Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌ریوان وریا قانع سه‌باره‌ت به‌ ساته‌کانی شیعر

Be First!
by May 9, 2008 ئەدەب

مەریوان وریا قانیع: شیعر میقاتکردنى ترپەکانى دڵى شاعیرە لەسەر ترپەى لێدانەکانى دڵى زەوى….

سازدانى زانیار محەممەد……

ساتەوەختێک گشت شتێک لەدەستدەدات، ناهاوسەنگییەک گەردوون دەهەژێنێت، بێماڵییەکى بەردەوامو دڵشکانى گەورە رووی تێدەکات، ئەو هانا بۆ شیعر دەبات. مەریوان وریا پتر وەک رۆشنبیرێک ناسراوە، وەلێ خاوەنى دەیان شیعرى ناوازەیە. سەربارى تێگەیشتنو رۆشنبیرییە قووڵەکەى بەرانبەر بە شیعر. لەم چاوپێکەوتنەدا کە پرسیارەکانو وەڵامەکان پتر نزیکن لە فەزاى شیعرەکانییەوە، باسى چرکەساتەکانى شیعرنووسینو پەیوەندى ریشەیى نێوان شیعرو منداڵى، شیعرو مەنفا، شیعرو گوناه، شیعرو زمان، شیعرو خود دەکات.

هاوڵاتى: دەڵێیت "هەندێک ئاراستەو دۆخو ساتەوەختى تایبەتى ژیان هەن تەنیا شیعر دەتوانێت شتێکى ماناداریان لەسەر بڵێت، تەنیا شیعر لەتوانایدایە دەستیانبگرێتو بیانخاتە سەر رووبەرى لاپەڕە سپییەکان، شیعر دەتوانێت لە کپبوونێکى ئەبەدى ڕزگاریان بکات". بەسەرهاتى نووسینى شیعر لاى تۆ لەم تێزەوە دەست پێدەکات؟ ئایا شیعر گوتنى نەگوتراوەکانە؟

مەریوان وریا: ئەگەرچی تا ئێستا ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت شیعر گوتنی شتە نەگوتراوەکانە، بە چەندان شێوە باسو تیوریزەکراوەو لەمبارەیەوە دەیانو سەدان لاپەڕە پڕکراوەتەوە، بەڵام من باوەڕم بەوە نیە ئەدەب بە گشتیو شیعر بە تایبەتی کاریان ئەوەبێت تەنیا شتە نەگوتراوەکان بڵێن. وردتر بدوێم ناکرێت هەموو ئەزموونە ئەدەبیو شیعرییەکان کورتبکەینەوە بۆ ئەو ئەزموونانەی لە دەوری ئەم تێزە تایبەتە بۆ شیعرو بۆ ئەدەب دەسوڕێنەوە. کاری سەرەکی شیعر لاى من ئەوەیە لەباتی شتە نەگوتراوەکان شتە تایبەتەکان بڵێت. ئەو شتانە بڵێت کە ئینسان لەنێوان خۆیو خۆیداو لەنێوان خۆیو ئینسانەکانی دیکەو لەنێوان خۆیو دنیادا بەشیاندەکاتو بەشیانناکات، دەوێرێو دەیەوێو دەتوانێت باسیانبکاتو ناوێرێو نایەوێو ناتوانێت باسیانبکات، هەندێکجار دەتوانێت دەستیانبگرێتو بیانپەڕێنێتەوە بۆ سەر لاپەڕە سپییەکان هەندێکجاری تر لە قووڵاییەکی نادیاری ناو خەیاڵو عەقڵو هەستدا دەمێننەوەو ناتوانن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ هاتنە دەرەوەو ئاشکرابوونیان. بە کورتی شیعر بریتییە لە هەوڵدانی ئینسان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ گەیاندنی ئەوەی لە قووڵاییەکانی خوددا، لە قووڵاییەکانی بووندا، لە قووڵاییەکانی مێژوودا هەیە بیانگوازێتەوە بۆ ناو قوڵاییەکانی زمان. بێگومان ئەم شتانە تەنیا شتی نەگوتراو نین، کۆمەڵێک دیاردەو هەستو لێکدانەوە نین کە بەر لە تۆ کەسیتر نەیگوتبن، بەڵکو هەموویان ئەو شتە زۆر تایبەتانەن کە بوونەتە بەشێکی گرنگی کێشەى ئینسان لەگەڵ خودی خۆیو لەگەڵ بوونو لەگەڵ مێژوودا. واتە شیعر منداڵی زاتێکە لە ساتەوەختی کرانەوەیدا بە رووی خۆیو بە رووی دنیاو بە رووی بوونو بە رووی زماندا. لە هەموو ئەم دۆخانەشدا شیعر پێشوەخت شتێکمان لەسەر قووڵاییە ڕۆحییەکانی شاعیرێک پێدەڵێت، ئینجا لەسەر ئەو شتانەی تر کە دەکەونە دەرەوەی زاتی ئەو شاعیرەوە. لەشیعردا شاعیر یەکەمجار لەبەردەمی خۆیدا رووتدەبێتەوە، ئینجا لە بەردەمی زمانو دوای ئەوە لەبەردەمی دنیادا. بێگومان ئەم ریزبەستنە شێوەی یاسایەک ناگرێتەخۆی بۆ ئەوەی هەمیشە بەو شێوەیە بمێنێتەوە، زۆرجاریش زەحمەتە رووتبوونەوەی شاعیر لە بەردەمی خۆیدا لە رووتبوونەوەی لە بەردەمی زمانو لە بەردەمی دنیادا لەیەکدیجیابکەینەوە. من کە ئەم ریزبەستنە بەمشێوەیە دەنووسم دەمەوێت پێ لەسەر ئەو پەیوەندییە شەخسییە داگرم کە لەقووڵایی هەموو قەسیدەیەکی راستەقینەدا ئامادەیە. پەیوەندییەک کە شیعر دەکاتە ئەزموونێکی تایبەتو جیایدەکاتەوە لە ئەزموونی کەسانی ترو لەو ئەزموونانەش کە دەکەونە دەرەوەی شیعرەوە.
من هەرگیز شیعرم لەپێناوی نووسینی شیعرداو لە پێناوی بەرهەمهێنانی ماناو لە پێناوی دروستکردنی جوانیو شتی دیکەی لەم بابەتەدا نەنووسیوە، شتە دەرەکییەکان هەرگیز منیان بەرەو نووسینی شیعر نەبردووە، هەر دیاردەیەک، هەر ساتەوەختێک، هەر کەوتنو هەستانەوەیەک نەبووبێتە نەبزێکی ناوەکیو ئارامی منیان لەناوەوە تێکنەدابێت، نەبووەتە شیعر. دەزانم زۆر شاعیر هەن بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ شیعردا ناکەنو شیعر وەک جۆرێک لە کار، وەک بەشێک لە ژیانی رۆژانە، یان وەک هەوڵدانێک بۆ بەرهەمهێنانی جوانیو مانا مامەڵەدەکەن. بەڵام من بەمشێوەیە لەگەڵ شیعردا ناجوڵێمەوە. شیعر لای من هەمیشە لە پێداویستییەکی ناوەکییەوە هاتووە، لەوەوە هاتووە کە بووەتە تاقە شتێک بۆ راگرتنی هاوسەنگی تێکچووی نێوان خۆمو خۆم، خۆمو دنیا، خۆمو شتەکانی دەوروبەرم. تا بۆشمکرابێت هەوڵمداوە شیعر نەنووسم، هەمیشە هەوڵمداوە ئەم هاوسەنگییە بەشتی تر جیا لە شیعر لەگەڵ خۆمو لەگەڵ دنیاو لەگەڵ دەوروبەرمدا ڕێکبخەمەوە. گەر هاوسەنگیم بە تەماشاکردنی یارییەکی تۆپیپێ گەڕابێتەوە، یان بە پیاسەیەکی ئێواران، یان بە خوێندنەوەی تێکستی ئەدەبیو فیکری، ئیدی شیعرم نەنووسیوە. ئەگەر سەفەرێک، ئەگەر دانیشتن لەچاخانەیەکدا، ئەگەر تەماشاکردنی فیلمێک دنیای ناوەکی منیان بە شێوەیەکی ئارام رێکخستبێتەوە هەرگیز شیعرم نەنوسیووە، بەڵام گەر هیچشتێک دادینەدابێت، گەر نائارامییە رۆحییو دەروونییەکان بە هیچ چالاکییەکی رۆژانە نەگەڕابنەوە سنوورە ئاساییەکانی خۆیان، گەر ئەو پەیوەندییەی من بە دنیاوە دەبەستێتەوە لە سیفەتی شڵەژانو بورکان ئاسای خۆی نەکەوتبێت، ئەوکات شیعرم نووسیوە. ئەوکات پەنام بردووەتە بەر ئەو دواهەمین پەناگایەی کە دەتوانێت لەگەڵ خۆتو لەگەڵ دنیاو لەگەڵ بووندا بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت بتکاتەوە بە دۆست. بەم مانایە شیعرنووسین لای من شتێکە وەک کوژانەی ئاگرێکی گەورە وایە، یان وەک ڕێگرتن لە نەخۆشکەوتن، یان لە ئیفلیجبوونێکی رۆحی، یان زۆر بە سادەیی لە خۆکوشتن. هەر ئەمەشە وایکردووە تەواو باوەڕم بەوەبێت کە شیعر دەربڕی ساتە هەرە دەگمەنەکانی ژیانە، دەربڕی ئەو ساتانەیە کە هیچشتێکی دیکە لە بووندا دادی ئینسانیبوونمان نەدات شیعر نەبێت.
شیعر ئەزموونکردنی ئینسانبوونە لەو ساتانەدا کە ئینسان شتێکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێتەوە ئینسانبوونی خۆی پێ بسەلەمێنێتو بەرجەستە بکات شیعر نەبێت. شیعر بەم مانایە دوایەمین تەقالای منە بۆ پاراستنی ئینسانبوونی خۆم. واتە شیعر بە پلەی یەکەم پەیوەندییە، ئەو پەیوەندییەی ئینسانێک لە بەردەمی خۆیدا دەکاتە ئینسانو دنیاش دەکاتە شوێنێک پڕ ئولفەتو پڕ خۆشەویستی یان پڕ ڕقو پڕ نەفرەت. کاری شیعر بە پلەی یەکەم هەوڵدانە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئینسانیتر لەگەڵ زات خۆیو لەگەڵ دنیاو لەگەڵ بووندا. مەبەستم لە پەیوەندی ئینسانیتر پەیوەندییەکی هێمنتر، پڕ سۆزو مەحەبەتتر نیە بە تەنیا، بەڵکو پەیوەندییەکە دەکرێت قەسوەتو دڵڕەقیو ڕقیش بەشێکی گرنگو دەستنیشانکەری بێت. واتە پەیوەندییەک بێت ژیانی تێدابێت، ساتەوەختەکانی چڕبووبنەوە، بوونی گواستبێتەوە بۆ ناو شتە بچووکو بەرچاوەکان، ئەو شتانەی رۆژانە تووشمان دەبن بەڵام زۆرجار قووڵاییە تاریکو پڕ درەوشانەوەکانیان نابینین. ئەمە وادەکات من شیعر بە پلەی یەکەم وەک ئەزموونێکی ژیانى تەماشابکەم، نەک وەک ئەزموونێکی فیکریی.
بێگومان شیعر جوانترین گەمەی ئینسانیشە لەگەڵ زماندا. شیعر فیکر نیە، رۆح نیە، جوانی نیە، بەڵکو یارییە لەگەڵ زماندا. یارییە لەگەڵ ئەو ئامرازە ئینسانییە سیحرییەدا کە سنوورەکانی بیرکردنەوەو خەیاڵو دەربڕین دەستنیشاندەکاتو لە یەککاتیشدا بڕێکی زۆر لە ئاڵۆزیو سادەیی بە ئینسانو دنیاو شتەکان دەبەخشێت. شیعر گەمەی زمانە لەگەڵ خۆیدا لەو ساتەوەختە دەگمەنانەدا کە زمان ناتوانێت هەقیقەتەکانی خۆی بژی بەبێ خۆبارگاویکردن بە زمانی تر، بەبێ دروستکردنی چەندان زمانی تر لەناو زمان خۆیدا. ئەگەر زمان وەک هایدگەر دەڵێت "ماڵی وجود" بێت، ئەوا گەمەکردن لەگەڵ زماندا گەمەکردنە بە وجود تا بچووکبوونەوەی بەقەد ماڵێکو گەمەکردنە بە ماڵ تا گەورەبوونی بەقەد وجود. شیعر ئەو سەفەرە بەردەوامەیە لە نێوان زمانو ماڵو بووندا. کردنی وجودە بە ماڵو کردنی ماڵە بە زمان، یان بە پێچەوانەوە کردنی زمانە بە ماڵو کردنی ماڵە بە وجود. بەڵام هەرهەموویان لە ساتەوەختی کورتی داگیرسانو درەوشانەوەدا، دەنا زەحمەتە زمان بچێتە شوێنی ماڵو ماڵیش بچێتە شوێنی وجودو شیعریش بچێتە شوێنی هەموویان. ئەوەی کە مەحاڵە مامەڵەکردنی ژیانە وەک شیعر. بە کورتی بەبێ لەتلەتبوونی زمان لەناو خۆیو لەناو ئینسانو لەناو وجودا بە جۆرێک کە نەکرێت ئەو لەتانە لە یەکەیەکی لۆژیکیو عەقڵانی گشتیدا کۆبکرێنەوەو کۆنتڕۆڵبکرێن، هەموو قسەکردنێکمان لەسەر شیعر قسەکردنێکی نووقسانە. ئەم شتانەن وادەکەن من شیعر بە توندی بە ئەزموونی ئینسانبوونەوە ببەستمەوە، بەو ئەزموونەوە کە هەر ساتێک رەنگو سەداو ماناو ئاراستەیەک وەردەگرێتو لە هەرساتێکیشدا شوێنێکی تر داوادەکات بۆ ئەوەی ببێت بە ماڵی وجود، ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە سیفەتو رەنگو روویەکی فەردیو شەخسی پەیدادەکاتو راستەوخۆ پابەستە بە ژیانو ئەزموونی شاعیرەوە وەک تاکە کەسێکی دەگمەن لەناو وجودا. ئەمە وادەکات شیعر هەرگیز وەک گەڕان بە دوای کۆمەڵێک مانای نەمرو جەوهەری نەگۆڕو بابەتی ئەبەدیدا نەبینم، بە دوای ئەو شتانەدا کە دەکەونە دەرەوەی کاتو دەرەوەی ئەزموونو دەرەوەی ئامادەگی سەرچڵانەی ئینسان لەناو تاریکاییو ڕوناکییەکانی ژیاندا. شیعر کارێکی نائەفڵاتونییە بە پلەی ئیمتیاز. چالاکیەکە دژ بە ئەفلاتونیەت لە هەموو شێوەکانیدا. شیعر کوشتنو وێرانکردنی یەک لە دوای یەکی جەوهەرەکانە، لە جەوهەرێکی گریمانکراوەوە بۆ ئینسان تا بە جەوهەرێکی گریمانکراو بۆ زمانو بۆ وجود دەگات. شیعر دێت بۆ ئەوەی جاڕی مردنی جەوهەرەکان ڕابگەیەنێت، دێت بۆئەوەی بڵێت ئەوەی هەیە جوڵەی لەبننەهاتووی شتەکانە لەناو بوونو لەناو ئینسانو لەناو زماندا. شیعر گەڕانەوەیە بۆ شتە بچووکەکانی ناو ژیان، تەماشاکردنو جوڵاندنو ئامێزکردنەوەیە بۆیان، دۆزینەوەی زمانێکە بۆ بەرجەستەکردنییان، مانەوەیە لەناو بوونی هەریەکێکیاندا بەبێئەوەی هەوڵبدەیت لە پشتی هەر یەکێکیانەوە جەوهەرێک یان نموونەیەکی دەرەکی ئەبستراکت ببینیت. شیعر بەم مانایە ونبوونە لەناو هەموو ئەو شتانەدا کە نازانین چین، بەڵام دەزانین ئینسانبوونمان بێئەوان بە دەست نووقسانییەکی کوشندەوە گیرۆدەیە. وەک گوتم مەرج نیە ئەو شتانە شتی گەورەو تێمای گەورەو مانای گەورە بن، لەراستیدا من باوەڕم بە شتگەلێکی وەک (تێمای گەورە)و (مانای گەورە)و (شتی گەورە) لەشیعردا نیە، هەموو شتەکان چەند بچووکن ئەوەندەش گەورەنو چەند گەورەن ئەوەندەش بچووکن. لەشیعردا شتی گەورەو بچووک بوونی نیە، هەموو شتە بچووکەکانی ناو ژیان لەشیعردا گەوردەبنو هەموو شتە گەورەکانی ناو شیعریش دەشێت لەدەوری شتە بچووکەکانی ناو ژیان بسوڕێنەوە. تەرجەمەکردنی ژیان بۆ شتی گەورەو بچووک، بەبایەخو بێبایەخ، مانادارو بێمانا کوشتنی ژیانە، شیعر رێگرتنە لەم کوشتنە لە رێگای ئەوەوە هەموو شتەکان بە یەکچاو تەماشابکات. ژیان وەک گشتێکی ئاڵۆز ببینێت کە هەموو شتێک لەشوێنی خۆیدا هەم گەورەو هەم بچووک ببینێت، واتە پڕبێت لە ژیان. شیعر هەرگیز شتێک نیە سەربەخۆو بە تەنیا، هەمیشە شتێکە لەناو ژیاندایە. شیعر یان نیە، یان شیعری ناو ژیانە، شیعری ناو ئەو هەزاران هەزار ساتەوەختە بچووکانەیە کە بەسەریەکەوە ژیانی منو ژیانی تۆو ژیانی کەسێکی دیکە دروستدەکات. ئەو ساتەوەختانەی کە ئینسان دەتوانێت هەندێکیان لەبیربکات، هەندێکیان یادبکاتەوەو هەندێکیان لە رێگای تێکستێکەوە ئەبەدیبکات، بەبێئەوەی یاسایەک هەبێت پێمانبڵێت چی بەئەبەدی بکەینو چیش وازلێبهێنین. بە ئەبەدیکردنی هەندێک ساتەوەخت مانای ئەوە نیە ئەو ساتەوەختە لەوانی تر گرنگتر، جوانتر، مانادارتر یان شتی دیکەی لەم باباتەبێت. نا، ئەو ساتەوەختانەی دەبن بە شیعر ئەو ساتەوەختانەن کە ئینسان هەستدەکات ئینسانبوونی پێویستی بە زمانێکی دیکە هەیە بۆ ئەزموونکردنی، پێویستی بە تێکستێک هەیە بۆ ئەوەی وەک ساتەوەختێکی ئینسانی بکرێت ببێتو بژی. بەم مانایە شیعر گەڕان نیە بە دوای شتگەلێکدا بکرێت پێیانبڵێین، مانا نەمرو فۆرمە نەمرو بابەتە نەمرەکان. شیعر تەنیا لە دۆخی فەردیبوونێکی رەهادا دەتوانێت ببێتە شتێکی گشتی، ئەوەشی ئەم پاردۆکسە بەرجەستەدەکات زمانە. زمان وەک سەفەرێکی بەردەوام بەناو دنیاو بەناو زاتو بەناو زمان خۆیدا. شیعر تەنیا بەخشینی توانای قسەکردنێکی جیاواز نیە بە ئینسان، بەڵکو بەخشینی هەمان توانایە بە سەرجەمی شتەکان، بە زمان خۆشیەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە شیعر لای من مەودایەکی ئەخلاقی گرنگیشی هەیە، من شیعرنووسین وەک بەشێک لە پرۆسەیەکی ئەخلاقی بە ئینسانبوونی راستەقینە دەبینم. سوکرات لەتێکستی بەرگرییکردنەکەی لەبەردەم دادگای ئەسینادا باس لەوە دەکات ئینسان لە رۆژی لەدایکبوونەوە دووشت بێپشوو راویدەنێن، یەکەمیان خراپەکاریو ناشیرنییە، دووهەمیان مەرگە. سوکرات پێیوایە ئینسانی بەختەوەر ئەو کەسەیە کە دەتوانێت پێشی خراپەکاری بداتەوەو نەهێڵێت بیگرێتەوە، بەڵام کەس ناتوانێت پێشی مردن بداتەوە. لەڕاستیدا من شیعر وەک ئەو راکردنە سوکراتییە دەبینم، هەڵاتنە لە دەستی بڕێکی زۆری خراپەکاریو ناشیرینییەکانی ناو دنیاو بوون.
 هاوڵاتى: هەستدەکەم شیعر لاى تۆ دەستلێدانو روانینێکی دیکەیە لە ژیان. تۆ دەڵێیت "لە نێوان هەموو گوناهەکاندا تۆم هەڵبژارد". ئایا (ئەو) گوناهێکەو (تۆ)ش گوناهکارێک؟

 مەریوان وریا: پەیوەندیی نێوان شیعرو گوناه لە پەیوەندیی نێوان ئینسانو دنیا دەچێت، وەکچۆن ئینسان لە هەرشوێنێک بێتو بۆ هەرشوێنێک بڕواتو لە هەرشوێنێکەوە بگەڕێتەوە هەر لەناو دنیادایە، ئاواش شیعر لە هەرشوێنێکەوە بێتو بۆ هەرشوێنێک بڕواتو لە هەرشوێنێکدا نیشتەجێبێت، لەناو گوناهدایە. شیعرو گوناه دووانەیەکن ناکرێت لەیەکدیجیابکرێنەوە، هەر هەوڵدانێک بۆ جیاکردنەوەیان لە یەکدی شیعر دەکوژێتو گوناهیش دەکاتە هەستکردنێکی پاسۆلۆژیانە کە دنیا بۆ رووبەرێکی گەورە لە دین دەگۆڕێت. بەڵام بە چ مانایەک شیعرو گوناه هاوڕێگاو هاوچارەنووسن؟ گوناه چییە؟  گوناهی شیعری بەو شێوەیەی من تێیگەیشتوومو بەکاریدەهێنم راوەستانی راستەقینەی ئینسانە لە بەردەم خۆیدا لەدەرەوەی جەبرەکانی کولتوورو دینو ئەخلاقو زماندا. گەڕانەوەی ئینسانە بۆ ساتەوەختە سەرەتاییەکانی بوون، ساتەوەختی بەرلەوەی شتەکان بەو مانایانە ئامادەبن کە تێپەڕینی کاتو هاتنی مێژووو زەبرەکانی زمان پێیاندەبەخشن. گوناه بیرکردنەوەیە لە ئینسان لەدەرەوەی تابوو بڤەو حەرامەکاندا، بینینی ژیانە وەک پانتاییەکی گەورەو بێبڕانەوە لە بەرائەت، وێناکردنی بوونە وەک سەفەرێکی درێژ، بەڵام خاڵی لە گوناه. ئاشکرایە تابوو بڤەو حەرامەکان، پێمانخۆشبێت یان نا، بەشێکن لە ژیانی ئینسان، بەشێکن لەو سیستمە کولتوورییو ئەخلاقیو دینیانەی کە هەنو لە هەمووشی ترسناکتر بەشێکن لە زمان. زمانی هیچ ئینسانو میللەتو سەردەمێک نادۆزینەوە پڕ نەبێت لەو دەستەواژانەی کە هێما بۆ گوناه وەک دۆخێکی زیندوو، هێما بۆ ئینسان وەک بوونەوەرێکی گوناهبار یان گوناهکار دەکەن. ئەم شێوازە گوناهە گوناهی دینیو گوناهی کولتوورییو گوناهی ناو زمانن، ئەمانە جیاوازن لە گوناهی شیعر، یان لەو گوناهەی کە شیعر ئەنجامیدەدات. گوناهی شیعر تێپەڕاندنو تێکشکاندنی هەموو ئەو سنوورو جەبرو فشارانەیە کە ئینسان دەکەنە بوونەوەرێکی گوناهبار بەمانا دینیو کولتوورییو ئەخلاقییەکەی. گوناهی شیعری بازدانە بەسەر هەموو گوناهە فەرهەنگییەکانداو تێکشکانی هەموو ئەو گوناهانەیە کە دینو ئەخلاقو زمان دروستیدەکەن. بەم مانایە گوناهی شیعریی گوناهێکە دەکەوێتە ئەودیوی سنوورە تەقلیدییەکانی گوناهەوە، گوناهی شیعر هەوڵدانی بەردەوامی شیعرە بۆ نەهێشتنی گوناهو بۆ سڕینەوەی وێنەی ئینسان وەک بوونەوەرێکی گوهبار. شاعیر گوناهبارە بەو مانایەی لێناگەڕێت زمان گوناهەکانی خۆی بژی بەو شێوەیەی کولتوورو ئەخلاقو دین بۆیاندەستنیشانکردووە. لێناگەڕێت عەشق ئەو گوناهانە بژی کە گوناهی عەشق خۆی نین، ناهێڵێت ژیان بکەوێتە ناو ئەو گوناهانەوە کە لە دەرەوەی ژیان خۆیەوە یان لە دەرەوەی بەرائەت خۆیەوە دێن. گوناهی شیعر بریتییە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گوناهە تەقلیدییەکانی ناو ژیان. ئەمەش مانای ئەوەی هەڵبژاردنی گوناه لە شیعردا لەوێوە نایەت کە شاعیر گوناهباربێتو ئەوەشی هەڵیدەبژێرێت خۆی گوناهەکە بێت، بەڵکو لەوێوە دێت کە هەم کەسی گوناهکارو هەم ئەو شتەی کە هەڵگری گوناهە، گوناهی راستەقینەی خۆیان بژین، واتە ببنە ئەو شتەی کە هەنو بەوشێوەیە بژین کە لەناو قووڵایی بوونیانەوە دێتو لەناو زەمەنو شوێنو پەیوەندییەکاندا بەرجەستەدەبێت. شاعیر بەو مانایە گوناهبارە کە هەوڵی ئەوە دەدات دنیا لە گوناه پاکبکاتەوە، عەشق بکاتە سەرزەمینی دەرەوەی گوناهو ئینسان وەک بوونەوەرێکی بێگوناه وێنابکات. لە دیدی کولتوورو دینو ئەخلاقەوە هەموو هەوڵێک بەم ئاراستەیە هەوڵێکی گوناهبارانەیە. ئەمەیە وادەکات گوناهی شیعری لە شەڕێکی گەردوونیدابێت لەگەڵ گوناهەکانی ناو دنیادا. هەر ئەمەشە وادەکات شیعری راستەقینە نەتوانێت لەناو کولتوورو دینو ئەخلاقدا بژی.

هاوڵاتى: گەمەکردن بە زمان لەشیعردا گەمەکردنێکى هۆشیارانەیە؟ یاخود حاڵەتێکى نەستییە؟ 

 مەریوان وریا: پەیوەندی نێوان زمانو شیعر پەیوەندییەکە پێییەکی لەناو وشیاریداو پێیەکەی دیکەی لەناو دێوانەییدایە. بەم پێیە زمانی شیعر نە زمانی وشیارییو نە زمانی دێوانەییە بە تەنیا. ئەو گەمەیەی شاعیر لەگەڵ زماندا دەیکات گەمەیەکە وشیارو شێتانە لەیەککاتدا. ئەگەر بۆ خوێنەر مانای وشیاریی لەم بۆچوونەدا ئاشکرابێت، ئەوا پێویستمان بە راوەستانێکی کەم هەیە لەسەر ماناکانی دێوانەیی. دێوانەیی مانای دەرچوون لە هەموو ئەو رێساو نۆرمو بەها شیعریو ئەدەبیو ئیستاتیکییە باوانەی کە ئەزموونێکی شیعری یان ئەدەبی دەکەنە ئەزموونێکی باوو قبووڵکراو. دێوانەیی مانای دەرچوون لە مەعقولیەتی باوو باڵادەستو چوونە ناو هەرێمی مەعقولیەتێکی نەزانراوو نەهاتووەوە کە دەرکەوتنە سەرەتاییەکانی وەک ناماقوڵو نەکراوو نەشیاو وێنابکرێن. زمانی شیعر دەرەنجامی تێکەڵبوونێکی کیمیاگەرانەی ئاڵۆزییەکانی وشیارییو ئاڵۆزییەکانی دێوانەییە بە یەکدی. لە سەرێکەوە بەردەوامی ئەو زمانەیە کە ئینسان بۆ ناسینی خۆیو ناسینی دنیاو ناسینی دیاردەکان بە شێوەیەکی وشیار بەکاریدەهێنێت، لە سەرێکی دیکەوە بەشێکە لەو زمانەی کە سنوورەکانی وشیاری دەبڕێتو دەچێتە ئەو هەرێمە تایبەتانەوە کە شیعر دەکەن بە تەحەدایەکی گەورە بۆ ماناکانو بۆ بەهاکانو بۆ زمان، هەرێمێک کە زەحمەتە بتوانین بە تەنیا لەپاڵ وشیارییو لەپاڵ لۆژیکی زماندا وەک لۆژیکی پەیوەندیکردن، بیناسینو تێیبگەین. هەرێمێک هیچ شتێک تێیدا جێگیرو راوەستاو نیەو ماقوڵو ناماقوڵ تیایدا لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان بە جۆرێک ماقوڵی ئەم ساتە دەبێتە ناماقوڵی ساتی دواترو ناماقوڵی ساتەکانی تر دەبنە ماقوڵی ئێستا. کیمیای تێکەڵبوونی وشیاریی بە دێوانەیی کیمیایەکی تایبەتەو تێکەڵێکە لە تاریکیو رووناکییەکانی زمان، لە وشیاریو ناوشیارییو لە مەزەنەو خەیاڵ. زمانی شیعر زمانێکە هەر پارچەیەکی لە یەکێک لەو هەرێمە جیاوازو ناکۆکانەوە دێت. بەڵام لەدوا ئەنجامدا هەموویان لەناو ئەزموونێکی حەیاتیو ئەزموونێکی رۆحیو ئەزموونێکی فیکریی تایبەتدا کۆدەبنەوەو لەوێدا دەبن بە شیعر. هەر ئەمەشە وادەکات شیعر فیکر نەبێت بە تەنیا، بەڵام دابڕاویش نەبێت لە فیکر، سۆز نەبێت بە تەنیا، بەڵام دابڕاویش نەبێت لە سۆز، زمان نەبێت بە تەنیا بەڵام دابڕاویش نەبێت لە زمان، خەیاڵ نەبێت بە تەنیا بەڵام دابڕاویش نەبێت لە خەیاڵ. شیعر تێکەڵبوونێکی فرەئاراستەی هەموو ئەو رەگەزانەیە بە یەکتری. زمانە لە ساتەوەختی سوتانو ئاگرتێبەربوونیدا بە دێوانەییو بە فیکرو بە وشیارییو بە خەیاڵ. شیعری راستەقینە لە دەرەوەی ئەزموونێکدا نیە تیایدا هەموو ئەو شتانە لەیەککاتدا دانەگیرسێنو نەکوژێنەوە. بەجۆرێک گەر قەسیدەیەک سوتاو ئاگریتێبەربوو، ئەو خۆڵەمێشەی بەجێدەمێنێت پێکهاتێکی سیحریی بێت لە وشیاریو دێوانەیی، ماقوڵو ناماقوڵ، ئاساییو نائاسایی.

هاوڵاتى: کاتێک هەستت کردبێت شتەکانى دیکە زیندووێتیان تێدا نەماوە، ئیدى پەنات بۆ زیندووێتی شیعر بردووە؟ 

 مەریوان وریا: نا، شیعر لە دوای مردنی شتەکانەوە لەدایکنابێت، شیعر ناتوانێت تاقە بوونەوەرێکی زیندووی ناو دنیایەکی مردوو بێت. شیعر بۆ ئەوەی بژی پێویستی بە دنیایەکە پڕ لە ژیان، لە کوێ ژیان نەبوو لەوێش شیعر نیە. لەڕاستیدا شیعر دێت بۆ ئەوەی بە زیندوبوونی ئینسانو بە زیندوبوونی دنیا قووڵاییەکی تایبەت ببەخشێت. شیعر دێت بۆ ئەوەی بە زیندووبوونی شتەکانی دەوروبەری، لە زیندووبوونی گوڵێکەوە بۆ زیندووبوونی پەنجەرەیەک، قووڵاییەکی میتافیزکیو وجودی گەورە ببەخشێتو شتەکان بەڕادەیەک زیندوو راگرێت وەک ئەوە وابن هەریەکێکیان لەیەککاتدا هەزاران هەزار ژیان دەژین.
من ئەو کاتانە شیعرم نووسیوە کە زانیومە هەم من زیندوومو هەم دنیاو هەم زمان، هەریەکێکیشمان لە جوڵەیەکی بێبڕانەوەو نائارامو بەردەوامداین، شیعر هاتووە بۆ ئەوەی ئاوازی ئەو جوڵانە ڕێکبخات، لێدانی ترپەی دڵی من نزیککاتەوە لە لێدانی ترپەی دڵی دنیاو دڵی زمان. وابکات دنیاو شیعر گەرچی بە خێراییەکی جیاوازیش بڕۆن، بەڵام بە یەک رێگا، یان لانیکەم بە یەک ئاراستەدا بگوزەرێن. شیعر لای من ئامێزکردنەوەیەکی مەستانەو زۆرجاریش خەمبارانەیە بۆ دنیا، گەڕانە بۆ تێکەڵکردنی خوێنی شیعر بە دەمارە گەورەو بچووکەکانی دنیا. میقاتکردنی ترپەکانی دڵی شاعیرە لەسەر ترپەی لێدانەکانی دڵی زەوی. پەنابردن بۆ شیعر هەوڵدان نیە بۆ دەرچوون لە دنیا، هەرگیزیش دوای مردنو پوکانەوەی شتەکان نایەت، بەڵکو هەوڵدانە بۆ رزگارکردنی خودو رزگارکردنی زمانو رزگارکردنی شتەکان لەوەی نەکەونە ناو بۆشاییەکی بێسەرەتاو بێکۆتایی وەک مردن خۆیەوە. شیعر پیلانێکی نهێنیو ئاشکرایە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو هورژمو هاتوچۆی زەمەنو هاتوچۆی شتەکان بە شێوەیەکی هێمن. لەڕاستیدا لای من ساتەوەختەکانی بەر لە نووسینی شیعر ساتەوەختی دڵشکانە گەورەکانی ئینسانە لە بوون، لە دنیا، لە زمان خۆی. لەهەمانکاتدا ساتەوەختی دابڕانە گەورەکانیشە: دابڕان لە زات، دابڕان لە ویدی، دابڕان لە دنیا. شیعر دێت بۆ ئەوەی هەموو ئەم شتانە جارێکی دیکە بە یەکەوە گرێبدات. شتێکیان لێدروستبکات قابیلی ژیانو بەردەوامبوون. کەی پەیوەندی ئینسانێک لەگەڵ ژوورەکەیدا تێکچوو، کەی باخچەیەک لەوەکەوت دڵشکانی ئینسانێک تیماربکات، کەی ڕێگایەک ئامادەنەبوو سەیری شوێنپێی جێماوی کۆچبەرێکی پاییز بکات، کەی شارێک نەیتوانی بستێک ئارامیو کەمەکێک سێبەر بە نیوەڕۆیەکی درەنگی مەنفییەک بدات، شیعر دێت بۆ ئەوەی پەیوەندی ئینسانو ئەو ژوورە، باخچەو ئەو برینە، رێگاو ئەو کۆچبەرە، شارو ئەو مەنفییە بگەڕێنێتەوە سەر سەمتی راستەقینەو هاوسەنگو ئینسانییانەی شتەکان. لە هەموو ئەم دۆخانەشدا هیچ لایەنێک لەو لایەنانە نەمردوون، بە پێچەوانەوە هەموویان زیندوون، بەڵام شلەژانو تێکچوونێک کەوتووەتە نێوان ئەو پەیوەندییە تایبەتانەوە کە بە یەکتریانەوە دەبەستێتەوە. شیعر دێت بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییانە دروستبکاتەوەو سەرلەنوێ رێکیانبخاتەوەو گوڕو تینێکی نوێیان پێببەخشێت. شتەکان کە مردن شیعر ناتوانێت زیندوویانبکاتەوە، شیعر وەک مەسیح نیە دەستی بەر هەرشتێک کەوت لە مردن هەڵیبسێنێتەوەو بیخاتەوە سەرپێی خۆی، مردنی شتەکان شیعر خۆشی دەکوژێت. بۆیە شیعر  بۆ ئەوەی بتوانێت زیندووبوونی خۆی ئەزموونکات هەمیشە پێویستی بە دنیایەکی زیندوو هەیە.

 هاوڵاتى: شیعر لاى تۆ هەستو خەونە خەفەکراوەکان لە پشتییەوە ئامادەییان هەیە، یاخود عەقڵو مەعریفە؟ یان هەردووکیان؟ یان چى؟ 

 مەریوان وریا: لای من ئەوەی لە پشتی شیعرەوە ئامادەیە ئینسانە لە لوتکەی زیندووبونی خۆیدا، ئینسانە لە دۆخی وشیارییو دێوانەییو بەختەوەریو دڵشکانیدا. ناخۆشترین شت ئەوەیە بە دەستەواژەکانی عەقڵو مەعریفە لە شیعر بدوێین. تەنانەت لەگەڵ نزیکی هەندێک ئەزموونی شیعریدا لە فەلسەفە، ڕاست نیە لەشیعردا بۆ فەلسەفە بگەڕێین. ئینسان پێویستە لەشیعردا هەر بە دوای شیعردا بگەڕێت. بێگومان هیچ شیعرێک نیە ئینسانێکی لە پشتەوە نەبێت کە بڕێک لە مەعریفەو بڕێک لە عەقڵو بڕێک لە خەیاڵو بڕێک لە دێوانەییو بڕێک لە ئومێدو بڕێک لە نائومێدی لەخۆیدا هەڵنەگرتبێت. شیعر بەرهەمی تێکەڵبوونی هەموو ئەو شتە ئینسانییانەیە بەیەکتری بەڵام لەدەرەوەی هەر لۆژیکێکی زانراوی تێکەڵکاریدا تا ساتەوەختی نووسینو لەدایکبوونی شیعرەکە خۆی. خراپترین شیعر ئەو شیعرانەن کە دەیانەوێت ببن بە یەکێک لەو شتانە بە تەنیا، بە عەقڵ بە تەنیا، بە خەیاڵ بە تەنیا، بە دێوانیەی بە تەنیا، بە ئومێد بە تەنیا یان بە نائومێدی بە تەنیا. گەر بە زمانی فیکرو مەعریفە بدوێین دەکرێت بڵێین خراپترینی شیعر ئەو شیعرانە کە دەیانەوێت یان ببن بە فەلسەفە یاخود بە وڕێنە. فەلسەفە وەک فیکرێک کە دۆخی لۆژیکیبوونو سیستماتیکبوونی خۆی لە هەموو دەرکەوتەکانیدا بژیو تەماحی کۆنترۆڵکردنو دیسپلینکردنی ماناو جوڵەو پەیوەندییەکانی هەبێت، وڕێنەش وەک ساتەوەختی مردنی دەلالی زمانو مردنی وشیاریو مردنی هەموو توانایەکی پەیوەندیکردن لە نێوان ئینسانو دنیاو شتەکاندا. ئینسان شیعر نانووسێت بۆ ئەوەی لە دنیاو دیاردەکانی تێبگات، هەر لە بنەڕەتیشەوە کردەی (تێگەیشتن) کردەی نووسینی شیعر نییە، بۆ تێگەیشتن لقە جیاوازەکانی زانستو فیکر هەیە. بەڵام لەهەمانکاتدا ئینسان شیعر بۆ ئەوە نانووسێت لە پەیوەندییەکی وڕێنەئامێزدا بێت لەگەڵ خۆیو لەگەڵ دنیادا. شیعر وەک گوتم دێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئینسانو دنیا، ئینسانو ئینسان، ئینسانو شتەکان بە زیندووی ڕابگرێت. یاخود زیندووبوونو جوڵەو دوورکەوتنەوەو نزیکبوونەوەی ئەو شتانە هەموویان بە یەکدی تێکەڵبکاتو هەوڵبدات ریتمێکی هاوبەشو نەبزێکی هاوبەشیان پێببەخشێت. ئەمەش تەفسیرکردنی دنیا نیە بەو شێوەیەی فیکر دەیکات، یان هەڵهاتن نیە لە هەموو جۆرە ماناو پەیوەندییەک وەک لە وڕێنەدا ئامادەیە، ئەمە نووساندنو تێکەڵکردنو ئاوێزانکردنی چەندان دنیاو چەندان زمانو چەندان جوڵەیە بە یەکدى.


هاوڵاتى: هەستکردنى قووڵ بە دیاسپۆرا لە شیعرەکانتدا ئامادەیى هەیە. بێماڵییەکى بەردەوام لە شیعرەکانتدا دەنووسیتەوە، کوێ ماڵتە؟ 

 مەریوان وریا: بەر لە هەموو شتێک من لەو شاعیرانە نیم بە درۆ بڵێم شیعر ماڵمە. شیعر ناتوانێت ببێت بە ماڵ، لانیکەم بە ماڵی بەردەوامی ئینسان. راستە ئینسان بۆ راگرتنی هاوسەنگی خۆی لەگەڵ دنیادا، بۆ دەربازبوون لە دڵشکانە گەورەکان یان بۆ ئەنجامدانی سەرچڵییەکی وجودیانە دەچێتە ماڵی شیعرەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە بەردەوامی لەو ماڵەدا بمێنێتەوەو بژی. ئەوەی شیعر بکات بە ماڵ درەنگ یان زوو دەبێتە بێماڵێکی گەورە، دەبێتە دەرۆزەکەرێکی گەردوونیو وەک قەلەنەدەرێک بەناو وەرزەکانو ساڵەکانو شتەکاندا تێدەپەڕێت، بە بێئەوەی بتوانێت لە شوێنێکدا بوەستێت. ئینسان دەتوانێت شیعر بنووسێت، بەڵام ناتوانێت وەک شیعر بژی، هۆکەشی ئەوەیە ئینسان، بە پێچەوانەی شیعرەوە، پێویستی بەوەستانو دانیشتنو جێگیریی هەیە. ئینسان ریتمێکی هەیە جیاواز لە ریتمی شیعرو ریتمی زمانو ریتمی جوڵەی دنیاو شتەکانی دەرەوە. ماڵ ئەو شوێنە کە باوەش بۆ ریتمە تایبەتییەکانی ئینسان دەکاتەوەو سنوورێک لە نێوان ئەوو دنیادا دەکێشێت. رەنگە کەسانێک هەبن حەزبکەن وەک شیعر بژین، بەڵام من لەو جۆرە کەسانە نیم. من دەمەوێت ماڵێکم هەبێت. من ئەوەتەی هەم بە دوای ماڵێکدا دەگەڕێم بتوانم تێیدا ئینسانبوونی خۆم بژیم، ئەزموونی دوورکەوتنەوە لە نیشتیمانو ژیان لەمەنفادا ئەم پێداویستییە رۆحییەی بە ماڵ بەشێوەیەکی ترسناک گەورەکردووە. بێگومان مەبەستی من لە ماڵ مانا فیزیاییەکانی بوونی خانوویەک نیە، بەڵکو مەبەستم لەو ماڵە میتافیزیکییەیە کە لێوانلێوە لە ماناو لە هەستکردن بە ئینتیماو لە ئولفەتێکی دەگمەنو بێسنوور. ماڵ وەک دیوی ئەودیوی زات خۆی، وەک پانتاییەکی رۆحی کە توانای کۆکردنەوەی لەتە جیاوازەکانی رۆحی هەبێتو ریتمەکانیان کۆبکاتەوەو چوارچێوەیەکی پڕ ئولفەتیان بۆدروستبکات. بێگومان من هەندێکجار ماڵم هەبووە، ماڵی راستەقینەو ماڵی رەمزی، بەڵام لە ئێستادا لە دۆخی بێماڵیەکی قووڵدا دەژیم. ئەو ماڵانەی من هەمبووە هەندێکجار ژوورێکی بچووک بووە لە گوندێکی چەپەری کوردستاندا، جارێک ژێرزەمینێک بوو لە گەڕەکی بەختیاری لە سلێمانی، جارێکی تر شۆڕشکردن بووە لە شاخەکان، هەندێجار سەفەر بووە بۆ وڵاتانو شوێنانی تری جیهان، جارێک مەنفا بووەو هەندێکجار خەونی گەڕانەوە بووە بۆ کوردستان. بەڵام نایشارمەوە لە هەموو ئەو دۆخانەدا هەستێکی تایبەتم بە بێماڵی هەر هەبووە. هەستمکردووە شوێنێک نیە بتوانم ئولفەتی تەواوەتی پێوەبگرمو لێیدڵنیابم کە لێم وون نابێتو نایدۆڕێنم. شوێنێک بتوانم متمانەی خۆمی لەلادانێمو بڕۆم، بەڵام کە هاتمەوە ئەو متمانەیەی فڕێنەدابێتە دەرەوەو دەرگاکانی دانەخستبێت. پێموایە کێشەی بێماڵی کێشەی هەرەسەرەکی ژیانی منە لەئێستادا. هەستناکەم خەڵکی شوێنێکی دیاریکراوی سەر ئەم زەوییە بم. چەند لە هۆڵەندادا هەست بە غەریبی دەکەم بە هەمان ئەندازە لە کوردستاندا هەست بە غەریبی دەکەم. هەر یەکێک لەم دوو شوێنە بۆ هۆیەکی تایبەتی تووشی نائومێدیو بێمتمانەییو دڵشکانم دەکات.
خۆشبەختانە ئینسان دەتوانێت لە ماڵە (ناماڵەکانەوە) بڕوات بۆ ماڵە رەمزییەکان، شیعر دەشێت ببێتە ماڵێکی رەمزی، بەڵام ناتوانێت شوێنی ماڵێکی واقیعی بگرێتەوە. ئەوەی مەنفا بە منی داوە ئەو پێداگرتنە قورسەیە لەسەر ماڵ، لەسەر نیشتیمانێکی شەخسیو رەمزی، لەسەر شوێنێک ببێتە شوێنی نهێنیو گومانو ئومێدو نائومێدییەکانی ئینسان. زەحمەتترین شت ئەوەیە هەوڵبدەی مەنفا خۆی بکەیت بە ماڵ، کردنی مەنفا بە ماڵ بە قەد کردنی شیعر بە ماڵ زەحمەتە. بەڵام مەنفا وەکچۆن کۆتایهاتنو وێرانبوونی فیکرەی ماڵە، ئاواش شوێنی راستەقینەی خەونبینینە بە ماڵەوە. بێگومان تۆ راستدەکەیت. هەستکردنی من بە بێماڵی هەستکردنێکی زاڵە لە دیوانى (کتێبی دڵشکان)دا. شیعر لەو دیوانەدا سەرقاڵی نووسینەوەی بێماڵییە بەبێئەوەی خۆی ببێتە ماڵو ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕبکاتەوە کە بێماڵی دروستیدەکات. ئینسان بوونەوەرێکە بێماڵ ناژی، رەنگە خولیاو ویستی هەبوونی ماڵ وەک شتێکی زیندوو بەرجەستەو وەک رەمزیش ئەو شتەبێت کە ئینسان لە سەرجەمی بوونەوەرەکانی دیکە جیابکاتەوە. ماڵ بە ئینسان تەنیا شوێنی نووستنو حەوانەوەو خۆشاردنەوە لە دنیای دەرەوەی خۆی نابەخشێت، بەڵکو بە پلەی یەکەم ئولفەت بە ئینسان دەدات، متمانەیەک دروستدەکات کە زەحمەتە بزانیت سەرچاوەکانی لەچیدایە. پێموایە لە قووڵایی هەر ئینسانێکدا شوێنێک یان شتێک هەیە هەمیشە پاڵ بەو کەسەوە دەنێت بە دوای ماڵێکی ئارامدا بگەڕێت، ماڵێک لە شێوەی نیشتیمانێکی بچووکدا کە دیوارەکانی پڕبن لە ئولفەت، پەنجەرەکانی بە رووی ئێوارەیەکدا بڕوانێت ئاشنا، باخێکی بچووکی تێدابێت پڕ حیکایەت، دەرگاکانی شوێنی قامکە بچووکەکانی مناڵیان پێوەبێت، سووچەکانی هێشتا ئەو ترسو هاوارانەیان تێدابێت کە هێمای جێمانی مناڵییە لەناو تاریکی ڕارەوو داڵانەکاندا.  ماڵ بریتییە لە تێکەڵێکی ئەفسانەیی لە مناڵیو گەورەیی، لە جارانو ئێستا، لە تەنیاییو پێکەوەبوونێکی پڕ مەحەبەت، لە ساردیو گەرمی. ماڵ ئەو خاڵەیە کە دنیا لێیەوە دەستپێدەکات، بێ ئەو خاڵە، بێ ئەم پنتە بچووکە، دنیا خۆشی بوونی نامێنێت. من پازدە ساڵە لە یەکێک لە وڵاتە جوانەکانی دنیادا دەژیمو لەیەکێک لە شارە هەرە قەشەنگەکانیدا نیشتەجێم، بەڵام نە لەو وڵاتەداو نە لەو شارەداو نە لە هیچ شوێنێکی تری دنیادا ماڵێک بەو مانایانەی لەسەرەوە باسمکردن شکنابەم. ئەم بێماڵیەیە وایکردووە لە (کتێبی دڵشکان)دا بەدوای ماڵێکدا بگەڕێم لە وشە، لە زمانو لە ریتمو لە وێنە، ماڵێک دەزانم هەرگیز نامبێتو هەرگیز تیاناژیم، بەڵام ناشتوانم بۆ یەک دەقیقە ئەو یەقینەم هەبێت کە بۆ هەتاهەتایە ونمکردووە. بەشێکی گەورەی قووڵایی دڵشکانەکانیش لەو دیوانەدا لەم دۆخی بێماڵییە گەورەیەوە دێت.

Previous
Next

Leave a Reply