Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

پێش فیراق… دوای ئاوابوون….تێكۆشه‌رخالید

Comments
by February 19, 2009 ئەدەب

پێش فیراق…  دوای ئاوابوون
تێكۆشه‌رخالید

من له‌ پێكێكی تۆ زیاتر هیچی تر نیم… په‌رجووی گه‌ردوون!
من ڕاهاتووم.. "گۆران" ی جوانیت بم و
له‌گه‌ڵ گێلاسی شه‌ڕه‌كانتا بگریم…
مه‌نترام له‌ نیگات گیر بێ..
گیانه‌ له‌كه‌س ناچم و كه‌س له‌من ناچێ…
من مه‌ڕیاترین ئاده‌می له‌ كۆشی پایزدا !
كوڕێكم ته‌ژی…
له‌تریفه‌ی رۆجیار و عه‌تفی سێوی مه‌كرباز..
قه‌قنه‌سێكم سوڵًتانی سوڵتانه‌كان و
باویلكه‌یه‌كم شه‌كه‌ت به‌ گوڵه‌ دۆزه‌خیه‌كان..
مه‌ست به‌ بازه‌ چاو بازه‌كانی عه‌ده‌م..
له‌م وه‌رزه‌دا تۆ و له‌م دونیایه‌دا به‌ بۆنی تۆ وون ده‌بم
ئیدی من دێرێك شك نابه‌م.. به‌رسڤی پرسیاری په‌نجه‌كانم بن..
وه‌ره‌ و خۆت شازاده‌ی ڕۆحی ئه‌م گیایه‌ به‌، دوای باران !
وه‌ره‌ و خۆت تیماری كه‌
برینی ئه‌و ئاسنگه‌ره‌ پیره‌ كه‌ خۆمم
ئاخر خۆت ئه‌بێت بزانی
من چه‌ند مه‌ستی هه‌ناسه‌ی زیوین و
شه‌یدای نمه‌ بارانی پرچی قاوه‌یی تۆم و
خۆڵه‌مێشی سه‌فه‌ره‌ سپیه‌كانی تۆم به‌ تافی خه‌جاڵه‌تی..
خۆت ئه‌بێت بزانی .. ئه‌ز لێوان لێوم له‌ تۆ ..له‌ زه‌رده‌ی لێوی تۆ
له‌ سۆزی ورده‌ شوشه‌ی بۆنی ڕووی گوڵ
لێوان لێوم له‌ داخ و ئه‌شك و له‌ تاسه‌ی بینینی تۆ
ئاخه‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها تۆیت "ئه‌ی كچی ماره‌ كراو له‌ چاره‌نوسم"
ئه‌بێت بزانی
نزاكانی دوای باران و گریانه‌كانی پێش پێكه‌نین و
ژاڵه‌ نویژه‌كانی به‌رهه‌تاویش
له‌به‌ر خاتری تۆ ئه‌كه‌م
ده‌ پێبزانه‌ … من له‌ به‌ر تۆ
چاوێكم ئه‌به‌خشمه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ و
زایه‌ڵه‌م پێشكه‌ش لالێك ئه‌كه‌م
من له‌ به‌ر تۆ خۆم ئه‌به‌خشمه‌ قه‌سیده‌یه‌ك و
من له‌ به‌رتۆ .. ئه‌گریم و غه‌مگینی ئاو ئه‌ده‌م
من له‌به‌ر تۆ .. ئه‌ژیم و ده‌ست له‌ ملی شه‌و ئه‌كه‌م
من له‌به‌ر تۆ .. ئه‌بمه‌ شاهیدی گێڕانه‌وه‌ی شیعر و
ئاژانی پیته‌ بزێوه‌كان و
تبیروی گه‌وه‌یت و
مه‌ناڵی پۆلی "دووگوڵی سه‌ر سینگت"
من ئه‌وه‌م كه‌ده‌مبینی
"له‌شم پووله‌كه‌یه‌كی مردن و
گه‌رووم بلوری گۆرانیه‌ كه‌ به‌شكاوی
دڵم…   ئاخ … دڵیشم ته‌ڵایه‌كه‌ له‌ توڕه‌یی
ده‌سا وه‌ره‌ و چه‌پاومكه‌ بێ ئه‌وه‌ی من پێ بزانم
شه‌رمن بڕه‌نجێنه‌ و بۆ تاوێكیش بێت ..
وه‌كو هه‌تاو .. له‌ هیلاكیماو
وه‌كو مانگ .. له‌ته‌نیایما و
 وه‌كو نه‌وره‌سێكی رسته‌ و دێریك له‌ قه‌سیده‌یه‌كما
خۆت بنوێنه‌ و
ئه‌م كۆتی عه‌یبه‌ و شه‌رمه‌و نابێت ه‌ بشكێنه‌..
"ئه‌ی ئه‌و چڵه‌ كچه‌ی به‌ده‌ست خۆم نیه‌  و خۆشم ده‌وێیت"
منی له‌ تێك له‌ غه‌مگینی و ئومێد و
منی په‌ڵًه‌یه‌ك له‌ تاوانی فریشته‌..
دوای ئاوابونیش ئومێدم پێت ئه‌مێنێت
من ئاماده‌م
تا ئه‌و سه‌ری شه‌قامی خه‌م و كوچه‌ی ته‌نهایی و
شاری سوتان له‌گه‌ڵت بێم..
من ئاماده‌م سه‌رم بكه‌مه‌ جۆلانه‌ی بوكه‌شوشه‌كه‌ت و دڵم به‌ ئاسمانی دڵی تۆ
به‌مه‌رجێك من بیت و
بهێڵیت من تۆ بم..
وه‌ره‌ ببه‌ به‌ سوڵتانی ئه‌م گێتییه‌ پڕ له‌شێتییه‌ی من
وه‌ره‌ و ده‌بمبه‌ ئه‌و بارانه‌ی كه‌ نابارێم..
– من له‌ مێژه‌ ره‌شه‌باكانم كوشتووه‌ –
وه‌لێ ئێستا خه‌ریكه‌ شه‌ماڵ (دۆستی دێرین)
ده‌گاكه‌م له‌سه‌ر دائه‌خا..
ئه‌وا پایزیش بارگه‌ی تَێك نا
به‌ڵام هه‌رگیز باوه‌ڕناكه‌م ئه‌ز بتوانم
ئه‌و نیگایه‌ی له‌سه‌ر ڕێگاكانی مردن
كه‌پێم نه‌ده‌گه‌یشتن و ده‌یبه‌ستن
ئه‌و سه‌رنجه‌ مۆرانه‌ی هه‌رزوو وشك ده‌بوونه‌وه‌
ئه‌و گۆرانیه‌ پیرانه‌ی به‌یانیانی
باخچه‌كه‌می داپۆشیبوو له‌یادم بكه‌م..
تۆ نیگایه‌كیت و پێت ناگه‌م..
من ته‌فسیرێكم و تێم ناگه‌یت
ده‌تۆش بزانه‌ چۆنم به‌رامبه‌ر تۆ
ده‌بزانه‌ فیرافیت، ته‌نهاییم به‌مه‌ڕیاترین چاره‌نوس ده‌سپێریت
چاره‌نوسی من – شانبه‌شانی سڕبوون دێت و
له‌گه‌ڵ مردنا ئه‌ڕوات
ده‌ پێیبزانه‌ حه‌زره‌تی گوڵ
ئه‌ی باخترین باخی سینه‌ی ئه‌كاكیاكان !
من چیم ئه‌وێت؟
من ئه‌مه‌وێت تۆمن بیت.. من ئه‌مه‌وێت
هه‌م نمه‌ی باران و هه‌م گڕكانی روحی ئافریده‌گه‌ر بیت..
من ئه‌مه‌وێت له‌ قاوه‌یی بونما
(چڵاكێ‌ بڕوێنی
تا سه‌هه‌ندی بۆ وه‌هم و ، هه‌تاویشی بۆهه‌ڵپڕوكانی ئه‌م جه‌سته‌
پر ئاراندنه‌ حازربێت"
ئه‌ی دڵڕه‌قتر له‌ ئاو، من ئه‌مه‌وێت
فێرم بكه‌یت چۆن رێگاكانی چوونه‌وه‌ سه‌ر هه‌ناسه‌ی ئاو بدۆزمه‌وه‌
هه‌نگی خه‌یاڵ ئاشنابكه‌م به‌ باوه‌شت
من ئه‌مه‌وێت
كچێك بیت پێشتر شووت به‌ ته‌نیایی كردبێت
و ده‌ست گیرانی خه‌یاڵ نه‌بووبیت..
من ئه‌مه‌وێت گۆرانیه‌ك بیت
پرچت به‌ره‌شه‌باكان تێك نه‌چێته‌وه‌
من ئه‌مه‌وێت شۆخێك بیت باخه‌وانی
كتێبه‌ قاوه‌ییه‌كانم و
"هه‌ناری شینی" رۆژی پر له‌ شینم بی..
من ئه‌مه‌وێت.. ژووره‌كه‌م له‌گه‌ڵ رووناكی ئاشت كه‌یته‌وه‌
مه‌حزونی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م
به‌ فرمێسكی وه‌ریوی مانگ بشۆی
پێش ئه‌وه‌ی گه‌ڵا خۆی پێ بسمیل كا
من ئه‌مه‌وێت دوای ئاوابوونیش تۆ ئاوانه‌بیت
من ئه‌مه‌وێت له‌ تێك له‌ تۆ خۆربێت و
ئه‌وه‌ی ترت من بم ..
من ئه‌مه‌وێت كانیه‌ك بیت كه‌یل له‌ گمه‌ی گاپه‌ڵ
له‌ سیخه‌ سیخی هه‌ناسه‌ی من..
من ئه‌مه‌وێت به‌رله‌وه‌ی گریان په‌یكارێكی تر
له‌ ده‌ڤه‌ری دڵمدا هه‌ڵبگیرسێنێت..
تۆ په‌رداخێك له‌ میهری هه‌ور و پرته‌وی
چاوه‌كانتم بۆ بهێنیت
به‌رله‌وه‌ی بگری . گریان زێمارت وشك تر بكا
په‌رداخێك خۆمت بۆ بهێنم..
له‌ ژێرباڵی هه‌تاوێكی دووره‌ له‌ككه‌دا
نه‌بمرین و نه‌زیندو بمێنین..
من ئه‌مه‌وێت
پێش فیراق.. بتخوازم و
دوای ئاوابوون ته‌ڵاقت به‌م
من ئه‌مه‌وێت و
ئاخ.. من ئه‌مه‌وێت و تۆ
تۆ ئه‌شێت له‌ ناخی سه‌رابدا
بۆ هه‌ناسه‌ی خۆت بگه‌ڕێی
له‌ ده‌شتی با خۆت بزركربێت…
وه‌ره‌ و با له‌م قیامه‌تی كۆچه‌دا
عیشق ببه‌خشینه‌وه‌
خۆمان له‌ ئاوازی گوڵ هه‌ڵكێشین و
پێكه‌نینمان برژێنینه‌ ئامێزی شه‌وو
رۆژبكه‌ینه‌ وارسی ماچه‌ په‌مه‌ییه‌كان..
به‌ لێوی كۆتره‌ به‌ختیاره‌كانی شه‌فه‌قه‌وه‌..
ده‌سا وه‌ره‌ و ببه‌ به‌سوڵتانی
ئه‌م گێتیه‌ پر له‌ شێتیه‌ی من
ده‌ساوه‌ره‌ و ده‌بمه‌ ئه‌و بارانه‌ی
كه‌ نابارێم ..
وه‌ره‌
من
له‌ پێكێكی تۆ زیاتر
                            هیچی ترنیم..           
                                                       هیچی تر…

Tekoshar.khaled@gmail.com

 

Previous
Next

Leave a Reply