چوار ساڵ ئه‌زموونی كاركردنم له كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یام
ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ئێوه له‌نێوان حیزب و ویژ‌دانیدا سه‌رپشك كرا، پێویسته له‌سه‌ری واز له حیزبه‌كه‌ی بهێنێت و شوێن ویژدانی بكه‌وێت، چونكه مرۆڤ ده‌توانێت به‌بێ حیزب بژی، به‌ڵام ناتوانێت به‌بێ ویژدان بژی.
بیرمه‌ند، فه‌یله‌سوف و سیاسه‌توانی لوبنانی: “كه‌مال جونبوڵات”
سه‌ره‌تا ره‌نگه جێگه‌ی پرسیار بێت كه ئایا ئه‌زموونی چوار ساڵا كاركردنی من له كه‌ناڵێكی ئاسمانیی وه‌ك “په‌یام”دا، چ په‌یوه‌ندییه‌كی به خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌وه هه‌یه؟! به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و گۆشه‌یه‌وه له بابه‌ته‌كه بڕوانین كه كه‌ناڵی “په‌یام” ده‌زگه‌یه‌كی كه‌لتوورییه و ناوه‌ندێكی گه‌یه‌نه‌ره و رۆژانه هزر و بیروباوه‌ڕ و په‌روه‌رده و سیاسه‌ت په‌خش ده‌كات و هاوكات به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ زمانحاڵی پارتێكی ئیسلامییه كه خۆی به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانێت و به‌رده‌وامیش له خه‌ونی گه‌یشتن به كورسی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ژی؛ بوونی ناعه‌داله‌تی و ناشه‌فافیه‌ت و مه‌حسوبیه‌ت و خاتری خاترداران و فه‌وزا و خراپ كه‌ڵكوه‌رگرتن له نێو كه‌ناڵێكی ئاوادا به‌دڵنیاییه‌وه په‌یوه‌ندی به تاك تاكی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه ده‌بێت. به‌تایبه‌تییش بۆ ئه‌وانه‌ی ته‌نها له دووره‌وه ئه‌م كه‌ناڵه ده‌بینن و وێنه‌ی به‌هه‌شتێكیان بۆ ئه‌م ده‌زگه‌یه له زه‌ینی خۆیاندا كێشاوه‌و وا بیرده‌كه‌نه‌وه نێو ئه‌م كه‌ناڵه شامی شه‌ریفه و دادپه‌روه‌ریی و رێز و حورمه‌ت و خۆشه‌ویستی لێئه‌چۆِڕێت…!!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا له‌م ده‌زگه‌یه‌دا بینیم، له فه‌وزا و ناڕوونی و نادادگه‌ری و تاكڕه‌وی، كارێكی كرد ئه‌و وێنه به‌هه‌شتییه له زه‌ینمدا بسڕێته‌وه و جگه له واقیعێكی تاریك و تاڵا هیچی دیكه‌ی لێنه‌مێنێته‌وه. ده‌بێ بمبوورن، هیچكات حه‌زم له ده‌رخستنی ناشیرینی ئه‌وانی دیكه و نا‌ئومێد كردن و دڵساردكردنه‌وه‌ی كه‌س نه‌بووه، به‌ڵام كاتێك ده‌بینم له ده‌زگه‌یه‌كی ئاوا گه‌وره و گرنگی لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆندا، كه خۆی به بڵندگۆی ده‌نگی ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵگه، دژ به ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت، له‌نێو خۆشی‌دا ناعه‌داله‌تی و فه‌وزا و پاشاگه‌ردانی داد‌وبێداد ده‌كات، ناتوانم بێده‌نگ بم. ناتوانم ببینم كه‌سانێكی زۆر دڵیان به ده‌نگ و ره‌نگی كه‌ناڵێك خۆشكردووه، كه خۆی به‌ده‌ست ده‌یان قه‌یران و گرفتی گه‌وره‌وه ده‌ناڵێنێت و به‌رپرسانی ئه‌م كه‌ناڵه ناتوانن له ده‌زگه‌یه‌كی سه‌د كه‌سیدا دادپه‌روه‌ریی به‌رقه‌رار بكه‌ن و چاكسازی ئه‌نجام بده‌ن و رێگه له په‌شێوی و ناحه‌قی بگرن. باشه ئه‌دی سبه‌ی چۆن ده‌توانن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چه‌ند میلیۆنیدا فه‌رمانڕوایی بكه‌ن و سه‌دان و هه‌زاران فه‌رمانگه و دام و ده‌زگه و نێوه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رن و ئه‌و عه‌داله‌ت و دروشمانه به‌رقه‌رار بكه‌ن كه هه‌میشه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن؟!
هه‌ڵبه‌ته من له‌م بابه‌ته‌دا رووی ده‌مم ته‌نها له‌و كه‌سانه‌یه كه‌و به‌رپرس و خاوه‌ن بڕیار و كاربه‌ده‌ست و براگه‌وره‌ن. رووی ده‌مم له‌و چینه باڵاده‌سته‌یه كه خاوه‌نی هیچ پڕۆژه و به‌هره و به‌رهه‌م و بیركردنه‌وه‌یه‌كی تازه و سه‌رده‌مییانه نین و چاویان له به‌رپێی خۆیان واوه‌تر نابینێت. ئه‌گینا له‌م كه‌ناڵه‌دا چه‌ندان كه‌سی چالاك و به‌توانا و به‌هره‌مه‌ند هه‌ن كه به مووچه‌یه‌كی گه‌لێ كه‌م و كارێكی ئێجگار زۆر جێگه ده‌ستیان به‌م كه‌ناڵه‌وه دیاره و توانیویانه له‌و بیابانه به‌ره‌هووته‌دا گوڵا بڕوێنن!! لێره‌دا رووی ده‌مم له‌و ستافه قه‌درنه‌ناس و تواناكوژه‌یه كه رێز له‌م به‌هره و عه‌قڵه جوانانه ناگرن و نازانن و ناتوانن سوود له وزه و توانای زۆری ئه‌و گه‌نجانه وه‌ربگرن كه بارودۆخی ناله‌باری ژیان فڕێی داونه‌ته ئه‌و كه‌ناڵه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م سه‌رمایه فراوان و گه‌وره‌یه‌ی له به‌رده‌ستی ستافی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كه‌ناڵه‌دایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به هۆی پێنه‌زانی و نه‌خستنه‌گه‌ڕی ئه‌م سه‌رمایه مرۆییه ده‌گمه‌نه‌وه، كه پێم وابێ له‌كه‌م كه‌ناڵی دیكه‌دا ده‌ست ده‌كه‌وێت، تا هه‌نووكه كه‌ناڵی “په‌یام” له‌دواوه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه دێت. كه‌سی چالاك و بیركه‌ره‌وه و دڵسۆز و به‌توانای زۆر باش له‌و كه‌ناڵه‌دا هه‌یه كه پێشتر خاوه‌نی چه‌ندین به‌رنامه و كاری جوان بووه و هه‌نووكه به‌هۆی قه‌درنه‌زانین و گوێنه‌دان به كاره‌كانی، له گۆشه‌یه‌كی ژووری ئه‌رشیفی ئه‌و كه‌ناڵه‌دا كاری ئه‌رشیف ده‌كات.
ئه‌زموونی چوار ساڵا كاركردنم له‌م كه‌ناڵه‌دا له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تا هه‌نووكه گه‌یاندمییه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌ناڵه ماكێتێكی بچووككراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بێت و به‌رپرسه‌كانی هه‌ر ئه‌و كه‌سانه بن كه هه‌نووكه ئه‌م كه‌ناڵه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ئه‌وا جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌رییان له‌گه‌ڵا به‌رپرسانی هه‌نووكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی تێدا به‌دیناكرێت و مایه‌ی دڵپێخۆشكردن و جێگه‌ی ئومێد پێبه‌ستن نین. له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م كه‌ناڵه چینێكی ئه‌رستۆكراتی باڵاده‌ست هه‌یه به‌نێوی “ستافی به‌ڕێوه‌بردن” كه هه‌موو شتێك بۆ ئه‌وان حه‌ڵاڵا و رێگه پێدراوه. ئه‌وان له ته‌واوی كارمه‌ندانی دیكه‌ی كه‌ناڵه‌كه جیاواز و سه‌رترن و ئه‌وه بۆساڵی پێنجه‌م ده‌چێت هه‌ر براگه‌وره و به‌رپرسن. هه‌ڵبه‌ته له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌یه كه ته‌واوی كاره‌ساته‌كان به‌به‌رچاوی به‌ڕێزیانه‌وه رووده‌ده‌ن و به‌ڕێزیان ته‌نها وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێكی بێده‌نگ دانیشتووه سه‌یر ده‌كات و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك نیشان نادات. جه‌نابیان له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌های هه‌یه و به‌شێوه‌ی “گه‌لیڤه‌ر له سه‌رزه‌وینی كورته‌باڵاكاندا” كه‌سانی ئه‌م ستافه جێگۆڕكێ پێده‌كات و له به‌رپرسی به‌شێكه‌وه هه‌ڵیانده‌گرێت و ده‌یانكاته به‌رپرسی به‌شێكی دیكه. كه‌چی ئه‌م راهێنه‌ره باڵاده‌سته سه‌ره‌ڕای چه‌ندین ئه‌نجامی لاواز و ئاماری خراپ، هێشتا ئاماده نییه ده‌ست له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تیمی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناڵه‌كه‌ی بدات و له‌وه‌ش ناچێ له داهاتوودا بیه‌وێ گۆڕانكاری بكات. به‌رپرسیارێتی و ئه‌ندامێتی ستافی به‌ڕێوه‌بردن، له نێو ئه‌و چه‌ند كه‌سه ده‌رناچێت و هه‌رده‌ڵێی به‌و پۆسته‌وه له‌دایك بوون. یه‌كێك له‌و پۆستدارانه به‌رپرسی به‌شه‌كه‌ی ئێمه بوو “به‌شی به‌رهه‌مهێنان”، ئه‌م هێژایه پاش سێ ساڵا به‌رپرسیارێتی له‌م به‌شه‌دا، به ته‌واوه‌تی ئه‌م به‌شه‌ی له‌كارخست و چونكه خۆی كه‌سێكی لاواز و بێبه‌رهه‌م و بێ پڕۆژه بوو، دووان له چالاكترین كارمه‌نده‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی دوورخسته‌وه و بێكاری كردن. دواجار به‌هۆی لێنه‌وه‌شاوه‌یی و لێكه‌وتنی ئه‌م به‌ڕێزه‌وه به‌شه‌كه به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و كاكی به‌رپرسیش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، كرایه به‌رپرسی “به‌شی هونه‌ری”ی كه‌ناڵه‌كه و ئه‌م پۆسته تازه‌یه‌ش چوار به‌شی كه‌ناڵه‌كه‌ی له‌خۆ ده‌گرت..!! كۆمیدیایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م به‌رپرسه‌مان شێوازی ده‌وامكردنی بوو، كه به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ و زۆر به‌كه‌می ده‌وامی ده‌كرد، ئه‌وكاتانه‌شی له‌كه‌ناڵا بوو له‌جیاتی راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی به‌شه‌كه‌ی به ته‌نها سه‌رقاڵی په‌یجی فه‌یسبووكه‌كه‌ی بوو..!! كاتێك كه‌سێكی هێنده پاسیڤ له به‌شێكه‌وه، كه نه‌وه‌ك تیایدا سه‌ركه‌وتوو نابێت به‌ڵكو هه‌ڵیشیده‌وه‌شێنێته‌وه، ده‌گوازرێته‌وه و ده‌كرێته به‌رپرسی چوار به‌شی دیكه، كاتێك به‌رپرسێكی ئاوا كه تێكڕای كاته‌كانی ده‌وامكردنی مانگێكی، له چه‌ند سه‌عاتێك تێپه‌ڕ ناكات و مووچه‌یه‌كی به‌رزیشی پێده‌درێت، ئه‌م كاره جگه له ناعه‌داله‌تی و پاشاگه‌ردانی ده‌بێت چ مانایه‌كی دیكه‌ی هه‌بێت؟!
هه‌ڵبه‌ته به ته‌نها كاتی ده‌وام و هاتوچۆكردنی ئه‌م هێژایه وانه‌بوو، ته‌واوی ئه‌ندامانی ستافی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و كه‌ناڵه كات‌وساتی ده‌وامكردنیان دیاریكراو نه‌بوو، چونكه واژووی هاتن‌وچوون ئه‌مانی نه‌ده‌گرته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارمه‌ندێكی ئاسایی یه‌ك كاتژمێر دره‌نگ بكه‌وتایه، یاخود زووتر له ده‌وامی دیاریكراوی خۆی بڕۆیشتایه‌ته‌وه كه “7” كاتژمێر بوو، به‌بڕی “2,500” دینار سزا ده‌درا. لێره‌دا جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌م چینه‌ی له‌م یاسایه به‌ده‌ر كردبوو، ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵا چه‌ند كه‌سێكی دیكه كه هیچ كارێكیان نه‌بوو و ته‌نها به‌ده‌وری جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ردا هه‌ڵده‌سووڕان.
نوكته‌یه‌كی بێتامی دیكه له‌م كه‌ناڵه‌دا هه‌ڵواسینی باج بوو. بڕیاری هه‌ڵواسینی باجیش ته‌نها كارمه‌نده ئاساییه‌كانی ده‌گرته‌وه‌و دیسان ئه‌م چینه له‌و رێسایه به‌ده‌ر بوون و لێره‌شدا له‌سه‌رووی یاساوه بوون. ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی زۆری كارمه‌ندانی به‌دوای خۆیداهێنا و كه‌م كه‌م بڕیاره‌كه شكۆی خۆی له‌ده‌ستدا و چیدی كه‌س باجی هه‌ڵنه‌ده‌واسی.
مووچه‌ی ئه‌م چینه باڵاده‌سته خۆیان و جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر نه‌بێت، كه‌س نه‌یده‌زانی چه‌نده و چۆن پێیان ده‌درێت؟! خۆشییه‌كه‌ی له‌وه‌دابوو زۆر جار له‌م كه‌ناڵه‌وه باس له ناشه‌فافی و مووچه‌ی زۆری كاربه‌ده‌ستانی حیزب و حكومه‌ت ده‌كرا..! ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یام شایسته‌ی ئه‌و مووچه و پاداشتانه‌بوون كه پێیان ده‌درا، بۆچی له كارمه‌نده‌كانیان ده‌شارده‌وه؟! بۆچی به‌ئاشكرا مووچه‌یان وه‌رنه‌ده‌گرت، وه‌ك سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كانی دیكه؟!
كۆمیدیایه‌كی تاڵی دیكه له‌م كه‌ناڵه‌دا، كۆمیدیای مووچه وه‌رگرتن بوو. له‌م كه‌ناڵه‌دا پاش چوار ساڵا كاركردن، به شێوازێكی پڕ له رۆتینیات مووچه دابه‌شده‌كرا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر كارمه‌ندێك كه مووچه‌ی وه‌رده‌گرت ده‌بوو زیاد له سێ به‌رپرس واژوو له‌سه‌ر فۆرمی ده‌وامكردنه‌كه‌ی بكه‌ن، له هه‌مووشی خۆشتر ئه‌وه‌بوو ئه‌و سێ كه‌سه كاته‌كانی ده‌وامكردنیان پێكه‌وه نه‌بوو و ده‌بوایه سێ رۆژی ته‌واو به دوایاندا بگه‌ڕێی تا فۆرمه‌كه‌ت بۆ واژوو بكه‌ن و بۆ رۆژی چواره‌م بتوانی مووچه‌كه‌ت وه‌ربگری. ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌ری ده‌ئاوسانم ئه‌وه بوو ئه‌م كه‌ناڵه زوو زوو له هه‌واڵه‌كانیدا باسی له رۆتیناتی فه‌رمانگه‌كان و دواكه‌وتنی مووچه و خراپی سیستمی پێدانی مووچه‌ی ده‌كرد..!!
ئه‌ندامانی ستافی به‌ڕێوه‌بردن له‌م كه‌ناڵه‌دا له هیچ كارێكی سه‌رپێچی، هه‌ڵه، كه‌مته‌رخه‌می و كه‌مكارییاندا ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆریش به‌ئاسمانه‌وه بدره‌وشایه‌ته‌وه، لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵا نه‌ده‌كرا و حه‌سانه‌یه‌كی تایبه‌تییان هه‌بوو. قورسترین سزا بۆ ئه‌مان ئه‌وه‌بوو، له به‌رپسی به‌شێكه‌وه ده‌كرانه به‌رپرسی به‌شێكی دیكه و پۆستی گرنگتریان پێده‌درا. له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا، نه‌مدی و نه‌مبیست كه‌سێكیان سزا بدرێت. هه‌روه‌ك چۆن له‌ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمدا، تا هه‌نووكه هیچ وه‌زیر و به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستێكمان نه‌بینی سزا بدرێت.
عاجباتییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م چینه ئه‌وه بوو، نه له به‌شه‌كه‌ی خۆیان و نه له‌و به‌شانه‌یش كه جارجاره بۆی ده‌گوازرانه‌وه، پێویستیان به شاره‌زایی و كارامه‌یی و لێوه‌شاوه‌یی نه‌بوو! به‌ڵكو ئه‌م توانا خوداپێداوه‌یان هه‌بوو كه وه‌ك كارتی جۆكه‌ر له یاریی كاغه‌زدا، بتوانن ببنه به‌رپرسی هه‌ر به‌شێك و به قودره‌تی قادر (به‌وپه‌ڕی سه‌ركه‌وتنه‌وه) به‌ڕێوه‌ی به‌رن. ئه‌و به‌شه‌ی من كارم تێدا ده‌كرد بریتی بوو له به‌شی به‌رهه‌مهێنان، كه كاری به‌رهه‌مهێنانی كلیپ و گۆرانی و دراما و دۆكیومێنتی و دۆبلاژ و…تادوایی بوو. وه‌ك پێشتریش باسم كرد كه‌سێكیان كردبووه به‌رپرسی ئه‌م به‌شه‌ی ئێمه، سه‌ره‌تا كه هاتبوو گرافیك و ترافیكی لێكجیانه‌ده‌كرده‌وه!!
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش له پێنجه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یامدا، ئه‌ندامانی ئه‌م چینه باڵایه به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه نهێنی خه‌ڵاتی رێزلێنانیان پێبه‌خشرا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین جاری دیكه به‌شێوه‌ی جیاواز خه‌ڵات كرابوون. ئاخر له قوتووی چ عه‌تارێكدا شتی وا هه‌بووه، چینیێك به ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌چینی باڵان و ناوێكی ئه‌رستۆقراتییان هه‌ڵگرتووه خه‌ڵات بكرێن؟! ئایا له‌و كه‌ناڵه‌دا ئاماده‌كار و پێشكه‌شكارێكی به توانا، كارمه‌ندێكی دڵسۆز، كارگوزارێكی به‌ئه‌مه‌ك، پاسه‌وانێكی چالاك، یان بێژه‌رێكی زرنگ و چابووكی تێدا نه‌بوو خه‌ڵات بكرێت، وا هه‌ر خه‌ڵات به‌مانه ده‌درا؟ ئه‌مه‌شیان بخه‌ره‌لاوه، خه‌ڵاتی رێزلێنان له دونیادا بۆ كه‌سانی دڵسۆز و چالاك و داهێنه‌ره و نوقڵا و نه‌بات نییه هه‌ركات ویستت یان هه‌ركه‌سێكت حه‌زلێبوو، به‌سه‌ریدا ببه‌خشیته‌وه. باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته بوون، بۆچی به ئاشكرا و به‌به‌رچاوی هه‌موو كارمه‌نده‌كانه‌وه و له هۆڵێكدا خه‌ڵات نه‌كران؟! چونكه نه‌ریت و شێوازی به‌خشینی خه‌ڵات به‌مجۆره‌یه، نه‌وه‌ك به خشكه‌یی و له پشتی په‌رده‌وه.
قه‌یرانێكی دیكه‌ی ئه‌م كه‌ناڵه نه‌بوونی گوتار و ستراتیژ و سیاسه‌ت و هیڵێكی روون و ئاشكرای كاركردن بوو. رۆژێك ده‌ركه‌وتنی بێژه‌ری كچ حه‌ڵاڵا و رۆژێك حه‌رام بوو. ده‌ركه‌وتنی ئافره‌تی دانه‌پۆشراو له گۆرانی و كلیپ و فیلم و دراماكاندا قه‌ده‌غه‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كیژۆڵه‌یه‌كیش بووایه له سروود یاخود گۆرانییه‌كی منداڵانه‌دا، چه‌ندین كار و به‌رهه‌م به‌م پاساوه‌وه ره‌تكرانه‌وه و قه‌ده‌غه‌كران. به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی هه‌مان ئافره‌ت، به‌شێوه‌یه‌كی دانه‌پۆشراوتریش له ریكلامه بازرگانییه‌كاندا، زۆر ئاسایی بوو و كه‌سێك قسه‌ی له‌سه‌ری نه‌بوو! پێموابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه ریكلامه‌كان پاره‌یان تێدابوو و سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی دارایی كه‌ناڵه‌كه بوون!! ئه‌مه نه‌ك ته‌نها له بواره شه‌رعییه‌كه‌دا به‌ڵكو بواره سیاسییه‌كه‌ش هه‌مان حاڵی هه‌بوو. ئه‌مڕۆ لێدوانێك ده‌درا سبه‌ی لێی په‌شیمان ده‌بوونه‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌ردانێك ده‌كرا سبه‌ی لێی پاشگه‌ز ده‌بوونه‌وه. زۆر جار “په‌یام” له ئاوازێك ده‌یخوێند و مه‌كته‌بی سیاسی حیزب له ئاوازێكی دیكه و ئه‌مه‌ش چه‌ندین كێشه‌ی له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا دروست ده‌كرد.
ئه‌وه‌ی باسمكرد مشتێك بوو له خه‌رواری ناعه‌داله‌تی و فه‌وزا و قه‌یرانه زۆره‌كانی ئه‌م كه‌ناڵه كه من بینیومن و هه‌ستم پێكردوون. زۆر شتی دیكه مابوون باسیان بكه‌م، بۆنموونه ئه‌م كه‌ناڵه له رووی هونه‌رییه‌وه چه‌نده لاوازه و به‌ته‌نها خه‌ریكی لاسایی كردنه‌وه‌یه، یاخود له رووی فیكرییه‌وه چه‌نده هه‌ژاره و ته‌نانه‌ت له رووه ئایینییه‌كه‌شه‌وه به‌رده‌وام سه‌رقاڵی خۆدووباره‌كردنه‌وه‌یه و تائه‌م چركه‌ساته‌ش هیچێكی نوێی پێشكه‌ش نه‌كردووه. حه‌زم ده‌كرد پاش چوار ساڵا كاركردن و شه‌ونخوونی و پشوودرێژی و ئارامگرتن، هه‌نووكه شانازیم به‌و رابردووه‌وه بكردایه و بێئه‌ندازه خۆشحاڵا بوومایه كه له كه‌ناڵێكی ئاسمانیی وه‌ك “په‌یام” كارده‌كه‌م و هه‌موو شه‌وێك ناوی خۆم له‌سه‌ر شاشه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه ده‌بینم. نه‌وه‌ك به‌و په‌ڕی نائومێدییه‌وه قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌وه بگرم و له‌سه‌ری بنووسم. به‌داخه‌وه‌م له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا به‌خششی زۆرم پێشكه‌شی ئه‌م كه‌ناڵه كرد و ئه‌و جگه له نائومێدی و دڵساردی هیچی پێنه‌به‌خشیم. هه‌رچه‌نده من هێشتا كارمه‌ندێكی ئه‌و كه‌ناڵه‌م، به‌ڵام دڵنیام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له‌وكه‌ناڵه ده‌رده‌كرێم و هیچیش به‌لامه‌وه گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه، به‌رپرسانی ئه‌و كه‌ناڵه به خۆیان و به‌رنامه و سیاسه‌ت و شێوازی كاركردنیاندا بچنه‌وه و بزانن كاركردنیان به‌م شێوازه ته‌نها تووشی چه‌قبه‌ستن و دواكه‌وتنیان ده‌كات و واقیعی حاڵیش هه‌ر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت. هیوادارم پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته رووی په‌یكانی تۆمه‌ت و تانه و ته‌شه‌رم ئاڕاسته نه‌كرێت و له‌جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی من هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دوومه‌ڵا و زام و ناسۆرانه بدرێت كه له هه‌ناوی ئه‌م كه‌ناڵه‌دا دروستبوون و ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی هه‌ر ده‌بێ بته‌قن. له‌جیاتی بوغزاندنی من هه‌وڵی بنه‌بڕكردنی ئه‌و كاره‌سات و ناعه‌داله‌تی و ناشیرینییانه بده‌ن كه له‌م كه‌ناڵه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه. چونكه ئه‌م كه‌ناڵه به‌ده‌نگێكی زۆر به‌رز بانگه‌شه‌ی عه‌داله‌ت و شه‌فافیه‌ت و چاكسازی و خزمه‌تگوزاری ده‌كات له‌كوردستاندا. خۆ ناشكرێت له‌ده‌ره‌وه خۆت به “گیڤارا”ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بزانێت و له‌نێوخۆشدا پڕ بیت له “ژدانۆف”. ناكرێ خۆت به “رۆبن هوود”ی گۆڕه‌پانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بناسێنیت و له ناخیشه‌وه یه‌كپارچه “جۆن لاكلاند” بیت. ناكرێت خۆت وه‌ك “ئایڤانهۆ”ی كوردان نیشان بده‌یت و له ناخیشه‌وه “دۆن‌كیشۆت”ێك زیاتر نه‌بیت. ناكرێت چیدی له ژێر كه‌وڵی ئۆپۆزسیۆندا، هه‌مان ئه‌زموونه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ماڵی خۆتدا پاته بكه‌یته‌وه.
فه‌یله‌سوف و شاعیری مه‌زنی ئه‌ڵمانی “نیچه” له‌وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: “هه‌میشه شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ، سته‌مكاره‌كانی سبه‌ینێن.” به‌ڵام هێشتا هیچ نه‌بووه شۆڕشگێڕه‌كانی كه‌ناڵی ئاسمانیی “په‌یام” خه‌ریكن پڕۆڤه له‌سه‌ر سته‌مكاری و ناعه‌داله‌تی و پاشاگه‌ردانی ده‌كه‌ن!!
سه‌روه‌ر عومه‌ر