پێنج كورتیله چیرۆك … به‌كر ده‌روێش
چراو شه‌و
ڕۆمانێكم له‌به‌رده‌ستدا بوو خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی بووم, بۆ ئه‌وه‌ی باشتر پیته‌كان ببینم مۆمێكم داگیرسان و دڕنم به‌تاریكی شه‌ودا, شه‌و توڕه بوو وتی: ئه‌م مۆمه چییه داتگیرساندووه, بۆ حورمه‌تی ڕه‌شپۆشیم ناگری؟ به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه لێم پرسی: ببوره خوا نه‌خواسته خۆ هیچ نه‌بووه؟ گوتی: مه‌گه‌ر نابینی مانگ مانی گرتووه‌و هه‌ڵنایه‌ت, دنیا تاریكه شه‌وه‌و منیش ڕه‌شم پۆشیوه؟ بۆیه زۆر داوای لێبوردنم لێ‌كرد, من حه‌زناكه‌م هیچ كه‌سێكم لێ زیزبێت, بۆئه‌وه‌ی شه‌ویشم لێ زیز نه‌بێت, مۆمه‌كه‌م كوژانده‌وه‌و چرایه‌كم داگیرسان.
مۆڕه
ئه‌وڕۆژه‌ی پیاوه ڕیش درێژه شه‌رواڵ قونته‌كه مۆڕه‌ی لێ كردم , شه‌وه‌كه‌ی تا ده‌مه‌و به‌یان له ترسانا نه‌خه‌وتم , ده‌مه‌و به‌یان كه‌خه‌وم لێ كه‌وت دیتم به‌سیكارتێكی تیژه‌وه له‌سه‌ر سه‌رم وه‌ستاوه‌و ده‌یه‌وێ سه‌رم ببڕێ , كه‌وتمه پاڕانه‌وه لێی , سوودی نه‌بوو گۆش به‌گۆش سه‌ریبڕیم , كه له‌خه‌و هه‌ستام دیتم سپوساغ و زیندووم باوه‌ڕم نه‌كرد , ئێستا ڕیشم درێژه‌و شه‌رواڵه‌كه‌م كورته , چه‌قۆیه‌كی تیژم له توێی پشتوێنه‌كه‌مدا شاردۆته‌وه‌و به مۆڕه سه‌یری خه‌ڵك ده‌كه‌م .
داهۆڵ
له خه‌وما ببووم به داهۆڵێك و له‌سه‌ر زبڵدانێك چه‌قێندراوم, گیرفانه‌كانم پڕن له قاوغه شقارته‌ی به‌تاڵ , نینۆكه‌كانم چوون نینۆكی دڕنده درێژ داهاتوون , پرچی سه‌رم ببوو به كاڕوشكه , پێم په‌تی و چاوم ڕیپۆقاوی , مه‌لێكی جیقن ده‌یجیقان به‌ڕووما , كه به‌ئاگا هاتم خۆمم له حاڵێكدا بینیه‌وه خۆزگه‌م به‌و داهۆڵه ده‌خواست .
پارێزه‌ر
كه كۆلیژی یاسای ته‌واوكرد زۆر دڵی به‌پیشه‌كه‌ی خۆش بووهه‌میشه خۆی پێوه هه‌ڵده‌كێشا , به‌رده‌وام چاكێت وپانتۆڵی ئه‌فره‌نجی له‌به‌ر ده‌كرد, جانتای دبلۆماسی هه‌ڵده‌گرت و بۆینباخی ده‌به‌ست , فڵانی كوڕی فیسان پارێزه‌ر…!دوای چه‌ند ساڵێك ئیشكردن له‌و بواره‌دا هێنده ناهه‌قی ونایه‌كسانی بینی و لێی بێده‌نگ بوو , هێنده به‌سه‌ر هه‌ق وڕاستیدا بازیدا, ڕۆژێكیان هه‌ستی به گۆڕانكارییه‌كی كتوپڕ له به‌ده‌نیدا كرد, سه‌ره‌تا كلكێكی چكۆڵه‌ی لێ ده‌رچوو, زۆرترساو بۆكه‌سی نه‌گێڕایه‌وه چۆن بوو له‌ژێر جله‌كانیدا شاردییه‌وه, پاش ماوه‌یه‌ك دوو گوێچكیشی لێڕوا، چۆن بوو ئه‌وانیشی له ژێر كڵاو شه‌بقه‌دا شارده‌وه, پاش ماوه‌یه‌كیتر له كاتی مورافه‌عه‌كردندا كه قسه‌ی ده‌كرد هه‌ستی ده‌كرد ده‌زه‌ڕێنێ، ناچار وازی له پیشه‌كه‌ی هێنا ئێستا نه‌ك خۆی پێوه هه‌ڵناكێشێ به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له ڕوشی نایه‌ت بڵێ پارێزه‌رم.
تۆبه‌ی گورگ مه‌رگه
خوو ڕه‌وشتی هه‌مووی گورگانه بوو, هه‌ر له هه‌رزه‌كارییه‌وه چه‌ندجارێك كه‌ڵپه‌ی له دووكی نه‌رمی دابوو, ماوه‌یك بوو هه‌ستی كردبوو خه‌ڵكی شار هه‌موویان به‌م خووه‌ی ده‌زانن و ناوی كه‌وتووه‌ته سه‌ر زاران, له‌بیری ئه‌وه‌دا بوو چیبكا باشه؟ به‌چ شێوه‌یه‌ك خۆی بگۆڕێ تائه‌م خوه گورگانه‌ی له‌بیر خه‌ڵك بچێته‌وه؟ له پڕ باوكی مرد, مردنه‌كه‌ی باوكی به‌هه‌ل زانی, له جیاتی گۆڕینی خووه‌كانی, كه‌لوپه‌له‌كانی باوكی له‌به‌ركردو ته‌نیا جلوبه‌رگه‌كه‌ی گۆڕی.
به‌كر ده‌روێش/ خورماتوو