چه‌ند وشه‌یه‌كی دره‌نگ كه‌وتوو بۆ جمیل امین
لێبوورده‌یی هه‌موو ڕۆژێك به پاڕانه‌وه‌وه داوای لێبوردنی لێ ئه‌كرد, خۆشه‌ویستی چه‌ندین جار به زه‌رده خه‌نه‌وه ئه‌یووت ئه‌زانی من له چاو تۆدا زۆر قین ئه‌ستور و دڵڕه‌قم, قه‌ت بۆڵه بۆڵه‌كانی میهره‌بانیم له یاد ناچێته‌وه كه له به‌ر خۆیه‌وه ئه‌یووت ئه‌مه چۆن وا ئه‌بێ هه‌رچه‌نده نه‌رمی ئه‌نوێنم كه‌چی خه‌ڵكی (جمیل)یان له لا نه‌رم و نیان تره و ئامێزی (جمیل)یان له لا گه‌رمتره! له پڕ مێژوو به توڕه‌ییه‌وه خۆی كرد به ژووردا و ووتی ڕاوه‌ستن نۆبه‌ی منه باسی بكه‌م, هه‌ر هه‌موویان به سه‌رسامیه‌وه ته‌ماشای حاڵی په‌شێوی مێژوویان ئه‌كرد, مێژووش پۆل پۆل ووشه په‌پوله‌ییه‌كانی ئه‌هاتنه ده‌رێ ووتی جمیل هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ی له یه‌ك سه‌نگه‌ردا بوو, ئه‌و یاخی له ده‌سه‌ڵات و هه‌ناسه‌ی شه‌مشه‌مه كوێره‌كان, زۆرجار هه‌ڕه‌شه‌یان ده‌ڕژاند, گوله و شمشێره‌كانیان ئه‌دواند, به‌ڵام ئه‌و زۆر له سه‌رخۆ به بنمێچی هه‌وره‌كاندا تێپه‌ڕ ئه‌بوو, ئه‌و هه‌رگیز سروودی بۆ ئه‌هریمه‌ن نه‌ووتووه, خۆڵی به چاوی خۆیدا نه‌كردووه, هه‌میشه له‌گه‌ڵ هۆزی به‌شمه‌ینه‌تاندا له‌گه‌ڵ به‌رز كردنه‌وه‌ی ده‌ستی چه‌پدا به هه‌موو هیزیه‌وه چریكاندوویه‌تی, ئێوه ئه‌زانن ته‌نانه‌ت له شایی و لۆغانی سه‌ره‌مه‌رگی ئه‌ودا, ڕیزێك بارانی ووشك هه‌ڵگه‌ڕاو, ڕیزێك له هه‌تاوی پارا پارا كرا‌و, ڕیزێك له خۆشه‌ویستی ڕیزێكیش له ئازادی به‌ندكراو ڕاوه‌ستابوون؟! هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی مه‌رگ شه‌قی له سه‌نگی عه‌داله‌ت هه‌ڵداو به شپرزه‌یی خۆی كرد به شۆریجه‌دا و شمشێره‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه و له‌و حه‌شاماته, كێ ناوی (جمیل)ه ده‌ست به‌رز بكاته‌وه, كاتێك مه‌رگ سه‌ری هه‌ڵبڕی بۆ ئاسمان ئه‌وه‌نده ده‌ست به‌رز ببوه‌وه ته‌نها له ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌كانه‌وه تروسكایی ئاسمانی ئه‌بینی, له‌و كاته‌دا باران چه‌ند دڵۆپێكیلا فڕێدایه سه‌ر زه‌وی بوو به تابلۆیه‌ك لێی نووسرابوو (هه‌ی بێ ئابروو) من به نهێنی و ده‌سته وه‌ستان له خزوری ئه‌ودا بووم (به ملی شكاو هاتی) منیش به‌ره له‌گه‌ڵ خۆت, هه‌تاو خۆی كۆكرده‌وه و (به خێر نه‌یه‌ی) یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ڕۆم یان شه‌رته ئه‌م شاره بۆ هه‌تا هه‌تایه به سه‌رتانه‌وه به جێ بهێڵم, من له به‌ر خاتری ئه‌و نه‌بێ چی ئه‌كه‌م له‌م شاره, خۆشه‌ویستی زۆر توڕه بوو, كه ڕاست بووه‌وه له جیاتی سه‌رێ هه‌زاران سه‌ری لێ په‌یدا بوو, ئه‌و به ته‌نها ناڕوات, پێم له‌گه‌ڵ پێیدایه, بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بیبه‌یت منیش دێم, ئازادی خۆی ڕاته‌كان, بۆ كوێ ئه‌ڕۆن؟ ئێوه هه‌موو كوڕ و كچی سرووشتن به ته‌نها من مناڵی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ووم, چۆن به ته‌نها به جێی ئه‌هێڵم؟ ئه‌گه‌ر هیچ كه‌سێك نه‌ڕوا ئه‌بێ من هه‌ر بڕۆم, ئێمه خوێنه‌خوای یه‌كترین و له یه‌ك جیا نابینه‌وه.جمیل خوی ئاسایی زۆر به ئارام و له سه‌ر خوو هه‌ردوو ده‌ستی بۆ حه‌شامه‌ته‌كه به‌رز كرده‌وه و به هه‌موو هیزی باوشی كرد به ئازادیه , ووتی , ( حه‌یاته‌كه‌م ) من هه‌موو ژیانم به تۆ به‌خشی , چه‌ند داره داره‌م پیی كردی تا پیی بگریت . ئیستا چۆن ئیره به جێ دێلی؟
ئازیزان جمیل ڕۆی, به‌ڵام جمیل له دوای خۆی خه‌رمانێك له یادگاری و گوڵزارێك له زه‌رده‌خه‌نه و ده‌ریایه‌ك له میهره‌بانی و ئۆقیانۆسێك له خۆشه‌ویستی و زنجیره چیایه‌ك له نه‌فس به‌رزی و مێژوویه‌كی پڕ له شانازی بۆ به‌جێ هێشتین.
فواد صادق