆنی دەوێ، چەند دانەی دەوێ؟
هەموومان دەزانین زۆربەی خەڵک نانی دەوێ ئیش و کەسابەتی دەوێ ئاشتی دەوێ، خانووی دەوێ ژیانێکی بێ شەڕ و کێشە و تێر و تەسەلی دەوێ، پێی خۆشە مناڵەکانی سەلامەت بن و لە پاشەڕۆژدا ببنە شتێک. بەڵام ئەوانە هەمووی دروشمن ووشەی گشتین پێویستە بەرنامەمان هەبێت بۆ یەک بە یەکی ئەم بابەتانە ئەوسا فەرهەنگی ئیعلامی شاخ دەگۆڕدرێ بۆ سەر ئەدەبیاتی شار و ئاوەدان کردنەوە.
 ئەگەر بەرنامەکان دیاری بکرێن ڕەنگە بەشێک لە بەرنامەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەت وەک یەک بچن لەسەر بابەتێک ، بۆ نموونە کێشەی نەخوێندەواری . هەموو ڕازین ڕیشە کێشی بکەین کەوابوو ئەوە پلانێکی هاوبەشە، خوێندەواری کۆمەڵایەتیە چینایەتیە نەتەوەیی یە و ئاینی یە.. ئەگەر حکومەت و ئۆپۆزسیۆن هێزەکانیان  تەرخان بکرێ بۆ کێشەیەک ئەو کێشەیە ڕەنگە سەرکەوتوو بێت. کاتێک بەرنامە و پلان بوونە پێوانە ئەو کات ئەدەبیاتی ئیعلامەکان ئاڵ و گۆڕی بەسەردا دێت. تا ئێستا ئیعلام هۆیەکی ئەزمەکە بووە.

11. گەنجەکان. یەکێک لەو بابەتانەی ئەزمەی تری خوڵقاندووە ئەزمەی فەرهەنگی گەنجانە. گەنجەکان لە ڕێگای پێوەندی و میدیاکانی دەرەوەی وڵات پرسیاریان بۆ خوڵقاوە، بۆ هەر گەنجێکی لە مێر و نێ بە شێوازێك ئەم پرسیارە هاتۆتە ئاراوە و فەرهەنگ و دین و نەریتەکانی کۆمەڵگا چوونەتە ژێر پرسیارەوە.  بۆ نمونە فەرهەنگ و دین لە  کۆمەڵگای ئێـمە ڕێگای زەماوەند کردنی هەڵبژاردووە بۆ چارەسەر کردنی سێکس لە كۆمەڵگا دا. بەڵام بە زۆر هۆی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم شێوازە لەمپەری کەوتۆتە ناو، واتە (functionality)  یان کارکردی سست بۆتەوە.  ئەزمەی ئێستای گەنجان هەر یەک سەرچاوەی نی یە  گیر و گرفتی گەنجەکان زۆرن  بەڵام ڕەنگە لە ‌داهاتوو دا بە جۆری تر خۆی نیشان بدات کە گرنگتر لە هەموویان بابەتی” بیانی” بوونە کە بابەتێکی زۆر قووڵە و گرنگە. خۆ کوشتن ڕاکردن ئیعتیاد بەشێک لە دارانجامەکا نین  . (17)

12. مامۆستایانی ئاینی. هێز و توانای دین و مامۆستایانی ئایینی بەکار نەهێنراوە و بەهرەی لێ وەرنەگیراوە بۆ مەبەستەکانی ئاوەدانی. جێگای مامۆستا لە قۆناغی ئێستای کوردستان دا بابەتێکی زۆر بەر بڵاوە هەر ئەوەندە دەشێ بووترێ  بەشێک ناڕازین و ناڕازی بوونیش هۆیەکی ئەزمەکەیە. پێویستە بە ڕاشکاوی و هێمنی بیر لە هۆیەکانی ناڕەزایەتی مامۆستایان بکرێ.  مامۆستایان پلانیان چی یە بۆ داهاتوو و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی داهاتووی کوردستان.  ئەوان چۆن دەخوازن؟
13. مافی مرۆڤ بیرۆکەیەکی پڕ مانای بێ نیهایەتە. ڕێز لێنان لە مافی مرۆڤ و مرۆڤ پەرستی لاسەنگێکی گەورەیە بۆ ڕەوتی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ڕێگە چارەی سەربازی و گرتن و لێدان و کوشتنی ناڕازی یەکان ئەزمەکە قوڵتر دەکات و کێشەکان بۆ ماوەیەک دادەپۆشێ بەڵام چارەسەریان ناکات واتە ئەزمەکە هێشتا ماوە و چارەسەر نەکراوە. ئەم ئەزمەیە خە  ڵاتی ئەزمەکانی ترن لە پاش نەوەدەکانەوە، سووتانی هەڵەبجە نموونەیەک یا نیشانەیەک بوو بۆ ئەزمەی ئێستا. ڕێز گرتن لە گشت بوارەکانی مافی مرۆڤ هەرزانترین و خۆڕاگرترین شێوەیە بۆ بەڕێوبەری کۆمەڵگا، ڕێز گرتن لە مافی مرۆڤ پێوانەیەکی ناو نەتەوەییی یە  بۆ هەڵسەنگاندنی کوردستان بۆ داوای یارمەتی کردن لە وڵاتانی دەرەوە    .لە ڕوانگەی حیزبی و گرووپی ڕوانینی مافی مرۆڤ ئەزمە بۆ گشت کۆمەڵگا پێک دەهێنێ چونکە کۆمەڵگاش دابەش کراوە  .ئه گەر ” چونه وە ماڵ” نه بایه ئه زمه که زۆر گرانتر دەوەستا. کەوابوو دەبێ تەنیا یەک پێوانە بۆ مافی مرۆڤ هەبێت، مافەکانی مرۆڤ لە سنوورەکانی حیزبی و ئایدۆلۆژیانە تێ دەپەڕن.

14. ژنان. هەرچی ڕوناگەی ژنانە زۆر تر بەشدار بێت لە بەڕێوەبەری کۆمەڵگا دا ژیان لەو کۆمەڵگایەدا باشتر بەڕێوە دەچێ. لەڕوانگەی فکریشەوە فێمێنیسم واتە ڕوانگەی ژنان بەرامبەر بە ژیان و کۆمەڵگا و کائینات، پرسیاری ژنانەی هێناوەتە کایەوە، هەموو ژنێکیش ڕوناگەی خۆی هەیە بەرامبەر بەم بیرۆکەیە.  پێویستە ڕێگا بدرێتە ژنان خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن ژنان لە مەسەلەی ژنان باشتر دەزانن.(18)
ژنان کۆڵەکەی شۆڕشی کوردایەتی بوون هەمیشە و لە دەمی مناڵی خۆیان گرتۆتەوە بۆ شۆڕش. کێشەی دادپەروەری بۆ ژنان کێشەیەکی هەمیشەیی کۆمەڵگایە. لە خەباتی شار دا ژنان چۆن قەرەبوو کراونەتەوە, بۆ تا ئێستاش بەشێك لە ژنانی کۆمەڵگا لە فەقیری دا دەژین؟ گەلێک بەهۆی جینۆسایدەوە نەخۆشن، بەشێک هێشتا خەمۆکن جەرگیان بڕاوە بەشێک تاقەژنن (بێوە ژن) ڕادەی نەخوێندەواری لەناو ژنان زۆرترە وەک لە پیاوان، هەرچەندە سەرەڕای نەخوێندەواری هەزاران مرۆڤی خوێندەواریان پەروەردە کردووە, بەڵام ژنان لە ئابووری ووڵاتدا بەشە چەوساوەکەین. لەناو بنەماڵەی فەقیردا ژنەکە لە هەمووان فەقیر ترە سەرەڕای هەموو ماندوو بوونێک بۆ سەر و بەر کردن و خۆراک و جل و بەرگ شتن و ئیدارەکردنی بنەماڵەیەک.

15. دابەشینەوەی داهات لە کوردستان دا دادپەروەرانە نەبووە و سەرچاوەی گەورەی ئەزمەکەیە. هەرچەندە سیستەمی دابەشینەوە دادپەروەرانەتر بێت لە ووڵاتێک دا ئەو ووڵاتە بێ کێشە ترە. ئەگەر سیستەمێکی عادلانە دانەمەزرێت بۆ دابەشینەوەی سامان دەبێ چاوەڕوانی ئەزمەی گەورەتر بین. سیستەمی دابەشینەوەی حیزبی لەسەر بناخە ی متمانە بۆ  خەباتی شاخ دامەزرا بوو, بەڵام ڕەچاو کردنی ئەو شێوازە لە شار دا دەبێتە هۆی ئەوە کۆمەڵێک پڕ بن و گەلێک قڕ بن.
 کارتێکردنەکانی سیستەمی دابەشینەوەی شاخ لەسەر سیستەمی دابەشینەوەی ئێستا بابەتێکی بەرفراوانە. بۆ نموونە هەرکەسێک هونەرێکی خوڵقاند بێت یان ڕۆژێک لە ڕۆژان فیداکاری کردبێ بۆ شۆڕش نانێکی لەگەڵ مەسولان خوارد بێت چاوەڕوان بووە قەرەبوو بکرێت، ئەو خواستە ئیڕادی تێ دا نی یە و باشیشە. بەڵام  ئەم قەرەبوو کردنەوەیە “پێوەری” نەبووە وە ئەوانەی کەسیان نەبووە لە دەزگای حکومەت دا بێ بەش بوون.    دەتوانی ناوی ئەم پێوەرەش بنێی یاسا. قەرەبوو کردنەوە بەشێوەی حیزبی و هاوڕێیانە  و ئاغایانە دەستی پێ کرد تەنانەت پارچەکانی تری کوردستانیش قازانجیان لێ کردووە، بەڵام پاشان بوو بە بازرگانی, توجارەت و کۆنتڕۆڵ کردنی ئابووری و واستە و واستە کاری  (clientalism)  بووە هۆی ئەوە چینێکی تازە پێک بهێنێت. لە نەوەتەکان دا جیاوازی دەوڵەمەند و فەقیر بە شێوازێکی تر بوو.(19)
  ئەم بابەتە زۆر بەر بڵاوە و هەموو کەسیش باسی دەکات و مانەوە و نەمانەوەی کوردستان، شەڕی ناوخۆیی و ئەزمەکانی داهاتوو، پڕۆژەی ئاوەدان کردنەوە لە کوردستان دا گرێ دراوە بە دابین کردنی سیستەمێکی دادپەروانە تر یان دادپەروەرانەی دابەشینەوەی داهات لە کوردستان دا  .
 حکومەتی هەرێم  کاری کردووە لە هەشت ساڵێ ڕابردوودا.  بەراورد کردنی خدوماتی گشتی حکومەتی هەرێم لە هەشت ساڵی ڕابردوو پێداویستی بە کاتێکی زۆر و پسپۆڕی یەکجار زۆر هەیە. سەرەڕای ئەوە پێویستە پسپۆڕەکان ڕاستگۆ و بێ لایەن بن لە بەراورد کردن دا.  بەراورد کردن زانستێکە و  تیۆری و پرسیارەکانی خۆی هەیە بۆ نموونە ڕەنگە پرسیار بکات ئایا دەستەڵات هەموو ووزە و توانای خۆی بە کار هێناوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئامانجانەی خۆی بۆ خۆی دیاری کردووە؟

پێشنیارەکان


لەم بەشه دا دوو پێشنیار پێشکە‌ش دەکرێ:
یەکەم  :دامەزراندنی بەرنامەیەکی خۆڕاگری گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەلایەتی پێنج‌‌‌‌‌ ساڵە
  دووەم:  بەرنامەیەکی کورت خایەنی قەرەبوو کردنەوەی ناوچە ناڕازیەکان.

یەکەم : بەرنامەی پێنج ساڵە‌‌ی ئاوەدان کردنەوەی خۆڕاگر:-
فەلسەفەی بەرنامەکە:-

ئاوەدان کردنەوە یا گە‌شەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی شێوازی زۆری هەیە لە ڕووی تیۆریەوە هەم لە ڕوانگەی بەکار هێنانەوە. مانا کردنەوەی گەشەسەندن کێشەی زۆر لە سەرە وە بابەتێکی زۆر بەر فراوانە، بەلای هەندێکانەوە دابەزینی فەقیری و بێکاری و نا بەرابەری پێوەرە بۆ بەراوردکردنی ڕادەی گەشەسەندنی ووڵاتێک.(20) بەشێکی تر جەخت دەکەنە سەر گۆڕانکاری ئابووری, کۆمەڵایەتی و قەوارەی سیاسی کۆمەڵگایەک بۆ دیاری کردنی پلەی گەشەسەندنی ئەم وڵاتە (21) ، بەشێک لە ڕووناکبیرانی تر پێیان وایە گەڵاڵە کردنی بیرۆکەی گەشەسەندن لە کۆمەڵگایەک دا بەخوێندەواری و پەروەردە, ڕێکخستن و نەزم و ئینزیبات دەست پێ‌ دەکا  ) 22)   ‌بەشێکیش تەنیا پێوەرە ئابووریەکانیان بەلاوە گرنگە بۆ بەراووردکردنی ڕادەی گەشەسەندن لە کۆمەڵگایەک دا.
ئاوەدان کردنەوە خۆی لە خۆی دا بوارێکی فرە لایەنەی ئاکادمیانەیە و توانای هەموو زانستەکان و تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگا وەک فەرهەنگ و دین و نەریت بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی چارە بدۆزێتەوە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا. لە  مێژوو و سایکالۆژی، فەلسەفە، ئابووری، لە ئیداری، ئامار، ئەندازیاری و جوگرافی و کۆمەڵناسی کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی ژیانێکی مرۆڤانە بخوڵقێنێ بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە.
وەک زانستەکانی تر تیۆریەکانی خۆی هەیە، تیۆریەکانی باسی ئەوە دەکەن بۆ ووڵاتێک گەشەی کردووە بۆ ووڵاتێکی تر گەشەی نەکردووە و هۆکارەکانی چین؟  هەروەها بەوردی لە سیستەمە جۆربەجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا دەپشکنێ بۆ ئەوەی کێشەکانی نان و کار و خانوو و مرۆڤایەتی چارەسەر بکات. بۆ ئەوەی بابەتەکە کورت کەمەوە هەوڵ ئەدەم بە نمونەیەک  دوو شێوازی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی  جیاواز لە ڕووی فەلسەفەوە نیشان بدەم.
بۆچوونی یەکەم لەسەر قازانج بناخە نراوە، ئەم بۆچوونە ئابوورییە قازانج لەسەرووی هەموو شتێک دادەنێ. جاری وایە بەتیۆری بەرز بوونەوە ( Growth) ناونراوە. دەتوانی بەقەبە بوون، ئابووری بەرز یان هەڵکشان مانای بکەی. واتە تەنیا بەرز بوونەوەی  پێوەرەکانی ئابووری بەلاوە مەبەستە وەک یەکەم پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووری وڵاتێک. ئەم ڕوانگە ئابوورییە قازانجەکانی کاتی دەفرۆشێ بە داهاتوویەکی نادیار و ڕەنگ بێت پڕ بە نەهامەتی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی (23).
گەلێک ووڵاتی دنیا بەم ڕەوتە دا ڕۆیشتوون و نەیانتوانیوە کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی خۆیان چارەسەر بکەن. کێشە چارەسەر نەکراوەکان دەبنە کێشەی سیاسی و سەربازی لە ناو خۆیاندا لە هەندێ ووڵاتدا و کێشە سەربازیەکان کار دەکەنە سەر ئابووری و گێرەو کێشەی تر دەخوڵقێنن، ووڵاتەکە هەمیشە پڕە لە ئەزمەی چارەسەر نەکراو. ئەم شێوە ئابووریە لە کورت خایەن دا سەرچاوەی ئاوەدانی یە بەڵام درێژ خایەن نی یە، وەک گڕوتین وایە. بە سەدان نموونەی خەراپ و ڕووخاو هەیە بۆ ئەم مۆدێلە بە (مۆدێرنایزەیشن) ش  Modernization    ناوی لێ دەبەن. دەتوانین بڵێین ئەم بۆچوونە تاڕادەیەک زاڵە بەسەر ڕەوتی ئابووری کوردوستاندا.(24)
لەبەرامبەر ئەمەدا گەشەسەندنی خۆڕاگرمان هەیە یان ئابووری خۆڕاگر کە ئاوا مانا کراوەتەوە:- ئابووری خۆڕاگر ئابووریەکە کە “بە دەس هێنانی ئامانجەکانی بەرەی ئێستا مسۆگەر دەکات بێ لەخەتەر هاویشتنی تواناکانی بەرەی داهاتوو بۆ بەدەس هێنانی ئامانجەکانیان”  .(25 )ئەو فەلسەفەیە وەک ژیلەمۆی دار بەڕوو وایە  ,گەشەسەندنێکە لە ناو ناچێ و بەردەوام گەشەو پەرە دەسێنێ بێتوو ڕێگای بۆ خۆش بکرێت. ئەم شێوە ئاوەدان کردنەوەیە پڕ بە پێستی کۆمەڵگا خۆیەتی، بە نمونەیەک شیان دەکەمەوە.
ئێمە کە پێشمەرگە بووین زۆر جار برسێتیمان دەکێشا، ناوچە گەمارۆ درا بوو و خواردن کەم بوو هەر بۆیەش هەموو جۆرە زیندەوەرێکمان ڕاو دەنا. جارێک کورد کوتەنی مێش هەنگوینێکمان دۆزیەوە لە ناو دارێکی مەزن دا, مشارمان برد و بەشەو ئەو دارە زلەمان لە ئەرزدا. پێم وایە تەمەنی دارەکە چل پەنجا ساڵ پتر بوو، زۆر مێش پێوەی داین. دوو  تەنەکە هەنگووینمان دەست کەوت بە یەک شەو و بۆ ماوەی  دە ڕۆژ بەیانیان بێ ئێوە ناخۆش خواردمان. مێشەکەش قڕ بوو چونکە  پایز درەنگان بوو.
ماوەیەکی بەسەردا چوو ڕۆژێک پیاوێکی بەڕێزی لادێیم بینی خۆی و مناڵەکانی بەرەو مقەڕ دەهاتن، پاش سڵاو و چاک و چۆنی گووتی بە شوێن مێش هەنگوین دا ‌دەگەڕێ لە ناو جەنگەڵدا. لەگەڵی ڕۆشتم، توشی مێشێک هاتین مشارێکی بچووکی پێ ‌بوو زۆر بە ووریایی قەڵشتێکی خستە ناو دارەکە پاشان بە جگەرە  مێشەکانی قانگ دا بۆ لای سەرێ بێ ئەوەی یەک مێش بکوژرێ، نیوەی هەنگوینەکەی هەڵگرت بەشی مێشەکە خۆی هێشتەوە.
بە زیندوو ڕاگرتنی مێشەکە داهاتی هەنگوینی ساڵێکی تری خۆی و بنەماڵەکەی مسۆگەر کرد. ئەم چیرۆکە باسی فەلسەفەیەک دەکات لە نێوان ژیانی مرۆڤ، ژینگە و ئابووری، ئەمە بەشێک لە فەلسەفەی گەشەسەندنی خۆ ڕاگرە.

مێتۆدی  بەشداری بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی پێنج ساڵە.
باشترە گەشەسەندنی خۆڕاگر بە مێتۆدی بەشداری بەڕەوە ‌بچێت، باسی فرە لایەنی ناکەم، باس لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی بڕیاردان لە ئابووری خۆڕاگردا دەکەم. سیستەم یان ڕوانگەی ” بەشداری”  ( Participatory) باسی پرۆسەیەکی دیموکراتیانە دەکات بۆ بڕیار دان لە ناوچەیەک کە پڕۆژەیەکی ئاوەدان کردنەوە تێیدا دادەمەزرێ (26).
بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ئابووری و كۆمەڵایەتی خەڵک دەبێت دەنگیان هەبێت. چۆن؟ ئەوە پێویستی بە دامەزراندنی سیستەم هەیە، لە ڕوانگەی ” بەشداری” یەوە خەڵك خۆیەتی سیستەمەکە پێک دێنێ. سیستەمی بەڕێوبەرایەتی بەشداری لە ناو بەشێکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی گەشەسەندنی دنیا دا باوە، تەنانەت بانکی جیهانیش گەیشتۆتە ئەم باوەڕە کە گەشەسەندن بە سیستەمی ” بەشداری”  خەڵک لە پڕۆژە گەورە و بچوکەکان دا ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئابووری و گەشەسەندنێکی خۆڕاگر  .سیستەمی بەشداری هەرزانە هەم بۆ ‌‌حکومەت و هەم بۆ خەڵک.
لە دژی مێتۆدی بەشداری مێتۆدی بڕیار دان “لە سەرەوەرا”  ( top down ) هەیە. واتا لە سەرەوەدا مەسولەکان بڕیاری ئاوەدان کردنەوە دەدەن و پڕۆژەکان لە سەرەوەدا دیاری دەکرێن و دادەڕێژرێن . لە ئیداری سەنتڕاڵ دا(مەرکەزی   central ) ئەم شێوەیە باوە. پسپۆڕەکان لێک کۆدەبنەوە و بە پێی زانستی ئەندازیاری و ئابووری بیر لە پڕۆژەکان دەکەن بەرنامەی بۆ دادەڕێژن و وەگەڕی دەخەن.  بە کورتی ئەرکی گەشەسەندن دەسپێردرێتە دەست بەشێک لە ڕووناکبیران، نوخبە و تێکنۆکراتی کۆمەڵگا. ئەم نوخبەیە پلان دادەڕێژێ بۆ گەشەسەندنی ووڵات و لەسەر بناخەی زانستەکانی بیرکاری و ئەندازیاری دەیانەوێ کێشە کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر بکەن، ئەم عەقڵانیەتە لەسەر فەلسەفەی تایبەتمەندی خۆی داڕێژراوە(27).
بەڵام سیستەمی “بەشداری” قازانجی زۆرتری هەیە بۆ پڕۆسەی ئاوەدان کردنەوە، با نمونەیەک بهێنینەوە. هەروەک دەزانن هەموو پڕۆژەیەک پێویستە بە چەند قۆناخ دا تێ پەڕێ تا دادەمەزرێ. لێرە تەنیا باسی یەک قۆناخی بڕیاردان دەکەم لە پڕۆژەکان دا بۆ ئەوەی سیستەمی بەشداری سەرەپێیانە شی بکەمەوە.
وای دابنێ گوندێکی سەد ماڵی داوای دروست کردنی  مەکتەبێک دەکەن لە حکومه ت‌‌‌‌،  مەسولەکانیش بە پێی زانستی خۆیان پاش ماوەیەک مەکتەبەکە دروست دەکەن ، پاش پێنج ساڵی تر خەڵکی هەمان گوند دێنەوە لای کارگێره کان  داوای مەکتەبێکی تر دەکەن بەڵام   کارمه ند ەکان    ئیتر پێ ڕاناگان هەر پێنج ساڵەی مەکتەبێکی تازە لە گوندەکان دا دروست بکەن و حکومەتیش پارەی نی یە.
لەم نمونەیەدا لە لایەک مەسولەکە دڵسارد و زەحمەت بە خەسار بووە لە لایەکی ترەوە داخوازی یەکانی خەڵکی گوندەکەش جێ بەجێ نەبووە، ئەو کێشەیە دەمێنێتەوە لەسەر یەک کۆ دەبێتەوە و ناڕەزایەتی و مەسەلەی تر دەخوڵقێنێ.
بەڵام لە سیستەمی ” بەشداری” دا لە سەرەتای پڕۆژەکە تا کۆتایی خەڵکی گوندەکە بەشدارن لە دروست کردنی مەکتەبەکە, دەنگیان هەیە لە پڕۆژەی مەکتەبەکەدا و بە تەواوی سەرکوتوو ڕازین.  بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئاوا پێویستە خەڵك بەشدار بکرێ لە ڕێگای لێکۆڵینەوە بزانی خەڵک چی دەوێت، ئایا ئەم مەکتەبە جوابگۆ دەبێت بۆ بیست ساڵی تر کاتێ ژمارەی قوتابیان بەرز دەبێتەوە، هەروەها پێویستە لە زانستی خۆماڵ (Indigenous knowledge)  کەڵک وەرگری(28).
پێویستە خەڵكی گوندەکە پێت بڵێن کوێ بەفر دەیگرێتەوە، هەتاو دەیگرێتەوە، با دەیگرێتەوە لە کاتی داڕشتنی مەکتەبەکەدا. ئەوە بەشێک لە زانستی خۆماڵی یە و لە سیستەمی بەشداری دا دەتوانی کەڵکیان لێ وەربگری.  نەتبیستبوو لە ئەخبار دا دەڵێن مەکتەبێک سێڵاو یان لافاو بردی ئەگەر زانستی خۆماڵی لە بەر چاو گیرابایە گیانی چەند مناڵێک ڕەنگ بوو بپارێزرێ و پارەیەکیش دەگەڕاوە بۆ ووڵاتەکە.
شێوەی بەشداری هەرزانترین و خۆڕاگرترین سیستەمە و خۆی تازە دەکاتەوە بە بەردەوامی و کێشەکانی کۆمەڵگا چارەیان بۆ دەدۆزێتەوە لە پڕۆسەی ئاوەدان کردنەوە دا و دەبێتە مێتۆد و شێوازێکی گشتی، ئەگەر ئەم شێوازە بوو بە سیستەم ئێمە توانیومانە بەشێک لە دیمۆکڕاسی بنچینە بکەین. دەنگ دان بەشێکە لە دیموکڕاسی و بەشداری کردنی خەڵک لە بڕیاردان لە گشت بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دا بەشێکی ترە  لە دیموکڕاسیەت هەروەها ئەمە هاندەرە بۆ دامەزراندنی سیستەمی دابەشینەوەی داهات بە شەفافی.

سیستەمی ” بڵاوە” ی) Decentralized ( ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی پێنج ساڵە.
تەجروبە نیشانی داوە بەڕێوەبەرایەتی بەربڵاو  غەیر مەرکەزی واتە “بڵاوە ” سەرکەوتوو ترە لە سیستەمی سەنتڕاڵ بۆ گەشەپێدانی ووڵات. پێویست ناکا ئێمە بە خەتاکانی ووڵاتانی تری جیهانی سێهەم یان ووڵاتانی غەرب دا بچینەوە پێویستە دەرسیان لێ وەرگرین. بۆ نموونە سیستەمی مەرکەزی یان سەنتڕال دەبێتە هۆی پێکهاتنی پایتەختی گەورە و شاری گەورەی بێ کۆنتڕۆڵ و خەدەمات، هەموو شتێک دەبەسترێتەوە بە پایتەخت.  پایتەختەکان هەر گەورەتر دەبنەوە (29). ئەمە یەکێک لە کێشەکانی نێونەتەوەیی یە لە حاڵی ئێستا دا نمونەی مەکسیکۆ سیتی، تاران… سەلماندویانە بێتوو نەتوانی کێشەی خەدەمات جێ بەجێ بکەی بۆ تازە دانیشتووەکان کە  ڕویان کردۆتە ئەم شارە گەورانە بەرە بەرە کێشەی ئیداری دەخوڵقێ  دائیرەکان بە بەردەوامی ئیش دەکەن تەنیا بۆ جێ بەجێ کردنی کێشەکان و توانایان بەفیڕۆ دەچێت خەڵک ناڕازی دەبێت و ئەزمەی ئیداری پێک دێت و کێشەی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ.
هەروەها شارە گەورەکانی ووڵاتانی جیهانی سێهەم کێشەی تایبەتی خۆی پێوەیە، ئەم شارانە لە سەرەتا دا دەبنە سەرچاوەی داهات و هەموو کەس ڕووی تێدەکا پاشان کە ئیش و کار لە کەمی دا بەشێکی زۆر فەقیر دەمێننەوە  ڕۆژێک ئیشیان هەیە پێنج ڕۆژ نی یانە، لە گەڕەکی تایبەتمەندا کۆ دەبنەوە و گەڕەکی فەقیران پێک دەهێنن، خەریکی ئیش و کاری سادە دەبن وەک جگەرە فرۆشتن و.. ..هەر بێ بەش دەمێننەوە.
بەڵام لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی ” بڵاوە” هەموو ناوچەکان پێکەوە گەشە دەسێنن و ئەرکەکان بەسەر هەمووان دا دەشکێتەوە، هەروەها سیستەمی بەربڵاو خۆ ڕاگرترە.  ئێوە چۆن لە سەردەمی پێشمەرگایەتی دا توانیتان خۆتان ڕابگرن لە بەرامبەر ڕژێمێکی وەک سەدام دا، چۆن؟
ئەتۆ لە کاتی پێشمەرگایەتی دا  پێنج سەد   پێشمەرگە لە تاقە یەک گوونددا دانابەزێنی بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن چونکە دەزانی ئەمە سەد گیر و گرفت ساز دەکا لەناو پێشمەرگەکان دا و دەیان کێشەی ئیداری بێ سەر و بەر دەخوڵقێنێ بۆ هێزی پێشمەرگەکە. پاشان ڕۆژێک هەر پێت دەزانن وە دێنە سەرت بە کۆپتەر و ژمارەیەکی زۆر لە ناو دەچن، کە وا بوو باشترین ڕێگا بڵاو کردنەوەی پێشمەرگەکانە.  هۆی لە ناو نەچوونی شەڕی پارتیزانی لەم فەلسەفەیە دایە.   سیستەمی ئیداری بڵاوە ڕێگا حەلێکی خۆڕاگرە بۆ دیمۆکڕاتیزە کردنی کۆمەڵگا و بنبڕ کردنی زۆر کێشەکانی ئاوەدان کردنەوە، بڕیاردان، هەڵبژاردن، و دابەشینەوە.
نمونەی سەرکەوتووی پلانی ئابووری زۆرە بە خۆشی یەوە. هیندوستان لە پلانێکی ئابووری چەند ساڵە گەیشتە سەربەخۆیی لە بەرهەم هێنانی شیرەمەنی دا، بۆ ووڵاتێکی پڕحەشیمەت وەک هیندوستان ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە. ئێمە نان و ماستەکەشمان لە دەرەوەڕا دێت      .(31) هەروەها ماڕشاڵ پلان   Marshal Plan ئەوروپای ڕووخاوی پاش شەڕی جیهانی دووهەمی ئاوەدان کردەوە و وە دەیان نمونەی تر.
ئێستا لە سەر سێ خاڵی ئابووری خۆڕاگر ، سیستەمی بەشداری و بڵاوە دەتوانرێ دامەزراندنی بەرنامەیەکی ئابووری پێنج ساڵە بە بەشداری هەموو لایەنەکان, حکومەت ، ئۆپۆزسیۆن ، ڕێکخراوە مەدەنیەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ.  ئەم بەرنامەیە دەبێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو چاکسازی یانەی ئێوە لە بەرنامەتان دایە بە ئەنجامی بگەیەنن ، ڕێگە لە یەکتر ناگرن. .     ئەگەر ئەمڕۆ بڕیار بدەین لەسەر پلانێکی پێنج ساڵە، ئامادە کردنی ئەم پلانە نزیکەی ساڵێکی دەوێت. 

دووەم : قەرەبووکردنەوەی شارە ناڕازیی یەکان
بۆ دامەزراندنی پلانی پێنج ساڵە وا باشترە شارەکانی ناڕازی قەرەبووی ئابووری بکرێنەوە بە ڕەوانەکردنی بەستەیەکی ئابووری بە خێرایی. قەرەبوو کردنەوە ڕێگا خۆش دەکا بۆ بەرنامەی ئابووری کۆمەڵایەتی گشتی. بەستەی ئابووری و قەرەبوو کردنەوە شێوازی جۆر بە جۆری هەیە دەتوانرێ  ماددی یا غەیری ماددی بێت  بەڵام پێویستە باشترین بەستەی ئابووری ڕەوانەی ئەم ناوچانە بکرێ   لە دلەوە بێت  .گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە یەک جۆر نەبووە لە ناوچەکانی کوردستان دا هەر بۆیەش قەرەبووکردنەوەی ئابووری دەستپێکێکی باشە بۆ دەست پێکردنی گەشەسەندن لەم ناوچانەدا.
حکومەت بە پێ ی تواناکانی خۆی و نیەتی دەتوانێ چۆنیەتی ئەم بەستە ئابووری یە دیاری بکات بۆ ناوچە ناڕازییەکان.  ئەوە لە خۆی دا بەرنامە داڕشتنی دەوێت.  پێویستە هەر چین و توێژێک بە جۆرێک قەرەبوو بکرێتەوە بێ ئەوەی ئەم قەرەبوو کردنەوەیە ببێتە هۆی گرانی لە بازاڕدا.  دابین کردنی بووجە بۆ خزمەت گوزاری  لەم ناوچانەدا بە کت و پڕی ڕێگایەکی ترە بۆ قەرەبووکردنەوە.  یارمەتی بنەماڵەی قووتابیان ڕێگایەکی ترە. پێویستە پسپۆڕەکان و کارگێڕەکان  پرسیار لە خەڵك بکەن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بەرنامەی قەرەبووکردنەوە بە ووردی.  لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم ناوچانە زۆر زەرەرمەند بوون لە گشت بوارێکەوە بە گشت لایەنێکەوە.(32)
 لە کۆتایی دا، نالێم پێشنیارەکان په سند بکه‌ن هیوادارم  لێکۆلینه وه یان له سەر بکەن.‌‌

  خۆشیتان.

June 19, 2011


سه رچاوه کان:

سوپاسی بەڕێز دکتۆر  جان دێڤڵین دەکەم بۆ کات و ڕێنماییەکانی لەسەر چەند خاڵی ئەم نووسراوە, به لام  نوسه ر خۆی بە تەنیا  به رپرسه  له که م و کورییه کان.      
سوپاسی  ئەوانە دەکەم کە یارمەتییان داوم بۆ تایپ کردنی بابەتەکە وە هەروەها گوێیان گرتووە بۆ نووسراوەکە و تێبینیان هەبووە.

1.Rittel, Horst W. J. & Webber Melvin M. (1973) Dilemmas in a General Theory of Planning. Policy Science 4, pp. 155-169.
2. ibid.

3. Meyer, David S. (2004). Protest and political Opportunities. Annu. Rev. Social. 2004.30:125-45.

4. Stavrianos, L. S. (1981). The Global Rift: The Third World Comes of Age. New York, William Morrow and company Inc. 

5. Unwin Tim (2002).  War and Development. . In (Eds.) Vandana Desai and Robert B. Potter. The companion to Development Studies (pp.440-444). London, Oxford University press.

6.Aron, Janine. (2002) Building Institutions in Post-Conflict African Economies. World Institute for Development Economic Research United Nations University (WIDER).
Discussion Paper No. 2002/124

7. Ismail Beshekchy.

8. Mamosta Jamal Nabaz.

9. Douglas. J.A. David. (1994). Community Economic Development In Canada: Issues, Definition and Directions.  In David Douglas (First Vol.), (Eds.), Community Economic Development In Canada. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson limited.

10. Power, Marcus (2002) Enlightenment and the era of modernity. . In (Eds.) Vandana Desai and Robert B. Potter. The companion to Development Studies (pp.65-70). London, Oxford University press.

11. Durkheim, Marx.

12. Mennonite community in Canada.

13. Bruinessen, Martin Van. (1992).  Agha, Sheikhs and State: The social and political structures of Kurdistan.

14. Rathmell, Andrew. (2005) Planning post-conflict reconstruction in Iraq:
what can we learn?  International Affairs 81, 5 1013-1038
http://www.rand.org/content/dam/rand/pubs/reprints/2006/RAND_RP1197.pdf 

15. Reddy B. Sudhakara (2002). Energy and Development.  In (Eds.) Vandana Desai and Robert B. Potter. The companion to Development Studies(pp.230-236). London , Oxford University press.
 
16. Fannon, Frantz (1963). The Writched of the Earth. New York, Grove Press.

17. The concept of Anomie in Durkheim and alienation in Marx’s philosophy.

18. Shirin, M. Rai. (2002) Women and political representation.  Vandana Desai and Robert B. Potter . In (Eds.), The companion to Development Studies (pp.356-360). London , Oxford University press.

19. The World Bank. (2008) International Reconstruction Facility for Iraq. World Bank Iraq Trust Fund. INTERNATIONAL RECONSTRUCTION FUND FACILITY FOR IRAQ
WORLD BANK IRAQ TRUST FUND.

20. Seers, Dudley. (1973). The Meaning of Development. In Charles K. Wilber (Eds.), The Political Economy of Development and Underdevelopment (pp. 6-15). New York: Random House.

21.Baran, Paul, A. (1973).On The Political Economy of Backwardness. Charles K. Wilber (Eds.), The Political Economy of Development and Underdevelopment (pp. 82-93). New York: Random House.

22.Schumacher, E. F. (1973). Small Is Beautiful: Economics as if People Mattered. New York, Hagerstown, San Francisco, London: Harper & Row, Publishers.

23. Boothroyd, Peter and Davis, H. Graig. (1993). Community Economic Development: Three approaches. Journal of Education and Research 12:230-240.

24. Rostow, W. W (1960).  The Stages of Economic Growth: A Non-Communist Manifesto.  Cambridge, Cambridge University Press.

25. Douglas. J.A. David. (1994). Community Economic Development In Canada: Issues, Definition and Directions.  In David Douglas (First Vol.), (Eds.), Community Economic Development In Canada. Toronto and Montreal: McGraw-Hill Ryerson limited.

26. Desai, Vandana (2002). Community Participation in Development.. Vandana Desai and Robert B. Potter. In (Eds.), The companion to Development Studies (pp.117-121). London , Oxford University press.

27. Healey, Patsy (1992).  Planning Through Debate: The Communicative Turn in Planning Theory.  The Town Planning Review. Vol. 63, No. 2, pp143-162.

28. Mohan, Giles(2002).  Participatory Development. Vandana Desai and Robert B. Potter. (Eds.), The companion to Development Studies London , Oxford University press.

29.  Rakodi, Carol (2002) Prosperity or poverty? Wealth, inequality and depravation in urban areas. Vandana Desai and Robert B. Potter. In (Eds.) The companion to Development Studies London, Oxford University press.

   
30. Madan, G. R.  (1994). Co-operative Movement in India: A critical Appraisal.  New Delhi, Mittal Publications.

31. Avenah Newspaper  March 16, 2011. http://www.awene.com/awene.aspx

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ كۆمپانیای‌ دانه‌وێڵه‌ له‌عێراق رایگه‌یاند بۆ ساڵی‌ 2011 عێراق زیاتر له‌ 2 ملیۆن‌و 800 هه‌زار ته‌ن گه‌نم ده‌كرێت‌و ئه‌مه‌ش زۆر له‌رێژه‌‌و بڕی‌ ساڵی‌ پار 2010 زیاتره‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 2 ملیۆن ته‌ن بوه‌.

32. Miraftab, Faranak (2009). Insurgent Planning: Situating Radical Planning in the Global South. Plt.sagepublication.com/cgi/content/abstract/8/1/32 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.