Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024

چاوپێکەوتنى گۆڤارى هەنار لەگەڵ یوسف عیزەدیندا

Closed
by January 27, 2008 ئەدەب

ئا:ئیدریس عەلی
یوسف عیزەدین، جگە لەچیرۆکنووسێکی جدی و سەرکەوتوو، هاوکات رۆشنبیرێکی بەئاگاشە لەتێزە فیکری و ئەدەبییەکانی سەردەمی ئەمڕۆی دنیا، لەم دیدارەدا یوسف بەبەشێک لەو رۆشنبیرییە فراوانەی خۆی ئاشنامان دەکات، خوێنەر لەپاش خوێندنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە واهەستدەکات کۆمەڵێک کتێبی بەکەڵکی خوێندووەتەوە کە کاریگەریی لەسەر ئاستی رۆشنبیری و مەعریفی دەبێت.
ئیدریس عەلی: ئەو ئیشکردنەی لەدەقەکانی ئێوەدا دەبینرێتەوە، لەنێوان تەوزیفکردنی خەون و بەخەونکردنی دەقدا خۆی بەرجەستەدەکات، بەدەر لەدنیای ئەدەب چۆن دەڕواننە خەون لەکاتێکدا شۆلتس پێیوایە لەخەوندا حەقیقەت هەیە، خۆمان بەو شێوەیە دەبینینەوە کە هەین، کەسێکی باش لەخەونیشدا کەسی پێ ناکوژرێت؟!، ئاخۆ خەون رەنگدانەوەی واقیعییانەی کەسایەتیی ئەو کەسەیە کە خەون دەبینێت، یان شتێکی دیکەیە؟
یوسف عیزەدین: خەون هێندە دنیایەکی پەنهان و پڕنهێنییە کە هەردەم مرۆڤی عەوداڵی کەشف و دۆزینەوەی ئەو دنیایە کردووەو دەیان راڤەو شرۆڤەی لەنێو چەندان تێزی دەروونیدا بەرجەستەکردووە.
هەر لەدێرزەمانەوە تێڕوانینە میسۆلۆژییە جیاجیاکان سەبارەت بەخەون هەبوون و پانتاییەکی بەرچاوی ئایین و کەلتوورەکانی داگیرکردووە، گریکەکان هێندە خەونیان پێ گرنگ بووە تەنانەت کاهینەکانیان لەچارەسەرکردنی نەخۆشەکانیاندا پەنایان بۆ بردووە، سەردەمانێک نەخۆشە گریکییەکان دەچوونە پەرستگاکان و لەکەشێکی تایبەتدا دەشۆردران و دەشێلدران و دواتر لەسەر کەوڵی قوربانییەک دەخەوێندران و پاش خەوتن و خەوبینینی نەخۆشەکە، خەونی بەو گژوگیاو داودەرمانانەوە دەبینی کە پێی چاکدەبێتەوە، یان ئەو هێماو رەمزانەی دەبینی کە دواتر کاهینەکان راڤەیان دەکرد بەو پێیە دەرمانیان بۆ دەدۆزییەوە.
رەنگە سەیرترین شتێک کە وەک یادەوەریی بەبیری زۆربەماندا بێت، یەکەمین خەونێکی منداڵیمان بێت، کە بەتایبەت ئەو خەونانەی کە لێی ترساوین، دەبینین هەر لەمنداڵییەوە گوێبیستی گێڕانەوەی خەونی گەورەکان بووین و لەهەمووشی سەیرتر ئەو خەونانەن کە دواتر هاتوونەتەدی و پێشوەخت لای ئەوەی کە خەونەکەی بینیوە زانراوە.
تەنانەت پەیوەندیی خەون بەمەرگەوە تابڵێی پەیوەندییەکی پەنهان و پڕنهێنییە، دەبینیت کەسێک پێشئەوەی بمرێت بەپێی خەونێک کەبینیویەتی، یەقینی ئەوەی لادروستدەبێت کە دەمرێت، یان پاش گێڕانەوەی بۆ کەسانێک کە گوێبیستی دەبن، هەستێکی دەستەجەمعییان لا دروستدەبێت کە ئەو کەسەی خەونەکەی بینیوە هێندەی لەژیاندا نەماوەو دەمرێت.
ئێستاش وەبیرم دێت، پێش ئەوەی باوکم بمرێت چەندجارێک هەمان خەونی دووبارەبووەی دەبینییەوە کە لەنێو باخەکەماندا دەستی بۆ لکێکی گەورەی دارتووەکە بردووەو بەئاسانی هاتووە بەدەستییەوەو لەبنڕا شکاوە، پاش گێڕانەوەی لەنێو مەجلیسێکی قەرەباڵغدا، یەکێکیان وتی: باپیرم پێشئەوەی بمرێت خەونێکی وەک ئەوەی تۆی بینی، ئیتر ئەوە دواڕۆژی باوکم بوو لەژیانداو ئەو ئێوارەیە خەوت و بەیانییەکەی هەڵنەستایەوە.
خەون بۆ خۆی حیکایەتی هەموو کەسێکەو لەنێو هەموو خێزان و گروپ و کۆمەڵێکدا دەگێڕێتەوەو بەشێکی زۆری خەونەکانیش کە زۆرجار دێتەدی پەیوەندیی بەموسیبەت و مەرگەوە هەیە، بۆ نموونە دەبینیت دایکێک پێشئەوەی کوڕەکەی یان کچەکەی سەفەر بکات، لەمیانی خەونێکەوە کە بینیویەتی دڵنیایە لەوەی کە ئیتر نایبینێتەوە، یان کەسێک جا گەنج بێت یان پیر پاش بینینی خەونێک هەر لەخۆیەوە دڵنیایە لەوەی کەهێندە نابات دەمرێت و رەنگە  وەسیەتیش بکات لەکاتێکدا ئەوانەی کە لێوەی نزیکن رەنگە هەر گاڵتەیان پێی بێت و بڕوا نەکەن.
سەبارەت بەو بۆچوونەی شۆلتس-یش دەتوانم ئاماژە بەڕاوبۆچوونێکی (ێسن) بدەم، کە پێچەوانەی راوبۆچوونەکەی شۆلتس-ەو دەڵێت: (ئێمە لەخەوندا باشتر نابین، بەڵکو بەپێچەوانەوە ویژدان لەخەوندا لاڵە، مرۆڤ هەست بەبەزەیی ناکات، لەوانەیە دزێوترین تاوان ئەنجام بدات، بدزێت و بکوژێت و دەستدرێژیی سێکسی بکات).
هەر بۆیە ئەگەر خۆمان بدەین لەڕاڤەکارییە جیاوازەکان سەبارەت بەخەون و جودایی قوتابخانە دەروونییەکان لەو بارەیەوە، رەنگە وا بەئاسانی لێیدەرنەچین و نەکرێت لەگفتوگۆیەکدا تاوتوێی بکەین.
خەون پانتاییەکی بەرچاوی نێو دەقە ئایینییەکانی داگیرکردووە، بەسەرهاتی (یوسف) لەگێڕانەوەی خەونێکەوە دەستپێدەکات، یان خەوتن و خەونەبینین، وەک خەوتنی هاوڕێیانی ئەشکەوتەکە، کە چەندین ساڵ دەخەون و خەون نابینین، بەڵام دواتر کە بەئاگادێنەو وەک خەون دەڕواننە دنیایەک کە مەسیحییەت تێیدا باڵا دەستە، بەڵام چۆن پێشتر بەدنیای پێشوویان نامۆ بوون هەر ئاواش بەدنیای ئێستایان نامۆدەبن و دەزانن کە ناتوانن تێیدا بمێننەوەو بەویستی خۆیان مەرگ هەڵدەبژێرن.
ئیدریس عەلی: بۆرخیس دەڵێت: ئەدەب وەک دەرئەنجامێک خەونێکی ئاراستەکراوە، ئێوە چۆن دەڕوااننە ئەم گوتەیەی بۆرخیس، لەکاتێکدا هەمیشە تێڕوانینێکی ریالیستییانە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەدەبی کردووەتە ئاوێنەی واقیع و رەنگدانەوەی؟
یوسف عیزەدین: ئەگەر بڕوانینە ئەوەی بۆرخیس لەچاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بەخۆی دەیخاتەڕوو، زۆر شتمان بۆ رووندەبێتەوە کەدەڵێت:
(پێش ئەوەی کوێر ببم، هەمیشە دەمڕوانیە شتەکان و دەمبینین، تەنانەت لەخوێندنەوەشدا، بەڵام ئێستا مەحکومم بەبیرکردنەوە، بەو پێیەی کە توانای بیرکردنەوەشم باش نییە پەنام بۆ خەون بردوەو لەڕێی خەونەوە درێژە بەژیانم دەدەم).
بۆرخیس پێشئەوەی کوێر ببێت زیاتر دنیایەکی تەڵخ و تاریک لەدەقەکانیدا بەرجەستە دەکات و پاش کوێربوونیشی بەشێوەیەکی سەیر رەنگ دێتە نێو دەقەکانییەوە، دەبینین ئەو پیاوەی کە ژمارەیەکی بێ شوومار کتێبی خوێندووەتەوە کە کوێر دەبێت خوێندنەوە دەبێتە مۆتەکەی خەونەکانی بەتایبەت ئەو کاتانەی لەخەونیدا دەیەوێت بخوێنێتەوە، وشەکانی لێدەبێتە شتی زیندوو کە جێگۆڕکێ دەکەن و دواتر لقوپۆپ دەردەکەن و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەورە دەبن.
سەبارەت بەحیکایەتەکانی (هەزارویەک شەوە) دەڵێت: (زۆر شتم دۆزییەوە، بەڵام تەنها خەونم بەشتێکەوە بینی، ئەویش ئەوەیە کە ببمە خاوەنی بەڕەیەکی سیحری تا بمگەیەنێتە هەموو شوێن و زەمەنەکان).
خەون لای بۆرخیس گەڕانەوەیە بۆ خود، چونکە سەرچاوەی خەون لای ئەو خودی مرۆڤ خۆیەتی، لەکاتێکدا تۆ لەبەئاگاییتدا هەندێک لەو شتانەی کە دێتەناوتەوە رەنگە پێشتر پێیان ئاشنانەبووبیت، لەبەئاگاییتدا هەموو ئەو شتانەت بەسەردا دەسەپێنرێت کە بەدەر لەویست و دەسەڵاتی تۆ هەن و ناچاریت بیانبینیت، گوێڕادێریان بیت ، هەستیان پێبکەیت، هەموو ئەو کە لەبەئاگایی ئێمەدا هەیە، شتێک نییە زەینی ئێمە خوڵقاندبێتی، بەڵکو وەک خۆیان لەدنیای ماتریالدا هەن و کەم تازۆر کاریگەرییان بەسەرمانەوە هەیە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی خەون خۆمانین سەرباری هەموو ئەوەی کە پێشتر لەزەینماندا جێی بوەتەوەو دواتر لەکاتی خەوت بینیندا شتێکی لێدەخووڵقێنێت رەنگە هێندە ترسناک بێت مۆتەکە ئاسا لێی هەڵبێین و چنگەکڕێ بۆ بەئاگابوونەوە بکەین یان هێندە خۆش بێت حەزنەکەین وەخەرەبەربێینەوە، زیاتر خەون بەخوڵقاندن شتەکانی تێدا بەرجەستە دەبێت، نەک رەنگدانەوەی کتومتی ئەوەی کە لەواقیعدا دەیبینیت، کەمجار ئەوەی کە بینیوتە وەک خۆی لەخەوندا دووبارەدەبێتەوە، زیاتر دەبێتە شتێکی ترو مەرجیش نییە ئەوە بێت کە تۆ ئاواتی پێدەخوازیت یان رکت لێیدەبێتەوە یان لێی دەترسیت و.. هتد.
بۆرخیس ئەو کەسەیە کە خەون دەبینێت و دەزانێت کە لەهەمانکاتدا خەونی پێوە دەبینن و دەڵێت: (رەنگە خەون بەیەکێکەوە ببینم، ئەویش خەونم پێوە ببینێت و رەنگە هەریەکەمان پێی وابێت ئەوەی کە خەون دەبینێت خۆیەتی).
خەون و وەهم تۆپۆگرافیای کارکردنەکانی بۆرخیس وەک تەونێک دەتەنن و دواتر ناهێڵن لەشوێن و کاتیکی دیاریکراو و مەئلوفدا بمێنیتەوەو پاش تاوێک دەگەیتە ئەو راستییەی کە هیچ شتێک ناتباتەوە سەر شتێکی دیکەو دواجار دەچیتە نێو گەمەی راڤەکردنە پەنهاتەکان و بەو شێوەیە بەردەوام دەبیت.
ئیدریس عەلی: دەکرێت لەنێو دەقە کلاسیکییەکاندا، هەر بۆ نموونە دەقە گریکییەکان جیاواز لەدەقی ریالیزمی تەوزیفکردنی خەونی تێدا ببینینەوە، بەتایبەت ئەوان وەک خۆیان لەقووڵایی میسۆلۆژیاوە هاتوونەتە دەرو لەو گۆشەنیگایەوە نووسەرانیان مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، بەو پێیەی کە بەسەرهاتی (ئۆدیب)ی (سۆفۆکلیس)، پێشتر وەک ئەفسانەیەک هەبووەو دواتر (سۆفۆکلیس) لەدوو توێی شانۆنامەیەکدا دایڕشتووەتەوە، چەند دەکرێت بڵێین ئەو بەسەرهاتەی (ئۆدیب) مەگەر تەنیا لەخەوندا رووبدات، ئەگینا لەزەمینەی واقیعدا روودانی مەحاڵەو مەبەستی ئەو تراژیدیایە بەڕای ئێوە چییە؟
یوسف عیزەدین: تراژیدیای ئۆدیب بەسەرهاتی کەسێکە کە بووەتە قوربانیی قەدەرێک، کە هەڵهاتن لێی مەحاڵەو هەر لەدەستپێکی تراژیدیاکەوە شتێکی زانراوە، قەدەری ئۆدیب ئەوەیە لایوس-ی باوکی بکوژێت و یوکاستا-ی دایکی بهێنێت، هەموو ئەو هەوڵانەی بەمەبەستی گۆڕینی ئەو قەدەرە دەخرێنەگەڕ دواجار شکست دەهێنێنن و هەموو ئەوەی کە پێشتر وتراوە دێتەدی، ئۆدیب باوکی دەکوژێت و دایکی دەکاتە ژنی خۆی و دوو کوڕو دوو کچیشی لێدەبێت و ئینجا بەوە دەزانێت چ تاوانێکی کردووە، دواجار هەر دووچاوی خۆی دەردەهێنێت و سەر هەڵدەگرێت.
ئەم تراژیدیایە باس لەبێ ئیختیاری مرۆڤ دەکات بەرامبەر بەقەدەرو بێ ئیرادەبوونی لەدەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی شێوە ژیانێکی جیاواز لەوەی کە پێشوەخت بۆی دیاریکراوەو راستییەکەی زۆر راڤەکاری هەڵدەگرێت، چونکە زۆرێک لەتراژیدیا گریکییەکان بەهەمانشێوە باڵادەستیی قەدەر تێیدا سەرنجت رادەکێشێت، هەر بۆ نموونە سیزیف، کە ئەویش مەحکومە بەئازارکێشانێکی هەتاهەتایی و ناچاریشە بەردەوام بێت و رۆژانە هەمان شت دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەوەی ئۆدیب لەزۆر دەقی دیکە جیادەکاتەوە ئاگادارنەبوونی خودی ئۆدیب-ە لەقەدەری خۆی، واتە ئەگەر ئۆدیب لەوە ئاگاداربووایە کە لایوس باوکییەتی نەیدەکوشت و ئەو کاتەش یوکاستا-ی دایکی نەدەبووە ژنی و لەگەڵی جووت نەدەبوو.
بەڵام بەپێی تێڕوانینی (فرۆید)، تراژیدیای ئۆدیب لەخەونەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر بۆیە ئاماژە بەدیالۆژێکی (یوکاستا) دەکات کاتێک دڵنەوایی ئۆدیب دەدات و دەڵێت: (چەند کەس هەن پێش تۆ لەخەونیاندا لەگەڵ دایکیان جووت بوون، بەڵام ئەمە سەبارەت بەکەسێک ئاسانە کە گوێی نەداتێ).
فرۆید پێیوایە لای هەموو منداڵێکی نێر کۆمپلێکسی ئۆدیب هەیە، کە خولیای کوشتنی باوکی تێدا پەنهانەو بەشێکە لەبەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی باوک و دەستگرتن بەسەر هەموو ئەوەی کە باوک هەیەتی و زۆر وردەکاریی دیکە کە لەڕووی شیکارکارییە دەروونییەکانەوە قسە زۆر هەڵدەگرێت.
ئیدریس عەلی: ئاخۆ چەند دەتوانین کۆمپلێکسی ئەلێکترا وەک پەرچەکرارێکی کۆمپلێکسی ئۆدیب ببینینەوە، لەکاتێکدا لەکۆمپلێکسی ئەلێکترا-دا، باوک ئەوەیە کە منداڵی مێینە دەیەوێت و دایک ئەوەیە کە ئێرەیی پێدەبرێت و رەتدەکرێتەوە؟
یوسف عزەدین: خۆی راستییەکەی هەموو ئەو کۆمپلێکس و تەرحە دەروونییانە قابیلی ئەوەن رەتبکرێنەوەو لەگۆشە نیگایەکی سایکۆلۆژیی دیکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و راڤەبکرێن، ئەمە جگە لەوەی مەرج نییە کەتۆ لەناو ئەفسانەو کەلتوورێکی دیاریکراودا ئەو کۆمپلێکسانەت لەدوو توێی دەقەکانیاندا بینییەوە، بەهەمانشێوە لەناو ئەفسانەو کەلتوورێکی دیکەشدا بیانبینیتەوە، جا گرفتەکە لەوەدایە کە زۆرجار لەدوو توێی ئەو دەقانەشدا شتی لەو چەشنە دەبینیتەوە، کە بۆخۆیان لەپێناو حەرامکردن و حەڵاڵکردنی شتەکان و بەو مەبەستە خراونەتەڕوو.
گەر بڕوانینە یەکەمین پەڕتووکی کتێبی پیرۆز، کە بەشێکە لەتەورات و یەکێکە لەپێنج پەڕتووکەکەی شەریعەت و بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان موسا ئەو پەڕتووکەی نووسیوەتەوە، هەروەک لەپەیمانی نوێدا عیسای مەسیح هەمان راستی دووپاتدەکاتەوە، سەبارەت بەنووسینی ئەو پەڕتووکە لەلایەن موسا-وە، دیارە لەپێشەکی پەڕتووکەکەدا هەموو ئەوەی کە پێشتر ئاماژەم پێدا خراونەتەڕوو، دیارە خوێنەری پەڕتووکی (پەیدابوون) رووبەڕووی کۆمەڵێک دیمەن و بەسەرهات دەبێتەوە، کە پێموانییە دیمەنە سێکسییەکانی ناو رۆمانەکانی میلان کۆندێرا-ش، خۆی لەخستنەڕووی بابەتی لەو چەشنەدا بێت، تەنانەت لەکردنە فیلمی (پەیدابوون)دا، لەلایەن رۆژئاوا خۆیەوە، ئەو بەشانەی لێدەپەڕێنێت و بەلایدا ناچێت، بەتایبەت ئەو بەشەی کە باس لەدوو کچەکەی (لۆت) دەکات کە پاش سەرخۆشکردنی باوکیان، شەوی یەکەم گەوەرەکەیان و شەوی دووەم بچکۆلەکەیان لەگەڵی دەخەوێت و سکیان پڕدەبێت و گەورەکەیان کوڕێکی بەناوی (موئاب) دەبێت و گچکەکەشیان کوڕێکی بەناوی (عەممی) دەبێت و لەهەمووشی سەیرتر ئەو دیالۆژەی خوشکە گەورەکەیانە بۆ خوشکە بچکۆلەکەی کە پێشئەوەی لەگەڵ باوکیان راکشێن، دەڵێت: (باوکمان پیربووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بێت بەلاماندا، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە، وەرە با مەی دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵیدا راکشێین و لەباوکمانەوە وەچە بنێینەوە).
جانازانم چۆن بەدرێژایی ساڵانێکی دوورودرێژ لەدوو توێی تەوراتداو بەمەبەستی هێنانەسەر دینی کەسانێک، ئەم دەقە خوێندراوەتەوەو چۆن چۆنی راڤەی بۆکراوە تا گوێگرەکانی ئەم دەقە بەئاسایی تێی بڕوانن، لەکاتێکدا کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئایینەکان، رەوشت و بەگژداچوونەوەی لادانە سێکسییەکانە، وەک ئەو پرەنسیپی حەرام و حەڵاڵەی کە بۆخۆیان هەڵگرین، ئەی ئەگەر خودی مەسەلەیەکی ئاوا لەناو خودی تەوراتدا ئاماژەی پێدرابێت، بۆیە دەبێت هەموو دژایەتیی قەشەو پیاوە ئایینییەکان، لەگەڵ دانیشتووانی ئەو دورگانەی کە زلهێزەکان داگیرییان دەکردو ئەوانیان وەک رێبەرێکی ئایینی بۆ دەنارد، بەشێوەیەکی سەرەکیی لەو خاڵەدا بووبێت، کە ئەوان لادانە سێکسییەکان بەلادان نابینن و سیستمێکی خێزانی وەک ئەوەی رۆژئاوایان نییەو سێکسی مابەینی ئەو کەسانەی کە بەپێی ئایینەکان لەیەکتر حەرام کراون، پێ ساناو ئاساییە.
ئیدریس عەلی: (ئیبسن) یەکێکە لەو نووسەرانەی کە توانیویەتی ململانێی نێوان باوان و منداڵەکانیان لەناو دەقەکانیدا بەرجەستەبکات، گەرچی وەک ئاماژەتان پێدا زۆر لەو چەمک و راڤەکارییانە رێژەیین و لەکەلتوورو کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێن، بەڵام ئاخۆ دەتوانین بڵێین ئەو باوکسالارییەی لەکۆمەڵگەی کوردیدا هەیە جیاوازە لەوەی کە لەکۆمەڵگەیەکی دیکەدا هەیە، دیارە ئەگەر جیاواز بێت، ئەو دەمە ئەدەبیاتێکی کوردی کە باس لەباوکسالاری دەکات، دەبێت لەگەڵ ئەدەبیاتێکی دیکەدا هەر بۆ نموونە ئەدەبیاتێکی رۆژئاوا جیاواز بێت، تاچەند ئەدەبیاتی کوردی لەمامەڵەکردنی لەگەڵ باوکسالاریدا باس لەباوکی کورد دەکات؟
یوسف عیزەدین: ئێمە وەک کورد خاوەنی ئەفسانەیەکی وەک ئەو ئەفسانەیەی (کرۆنۆس) نین، کە دواجار (زۆس)ی کوڕی دەیخەسێنێت و لەجێی دادەنیشێت و هەموو دەسەڵاتەکانی ئەو دەگرێتەدەست.
ئەگەر میدییەکان باوانی کورد بن، ئەوە دەبینین داهاک یان زوحاک-ی دواپاشای میدییەکان، بەدەستی یەکێک لەنەوەکانی خۆی دەکوژرێت و لەجێی ئەوەی خۆی جێیبگرێتەوە، حوکم و دەسەڵاتیش بۆ کیروس-ی ئەخامەنی جێدەهێڵێت و لەجێی هەستکردن بەئازاری ویژدان، یادی ئەو رۆژەی کردووەتە سیمبولی نەتەوەیی خۆی و پێیوایە کەسێک بەناوی کاوەی ئاسنگەرەوە کەبۆخۆی کورد بووە ئەمی لەستەم و زوڵمی زوحاک رزگارکردووە، هەرگیز کورد پرسیاری لەوە نەکردووە کە ئەگەر نەورۆز یادەوەریی سەرکەوتنی کوردان بێت، بۆ دەبێت ئازەری و کازاخستانی و قیرغیزی و فارس وهەروەک ئیبن بەتووتە-ش لەکتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەدات، لەمیسرو لەزۆر شوێنی دیکەش یادی نەوروز کراوەتەوە.
تائەمڕۆش یەکێک لەگرفتەکانی تاکی کورد لەدژایەتیکردنی باوکدا ئەگەر وەک دەسەڵاتێک تێیبڕوانین، ئەوە نییە کە بۆخۆی پرۆگرامێکی هەیە بۆ جێگرتنەوەی، بەڵکو تەنیا ئەوەندەیە کە لەناوی بەرێت، بۆ ئەمەش دەست لەگەڵ هەر دوژمنێکی باوکیدا تێکەڵدەکات بەمەبەستی لەناوبردن و کوشتنی، سیستمی بەوکسالاری لای کورد بەسیستمی باوکسالاریی رۆمانەکان ناچێت، چونکە سیستمی باوکسالاری لای رۆمانەکان دواجار لەبونیادی دەوڵەتێکدا دەگاتە ترۆپکی دەسەڵات و حوکم، بەڵام لای کورد ئەمە بەچەشنێکی دیکەیەو کەمجار دەسەڵاتی باوک سنووری بنەماڵەو عەشرەت و کۆمەڵ و گروپەکانی کوردی تێپەڕکردووە، بەدرێژایی مێژوو کورد کۆتەڵ و شتێکی رەمزی بۆ باوک دروستنەکردووە، هەروەک لای میللەتانی دیکە دەبینرێتەوەو خاوەن (کارێزما)و (ئۆتۆریتە) نییە، نەک هەر بەبەراورد لەگەڵ رۆژئاوادا، بەڵکو بەبەراورد لەگەڵ رۆژهەڵاتیشدا ئەو جیاوازییە دەبینرێتەوە، زاڵبوونی باوکی کورد شتێکی رێژەییەو بۆخۆی کەسایەتییەکی ناجێگیرو شڵۆقی هەیە، زیاتر بەلاساییکردنەوەی باوکانی غەیرە کوردو لەمیانی دیدو بۆچوون و بیرو هزری ئایینی ئەوانەوە هەوڵی سەپاندنی خۆی داوە، گەرچی لەسەدا سەد نەیتوانیوە ببێت بەوان. (مەهرداد. ر. ئیزەدی) لەکتێبی (کوردەکان)دا سەبارەت بەکەسایەتی کورد زۆر شت دەخاتەڕوو، کە لەزۆر شوێندا دووڕوویی ئەو کەسایەتییەمان بۆ رووندەبێتەوە، هەر بۆ نموونە لەکاتێکدا کورد بەمیواندارێتی و رێزگرتنی لەمیوان ناسراوەو مەهرداد ئاماژە بەوە دەکات کە کورد هەر چییەکی هەبێت ئامادەیە لەپێناو میوانەکەیدا سەرفی بکات و ئەوەی کورد بۆ میوانی دەکات بێوێنەیە، بەڵام هەر بۆخۆشی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە تا ئەو کاتە بڕدەکات کە میوان بێدەنگ و سەنگ گوێڕادێری خانەخوێیەو سەری رەزامەندی بۆ دەلەقێنێت، ئەگینا ئەگەر میوان یەک راوبۆچوونی پێچەوانەی خانەخوێ بڵێت ئەوە بێ سێ و دوو لەو حاڵە دەکرێتە دەرەوە. کەواتە مانەوە لەنێو سیستمی کۆمەڵایەتیی کوردیدا، پەیوەستە بەبێدەنگبوونی تاکی کوردەوە، بەپرسیارنەکردن و لێخووردنەبوونەوەی، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی کارێکی بەخوێندنەوەو زانینی مێژووی خۆی نییە، هەروەک (مەهرداد) ئاماژەی پێدەدات و دەڵێت، ئەگەر سەرانی کورد مێژوویان بخوێنایەتەوەو لێی ئاگاداربوونایە، هەمیشە هەمان هەڵە مێژووییەکانی پێشووتری خۆیان دووبارە نەدەکردەوە.
تەنانەت لەڕووی ئایینیشەوە، سەبارەت بەئایینی خۆیان نەرمونیان بوون و سەرسەختانە بەرگرییان لێنەکردووە جگە لەئیزیدی و یەریسانییەکان، (مەهرداد) سەبارەت بە(یەزدانی) کە ئایینێکی کۆنی کوردان بووە دەڵێت: (دەتوانین بڵێین نەرموونیانییان فاکتەری سەرەکی پەرتەوازەبوون و پەرشوبڵاوبوونەوەی خودی رێبازە ئایینییەکەیان بووە هیچ کاتێک خەیاڵی دروستکردنی زاتێکی رەهای هاوچەشنی (مەسیح)و شاڵاوبردنە سەر رێبازە ئایینییەکانی دیکەیان نەبووە).
بەپێی تێڕوانینی مەسیحییەکان خوداوەند باوکەو مەسیح-یش کوڕیەتی، ئەم تێڕوانینە سیستمی باوکسالاری و دەسەڵاتی لەبوونێکی ماتریاڵییەوە دەگوێزێتەوە بۆ بوونێکی ئایدیالی و رەها، لەکاتێکدا یەزدانییەکان تەنیا باوەڕیان بەڕۆحی رەها هەبووە لەواتا گشتییەکەیداو بەو پێیەش نەک هیچ پرسیارو پەرچەکردارێکییان بەرامبەر بەئایینەکانی دیکە نەبووە،بەڵکو پێیانوابووە ئایینەکانی دیکەش لەلایەن رۆحی رەهاوە نێردراون بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی. کەواتە کورد تەنیا تەسەوری رۆحی رەهای کردووەو لەهیچ شکڵ و شێوەو ئیماژێکدا بەرجەستەی نەکردووەو هەوڵی هیچ ئیزافەکردنێکی بۆسەر ئەو تەسەورەی خۆی نەداوەو نەپەرستگای بۆ دروستکردووە، نەکەسی تایبەتی ئایینی بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی داناوە.
ئیدریس عەلی: بەو پێیەی کە کورد رۆحی رەهای لەئیماژێکدا بەرجەستە نەکردووەو زاتێکی رەهای وەک (مەسیح)ی  بۆ نەخووڵقاندووە تا لەپشت ئەوەوە بەرگری لەئایین و بیروباوەڕی خۆی بکات، کەواتە باوکیش لای ئەو وەک رەمزێکی دەسەڵات هیچ ئیماژێکی نییە، لەکاتێکدا باوکسالاری کوردو دەسەڵاتی باوک یەکێکە لەدیاردە بەرچاوەکانی سیستمی کۆمەڵایەتیی کوردی، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟
یوسف عیزەدین: رەنگە گەورەترین گرفتی کورد وەک میللەتێکی دێرینی رۆژهەڵات لەوەدا بێت، کە بەپێی کەمی سەرچاوەو بەڵگەی پێویست، هەمیشە بەئەگەرو گریمان هێنرابێتە ناو قسەو باسەکان و مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، مەهرداد ئاماژە بەوەدەکات کە لەمۆزەخانە جیهانییەکاندا جێماوی سەرەتایترین خێڵ و گروپ دەبینینەوە، بەڵام ئەوەی دەبێتە مایەی سەرسوڕمان و پرسیارکردنی، ئەوەیە کە بۆ دەبێت سەرەنێزەو تیرو رمێک لەمێژووی کۆنی کورد نەمابێتەوە تا لەمۆزەخانەکاندا بخرێنەپێشچاو، یان ئەگەر هەن چییان لێهات و چۆن هەر هەمووی ونبوون، یان رەنگە بەشێکی زۆریان ون نەبووبێتن و لەپەلاماری میللەتانی دیکەدا بۆسەر کوردستان، دەستیان بەسەردا گیرابێت و لەئێستاشدا بەناوی ئەوانەوە لەمۆزەخانە جیهانییەکاندا بەدنیا بناسێنرێت.
ئەگەر بڕوانینە سەرچاوە مێژووییەکان دەبینین کاتێک لەشکرەکەی (سەعدی کوڕی وەقاس) ئێران داگیردەکات، سەعد سەری سووڕدەمێنێت لەو هەموو پارشۆمێن و دەستنووس و بەڵگەو کتێبانەی، کە هێندە زۆرن نازانێت چییان لێبکات و بەناچاری نامەیەک بۆ خەلیفە دەنێرێت سەبارەت بەوەی کە چییان لێبکات، بەتایبەت عەرەبەکان وەک خۆیان سەری لێدەرناکەن و بەحوکمی زماننەزانینییان نازانن چی تێدا نووسراوە، خەلیفەش لەوەڵامدا دەڵێت، هەر هەمووی فڕێبدەنە ناو ئاوی رووبارێکەوە، چونکە ئەگەر راستییەکی تێدا بێت ئەوە هێندەی (قورئان) راست نییەو ئەگەر ناڕاستی و عیلمێکی شەیتانیشی تێدا بێت، ئەوە لەهەردوو بارەکەدا بەفرێدانی رزگارمان دەبێت، ئیتر ئەوەبوو هەموو ئەو کتێب و دەستنووس و بەڵگە مێژووییانەو هەموو ئەوەی کە دواتریش لەو سەردەمەدا وەچنگیان دەکەوت فڕێیان دەدانە ناو رووبارەکان.
بێگومان لەگەڵ ونبوونی ئەو دەستنووس و سەرچاوە مێژووییانە، زۆرشتی گرنگ سەبارەت بەمێژووی کورد لەگەڵ ئەواندا ونبوون و لەئێستادا نەزانراون، ئەوەی کە سەبارەت بەکوردیش لەئێستادا زانراون جێگەی مشتومڕو قسەو باسە، هەر بۆ نموونە بۆ دەبێت یەزدانییەت وەک ئایینێکی کۆنی کوردان، لای ئێزدی و عەلەوی و یەریسانییەکان لەکۆمەڵێک پرەنسیب و تێڕوانینی گشتیدا مابێتەوەو بەدرێژایی مێژوو کوردە ئێزدی و عەلەوی و یەریسانییەکان سەرباری ئەو هەموو کوشت و کوشتارو زوڵم و زۆرەی کە رووبەڕووی بوونەتەوە، سەرسەختانە بەرگرییان لەخۆیان کردبێت و تائێستاش لەبیروباوەڕی ئایینی خۆیان لایان نەدابێت، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری کورد دەستبەرداری ئەو ئایینە دێرینەی خۆیان بووبێتن و چووبێتنەسەر ئایینی غەیرە کوردو لەدوژمنەکانی کورد زیاتر بەگژ هاوڕەگەزەکانی خۆیاندا چووبێتنەوە، بەڵام کە بەوردی دەڕوانیتە بیروباوەڕی ئایینی کورد بەشێوەیەکی گشتی، سەرباری ئەو ئینتیمایەی کە ژمارەیەکی زۆری، بۆ ئایینێکی دیکە هەیانە، دەبینیت هەموو کورد لەڕووی بیروباوەڕی ئایینییەوە هێشتاکە قەناعەتییان بە (خدری زیندە) هەیە، کە ئەمە بیروباوەڕێکی تەواوی یەزدانییەکان بووە بەکەسێکی نەمرو هەمیشە زیندوو، ئەمە جگە لەپیرۆزیی ژمارە حەوت، تەنانەت میدییەکان دیواری بیناکانیان بەحەوت رەنگ بۆیە کردووەو (هێریدۆت) لەو بارەیەوە ئاماژەی بەشوورەو دیواری چواردەوری تەپۆڵکەکانی شاری میدییەکانی هەمەدانی کردووە، کە بەحەوت رەنگی ئاڵتوونی، زیوی، سپی، رەش، مۆر، شین، سوور، کە لەپێش زاییندا رەنگکراون.
جا سەبارەت بەدەسەڵاتی نێرینەی کوردو باوکسالاری و رۆڵی باوک لەنێو خێزان و سیستمی کۆمەڵایەتیی کوردیدا، رووبەڕووی چەند وێنەیەکی باوک دەبیتەوە، گەرچی هەر هەمووی لەبنەڕەتدا دەسەڵاتی نێری تێدا زەقدەبێتەوەو بەشێوەیەکی گشتی لێکچووی هەموو باڵادەستییەکی لەو چەشنەیە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندێتیی جیاوازیشی هەیە، لەهەندێک ناوچەی کوردستاندا رەدووکەوتنی کچان و ژنانیان لەلایەن پیاوانیانەوە بەشتێکی ئاسایی سەیر دەکرێت و بەشێکە لەتێڕوانینی دەستەجەمعی و کەلتورییان و سەرباری ئەوەی کە زۆرێک لەو کوردانەی کە ئەم سونەتە لەناویاندا باوە، لەئێستادا موسڵمانن، بەڵام هیچ کاتێک بەپێودانگی ئیسلام نەیانڕوانیوەتە ئەو سونەتەی کە بەپێی ئیسلام حەرامە، لەکاتێکدا لەنێو کۆمەڵ و دەستەیەکی دیکەی کورددا، نەک هەر ئافرەت بۆینییە بەئیختیاری خۆی رەدووی پیاوێک بکەوێت، بەڵکو حەزو خۆشەویستی و تەنانەت بچووکترین سەرەتاتکێ و جموجۆڵ، دەرئەنجامەکەی بەکوشتنی مێینە تەواو دەبێت، جا پرسیارەکە لەوەدایە کە بۆ دەبێت دوو کۆمەڵی کورد کە هەردووکیان موسڵمانن و پابەندن بەجێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی ئیسلام، بەڵام سەبارەت بەئیختیاری مێینە بۆ پیاوێک، یان تەجاوزێکی سێکسی و رەدووکەوتن و شتی لەو چەشنە، هەر یەکێکیان بەچەشنێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، یەکێکیان لووتی دەبڕێت، دەیسووتێنێت، بەردەبارانی دەکات، دەیکوژێت. ئەویتریشیان بەکردەیەکی زۆر ئاسایی تێیدەڕِوانێت و هەر باکیشی بەحیکایەتەکانی عەیبەو شەرەف و نامووس و حەرام و ئایین و شتی لەو چەشنە نییە، بۆیە دەبینن ئەگەر ئەوەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا وەک دوو نموونە سەیر بکەین، ئەوە دوو نموونەی پیاوی کوردیشمان لەبەرچاودا بەرجەستەدەبێت.
ئیدریس عەلی: کەواتە کورد بەکاریگەریی کەلتوورو ئایینی میللەتانی دراوسێی دەستیداوەتە کوشتنی هەموو ئەو مێینانەی کە بەپێودانگی ئەو ئایین و کەلتوورە کارێکی پێچەوانەی رەوشت و دابونەریتییان ئەنجامداوە، کە لەئێستادا ئەم کوشتنی مێینەیەیان گوێزاوەتەوە بۆ پانتاییەکی جوگرافی جیاوازو لەناو کوردە پەناهەندەکاندا بۆتە شتێکی باو و هەر ئەوەندەت زانی رۆژنامەو کەناڵەکانی TV باس لەدەستگیرکردنی پیاوێکی کورد دەکەن کە کچەکەی، خوشکەکەی، یان ژنەکەی خۆی لەسەر مەسەلەی نامووس کوشتووەو لەکارەکەشی پەشیمان نییەو شانازی پێوەدەکات، ئاخۆ هەموو ئەم تاوانانەی کە پیاوی کورد دژ بەمێینە ئەنجامی دەدات، وێنەی کورد لەدنیای دەرەوەی ئێمەدا ناشرین ناکات؟
یوسف عیزەدین: بەڕاستی سزادان یان کوشتنی مێینە، لەسەر هەر داواکاریی یان هەڵوێست و کردەیەک کە پەیوەست بێت بەدنیای سێکسی و ئارەزووەکانییەوە، یان دەستبەردانی لەپیاوێک و ئیختیارکردنی پیاوێکی دیکەو زۆرشتی دیکەی لەو چەشنە، کە پەیوەستە بەحەزو ئارەزووەکانییەوە، سەرباری داکۆکیکردنی لەهەر مافێک کە بۆ پیاو بەڕەوا ببینرێت و بۆ ئەو ناڕەوا، کارێکی زۆر دزێو و نائینسانیی و دڕندانەیە.
تۆ ئەگەر کوشتنی مێینەت کردبێتە بەشێکی فەرهەنگ و کەلتوورت و بەئینسانکوژی خۆتەوە بنازیت، دەبێت بەچ روویەکەوە ئەگەر پێویستی کرد، باس لەلایەنە جوانەکانی ئەو کەلتوورەی خۆت بکەیت، نازانم لەچ شوێنێکی دیکەی دنیادا مێینە لەبەر ناشرینییەکانی پیاو و سیستمەکەی خۆی دەسووتێنێت، یان دەسووتێنرێت و دواتر دەڵێن خۆی سووتاند، لەیەکێک لەڕۆژنامەکاندا باس و خواسی ئەو پیاوە کوردەم کەوتە پێش چاو، کە دوای ئەوەی لەیەکێک لەشەقامەکانی شارێکی ئەڵمانیادا ژنی پێشووی خۆی داوەتەبەر چەقۆو کوشتوویەتی، دڵی بەوەندە ئاوی نەخواردووەتەوەو دواجار سووتاندوویەتی، یان حیکایەتی ئەو پیاوەی کە لەبەریتانیا کچێکی خۆی بەچەقۆ کەلەپاچەکردو و دواتر لەباخچەیەکدا ناشتبووی، چەندان حیکایەتی تریش سەبارەت بەزۆرێک لەو پیاوە کوردانەی کە ساڵانی دوورو درێژی تاراوگە نەیگۆڕیون و نایانگۆڕێت و تاوتوێکردنیشی باس و خواسێکی گشتگیرترو دەرفەتێکی بەرفراوانتری گەرەکە.
ئیدریس عەلی: شیعری کوردی وەک ژانرێکی ئەدەبی مێژوویەکی دێرینی هەیەو ئامادەباشییەکی بەرچاوی لەنێو پانتایی ئەدەبیاتی کوردیدا هەبووە، دەقە شیعرییەکانی بابا تاهیری هەمادانیش لەڕووی مێژووی نووسینیانەوە کە هەزار ساڵێک لەمەوپێش نووسراون، گەواهی ئەو راستییە دەدەن، لەکاتێکدا مێژووی چیرۆکنووسین و رۆماننوسینی کوردی، کۆن نییە، لەکاتێکدا میللەتانی دیکە زۆر لەپێش ئێمەوە خۆیان لەبواری چیرۆک و رۆماندا تاقیکردووەتەوەو لەئێمە بەئەزموونترن، دەبێت دواکەوتنی نووسینی ئەو ژانرە ئەدەبیانە لای کورد هۆکارەکەی چیبێت؟
یوسف عیزەدین: گەرچی حیکایەتیش لەناو کورد دەماودەمی کردووەو زۆر لەکۆنیشەوە هەر هەبووە، جا چ ئەو حیکایەتانەی کە کورد لەمیللەتانی دیکە بیستوونی و رەنگە زۆریشیان تائێستاکە مابێتن و هەر بگێڕدرێنەوە، یان ئەو حیکایەتانەی کە کەسانێکی کورد بەخەیاڵیاندا هاتووەو گێڕاویانەتەوە، بەڵام لەبەر هەر هۆو هۆکارێک بووبێت نەنووسینەوەی ئەو حیکایەتانە، بەبەراورد لەگەڵ شیعردا کە نووسراوەتەوە جێگەی پرسیارە.
سەبارەت بەئەدەبیاتی رۆژئاواش گەرچی هەن مێژووی نووسینی کورتەچیرۆک دەبەنەوە بۆ سەردەمێکی پێش (ئیدگەر ئەلن پۆ)، بەڵام نکوڵیش لەوە ناکرێت کە هەر ئەو بوو توانی کورتەچیرۆک وەک هونەرێک لەحیکایەت و نۆڤێللا جیابکاتەوەو سەرنجی ئەدیبەکانی بەلادا رابکێشێت و پێش سەدوشەست ساڵێک لەمەوپێش لەلایەن ئەدیبە ئەمریکی و فەرەنسی و رووسییەکان ئاوڕی لێبدرێتەوە، بەڵام دیارە مێژووی رۆماننوسین و نۆڤێللا لەڕۆژئاوادا زۆر لەمێژووی نووسینی کورتەچیرۆک کۆنترەو هۆکارەکانیشی زۆرن و راستییەکەشی (ئیدگەر ئەلن پۆ) رۆڵێکی بەرچاوی بینی، لەجێکردنەوەی کورتەچیرۆک وەک ژانرێکی ئەدەبیی جیاواز لەچیرۆکە تەقلیدییە کۆنەکان، کە بەجێکردنەوەی یەک دنیا وشەو رستەو پەرەگرافی وەسفیی لەکارکەوتوو، قەرەباڵغ دەکرا، لەکاتێکدا بەپێی راوبۆچوونی (پۆ) ناکرێت یەک وشەی زیادە بترنجێنیتە ناو بوونیادی کورتەچیرۆکەوە، هەروەک چۆن دەرهێنانی یەک وشەش لاسەنگی دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە جیاواز لەچیرۆکی درێژ، کورتەچیرۆک لەیەک دانیشتندا دەخوێنرێتەوەو زۆر وردەکاری تەکنیکی دیکە، کە دەکرێت هەموو ئەمانە وەک ئەلفوبێی چیرۆکنووسین و کلاسیکایەتی ئەو ژانرە ئەدەبییە تێی بڕوانین، ئەگینا وەک کارلۆس فۆێنتس دەڵێت: (دیارە هیچ دەقێک لەکاتی نووسینەوەیدا حیساب و کیتابی بۆ ناکرێت، دەق بۆخۆی ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوەو بەباڵەکانی لەشەقەی باڵ دەدات و خودی نووسەرەکەی دەخاتە پەراوێزەوەو دەیسڕێتەوە).
تەنانەت لەڕووی تەکنیکیشەوە، زۆرێک لەچیرۆکنووسان پاندی ئەو پێودانگە پێشینەیەی چیرۆکنووسین نەبوون و بەپێی دنیابینیی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، هەر بۆ نموونە بۆرخیس کار لەسەر بەحیکایەتکردنی چیرۆک دەکات و لەشوێنێکیدا دەڵێت: (ناڵێم من ئیزۆب-م، بەڵام حیکایەتەکانم وەک حیکایەتەکانی هەزارویەک شەوە، ئامانجیان هەژاندن و چیژ بەخشینە)، ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان، من وەک خۆم کێشەکە لەبەروارو مێژووی چیرۆک و رۆمانی کوردیدا نابینمەوە، لەڕووی ئەوەی کە وەک زەمەنی نووسینیان نوێترن لەچاو ئەدەبیاتی رۆژئاوادا، یان تەنانەت تاڕادەیەکیش لەگەڵ گەلانی دراوسێدا، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە لەئێستادا چیرۆک و رۆمانی کوردی لەچ ئاستێکدایە، لەمڕۆدا کە کۆمەڵێک لەڕۆماننووسە مەغریبییەکان نەخشەی تەقلیدی رۆمان دەگۆڕن و لەفەزاو ئەتمۆسفێرێکی جیاوازدا رۆمانەکانیان دەخووڵقێنن و دەیان پرسیار لای خوێنەر دروستدەکەن، کەس لەوە ناپرسێت، چۆن دەبێت رۆمانەکانی ئەوان خوێنەرانی دنیا تووشی هەژان و سەرسامیی بکەن، لەکاتێکدا رۆمانی مەغریبی لەڕووی مێژووییەوە بەبەراورد لەگەڵ رۆمانی رۆژئاواییدا پێشینەیەکی کلاسیکی و کۆنی نییە، نووسین بەگشتی وەک (مۆرا کامی) ئاماژەی پێدەدات کارێکی زۆر خودگەراییانەیەو ئیگۆ تێیدا زاڵە، هەربۆیە ناکرێت بۆ دەقە خراپەکانی ئەدەبیاتی کوردی دەیان پاساو بهێنیتەوەو پەیوەستی بکەیت بەبارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و زۆر شتی دیکەی لەو چەشنە، تۆ بڵێی حاڵووەزعی (سێرڤانتیس) زۆر لەنووسەرانی ئێمە باشتر بووبێت، کاتێک رۆمانێکی جوانی وەک (دۆن کیخۆتە) دەنوسێت، نەخێر بەپێچەوانەوە سێرڤانتێس یەکێکە لەنووسەرە بەدبەختەکانی دنیاو لەهەموو روویەکەوە کۆڵەوارو داماو بووە، کەچی هەر هەموو ئەمانە نابنە لەمپەری نووسینی رۆمانێکی وەک (دۆن کیخۆتە).
ئیدریس عەلی: ئاخۆ نووسەرێک کە لەئێستادا دەیەوێت دەقێکی جوان و جدی بخووڵقێنێت، بەبێ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی دەقی نەوەکانی پێش خۆی دەتوانێت دەقێکی لەو چەشنە بنووسێت؟
یوسف عیزەدین: خوێندنەوەی دەق و بابەتە جوان و جدییەکان، کارێکی گرنگە، بەمەبەستی بینینی دیوە پەنهان و شاراوەکانی، من وەک خۆم لەگەڵ خوێندنەوەی رووکەشییانە، یان سەرپێیدا نیم.
ئیدریس عەلی: ئێوە وەک خۆتان لەکەیەوە دەستتان داوەتە خوێندنەوەو لەڕووی زەمەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ چ ساتەوەختێکی تەمەنی ئێوە، حەزدەکەین بزانین ئێوە قۆناغی منداڵی خۆتانتان چۆن گوزەراندووەو چین ئەو شتانەی کەکاریگەرییان لەسەرتان هەبووە؟
یوسف عیزەدین: دیارە هەر لەمنداڵییمەوە بەشێوەیەکی سەیر خولیای خوێندنەوەم هەبوو، بەو پێیەی کە باوکیشم تا لەژیاندا بوو، هیچ کاتێک رێی ئەوەی نەدەدام وەک منداڵێکی ئاسایی تێکەڵ بەدنیای دەرەوە ببم و وەک هەر منداڵێک گەمە بکەم، تەنیا ئەو کاتانەی کە دەچوومە قوتابخانە بۆم هەبوو لەدەرکەی ماڵەکەمان بچمە دەرو بەدنیای دەرەوە ئاشنا بم، باوکم پیاوێکی زۆر گۆشەگیرو تەنیا بوو، هیچ سەردان و هاموشۆیەکی دەرودراوسێ و خزموکەسی نەدەکرد، ئەویش تەنیا مەگەر ئەو کاتانەی کە وەک فەرمانبەرێک دەبووایە چووبایەتە فەرمانگەکەی لەماڵ چووبایەتەدەر، ئەگینا زۆر بەبێدەنگی خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی لاپەڕە بۆری بێبەرگ دەبوو کە هەمیشە بەدەستییەوە دەمبینی پاش مەرگیش لەناو هەموو کتێبەکانیدا زۆر بۆ ئەو کتێبە گەڕام و بەشوێنیدا عەوداڵ بووم، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەمزانی ئەو کتێبە چیبوو کە هەمیشە بەبێدەنگی دەیخوێندەوە، بەدرێژایی تەمەنی کورتی پێکەوە بوونی لەگەڵمدا، چونکە تازە لەقۆناغی منداڵییەوە پێم دەنایە قۆناغی مێردمنداڵی کە ئەو کۆچی دوایی کرد، کەمجار قسەی ئاسایی لەگەڵ دەکردم وەک ئەوەی کە هەر باوکێک لەگەڵ منداڵی خۆیدا دەیکات، بەحوکمی ئەوەی چەند زمانێکی دەزانی، دەیوست منیش فێری ئەو زمانانە ببم، ئەوەبوو ئەو دەمەی لەپۆلی سێیەمی سەرەتایی بووم، فێری زمانی عەرەبی کردم و کەدوای چەند ساڵێک توانیم لەمیانی ئەو زمانەوە، هەموو ئەو کتێبانە بخوێنمەوە کە باوکم لەنێو سێ باوڵ و پێنج کارتۆنی گەورەدا هەڵیگرتبوون، بۆیەکەمجار تەورات و دیوانی ئەبی نەواس و ئەختەڵ و دەقەکانی مەنفەلوتی و عەقادو چارڵز دیکنزو شکسپیرو دنیایەک کتێبی موغامەراتم لەناو ئەو کتێبانەدا بینییەوەو بەمەبەستی خوێندنەوەیان زۆربەی کاتەکانم لەهەورەبانی ماڵەکەماندا دەبردەسەر کەسێ باوڵ و پێنج کارتۆنە گەورەکەی کتێبەکانی باوکمی لێبوو.
باوکم کەسێکی کەمدوو بوو، تەنها لەکاتی سەعی پێکردنمدا قەریحەی قسەی دەکرایەوەو جگە لەو وانەیەی کەبۆی باسدەکردم، جارجارە باسی باوکی خۆی بۆ دەکردم و کەمجار شتێکی لەبارەی خۆیەوە بۆ باسدەکردم و نەمدەزانی چۆن دەڕوانێتە ژیان و باوەڕی بەچی هەیە.
لەمیانی قسەو باسەکانییەوە گوێبیستی حیکایەت و ماجەراکانی باپیرم بووم، دەمزانی ئەو پیاوە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا کولیەی حەربییەی لەئەستانبوڵ تەواو کردووەو بووەتە ئەفسەرو دواتر گەیشتووەتە پلەی یوزباشێتی و یەکێک بووە لەوانەی کە (شێخ مەحمود)ی زۆر خۆشویستووەو لەشۆڕشەکەیدا بەشدار بووە، لەکاتێکدا (رەزابەگی) برای سەر بەئینگلیز بووەو حیکایەتی ناکۆکی و ململانێی ئەودوو برایەش، زۆر لەوە دوورودرێژترە کە بتوانم لێرەدا باسی بکەم، بەرهەحاڵ یەکێک لەشتە سەیرو سەمەرەکانی باپیرم ئەوە بووە کە هەژدە ژنی هێناوە هەر لەهیندی و عەرەب و تورک و جولەکەو فارس و کوردو زۆر رەگەزی دیکە، پێنج شەش زمانی زۆر بەباشی زانیوەو ئەمە جگە لەوەی نیوەی جیهان گەڕاوەو پارەوپوولی خۆی لەسەفەرو ماجەراکانیدا سەرفکردووە، دیارە ئەوەی کە لێرەدا لەبارەی باپیرمەوە دەیخەمەڕوو، هەر هەموویم لەباوکمەمە نەبیستووە، بەڵکو هێندێکی لەچەند مامۆستایەکی وەک جەمال بابان و کەریم زەندو چەند کەس و خزمێکی خۆمان و ئەمە جگە لەوەی لەکتێبی (شاری سلێمانی)دا، لەبەشی تایبەت بەو ئەفسەرە عوسمانییانەی کە خەڵکی سلێمانی بوون ناوی باپیرم و رەزابەگی برای تێدایە.
ئیدریس عەلی: رەنگە هەر ئەوانەی کە پێشتر ئاماژەتان پێدا، هۆکاری نەبوونی کەسایەتیی باوک بێت لەدەقەکانتاندا، یان ئەگەر هەشبێت بەچەشنی زۆرێک لەنووسەرانی کورد هێرشتان نەکرووەتەسەر کەسایەتیی باوک کە لەزۆر دەقی کوردیدا باوک وەک دڕندەو تارماییەکی ترسناک وێناکراوە، ئێوە لەچیرۆکی (خورافاتی چاویلکەکەی باپیرم) کە نووسەرو مامۆستای بەتوانا (عەلی ئەشرەف دەروێشیان) لەگەڵ کۆمەڵێک چیرۆکی دیکەی کوردیدا کردوویەتییە فارسی و لەدووتوێی کتێبێکدا بڵاویکردوونەتەوە، باستان لەکۆمەڵێک شتی تایبەت بەباپیرتان کردووە، تەنانەت لەڕۆمانی (دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان)یشدا، ئێوە لەڕێی نۆستالژیاو یادەوەرییەوە هەر دەگەڕێنەوە بۆ باسکردنی باپیرتان و وێنەی باوک لەو رۆمانەداو لەدەقەکانی تریشتاندا ونە، ئاخۆ ئەمە بەتەواویی پەیوەستە بەقۆناغی منداڵیتانەوە، یان هۆکاری دیکەشی هەیە؟
یوسف عیزەدین: وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، کەسایەتیی باوک لای کورد یەک وێنەو شکڵ و شێوەی نییە، ئەوەی کە باوکێکی سەر بەبنەماڵە یان ناوچەیەکی کوردی پێی حەرامە، یان نەنگی و عەیبەیە، لای باوکی شوێنێکی دیکەی کوردستان وانییەو بەڵکو بەتەواویی پێچەوانەیە، کچانی کوردە عەولەوییەکان بەبەرچاوی باوکییانەوە سەما دەکەن، بەئاگاداری ئەوان حەز لەپیاوان دەکەن و رەدووی دەکەون و زۆرشتی دیکە، کە ئەگەر کچانی کوردی زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان پێی هەڵبستن، دەرئەنجامەکەی کوشتنە.
بەشێوەیەکی گشتی مۆدیلی باوکی کوردی لەڕووی ئۆتۆریتەو کارێزماوە، باوکێکی جێرمەنی یان باوکێکی ئینگلیزی ئۆرستۆکرات نییە، هەروەک چۆن پیاوە ئایینییەکانمان سام و رەهبەتی قەشەو راهیب و پیاوە ئایینییەکانی ئەوانی نییە، من ناڵێم لەوان نەرمونیانتر و بەبەزەییترن، مەبەستم لەوەیە باوکی کوردی بەلاساییکردنەوەی باوکانی غەیرە کورد، هەمیشە ویستوویەتی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ژن و ماڵومنداڵیدا بسەپێنێت، هەردەم بەئیحای مەرجەعە ئایینییەکان باوکایەتی خۆی وێناکردووەو بەکاریگریی زۆر کەلتوورو دابونەریتی غەیرە کوردی، کەسایەتی ترسناکترین باوکی لەخۆگرتووەو هەموو ئەو دنیا بینییە پڕ لەحەرامەی هێناوەتە نێو خانەوادەکەیەوە، ئەگینا سەردەمانێک لەنێو کورددا بەرزترین پلەی ئایینی و باوکایەتیی لەنێو کەسایەتی کەسێکدا بەرجەستەکراوە کە (پیر)ی پێوتراوەو لەدیدگایەکی میستیکی و سۆفیستییەوە روانیویەتییەتە هەموو ئەوەی کە هەبووەو بانگەشەی یەکبوونی بوون و خۆشەویستیی هەموو شتەکانی کردووە، ئەستەمە باوکێکی ئەو سەردەمە لێدان و فەلاقەکردن و کوشتنی منداڵانی خۆی پێ ئاسایی بووبێت، ئەمە جگە لەوەی کە باوکایەتیی وەزیفەیەکە سیستمێک دەیسەپێنێت و هەموو ئەوەی بەسەریدا فەرزدەکرێت، دواجار بۆ پاراستنی خودی ئەو سیستمە خۆیەتی.
سەیرە تۆ بتەوێت بەهاندانی مێرد منداڵان و گەنجان لەبەگژداچوونەوەی باوکانیاندا گۆڕانکاریی لەکۆمەڵگەدا بکەیت، چونکە تۆ پێش ئەوە سیستم و فەرهەنگ و کەلتوورێکت هەیە کە باوکی لەنێو خێزاندا کردووەتە گاردیان و ماڵیشی کردووەتە ئەو زیندانەی کە باوک ئەندامەکانی خێزانەکەی تێدا زیندانی دەکات، تا بتوانێت شکۆمەندی خۆی لەنێو کۆمەڵگەکەیدا بپارێزێت.
جا سەبارەت بەدەقەکانیشم وەک بەڕێزتان هەستتان پێکردووە، لەڕووی ئەوەوە کە باپیر لەجێی باوک ئامادەگی هەیە، رەنگە یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوە بێت، کە باوک و باپیرو پشتاوپشتی باوکانی سولالەیەک، دواجار هەر هەموویان کەسایەتیی باوکێک پێکدەهێنن، گەرچی لەزۆر رووەوە لێکچوو بن، یان جیاوازو لێکنەچوو، ئەمە جگە لەوەی کە باوکم هەمیشە شانازی بەباوکی خۆیەوە دەکردو بەسڵ و سامێکی گەورەوە زۆرجار دەیڕوانییە شمشێرو تفەنگەکەی، کە دواتر دەبوو زۆر بەباشی لەشوێنێکی نەزانراوی ماڵەکەماندا بیشارێتەوە کە جگە لەخۆی کەس شوێنجێگەکەی نەدەزانی و لەکاتی دەرهێنان و شاردنەوەیدا، دەبوو من و دایکم و براکەم بچینە یەکێک لەژوورە لاچەپەکەکانی مامەڵەکەمان و پاش ئەوەی دەرگاکەی لەسەر کڵۆم دەداین، کاری خۆی دەکرد.
ئیدریس عەلی: بەپێی قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکان ئاراستەی خوێندنەوەی خوێنەران گۆڕانی بەسەردا دێت، هەربۆ نموونە کاتێک دەزانیت خوێنەرێکی زۆری دنیا روودەکاتە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی هیندی، یان ئیسپانی، یان ئینگلیزی، ئاخۆ بەڕای ئێوە هۆکارەکەی چییەو بۆ دەبێت لەئێستادا خوێنەران کەمتر ئەدەبیاتی رووسی بخوێننەوە، لەکاتێکدا سەردەمانێک هەموو دنیا سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی رووسی بوون؟ بەڕای ئێوە کەناڵەکانی میدیاو هۆکارەکانی راگەیاندن و TV، لەئاراستەکردنی خوێنەردا چەند رۆڵیان هەیە؟
یوسف عیزەدین: لەمڕۆدا ئەو ئیماژە بەرجەستەکراوانەی کە لەسکرینی تەلەفزیۆن و هۆکارە تەکنۆلۆژییەکانی دیکەوە پێماندەگات، لەخودی راستییەکان دوورماندەخاتەوەو ناهێڵێت تەواوی دیمەنەکان وەک خۆیان ببینین، چونکە هەمیشە بەهەڵوەشاوەیی شتەکانمان پیشاندەدات و مەوداکان هێندە تەنگەبەر دەکات، کە هیچ دەرفەتێکمان بۆ ناهێڵێتەوە تا بەچەشنێکی دیکە راستییەکان ببینین، هەر بۆ نموونە تەلەفزیۆن لەپیشاندانی رووداوێکدا کە دەیان کەسی تێدا کوژراوە، بەچەشنێک دەیهێنێتە پێشچاوت کە هەست بەئێش و ئازاری کەسەکان نەکەیت و دووبارەکردنەوەی پەیتاپەیتا وێنەکانی رووداوەکەش هێندەی دیکە شتەکانت لا ئاسایی دەکات و وات لێدەکات دواتر بەئاسانی لەبیری بکەیت، ئەو جۆرە کارکردنەی کە لەئێستادا باوەو بەسەرسامکردنی بینەر دەستپێدەکات، تەنها بۆ ئەوەیە کاریگەرییەکی کاتی لەسەر بینەر هەبێت و بەئاسانی لەبیربچێتەوە.
ئەمە جگە لەوەی لەمڕۆدا ریکلامکردن بۆ ئەدەبیات وەک هەر کاڵاو کەلوپەلێکی دیکە، پانتاییەکی بەرچاوی میدیاو کەناڵەکانی تەلەفزیۆن داگیردەکات و مەبەست لەفرۆشتنی کتێبە ئەدەبی و بابەتە هەمەجۆرەکانە، کتێبێکی چێشتلێنان و کتێبێکی ئەدەبیات هێندەی یەکتر ریکلامیان بۆ دەکرێت، یان خراپترین کتێب باشترین ریکلامی بۆ دەکرێت و باشترین بازاڕی کتێبفرۆشتنی بۆ سازدەکرێت، لەدنیادا ئەوانەی ئیشی ریکلام دەکەن، تەنها مەبەستێکیان پەیداکردنی زۆرترین پارەیە، کێ زۆرترین بڕەپارەیان بداتێ باشترین ریکلامی بۆ دەکەن، هەموو ئەم ئاشووب و جەنجاڵی و سەرگەردانییە بمانەوێت و نەمانەوێت کاریگەرییەکی نێگەتیڤانەیان لەسەر خوێنەر هەیەو توانای ئیختیارکردنی خودی تێدا تێکدەشکێنن.
بەو پێیەی کە ئاماژەتان بەئەدەبیاتی رووسی دا، گەرچی لەسەردەمی حوکمی شۆڤێنتیی پێشوودا، بەبەرنامە ئەدەبیات و بابەتە هەمەجۆرەکانی خۆیانیان وەردەگێڕایە سەر زووربەی زمانە زیندووەکانی دنیاو بەدنیادا بڵاویاندەکردەوە، سەرباری ئەو ئامانج و مەبەستە سیاسییەی کە لەپشت وەرگێڕانی ئەو کارانەوە، ئیشی دەکرد، بەڵام دەبینیت سەرجەم کلاسیکی ئەدەبیاتی خۆیانیان وەردەگێڕا، لەکاتێکدا (ڤلادیمێر ئیلیچ لینین) نووسەرێکی وەک ئۆڵستۆیی بەکۆنەخواز لەقەڵەم دابوو، یان راوبۆچوونێکی زۆر خراپی لەسەر رۆماننووسێکی بەتوانای وەک دۆستەێیڤسکی هەبوو، بەڵام راوبۆچوونی کەسێک کە لیدەرو دامەزرێنەری حکومەتی سۆڤێتی بوو، ئەمە جگە لەوەی کە ئەو دەزگای وەرگێڕانەش سەر بەو حکومەتە بوو، نەبوونە مایەی وەرنەگێڕانی شاکارەکانی تۆڵستۆی و دۆستەێیڤسکی، بەڵکو بەپێچەوانەوە رۆڵێکی گەورەیان لەناساندنی ئەو نووسەرانەدا بینی و خوێنەرێکی زۆریان بەدەقەکانیان ئاشناکرد، دیارە من لێرەدا مەبەستم لەوە نییە ئەگەر هەوڵوتەقەللای ئەو دەزگای وەرگێڕانە نەبووایە تۆڵستۆی یان دۆستەێیڤسکی نەدەناسران، من لێرەدا مەبەستم ئەوەیە ئەوان لەڕووی پۆپۆلارکردن و ناساندنی بەپانتاییەکی بەرفراوانی خوێنەران رۆڵیان هەبوو، واتە ئەوان توانییان سەرجەم ئەدەبیاتی کلاسیکی خۆیان بەدنیا بناسێنن، بەڵام دواجار هەر خوێنەری جدییە کەدەتوانێت دەستنیشانی ئەو دەقانە بکات کە پرسیار دەورووژێنن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.