Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

پەڕوپینەی کەشکۆڵی دڕاو بە خمڕێژکردن ناکرێ

Closed
by April 12, 2008 گشتی

هه‌ژین……

بەشی یەکەم: هۆکار و هاندەرەکانی پێکهێنانی PKKK

ئەمە پرسیارێکە و ناوبەناو ، کاتێك کە دەستەیەك لێرە و لەوێ دەکەونە هەوڵی لەخشتەبرن و فریودانی جەماوەری نارازی یەخەمان دەگرێت و وەلامنەدانەوەی زۆرجار بە کەمتەرخەمی مێژوویی دەشکێتەوە.

لەوانەیە هەندێك لە خوێنەران ئاگاداری ئەو سیناریۆیە بن، کە سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق (حککع)، وەك دەرئەنجامی تێکشکانەکانی پاش چەندپارچەبوون و تەکانەوەی زۆرینەی ئەندام و لایەنگرانی، پاش چەندین شەکان و تەکان بەدەم ڕوودا و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکەوە، لە دانیشتنێکی کۆمیتەی ناوەندیدا بڕیاری گۆڕینی ڕێکخراوی کوردستانی خۆی بە پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان (PKKK) دەدەن و پاش چەندین کۆبوونەوە و راگەیاندنی نهێنی و دواجار لە خامەی یەك دوو ئەندامی باڵایانەوە پرسەکەیان خستەڕوو و نووسەری ئەم دێڕانەش ئەوکات بۆچوونی خۆم لەمەڕ پارت بە گشتی و هەولەکەی ئەوان بەتایبەتی دەربڕی. بۆیە لێرەدا خۆم لە تەنگەی ئەو باسانە نادەمەوە و تەنیا سەرنجی خوێنەر بۆ راگەیاندنی پارتە تازەکەیان و چۆنیەتی فێڵکردنیان لە خەڵك دەخەمە ڕوو.

وەك دەزانین چەند رۆژ پێش راگەیاندنی ئەم پارتە، بەڕێزانی سازێنەری ئەم پارتە، لە کۆنگرەی پارتی دایك (حککع) 13.02.2008دا وەك پێشینەی هەموو پارتچییەکان، سەرکەتووبوونی کۆنگرەکەیان راگەیاند و لە رێکەوتی 15.03.2008دا بەرواری 15-3-2008 بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی حزب لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و بە بەشداری وەفدی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە پێکهاتبوو لە ڕێبوار ئەحمەد سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی و محەمەد عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بە ئامادەبوونی ئەسەدی گلچینی نوێنەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران- حیکمەتیست، و بەشداری ژمارەیەک میوان کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست.* سەرکەوتووی کۆنگرەی دامەزراندی پارتی نەوزاد راگەیێنرا!1

پێش هەموو شت دەمەوێت، ئەو پرسیارە لە خوێنەر بکەم، ئایا تائێستا بیستووتانە کۆنگرەی هیچ پارتێك بە ناسەرکەوتووی کۆتایی هاتبێت؟ ئەوەش لەبەر ئەوەنا کە سەرکەتوو بووە و دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە سەراپای کۆنگرەی گشت پارتەکاندا بەشداربووان تەنیا چەپڵەلێدان بۆ دامەزرێنەر و بریاردەرانیان لەسەرە!

هەروەها ڕێبوار ئەحمەد کە ئەندامی کۆمیته‌ی ئاماده‌کاریی بۆ دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان 2 بوو، کەچی لێرەدا وەك نوێنەری پارتی دایك بەشدارە، ئەمە لە کاتێکدا کە هێشتاکە ئەو کۆمیتەیە لە ئەنجامدانی کارەکانی نەبووەتەوە و کۆنگرە کۆتایی نەهاتووە! هەروەها زۆرێك لە ئەندامانی تری کۆمیتەکە و هەڵبژێردراوانی نووسینگەی رامیاری و کۆمیتەی ناوەندی پارتی تازە، هەمان نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی پارتی دایکن، لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دایکدا! ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، لە کاتێکدا کە ئەندامانی کۆنگرەی دایك دامەزرێنەرانی ئەم پارتەن و ئەندامانی رابەرایەتی ئەم پارتە ئەندامانی پارتی دایکن، ئیتر چ پێویستی بەم سیناریۆیە دەکرد؟ زۆر بە ئاسانی دەکرا (حککع) بگۆڕن بە (PKKK)ە و ئیتر پێوسیستی بەم هەموو بێنەوبەردە و سەرئێشەیە نەدەکرد و خەڵك کەمتر دردۆنگتر لێتانی دەڕوانی. بەو شێوەیە دەتانتوانی وەك سۆشیال- دیموکراتێکی چەپ، ببنە ئەڵتەرناتیڤی (PKK) لە باشوری کوردستاندا و (ك) کافێکیشتان لەوان زیاتر بێت!

پرسیارێکی تر ئەوەیە، هێشتاکە پارت دانەمەزراوە، لە کۆنگرەی دامەزراندنیدا، نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی کامە پارت لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەشداری دامەزراندنەکەی بوون؟ کاتێك کە پارت هێشتاکە بوونی لە ئارادا نییە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا ڕێکخستنی لە کوێ بوو؟

پاش وتاری کردنەوەی کۆنگرە و وتاری نوێنەری پارتی دایك، پەیامی (حککا- ح) 3 پارتی پورزا لە لایەن  زمناکۆ عەزیز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دایکەوە خوێندراوەتەوە و پاش هەمووان میوانە بەڕێزەکان، لێرەدا بێناوی میوانە بەڕێزەکان، پرسیارێك دەچەقێنێتە چاومان. چونکە ئەوەی وێنەکانی کۆنگرەی دیتبێت، ئەوە دەزانێت کە بێجگە لە خودی ئەندامانی (حککع) واتە پارتی دایك کەسی دی لێ نەبووە! ئەمە چیرۆکی کابرای بەدبەختم وەبیر دێنێتەوە، کە ویستوویەتی لاسایی بەگی گوندەکەیان بکاتەوە و رووی لە ژن و منالەکانی کردبوو و وتبووی "وانییە جەماعەت؟".

هەموومان دەزانین کە پارتی دایك (حککع) بە بڕیاری پلینۆمێکی (حککا) پورەپارت دامەزرا و بە پاگەندەی ئەوان کرا بە هێزی سێیەم و بە بریاری ئەوانیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەڵبژارد، کە تێیدا وەها ڕسوابوون، تاماون هەر دەبێت خۆزگە بەپار بخوازن. بۆیە دەتوانین بەدەر لە تێڕوانینمان بۆ پارت و نەزۆکی پارت، بەری ئەم هەوڵەشیان هەر لە ئێستاوە بدەینە دەست، کەوا وەك تەوق دەچێتە ملیان و تاماون ناتوانن لەژێر باریدا دەرچن و لەبری خۆزگە بە پار خواستن، دەبێت خۆزگە بە دانەمەزراندنی بخوازن! چونکە ئەمەش فیدراسیۆنە کاریکاتۆرییەکەی کرێکارانی کوردستان نییە، کە بۆ شاردنەوەی کارەچەپەلەکانیان – لەوانە لەناوبردنی یەکێتی بێکاران لە کوردستان و کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان و تیپە شانۆیی و کۆڕ و کۆبوونەوە و ناوەند هونەرییەکان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و هیتر – قوتیانکردەوە و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو بەیانننامە و ئۆرگانەکانیان شاردەوە. ئەورۆکە سەردەمی زانیاری تەکنۆلۆژیاکانە و ئەوەی کەوتە زارێ دەگاتە دواقوژبنی جیهان و نکۆڵیلێکردنی ئەستەمە!

وەك سەرەتا پەنجەم بۆ راکێشا، مەبەستی من ئەوە نییە، بچمە نێو برگەبڕگەی بەیاننامە و بلاوکراوەکانیان، بەڵکو تەنیا دەرخستنی دەستەکەیانە. ئەوان کە لەسەرەتادا دەیانوت ئەمە گۆڕینی ڕێکخراوی کوردستانی ئەم پارتە نییە بە پارتۆکەیەکی تر، بەلام وەك دەبینین لە کۆنگرەی دامەزراندا ئەوە نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی حزب لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان ن، هۆڵی چۆڵی کۆنگرە پردەکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەش وێنەکانی نێو هۆڵی کۆنگرە فرەتر لە وێنەی کۆڕێکی ماتەمینی دەچن، کە ئەمەش بەرهەمی تێڕوانینی لینینستانەیە بۆ ڕێکخستن و پلەبەندی و قەرەقوشی کۆمیتەی ناوەندییە، کە ئەندامی گوێرایەڵ و دەستەمۆ و بێ قسە بەرهەمدێنێت، هەر بۆیە کۆنگرەی گشت پارتەکان بەسەرکەتوویی و بێ ڕەخنە و وەلامدانەوە کۆتایی دێت و ئەرکە مێژوویەکەشی کە هەڵبژاردنی دەستەیەکە بۆ فەرماندان و بەڵێنوەرگرتن لە پاشماوەی ئەندامان بە گوێڕایەڵکردنیان بۆ فەرمانەکانی لیدەر و سکرتێر و رابەر و نووسینگەی رامیاری و کۆمیتەی ناوەندی و چی و چی تر.

دەرکنەکردنی ئەم راستییەیە کە زۆربەی ئەندامانیان کۆنگرە بۆ کۆنگرە لە خۆشباوەڕیدا دەژین و خەون بە کۆمەلایەتیبوونەوە لەناو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا دەبینن و ئەم خەونە دوو سەدەیە بۆیان نایێتەدی و بەرەنجامی چوونە نێو هەرپارتێك، دابران و گۆشەگیری بووە لەو بزووتنەوانەی کە کلیلی دەرگەی کۆمەڵگەی داهاتووی مرۆییان لەدەستدایە.

کۆنگرە بە سەرکەتووی کۆتایی دێت و مێشێك نابێتە میوانی کۆمەڵگە، تەنانەت بەرادەی خوتبەی مەلای مزگەوتێك نابێتە پرسی نێو ناوەندەکانی راگەیاندن! پاش ئەمە نۆرەی خشکەیی پەیوەستبوونی بەیاننامەى پەیوەستبوونى ڕێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق  بەحزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى کوردستانەوە! ………….. کۆمیتەى ڕابەرى ڕێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق کۆتایى مارسى 2008 4  ناوەڕۆکە بە ڕوخسارەوە. دەکرێ بپرسین لە کاتێکدا نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی گشت شار و شارۆچکەکانی کوردستان، کە هەردەکەنەوە ڕێکخراوى کوردستانى (حککع) و ئەگەر وردتریشی بکەینەوە هەر دەکەنەوە زمناکۆ عەزیز، کە لە کۆنگرەی دامەزرێنەردا وتاری پارتی پورزا دەخوێنێتەوە، ئەگەر ئامانج خۆڵکردنە چاوی خەڵك نییە! بۆچی هەر لەوێ بە پارتبوونی خۆیان رانەگەیاند؟

تائێرە لە پێشەکی فیلمێکی گاڵتەجاری دەچێت و کاتێك کە دەچینە سەر پەیامی ئەم بەچکە پارتە کە بەیانی سەربەخۆیی کوردستان (پێشتر مەنشوری سەربەخۆیی کوردستان)5، ئیتر لەگەڵ دیتنی فیلمێکی تراژیدی- کۆمیدی بەرەوڕوو دەبینەوە و ناتوانین بەر بەهاتنەخوارەوەی ئەسرینی بەزەیی بۆ سەرلێشێواوی ئەو بەڕێزانە بگرین.

بزووتنەوەی شورایی لە کوردستاندا وەك دەرەنجامی ڕاپەڕینی ئازاری 1991ی گەلانی عیراق سەریهەڵدا و  لەو کاتەدا کۆمۆنیزمی کارگەری لە شورایی کرێکاری – هەڵبەتە بە ناوەڕۆکی کۆمیتەی پارتییەوە- کەمتری نەدەخواست و شورا گەلییەکانی بە هەوڵی ناسیونالیستانە دەچواند و راپەڕینیش هەڵچوونێکی دواکەوتووانە6. ئەوکات ناسیونالیزم شەرمەزاری بوو بۆ مرۆڤایەتی، کەچی کاتێك کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ڕسوابوون، کەوتنە بانگەواز بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەرچۆن ئەورۆکە مەنشوری سەربەخۆییەکەی دەکەنە پلاتفۆرمی پارتی ساوا. لەولاشەوە پارتی دایك لەسەردەمی ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا بانگی کۆتاییهاتنی ستەمی نەتەوەیی لەسەر کوردان دەدا. ئەوا ئەوڕۆکە هەر ئەو کەسانە و هەر ئەو پارتە و هەر ئەو رابەرایەتییە و هەر ئەو کۆمۆنیزمەی مەنسوری حیکمەت، مەنشوری سەربەخۆیی کوردستان پاش پێنج ساڵ نەمانی ستمەی نەتەوەیی – خۆیان واتەنی- دەنووسنەوە و هاوتای دەکەن بە پەیامی سۆشیالیستی!
درێژەی هەیە…….
08.04.2008

پەراوێزەکان

* ئەوەی هێڵی بەژێردا هاتووە، لە مەڵپەڕی خودی ئەم پارتە و بلاوکراوەکانی وەرگێراوە، هێڵەکان لەمنەوەن.

1-  کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرکەوتوانە کۆتاییهات
http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/bayan/kotayKongra.htm

2- به‌یاننامه‌ی ڕاگه‌یاندنی کۆمیته‌ی ئاماده‌کاریی بۆ دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
http://www.kurdannet.com/show.php?id=631
به‌یاننامه‌ی ئاماده‌کاریی بۆ دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
http://www.oktoberr.org/2007/09/post_333.html

خوێنەر لەم دوو لینکەدا دەتوانێت بەراوردی نێوی نوێنەرانی کۆنگرە، نێوی قسەکەرانی کۆنگرە، نێوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، نێوی ئەندامانی نووسینگەی رامیاری هەردوو  پارتی دایك و پارتی بەچکە بکات:
http://www.hkkurdistan.org/gshty/k4hhkiraq/bayan-xitami-ba-kurdi.pdf
http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/bayan/kotayKongra.htm

3- لەبەر ئەوەی کە پارتی دەستەخوشك، (حککا)یە و (حککا-ح) لەوان جیابوونەتەوە، ئەوا بەپێی درەختی خێزانی دەبێتە پارتی پورزا.

4- بەیاننامەى پەیوەستبوونى ڕێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عێراق
http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/babaty-dway-kongra/pewastbuni-rexrwy-k.htm

5- مه‌نشوری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
http://dengekan.info/dengekan/news/1053.html
به‌یانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
 
http://www.hkkurdistan.org/gshty/kongrayDamazrandn/bayan/bayany-serbaxoy-kurdstan.htm

6- بڕواننە نووسینەکانی ئەوکاتی فراکسیۆنی (ک.ک) نێو پارتی کۆمۆنیستی ئێران(حکا) و بەدیاریکراوی نووسینەکەی ئیرەجی ئازەرین (تراجیدی ناسیونالیزمی کورد). زۆر بەدوای ئەم نووسینەدا گەرام، بەلام بەداخەوە، ئەم نووسینە کە کاتی خۆی پاش کۆڕەوەکە، کە وەك سرودە ئایینیییەکان دەرخ دەکرا، کەچی ئەوڕۆکە بۆ دەرمانیش دەستناکەوێت، چونکە نووسەرەکەی لە تەریقەتی مەنسوریزم لایداوە. بەوجۆرەش سرودە ئایینییەکانیشی پیرۆزی خۆیان لەدەستدا.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.