چه‌مکێک له‌مێژووی قه‌ده‌غه‌کردنی کتێب و سته‌م
کتێب یه‌کێکه له فاکته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی گۆڕان له گشت بواره‌کانی نێو ژیاندا. زۆرن ئه‌و کتێبانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان هه‌بووه، هه‌روه‌ها جێی مه‌ترسی بۆ زۆرێک له ئایدیۆلۆژیاکان، ده‌سه‌ڵاته‌کان بووه. ئه‌و هێزه‌ی له کتێب‌دا بۆ گۆڕانکاری هه‌یه، له هیچ فاکته‌رێکی دیکه‌ی ڕۆشنبیرییدا نییه، چونکوو کتێب ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و عه‌ڵی مرۆڤ هه‌یه، ئه‌م کاریگه‌رییه‌یش، کاریگه‌ره‌ییه‌کی ڕیشه‌ییه. له‌به‌ر ئه‌وه زۆرن ئه‌و کتێبانه‌ی به‌ر شاڵاوی له نێوبردن و سووتان قه‌ده‌غه‌کردن که‌وتوون. (ئه‌لبێرتۆ مانگوێڵ ده‌ڵێت: (( له نێو هه‌ر کتێبخانه‌یه‌کدا، به جۆریک له جۆره‌کان ڕه‌نگ و سێبه‌ری په‌رتووکخانه‌یه‌کی دیکه هه‌یه، یان بێژین کتێبخانه‌یه‌کی دیکه‌ی پڕ له کتێبی قه‌ده‌غه‌کراو، نه‌فره‌تلێکراو، سوتێنراو، دڕا‌و و له بیرکراو هه‌یه.)) له هه‌ر قۆناغ و سه‌رده‌مێکدا، ئه‌و مرۆڤانه‌ی چ به کتێب و چ به ده‌ربڕینی بیروڕا، بۆچوونی جیاوازیان له سه‌رده‌مه‌که‌یان هه‌بووه، ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی چه‌پاندنی بیروڕا، یان قه‌ده‌غه‌کردنی کتێبه‌کانیان بوونه‌ته‌وه. زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته سته‌مکاره‌کان، له هه‌ر سه‌رده‌مێکدا بووبێ باوه‌ڕیان وابووه له ڕێی سووتاندنی کتێبی نووسه‌ران، یان زیندانی و کوشتنی نووسه‌ران، ئه‌م بیر‌ورا جیاوازانه له‌نیو ده‌به‌ن. بۆ نموونه (مارکیز دو ساد) له ڕێی نووسینه سه‌رشار سێکسییه‌کانی له سه‌رده‌می خۆی زیندانی کرا، چونکه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کات، بڕڕوای وابوو، نووسینه‌کانی (دو ساد) کاریگه‌ری نێگه‌تیڤ بۆ سه‌ر ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگه دروست ده‌کات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رهه‌می قه‌ده‌غه‌کراوی ڕزگار بوو هه‌یه. قه‌ده‌غه‌کردنی کتێب ئه‌گه‌ر به یاسایش بێت، نابێت ئه‌و واتایه‌ی هه‌بێت، بیروڕای جیاواز له هه‌ر ڕوویه‌که‌وه بێت قه‌ده‌غه بکات. هه‌موو ئه‌و دیکتاتۆرانه‌ی هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌کردنی کتێبیان داوه، له پشت ئه‌مه‌وه هه‌وڵێکه بۆ دابه‌زاندنی شکۆمه‌ندی مرۆڤ، چونکه مرۆڤ تاکه بوونه‌وه‌ره بیر ده‌کاته‌وه، که‌واته ده‌بێ بیرورای جیاوازیشی هه‌بێ. (دیکارت) له‌باره‌ی عه‌قڵه‌وه ده‌لێت: عه‌قڵ تاکه شتێکی جوانه، که مرۆڤ له ئاژه‌ڵ جیا ده‌کاته‌وه. که‌واته عه‌قڵ به مرۆڤ تایبه‌ته، مرۆڤ له ڕێی عه‌قڵه‌وه ده‌توانێت، دیالۆگ بکات. بێ‌نرخ کردنی شکۆمه‌ندی و مافی مرۆڤ ( جیاوازی بیروڕا وه‌کوو مافێکی هه‌ر مرۆڤێک) هه‌وڵدانه بۆ باڵاده‌ست کردنی یه‌ک بۆچوون، یه‌ک ئایدیۆلۆژیا. له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا له ئه‌ورووپا یاسای ( یه‌ک ئایین، یه‌ک یاسا، یه‌ک پاشا) هه‌بوو، ئه‌مه قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو بیرێکی دیکه‌یه، کوشتنی فره‌ییه له نووسین، له دیالۆگ.
مێژووی کتێبه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان ته‌نها زنجیره‌یه‌ک له سته‌ممان بۆ ناگێڕێته‌وه، به دیوێکی دیکه‌دا ئه‌وه مێژووی سه‌رکه‌وتنی وشه‌یه، سته‌مکار هه‌وڵێکی زۆر له ڕێگه‌ی کاربه‌ده‌ستانیه‌وه نه‌ک ته‌نها بۆ سزادان، به‌ڵکوو بۆ گه‌ڕان به دوای نووسین و له ناوبردنیان ده‌دات.
مێژوو هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ تۆمارکردووین، که تێیدا هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌کردنی کتێب و ده‌ستنووسی کراوه. ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌مه‌کانی پێشوودا ئه‌م کاره به ئاسانی ده‌کرا، به‌لام بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌کنه‌لۆجیای نوێی ئینته‌رنێت هه‌موو سنووره‌کانی به‌زاندووه، هه‌ر کوێیه‌کت بوێ مرۆڤ ده‌توانێ ده‌ستی پێبگات، مێژووی قه‌ده‌غه‌کردن، مێژووی هه‌ر کتێبێکی ده‌رباز بووه له له‌ناو چوون، له هه‌مان کاتدا مێژووی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه، که هه‌وڵی ڕزگارکردنی کتێبێک، ده‌ستنووسێکیان داوه. وه‌کوو نوسه‌ر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نووس(هاینڕیش هاینه 1797-1856) له ئاواره‌یی دوا وانه‌کانی خۆی ده‌نووسێت و ده‌ینێرێته‌وه بۆ وڵاتی زێدی باوباپیرانی.
(باوڵم سانساڵ) نووسه‌ری جه‌زائیری و خاوه‌ن خه‌ڵاتی ئاشتی بازرگانی کتێبی ئه‌ڵمانی له ساڵی 2011، به‌ڵام له‌لایه‌ن وڵاته‌که‌یه‌وه ڕه‌گه‌زنامه‌ی هاووڵاتی بوونی لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه. زۆرن ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له حاڵه‌تێکی نادیاردا مردوون، ئه‌وانه‌ی به بێده‌نگی له‌به‌ر سێبه‌ری دیکتاتۆری‌دا به ناچاری ده‌مێنه‌وه و ده‌ژین، ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر سته‌م و زوڵمی دیکتاتۆری‌دا ڕایان کردووه بۆ ده‌ره‌وی وڵات، له تاڕاوگه له دووری نشتیمانه‌که‌یان ده‌ژین و ده‌مرن.
له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده بۆ چاپکردنی کتاب یا خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان، ده‌بوا داخوازینامه‌یه‌ک بده‌رێت به که‌نیسه‌و قه‌شه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات. خوێندنه‌وه‌یه‌کی خراپ بۆ ڕۆمانه‌که‌ی دۆن کیشۆت، وای کرد قه‌شه بریاری سوتاندنی بدات له گۆڕه‌پانێکی گشتی شار.
سووتاندنی کتاب وسزای نووسه‌ر
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا بۆ ڕێگرتن له هه‌ر نووسین و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی دژوار له‌گه‌ڵ کڵێسا و پێڕه‌وه‌ی کڵێسا، ڕێی سووتاندنی کتێبیان له شوێنێکی گشتی یا گۆڕه‌پانێک، یان له به‌رده‌م کڵێسا‌ی ده‌گرته‌به‌ر. خه‌ڵکیان کۆ ده‌کرده‌وه، که‌سی سزادراویان ده‌هێنا، کتێبه‌کانیان له‌ناو سندوق ده‌هێنا له شوێنی دیاری کراودا ئاماده‌یان ده‌کرد، به‌یانێک له‌لایه‌ن قازی ده‌خوێندرایه‌وه، کتێبه‌کانیان ده‌خسته ناو ئاگردان، ده‌یان سووتاند، هێندێکجار سزای سووتاندن نووسه‌ره‌که‌یشی ده‌گرته‌وه. ئه‌و شوێنانه‌ی، که ئه‌م سزایه‌یان له ئه‌ورووپا له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست تێدا جێبه‌جێ ده‌کرا ئه‌مانه‌بوون: له ڤییه‌نا له بازاری نوێ، له فرانکفۆرت له ڕۆمه‌ر، له بڕۆکسل له گۆڕه‌پانی گه‌وره، له له‌نده‌ن له گۆره‌پانی پێش بازاڕ، یان بۆرسه. ئه‌م بڕیارانه ئه‌وکاته‌ی زۆرترین خه‌ڵک ئاماده‌بوونایه ده‌که‌وته واری جێبه‌جێ کردنه‌وه، به‌تایبه‌ت پێش نیوه‌ڕۆیان ، چونکه خه‌ڵک له‌و کاته‌دا بۆ بازاڕکردن ده‌هاتنه ده‌ره‌وه.
به بڕوای (گۆته) ئاگاداربوون و ئاماده‌بوون له ساتی جێبه‌جێ کردنی بڕیاڕی کتێب سووتاندن کارێکه بۆ بیرکردنه‌وه به سووده و نرخی هه‌یه. (گۆته) له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا له‌ژێر ناوی (شیعر و هه‌قیقه‌تدا) ئاماژه به‌وه ده‌دا، که له ڕێکه‌وتی (18ی نۆڤێمبری 1758) له فرانکفۆرت له (Römer) له کاتی سووتاندنی کتێب‌دا ئاماده بووه. له‌و سه‌رده‌م به پێی پرۆتۆکۆلی فه‌رمی حکومی ئه‌م کاتی ئه‌م پڕۆسێسه‌یه دیاری کراوه، له‌لایه‌ن دادنووس و یاریده‌ده‌ری و دوو شاهێد وه‌ها نووسراوه: دوای جاڕدان له‌لایه‌ن جاڕده‌ری حکومه‌ت، شه‌ش بووق لێده‌ر، ئاماده‌بوونی چوار دادوه‌ر به عه‌بای سوور، سه‌رۆکی شاره‌وانی، کتێبه‌کان له ناوه‌ڕاستی (60) سه‌رباز له‌به‌رده‌م شاره‌وانی بازنه‌یه‌کیان پێک هێنا، ئاماده‌بوونی (16) که‌سی به توانا و به‌هێز بۆ پاراستن، سه‌رۆکی شاره‌وانی له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی لای ده‌روازه‌ی بازنه‌که وه‌ستابوو، بۆ ئاگادار بوون جارێکی تر ده‌هۆڵه‌کانیان کووتی، دواتر بڕیار به ده‌نگی به‌رز له‌لایه‌ن دادوه‌رێک خوێندرایه‌وه، بڕیاری سووتاندنی کتێبه‌کان درا، کتێبه‌کانیش سندووق به سندووق ده‌دڕێنران و ده‌خرانه ناو ئاگردانه‌که‌وه و ده‌سووتان.
له به‌ریتانیا له ساڵی (1763) به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌تێک له گۆڤاری (باکوری بریتانیا) له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی دیموکراسیخواز (جۆن ویکلس)، که ڕه‌خنه‌ی له حکومه‌ت گرتبوو، به سه‌رپێچی کردنی یاسایی و دژایه‌تیکردنی حکومه‌ت تاوانبار کرا، بۆیه بڕیاری سووتاندنی درا.
له ساڵی(1521) پاپا ویستی (لۆته‌ر)ی ڕیفۆرمخوازی ئه‌ڵمان سزابدات و له‌گه‌ڵ نووسینه‌کانی بیسووتێنرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌کانه‌وه پارێزگاری لێ‌کرا.
له‌سه‌رده‌می میسری کۆندا له 3000 ساڵ به‌ر له زایین، هه‌رچی کتێب و نووسراوی قه‌ده‌غه هه‌بوو له ناوبردران.
په‌رتووکخانه‌کان ئه‌و شوێنه بایه‌خدارانه‌ن بۆ کتێب شاردنه‌وه و هه‌ڵگرتن. ته‌نانه‌ت زۆر له کڵێسا‌کان جێی شاردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی کتێبی دانسقه‌ن، یان ئه‌و کتێبانه‌ی ته‌نیا ڕه‌به‌نه‌کان ڕێی خوێندنه‌وه و ته‌ماشاکردنیان پێدراوه. له ڕۆمانی ( ناوی گوڵ)ی (ئێمبه‌رتۆ ئیکۆ)دا وێنه‌ی کڵێسایه‌ک بۆ کتێب شاردنه‌وه و هه‌ڵگرتن ده‌بینین . له زۆرێک له‌و شوێنانه کتێب و به‌رهه‌می دانسقه و نایاب ده‌دۆزرێنه‌وه. له په‌رتووکخانه‌ی یه‌کێک له کڵێسا‌کان کتێبی هه‌مه‌جۆری دانسقه‌ی هه‌موو شوێنێک هه‌ڵگیراون، نووسخه‌ی زۆر به نرخی نووسه‌ره عه‌ره‌به که‌م ناسراوه‌کانی کۆن و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی له هه‌موو بواره جیاجیاکاندا هه‌ن، هه‌موویان به هادارن یه‌ک دانه کۆپیان هه‌یه. بۆ نموونه له کڵێسا‌ی (برایان)دا که‌س بۆی نییه بچێته ناو په‌رتووکخانه‌که، چونکه له‌م شوێنانه کتێبگه‌لی قه‌ده‌غه‌کراوی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی تێدایه، کتێبگه‌لێک دانسقه‌ن، مرۆڤ ناتوانێت هیچ کتێبێک بۆ خوێندنه‌وه به خواستن وه‌رگرێت. ته‌نانه‌ت زۆرێک له ڕه‌به‌نه‌کان زانیاری وردیان له‌باره‌ی کتێبه هه‌ڵگیراوه‌کان نییه، خوێنه‌ر ناتوانێت له ڕێی پرسیار له باره‌ی کتێبه نایابه‌کانیان لێ بکه‌ن وه‌کوو کتێبگه‌لێک له‌باره‌ی باوه‌ڕی جووله‌که و نووسه‌رانی عه‌ره‌بی کۆن.
سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست به سه‌ده‌ی تاریکیی ئه‌ورووپا داده‌نرێت، ڕه‌خنه‌گرتن له ڕۆحی مێژوویی و تێڕوانین و باوه‌ڕی مه‌سیحیه‌ت قه‌ده‌غه‌بوو، زۆریک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ریستۆتالیس و پلاتۆن ون بوون، هه‌روه‌ها نووسینه‌کانی بواری زانستی ماتماتیک و پزیشکی و فه‌له‌کی….هتد، چونکه زۆرێک له‌و به‌رهه‌مانه دژوازبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروڕایانه‌ی پیاوانی ئایینی کڵێسا و ده‌سه‌ڵات بڵاویان کردبوونه‌وه. هه‌ر کتێب و نووسینێک له‌گه‌ڵ ئه‌وان ناته‌با بووایه مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان دروست ده‌کرد. بۆیه‌یش له ئێستادا ته‌نیا ئه‌و به‌رهه‌مانه ماون، که بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدراون و پارێزراون.
قه‌یسه‌ری مه‌سیحی یوستینیان لیس سالی 529 دوای زایین. ئه‌کادیمیای ئه‌سینای داخست له به‌ر بوونی فه‌یله‌سوفه‌کان ، له ناوه‌ڕاستی ساله‌کانی 400 له‌سه‌ر بڕیاری قه‌یسه‌ری ڕۆم (فلاڤیۆس ڤالینس) سه‌رجه‌م کتێبخانه‌کانیان له کتێب به‌تاڵ کردن، خاوه‌ن کتێبخانه کانیشیان له‌گه‌ڵ ده‌سووتاندن، قوتابخانه کلاسیکییه‌کان داخران، ته‌نها (کۆسته‌نتین پۆل وئه‌لیکساندریا) مانه‌وه، زاناکانیان به‌ره‌و میزۆپۆتامیا ڕۆیشتن.
سووتاندن و دڕاندنی کتێبی په‌رتووکخانه‌کان له سه‌رده‌می (ئه‌لکسانده‌ر)دا ڕۆلی گه‌وره‌ی له مێژوودا بینی، زانسته جیاجیاکانیش قه‌ده‌غه‌کرابوون. (ئه‌لکسانده‌ر) له‌گه‌ڵ دروستکردنی شاری ئه‌سکه‌نده‌رۆنه له میسر بڕیاری دروستکردنی په‌رتووکخانه‌یه‌کیشی به ناوی (موزین) دا. ئه‌م په‌رتووکخانه‌یه پێکهاتبوو له : ئه‌کادیمیا، ژووری خوێندنه‌وه، چه‌ند شانۆیه‌ک، باخچه، ماڵ بۆ بانگهێشتی لێکۆله‌ره‌وان. به‌پێی سه‌رژمێری به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزاینۆس، که له ساڵی 300 پ،ز. ئه‌نجامیدا بوو، 400،000 ده‌ستنووس و 90،000 دانه ڕۆله‌ی نووسراو هه‌بوون. ده‌سته خوشکی ئه‌و په‌رتووکخانه‌یه به ناوی (سێراپیس تێمپل) له کۆتاییدا 40،000 ڕۆله‌ی ده‌ستنووسی تێدا بووه، هه‌موو ئه‌وانه سووتێنراون و له‌ناوبردراون.
له سه‌ده‌ی (13)دا مێژوونووس (عه‌بدولفاراد)، ئه‌وه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه که مێژوونووس و فه‌یله‌سووفی عه‌ره‌ب ( ئیبن ڕوشد) به‌ندێک له لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی ئه‌ریستۆتالیسی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و بڵاوی کردۆته‌وه، کڵێسه بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی له‌سه‌ر نووسینه‌کانی ئه‌و فه‌یله‌سووفه دانابوو، به‌پێی بڕیاری کڵێسه، که هه‌ر نووسینێک به‌ده‌ر بوایه له یاسای دین قه‌ده‌غه‌کراوبوو. ئه‌نجامی به‌رهه‌می لێکۆلینه‌وه‌ی ناوه‌ندگیری فه‌یله‌سووف (ئیبن ڕوشد) ته‌نها له‌لایه‌ن مه‌سیحییه‌ت قه‌ده‌غه نه‌کرا، به‌ڵکوو له‌لایه‌ن جیهانی ئیسلامیش قه‌ده‌غه کرا، له‌کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی 12 ده‌ستنووسه‌کانی له قورتبه سووتێنران، وه‌کوو به‌رهه‌مه‌کانی ڕیفۆرمخوازی ئایینی (ئیبن غه‌زالی).
له سه‌ده‌ی (6 و7) دا له‌لایه‌ن قه‌یسه‌ره‌کانی بێزه‌نتیدا هه‌ر نووسینێک دژی باوه‌ڕیان بوایه به بێ‌دین ومولحدیان له قه‌ڵه‌م ده‌دا و کتێبه‌کان ده‌سووتێنران، سه‌د ساڵێک دواتر چه‌ند ده‌ستنووسێکی که‌م له ئه‌رشیفی (پاپا کۆنزیل) مابوونه‌وه ئه‌وانیش که بۆ فڕێدان و ده‌ست به‌سه‌ر داگرتن بوون، له‌و ژوورانه‌ی، که چوونه ژووره‌وه قه‌ده‌غه‌بوو په‌رتووکی شاراوه هه‌ڵگیرابوون، له سه‌ده‌ی 12 جارێکی تر بیر له سووتاندنیان کرایه‌وه، سانسۆر و سوتاندنی کتێب به‌رده‌وام بوو، ناوه‌ڕۆکی هه‌ر نووسینێک له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی مه‌سیحیه‌ت هاوڕا و هاوده‌نگ نه‌بوایه په‌سه‌ن نه‌ده‌کرا، وه‌رگێڕانی هه‌ر به‌شێکی ئینجیل قه‌ده‌غه بوو، به هۆکاری ئه‌وه‌ی که واتای ڕاسته‌قینه‌ی له ده‌ست ده‌دات، له کۆتاییی ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی 12 شاره‌زای ئایینی (دیۆسیۆس مێتزی) فره‌نسی ، ئینجیلی له لاتینییه‌وه وه‌رگێرابوو بۆ ئه‌وانه‌ی، که نازانن لاتینی بخوێننه‌وه و ڕاڤه‌ی بکه‌ن، قه‌شه ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه کرد، به دوای هۆکاری قه‌ده‌غه‌کردنه‌که‌یدا گه‌ڕان، قه‌شه‌یش وه‌ڵامی پێ نه‌بوو، بۆیه پاپا (ئه‌نۆزنێز) ئاگادارکرایه‌وه، قه‌شه هۆکار و تێبینییه‌کانی بۆ نارد، بڕیاردرا هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ک له قه‌شه قه‌ده‌غه‌یه.
له ساڵی (1229) پاپا و قه‌شه‌ی مه‌زن بڕیاریان دا که ڕاسپارده و فه‌رمانی هه‌ر شاره‌زایه‌کی کۆن، یان نوێ بۆ هه‌ر زمانێک قه‌ده‌غه بکرێت، هه‌روه‌ها بڵاوکردنه‌وه‌ی گفتوگۆ و پرسیارکردن له‌باره‌ی باوه‌ڕی فه‌رمانبه‌رانی کڵێسه قه‌ده‌غه‌کرا. دڵنیاکرانه‌وه جارێکی تر هه‌ر که‌سێک پابه‌ندی باوه‌ڕی ئینجیل نه‌بێت، ئه‌وه بێباوه‌ڕ و لاده‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، بۆیه به‌شێکی زۆر له دوورخراوه و بێباوه‌ڕ و ئه‌وانه‌ی ڕای جیاوازیان هه‌بوو، بوونه قوربانی.
هه‌ڵمه‌تی سووتاندنی کتێب و دژایه‌تیکردنی به‌رهه‌می فیکری مرۆڤ به‌رده‌وام بوو، هه‌روه‌ک (هێرمان رافێتسده‌ر) نووسیویه: له پاریس له 14/7/1372، کتێب، نووسراو، ده‌ستنووس، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی جیاوازیان له قۆناغی جیاجیاکاندا هه‌بوو سووتێنران. ئه‌م شێوازی قه‌ده‌غه‌کردنه تا ئیمڕۆیش به شێوه‌ی جیاواز هه‌یه، وه‌کوو (یۆهان هۆس) و ڕابه‌ری ڕۆحی (جۆن کلیف) وانه و وتار و خوێندنی به‌رهه‌مه‌کانیان له هه‌موو شوێنێک قه‌ده‌غه‌کرا، بۆ نموونه ئه‌زموون و داهێنانه‌کانی (جۆن کلیف) له ئۆکسفۆرد له‌گه‌ڵ نووسخه‌ی وه‌رگێرانه‌که‌ی ئینجیل و وانه‌کانی به زمانی ئینگلیزی.
ڕیفۆرمخوازی چیکی (یان هۆس) وه‌کوو بێباوه‌ڕ سووتێنرا. (پاپا لیۆس) له ساڵی (1515) بڕیاری دا هه‌ر ده‌ستنووسێک، که کلێسه ڕێگه‌ی پێنه‌دا بسووتێنن. پێنج ساڵ دواتر بڕیاری سووتاندنی نووسینه‌کانی (مارتن لۆته‌ر)ی ئه‌ڵمانی به ئاهه‌نگێڕان له ڤۆرمسی ئه‌ڵمانیا درا، ته‌نانه‌ت بڕیاری ئه‌وه درا (لۆته‌ر) له‌گه‌ڵ کتێبه‌کانی بسووتێنرێت. سووتاندن به شێوه‌ی ئاشکرا له شوێنه گشتییه‌کان وه‌کوو که‌ڵه‌گایی پاپا بوو، حوکمی کلێسا له‌هه‌ر وڵاتێک زاڵ بوو، به زۆر خۆسه‌پاندن به‌رده‌وام بوو. دژایه‌تیکردنی بیر و باوه‌ڕه نوێیه‌کان به‌رده‌وام بوو، له له‌ندن، ڕۆما، پاریس، میونشن. پاشای فره‌نسا (فرانز)1، له ساڵی 1535 چاپکردنی هه‌ر کتێبێک و خوێندنه‌وه‌شی قه‌ده‌غه‌کرد، له‌گه‌ل چاپخانه‌و ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌کان، سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا سه‌پاندن.
له جنێف توندڕه‌و (کالڤین) له ساڵی 1546 به‌رهه‌می نووسه‌رێک، که بڵاوکرابوویه‌وه سوتاند، له ساڵی 1553 زانای ئایینی (میگویل دی سێرڤیتۆ) له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی سوتێنرا.
له دیکۆمێنتی (هێرمان ڕافیتس) دا نووسراوه له به‌ریتانیا نووسه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی ده‌سووتێنرا، له گوێچکه‌وه یه‌ک به یه‌کی ئه‌ندامه‌کانی له‌شیان ده‌بڕی، تا ده‌ستیشیان لێده‌کرده‌وه، ده‌یان خسته ناو ئاگری نووسینه‌کانی تاکوو ده‌بوو به خۆڵه‌مێش.
(درابیتۆس) به هۆی نووسینه‌کانییه‌وه سزای توندی له‌لایه‌ن حاکم بۆ ده‌رکرابه بڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ی نووسینی پێکردووه، له‌گه‌ڵ سه‌ر په‌ڕاندنی . به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌لایه‌ن (یۆهان کۆمینۆس)ی هاوڕێی چه‌ند جار چاپکراوه. هه‌ر که‌سێک ئه‌و نووسینه‌ی پێ بگیرابوایه سزای سه‌ر په‌راندن ، زمان برین و به شان هه‌ڵواسین بووه، له‌سه‌ر داوای قه‌یسه‌ر (لیۆپۆلد1) به ڕێکخراوه‌یی سه‌رجه‌م کتێبه‌کانی کڕان و دوایی له‌ناوبردران، به‌ڵام بیری (درابیتۆس) هه‌ر به‌زیندووی مایه‌وه.
بنه‌ماڵه‌ی هابسبۆرگ له نه‌مسا، ئونگاریا، هۆلندا، هه‌مان میتۆدی حوکمی کڵێسه‌یان بۆ سووتاندنی کتێ به کارده‌هێنا. نه‌مسا له‌و سه‌رده‌م به دیارترین وڵاتێک، که سووتاندنی کتێبی تێدا زۆر به‌رچاوبووه داده‌نرێت، له سه‌رده‌می قه‌یسه‌ر (یوسفی أأ) و ماریا ترێزا ،سانسۆر گه‌شه‌ی سه‌ند. له‌سالی 1767 بریاردرا. له ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژدا هه‌ر که‌سێک کتێبی هه‌بووایه، ده‌بووایه به ده‌ستی خۆی بیسووتێنێت، ته‌نانه‌ت جانتای موسافیره‌کان و پۆسته‌یان ده‌پشکنی، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کان ده‌خرانه سه‌ر پشت، ماڵه‌کانیان ده‌پشکنی و به خاکه‌ناس ناو ژووره‌کانیان ده‌کۆلی و به‌دوای کتێب‌دا ده‌گه‌ڕان. بۆیه‌یش ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک دژی بنه‌ماڵه‌ی هابسبۆرگ و به‌رپابوونی شۆڕشی فره‌نسی له ئه‌نجامی زوڵم و سته‌می چه‌ند ساڵه‌ی حوکمی تۆتالیتاری بنه‌ماڵه‌یی قه‌یسه‌ر و پاشایی بوو.
خوێندنه‌وه‌و نووسین
مه‌رسوومی قه‌ده‌غه‌ی فێربوونی خوێندنه‌وه‌و نووسین له به‌ریتانیا هه‌بووه، به بۆچوونی ئه‌وان ئه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ک بزانێت ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ده‌توانێت هه‌موو وشه‌یه‌ک بخوێنێته‌وه و تێبگات. ده‌توانێت به ڕسته‌یه‌ک جیهانێکی هه‌بێت، ده‌توانێ به نووسین ڕێگرییه‌کانی به‌رده‌می ببینێته‌وه و گۆڕانکارییه‌ک بکات، کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مووان هه‌بێت. خوێندن و نووسین ده‌بێته هۆی ئازادی کۆیله و ڕه‌شپێسته‌کان.
پاشای به‌ریتانیا (کارل II ) بڕیاری دا پێویسته هه‌موو به‌ریتانییه‌کی کریستیان ئینجیل بخوێنیته‌وه، به‌ڵام کۆیله و خزمه‌تکار بۆیان نییه فێری خوێندن و نووسین ببن ، ئه‌وه‌یش له ترسی هۆشیار بوونه‌وه‌و ڕاپه‌ڕین. دواتر کۆیله‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا توانیان ئینجیل بخوێننه‌وه و ڕاپه‌ڕن.
سووتاندن و له‌ناوبردنی کتێب و سزادانی نووسه‌ر له وڵاتی چین
قه‌یسه‌ر (کین شیهوانگدی) له ساڵی 213 پ،ز. ته‌نها گرنگی به پاراستنی ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ی له حوکمکردن ده‌دا، زۆر له‌ده‌ستنووس و ناوونیشانی سووتاند ، بۆیه‌یش ئه‌و به یه‌که‌م که‌سێک، که کتێب سووتێنه‌ر بووه داده‌نرێت.
له سه‌رده‌می قه‌یسه‌ری چین (کییانلۆگ) له‌ساڵی 1772 ، بڕیاریدا سه‌رجه‌م کتێبخانه‌کانی وڵات بگه‌ڕێن کتێبه دانسقه‌کانی بۆ ببه‌ن، کتێب و ده‌ستنووسی زۆر لای خاوه‌نه‌کانیان هه‌بوون کۆیان کردنه‌وه، ئه‌وکتێبانه‌ی ڕه‌خنه‌یان ئاراسته‌ی قه‌یسه‌ر کردبوو سووتێنران، هه‌ڵمه‌ته‌که به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌رز و به نرخیشی گرته‌وه. قه‌یسه‌ر خۆی لیستی کتێبه ترسناکه‌کانی له‌کن بوو، داوای کرد هه‌مووی بۆ ئاماده بکه‌ن. ئه‌نجام 2000 ناوونیشانیان کۆکرده‌وه، بڕیاری سووتاندنیان درا، ئه‌و بڕیاره‌ی قه‌یسه‌ر تاکوو مردنی له‌سالی 1795 به‌رده‌وام بوو.
سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی فاشیزم
سه‌رده‌می فه‌رمانره‌وایی ناسیونالیستی فاشیزم له ئیتاڵیا‌و ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا ته‌نانه‌ت هونه‌ری وێنه‌کێشان قه‌ده‌غه بوو ، ناسیونالیسته‌کان له 1931 ته‌واو به‌سه‌ر قوتابخانه و زانکۆ و په‌یمانگا و گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا زاڵبوون. میدیاکارانی ئه‌ڵمانی له ڕێکه‌وتی 10/5 هه‌موو ساڵێک یادی ئه‌و ڕۆژه له به‌رلین ده‌که‌نه‌وه، که ڕێکه‌وته له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی نازییه‌کان بۆ سووتاندنی کتێب و چاپه‌مه‌نی له ئه‌ڵمانیا.
نازییه‌کان له 12/4/1933 هه‌ڵمه‌تێکی سووتاندنی کتێب و چاپه‌مه‌نییه‌کان و کتێبی خوێندنگاکانیان ده‌ست پێ‌کرد، له 10/5 کۆتایی هات. هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان له دوازده تێز پێک هاتبوو، له ڕادیۆ، چاپه‌مه‌نی، بڵاوکراوه و شوێنه گشتییه‌کان، زانکۆکان، خوێندنگاکان، په‌یمانگاکان له ژێر ناوی ( جارێکی تر میوانی نا ئه‌ڵمانی) بڵاوکرایه‌وه وه‌کوو: جووله‌که زۆر ترسناکه ته‌نها بۆ جووله‌که بیر ده‌کاته‌وه. ئه‌ڵمان ده‌نووسن، به‌ڵام جووله‌که بیرده‌که‌نه‌وه. ئا‌گاداری یه‌هودییه‌ت له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان به زمانی عیبری بن. ته‌نها ده‌بێ به ئه‌ڵمانی بنووسرێ و چاپکرێ و بڵاوبکرێته‌وه. ئه‌ڵمان ئه‌ڵمان ئامۆژگاری بۆ خوێندنگاکانی ئه‌ڵمانه‌کان. ده‌بێ پرۆفیسۆر و خوێندکاری ئه‌ڵمان له بیرکردنه‌وه‌ی میوانه‌کان دڵنیا بن.
دژایه‌تیکردنی پرۆفیسۆر و نووسه‌ران به ئاشکرا ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌رهه‌مه‌کانیان سانسۆر ده‌کران، له‌وانه: ماگنۆس هیرشفیلد، تشۆلسکی، شتیڤان تسڤێگ، لیۆن فیوخت ڤاگنه‌ر، ڤیکی باوم، ئیم‌یل لودڤیگ…تاد.
لیستێکی ڕه‌شیان له‌ناو و به‌رهه‌می نووسه‌ران ده‌رکرد وه‌کوو:1/ 71 ئه‌ده‌بیاتی جوان، 127 نووسه‌ر، 4 زانای ئایینی، 51 نووسه‌ر، 2/ هونه‌ر 8 به‌رهه‌م و 5 مۆنۆغرافی، لێکۆلینه‌وه. 3/ سیاسی وزانای ولات ،121 نووسه‌ر، 5 نووسینی بێ ناو نیشان.4/ مێژووی ئه‌ده‌ب له‌گه‌ل 5 نووسه‌ر. 5/ ئایین ،فه‌یله‌سوف، زانستی په‌روه‌رده، له‌گه‌ل 22 نووسه‌ر.
له‌هه‌لمه‌تی یه‌که‌مدا به‌رهه‌می هه‌ریه‌ک له (ئیریش کێستنه‌ر، شتیڤان تسڤێگ، هاینریش مان، ئه‌لفرێد دوبلن، له کتێبخانه‌کان هێنرانه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می کتێبی میللی له‌ناوبردران، فرۆشتنیان قه‌ده‌غه کرا.
له 6/5 / 1933 تاڵانی کتێب له په‌رتووکخانه‌کانی سه‌رتاپای وڵات ده‌ستی پێ‌کرد، له زۆر شوێن پێکدادان ڕوویدا.
ڕێکه‌وتنێک له نێوان ڕۆما و به‌رلین له ساڵی 1939 بۆ قه‌ده‌غه‌کردن و دژایه‌تی کردنی نووسه‌ران ئیمزاکرا. لیستێک له‌لایه‌ن حکومه‌ت ده‌رچوو به ناوی لیستی دووژمنانی ئه‌ڵمانیا، بریاری ڕه‌سمی بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی چاپه‌مه‌نی و کتێب ده‌رچوو، که له 12400 ناوونیشان پێک هاتبوو له‌گه‌ڵ کۆبه‌رهه‌می 149 نووسه‌ر. له 12/4/ 1940 لیستی ته‌واوی ناوی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به دژمنی ئه‌ڵمانیا هه‌ژمار ده‌کران ده‌رچوو وه‌کوو: برتۆلد بریخت، غراف ئۆسکا، دبلن ئه‌لفرید، یاکوب بێرتۆلد، کێر ئه‌لفرێد، لودڤیگ ئه‌میل، مان ئه‌ریش، مان هاینرێس، بریدل فیڵ، لێبرت ئارتۆر…هتد.
قه‌ده‌غه‌کردنی کتێب و سووتاندن و سزادانی نووسه‌ران له سه‌رتاپای جیهان بوونی هه‌بووه و هه‌یه، مێژوویه‌کی تاڵ و پڕ له ئازاره، سه‌رشاره له تاوان ده‌رهه‌ق به نووسه‌ران. هه‌ر وڵات و ده‌سه‌ڵاتێک به پێی حوکم و یاسای وڵاته‌که‌ی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ کتێب و نووسه‌ر کردووه، تا ڕۆژگاری ئه‌مرۆیش سته‌م و زوڵم به‌رده‌وامه، له کوێ دیموکراسی نه‌بوو، دین له ده‌وڵه‌ت جیانه‌بوو، یاسا سه‌روه‌ر نه‌بوو، مافی مرۆڤه‌کان له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و وڵاته‌یه.
له تورکیا وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبل ئۆرهان پاموک، کتێبه‌کانی له کتێبخانه‌کان ده‌رهێنران و سووتێنران. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی له سیاسه‌تی حکومه‌تی تورکیا له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد و جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌کان له ساڵی 1915 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی عوسمانلی ده‌گرت.
ڕۆماننووس (سه‌لمان ڕووشدی) به ڕه‌چه‌ڵه‌ک هیندی، کاتێک ڕۆمانی (ئایه‌تی شه‌یتانی) چاپکرد، (خومه‌ینی) ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران فه‌توای کوشتنی بۆ ده‌رکرد، سێ ملیۆن دۆلاری وه‌ک پاداشت ته‌رخان کرد بۆ هه‌رکه‌سێک سه‌لمان ڕووشدی بکوژێت.
له میسر ڕۆماننووس (نه‌جیب مه‌حفووز) وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌لایه‌ن توندڕه‌وه‌کانه‌وه به‌ر چه‌قۆ درا. قه‌ده غه‌کردنی به‌رهه‌مێکی نووسه‌ری کورد سه‌لیم به‌ره‌کات له وڵاتی ئوردن به‌ناوی رۆمانی دڵشاد.
له ساڵی 1971 کاتێک (میرزا مه‌نگوڕی) کتێبی (گه‌شتیک به‌ره‌و مه‌ریخ)ی چاپکرد، کتێبه‌کانی سووتێنران و له‌لایه‌ن خه‌ڵکی به‌رد باران کرا و له ڕانیه‌ش شار به‌ده‌رکرا، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگی دواییدا وه‌ک ڕێزلێنانیک له‌شاری ڕانییه په‌یکه‌ریان بۆ دانا.
له‌ساڵی 1985 کاتێک نووسه‌ری کورد (عه‌بدولخالیق مه‌عرووف) کتێبی (مرۆڤ له کۆمه‌ڵی کورده‌واری) چاپکرد، ده‌ستێکی نادیار هه‌مان ساڵ له گه‌ڕه‌کی ئازادیی هه‌ولێر شه‌هیدیان کرد.(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی) نووسه‌ر کاتێک کتێبی (سێکس و شه‌رع و ژن له ئیسلامدا)ی به چاپ گه‌یاند، له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه هه‌ڕشه‌ی کوشتنی لێ‌کرا، ئه‌ویش ناچار به‌ره‌و تاراوگه سه‌ری خۆی هه ڵگرت.
سه‌رچاوه‌کان
1- Barck, Simone Lokatis Siegfried: Zensurspiele, Halle 2008.
2- Assmann, Aleida und jan : Kanon und Zensur ,München 1987
3- Batalle, Georges: Das obszöne Werk , Reinbek 1977
4- Battles , Matthew: Die Welt der Bücher, Düsseldorf 2003
5- Breuer, Dieter :Geschichte der literarischen Zensur in Deutschland, Heidelberg, 1982
6- ده‌فته‌ری ڕۆژانه‌ی تایبه‌تی خۆم