Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆن سەوزت بکەمەوە…. مەدیحە سۆفی

چۆن سەوزت بکەمەوە…. مەدیحە سۆفی

Closed
by February 10, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

دەترسام نەتوانم سەوزت بکەمەوە

 نەتوانم دیسانەوە

چەند نۆتەیەك لە کڵپەی مێلۆدی عیشقت

بکەمە لاوژەی ڕوح و

چرای تاریکی چاوەڕوانی پێ بکوژێنمەوە

دەترسام…..ئای دەترسام

چاوم بە سوێی پێکانێکیتر تەڕ نەبێ

ڕوحم بە 

قرچەی ڕوانینێکیتر هەڵنەکروزێ

ناخم بەسەفەری وەسڵێکیتری ئاسمان بەڵەد نەبێ

کەچی ئێستا

پەرێزی عیشقێك چاوم بە ناڵەی دوێنێ و

بە حوزنێکی دەم بەخەندەی ئەمڕۆوە کلڕێژ دەکاو

لە هێلانەیەکی دووری شارێکی بریندارا 

پنچکی سەبرێکیتر دەڕوێنێت

کانی عەشقێکی ئەزەلی دیسانەوە چاو دەتروکێنیت و

شەمعێکی ئاشنا بە تەریقەتی پەرستن هەڵدەکا و

هێدی هێدی هەر بە سووتان 

تێکەڵ بە ڕوحم دەبێت

……. دەترسام سەوزنەبیتەوەو 

لە توێی چەتری ماڵئاواییەکی پایزا

جارێکیتر پەی بە وەرزی لیزمەی عیشقێکی شێت نەبەم و

نەبمەوە میوانێکی تەنیای شەوی یەڵدا

دەترسام پشکۆی زەنگیانەی یادەکانت ساردبووبنەوەو

ئیتر نەتوانم وەکو ژیلەمۆ بە داوی ناخمەوە هەڵیواسم و

داوای هەناسەیەك سەبووری لە ڕۆژی حەشر بکەم

ئەوە ئێستا دیسانەوە… دیسانەوە

قەرزی تەنیایی دەکەم…

قەرزی باوەشێ گەڵای وەریو

قەرزی سەفەری دەم ئۆقیانوسی دوور زۆر دوور لە وەسڵت دەکەم

لەو تەنیاییەی ئاوێتەی ڕوحم دەبێت و

هەر ئەویش قەرزی سوکنایی تەنها لە خوا دەکات

مشتێ مردن هەناسە دەکوژێنێتەوە

هەر خۆیشی عیشقی ڕوح سەوزدەکاتەوەو

لە دەستنوێژی پاکی هەڵدەکێشێ….بۆیە من لێی دەگەڕێم..

هەر بەو غەدرە بێ دەنگەی بووەتە بەرگێکی مات

کوچەو کۆڵان نەماوە

ڕوخساری کڵۆڵ نەماوە

چەوو لمی دەم ئاوی خاسە نەماوە نەیپۆشێ

تۆ لە کوێی؟ ئەی بادەی دوا ساتی شەوم

لە کوێی؟ وەرەو ئەم جارەش لە سوکناییم هەڵکێشە

بمدەرەوە دەم شەپۆلی ئەو گریانەی 

لە گریانی هەموو ماڵئاواییەك دەچێت

لە گریانی غەدری شار نەبێت

لە مۆسیقای هەموو دابڕانێك 

لە هی ئەم گڕە نەبێت

لە کاڵ بوونەوەی هەموو ڕەنگێك دەچێت

ڕەنگی وەفا نەبێت

نزاکانت تەنها لە لەرەی پاڕانەوەی ئازادییەکی فرۆشراو دەچێت

لە ئاینێکی ئاشنا بە قەومێکی سەراب و

لە تەریقەتی کۆڵنەدان و 

لە کۆشێ گەڵای شەهید دەچن

وەرەو نوقمی خەونی جارانم بکە

وەکو ئەو شەرابی سڕبوونەی جاران

سەرکردەکان ڕۆیان دەکردە گەرووی تامەزرۆی ئەم شارەوەو

 ئەو شەرابەی ئێستا ڕۆی دەکەنە ئەندێشەمانەوە

تا سڕینەوەی مێژوو و تا تێکشکانی یادەکان و 

تا زیندەچاڵکردنی سوێندەکانیان و 

تەنانەت تا هەڵهێنانی ڕەنگێکی تری دروشمی تێکستەکان…

ئێستا شار تەنها کۆڵەکەی پشتی درەختێکی سەوزە

لە چرۆی بەڵێنی وەریو زیاتر

هیچیتر ناگرێ

ئێستا شار تەنها سەنگی کۆڵەکەیەکە

بۆ سەقامگیری ڕەشماڵێکی ڕوو لە زریان

ئێستا ڕوخساری شار 

چوار ساڵ جارێ دووجار

کەرنەڤالی یادەو هەر لابوری کار

ئای….من دەستەوەستانی نەڕوخانی ئەم ڕوحە سرکەییەی خۆمم

ئەو ڕوحەی چەندەها جار بە دوو باڵی قەناعەتەوە

بەرەو ئاسمانی شار بەڕێم خست و

بەرەو چڵکاوی شەقامەکان و کونجی تاریکی ماڵە شەهیدەکان

بەرەو تەپوتۆزی هاوین و باخچە بێ ئاوەکان

بەرەو تابلۆی  پەنادیواری کرێوەو نێو دڵی پڕ لە لێبوردن

بەرەو هەیوانە تاریکەکانی قەراغ شار

بەرەو  کەلاوەکانی دوای شۆڕش و

دەستی بەتاڵی ڕەنجم پێ نیشان دا

پێیەکانم لە قوڕ و چڵکاوی  شەقام هەڵکێشا

کەچی نازانم ئەم ڕوحە سرکەییە عاشقی چ مەزرایەکە

لەو ڕەنگە تاریکانە چ ڕێسێك ڕایەڵی ئەم ناخەی دەکەن

بۆ بەدیار ئەم کەلاوە بێ وەرزەوە کانی عیشقی وشك ناکا

نازانم بۆ دڵم بە گڕەی هاوین لە پیاسەی کۆلانە وشکەکانی سەفا دەکاو

گاڵتە بە تەمەنی بێ ئۆقرەی مناڵی و یادی دڵەڕاوکێی ساتەکان و

دڵەلەرزەی لە دەرگادان و نامەی تەعریبی دوێنێ دەکاو

کوچکەی سبەینێ دائەکوتێ

نازانم بۆ لەو دڕکانەش ڕائەمێنێ کە ئێستا لەسەر جەستەی شار ڕواون و

 چاوەڕوانی موعجیزەی ئیلاهێکە دروێنەی کات و

پەرێزی لێ پاککاتەوەو گوڵبارانی سینەی برینداری بکاو

تەماشاکانی لە گێڵگەی ئازادییەك بچێنێ 

دەمێکە لە سۆمای چاویا وەکو هەوێنی عەشق 

خۆی مەڵاسی داوە

ئاخر پێم بڵێ لە یادەوەری ژێر چارۆکەی سەفەری کام دایکەوە

لە دۆشداماوی پێڵوی چاوی کام باوکەوە 

بەدیار گرەوە دۆڕاوەکانیانا

تەنافی بەرنامەیەکی نوێ لە قەد دیواری ئەمڕۆ دابکوتین

سوێندی کام ئارامگا بکەینە مەرقەدی مرازەکانمان

منێکی دەستەوەستاو بەدەست ئەم ڕوحە لاسارەوەمەوە

منێکی ئێستاو منێکی دوێنێ و منێکی سبەی

وەک شەونمی بەرەبەیانێکی هەڵنەهاتوو

هەر لە چاوەڕوانی ڕاچڵەکینێکم

 لە خەونی ئەم غوربەتی مەنفایەوە

بمگوێزێتەوە نێو لەپی پەڵە هەورێکی زیوی

وەك دوکەڵی ئاسمانی ئاوارەی شارەکەم

ئەم ڕوحەم 

هەر لە قۆزاخەی چاوەڕوانی دارەدارەیەکە

بە قەدپاڵی هیوا سڕبووەکانی و تەما دواخراوەکانیا

لە بێ ئومێدیشیا ئومێدێك لە خەندە دزراوەکان قەرز بکاو

بۆ دڵدانەوەی نەرمەشەپۆلی سوێی ئەو هەموو گرەوە پوکانە

بۆ کپ کردنی زەنگی قیامەتێك 

خۆی لە بێ دەنگی هەڵئەکێشێ

هەر بە زمانی بێ دەنگیش داستانی تەمەن 

ڕۆ ئەکاتە دەم کەلی ئەو سوبحانەی 

کاتێ دایکەکان بەرەو ئەستێرەکانی چیا شاریان بەجێ دەهێشت و

لەوسەرەوە شارایەک گەشکەی خۆشی و چەند وەرزێك

لە بەهاری ناوەختیان بۆ شار دەهێنایەوە

ئاخر ئەوان ئاوا شاریان لە متمانەی چیا هەڵئەکێشاو

ئێستاش هەر ئاوا لە شەرابی سڕبوونا نغرۆی ئەکەن….

ئێمەش …ئێمەی دوور و چاو لە ڕێ 

 وەكو ئاردی بن دڕك…..لەم مەغریبی تەمەنە

هەر یەکەی خۆی بە هێشووی سەبرێکەوە هەڵواسیوەو

هەر یەکەی لە ناخیا پەیامێك توڕەبوون و عیشق لوولی داوەو

لە نێو دوو دونیای ئەگەر و نەگەرا تەمەن دەسووتێنێ و

بە هەگبەیەکی قورسی پڕ لە عیشقەوە 

ئۆقیانوس دەدوێنێ و کێشوەرەکان تەی ئەکاو

لەگەڵ قەدەرا ساتەکان بەش دەکاو هەر خۆی نادۆزێتەوە

ئیمەی سەر بە لیستی ئاوارەیی….. گەر زمانمان گۆ بکا

مێژوو دەمانناسێتەوە و سەکۆی گوند ئیمزامان دەکاو 

مزگەوتەکان ڕەنگی خەون و وورەمان دەکەنە مەدالیاو

نوای چیا جێ پێمان نیشان دەداو 

زنجیری عەفلەقییەکان برینی جەستەیمان دەناسێتەوەو

گوریسی هەڵواسینی ئەبوغرێب دەڵێ ئاشنای گەردن و سیمای نەمری ئێوەم

ئاخر بۆیە لە ڕەشبەڵەکی دودڵی ئەمڕۆی سەر ئەم شانۆیە

هیچ مۆسیقایەك هەگبەی عیشقمان ناکاتە مێلۆدی 

تاسەکانمان نادوێنێ و ناتوانێ  پلیتی یەکجاری ماڵئاواییمان پی بکڕێ و

لەم بەستەڵەکی تەمەنە و لەم تابلۆ سەرەوخوارە هەنگاوەکانمان بوەستێنێ

…………

کاتێ ڕوحم دەچڕێ 

دەزانم بە کام بانگەوازی.. مەرقەدە سەوزەکان دەلەرزێنێ

دەزانم بە کام نیگای.. شەرابی عیشق ڕۆ دەکاتە شەقامی چاوەڕوانی و

لە نێو کام ناڵەی فەلاکەتا دەتوێتەوە.. 

کە ڕوح دەدوێ ئەوسا دەبینی …

چۆن دارستانی ڕوح دەسوتێ و 

لە درزی کڵپەکانیا چرۆی ئیشتیاق دەپشکوێ

چۆن سوێند بە دابڕان دەخۆی و سوێندت دەشکێ

چۆن ڕوباری دێڕەکانی ناخت

خۆڵەمێشی دووری دەتەکێنێ…

ئاخر کە من لە گۆڕستانی ئەم ڕەحیماوەو شێخ محێدینە

چەندەها پارچەدڵی خۆمی تیا نێژرابێ و

هێشتا بۆ موژدەیەك گوێقوڵاغ بێ و

 چەند نیگای چاوەڕوانی تیا پاسەوان بێ

کە ساڵڕۆژی یەك دوای یەکیان

بە برواری یادێکی وەفا سوێند درابێ

ئیتر من چۆن لەم مەنفا ساردوسڕە

لەم کیشوەری بریق و باقە و لەم قات وقڕی سۆزە

دەتوانم باخی تەمەن بە وەرزی نامۆ ئاو بدەم و

چۆن دەتوانم هۆنراوەی ئارامی بۆ هەناسەبڕکێی ژیان بهۆنمەوە

 

madihasofi@yahoo.de

http://www.facebook.com/pages/Madiha-Sofi/538772819478675

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.