Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

چه‌مكی هاوڕێیه‌تی و نهێنییه‌كانی هه‌رزه‌كار و لاو

Be First!
by June 1, 2011 گشتی

    هاوڕێیه‌تی چه‌مكێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌, تایبه‌ت نییه‌ ته‌نها به‌ ته‌مه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌, به‌ڵكو مرۆڤ له‌ هه‌ر قۆناغێكدا بێت جۆرێك له‌ هاوڕێیه‌تی پیاده‌ ده‌كات, ئه‌مه‌ش باشترین ئاماژه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و مه‌حاڵه‌ بتوانێت به‌ ته‌نها و دوور له‌ كه‌سانی تر بژیت.
  به‌ڵام له‌هه‌ر قۆناغێك زیاتر, هاوڕێیه‌تی قۆناغی هه‌رزه‌كاری و لاویی جێگه‌ی سه‌رنجه‌, چونه‌ مرۆڤ (كچ و كوڕ) له‌م قۆناغه‌دا له‌ بارێكی ده‌روونی و جه‌سته‌یی زۆر تایبه‌ت  و ئاڵۆزدایه‌.
  ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بین گه‌ر بڵێین: له‌ هه‌ر كه‌سێك زیاتر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ هاوڕێ و هاوخه‌م هه‌یه‌, هه‌رزه‌كار و لاوه‌, چونكه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغی منداڵیدا زۆر شت ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی هاوڕێ بۆی, جگه‌ له‌مه‌ش منداڵ زۆر درك به‌وه‌ ناكات كه‌ هاوڕێیه‌تی مانای چییه‌, ئه‌م شتێكی ده‌وێت كه‌ یاری پێبكات و كاتی خۆی پێ بباته‌سه‌ر, هه‌رچی هه‌رزه‌كار و لاوه‌, تاكه‌ كه‌س كه‌ ده‌توانێت له‌ كێشه‌ و داخوازییه‌كانی بگات, هاوته‌مه‌ن و هاوڕێكانێتی.
  زۆرێك له‌ دایكان و باوكان گلله‌یی له‌ كوڕ و كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كانیان ده‌كه‌ن كه‌ هیچ له‌ لای ئه‌وان نادركێنن و رازی دڵی خۆیان بۆ ئه‌مان ناكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام هه‌قه‌ گه‌وره‌كان (دایكان و باوكان) له‌وه‌ باش تێبگه‌ن كه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كوڕ و كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كانیان له‌سه‌ر هه‌قن, چونكه‌ هه‌رگیز دایك و باوك بۆ كوڕ و كچی هه‌رزه‌كار ئه‌و سێبه‌ره‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مان بتوانن له‌ په‌نایدا پشوویه‌كی ده‌روونی و عه‌قڵی بده‌ن.
هه‌رزه‌كاره‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاو(كێشه‌) و هاو(ته‌مه‌ن)ن, هه‌ربۆیه‌ زوو ده‌بن به‌ هاوڕێی یه‌كتری, هاوڕێ‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ زمان عه‌قڵی یه‌كتری باش تێده‌گه‌ن و ده‌زانن كێشه‌كانیان چییه‌…
  مرۆڤ له‌ ته‌مه‌نی هه‌زه‌كاریی و لاویدا له‌ هه‌ر كه‌سێك زیاتر پێویستی به‌ كه‌سێكه‌ گوێی لێبگرێت و ببێته‌ هاو(خه‌م)ی, هه‌رزه‌كاریش ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی خۆش ده‌وێت و ده‌توانێت له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵبكات و پشتگیری رایه‌كانی بكات, ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چه‌نده‌ هه‌ڵه‌ش بێت.
 هه‌رزه‌كار هه‌رگیز خۆشی به‌چاره‌ی كه‌سێكدا نایه‌ته‌وه‌ كه‌ دان به‌ ره‌وایی داخوازییه‌كانیدا نه‌نێت, حه‌زی له‌ كه‌سێك نییه‌ كه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك سێ‌ و دووی له‌گه‌ڵدا بكات.
  مرۆڤی هه‌رزه‌كار پێویستی به‌ كه‌سێكه‌ كه‌ بتوانێت له‌ لای باسی گۆڕانكارییه‌ جه‌سته‌یی و ده‌روونیی و سۆزدارییه‌كانی بكات. به‌  هه‌مان شێوه‌ كه‌سی گوێگریش له‌ كه‌سی قسه‌كه‌ر زیاتر چێژ له‌و باس و خواسانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت و ئه‌میش له‌ لای خۆیه‌وه‌ رازی دڵ و ده‌روونی خۆی بۆ هاوڕێ و هاوخه‌مه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌. ئیدی لێره‌وه‌ شتێكی شاراوه‌ له‌ نێوان ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌دا نامێنێت و بێ په‌رده‌ باس له‌ نهێنییه‌كانی یه‌كتری ده‌كه‌ن و شتێك له‌ لایه‌ن نامێنیـَه‌وه‌ كه‌ ناوی گرێی ده‌روونی بێت.
 زۆربه‌ی قه‌سه‌ وباسه‌كانی كۆڕی هه‌رزه‌كارانیش, باسی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره‌, واتا كوڕان باسی كچان و كچانیش باسی كوڕان ده‌كه‌ن. بۆ هه‌رزه‌كاران, هیچ له‌م باسانه‌ خۆشترنین و هه‌ر هه‌ر كۆتاییان نایه‌ت.
كوڕ و كچ له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی و لاویدا, زۆر حه‌ز به‌ هاوڕێیه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن, به‌ڵام بۆ هه‌ریه‌كه‌یان زه‌حمه‌ته‌ بتوانن رازی دڵ و نهێنی ده‌روون بۆ ئه‌ویتریان بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك له‌وه‌ی ده‌توانن بۆ هاوڕێ  و هاوره‌گه‌زه‌كانیان بیكه‌نه‌وه‌.
 ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جیاوازی هه‌بێت, له‌ هه‌ندێكدا كچ و كوڕ زووتر و ئاسانتر ده‌توانن ببنه‌ هاوڕێ و هاوخه‌می یه‌كتری و له‌ هه‌ندێكی تردا ئه‌مه‌ قورسه‌, به‌ڵام له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا, هه‌رزه‌كار له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زی خۆیدا زووتر ده‌توانێت ببێت به‌ هاوڕێی, به‌و مانایه‌ی كه‌ نهێنی خۆی له‌ لا بدركێنێت….

 

* مامۆستا له‌ كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی چه‌مچه‌ماڵا.

Previous
Next

Leave a Reply