Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

چاوپێكەوتنەكەى كاروان كاكە سوور

Comment

    ئیدریس عەلى……

 چاوپێكەوتن هونەرەو بەیەكێك لە كۆڵەكە بنچینەییەكانى رۆژنامەگەرى ناوزەد دەكرێت، چونكە زۆر جار لەرێگەى ئەم رەگەزەوە كەسى بەرامبەر واتە ئەو كەسەى چاوپێكەوتنى لەگەڵدا دەكرێت دەوروژێنرێتو لەڕێگەى پرسیارە ئاڕاستە كراوەكانەوە، زانیارىو مەعریفەو دنیا بینى خۆى راڤە دەكات، كە رەنگە پێشتر وەك نووسین لەلاى خۆى فۆرمەڵە نەبووبێتو نەكرابێتە پرۆژەیەكى ئامادەكراو.
 لەهونەرى چاوپێكەوتندا كەسى ئەنجامدەر، پێویستە پێشتر ئەو بابەتەى ئامادە كردبێت كە بەنیازە پرسیارى لەبارەوە بكاتو بزانێت كىَ هەڵدەبژێرێت بۆ ئەومەبەستە، چونكە ئیدى پرسیارەكان دەبنە ئەو كلیلە سیحرییەى كە كۆمەڵێك دەرگا لەرووى بەرامبەر دەكاتەوە كەرەنگە پێشتر خۆى دركى پێنەكردبێت، بەڵكو كەسى پرسیاركەر و چۆنییەتى پرسیارەكانى وا لەبەرامبەر دەكات هەست بەوە بكات كە لەكۆمەڵێك دەرگاوە دەچێتە ژوورەوە كە پێشتر وێناى نەكردوە لەزهنى خۆیدا، بە مانایەكى دیكە، كەسى بەرامبەر تا بەر پرسیارەكان نەكەوێت ئەو هێزە رۆشنبیرىو مەعریفە قوڵو زانیارییە وردو درشتانە نابینێتەوە لەخۆیدا.. بەلام سیحرى گفتوگۆ ئەو هێزە پەنهانە كەشف دەكات.
 ئەگەر نمونەى ئەو چاوپێكەوتنەى نووسەرو رووناكبیر ( كاروان كاكە سوور) وەربگرین كە ( دانا فایەق) لەگەڵیدا ئەنجامیداو بەهەشت بەش لە (ئەدەبو هونەر) دا، بڵاوكرایەوە، دەگەینە راستى ئەو مەسەلەى لەسەرەوە  باسمانكرد، دانا  بەو پێیەى خۆى چیرۆكنووسێكى بەسەلیقەیەو پاشخانێكى باشى رۆشنبیرى هەیە، شێوازى داڕشتنى پرسیارەكانىو  ئەو بابەتو گرفتە ئەدەبیانەى بەشێوەیەكى وردو وروژێنەر ئاڕاستەى (كاروان) كردووە، كەوەك ئەوە وایە كلیلى كۆمەڵێك دەرگاى دابێتە دەست بۆ چوونە ناو چەندین بابەتى ئەدەبىو رۆشنبیرى گرنگ كە خوێنەرى ئەدەبى ئێمە لەرۆژگارى ئەمڕۆو رەوتى رۆشنبیرماندا پێویستییان بەوەڵامى قوڵو جیاواز هەیە لەسەرى، ئەوەى لەم هەشت بەشەى چاوپێكەوتنەكەدا، خوێنەرێكى زۆرو زەوەندى جدى راگرت، بەتەنها گرنگى پرسیارەكان نەبوو، بەڵكو نیشاندانى ئەو ئاستە بەرزەى رۆشنبیرىو مەعریفیى (كاروان) بوو لەڕێگەى وەڵامدانەوەى پرسیارەكانەوە، دەنا هەمان ئەو پرسیارانە بدێتە  نووسەرێكى دیكە، رەنگە وەڵامەكانى وەك پێویست نەبێت، بەشبەحاڵى خۆم لەیەكەم بەشیەوە تا دواینى، بەوردى متابەعەم دەكردو لەهەربەشێكدا هەستم دەكرد بەر ئەو دنیا قوڵو فراوانە فكرىو رۆشنبیرىو فەنتازیەى ئەم رووناكبیرو نووسەرە دەكەوم، ئاخر پێشتر بەر زۆرێك لە رۆمانو نووسینو چیرۆكەكانى (كاروان) كەوتبووم، هەر ئەو كاتەش دڵنیابووم لەپشت ئەم تێكستە مەزنانەوە، جیهانێكى قوڵ لەروانینو ئاستێكى بەرز لەمەعریفەدا هەیە.. دەمزانى ئەو زمانە سیحرىو خەیاڵە فراوانەى دەق درووستدەكەن، ئەشێت ئاستێكى جیاواز لەهونەرى بیركردنەوەو تێڕامانو رۆچوون بەنێو دەریاى مانادا لەپشتییەوە وەستابێت، بەتایبەت لەهەندێك بڕگەدا، چوارچێوەى پرسیارەكانى فراوانتر دەكردەوەو دوورترو قوڵتر بۆ بابەتەكان دەچوو كە رەنگە خوێنەرو ئەنجامدەرى چاوپێكەوتنەكەش وەها چاوەڕوانییەكیان نەبووبێت بۆ تێگەیشتن لەپرسیارەكەو فراوانكردنەوەى مەوداى وەلامدانەوەكان.
 بەڕاى من ئەگەر پێشتر كاك (كاروان) خۆى ئەو پرسیارانەى لەخەیاڵدا بوایە، رەنگە ببوایە بەكەڵكەڵەى كتێبێكو ئەوكاتە بەهاو گرنگییەكى زیاترى دەدا بەبابەتەكەى، ئەمە ئەوەناگەیەنێت لەبەهاى ئەم چاوپێكەوتنەى كەمبكەمەوە، چونكە ئەوەیش گرنگى خۆى هەیە، بەڵكو دەمەوێت باس لەسیحرى پرسیارو گرنگى هونەرى چاوپێكەوتن بكەم كە چۆن بەرامبەرەكەت دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەكى باڵاترەوە، كەوەك ئاماژەم پێدا ئەوە پرسیارەكانن بەرپرسیارێتى وەڵامى قوڵو جدى دەخەنە ئەستۆى كەسى وەڵامدەرەوە، ئەوەش كەسى بەرامبەرە بەو قووڵییە لەماناى پرسیارەكان دەگاو خوێنەر دەوڵەمەند دەكات بەمەعریفەى وەڵامەكانى، من دەزانم كاتێك بۆ ئەم چاوپێكەوتنەبە(كاروان) وتراوە، جۆرە بەرپرسیارێتییەكى نیشانداوە، پاشان كە بەر پرسیارەكان دەكەوێت، ئیدى دەكەوێتەوە خۆىو بەشێوەیەكى فراوانتر خۆى ئامادە دەكاتەوە.. ئێمە رۆژانە لەگۆڤارو رۆژنامەكاندا بەر چەندین چاوپێكەوتن دەكەوین بەناوى ئەدەبەوە، دەیانخوێنینەوە بەبىَ ئەوەى زەڕەیەك زانیارى بخەنە سەر ئەوەى كە خۆمان دەیزانین، دەیانخوێنینەوەو جگە لەقسەى سەتحىو رستەى پەخشانئامێزو سۆزى شاعیرانە هیچ نایەتە عەقڵمانەوە، بەڵام خۆشبەختانە نووسەرو رووناكبیرێكى وەك (كاروان كاكە سوور) لەنێو جەنجاڵییەكانى ئەو پەڕى دنیادا، شێوازێكى دیكە لەوەڵامى چاوپێكەوتنمان نیشاندەدات، خەیاڵمان فراوان دەكات بەكۆمەڵێك چەمكو تێزى نوێى ئەدەبىو رۆشنبیرىو ئاشنامان دەكات بەبەرپرسیارێتى ئەدەبى، كە پێموابێت هێندەى كتێبێكى دەگمەنو دانسقە سوودمان لێوەرگرت.
 

Previous
Next

Leave a Reply