Skip to Content

Friday, October 23rd, 2020

چـه‌نـد وێنـه‌یه‌کی ونبوی نێـو ئه‌لبومی پایز

Be First!
by August 17, 2011 ئەدەب

1
هه‌ر که‌ سیحری
چاوه‌ زه‌رده‌کانی پایز
ده‌رده‌که‌وێ…
دره‌خته‌کان …
ئاگری هه‌وه‌س هه‌ڵیان ده‌گرێ و
به‌ده‌م سه‌مایه‌کی شێتانه‌
ڕوت ده‌بنه‌وه‌!

2
له‌ مه‌حشه‌ری
ڕوت بوونه‌وه‌ی دره‌خته‌کان
ده‌رحه‌ق به‌لاوێنی پایز
کالیبتۆز لوتی به‌رزبوو…
 بۆیه‌ به‌قه‌یره‌یی مایه‌وه‌!

3
دره‌خه‌ته‌ ڕوت و قوته‌کان
پاش وه‌ی له‌باوه‌ش پایز
گه‌رمه‌ی هه‌وه‌س
به‌سه‌ر ده‌به‌ن…
ده‌چنه‌ به‌ردوشی باران و
 غوسل له‌ خۆیان ده‌رده‌که‌ن!!

4.
له‌ فه‌رهه‌نگی
ئیستاتیکای وه‌رزه‌کاندا…
بروسکه‌ پشمینی هه‌ورو
گه‌ڵازه‌رده‌کانی داریش
زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوی پایز!

5
که‌ دره‌خته‌کان
بیانه‌وێ
مه‌یلی پایز
بۆ پێخه‌فی ئاوێزان بوون
ببزوێنن…
ده‌چنه‌ به‌ر ئاوێنه‌ی هه‌ورو
به‌ شنه‌ی با
قژی زه‌ردیان داده‌هێنن!

6
گه‌ر (با) له‌خۆی رانه‌بیینێت
چۆن ده‌وێرێت..
 به‌به‌رچاوی پایزه‌وه‌
کۆشی دره‌خته‌کان هه‌ڵداته‌وه‌؟!

7
له‌نێو چیمه‌نی رۆحم دا
هه‌موو گوڵه‌کان ده‌وه‌رن…
ته‌نها گوڵه‌ پایز نه‌بێ!

8
کێ ده‌ڵێ تۆ
گه‌نجینه‌ی پایزت نه‌دزیوه‌؟
 ئه‌ی ئه‌و هه‌موو
ئاڵتونی گه‌ڵا زه‌رده‌ چیه‌…
به‌سینه‌ی گولزاری دڵ و
به‌ مللی به‌هاری هه‌ناسه‌ت
هه‌ڵواسیوه‌؟!

9
(با) حه‌سوده‌…
بووه‌ی نیگای په‌پوله‌یی ئه‌ستێرو مانگ
له‌سه‌ر لقی له‌شولاری ڕوته‌وه‌بوی
دره‌خته‌کان هه‌ڵنه‌نیشێ…
به‌ هانکه‌ هانک ،
ده‌ست بۆ په‌شمه‌ی هه‌ور ده‌باو
سه‌رپایان داداپۆشێ!!

–    کـۆیـه‌ 2005 –
ئـارام سالح

Previous
Next

Leave a Reply