Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کۆندەلیزا ڕایس وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا

Be First!

a.abdulla@araspress.com

ئایا چی ڕووی دەدا گەر موبارەک گوێی لە کۆندەلیزا رایس بگرتایە ؟
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وەزیری  پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا

تسایت /  شەش ساڵ پێش ئێستا  ئێوە وەکوو وەزیری دەرەوەی  ئەمەریکا  سەردانی قاهیرەتان کرد و لەوێ  لێدوانێکی  زۆر گرنگ و ڕوونتان دا ، لەکاتێکدا زۆر بە ڕوونی ڕاشکاوانە بە سەرۆک موبارەکتان ووت :
( لەگەڵ گەلەکەی خۆتان دیالۆگ بکەن و بائەوانیش زۆر بەئازادانە بڕیاری خۆیان بددەن )
 ئایا گەر ئەو بەقسەی ئێوەی بکردایە ، تا ئێستاش هەر لەسەر دەسەڵات دەمایەوە؟ 
کۆندەلیزا ڕایس /  دیارە ئێمە ناتوانین  ئەوە بزانینین چی ڕووی دەدا . لێ  ئەو شەش ساڵە واتە لە 2005 وە ئەوەمان  فێردەکات ، کە موبارەک شانسی خۆی لە دەستدا . ئەو دەیتوانی لەکاتێکی هێمن و ئاساییدا ئەو کێشانە چارەسەربکات ، کەلەم دواییانەدا بەشێوەیەکی ترسناک تەقینەوە.  بۆ نموونە ئەو دەیتوانی سیاسەتێکی حەکیمانە دابرێژێت ، بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی ڕەوتە ئیسلامیەکان بگرێت.
تسایت / لێدوانەکەی ئێوە ، خاڵێکی وەرچەرخانی دوو لایەنەی پێوە دیاربوو. لەلایەکەوە  ئێوە دیمۆکراتیزەکردنی دەوڵەتان بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی  سیاسەتی ووڵاتەیکرتووەکانی ئەمریکا دادەنێنن . لەلایەکی ترەوە نیشانەی کۆتایی پێهاتنی سیاسەتی کۆنی ئەمریکا لە ناوچەی ناوەراستی ناڤین بوو، کە بریتی بوو لە :
(  ئارامی و سەقامگیربوون لەسەر حیسابی دیمۆکراتی دابمەزرێنن، چونکە دەبێت یەکێکیان بکرێتە قووربانی و هەردووکیان پێکەوە جێ بەجێ ناکرێت)
 ئەنجامەکانی ئەم دواییە  ڕاستی بۆچوونەکانتان دەسەلمێنن . ئایا ئێوە پێخەمبەر نین؟
کۆندەلیزا ڕایس / ( بە پێکەنینەوە ) هەر ئەو کات مرۆڤ دەیتوانی  هەست بە گەردەلوولی غەزەبی خەڵکی بکات. فەرمانڕەواکان لە گەلەکانی  خۆیان دابڕابوون . ئەوان بەهەموو شێوەیەک دژی هەموو ریفۆرمی  سیاسی و ئابووری دەوەستانەوە ، کە دەکرا باری ژیانی هاوڵاتییان باشتر بکات.  ئێمە لە ئەمریکا توانیمان جۆرە ریفۆرمێک دابڕێژین ، کە بۆ ماوەیەکی درێژ سیستەمی دیۆکراتییمان ببپارێزێت، هەروەها بە شێوەیەکی بەردەوامی دیالۆگ لە  نێوان گەل و دەسەڵات دا هەبێت.  لێ لەهەمان کاتیشدا ئێمە نازانین ، چ بڵێسەیەک دەبێتە هۆی داگیرساندنی ئاگرێکی گەورە.
تسایت / سەرۆک بووش ساڵی 2005 لەکاتی پێشکەشکردنی ووتاری خۆی لەکاتی  هەڵبژاردنەیەوە بۆ  سەرۆک کۆمار بۆ جاری دووەم ، بەشێوەیەکی توندتر و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند :
(  ئازادی لە وڵاتی خۆمان دا پێویستی بە سەرکەوتنی ئازادییه لە وڵاتانی تردا )
مانایەکی تری ئەم قسەیە ئەوەیە،  ئایدیالیزم وەکوو سیاسەتێکی واقیعیانە بەرجەستە بکرێت .  ئاسایشی ئەمریکا پێویستی بەوە هەیە کە ( هەرچی فەرمانڕەوای دیکتاتۆرە لە جیهاندا  نەمێنێت ) دیمۆکراتریزەکردنی جیهان وەکوو بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی بۆ ئەمریکا حیساب بکرێت .  لێ       بە شێکی زۆری دیکتاتۆرەکانی جیهانیش ، دۆستی رۆئاوان. ئایا  ئەمە هەلوومەرجێکی دژاو ناخوڵقێنێت؟
 کۆندەلیزا ڕایس /  دیارە ئەم هەلوومەرجە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا گۆڕانکاری تێدا بکرێت . لێ  ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە هیچ دەست پێنەکەین . ئەمڕۆ پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردن بەشێوەیەکی فەوزاویی و ناڕێکوپێک و تووندوتیژانە دەستی پێکردووە. دەبوایە پێشتر بیر لە ڕێکخستن بکرایاتەوە . گەر ئێستا بیر لە  ڕێکخستن و نەخشەداڕێژی بکرێتەوە ، ئەوا کات بەسەرچووە. بە دڵنییایەوە ئێستا بە جارێک ئەم کارە زۆر زەحمەتە .
تسیات /  لەو شوێنانەی کە سیستەمی دیموکراتی لە قۆناغی سەرەتاییدایە بۆ ئەمریکا باش نەبووە.  وە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لەم شووێنانەدا،  نەیانتوانی ئاشتی و پرۆسەی دیمۆکراتی بپارێزێت .  لە کەرتی “غەزە”  پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد ، بەڵام تەنها یەک جار بەردەوام بوو.  لە لووبنان بە نیوەوناچڕی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد ، بەڵام بوو بە هۆی کووشتنی سەرۆک وەیزران ڕەفیق ئەل حەریری  و زاڵبوونی حیزب الله لە لوبنان . لە ڤێنزوێلا پرۆسەی هەڵبژاردن ، دوژمنێکی ئەمریکای هێنایە سەر دەسەڵات .
کۆندەلیزا رایس /  دیارە پێش هەموو شتێک ، ئێمە زۆر دەمێک نییه کە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنمان لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناڤین   دەست پێکردووە. دووەم شتیش  نابێت گۆرانکارییه مێژوویەکان لەسەر حسابی ئەمڕۆ پێوان بکرێت( واتە نابێت بەپێی عەقڵیەتی ئەمڕۆمان ، حوکمی ڕووداوە مێژوویەکان بکەین ،،،،وەرگێڕ)  . ڕاستە لە کەرتی ” غەزە”  بزووتنەوەی حەماس  دەسەڵاتی گرتە دەست ، لێ نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت ، کە بزووتنەوەی “فەتح” یش ئەلتەرناتیفێکی باوەڕپێکراو نەبوو. بائێمە باسی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە ئەمریکا بکەین . با باسی دوو رووداوتان بۆ بکەم ، بۆ نموونە لە هەرێمی بیرمینگهام و ئەلاباما Birmingham, Alabama  کەخۆم لەوێ گەورە بووم  هیچ کاتێک  پێش 40 ساڵ  کەس نەیدەتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە دوو ڕەش پیست ( کۆلین پاول ، کۆندەلیزا ڕایس)  ببنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا . لەبەر ئەوە نابێت گۆڕانکاریە مێژووییەکان لەسەر حسابی ئەمڕۆ هەڵسەنگێنین .
تسایت /  لێ بەڕێزتان وەکوو وەزیرێکی دەرەوە ، دەبێت پشت بە سیاسەت ببەستن ، نەک هەلوومەرجە مێژووییەکان .
کۆندەلیزا ڕایس /  با جارێکی تر مێشکی خۆمان بە ڕووداوە مێژووییەکان مەشغول بکەین . ئایا ساڵی 1945 ، ئا لەو کاتەی کە جۆزێف ستالین لەبەردەم دەرگای ئەوروپادا ڕاوەستابوو، بەم شێوەیەی ئەمڕۆ دەرکەوتبوو،  کە چارەنووسی ئەمریکا بە ئەوروپاوە بەستراوەتەوە ؟  ڕاستە تۆ دەتوانیت ڕۆژانە کاری سیاسەت بکەیت ، لێ دەبێت  تۆ بگەیتە ئەو ئاستەی کە بڕیارێکی تەواو بددەیت ، کە دەرئەنجامەکانی  ئەو بریارە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا بەرهەمەکەیت دەست دەکەوێت .
تسایت / سەرۆک بۆش لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند : ( ئازادی دەبێت لەلایەن هاوڵاتییانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و هەر خۆشیان دەتوانن پارێزگاری لێ بکەن ) . بە واتایەکی تر مەبەستی ئەوە بوو کە ئازادی ناتوانرێت وەکوو شمەکێک هەناردەی دەوڵەتانی تر بکرێت . ئایا ڕۆئاوا دەتوانێت چ ڕۆڵێک لەم پرۆسەیەدا ببینێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس /  پێش هەموو شتێک دەبێت ئێمە پرەنسیبەکانی خۆمان بپارێزین . دووەم شتیش  پێویستە ئێمە یارمەتی تەنها ئەو کەسانە بددەین کە داوای ماڤی ئازادی خۆیان دەکەن ، وە ئامادەشن  بۆ کارکردن لەو پێناوەدا ، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیاری خۆیان لە بەرامبەر ئەو ماڤەدا وەردەگرن .  بۆ نموونە ئێمە دەتوانین لە ڕێگای ئەنستیتووتە نیشتمانیه کانمانەوە  بۆ دیمۆکراتی ، هەزاران کەسی چالاکڤان ڕابهێنیین . ئێمە لە زۆر بواری فێکردن و پێگەیاندندا توانییمان سەرمایەگووزاری بکەین ، کە لە توانایدایە بۆچوونی سیستەمی عەلمانی و مرۆڤانە  لە جیهاندا پەرەبستێنێت . ئێمە دەبێت لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بازاڕی ئازاد پێکەوە کاربکەین . دیموکراتی هیچ مانایەکی نییه ، گەر نەتوانێت هەلی کارێکی گونجاو بۆ  کەسێک دابین بکات . ئێمە زۆرجار لەسەر لایەنێکی خراپ ،  ڕەگەزی سەقامگیربوونی دەوڵەتانمان دیاری دەکرد. با زیاتر بۆتان ڕوون بکەمەوە: کاتێک ئەو دەوڵەتانەی کە لە پرۆسەی دیموکراتیزەبووندان ، هەتاماوەیەکی درێژ دۆستی ئەمریکا نامێننەوە. لێ نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت ، ئەو رژێمە دیکتاتۆریانەی کە دۆستمان بوون ، کە زۆر لە دەنگی شەقامەکانیان دەترسان ، بەدوو شێوە زمان قسەیان دەکرد . لەلای ئێمە دەهاتن خۆیان بە دۆستی نزیکی ئێمە دادەنا ، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەهاتن ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی ئێمە دەکرد و خۆیان بە دۆستی ئێمە دانەدەنا ( واتە بەرگێکی تریان لەبەر دەکرد) . وە ئەمەش زیانێکی زۆری  بە سیاسەتی ئێمە لە ناوچەکەدا  لێداین.
تسایت / لەیەکێک لە ووتارەکاندا کەلەم چەند ڕۆژەی پێشوودا   لە ڕۆژنامەی ( واشنتون پۆست ) بڵاوتان کردۆتەوە ، باسی ئەوەتان کردووە کە لە سەرەتادا  موبارەک گوێی بۆ ئاگادارکردنەوەکەی  ئێوە گرت، لێ پاشان دەستی کردەوە بە  سیاسەتی ( چەوساندنەوە و لێدان و ئازاردانی گەلەکەی ) ئایا لەم جۆرە حاڵەتانەدا، زلهێزێکی وەکوو ئەمریکا دەبێت چ جۆرە هەڵوێستێک وەربگرێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / هەڵبژاردنەکان ساڵی 2005 لە میسر ، هەڵبژاردنێکی تەواو پاک و ئازادانە بوو. لێ کاتێک خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد ، ئەمریکا دەسەڵاتی بەسەر بارەکە نەما و لە کۆتاییدا دەرئەنجامێکی زۆر خراپی لێ کەوتەوە . لە زۆر شوێندا بۆ نموونە لە وڵاتی یەمەن ، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن هیچ گەرەنتیەکی نییه . لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوی قاعیدە لەم وڵاتەدا زۆر بەهێزە. هەندێک حکومەت هەیە کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا نییه .

تسایت / چ  ئامۆژگاریەک دەدەیتە مەدام کلینتۆن   کە ئێستا جێگای تۆی گرتۆتەوە ؟
کۆندەلیزا ڕایس /  من لەم ساتوکاتەدا ناتوانم هیچ ئامۆژگاریەک پێشکەشی ئەو بکەم . ئەو دەبێت  زیاتر پشت بە زانیاریەتایبەتییەکانی خۆی ببەستێت. وەمن لەو باوەڕەشدام کە زانیاری و سیاسەتێکی باش پەیڕەو دەکات. لێ حکومەتی ئۆباما زۆر باش دەکات ، کاتێک پڕەنسیپەکان دەپارێزێت و داوا لە فەرمانڕەواکان دەکات ، کە گوێ بۆ داخوازیەکانی گەلەکانیان بگرن .
تسایت /  لە ئێران ساڵی 1978 ، سەرۆک جیمی کارتەر فشارێکی زۆری خستە سەر شای  ئێران  ، لە کۆتاییشدا بە تەنها جێی هێشت و ساڵی 1979 خومەینی هاتە سەرحوکم .
 کۆندەلیزا ڕایس /  ساڵی 2011 جیهان جۆرێکی ترە لەو کاتەی پێشتر زۆر جیاوازە. هەروەها رۆژهەڵاتێکی ناڤینی ترمان هەیە کە جیاوازە لە پێشتر. ئەمڕۆ بزاڤە عەلمانیەکان زۆر بەهێزترن تا ئەوکات  ، وە ئێمە نابێت بە  پێوانەیەکی  هەڵە سیاسەت بکەین .
تسایت /  ئایا یەکێکی وەکوو موبارەک  چ سزایەک دەبێت بدرێت؟ لەکاتێکدا ئەو یەکێک بوو لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆهەڵاتی ناڤین ، سەرۆکایەتی بلۆکێک( بەرە) یەکی دژ بە ئێران  و ئیسلامی توندڕەو  بوو، هەروەها گەرەنتیەکیش بوو بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.
کۆندەلیزا ڕایس /   ئێمە  ناتوانین ئەو سزا بددەین
تسایت /  ئەی پێویستە چ هەڵوەستەیەک بکەین ؟
کۆندەلیزا ڕایس /   ئێمە دەبێت هەمووکاتێک ڕاستییەکان بە هاوڕێکانمان بڵێین . گەر ئەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ، ئامادەنەبوون ریفۆرم بکەن ، ئەوا دەکەونە بارێکی ئاڵۆزو مەترسیدارەوە. ئەمەریکاش ئامادەنییه پشتگیری ڕژێمێک بکات ، کە لەلایەن گەلەکەیەوە خۆشەویست نییه ، وە ناتوانێت چیتر بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات.

تسایت /   ئێوە لە ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستدا لە ووتارەکەتاندا نووسیوتانە ، چۆن ئەو  ئاڵۆزیانەی کە لە نێوان ئایدیالیزم و بەرژەوەندی نەتەوەییدا چارەسەر دەکرێت. تێیدا هاتووە :
( ئەمریکا پێویستە پشتگیری ئەو هێزە دیموکراتییانە بکات ، کە زۆر لەگەڵ گەلەکانیان دۆستن و داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن ، نەک ئەوانەی کە داواکاریەکانی  ئێمە جێبەجێدەکەن  )  لە دوا ئەنجامی ئەم ووتارەتاندا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، کە بەرژەوەندیەکانی ئەوان لە بەرژەوەندیەکانی ئێمە گرنگترن . ئایا ئەمە  ئایدیالیزمێکی توندڕەوانە ناگەیەنێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس /  نەخێر . چونکە لەماوەیەکی درێژتردا  بەرژەوەندیەکانی ئێمە ، لەلایەن ئەو حکومەتانەی کەلە لایەن گەلەکانیانەوە شەرعین ، باشتر دێتە جێبەجێکردن .  حکومەتە ناشەرعیەکان پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کەم بەرژەوەندیەکانی ئێمە جێبەجێبکەن ، لێ گەر ئەو حکومەتانە هەلی کار بۆ گەلەکانیان دابین نەکەن  ، یان لەلایەن گەلەکانیانەوە هەڵنەبژێرابن و شەرعیەتیان نەبێت ، ئەوا بە دڵنییایەوە زیان بە بەرژوەندیەکانی ئێمە دەگەیەنێت.
تسایت /   با چاو بە ناوچەیەکی تردا بگێڕین  و بچینە  لای ڕژێمی تزاری نوێی  رووسیا ( فلادیمیر پووتین) . ئەو نەیارانی خۆی شاربەدەری سیبیریا دەکات و لەوێ لەسەرماندا ڕەقییان دەکاتەوە ، ئەو هیچ گوێ ناداتە دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگای مەدەنی . بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئەمریکا دێت لەگەڵیدا پەیماننامەی “نیو ستار  »New Start ( ئەم پەیماننامەیە بۆ کەمکردنەوەی مووشەکە دوور هاوێژەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا مۆرکراوە. مەبەستی سەرەکیش کەمکردنەوەی سیاسەتی پڕچەکدارکردنە ،،،،،وەرگێڕ). هەروەها ئەمریکا پێویستی بە رووسیایە ، بۆئەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت . چۆن سەیری ئەم پرسە دەکەیت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / ئێمە دەتوانیین لە بوارەکانی ماڤی مرۆڤ و سەپاندنی دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگای مەدەنی  فشاری خۆمان بکەین . لەگەڵ ئەوەشدا زۆرگرنگە کە رووسەکان تێبگەیەنێنین ، کەئەمانە هەموو لە بەرژەوەندی رووسیایە. ڕووسەکان لەناوچەکانی قەوقازدا ڕووبەڕوی ترسی ئیسلامییه توندڕەوەکان بوونەتەوە، لەبەرئەوە هیچ  بەرژەوەندی و سوودێک لەوە نابینن کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی . لەلایەکی تریشەوە ، کاتێک رووسیا ئەو پەیماننامەیە مۆردەکات ، کەئامانجی کەمکردنەوەی چەکدارییه ، لەبەرئەوە نییه کە حەزێک یان ئاواتێکی ئێمە بهێنێتە دی . بەڵکە ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەوانیشە.  بە بڕوای من سیاسەتی ماڤی مرۆڤ لەبەرامبەر کەمکردنەوەی چەککداری ، ئەلتەرناتیڤێکی باش نییه .
تسایت /  بۆچی ئەلتەرناتیڤێکی خراپە ؟
کۆندەلیزا ڕایس /  ئەوان بۆ خۆشیان ئەم ڕاستییه باش دەزانن ، گەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ، ئەوا ئاسایش و ئارامی هەموو ناوچەی رۆهەڵاتی ناڤین تێکدەدەن و بەدبەختی و کارەسات بۆ ئەم ناوچەیە دەهێنن .  لەهەمان کاتیشدا ئەم چەکەی ئێران ، هەڕەشەی بۆ ئەوان زیاترە تا بۆ ئێمە .
تسایت / پێشتر بە خێرایی سەرنجتان دەربارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دەربڕی . هەر لەبەر ڕۆشنایی قسەکانی بەڕێزتان ( لە بەشێکی زۆری قۆناغەکانی مێژوودا ) زۆر زەحمەتە بەرژەوەندی و داواکاری دوو لایەن پێکەوە یەکبگرێت بەتایبەت لەم کاتەی ئێستادا . بەڵام ئێوە چی دەکەن لەکاتێکدا مەلیکی بەحرەین لەسەر دەسەڵات نەمێنێت ؟ وڵاتی بەحرەین شوێنی سووپای پێنچەمی کەشتیگەلی ئەمریکایە ، کە هەر ئەم سووپایەش بۆ ئەوەدانراوە کە ڕێگا لە هێرشی ئێران بگرێت . یان چی لە عەرەبساتنی سعودیە دەکەن ، لەکاتێکدا ئەم دەوڵەتە  بە دواهەمین کۆڵەکەی سیاسەتی رۆهەڵاتی ناڤینی ئەمریکا دەژمێرێت ؟

کۆندەلیزا ڕایس /  من لەکاتی ئێستادا ناتوانم هیچ ئامۆژگاریەک  پێشکەشی حکومەتی ئەمریکا بکەم .
تسایت / بەڵام ئایا ناتوانن بۆچوونی خۆتمان پێ بڵێیت ؟
کۆندەلیزا ڕایس /  پێویستە واشینتۆن زۆر بە ووردی چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوەو ڕۆژانە چاودێری ڕەوشەکە بکات و بەپێی ئەو شێوەیەی کە حکومەت دەیبینێت ، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بدات . دیارە من بەو شێوەیەی ئەوانی نابینم، چونکە من ئێستا لە دەرەوەی بازنەی حکومەت دام . هەر لەبەر ئەوە ناتوانم هیچ جۆرە ئامۆژگاریەک بددەم بە حکومەت . لێ ئەوەی کەمن بە ڕوونی دەیبینم ، ئەویش مەسەلەی پڕەنسیبە. ئالەم هەلوومەرجە ئاڵۆزەی ئێستادا دەبێت زۆر بیرمان  لەوەبێت ، کەبەشێوەیەکی گونجاو ، قۆناغی ئازادی ڕێکبخرێت و نەهێڵرێت بەرەو هەڵدێر بڕوات .  بە واتایەکی تر پێویستە دۆستەکانمان تێبگەیەنین ، کەئەوان پێویستە لەسەر شانیان کە زۆر بە جدی و هێمانانە هەڵسوکەوت لەگەڵ شەقامی ناڕەزایی خەڵکی بکەن و داخوازیە سیاسی و ئابووریەکانیان جێ بەجێبکەن . وە لەسەر شانی ئێمەش پێویستە کە پشتگیریان بکەین  و هاریکاری و یارمەتییان بددەین ، بۆئەوەی ئەم کارە بەباشی جێ بەجێبکەن .
تسایت / واتە لەڕووی پڕەنسیبەوە بەڵی  بەڵام نابێت تەداخول بکەین
کۆندەلیزا ڕایس /   نەخێر ، نابێت ئێمە تەداخول بکەین . ئەوە کاری ئێمە نییه ئێمە بچین هەوڵی چارەسەرکردنی  ئەو کێشە ئاڵۆزانە بددەین کە ڕووبەڕوی فەرمانڕەواکانی ئەم ناوچەیە بوونەتەوە . ئەوە دەبێت خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی بددەن بەڵام نەک لە ڕێگای توندوتیژی و تەقەکردن و بەکارهێنانی چەک لەدژی خۆپیشاندەران  لە شەقامەکاندا .  ئەوان دەبێت بە شێوەیەکی جددی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەنەوە . لێ ئێمە دەتوانین یارمەتییان بددەین ، لەو شوێنانەی کە دەتوانرێت یارمەتییان بددەین ، بۆ نموونە : ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان ، یارمەتیدان و فێرکردنی ئەو خەڵکانەی کەدەیانەوێت ، دەستوورێکی نوێ دابڕێژن . ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانین لەم بوارانەدا یارمەتییان بددەین .
تسایت /  لەم بارەیەوە ئەوروپیەکان باشترین ئەزموونیان هەیە ، بەڵام ئایا ئێوە لە مێژووی خۆتاندا چەند دەستوورتان دڕاندووەو پاشان دانەیەکی نوێتان نووسیوەتەوە  !

کۆندەلیزا ڕایس /   ( بە پێکەنینەوە)  دیارە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم :  لەو کاتەی کە بڵێسەی ئاگرەکە تازە داگیرسابێت ، بە دڵنییایەوە لەم جۆرە کاتانەدا هەروا ئاسان نییه چارەسەر بدۆزیتەوە.  ئەو پەیامەی کەمن لە لێدوانەکەی قاهیرەمدا و هەروەها لێدوانەکەی بوش لەکاتی ووتاری بوونەوەی بە سەرۆک کۆمار  لە ساڵی 2005 دا  هەمان شت بوو ، ئێمە دەمانویست ئەم ڕستەیە بڵێین :
تکایە : ئاڵای ڕیفۆرم بەرزبکەنەوە ، پێش ئەوەی کاتەکەتان بەسەر بچێت.

 

 

 

سەرچاوە:
Er hat eine Chance verpasst. www. Zeit.de. 27.2.2011. 

 

چەند دێڕێک دەربارەی کۆندەلیزا رایس Condoleezza Rice /

Condoleezza Rice  لە 14 نۆڤێمبەری 1954 لە Birmingham, Alabama  لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایک بووە. باوکی  قەشەی مەسیحی بووە  . لەهەمانکاتیشدا مامۆستای مۆسیقابووە ، هەربۆیە لە منداڵیەوە رایس خولیای جیهانی مۆسیقا بووەو بۆتە  بەشێک لە ژیانی . لە ساڵانی هەشتادا ، وەکوو رووسیا ناسێک لە ژووری ( ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی) کاری کردووە. لە کاتی ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤێت و ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. هەرلەبەرئەوەشە ، ئەم ژنە لە ئەڵمانیادا ، جێگای رێز و شایستەیەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2001 وە تا 2005 ، راوێژکاری جۆرج بۆش بوو بۆ ئاسایشی نیشتمانی . لە 2005 تا 2009 یەکەمین ژنە ڕەش پێست بوو ، کەبووە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا . هەتاوەکوو ئەمڕۆش لە زۆر بوارە جیاجیاکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ، ئەم ژنە پرس و ڕای پێدەکرێت و خاوەنی بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی .  دیارە جگە لەبواری سیاسی ، لە بواری نەوتیشدا بەتایبەت نەوتی ئاسیای ناوەڕاست ، شارەزایی و زانیاریەکی زۆری هەیە . هەرلەبەرئەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا ، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیای ئەمریکی Chevron Corporation  .
جێگای ئاماژەیە ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری نەوت و گازدا. دیارە کۆندەلیزا رایز جگە لە بواری  سیاسی و نەوت دا ، لە بواری خوێندنیش چالاکە. ئەمڕۆ ئەو مامۆستای زانستە سیاسییەکانە  ، لە زانکۆی Stanford University.

 

سەرچاوە/

www..wikipedia.org/wiki/Condoleezza_Rice

 

Previous
Next

Leave a Reply