Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

پەلاماردانى میدیاى ئازاد

Be First!
by July 18, 2008 گشتی

 هەر وڵاتێك كە تازە دەكەوێتە سەر رێگاى دیموكراسى و ئاشناى دامودەزگاى مەدەنى دەبێت، تا لە ماناو بەهاكاى ئەو سیستەمە تێدەگات، زۆرى پێدەچێت، دیموكراسیەت هەڵگرى كۆمەڵێك تایبەتمەندى خۆیەتى، كە لە هەندێك كۆمەڵگاو لە ژێر سایەى هەندێك دەسەڵاتدا هەزم ناكرێت، هەزمنەكردنیشى زۆرجاران دەبێتە هۆكارى دروستبونى هەندێك رەوش، كە سەرلەبەرى مەبدەئەكانى دیموكراسى هەڵدەوەشێنێتەوەو لە جێگەیدا، دیموكراسى بارگاوى دەكات بە سیناریۆیەك، كە لە قاڵبى خۆى دەچێتە دەرەوەو دەكرێتە بەشێك لەو قاڵبەى، كە سیستەمێكى تۆلیتار "بەڵام فرە رەنگ دروستى دەكات!!"، دیموكراسیەت وەك سیستەم، سیستەمێكە كە دەتوانرێت لە زۆر لایەنەوە فێڵى لێبكرێت، چونكە دروستكردنى كۆمەڵێك دامودەزگاى بە ناو مەدەنى " بەڵام لە هەناودا هەڵگرى مەبدەئەكانى حیزب، كە زۆرجار ئەو مەبدەئانەش دژى دیموكراسیەتە"، دروستكردنى رۆژنامەى بە ناو ئەهلى، دروستكردنى یانەى رۆشنبیران و كۆمەڵە و یەكێتى نوسەران و سەندیكا پیشەییەكان……..هتد، لە ژێر سایەى هەندێك دەسەڵاتدا، بۆ بەردەوامیدان نیە بە گەشەى دیموكراسیەت، بەڵكە بە پێچەوانەوە، هەوڵێكە بۆ لەكەداركردنى، چونكە ئەم دامەزراوە بە ناو مەدەنیانە، كە لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا دادەمەزرێن، ناتوانن ببنە گروپى فشار لە سەر تەواوى كاروبارو ناعەدالیەتیەكانى دەسەڵات.
 ئێمە ئەگەر كۆمەڵگاى كوردى بە نمونە وەر بگرین، دەبینین سەرەڕاى هەبونى ژمارەیەكى یەكجار زۆر لەو دامودەزگایانە، بەڵام هێشتا گروپێكى فشار دروست نەبووە، هێشتا لە روى مەدەنیەتەوە كۆمەڵگاى كوردى نەیتوانیوە بگاتە ئاستێك، كە تاك رۆڵى هەبێت چ لە روى ئەرك و چ لە روى مافەوە، ناتوانێت وەك تاكێك كە دروستكەرى هێزى جەماوەرى بێت، رۆڵێكى وەهاى هەبێت كە هەست بەبونى خۆى بكات، كەواتە دیموكراسیەت لە ژێر سایەى دەسەڵاتى كوردیدا، دیموكراسیەتێكى درۆزنە و پراوپڕە لە چەواشەكارى و بە وەهمكردن و بە پیرۆزكردنى كەسەكان، كە ئەمەش هیچ كاتێك لەگەڵ دیموكراسیەت یەكناگرێتەوە، دەشىَ بڵێین دیموكراسیەت لە كوردستاندا، بەر لە هەموو شتێك مەرگى خۆى راگەیاندوە.
 مەرگى دیموكراسیەتیش دەبێتە فاكتەرى سەرهەڵدانى تاكرەوى و دروستبونى سیستەمێكى ستەمكارى لە پەیڕەوكردنى دەسەڵاتدا، دەسەڵاتى ستەمكار هەرچەندە بە دیموكراسیەتێكى درۆزنانەش پەردەپۆشبكرێت، بەڵام لە لایەنێك لە لایەنەكانى دیكەوە، روى راستى خۆى هەڵدەماڵێت، ئەوەى كە جێگەى نیگەرانیە، دەركەوتنى روى ستەمكارى دەسەڵاتى كوردییە، چونكە ئەو كاردانەوانەى كە دەسەڵاتى كوردى دەینوێت، بە تایبەت لە بەرانبەر میدیاى ئازاددا "كە ئەو میدیایانەش بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن"، كاردانەوەیەكە كە لە هەناوى ستەمكارییەوە دێتەدەر، كاردانەوەیەك كە هیچ بەهایەك بۆ بنەماكانى دیموكراسیەت دانانێت، دەسەڵاتى كوردى بە دەمبەستكردنى میدیا ئازادەكان، دەیەوێت رێگە بگرێت لە ئاشكراكردنى تەواوى گەندەڵآ و ناعەدالەتیەكانیان، بۆیە دەبینین لە هەموو لایەكەوە هەوڵى پەلاماردانى ئەو میدیایانە دەدات، لە لایەكى ترەوە نەبونى یاسا لەم هەرێمە دیموكراسییەدا!! بۆتە هۆكارى دەروازە كردنەوە بە روى پیاوانى حیزب، كە بە هەموو شێوەیەك پەلامارى میدیا ئازادەكان بدەن و بە دەستى دەرەكى بیانشوبهێنن، كەواتە پرسیار ئەوەیە، پیاوانى حیزب بۆ دەست وەردەدەنە ناو كاروبارەكانى حكومەت و دەبنە دەمڕاستى دەسەڵات و پەلامار دەدەن، كە ئەمەش وەستانەوەیە لە دژى ئەو دیموكراسیەتەى كە ئەم دەسەڵاتە نازى پێوە دەكات.
 میدیاى ئازاد لە كوردستاندا لە ناو مەترسییەكى گەورەدایە، چونكە هەمیشە لە لایەن پیاوانى دەسەڵات و پیاوانى حیزبەوە، هەڕەشەیەكى گەورەیان لەسەرە، میدیاى ئازاد لە كوردستاندا لە ناو واقیعێكدایە، كە گرەو كردنە لەگەڵ ژیانى هەڵسوڕێنەرانى، كەواتە میدیا كاتێك لە ناو دنیایەك سانسۆر و رق و نەزانى پیاوانى حیزب و دەسەڵاتدا كاردەكات، بەر لە هەموو شتێك دەبێت ئەو راستیە بزانین، كە ئەم مۆدێلە لە مامەڵە كردن لەگەڵ میدیاى ئازاد، مامەڵەیەكە كە لە هەناوى جەهلەوە دێتەرىَ و یەكێكە لە ئەركەكانى دەسەڵاتە ستەمكارییەكان، چونكە دەسەڵاتى ستەمكار ترسى لە میدیاى ئازاد هەیە، دەسەڵاتێك كە باوەڕى بە دیموكراسیەت و ئازادى تاك و مافەكانى مرۆڤ هەبێت، هەرگیز ترسى نابێت لە میدیا ئازادەكان، ئەوە دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمكارەكانن ئەو ترسەیان لێدەنیشێت و بەو ترسەوە مامەڵە لەگەڵ راگەیاندندا دەكەن، چونكە دواجار ئەوە دەزانن كە لە بەرانبەر گەندەڵى و ناعەدالەتیەكانیاندا، راگەیاندن دەتوانێت راى گشتى دروست بكات.
 
 Rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next

Leave a Reply