Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
چاویلكەیەك لەو دیوو پەنجەرەكەوە بەشەرمەوە لێم دەڕوانىَ

چاویلكەیەك لەو دیوو پەنجەرەكەوە بەشەرمەوە لێم دەڕوانىَ

Closed

  چاویلكەیەك لەو دیوو پەنجەرەكەوە بەشەرمەوە لێم دەڕوانىَ
 شاخەوان سدیق
 
 ئاى…………
 لە كزە باى ساردى ئەو پەنجەرەیەى
 كە منداڵ بووم لەو دیووە دا ئەنیشتم و
 لە ڕووناكى گڵۆپەكاندا یەك یەك ئەستێرەكانم دەژمارد
 داخ……..
 لە قڕەى مناڵە لاسارەكانى گەڕەك و
 دەنگى ڕادیۆیەكەى باوكم
 كە گشت جارێك لێیان هەڵە ئەكردم و
 پەلكێشى ناو ژوورەكەمیان دەكردمەوە
 واى لەو دەمەى لە دەلاقەى ئەم پەنجەرەیەوە
 ڕوناكیم ئەگرتە تاریكى ژوورەكەتان
 كەچى ئەو لە تیشكەكانیدا
 ترس و گەورەبوون دابران و پیرى نیشان ئەدا
 هەر ئەو دەمە
 ترس سەراپاى ژیانمى داگیركردبوو
 شەوانە دەستى لە گەردنم دەنا
 ترس لە ڕەشێتى ڕەنگى چاویلكەكەت و
 لەو گیرە سورەى دابووت لە سەرپۆشەكەت و
 لەو كچە عەیارانەى هاوڕێیەتیت دەكردن
 ترس لە گەورەبوون و لە تەنیاییەكانى خۆم و بینینەكانى تۆ
 ترس لە ژیان و پەنجەرەكەم
 ترس لە ترس و لە ترس
 وەلىَ كیژىَ……..
 تۆ بێئاگا دواى پەپولەباڵ نەخشینەكان دەكەوتیت و
 مناڵانە لە لێكردنەوەى باڵەكانى خۆشیت ئەهات
 شێتانە
 لە تەنیاى باخچەكەدا پەڕەى گوڵەكانت ئەوەراند و
 وەك فاڵچیەكى بە توانا دەتتەقاند و
 فاڵت بۆ بەختەوەرى خۆت پێئەگرتەوە
 تۆ هەروبوویت
 پاش دۆڕاندنى گەمەكان
 بەنازەوە بەسەرمدا ئەگریایت و بەردت لە پەنجەرەكەمان ئەگرت
 ئەتزانى بەیانیان لەوێوەهەنگاوەكانت ئەژمێرم
 كە گەورەش بوویت
 بە چاویلكەیەك تە لسیمە سیحراویەكانى نیگات لێشاردمەوە
 بەشەرمەوە پێت ئەوتم گوزەشت ڕۆژەكانى مناڵى
 ئای لە بەیانیە ساردەكانى زستان
 كە لەگەڵ دلۆپەكانى باراندا تێكەڵ ئەبوینو بەناغى
 زەوییەكەدا ئەچوینە خوار
 لە نیوەڕۆیەكى بەهاردا لە چرۆى دارئەرخەوانێكدا
 دەكەوتینە خوار
 ئاى لە عەسرانى هاوینى بە پەنجەرەكەم
 كە بەگەڵاى دارەكان تەمەنى هەردووكمانم ئەژمارد
 ئەوانیش هێمن هێمن ئەكەوتنە خوار 
 واى لە ئێوارانى پایزى بەر پەنجەرەكەم
 كەچەند بەتاسەوە گوێم لە گۆرانیەكانى ڕەشەباو
 گریانى دار هەنارەكانى باخچەكەمان ئەگرت
 تۆهەروابوویت
 كە ئەهاتیتە ژورەكەم بەعیشوەوە پێتەوتم
 چەندە قەدەرێكى سەیرە
 پەنجەرەكەت دوو تا كیەو
 دوو وێنەشت هەڵواسیوەو
 ژوورەكەشت دوو دەرگاى لە سەرە بۆ چوونە دەرەوە
 سەیرە كیژێ……. ژیان سەیرە
 مناڵىو گەورەبوونو پەنجەرەو ئیشقو ژیان
 عەیامێكە من لە نێو ئەم گەمە بێمانایانەدا ئەژیم
 دەسا كیژآ
 پەردەى سەر پەنجەرەكەت لادەو تاوێك چاویلكەكەت فڕێدەو
 بەچاوەكانى ماڵیتەوە لە گەورەبوونەكانم بڕوانەو
 باڵى شكاوى ئەو پەپولانەم بەدیارى بدەرآ
 كە لە مناڵیتا بێباكانە لیتەدەكردنەوە
 ئەرآ كیژێ بەبیرت دێت كە مناداڵ بووین
 هەموو جارآ بەهێندەى دڵۆپەكانى باران بۆ شۆستەكانى شار
 بەیەكماندا ئەكێشاو هەردووكمان ئەگریاینو
 ساویلكانە لە دوایشدا وەك دوو مناڵى مەمنون بەیەك
 دەهاتینەوە بۆ لاى یەكتر
 ئاى…….. چەنە مناڵێكى سەركەش بوون
 من بووكە شوشەكەتم ئەفڕاند
 تۆ ئەگریاى
 من لە دەلاقەى پەنجەرەكەتانەوە پیشانمەداى
 بەخۆمەوت چەندە ئازام
 نەم ئەزانى ڕۆژێك دەبێت كە گەورەبین
 ئێستا تۆ دڵى منت فڕاندووەو
 لە پەنجەرەكەتانەوە سەحەران كە ڕوخسارتم پیشان ئەدەى
 من هەموو جارێك بۆت ئەگریم
 بۆیە ئێستا تێدەگەم كیژآ
 تۆ لە نێوان مناڵىو گەورەبوونما
 ئێستاو ئەوساش چەندە ئازاى
                                                                    Shaxi83@yahoo.com
                                                      
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.