Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەری ئەفگانی عەتیقی رەحیمی

Be First!


چاوپێکەوتنێک لەگەڵ نووسەرو ڕووناکبیری ناسراوی ئەفگانی
عەتیقی رەحیمی

سازدانی ئەردەلان عەبدوڵڵا

لە ئێوارەیەکی ساردی پاریسدا ، لەگەڵ یەکەمین رۆژی سالی نوێدا، لە قاوەخانەیەکی کۆندا، چاوم بە نووسەری ئەفگانی عەتیق رەحیمی کەوت. ئەمە یەکەمین نووسەرو کەسایەتی ئەفگانی بوو کە ناسیم. لەهەمانکاتیشدا یەکەمین نووسەری ناوداری جیهانیش بوو، کە چاوم پێکەوت. عەتیق رەحیمی ناوێکە لە رۆئاوا بە گشتی و لە فەرەنسا بەتایبەتی ناسراوە. بەداخەوە ئێمەی کورد ئەم نووسەر مەزنەی ئەفگانستان ناناسین. ئێمە ئەو وێنەیەی کە لەبارەی ئەفگانیستانەوە هەمانە، هەمووی وێنەی نێگەتیڤ و خراپە لەسەر ئەم وڵاتە. زۆر کەم لەبارەی ئەدەب و فەرهەنگی ئەفگانیەوە شارەزاییمان هەیە. هەموومان کاتێک باسی ئەفگانیستان دەکەین، یەکسەر وێنەی ” مەلا و ڕیشی پان و ڕشک و دواکەوتوویی و ژنی پەچەدار دەبینین” . بەڵام لە ڕاستیدا ئەفگانیستان وێنەی زۆر جوانی هەیە ، کە ئێمە نەماندیوە یان شارەزاییمان لەبارەییەوە نییە. یەکێک لەو وێنە جوان و گەشانەی ئەفگانیستانیش، بوونی چەند نووسەرێکی مەزنی ئەفگانییە، کەلەم چەند ساڵەی دواییدا ناوبانگی باشیان بۆ خۆیان پەیداکردووە. یەکێکیش لەوانە عەتیقی رەحیمیە.
دیارە من لە ڕێگای برای هێژام کاک ئازاد بەرزنجی ناوی عەتیقی رەحیمیم بیستبوو. ئەو ئێستا خەریکی وەرگێرانی یەکێک لە رۆمانە جوانەکانی ئەم کەڵە نووسەرەیە. کاتێک گەیشتمە فەرەنسا، زۆر حەزمکرد کە لە نزیکەوە بیناسم. لە ڕێگای کتێبخانەیەکی فارسیەوە توانیم ئێمایل و تەلەفوونی وەربگرم. کاتێک بەتەلەفوون قسەم لەگەڵ کرد، زۆر بە خۆشحاڵیەوە   دەعوەتنامەکەی قبووڵکردم. ڕۆژی  چوارشەممە  تەلەفوونم بۆ کرد، بە داخەوە لەوێ نەبوو. پاشان خۆی تەلەفوونی بۆکردم و رۆژی یەک شممە لە یەکێک لە قاوەخانەکانی پاریسدا یەکتریمان بینی. دیارە  ئەو نووسەرانەی کە ناو دەر دەکەن و ناوبانگیان هەیە، هەروا ئاسان نییە کاتی خۆیانت پێ بددەن و بهێڵن چاوپێکەوتن لەگەڵیان بکەیت. گەر شانسیتشت هەبوو، ئەوا دەبێت چەند مانگێک چاوەڕێ بکەیت ، ئینجا  دەتوانیت بیانبینیت. بەڵام عەتیقی رەحیمی ، کەسێکی زۆر خاکی و ئاسایی دەپەیڤی و هیچ دیوارێکی لەنێوان خۆیی و خەڵکی دانەناوە. ئەمەش هێندەی تر ، ئەم نووسەرەی لایم خۆشەویست کرد.
لەگەڵ ئەوەی عەتیقی رەحیمی  کەسایەتییەکی ناسراوەو کۆمەڵێک خەڵاتی گەورەی وەرگرتووە، بەڵام زۆر کەسێکی ئاسایی و خاکی هاتە بەرچاوم. ڕێک وەکو نووسەرێکی نەناسراوە دەپەیڤی و هیچ جۆرە کەپووبڵندییەکی پێوەدیارنەبوو.
سەرەتای پرسیارەکەم لەبارەی  ئەوەوە بوو، کە چۆن وە کەی تێکەڵی جیهانی ئەدەب بوو.
عەتیقی رەحیمی : هەر لەتەمەنی دوانزە ساڵیمەوە حەزم بە شیعر هەبوو. پاشان لە تەمەنی چواردە ساڵیدا ، کۆمەڵێک شیعری کورتم نووسی . ئەو شیعرانە چەند دێرێک بوون ، بە شێوازێکی ئاسایی باسی ژیانم دەکرد.

دەتوانین بڵێین وەکو شیعری هایکۆی ژاپۆنی بوون ؟

عەتیقی رەحیمی : ناه، بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکە زیاتر چەند دێرە شیعرێکی ئاسان بوون. کە ناتوانم ناوی شیعریان لێ بنێم. ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی تێکەڵی جیهانی ئەدەب بم.      پاشان وازم لە ئەدەب هێناو ژیانی ئاوارەیی و تراژیدیای ئەفگانی هەمووی لەبیربردمەوە. هەتا گەیشتمە فەرەنسا ، لێرە دەستم بە خوێندن کرد. پاشان لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەتەوە ، جارێکی تر دەستم بە نووسین کردەوە.

رۆڵی ژن لە کارەکانتانا چۆنە؟ ، ئاخۆ ژن چ ڤیگۆرێکت لە کارەکاندا بە ژن پێ بەخشیوە؟.

عەتیقی رەحیمی : من هەوڵم داوە تەنها ڤیگۆری قووربانی نەدەمە ژن . بەڵکە هەوڵمداوە وێنەیەکی جوانتر بە ژنان ببەخشم . ژن وەکو خۆشەویست و هاوسەر و ژیان پیشان بددەم. دیارە ڕاستە هەمووکاتێک ژنان و منداڵان یەکەمین قووربانی جەنگن . لە تراژیدیای ئەفگانیش ئەوان بەشی شێریان هەیە. بەڵام لە هەمانکاتیشدا من هەوڵمداوە باسی وێنەیەکی تری ژن بکەم . بۆ نموونە لە  رۆمانی ” سنگی صبور”  باسی ژنێک دەکەم ، کەپیاوەکەی کەسێکی ئیفلیجەو هیچ نابیستێت و لە جێگادا کەوتووە. بەڵام ژنەکەی هەر قسەی لەگەڵدا دەکات بە بێ ئەوەی مێردەکەی وەڵامی بداتەوە. ژنەکە باسی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات ، باسی دۆستەکانی دەکات ، چۆن لەگەڵیان نووستوە. لەم رۆمانەدا وێنەیەکی تری ژنم پیشان داوە. کە دوورە لەو وێنانەی کە  دەیبینین.

بەرای ئێوە ئاخۆ ئەدەب دەتوانێت کێشەکانی جەنگ و سیاسەت چارەسەربکات؟

  عەتیقی رەحیمی : نیتچە دەڵێت (ئەگەر هونەر نەبوایە   ئەوا حەقیقەت  دەیکوشتین ). من زۆر لەم بارەیەوە گەشبین نیم . پێدەچێت ئەدەب بەشێوەیەکی کەم و سنووردار ، کاریگەری بەسەر تاکەکانەوە هەبێت، بەڵام لەو باوەرەدانیم کە بتوانێت چارەسەری کێشەکانی جەنگ و سیاسەت بکات. گەر ئەدەب هێندە کاریگەر بوایە، بۆچی ئەمرۆ هێندە جەنگ و ناعەداڵی و گەندەڵی و کارە نامرۆڤیانەمان دەبینی. دەزانیت هیتلەر پێش ئەوەی بڕیاری سووتاندنی شاری ” وارشۆ،پایتەختی پۆلۆنیا ” بدات ، سەیری فیلمی دیکتاتۆری چارلی چاپڵێنی دەکرد. بەڵام پاش ئەوەی فیلمەکە تەواوبوو، بڕیاری سووتاندنی ئەم شارەی دا. یان گەر سەیری رووسیا بکەین، بوونی کەسانی مەزنی وەکو ” تۆڵستۆی، دۆستیۆڤسکی، پوشکین،گۆگۆل” لە رووسیا، کە رۆڵێی مەزنیان لە ئەدەبی جیهاندا بینی، بەڵام ئەم کەسانە نەیانتوانی ڕێگری لە تاوانە زۆرەکانی ستالین بگرن. ستالین بە ملیۆنەها کەسی کردە قووربانی. لەبەر ئەوە من هێندە گەشبین نیم.

با لێرەشەوە بچینە سەر باسی سیاسی. ئاخۆ بە ڕای بەڕێزتان ، پاکیستان چارەسەرە یان کێشەیە بۆ ئەفگانیستان .؟

عەتیقی رەحیمی: ” کەمێک وەستا و زەردە خەنەیەکی کرد ” سەرەتا پێم خۆشە باسی  چۆنێتی دروستبوونی دوو دەوڵەت بکەم ، کە لەلایەن ئینگلیزەوە ساڵی 1947 دروستکران. ئەم دوو دەوڵەتە لەسەر بنەمای کوولتوری و نەتەوەو رەگەزەوە دانەنران ، بەڵکە تەنها لەبەر بەرژەوەندی ستراتیژی ئینگلیز دامەزرێنران. یەکەمیان پاکیستان ، دووەمیان ئیسرائیلە. پاکیستان ئینگلیزەکان لەناوچەیەکدا دروستیانکرد، کە هەموویان بە دژی ئینگلیز دادەنران. ئەم دەوڵەتە نزیکی ئاسیای ناڤین ، چین، هیندستان، یەکێتی سۆڤێت ، ئەفگانیستان بوو. پاشان چ هیندستان و چ ئەفگانستان، هەردووکیان سیاسەتی سەربەخۆیی خۆیان هەبوو و دژی رۆئاوا بوون. چین و یەکێتی سۆڤێتیش ، کەبە دوژمنی رۆئاوا دەناسران. لەم ناوەندەدا، ئەم دەوڵەتە دروستکرا تەنها بۆ ئەوەی خزمەتی بەرژەوەندی ئینگلیز و رۆئاوا بکات و وەکو داشی دامە دژی ئەم دەوڵەتانە بەکاریبهێنن.  پاشان ئینگلیزەکان کاتێک وڵاتی ئیسرائیلیان دروستکرد، بۆ ئەوەی بە گێتی ئیسلامیش بڵێن ، ئەوا دەوڵەتێکی ئیسلامیشمان بۆئێوە دروستکردووە. پاشان گەر سەیری ئەم دوو ناوچەیەش بکەین ، دەبینین هەردووکیان پڕ کێشەترین شوێنی جیهانن. خاڵێکی تر دەمەوێت ئاماژە پێ بددەم ، گەر سەیری ناوی ” پاکیستان ” بکەیت. واتە خاکی پاک .  کەئەمەش خۆی لە خۆیدا، هێمایەکی شۆڤینیانە دەداتە ئەم وڵاتە. چونکە مانای ئەم خاکە پاکەو خاکی تر پیسە. هەروەها ناوی پایتەختی پاکیستانیش ، ” ئیسلام ئاباد” واتە شار ئیسلام . ئەمەش ئاماژەیەکی ئێجگار ئایینی بەم دەوڵەتە داوە. ئینگلیزەکان کاتێک پاکیستانیان دروستکرد، لە رۆهەڵاتەوە کێشەی کشمیریان لەگەڵ هیندستان بۆ دروستکرد. پاشانیش لە سەرسنووری ئەفگانیستانیش ، ناوچەی وەزیرستانیان دروستکرد، کە هەمووکاتێک جێگای کێشەو مللانێی ئەفگانیستان و پاکیستان بووە.

عەرەبستانی سعودی/
ئەم وڵاتەش لەساڵی 1984 وە بەهەزاران موجاهیدن و خەڵکی ئیسلامی بۆ پاکیستان نارد ، بۆ ئەوەی دژی سۆڤێت شەربکەن. هەتاوەکو ئەمرۆش عەرەبستانی سعودی لە ڕێگای ئەو موجاهیدانە و ئیسلامی سیاسیەوە، دەستی بەسەر پاکیستان و ئەفگانیستان گرتووە. هەردوو وڵات پاکیستان وعەرەبستانی سعودی ، رۆلێ سەرکیان لە کێشەکانی ئەفگانیستادا هەیە و هۆکارێکی سەرەکی کێشەکانی ئەفگانیستان بوون.

بابیینە سەر ئەمریکا. ئاخۆ ئەم دەوڵەتە فریادرەسە یان ئەویش هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ئەفگانیستان بووە؟

عەتیقی رەحیمی: ئەمریکیەکان هەمووکاتێك چارەسەری جوانت پێشکەش دەکەن ، بەڵام دوایی سەیر دەکەیت ئەم چارەسەرانە  دەبنە کێشەی گەورە بۆت. بە دڵنییایەوە ئەمریکاش هۆکارێکی تری تراژیدیاکانی گەلی ئەفگانییە. من لەو کەسانە نیم کە پۆزەتیڤانە بۆ ئەمریکا بڕوانم . پاشان نابێت لەبیرشمان بچێت، کە ئەمریکا هێزێکی ئیمپریالیستی گەورەیەو ئامانجی داگیرکردنی دەوڵەتانی جیهانەو دەیەوێت خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت.

ئەی چۆن سەیری حکومەتی  ئێستای  ئەفگانیستان دەکەن؟ حامید کارزی تاچەندە لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بوە؟

عەتیقی رەحیمی : هیچ گەشبین نیم بەرامبەر بەم حکومەتەش. حامید کارزای بە ڕێکەوت بوو بە سەرۆک ، چونکە ئۆپۆزسیۆنی ئەفگانی لەسەر کەسێک ڕێکنەدەکەوتن ، ئەمیش کابرایەک بوو کە نەناسراوبوو. پاشانیش پشتۆن بوو، ئەمەش هاوکاریکرد. دیارە مەبەستیش لەوە ئەوەبوو کە ئەم کابرایە بتوانێت ڕێگە لە طالبان بگرێت ، چونکە طالبان لەناوچەی پشتۆن بەهێزبوون. دیارە ڕاستە باوکی حامید کارزای ڕۆڵێکی گەورەی لە بزاڤی رزگاریخوازی و رۆشنبیری ئەفگانی هەبووە، بەڵام ئەم خۆی هیچ ئەزموونێکی سیاسی وای نییە. ئەو دەیەوێت هەموو لایەکان ڕازی بکات . بەیانی گەر کەسێک بچێت بۆ لای پێی بڵێت ئەمریکا خراپە. ئەویش دەڵێت ڕاست دەکەیت ئەمریکا خراپە. کاتێک ئێوارە سەفیری ئەمریکا دەچێت بۆلای ، پێی دەڵێت بۆ وات گووتوە، دەڵێت وام نەگووتوە ئێوە ڕاست دەکەن.

مەبەستان ئەوەیە ، کە حامید کارزای کەسێکی دوو ڕووە؟
عەتیقی رەحیمی: نا، ئەو ئەسڵەن هەر ڕووی نییە. مەبەستم لەوەیە کابرایەکە هیچ شتێک لەبارەی سیاسەتەوە نازانێت و هەر لەخۆیەوە قسە دەکات.

ئایا هیچ گەشبینیت بە داهاتووی ئەفگانیستان؟

عەتیقی رەحیمی : ناه، هیچ گەشبین نیم .  دەزانیت کێشەکە چییە ، ئێمە ئەمرۆ لە جیهانێکی ناعەداڵی و کێشەداردا دەژین . لەهەموو شوێنێکی جیهاندا کێشە هەیە. ئاساییشە لە ناو ئەم سیستەمە خراپەی جیهاندا ، وەزعی ئێمەش بەم شێوەیە خراپ بێت.

خۆمان لاوازین

خاڵێکی تریش ئەوەیە ، کە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە. بۆ نموونە گەر ئێمە خۆمان لاواز نەبین بۆچی دەبینە کارتێک بەدەستی پاکستان و ئەمریکاوە. بۆچی دەبینە داشی دەستی خەڵکی تر. کێشەی سەرەکی لە خۆمانەوەیە ، ئێمە خۆمان لاوازین بۆیە ئەوە حالمانە. ڕێک وەکو کورد واین.

بابێینە سەرباسی کورد. ئاخۆ چەندە زانیاریتان لەبارەی کوردەوە هەیە؟

عەتیقی رەحیمی : بەداخەوە هێندە زانیارییەکی وا زۆرم نییە. بەڵکە شارەزاییەکی زۆر کەمم هەیە. زیاتر بەهۆی کچێکی خوێندکاری کوردەوە زانیاری زۆرم دەستکەوت. ئەو کچە و خوێندکارەم زانیاری زۆری لەبارەی کوردەوە پێ دام . هەروەها باوکیشی ئیهتمامی زۆری بۆ ئەفگانیستان هەبوو، ئێستاش پەیوەندیمان هەیە. کاتێک سەیری گەلی کورد دەکەم ، زۆر نزیکن لە گەلی ئەفگانیەوە بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایین و عادات و تەقالیدەوە. 

نوکتەی کوردی

شتێک لە کوردا کە زۆر بە دڵمە ، نوکتەی کوردییە. زۆر حەزم بە نوکتەی کوردی هەیە.

ئایا هیچ نوکتەیەکی کوردید لە بیرە؟

عەتیقی رەحیمی”: برادەرێکی کوردم نوکتەیەکی بۆکردم زۆر بە دڵم بوو.
کورددەڵێت: ڕابوردوویەکی تراژیدیمان هەیە، ئێستامان کارەساتە. خۆشبەختانە چاومان داهاتوو نابینێت.

ئایا حەز دەکەیت سەردانی کوردستان بکەیت ؟

عەتیقی رەحیمی : بەڵی، زۆر حەز دەکەم لە نزیکەوە چاوم بە کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەوێت. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم سەردانی کوردستان بکەم.

دوایین کاری ئەدەبیتان چییە؟
عەتیقی رەحیمی : دوایین رۆمانم بە ناوی لعنت بر داستایوفسکی. ئەم رۆمانە باسی کوڕێک دەکات کە هۆگری نووسینەکانی دۆستیۆڤسکیە. بەتایبەت رۆمانی ” تاوان و سزا”. ئەویش وەکو ڕاسکۆلۆنیۆف ، پیرەژنێک دەکوژێت. پاشان خۆی تەسلیمی پۆلیس و دادگا دەکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، خودی دادوەریش بۆ خۆی تاوانبارەو ئەم کێشەیەش بۆ ئەوان شتێکی ئاساییە. من دەمەوێت لەم رۆمانەدا ئەوە بڵێم ، کە خودی سیستەمی ئەفگانی ، تاوانبارە بە کوشتن و سزادانی ژنان.
لەبواری سینەمایشدا ئێستا خەریکی فیلمێکم لەسەر ئەفگانیستان و یەکێک لەو ئەکتەرانەش کە رۆڵی تێدابینیوە، ئەکتەرێکی فارسە کە پێشتر لە فیلمێکی کوردیدا بەشداربووە.

بەرهەمەکانی عەتیقی رەحیمی   

عەتیقی رەحیمی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی هەیە، کە بۆ زمانەکانی ” فەرەنسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵاندی” وەرگێراوە. لەوانە :
خاکستر و خاک .ساڵی 1998 نووسیویەتی. ساڵی 200 خەڵاتی یەڵدای لە ئێران وەرگرتووە.
هەزار خانەی خواب و اختناق. 2002 نووسیویەتی. کراوە بە فەرەنسی و ئەڵمانی.
بازگشت تصویری . 2005 . سەفەرنامە.
سنگ صبور. ساڵی 200.خەڵاتی کۆنکووری فەرەنسی وەرگرتووە.
لعنت بر داستایوفسکی .2011. 

لەبواری سینەمایشدا فیلمێکی دۆکۆمینتی ساڵی 2004 لە میهرەجانی کانت پێشکەشکرد و جێگای ڕێزو بایەخی ئامادەبوان بوو.

Previous
Next

Leave a Reply