Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

پێڵاوه‌کانی بۆ داده‌نێم

Be First!
by June 15, 2009 ئەدەب

 

 
 ده‌ستی ماچ ده‌که‌م
پێڵاوه‌کانی بۆ داده‌نێم
به‌ خوڵکێکی گه‌رمه‌وه‌ گڵاسێ ئاوی ساردی ده‌ده‌مێ
گوڵاو پرژێنی ده‌که‌م
به‌خۆم ده‌ڵێم: قوربان
ئه‌مه‌وێت ئه‌م شه‌ڕه‌ دوایی بێت
ئه‌م نه‌گبه‌تییه‌ به‌رۆکم به‌ردات
ته‌نیام که‌ ته‌نیا  ته‌واو بێ تاقه‌تم
وا شێتییان کردم
ئه‌م دوودڵییه‌
ئه‌م دووهه‌ستییه‌
ئه‌م تووڕه‌بوون و
شه‌ڕو په‌ستییه
ئای له‌من چ بێ ئیمانێکم تائێستا نه‌متوانیوه‌ خۆم بکوژم
خۆم ژیانی تێکدام، سه‌ره‌و ژێری کردم
هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کم کرده‌وه‌
خۆم شکانی
هه‌رده‌رگایه‌کم خسته‌ سه‌رپشت
خۆم پێوه‌یدا
من پڕم له‌ په‌نجه‌ره‌ی شکاوو
ده‌رگای داخراو.
ته‌واو هه‌راسانم به‌ ده‌ستی خۆمه‌وه‌
ئه‌وه‌تا ده‌ستی خۆم ماچده‌که‌م
پێڵاوه‌کانی بۆ داده‌نێم
بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات و ملی بشکێنێت و
هه‌مووشته‌کانی به‌رێت
پێی ده‌ڵێم:بڕۆ ئه‌مه‌وی ته‌نیابم
هیچ ئاسه‌وارێکت له‌ لای من جێ مه‌هێڵه‌
نامه‌وێت ئاغزه‌ جگه‌ره‌ی هیچ خه‌مێکت له‌ ته‌پڵه‌کی یادگاری مندا به‌جێبێڵیت
هه‌ر وێنه‌یه‌کمان پێکه‌وه‌ گرتووه‌ له‌ته‌که‌ی خۆت به‌ره‌
ئه‌و گوڵانه‌ به‌ره‌ که‌ بۆنت پێوه‌کردوون
ئه‌و کورسییه‌ی که‌ له‌سه‌ری داده‌نیشیت
ئه‌و ده‌فره‌ی ئاوی پێده‌خۆیته‌وه‌
هه‌موو شته‌کانت به‌ره‌ قاپ و که‌وچک و خاولی و شانه‌و
ئاوێنه‌و چرپاو کاتژمێرو
په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌ت به‌ره‌
با رووناکی دڵنیابێ له‌وه‌ی تۆ لێره‌نیت و بێته‌ ژووره‌وه‌
نامه‌وێت ده‌نگی ره‌نگت له‌ گوێما بزرێنگێته‌وه‌
نامه‌وێت ره‌نگی ده‌نگت چاوه‌کانم داپۆشێ
مه‌ردی خوابه‌ ته‌نیام که‌ ته‌نیا

ئۆخه‌ی ئێستاکه‌ دڵخۆشم
خۆم واخۆی ده‌پێچێته‌وه‌و به‌جێمدێڵێ
جانتای جل و به‌رگ و شته‌کانی دابه‌شآنیاو له‌ده‌رگای حه‌وشه‌ ئاوابوو
ئێستا ته‌نیای ته‌نیاکانم
ماڵه‌که‌م پاک ده‌که‌مه‌وه‌
هه‌رچیم هه‌یه‌ ده‌یسووتێنم
دڵم ده‌سپێرمه‌ئاگر
تاته‌نیایم وه‌ک ئاگر بدره‌وشێته‌وه‌
یه‌که‌م جاره‌ به‌ته‌نیا جگه‌ره‌ ده‌کێشم
به‌ته‌نیا بیرده‌که‌مه‌وه‌ به‌ته‌نیا ده‌خۆمه‌وه‌و
هه‌ر به‌ته‌نیا راده‌کشێم، تا به‌ ته‌نیا خه‌ونێک ببینم به‌ ته‌نیاییه‌وه‌
تا خۆم ته‌واو بیرچێته‌وه‌
وا به‌ته‌نیا ڕاکشاوم
چاوه‌کانم داخستووه‌و دڵم بۆ ته‌نیایی  کردۆته‌وه‌
هێشتا خه‌وم لێنه‌که‌وتووه‌
هێشتا ته‌نیایم هه‌رکاڵه‌
هێشتا ته‌نیایم منداڵه‌
که‌سێک له‌ ده‌رگاکه‌م ده‌دا
راده‌په‌ڕم  خونچه‌ی ته‌نیایم هه‌ڵده‌وه‌رێ
ده‌رگاکه‌م ده‌که‌مه‌وه‌
چی ده‌بینم !! خۆم وه‌ستاوه‌ باوه‌شم پێداده‌کات
ده‌ڵێت: هیچ شوێنێک شک نابه‌م
هیچ که‌سێک نامگرێته‌ خۆ
یان رێمده‌ ‌ بێمه‌ ژووره‌وه‌ یان لێره‌دا بمکوژه‌ تۆ.
2009-2008

 

Previous
Next

Leave a Reply