Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

پەنهانی و نادیاری پەیامەكان ؟!! …..تاریق نامیق حەسەن

Be First!
by December 27, 2008 گشتی

 پەنهانی و نادیاری پەیامەكان ؟!! 
     تاریق نامیق حەسەن

 tariqnamiq@yahoo.com
 
 
      ئەگەر بەتەواوی شیعرەكەى شاعیرمان لەبەردەست نەبوایە دەمگوت دەڵێی دەیزانی پاش ئەو هەموو ساڵە بارودۆخ چۆن دەبێ لامان  كە دەڵێ  " بێرە كوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ "  هەڵبەتە سەیران هەندىَ جار بۆ سەیر و سەمەرەش بەكار دی لەناو عاما.
     سەیرو سەمەرەیە میللەتێكی وەكو كورد كە ئەو هەمو قوربانی و باجەی دابێ و خۆی بە دەستی خۆی یاری بە موقەدەراتی خۆی بكات .
 
  قوربانی و شەهیدی بىَ شومار ،
 بەندیخانەو ئازار و ئەشكەنجە ،
 كۆڕەو ، برسێتی ، دەربەدەری،
 
 لەگەڵ هەموو ئەمانە
 پشتگیری نێودەوڵەتی و
  پتر لە 17 ساڵ ئازادى و ئەزموون
 
 هێشتا پەیامێكی دڵخۆشكەر لە بوارەكانی كاركردن نابینرێ و ئەمەش ئەنجامەكەیەتی .
 
  بێ پەیامی و نادیاری پەیامەكان دەردێكی كوشندەیە ، لەناوبەرە واتاكەشی نەبوونی هەموو شتێكە .
 ئێمە دەبا بەردەوام لەپەروەردەكردن و بەهیزكردنی نەوەكان بووینایە ، كەچی لەهیچ بوارێكی كار پەیاممان نییە .
   زۆر دڵتەنگ بووم كە لەیەكێ لە فەرمانگەكان خەلكی ڕژابوونە سەر یەك ، پرسیم ئەوە چی بووە ؟
 كارەكە ئاسان بوو ، بەڵام وەڵام ئەوە بوِ كە ئەم كارمەندە نوێیە و شتێكی ئەوتۆی لێ نازانێ ، باشە دەبێ ئەم فەرمانگەیە هەر ئیستا دامەزرابێ و شتێكی تازە بێ وا هیچی لێ نازانێ و كەسێكیش نەبێ فێری بكات ؟؟!!.
 
  مشت و مرو گوێ مەدەرێ و گوێ دەدەمیێ نێوان دوو فەرمانبەری هاوكاری یەكترم بەر گوێ كەوت  لە دەزگایەك كە دەكەوێتە باشوری شاری هەولێر ، دوای بۆم دەركەوت كە یەكێ لە بەرپرسی بەشەكان لەم كارمەندە چۆتە قین و دەڵێ خوا یەكە و نەبووە بە دوو نەقڵم كردوە و نابێ لێرە بمێنێ ئەگەر هەموو عالەم لێرە كاریان پەكی بكەوێ  ، تەنها لەبەر ئەوەی چارەیی خۆش ناوێ و حەزی خۆی وایە .
 
             ئەمە لەسەر ئاستی تاكە كان با لەسەر ئاستی گشتی دیمەنێ تری ئەم نەگبەتییەتان بۆ باس كەم ،
 هەندێ لە كەناڵەكانی ئاسمانی تەلەفزیۆنی كەسانێك بەرپرسێتییان هەیە كە باوەڕیان تەنها بە لۆژیكی " دەوڵەمەندبوونی بە پەلە و خێرا و كێ لە پێشت ڕاوەستا ڕایماڵەیە و بەرژەوەندی گشتی بە وشەش لە لایان بوونی نییە و قبوڵ ناكرێ " ، لە زۆربەشیان بانێكەو دوو هەوا لە پێناو پارە كۆكردنەوە ی بێ بنەما ، ئەوەتا هەندێكیان لەلایەكەوە دەڵێن " بە باڵای حەوت كوڕم و لەلایەكەوە دەڵێن بە وجاخی كوێرم "، هەندێ جار دادەبەزنە سەر مالكی و جابری و جەعفەری هەر پاش چەند خولەكێك ڕیكڵام بۆ عەرەبچێتی و عروبە دەكەن زیاتر لەوان  تۆ بڵێی بەشەكانیشیان ئاگایان لەیەك نەبێ یان ئەوەتا هەركەس لە بەشی خۆی نان بەشێوەیەك پەیدا دەكات ، ئەو پرسیارەی لێم ئاڵاوە  و بەرۆكم بەرنادا ئەوەیە كە ئایا دەبێ لەم وڵاتە كەسێك ئاگای لەمانە نەبێ كە بەمیزاج ڕەفتار و مامەڵە بەچارەنووسی میللەتێك دەكەن ئەمانە كامە پەیامیانە؟! .
      كات بەسەرچوو بەڵام باهەر بپرسین نەوەكان كام پەیامیان بینیوە ؟ دوا ڕۆژ ئەوان چۆن وڵات لەپاش ئێمەی بێ پەیام بەڕێ دەكەن ؟.
 من نامەوێ قوڵتر بڕۆم بەڵام دەڵێم ئیمە گەلێكین لە هەموان زیاتر پێویستمان بە پەیامە لە كارەكانمان با ئەوەش لە بیر نەكەین  كە  " بێ پەیامی واتای بێ ئاكامی و بێ ئەنجامی دەگەیێنێ " .
     دڵنیاش بن لەسەر ئاستی تاكە كەسیش مێژوو  وەك خۆی دەنوسرێتەوە  و پێویستی بە كەسیش نییە نییەت لە نووسینی بێنێ .
  
 
 

Previous
Next

Leave a Reply