Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

پێش 25ى نۆڤەمبەر..

Be First!
by November 24, 2008 ژنان

 پێش 25ى نۆڤەمبەر….   ئایا کۆمەڵگاى كوردى بەرهەمهێنەری توندوتیژییە ..؟  
           حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 پێبەپێی ئێنسکلۆپیدیا ، چەمکی توندوتێژی ، بریتییە لە هەر کردارێک یان هەر ئازارێکی جەستەیی و دەروونی یان هەڕەشەو جنێو و قسەی ناشرینێک کە دەکرێتە سەرکەسی بەرامبەر لەهەر شوێنکاتێکدا بێت ، جاچ لەخێزاندا بێت یان چ لە کۆمەڵگادا بێت .
  توندوتیژی رووبەڕووی تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێتەوە بەبێئەوەی کە جیاوازی بکرێت لەنێوان کەسەکاندا ، هەروەها رەگەزو ئایین و ئێتنیک و کەلتوور ناکرێن بەپێوەر و سامان و تەمەن و هێزو دەسەڵاتیش نابنە ئاستەنگ بۆ راگرتن و نەهێشتنی کرداری توندوتیژی …!
 توندوتیژی لەچەندین هۆکاروسەرچاوەی دیارو نادیارەوە دروست دەبێ ..بەڵام بەنیسبەت کۆمەڵگەکەمانەوە،بەدرێژایی مێژوو کەشوهەوایەکی لە شێوەى ژیانی نێو دارستان و پێشەڵانێکانی بۆ فەراهەمکراوە ، بۆیە تاکی کورد ناچار بووە ژیانێکی سەپاو و زۆرەملێ و دڕندانە بژی،هەر بۆیەشە خەسڵەتی بەرامبەرە نەیارەکەی خۆی هەڵگرتووە ، بەڵام بێگومان ئەو توندوتیژیەی کە هەنووکە لە کۆمەڵگاکەماندا هەستی پێدەکەین و لەگەڵیدا  ده گوزەرێین ، مەرج نییە هەمووی و سەرتاپای میراتی ئەو مێژووی ژێردەستەییەبێت،یان بەرهەمی سەردەستەیی کەلتووری نەتەوەى زاڵ بێت..بەڵکو ئێمە کۆمەڵگاکەمان خۆی بەرهەم هێنەری توندتیژییە ..!
 لە نێو منداڵدانی کۆمەڵگاکەشماندا رەگەکانی توندوتیژی لەنێو کەلتووردا چەقیون ، کەلتووری خێڵەکی و هۆزگەرایی کە دابونەریت و بەهاونۆرمی کۆمەڵایەتی.سوننەتییان پیرۆز راگرتووەو دەیپارێزن،لەنێو گوتاری ئاینی پەڕگیردا ئامادەیە کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەخزێنیە نیۆ خیزانەکانمانەوە لەدووتوێی پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا،وشیاری کۆمەڵایەتییەک بەتاکی کورد دەبەخشن کە لە ناواخندا هەڵگری دیدگاو ئایدی و رەفتاری توند و رەق و زبرن کەدواجار خوڵقێنەری توندوتیژى و کەلتوورێکی سیخناخ لە زەبروزەنگە!
 شایانی وتنە،کۆمەڵگاکەمان خاوەنی مێژوویەکی درێژە لەپیادەکردنی توندوتیژیدا بەهەموو جۆرەکانییەوە،توندوتیژی سیاسی ،کۆمەڵایەتی،ئایینی،خێزانی،ئابووری کەمەخابن زۆرترینی قورسایی ئەو توندوتیژییانە دەکەوێتە سەر ژن ومنداڵ وگەنج :ئەو توێژانەن کە ئاراستەکانی توندوتیژی ده یانگریتەوه دەیانکات  بە توێژێکی لاوازو بێهێز و بێئرادە و فڕێیان دەداتە پەراوێزی کۆمەڵگاوە..تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی توانایەکی لەرادەبەدەریان هەیە بۆ وەرگرتن و قبوڵکردنی توندوتیژی،چونکە تاکەکان دەستەوەستان وبێباکن لە مبوارەوە،بۆیە بەئاراستەی ناوەوەی کۆمەڵگا،وەکو فابریکەو کارگەیەک وایەو توندوتیژی بەرهەم دێنێ.کەلتووری عەشیرەتی وخێڵەکی ئێمە سینحناخە لە بڕوا بوون بەتوندوتیژی..!
 حیزبەکانمان چەندین ساڵە کاریان لەسەر توندوتیژیى کردووە ،وەکو مەسەلەیەکی پیرۆزو موقەدەس تەماشایدەکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان لێوانلێون لەتوندوتیژی و رۆژانە کایەی کۆمەڵایەتی تاکەکان بەرهەمی دەهێننەوە و ئاسایی و شەرعی دەکەنەوە،کەتەنانەت گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە توندوتیژی بووەتە کەلتوور،چونکە کەلتوورەکەمان خۆی چووەتە قۆناغێکی خراپ و پڕ مەترسیداری خۆیەوە، بەو واتایەی کە ئێمەی کورد بەهاکانی توندوتیژی و لێبووردەییمان لە بیرکردوون،کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەترسییەکی گەورەی لەسەر بوون و ژینی ئێستا و ئایندەمان هەیە..!
 ئەگەر بەچاوێکی پڕ لەسەلیقە و دیقەتەوە لە رەهەند و ئاراستەکانی توندوتیژی نێو کۆمەڵگاکەمان بڕوانین،دەبینین کە توندوتیژی بۆتە شتێکی باو،زۆر پەرشوبڵاوبۆتەوە کە ئیدی پێویستی بەهەڵوەستە لەسەرکردنەو دەبێت لە ئاستی تاکەکەس و گروپ و کۆمەڵاندا نیشانەی پرسیارێکی گەورەی بخرێتە سەر.!
 مەخابن و ئەفسوس،توندوتیژی لەژیان و لەگوزەرانی رۆژانەماندا ئەوەندە ئاسایی بووەتەوە لای خەڵکی کە ئیتر مرۆڤ بە توندوتیژی نەبێت ناتوانێ تەعبیرو گوزارشت لە خودی خۆی و لەبوون و لەهەڵوێست و رەوشتی خۆی و خێزانی بکات.. یان دەتوانین بڵێین کە توندوتیژی وایکردووە کە خەڵک بۆ بەدەستهێنانی کەمترین ئاستی ژیان وپارووەنانەکەی خۆی رێگایەک لە ڕێگاکانی توندوتیژی هەڵبیژێرێ. شێوازەکانی توندوتیژی زۆرن وگرنگترینیان کوشتن و فڕاندن و دەستدرێژی سێکسی و لاقەکردنی ئافرەت و لەشفرۆشی ژنان وتەنانەت ناچارکردنی ژن بۆپرۆسەی سێکسی و هاوخەویکردنی هەربە توندوتیژی حسێبی بۆ دەکرێت..
 کرداری توندوتیژی :رەنگە دەرهەق بە جەستەی فیزیکی ئەنجام بدرێت،یان لەهەمبەر هەست وسۆزدا پیادە بکرێت،یان لەوانەیە رۆحی بێت..توندوتیژی دژ بەژنان بەهەرجۆرێک وبە هەر شێواز و لەهەر شوێن و کاتێکدا بێت،ئەوا بەتاوان دەژمێردرێت..ئەگەر ئەوانەی توندوتیژی مێرد یان برا و باوک و مام و ئامۆزاو..تاد. بوون ئەوا بەتوندوتیژیی خێزانی ناوزەد دەکرێت..پەروەردەی خێزانی کوردیش نەریتی و تەقلیدی و نادەربەدەستە،سەربەهیج میتۆدێکی زانستی جیهانی نییە ،کانگەی جیاوازی و نادادپەروەرییە،جیاوازی جێندەری لەنێوان رەگەزی نێرومێدا دەستەبەر دەکات..خێزانی کوردی زەمینە خۆشدەکات بۆ نایەکسانی و جیاوازی و ناعەدالەتی کە ئەم هۆکارانەش فاکتەری سەرەکین بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی و بەکارهێنانی شێوازەکانی زەبروزەنگی،کەم نین ئەو خێزانانەی کە منداڵەکانیان بەلێدان و ئازاردانی جەستەی گۆشدەکەن، هەڕەشەوجنێوپێدان و سووکایەتی پێکردنیان دەکات بەپیشەی رۆژانە کە رۆح و دەروونیان دەشێوێنێ،شێوازی زیندانکردن و کۆنترۆڵکردنی پارەو کات و خواردن و خواردنەوەی منداڵانیش بەکار دێنن ..
 لەنێو خێزانی کوردیدا،توندوتیژی بەشەرعی و ئاساییکراوە،گووتاری ئاینی و کەلتووری باوی کۆمەڵگاکەمان زەبروزەنگ و توندوتیژی دژ بە منداڵانی کردووە بە کارێکی رەوا و ئەرکێکی سەرشانی باوان ،وانەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەیتیان بارگاویکردووە بەشەق و زللە و تێهەڵدانەوە..لەپاڵ ئازاری جەستەییدا ..ئازاردانی دەروونی و رۆحی منداڵیش بەشەرعی کراوە.. لەرێژەیەکی زۆری خێزانەکاندا زۆر ئاسایی و رۆژانە وشەی بریندارکەرو قسەی ناشرین و جنێو پێدان بەکاردێت.. ئەفسوس تەنانەت زۆرێک لەدایکان پێش باوکان ناووناتۆرەو نازناوی ناشرین لەمنداڵەکانیان دەنێن..بەسووکی تەماشایان دەکەن و فەرمانیان بەسەردا دەدەن،هەڕەشەیان لێدەکەن کەوا ئازاری جەستەییان بدەن .بەبەردەوامی رەخنەیان لێدەگرن کە گوایە تەمەڵن و ناشرینن و زیادەن و بێسوودن ..دەنگی زلیان بەسەردا بەرزدەکەنەوە..دوا جار لێیان دەدەن و دەست و قاچیان دەشکێنن،پارە و خەرجییان لێدەگرنەوە،کۆت و بەندیان دەکەن،چەندان رێگەی ناشەرعی و نائاسایی بەکاردێنن بۆ پیادەکردنی زەبرو زەنگ و توندوتیژی!!
  لێدانی جەستەیی و ئازاردانی دەروونى وڕۆحی لە خێزانەکانی ئێمەوە بەرێژەیەکی ئێجگار بەرز ئاراستەی کچان و رەگەزی مێ دەکرێن..حسێبی نیوە مرۆڤ و کەمتریشیان بۆ دەکرێت،بەبیانووی نامووس و شەرەفەوە ژیانیان لێدەکرێت بەدۆزەخ و تەمەنیان پڕ دەکرێ لەترس و دڵەڕاوکێ و نائاسوودەیی،بۆیە تاکی کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی تاکێکی ترسنۆک و بێئیرادەو بێ متمانە و بێباوەڕ بەخود و بەکۆمەڵگ و بێناوەڕۆک و بێئامانج و تۆراو لە ژیانن..تاکێکە لاوازو بێتوانا بەرامبەر بە ئەرک و مافەکانی خودی خۆشی..تاکێکە لە نێودەروون و هزریدا زەمینە خۆشە بۆئەوەی کە لادەرولاڕێ بێت و ئامادەگی تێدایە توندوتیژی بەرهەم بهێنێتەوە و گەندەڵی بەهەموو دنیادا بڵاو بکاتەوە.. ئامادەگی تێدایە توندوتیژ بێت تادەگاتە ئەوپەڕی قیامەت و مەحشەر.!

hemea.rasoeL961@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply