Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

چاوپێکەوتن لەگەڵ جیهاد محەمەد

Be First!
by October 3, 2012 ژنان


جیهاد محەمەد:

ئەوە دینە پیاوی ناشیرن کردوە بەوەی گورگێکی چڵێس لە ناخیدا هەیە و 

هەرکە گۆشتە رووتەکەی کەوتەبەردەست خۆی بۆ ناگیرێ و پەلاماری دەدا!

 

سازادانی: نەجیبە مەحمود

 

بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یهکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه و باسی زۆر ههڵدهگرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئهو چهمکه له گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو تهوهرێکی تایبهت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له بواری چالاکیی رێکخراوهکانی کۆمهڵگهی مهدهنی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.

 

جیهاد محەمەد: لە پێشەکیدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پرسی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان پرسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری ئاڵۆزە، بۆیە رەنگە نەکرێت لە دیمانەیەکی وادا بتوانرێت بە تێروتەسەلی قسەی لەسەر بکرێت. ژنان هێندە نایەکسان بوون بە پیاوان، هێندە زوڵمیان لێکراوە لە لایەن پیاوانەوە کە گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی هەموو ئەو زوڵمانەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتییەدا کراوە کە هەمیشە دەسەڵات دەسەڵاتی پیاو بووە. لەم رووەوە شاعیری گەورەی فەرەنسی (پۆل ئیلۆر) وتوویەتی: ئەگەر پیاوان پەنجا هەزار ساڵ داوای لێبوردن لە ژنان بکەن دەرهەق بەو زوڵمەی کە کردویانە بەرامبەریان هێشتا بەس نییە. بە هەر حاڵ وێڕای دەستخۆشیم بۆتان بە گوێرەی سەلیقەی خۆم وەڵامی پرسیارەکانتان دەدەمەوە.

 

نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟

 

جیهاد محەمەد:  بڕوای تەواوم وایە هەر کەسێک دەستی برد بۆ هەر چ کێشەیەک و ویستی قسە لەسەر چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، ئەگەر تەنیا بە قسەکردن و نووسین و لێدوان و لێکدانەوە و شیکردنەوە بوو ئەوە کارەکەی دەبێت بە قسەی زل و قەبە و هیچیتر. لە کۆمەڵگای ئێمەشەدا وەک کۆمەڵگایەکی رۆژهەڵاتی کولتووری قسەی زل و قەبە زۆر باوێتی، تا ئەو ئاستەی کە ئەم کولتوورە ئەوەندە کاریگەری هەیە کە زۆر جار و لای زۆربەی خەلکی گشتی قسەکردن و کردار لە یەک جیاناکرێتەوە، رەنگە هەر ئەوەش بێت کە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بە تایبەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەتوانن تەنیا بە قسە و پەیام و دروشمی رەنگاوڕەنگ حەشاماتێکی زۆر لە دەوەری خۆیان کۆبکەنەوە. با لە بابەتەکە لانەدام، پرسی یەکسانیی ژنان و پیاوان وەک هەر پرسێکی تر بووە بە بابەتێکی پێشینەی هەر ڕێکخراوێکی شارستانی و حیزبێکی سیایسی، وەلێ نەک هەر لە جێگەی خۆیەتی بەڵکو کار گەیشتوەتە ئەوەی کە کۆمەڵی کورد بە کۆمەڵی ژنکوژ ناوزەد بکرێت. زۆر گرنگە ئەوانەی کە بە جدیی دەیانەوێت لەسەر ئەم پرسە بوەستن ئەوەی کە دەیڵین دەبێت لە کردەوەشیاندا ڕەنگبداتەوە، من بۆ خۆم لەم رووەوە دەتوانم بڵیم ئەوەی پێمکراوە کردومە و لە ژیانمدا پراکتیزەم کردوە. بەڵام نابێت ئەوە بشارمەوە ئەوەی بە گفتار کردومە زۆر زیاترە لەوەی بە کردار کردومە، کە لام وایە هەموو ئەوانەی کە یەکسانییخوازن و بەرگریی دەکەن لە پراکتیزەکردنی یەکسانیی ژنان و پیاون هەر وەک من لە گفتاردا زیاتریان کردوە وەک لە کردار، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە کردارکردنی یەکسانیی ژنان و پیاوان پێویستی بە بڕیاری سیاسی و داڕشتن و سەپاندنی ئەو یاسایانە هەیە کە ئەو یەکسانییە بە کردەیی جێبەجێ بکات، هەڵبەت ئەوە کاتێک دەکرێت کە یەکسانخوازان لەسەر حوکم بن، یان دەوڵەت و حوکمەتێکی لانی کەم سکۆلار هەبێت کە شارستانییانە بیر لەو مەسەلەیە بکاتەوە و نەخشەڕێژیی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەڵبەت مەبەست لەم قسەیە شانخاڵیکردنەوە نییە لە ئەرکی پراکتیزەکردنی یەکسانیی ژنان و پیاوان لە لای هەر کەسێکی یەکسانییخواز و شارستانییەوە. هەتا ئێمەومانان لە کردەوەماندا ئەو یەکسانییە ڕەنگنەداتەوە هەوڵەکانمان مایەپووچ دەردەچێت و کاریگەریی نابێت و نابێت بە ئاکارێکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو. 

 

نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک – جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی – کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟

 

جیهاد محەمەد: بە بڕوای من هاوبەشیکردن لە کاری ناوماڵدا لەگەڵ ژناندا، یان باشترە بڵێم دابەشکرنی کارەکانی ماڵی هاوبەشی ژنان و پیاوان لە ناو خۆیاندا، نەک هەر کار و کردەوەی یەکسانخوازانە بۆ پرسی یەکسانیی ژنان و پیاوان، بەڵکو ئەوە کارێکە کە هەموو کەسێکی شارستانی دەبێت بیکات، ئەوە خەسڵەتێکی شارستانییانەیە بۆ هەر کەسێک کە عەقڵی ئازاد بووبێت لە عەقڵیەتی فیوداڵی، بە مانایەکی تر بڵێم، ئەوە خەسەڵەتی کۆمەڵگا بۆرژوازییەکانە، چونکە لە کۆمەڵگای بۆرژوازیەتدا زۆر جار بە هۆکاری ناچاریی و نەبوونی کات و قورسی ژیان ئەو دابەشکرنی کارە پراکتیزە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی کە ژنان و پیاوان بە تەواویی یەکسان نیین و نەگەیشتوون بە یەکسانی تەواو لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا، واتا هێشتا بە حوکمی جیاوازیی چینایەتی جیاوازیی ژنان و پیاوانیش هەیە. لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپیدا کە دیموکراسیەت و کولتووری دیموکراسی و ئازادیی تاک و چوونەدەرەوەی ژنان و کارکردنی ژنان بە ناچاریی ئەوەی سەپاندەوە کە دەبێت پیاوانیش کاری ناوماڵ جێبەجێ بکەن، دەبێت منداڵ بەخێو بکات، دەبێت وەک ژنان ڕازی بن بە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان، هەروەک چۆن هاوسەرەکانیان ئەوە دەکەن. من بۆ خۆم نەک هەر هاوبەشییم کردوە لە کاری ناوماڵدا و لە منداڵ بەخێوکردندا، بەڵکو لە میوانیی و سەردانیشمدا بۆ لای هاورێ و کەسە نزیکەکانم بە ئاساییم زانیوە منداڵی خانەخوێکەم بەخێوکەم و میز و پیسییەکەی پاک بکەمەوە لە کاتێکدا کە خانەخوێیەکەم لە ماڵ نەبوووە، یان خۆم خواردن دروستکەم بۆ خۆشم بۆ خانەخوێکەشم. بە هەرحاڵ ئەم دابەشکردنەی کاری ناوماڵ لە نێوان ژنان و پیاواندا وەک ئاماژەم پێدا ئاکارێکی شارستانییسنەیە و یەکسانیی ژنان و پیاوان بە تەواویی ناگەیەنێت. حەزیش دەکەم ئەوە بڵیم هەرچەندە لە لادێکاندا کە ئاکارێکی گوندنشینی و فیوداڵیانە بەربڵاو و باوە بەڵام لەوێش من بۆ خۆم ئەو دابەشکردنی کارەم بینیوە لە لای زۆرێک لە ماڵە جوتیارەکاندا، جواتیارم بینییوە بە ئەرکی خۆی زانیوە پشتیر و گەوری ئاژاڵەکانیان پاک بکاتەوە، بەڵام ئەمانە لە ناچاریی و پێویستییەوە بووە نەک لە کولتوورێکی مرۆییانەو یەکسانییانەوە بووبێت بۆیە کاتێک قسە لەسەر دابەشکردنی کاری ناوماڵ دەکەین دەبێت بە ئاگا بین مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەو دابەشکردنە لە عەقڵیەتێکی یەکسانییەوە بێتە ئاراوە. هەر چۆنێک بێت ئەمە بەشێکی زۆر بچووکە لە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان. 

 

نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟

 

جیهاد محەمەد: بێگومان لە هەموو کارو کردەوەیەکدا ئەوەی کە بۆ خۆت دەتەوێت و بە ڕەوای دەزانییت و پراکتیزەی دەکەیت ئەگەر بۆ بەرامبەرەکەشت کە هەر کەسێک بێت لە هاوسەر، دایک، خوشک، کچ هەمان بیرکردنەوەت نەبێت و بە هەمان عەقڵیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکەیت نەک هەر یەکسانییخوازییەکەت دەبێت بە قسەی رووت، بەڵکو دەبیت بە ساختەچییش، ساختەیی و فێڵ لە خۆپیشانداندا بە کەسێکی ئازادییخواز و یەکسانخواز بەڵام لە واقیعدا کەسێکی جیاواز، ئەم جۆرە نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە زۆرە لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتییدا. 

بە بروای من ئەم مەسەلەیە پێونددارە بە عەقڵیەتەوە، هەر کەس توانیبێتی خۆی لەو عەقڵیەتە دواکەوتوییە ئازاد بکات کە خۆی بە خاوەنی ژنان بزانێت ئەوەی بۆ خۆی بە سروشتی دەزانێت بۆ بەرامبەرەکەشی بە سروشتی دەزانێت، دیسان دەڵێم ئەم خەسەڵەتەش، یان ئەم ئاکارەش ئاکار و خەسڵەتێکی شارستانیانەیە و بە مانای تەواوی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان نایەت. چونکە لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی دنیادا ئەم ئاکارە لای پیاوان هەیە و ژنانیش بە تەواویی یەکسان نیین لەگەڵ پیاواندا. دیسان لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتییشدا بە تایبەتی لە لای شارنشینەکان ئەم ئاکارە بوونی هەیە وەک دیاردەیەکی شارییانە، وەلێ نەبووە بە کولتوور. ئەم پرسە جگە لەوەی کە پێویستە ببێت بە کولتوور پێویستیشە لە حاڵەتی خۆ بەخاوەنزانینی ژنان لە لای پیاوانەوە سزای یاسایی هەبێت. دیسان دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستاندا کە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوە و ژنان زۆر ستەمیان لێدەکرێت کەچی رەدووکەوتن کارێکی ئاساییە و کوشتن و سەرزەنشتکردنیشی بە دوادا نایەت لە لایەن پیاوانەوە، لە کاتێکدا کە ئەو رەدووکەوتنە سێکسی بە دوادا دێت، بەڵام بە لێنەپرسینەوەی سێکس لە لای پیاوانی ئەو ناوچەیەوە بە مانای یەکسانیی ژنان و پیاوان نایەت، چونکە کاتێک ژنێک رەدووی خۆشەویستەکەی دەکەوێت کە بە هۆی کولتوورێکی خێلەکییەوە، یان بە هۆی بەرزیی و نزمیی چینایەتییەوە، یان بە هۆی دوژمنایەتی و نەحەزێتییەوە ئەو دوو خۆشەویستە ناتوانن بگەن بە یەک، واتا پیاوان خۆیان بە خاوەنی ژنان دەزانن و ژنان ناتوانن لە قسەی پیاوان و ئەو کولتوورە دەربچن بۆیە رەدووی خۆشەویستەکەیان دەکەون، کەچی بۆ رەدووکەوتنەکە کە سێکسکردنی بە دوادا دێت بە ئاسایی وەردەگیرێت. ئەم ئاماژانەم بۆیە دا کە پێویستە لە مەسەلەی سێکسی ئازاد تێبگەین، سێکسی ئازاد بەو مانایە نایەت کە لێپرسینەوەی نەبێت، وەک ئاماژەم پێدا زۆر جار سێکس لێپرسینەوەی بە دوادا نایەت وەلێ بەو مانایەش نایەت کە ئەو سێکسە ئازادە یان ژنان و پیاوان یەکسانن.

 

نەجیبە مەحمود: لهگهڵ ئهوهی پیاوانن ئهنجامدهری دهستدرێژیین بۆ سهر ژنان، هاوکات ههر ئهو پیاوانهن که ژن به شهرهفی خێزان دەزانن، تۆ ئهو دوو جۆر ههڵسوکهوت و دوو کهسایهتییەی پیاوان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

 

جیهاد محەمەد: ئەم رەفتارە دووفاقییەی پیاوان، یان کولتوور دروستیکردووە یان دین، یان هەدووکیان پێکەوە، هەمیشە دین و پێش دینیش کولتووری پیاوسالاریی ژنیان داناوە بە سەرچاوەی وروژاندن بۆ پیاوان، لە کاتێکدا کە هەر پیاوان خۆیانن کە دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنان. ئەوە دینەکان بووە کە ئەو بیرکردنەوەیان چەسپاندوە کە ژنان وروژێنەرن بۆ پیاوان بۆیە دەبێت خۆیان بشارنەوە و خۆیان داپۆشن و پۆشاکی هاودامان بپۆشن و سەروقژیان داپۆشن. ئەوە دینە پیاوی ناشیرن کردوە بەوەی گورگێکی چڵێس لە ناخیدا هەیە و هەرکە گۆشتە رووتەکەی کەوتەبەردەست خۆی بۆ ناگیرێ و پەلاماری دەدا!!، بۆیە گۆشتی رووتی ژنان دەبێت داپۆشراو بێت. بەڵام پیاوانی رۆشنبیر و تژی لە ئاکاری کۆمەڵایەتی و مرۆییانە نەک هەر گورگ نیین بەڵکو ژنان وەک خۆیان تەماشادەکەن، زۆرن ئەو بیرمەند و فەیلەسوفە مرۆییانەی کە دەڵێن ژنان نەک هەر نیوەی کۆمەڵن بەڵکو دایکی نیوەکەی تریشن، بەم مانایەش کاتێک ژنان زوڵمیان لێدەکرێت و بێبەش دەکرێن لە مافە مرۆییەکانیان ئەوە هەموو کۆمەڵگا زوڵمی لێکراوە و بێبەشکراوە لە مافە مرۆییەکان، کەوتە رۆشنبیران و هۆشمەندان و کەسانی مۆدێرن و شارستانیی کە بەو جۆرەیە بیرکردنەوەیان گورگ لە ناخیاندا نییە، ئەوە کولتوورێکی کۆنی پیاوسالاریی و دینە کە ئەو گورگەی چاندوە لە ناخی خۆیاندا، ئەو گورگەش کاتێک بەربڵاو دەبێت و زۆرێک لە خەڵک دەگرێتەوە کە خەڵک گۆش کرابێت بە بیری دینیی و کولتووری پیاوسالاریی و کۆنەپەرستیی، بۆیە دین و کولتووری پیاوسالاریی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە رەگوڕیشەی جەهالەت و نەزانین قووڵتربکەنەوە لە ناو کۆمەڵگادا تا بتوانن ئەو گورگە لە ناخی زۆربەری پیاواندا بڕوێنن. وەڵامی من بۆ هەڵسانگاندنی ئەو جۆرە لە پیاوان هەتا بڵێی قێزەون و ناشیرین و بێزراون و بیرکرندنەوەیەکی باو و بەسەرچووە و لەگەڵ دنیای مۆدێرنە و سەردەمدا ناگونجێت.

 

Previous
Next

Leave a Reply