Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

چه‌ند پرسیار له‌ به‌ڕێزان………عبدالله‌ مه‌حمود

Be First!
by June 9, 2009 گشتی

 

abdulla.mahmud@gmail.com

له‌گه‌ڵ نزیك بونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، زوربه‌ی لیست و قه‌واره‌ سیاسیه‌كان به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ستیان كردووه‌ به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.
جگه‌ له‌ لیست و قه‌واره‌ سیاسیه‌كان هاوكات زۆرێك له‌ نوسه‌ران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان كه‌وتونه‌ته‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و خه‌ریكن بانگه‌شه‌ بۆ لیست و قه‌واره‌ی دڵخوازی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌ونێوه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ نوسه‌رو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی دیار به‌ ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ كه‌وتونه‌ته‌ بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ندێك لیستی دیاركراو. دیاره‌ هه‌ركه‌س ئازاده‌ له‌وه‌ی بانگه‌شه‌ بۆ چ لیستێك ده‌كات، یان هه‌وڵبدات خه‌لكی بۆ كۆبكاته‌وه‌. به‌لام خه‌ڵكیش حه‌قی هه‌یه‌ پرسیار بكات و پرسیار بخاته‌ سه‌ر بانگه‌شه‌كان، به‌تایبه‌تیش وه‌ختێك به‌ ناحه‌ق له‌به‌رچاوی خه‌ڵك فریشه‌ ده‌كرێت به‌ دێوه‌زمه‌و و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دیوه‌زمه‌ ده‌كرێت به‌ فریشته‌، كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌وروژین.
ئه‌و به‌رێزانه‌ كه‌ من مه‌به‌ستمه‌ چه‌ند پرسیاریان ئاراسته‌ بكه‌م ئه‌و نوسه‌رانه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌ی جۆاروجۆر بانگه‌شه‌ بۆ لیستی گۆران ده‌كه‌ن.
من ته‌نها پرسیار ده‌كه‌م و وه‌ڵامه‌كان ده‌سپێرم به‌و به‌ڕێزانه‌ خۆیان. هه‌روه‌ها ئه‌وان ئازادن وه‌ڵام ئه‌ده‌نه‌وه‌ یان نا، چونكه‌ لاموایه‌ سه‌رئه‌نجام خه‌ڵكی ئازادیخواز و چاودێرانی سیاسی ڕوداوه‌كان داوه‌ری خۆیان ده‌كه‌ن.

چاكسازی و گۆڕان
خواستی گۆڕان و چاكسازی خواستێكه‌ ده‌مێكه‌ خه‌ڵك بۆی له‌ مه‌یداندایه‌. داوایه‌ك نییه‌ ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی هێنرابێته‌ گۆر. خواستی گۆڕان و له‌وانه‌ش گۆڕانی ڕیشه‌یی له‌دڵی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری ساڵی 1991 دا خۆی نیشاندا. ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی شورایی و پێكهاتنی شوراكان و شكاندنی ئیحتیكاری ساحه‌ی سیاسی كوردستان له‌ لایه‌ن چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانه‌وه‌ كه‌ تا ئه‌وكاته‌ ئیحتیكاری بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی كورد بوو، یه‌كه‌مین و سه‌ره‌تای ئه‌و گۆڕانه‌ سه‌رده‌می  و شاریه‌ بوو كه‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌كو ئاو بۆ ژیان پێویستیان پێی بوو. بۆیه‌كه‌مین جار خواستی یه‌كسانی ژن و پیاو، ئازادی بێقه‌یدو شه‌رتی سیاسی، جیای دین له‌ ده‌وڵه‌ت، مافه‌ فه‌ردی ومه‌ده‌نیه‌كان و ئازادی و ئازادی تاكه‌ كه‌س، ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و چاپه‌مه‌نی، سه‌عات كار، كرێ و خواستی كرێكاری، خواستی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ئیده‌ی ریفراندۆم بۆ خستنه‌ گه‌ری ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان، دادگای ئاشكراو عادلانه‌ی جه‌ماوه‌ری، هه‌ڵبژاردن له‌ خواره‌وه‌و  گیرانه‌وه‌ی ئیراده‌ بۆ خه‌ڵك، قه‌ده‌غه‌كردنی سزای ئیعدام…. ئه‌مانه‌ هه‌موویان له‌دڵی بزوتنه‌وه‌ی شورایی خه‌ڵكی كوردستاندا هێنرانه‌ ئاراوه‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌كرده‌وه‌ پێیان ئاشنا بوو. پاشان هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی و شوراكان به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی تاوانبار كران، تۆمه‌تی تابوری پێنجه‌میان درایه‌ پاڵ، هێرشیان كرایه‌ سه‌ر، هه‌وڵدرا باره‌گای شوراكان دابخه‌ن، به‌رگیرا له‌ مدیره‌ به‌عسیه‌كانی كارگه‌كان و پارێزران…  پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وكاته‌ براده‌رانی خواستی گۆڕان و لیستی گۆرانی ئێستا هه‌ڵوێست و كارنامه‌یان چی بوو؟ له‌و كاته‌ به‌دواشه‌وه‌ ده‌یان و سه‌دان ناڕه‌زایه‌تی بۆ گۆڕان و چاكسازی وه‌ڕێخراوه‌، میدیای ئازاد و نیمچه‌ ئازاد و میدیای به‌ره‌ی ڕادیكاڵی كۆمه‌ڵگا، نه‌خشی گرنگیان نیشانداوه‌، خه‌ڵك و له‌ پێشیانه‌وه‌ رابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی و گۆڕانه‌كان خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، ته‌قه‌یان لێكراوه‌، لێیان كوژراوه‌، قاچیان بڕاوه‌ته‌وه‌، دادگایان لێگیراوه‌، تۆمه‌تبار كراون به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی و دوژمنی ئه‌زمونی كوردستان!!. براده‌رانی گرده‌كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌كوێی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا بوون؟ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ولایه‌ن و حزب و كه‌سایه‌تی و میدیایانه‌ی خواستی چاكسازیان به‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌هێنایه‌ مه‌یدان ئه‌م براده‌رانه‌ی ناو ده‌سه‌ڵات وه‌ڵامیان چی بووه‌؟
خواستی گۆڕینی یاساكانی به‌عس له‌وانه‌ " یاساكانی باری كه‌سێتی، یاساكانی سزادان، یاسای چاپه‌مه‌نی و ئه‌حزب و كوروكۆمه‌ڵه‌كان..تا هێنانه‌ مه‌یدانی ده‌یان و سه‌دان داخوازی كریكاری و جه‌ماوه‌ری، خواستی تویژه‌ مه‌حرومه‌كان، خواستی بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان" كرێكاران، لاوان و خویندكاران، ژنان و بیخانه‌ولانه‌كان…." تا ده‌گات به‌خواستی دادگاییكردنی تاوانبارنی به‌عس، تاوانبارانی ژن كوژ،.. خواستی ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ پشتیوانیكردن له‌ كۆنه‌په‌رستی و ئیسلامی سیاسی… به‌مه‌به‌ستی گۆڕان خراونه‌ته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات، براده‌رانی لیستی گۆران جوابیان بۆیان چی بووه‌؟ 

ژنان و كێشه‌ی ژنان
به‌دوای خرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ كوردستان، شه‌پۆلێكی ژنكوژی له‌ ژێرناوی ئه‌خلاق و په‌یوندی ئه‌و ژنانه‌ به‌داموده‌زگا جاسوسیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه‌، ده‌ستیپێكرا. هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی و چه‌په‌كان كه‌ كه‌وتنه‌ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رووی ئه‌م ژن كوژیه‌دا تاوانباركران به‌ به‌رگریكردن له‌ به‌ره‌ڵایی و بیئه‌خلاقی…تاد وسه‌رئه‌نجام  له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌ده‌یان ژن قه‌سابی كران. پرسیار ئه‌وه‌یه‌، كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئێستای لیستی گۆڕان له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ كوێی ئه‌م ژن كوژیه‌دا بوون و هه‌ڵوێستیان چی بوو؟  وه‌ دوای زیاتر له‌ ده‌یه‌یه‌ك له‌م ڕووداوانه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كدا كه‌ سالار حه‌مه‌ عه‌لی له‌لایه‌ن ده‌زگای دیالۆگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی لیستی گۆران سازیداوه‌ له‌ په‌یوه‌ند به‌ كێشه‌ی ژنانه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، له‌وه‌ڵام به‌پرسیارێكدا ده‌ڵێت" كێشه‌یه‌ك نییه‌ به‌ناوی كێشه‌ی ژنان له‌كوردستان" هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی تردا ده‌ڵێت" لێدان‌و سوكایه‌تی‌و هه‌ڕه‌شه‌ ‌وتیرۆری دژ به‌ ژنان به‌ كێشه‌ نازانم " دیسان پرسیار ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی لیستی گۆران و بانگه‌شه‌ چاكسازی ئاوا بڕوانێته‌ كێشه‌ی ژنان، ئێوه‌ چۆن ته‌ماشای ئه‌م هه‌ڵوێست و بۆچون و بانگه‌شانه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ بۆ چاكسازی و گۆڕان ده‌یكه‌ن؟ وه‌ ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن چی؟

ئۆپۆزیسۆن و بیرورای جیاواز
بونی جیاوازی بیروڕا له‌ناو هه‌ر حزبێكی سیاسیدا، نیشانه‌ی زیندوییه‌تی ئه‌و حزبه‌یه‌، نه‌بونی مایه‌ی تیرامان و هه‌ڵوێسته‌و دیارده‌یه‌كی حزبه‌ داخراو سه‌ركوتكه‌ره‌كانه‌. له‌ كۆمه‌ڵگاشدا بوونی ئۆپۆزیسۆنی جدی دیارده‌یه‌كی ته‌ندروستی سیسته‌می دیموكراسیه‌ و نه‌بونی ئۆپۆزیسۆنیش پرسیار ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگایه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا كاراكته‌ره‌ ناسراو سه‌ره‌كیه‌كانی لیستی گۆران له‌كوێی ڕێزگرتن له‌ ئازادی بیرورای نێوحزبیدا بوون؟ و چۆن مامه‌ڵه‌ی مخالفینی سیاسی خۆیانیان كردووه‌؟ له‌ كۆمه‌ڵگاشدا چۆن مامه‌ڵه‌ی حزبی ئۆپۆزیسۆن یان مخالیف به‌ خۆیانیان كردووه‌؟ ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوڕێكانی له‌ یه‌كێتیدا بریار به‌ده‌ست بووبان، چۆن مامه‌ڵه‌ی ئه‌و كادرانه‌ی یه‌كێتییان ده‌كرد كه‌له‌ناو یه‌كیتیدا دژی یه‌كێتی ده‌وه‌ستانه‌وه‌ وسه‌نگه‌ریان له‌ ناوپه‌یكه‌ره‌ی حزبدا له‌ حزب ده‌گرت ؟
هه‌روه‌ها وه‌ختێك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی ده‌ستی برد بۆ هێرش بۆسه‌ر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق،  به‌ دادگا و پاشان  به‌هه‌ڕه‌شه‌و دوایش به‌بڕینی ئاو و كاره‌با و ئابلۆقه‌دانی باره‌گاكان و گرتنی كادرو ئه‌ندامان و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی وه‌فدی مفاوه‌زات و پاشانیش هێرشی چه‌كداری بۆسه‌ر باره‌گاكانیان و سه‌رئه‌نجام به‌ ڕۆژی روناك كوشتاركردنی ژماره‌یه‌ك هاوریی لیان و ریگه‌گرتن له‌وه‌ش كه‌س و كاریان بیان نێژن و مه‌راسمی پرسه‌یان بۆدابنین. پاشانیش به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵسورانی یاسایی ئه‌وحزبه‌یان گه‌یاند. كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی لیستی گۆران هه‌ڵوێستیان چی بوو؟ وه‌له‌كوێی ئه‌م ڕووداوه‌دا بوون و نه‌خشیان چی بوو؟

جیابونه‌وه‌ی كوردستان و ریفراندۆم ئاینده‌ی كوردستان
 تیگه‌یشتن له‌وه‌ كه‌ تا كوردستان قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی پێنه‌درێت، تا نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی به‌ڕه‌سمی ناسراو، ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی حزبی كۆتایی پێنایه‌ت. وه‌ هیچ هێزێكی سیاسی له‌كوردستان ناتوانی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی خۆیدا كۆبكاته‌وه‌ و كۆتایی بهێنی به‌ دووئیدراه‌یی و دوو ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مره‌وی ده‌سه‌ڵات. نه‌ یه‌كێتی نیشتمانی ده‌توانێ ببێته‌ هیزی باڵاده‌ست له‌ بادینان و نه‌ پارتی له‌سلێمانی ده‌توانێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێت و نه‌هه‌لبژاردن و حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ده‌توانێ كۆتایی به‌ دووئیداره‌یی بهێنێت. هاوكات هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاره‌زومه‌ندانه‌ له‌ژیر سایه‌ی عیراق و هیزه‌كانی ئێستایدا به‌دی ناكرێت. هیچ هێزێكیش ناتوانی كوردستان به‌زۆر به‌ عێراقه‌وه‌ بلكێنێته‌وه‌. تائێستاش هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌ زیاتریش ده‌بێت، له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا خواستی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ریفۆراندۆم مافێكی سه‌ره‌تایی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ بریاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی سیاسی خۆیان. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2005 دا بینیمان كه‌ %86 خه‌ڵك له‌ راپرسیه‌كی ناڕه‌سمیدا ده‌نگیان به‌ سه‌ربه‌خۆیدا. كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئێستای لیستی گۆران، هه‌ڵوێستیان له‌وباره‌یه‌وه‌ چۆن بوو؟ چۆن مامه‌ڵه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵكیان كرد؟ له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاتانی دژه‌ ئازادی ناوچه‌كه‌و  پێشێلكردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هێرش بۆسه‌ر ئۆپۆزیسۆنی ئه‌م وڵاتانه‌دا، كه‌سایه‌تیه‌ بریار به‌ده‌سته‌كانی ئه‌وكات و ئێستای كۆمپانیای وشه‌، كاردانه‌وه‌یان چی بووه‌؟ وه‌ به‌رنامه‌ی جیاوازیان بۆ ئایننده‌ی سیاسی كوردستان كامه‌یه‌؟
گه‌نده‌ڵی
گه‌نده‌ڵی یان به‌ واتایه‌كی دروستر تاڵانی داهاتی كۆمه‌ڵگا، تیرۆری سامانی خه‌ڵك…تاد، مێژووه‌كه‌ی به‌ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌لاتی میلیشایی ئه‌حزابی قه‌ومی كورده‌. به‌ ئاودیوكردنی ممته‌له‌كه‌ته‌كانی دوای ڕاپه‌رین و به‌دیاریكراویش به‌ ئاودیوكردنی ممته‌له‌كاتی به‌نداوی بێخمه‌ ده‌ستی پێكردو تا كوردستان خاڵی كرا له‌ زۆر وه‌سائیل  و مه‌كائین و … كه‌ به‌عس دوای خۆی جێی هێشتبوو. پاشانیش هه‌ردوو حزب یه‌كێتی و پارتی و هه‌ریه‌كه‌یان داهاتی ژێر ده‌سه‌لاتی خۆیان و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ بریاری 986 و باقی ئه‌و داهات و بره‌پارانه‌ی تر بۆكوردستان نێردراوه‌ له‌ نێوان خۆیاندا برا به‌شیان كردووه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو پرۆژه‌ ئابوری و بازرگانیه‌كان و هه‌موو كۆمپانیا گه‌وره‌و … له‌ده‌ستی خۆیان یان دۆستانی خۆیاندا مۆنۆپۆل كردووه‌. وه‌ هه‌رلایه‌كیان كۆمپانیای ئاشكرایان هه‌یه‌و هه‌بووه‌. ئه‌مانه‌ هیچیان تازه‌ نین، له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌ زه‌مه‌نیه‌دا، هه‌ڤاڵانی ئێستای ناو لیستی گۆران و به‌رپرسه‌كانیان كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێستیان چیی بووه‌؟

5-6-2009

Previous
Next

Leave a Reply