Skip to Content

Tuesday, October 27th, 2020

چاوپێکەوتن لەگەڵ هۆشیار سەعید

Be First!
by February 12, 2013 ئەدەب

 

 

هۆشیار سەعید.. 

تازەگەری نەبێت هونەری كوردی ناتوانێ‌ جێی خۆی لە هونەری ئەوروپادا بكاتەوە 

 

گەرەك نیە ئێمەی مرۆ چاوەنۆری قەدەر بین .. تا دەروازە كڵۆم دراوەكانمان بۆ واڵا و لێیەوە ئەو دیوو سنووری سانسۆرەكان بەرجەستەكەین ، ئەو كاتە ئێمە دەبین بەهیچ دەبێ لە بوونمان پاشگەزبین ! ئەركە لەسەرمان سروشت وای پەراوە پێداوین وێڵبین لە دووی ونبوونی شتەكان و لە نەبوونەوە بوون بەرجەستە بكەین .. ئێدی دەكرێ بڵێین هەین كە ئەوەی ویستمان بەرجەستەمان كرد … ئەمە گوزارشتێكە بۆ نهێنیە بچوكەكانی :

– هۆشیار سەعید .. لە دایكبووی(1971) ە لە سلێمانی و دەرچووی ئەكادیمی (رید فیڵد) ی ئەمیستردامە لە هۆڵەندا ساڵی2002 ، بەشداری چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی كردووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات0

 

• لە رابردووت شتێ‌ بدە بە گوێماندا ؟

رابردوو بەرای من پاوەرێكی گەورەیە .. هێزێكی دروستكردووە بۆ ئەوەی من بتوانم بۆ پاشەڕۆژیش هەناسە بەم ، هەمیشە فۆرمێكی هێجگار گەورەی دروست كردووە ، لەسەردەمی منداڵییەوە هەتاوەكو ئێستا كۆمەڵێ مەرحەلەی قورس و ئاسان و خۆش و ناخۆشی دروستكرد ، ئەمانە هەموو پێكەوە پڕۆسێسێكی دوور و درێژن زۆربەی كارە هونەرییەكانم گەڕاونەتەوە بۆ ساتە سەخت و جوان و نهێنیانەی كە لە سەردەمی مناڵییەوە تاوەكو ئێستا رووی داوە ، چونكە من بێ ئەو رابردووە بڕواناكەم بتوانم هەناسەیەكی نوێ‌ بەم ..

• چ كاتێ‌ هەستت بەخۆت كرد كە دەتەوێ‌ هەبیت ؟

بوون هەمیشە بەبۆچوونی من یەك فۆرمی زۆر ئەبستراكتە ، بەس كاتێ‌ ئەكرێ ببیتە دێرێك بۆ ئەوەی جێگایەكی خۆت دیاری بكەیت بۆ خزمەتكردن ئەو كاتە خۆشەویستییەكی گەورە تیادا دروست ئەبێ ، بۆ ئەوەی تۆ بتوانی لەم رێگەیەوە خزمەت بكەیت ، مەسەلەی بوون یا نەبوون هەمیشە ترسێكی گەورەیە لە دڵی هەر هەموومانە .. كاتێ‌ ئینسان نامرێ‌ و هەست بەبوونی خۆی ئەكا كە بتوانێ‌ بۆشاییەكی گەورە داگیر بكات لە هەر مەجالێكی ئینساندا بێت ..

• دەتەوێ‌ بڵێیت چی ؟

ئێستا پڕۆژەی هێجگار زۆر هەیە .. خەون و خەیاڵێكی زۆر زۆر هەیە كە من بەشەوانە پێوەی خەریكم و دەیان سەعات خۆ كۆكردنەوەی خۆم بۆ پڕۆژە نوێكان تەرخان دەكەم، تەنها بەو هیوایەی لە پاشەڕۆژا بتوانم ئیشی گەورەتر دیارە باس لە سەركەوتنی ناكەم ، چونكە ئەوە زەمەنێكی دوور و درێژ ئەكرێ قەرار لە سەركەوتنی ئیشێ بدات یا نەیدات ..

• چۆن لە هونەری شێوەكاری كوردی دەڕوانیت ؟

كۆمەڵێ هونەرمەند هەن دڵسۆزانە ئیش ئەكەن ، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر بینینی تازە ئیشی تازە نەهاتۆتە كوردستانەوە ، ئەگەر باس لە هونەری مۆدێرن بكەین ئەوا بە ڕای من هونەری كوردی زۆر ساوایە .. پێویستی بە زەمەنێكی زۆر دوور و درێژ هەیە تا بتوانێ‌ لە ئاستی كۆمەڵی وڵاتی پێشكەوتوودا ، ئیشەكان لە ئاستێكی هونەریا ببینینەوە..

• یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم پێشنەكەوتنی هونەری شێوەكاری كوردی نەبوونی رەخنەیە ، بۆ تا ئێستا رەخنەی شێوەكاریمان نیە .. چین ئەوانەی بوونەتە گرفت لەبەردەمیا ؟

بەبۆچونی من نەبوونی قوتابخانەیە وەك ئەكادیمی ..بتوانرێ رەخنە بخوێنرێت ، نەبوونی متابەعە لەسەر هونەری نوێی هاوچەرخ .. ئەمە یەكێكە لە گەورەترین گرفت لەلای هەریەك لە ئێمە ، نەبوونی رەخنە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو متابەعەیە بۆ ئەو دووبارە نەبوونەوەیەی كاری جیاوازی هونەری لەلای ئێمە ، چونكە ئەگەر زیارۆیی نەبێت زیاتر كارە هونەرییەكانمان لە بازنەیەكی زۆر بچوكدا دەسوڕێتەوە .. ئەمانە بوونەتە هۆی وەكو ناقد نەتوانین بازی زۆر گەورە بدەین ، فەزای بینینمان هەمیشە بچوكتر بۆتەوە.. ئەمانە هەمووی ئەبنە هۆی ئەوەی كەوا نەقدێكی هونەری لەم سەردەمە یا لای ئێمە هەتا بڵێی ساوایە ..

• نەبوونی بینەر و كورتبوونی تەمەنی پێشانگاكان بۆچی وا دەكەوێتەوە ؟

ئەم پرسیارە زۆر لە خۆ ئەگرێ ، بەشێكی نەبوونی ئەزموونێكی دەوڵەمەند لەناو هونەری كوردیا ، ئەم كیشوەرەی ئێمە هەمیشە بەبۆنەی جەنگ و دووبارەبوونەوەی خیتابی سیاسی و خۆ ئامادەكردن و خۆ پاراستن لە دوژمن و لە هەموو ئێڤێكتە نەگبەتانەی كە رووی كردۆتە ئەم ناوچەیەوە تا ئێستا هونەر نەبووەتە زەرورەت لای ئێمە .. مەسەلەن هەمیشە پرسیارە لای ئێمە ..ئایا چەندە رۆشنبیرانی ئێمە رووئەكەنە كارە هونەرییەكان .. بابڵێین رۆشنبیرییەكی زۆر سادەیان هەیە بەرانبەر هونەری تەشكیلی و نەبووەتە پرسیار لەلای هیچ گروپێكی رۆشنبیری یا هونەری ، پێشەنگایەك ئەكرێتەوە ئەوەتا هونەرمەندان كاتیان نیە كەوا بێن بۆ پێشەنگاكە ، لەبەر ئەوەی سەرقاڵی یەك بازنە گەلێك بچوكی خۆیانن هەمیشە تیا ئەخولێنەوە ! كاتێ‌ هونەر پێشئەكەوێ‌ .. لێرە بازاری هەیە كاتێ‌ كە بازاڕ نەبوو بۆ كڕین و فرۆشتنی هونەر ئەو وەختە هونەر زۆر تا كەم قەوارەكەی رۆژ بە رۆژ بچوك دەبێتەوە.. تا ئێستا بازاڕی ئێمە نەكەوتۆتە ئەوەی هونەر بووبێتە یا خۆشەویستی ئێمە زۆرجار بچوكتر بووە بەرانبەر بوونی تابلۆیەك ،لەبەر ئەوە بینەر و بینینی و تێگەیشتنی تابڵێی كەمە ، ئەوەش پەیوەندی بە مێژووەوە هەیە .. رەنگە مێژوو نووسێك زۆر باشتر قسە لەسەر ئەوە بكات ، هونەری تەشكیلی تا بڵەی ساوایە .. تا ئێستاش جێگەی خۆی لەناو هونەرمەندانیش زۆر تا كەم نەگرتۆتەوە .. ئیشكردن بەس نیە بۆ ئەوەی هونەرێك پێش بكەوێت بەقەدەر ئەوەی ئەگەر ئاگاداری ئەو بازاڕە گەورەیەی جیهان نەبیت لە مامەڵەكردن لەگەڵیا لەو گۆڕانە خێرایەی كە ئەكرێ بەسەر هونەرا قەد هونەر پێش ناكەوێ‌ 

• مردنی ماسییەكان سومبولێكە بۆ بایەخنەدان بە نهێنیە بچووكەكان و كوشتنی.. لە كاتێكدا ماسی مانای بەردەوامبوونی ژیانە ..بەدەر لەوەی وتم چ شتێك لە پێش ئەو سومبولەوەیە ؟

هەموو رۆژێك كە بەخەبەر یەم بەرەو رووی رۆژێكی نوێ‌ ئەبمەوە.. من بڕوام وایە قەد ئیمڕۆ وەك دوێنێ خەبەرم نەبۆتەوە ، كە دەستئەكەم بە دروستكردنی ئیشێكی هونەری كارە هونەرییەكە خۆی پرسیار لە ستایلی لەمەتریالی جیاواز ئەكات باس لە نهێنیە بچووكەكان ئەكات ، لەلای من فۆرمێكی هێجگار زۆر گەورەی لە دڵ و دەروونی مرۆڤا هەمیشە گرنگی بە شتە گەورەكان ئەدەین ..ئیحساسە بچووكەكان هەمیشە بە كەپتی ئەمێنێتەوە یاخوود لە گەڵماندا ئەمرێت بۆمن هەمیشە جێگەی رێزە كە بتوانم لێی بپرسمەوە .. هەر لەم رێیەشەوە توانیومە خوازیاری ئەوەبم كە بۆ هەریەك لەو ئیحساسە بچوكانە رەنگی تایبەت و ڤیگەری تازە بدۆزمەوە ، كە ئەمانە پاوەرێكی زۆر گەورەبوون بۆ ئەوەی هەر بەردەوام بم لە كاری هونەری بەنسبەت هەر شەش فیلمەكەوە باس لە ئیحساسێكی زۆر بچووك دەكات كە جووڵەیە بۆ نموونە چوومە بانك خەریكی پارە ژماردن بوون ئەگەر كارێك نەبێ كە لە سەری ئەژیت قەد بڕواناكەم لەشی تۆ بەو شێوەیە جوڵەی پێبەی یا ئەو جوڵانە دووبارە ببێتەوە ، زیاتر فیلمەكان باس لە دیجیتاڵبوونی كۆمەڵگا ئەكات كاتێ‌ بە چ شێوەیەك ئەجوڵێتەوە ، مرۆڤەكان بەشێوەیەك ئەجوڵێنەوە كە سانسۆرێك هەیە نابێتە ئەسڵەن پرسیار لەلای قەرەباڵغیەكی ناوبازاڕ بۆمن پرسیارە ..ئایا خەڵك بەو چاوە تۆبڵەی قەد تەماشای خۆی كردبێت كە چۆن ئەڕوات بە رێگایە ؟ فیلمی( 2) مەترم گرتووە لەم دوومەترەیا یەك كۆمەڵ فەرعی جیاواز هەموو خەڵكەكان وەك شیش هەمووی چوون بەیەكا .. ئەمانە هەمووی پرسیار بوون لای من ، هەمیشە راهاتووین بەجادەیەكدا تێپەڕین ئایا لەشی ئێمە چۆن كۆنترۆڵ ئەكرێت كە ئێمە بەشێوەیەكی كە بیجـــوڵێنین بەبێ ئەوەی ببێتە پرسیار لەلای ئێمە ؟

• نهێنیە بچووكەكان لە ئایندەدا چۆن دەبینیتەوە ؟

نهێنیە بچووكەكان هەمیشە تیاماندا گەورەتر و گەورەتر كەڵەگەتر ئەبێت تەنها من بەو هیوایەی بتوانم هەناسە بچووكەكان و شتە بچووكەكانمان لا گەورەتر بێت .. چونكە ئەوانە بۆ خۆیان جیهانی مەزنی مرۆڤ خۆین ، ئەگەر ئێمە توانیمان باس لەشتە بچووكەكان بكەین شتەگەورەكان بۆ خۆیان كەشف ئەكرێن ، بەڵام كەشفكردنی ئیحساسە بچووكەكان بەبۆچوونی من جوانترین پڕۆژەی ئینسانن كە ئەتوانین لەم دەلاقەوە یەكترمان خۆشبوێ‌ و زمانێكی تایبەتە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین یەكتر بناسینەوە ..

• تەقلیدی هونەری لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟

سود وەرگرتن لە ئەزمونی ترەوە بۆ هونەرمەندێكی تر كە ئەمە ئەوەتەی مرۆڤ هەیە بەردەوام ئەم تەئسیراتە هەبووە هیچ جێی سەرنج نیە چونكە كەسێك ناتوانێ‌ كۆپی كارێكی هونەری هونەرمەندێكی كە بكا بەقەد ئەوەی كەوا هەنێ ئیڤێك و هەنێ‌ فۆرم و رەنگ و ئەوانە تەئسیر لەسەر یەك لە دوای یەكتریمان دانێ‌ ، هەر بەو پێیە كە چۆن ئێمە تەیارە و سەیارە و شەقام و دەموچاوێكی زۆر ئەبینین ئەمانە هەموو رۆژانە لەمنا دووبارە ئەبێتەوە و لە هونەرمەندێكی كەشا دووبارە ئەبێتەوە ، ئەكرێ ئەم تەئسیرە مباشر یا غەیر مباشر لە تابلۆی دوو هونەرمەندی جیاواز وەك كیشوەریش رەنگە زۆر جیاواز بتوانێ‌ دووبارە بێتەوە ئەمانە هەر یەك لە ئێمە ئەگەر بتوانین هەتا ئەگەر تەئسیراتی هونەرمەندی چوار دەورمان هەبێ بەسەرەوە هیچ كێشەیەك نیە بەڵكو تەنها دەوڵەمەندكردنی ستایلی یەكتریمانە .. چونكە جیهانێكی زۆر زۆر گەورە هەیە ئێمە ئەتوانین دەوڵەمەندی كەین نەوەك بەتاك ..

• لە پەناهەندەیدا چۆن گوزارشتت لە خاك دەكرد ؟

پەناهەندەیی ژیانێكی هێجگار تایبەتە .. ئینسان تا بەسەریدا تێنەپەڕێت رەنگە زۆر مەحاڵ بێت باسی لێوە بكات ، كاتێ‌ من دوور كەوتمەوە لە وڵات بەرۆح هەمیشە نزیكبووم لێرە ،زۆربەی ئەو تابلۆیانەی من كێشاومن ئەوەی بەتایبەتی لەو پێشانگانەی كەمن كردومەتەوە یەكێ‌ لەو شتانەی ئیشەكانی من سەركەوتوبووە بۆنی ئەم ناوچەیەی لێیەت بۆنی نێرگز و خۆشەویستی و وەفاو شتە جوانەكانی ئەم وڵاتەی لێیەت لەبەر ئەوە زۆر تا كەم هەموو شتە بچووكەكانی ئێرە بەشێوەیەكی جیاوازتر رەنگە خۆشەویستر دووبارە بوبێتەوە لە كارە هونەریەكانمدا ..

• رەنگی تۆخ بۆ زاڵن بەسەر تابلۆكاندا ؟

رەنگی تۆخ رەنگە سووربوون بێت لە ئیحساسە گەورەكانی مندا ..

*مردنی ماسیەكان مردنی نهێنیەكانا .. ئایا ئەمە چ دەلالەتێكی كەی لە پشتەوەیە؟

كاتێك ماسیەك ئەمرێ .. بۆمن مرۆڤێكیش لە هەمان كاتدا گیانی لە دەست ئەیات ، مرۆڤێك و ماسیەك هیچ جیاوازیەكی نیە لە رووی هەناسە هەڵكێشانەوە ، تەنها بۆ من ماسیەكان كۆنترانتێكی گەورەی مردنن .. كاتێك ماسیەك ئەبینم ژیانێكی بەرفراوانتر ئەبینم .. كاتێك ماسیەك نابینم رووبار هەموو تابلۆكانم داگیر ئەكات لەبەر ئەوە هەمیشە كاتێ‌ ماسی ئەبینم هەست بە ئاسودەیی دەكەم هەست بە پێكەنین و خۆشەویستی ئەكەم 

• ئەو رێگایانە كامانەن كە بوونەتە وێزگەی هونەری تۆ ؟

كۆمەڵێ رێگای زۆر جیاواز هەیە وە كۆمەڵێ مەرحەلەی زۆر جیاواز هەیە كە كارەكانی منی پێ دەوڵەمەند كرا ، سەرەتا تەئسیرێكی زۆری شیعری كوردی هەبوو بەسەر كارەكانمەوە .. ئەو پۆستەرە شیعرانە كە ئەمكردن بە تابلۆ سوردم لێ وەرئەگرتن.. وێنەی جوان جوانم لێ‌ ئەدۆزیەوە ، پاشان مەرحەلەی ئەكادیمی ئەوروپا ژیانێكی جیاوازتری لەلای من دروستكرد .. كۆمەڵێ نهێنی گەورەی ئاشكرا كرد ئەبێ من كراوەتر بم بۆ ئەوەی هەرچی ستایلی جیاوازە بە ئسلوبی جیاواز جیاواز بتوانێ‌ خۆی بكا بەنێو كارەكانما ..بۆ ئەوەی بتوانم رۆژ بە رۆژ دەوڵەمەندتـریان بكەم تا ئازادتر مامەڵە لەگەڵ ئیحساس و ساتەكانی خۆما بكەم ..

• رێبوار سەعید چ كاریگەرییەكی لەسەرت هەیە ؟

رێبوار ئەو هاوڕێ گەورەیەمە كە لە چاوو لە خۆشەویستی ئەوەوە بۆ یەكەم جار من رەنگم ناسی لە ئیحساسی ئەوەوە توانیم زۆر رێگای جوان و بەرزی هونەری هەیە كە بتوانم ئیشی تێدا بكەم .. ئەو پەیوەندییە تا ئەو رۆژەی ئەژیم سوپاسی ئەكەم كە من توانیومە هەتا ئێستا ئیحساسەكانی خۆم و هاوڕێكانم و كۆمەڵگا و ئینسان بە گشتی لە گڵكۆی كاری هونەرییەوە بە ئەنجام بەم ..

• كارە هونەرییەكانی كوردستان لە پەناهەندەیدا چۆن دەبینرێتەوە ؟

زۆر گزە لەبەر ئەوەی ئەوروپا راستە هەرچی رێگاكانە بەرفراوانە بۆ خۆپیشاندانی خوود بەڵام لە هەزار سەرەوە قورسترین رێگایە كەوا هونەری كوردی جێگەی بێتەوە ، هونەری كوردی قەد ناتوانێ‌ جێی خۆی لە هونەری ئەورپا بكاتەوە ، ئەگەر پێویستی بە تازەگەرێتی هەمیشەیی نەبێت تا ئێستا نەناسراوە و رەنگە زەمەنێكی زۆر دوور و درێژی بوێ‌ تا بتوانێ‌ بناسرێتەوە ، كاتێكیش ئەناسرێتەوە كە تێكەڵ ئەبێ لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریە خێرایەی كەلە ئەوروپایە بەسەر هونەری نوێ‌ یەت دواجار ئەمەوێ‌ ئەوە بڵێم كە كاتێك ئەو تێكەڵ بوونەش ئەبێ هەرچی سنوری جوگرافیشە لە كاری هونەریا هەمووی بەسەر ئەچێ ..

• چۆن دەتوانی لەبەرهەمی ئایندە بدوێیت ؟

بەرهەمی ئایندە كۆمەڵێ خەو و خەیاڵی رەنگە تایبەتی من بێت ، من لە خوێندنام لە گەڕانام لە سۆراغێكی هەمیشە ییام بە ئسلوبی جیاواز بتوانم مامەڵە لەگەڵ ئیحساسەكانی خۆما و تەنفیزكردنی كارە هونەرییەكانما بكەم ناتوانم باس لە پاشەرۆژ بكەم ، بەڵام تەنها سەرقاڵی دۆزینەوەی نڤێكتی تازەم تا شتەكان هەمووی ئەنجام بەم ..

• پاش ئەم ئەزموونە دەتەوێ بڵێیت چی؟

ئەمە هەندێ‌ شتی تازەی لای من دروستكرد ، منی گێڕایەوە بۆ كەشفكردنی یا بۆ لێپرسینەوەی ئەو نهێنیە بچوكانەی كە بەسەر ئینساندا تێدەپەڕێ و باسی لێناكا و حیسابی بۆ ناكات ، ئێمە خاوەنی كۆمەڵێ نهێنی زۆر زۆرین بەڵام ئەو نهێنیە بچوكانە كە لە چەند ساتێكی زۆر كەما تێئەپەڕێت هەمیشە ئێمە باس لە شتە گەورەكان ئەكەین ئەم ئیشە نوێیانەی من گەڕانەوەیە لێپرسینەوەیە بۆ كەشفكردنی ئەو ئیحساسە بچوكانەی باس لە چەند سانیەیەكی زۆر زۆر كەم ئەكەن ..

• دووا وتەت چیە ؟

بەو هیوایەی بتوانین لە كاری نوێدا یەكتری ببینینەوە بە ئومێدی ئەوەی بتوانین هەمیشە قسە لەسەر شتە تازەكان بكەین و ئیحساسی تازە بدۆزینەوە و بچووكەكانی مرۆڤ شتی زیاتری بۆ بكەین سوپاستان دەكەم .. 

 

 

تێبینی : ئەم دیدارە بەهاوكاری (ئارام سدیق) بەئەنجام هاتووە ..

yousif_kazh@yahoo.com

ئامادەکردنی: یوسف خەلیل

 

Previous
Next

Leave a Reply