Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پەرلەمانتاران و بەرەى خێر و شەڕ

پەرلەمانتاران و بەرەى خێر و شەڕ

Closed

 

 

 

 

ئەگەر دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕان بریتى بێت لە دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێ بۆ بڕینى قۆناغى چەقبەستوى و دەسەڵاتى ڕەهاى حیزب و جۆرێک بێت لە مۆدێلى نوێ ، لە جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و کۆتاى هێنان بە دوو زۆنى ، ئەوا ئەم بزوتنەوەیە توشى کۆمەڵێک ڕوبە ڕوو بونەوە بوەتەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکى کۆنە خواز و بەرژەوەند چی ، لەم چوارچێوەشدا دەرکردن و لێدان و گواستنەوە و موچە بڕین و کوشتن ، هەموو ئەمانە ئەو وێنەیەمان دەدەنێ کە بزوتنەوەکە تا ئێستاش پێویستى بە قوربانى دانە ، بۆ چەندین ساڵى تریش دەبێت بەردەوام بێت ، واتا ئەوەى کە بەعس و دواى ئەو دەسەڵاتى کوردى کردوەیەتى  کە 60 ساڵى خایاندوە و دنیایەک نەخۆشى دروست کردوە ، ئەم دیاردە و کێشەو نەخۆشیانە شۆڕ بوەتەوە بۆ یەکەکانى خوارەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ، بۆیە پێویستى بە دەیان ساڵ هەیە تا ڕێک بخرێتەوە ، وەک کوردەوارى دەڵێت ( بەردێ نەزان بیخاتە ئاوەوە بە سەدان زانا دەرناهێنرێتەوە ) بۆیە ئەگەر پێشتر نەزانەکان حوکمى ئەم هەرێمەیان کردبێت ، گەمژەکان باڵادەست بو بێتن ، ئەوا ئەرکى گۆڕان زۆر لەوە گەورەترە کە بتوانێت هەر وا بە خێرایى کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکات ، کلتورێک کە دەسەڵاتى کوردى زۆربەى جەستەى کۆمەڵگاى نوقمى گەندەڵى کردبێت ئەوا زەحمەتە بتوانێت لە ماوەیەکى کەمدا دەسەڵات لە ئیمتیازات و جۆرێک لە کاسبى داماڵێت ، بەدەر لەمە هەمومان مەحکومین بە هەڵە…. بەڵام لەم هەرێمەدا داننان بەهەڵەدا نەبوەتە کلتور تا داواى لێبوردن بکرێت ، هەمومان دەڵێن گەندەڵى هەیە ، هەمومان دەڵێن چاکسازى پێویستى قۆناغەکەیە ، ئەى کەواتە کێ گەندەڵیەکان دەکات ، کەواتە ئەرکى بزوتنەوەى گۆڕان زۆر لەوە گەورەترە کە هەروا خوێندنەوەیەکى ڕوو کەشیانەى بۆ بکەین ، یان خلیسکێن بەسەر بزوتنەوەى گۆڕاندا بکەین ، ئەم بزوتنەوەیە بە جۆرێک لە جۆرەکانە هیوایەکى گەورەیە بۆ بڕینى قۆناغیکى گرنگ ، لەوە دەرچوە چەند کەسێک بە موڵکى خۆیانى بزانن ، گرنگى ئەم بزوتنەوەیە لەوەدایە بوتە موڵکى گشتى ، واتا هەر تاکێک بە لایەنگر و دژەکانیشەوە بە هیوایەکى گەورەوە سەیرى دەکەن ، وەک جیاکاریەک لە نێوان خراپەکارى و چاکەکارى …. یان بە جۆریکى تر هەڵگرى چەمکى خێرو ڕەحمانە لە بەرامبەر چەمکى شەڕ و شەیتاندا ، کاتێک ئەم وێنەیە دەچێتە  لاى تاکێک ئیتر دەبێتە پێوەرێکى گشتى بۆ هیواکان ، بە شێوەیەکى سۆفیانە ، کاتێکیش بە شێوەیەکى بچوک لەم ڕێڕەوە لا دەدات دەبێتە جێگەى هاوارى سۆفیەکان و خزان بەرەو سنورى شەڕ و شەیتان بوون ، بەجۆرێک ئەم هاوارانە پڕن لە زام و ترس ، کە نەبادا ئەم بزوتنەوەیە ببێتە شەیتان ، ئەو کات دنیاى ئێمە خاڵى دەبێتەوە لە ڕەحمان ، ئەم هاوارانە هاوارى دایکێکە بۆ جگەرگۆشەکەى تا بە لاڕێدا نەڕوات ، بە شێوەیەک کە ئەگەر گۆڕان کورپەیەک بێت ئەوا هاوڵاتیان ئەو دایکەیە کە کۆرپەکانى ترى بونە شەیتان و ئەترسێ ئەمیش تحویل بێت بۆ شەیتان ، ئەکرێت بڵێین ئەرکى گۆڕان بریتیە لە ڕاگرتنى ئەم پەیوەنیە و ئەو بەڵێننامەیەى کە لەگەڵ هاوڵاتیان و دایکیدا واژۆى کردوە ، کە نابێتە شەیتان بەردەوام دەبێت لە کارى خێرو چاکەى گشتى ، بۆیە کاتێک ئەندام پەرلەمانەکان خانەنشین دەکرێن بە موچەیەکى زۆر و ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن دەبێتە جێ ى باس و خواستى هاوڵاتیان ، ئەم باس و خواستانە پەیامى ئەو دایکەیە کە ڕۆڵەکەى نەبێتە شەیتان ، هاوارەکانى جۆرێکە لە قبوڵ نەکردن و هەڕشەى دایکى هاوڵاتى بە شێوەیەک کە ئەگەر بەردەوام بێت لەم کارانەى ئەوا ئەم دایکە دەیخاتە خانەى شەیتان بونەوە … کاتێک هەموو پەرلەمانتارەکان ئەو 49 ملیۆنە وەردەگرن تەنها ئەندام پەرلەمانەکانى بزوتنەوەى گۆڕانە دەکەونە بەردەم لێپرسینەوەى ڕاى گشتیەوە ، بۆ خۆى ئەو پەیامە دەگەیەنێ کە هاوڵاتى بەرەى شەیتانى دەمێکە بەخشیوەتە جەهەنەم ، دەیەوێت کۆرپەکەى دور بێت لە کردەوەى شەیتانیانە … جگە لە بزوتنەوەى گۆڕان هیچ یەکێک لە ئەندام پەرلەمانى حیزبەکانى تر نابێتە جێ باسێکى ئاسایى چونکە ئەوان خاسیەت و ماهیەتى خۆیانە کە گەندەڵى بکەن ، بەڵام بزوتنەوەى گۆڕان بەڵێنى داوە کە گەندەڵ نەبێت ، بۆیە قسە و گلەیى و ڕەخنە و توڕەى خەڵکى لە گۆڕان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە نەهێڵن بزوتنەوەى گۆڕان ناشیرین بێت و دور بکەوێتەوە لە  دڵسۆزی ، هێندەى قسەکردنە لەسەر نەدۆڕاندنى متمانە و نەڕوخانى هیواى هاوڵاتى هێندە قسە نیە لەسەر 49 ملێونەکە وەک بەهایەکى ماددى ، هێندە هەڵگرى چەمکى مەعنەویە هێندە هەڵگرى چەمکە مادیەکەى نیە ، بۆیە هەموو ئەمانە مایەى دڵخۆشین بۆ بزوتنەوەیەک کە لەسەر ئاستى گشتى لێپرسینەوە و چاودێرى بکرێت ئەگەر بزوتنەوەکە خۆشى دەزگایەکى چاودێرى نەبێت ئەوا هەموو ئەم قسە باس و توڕەبوون و هاوارانە هاوارە بۆ ئەوەى رەحمانیەتى خۆى لەدەست نەدات .

 

تێبینى: 

ئەو هەڵسوڕاوانەى کە موچە بڕاو کران بۆ ماوەى دوو ساڵ 4000 کەس بوون کە مەردانە شانیان دایە بەر دروست بونى قۆناغى نۆى ، ئەوانەشى تا ئێستا موچەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە 300 کەسن , هەموو ئەمانە لە پێناو گەڕانەوەى داهاتى گشتى بووە بۆ هاوڵاتیان … ناکرێت ئێمە باسى بڕینى موچەى خانەنشینى بکەین و نەتوانین لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین .

  بەختیار شارەزورى
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.