Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆن وا لە فەلسەفەبکرێ بە چاخی خۆیەوە سەرقاڵ بێ؟

چۆن وا لە فەلسەفەبکرێ بە چاخی خۆیەوە سەرقاڵ بێ؟

Closed
by February 4, 2014 فەلسەفە

 

 

 

سەرقاڵبوونی فەلسەفە بە چاخ(سەدە، سەردەم، کات، دەم، قۆناغ)ی خۆیەوە سەرقاڵبوونیەتی بە ئێمەی مرۆڤەوە.بەپێیئەوەی  ئێمەی مرۆڤ لە چاخێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازیدێتە سەر ویستمان بۆ تێگەیشتن و بۆ بیرکردنەوە گرینگە توانای ناسینەوەی چاخی خۆمانمان هەبێ. چاخی ئێمە بەرهەمی بیر و سێرکردنی ئێمەیە بۆیە ئێمەی مرۆڤ بەرپرسیارین بەرامبەر بە چاخی خۆمان و پێویستە هەستین بە ئەرکەکانمان و بوونی مرۆیی خۆشمان لەوبارەیەوە نیشاندەین.تەنانەت نامۆی فەیلەسوفیش هەر لەڕێگای ئەم سەرقاڵبوونەوە لەباردەچێ و فەیلەسوف جارێتر ئاوێتەی بوون و دەوروبەری خۆی دەبێتەوە.بۆیە وەفاداری فەیلەسوفان بۆ فەلسەفە لە هەموو چاخێکا گرینگی و مانای خۆی بۆ ئەو چاخە هەنووکەییە هەیە.لێ چۆن فەیلەسوفان دەکارن ئەو وەفایە بنوێنن؟ئێمە پێمانوایە بەشە هەرە گەورەکەی ئەو وەفاییە پێوەندی بە تەقەلای فەیلەسوفانەوەیە بۆ دەربازکردنی فەلسەفە لە کێشەکانی.ئەو کێشانەی ئەو چاخە داگیردەکەن ئەو هزرەن لای فەیلەسوف چرۆدەردەکا.ئەمە والە فەلسەفەدەکا بەسەر چاخی خۆیەوە چاودێربێ و بەڵام هەر فەیلەسوفە و بەجۆرێک وەفای خۆی بۆ فەلسەفە دەنوێنێ.واتە هەر فەیلەسوفە و شێوازی خۆی لە سەرقاڵبوون بە چاخی خۆیەوە هەیە.ئەوی لەئێستایا بۆ بیرمەندێ شایانی سەرقاڵبوونە ڕەنگە لە چاخەکانی ناوەڕاست یاساغ و بڤەبووبێ یان لە بیرلێنەکراوەکان بووبێ.هەر ئەم لایەنەش وامانلێدەکا بڵێین بوونیادی واتای ،ناواخنی واتای ئەو کێشانەی چاخێ دیاریکراو داگیردەکەن هەمان ئەوانە نیین کە چاخی پێشتریان داگیرکردووە یاخود چاخی دواتر داگیردەکەن.بۆ فەیلەسوفیش هەمیشە گرینگە چ وانەێک لە چاخی پێشومانەوە  فێربووینە؟ چۆن ئەوی لە چاخی لەمەوبەرمان ڕوویداوە لە چاخی ئێستامانا ڕوونەداتەوە؟ئەوەش کە والە فەیلەسوف دەکا تێگەیشتنی بۆ چاخی خۆی هەبێ سەرلەنوێ پێداچوونەوەیە بەوەی لە چاخەکانی دیدا ڕوویانداوە. ویستی تێگەیشتن کە هەمیشە لای فەیلەسوف تائەوپەڕی زاڵە تێگەیشتنێ قووڵ لەسەر ئەو دەمە پێکدێنێ فەیلەسوف تیای دەژی.

گومانیناوێ بیرکردنەوەی فەلسەفی و ئازادی لە بیرکردنەوە هەمیشە پێکەوەگرێدراون بەڵام پێکەوەگرێدانەکان فەیلەسوف لە چاخی حۆی نزدیکدەکاتەوە.کەوابێ ئەو ڕاڕاییە هزریەی فەیلەسوف لە چاخی خۆیدا پێوەیدەگلێ بەشێکە لەو پێکەوەگرێدانەی نێوان بیرکردنەوە و ئازادی لە بیرکردنەوە.ئەو ئازادییە بەمانای هەڵهاتن لە چاخ ناێ بەڵکو بەمانای مانەوە لەناو چاخ و زاڵبوون بەسەر ئەو چاخە دێ.بەس پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەوەی فەلسەفە تەنیا بەوەوە ناوەستێ ڕاڕابێت لێ چارەسەر بۆ ڕاڕایەکانی چاخیش دەدۆزێتەوە. ڕاستی وتووە رۆنییە دێکارت کە زانین لەسەر ئەزموونە تایبتەکانمان وەستاوە و هەریەکەش بەپێی ئەزموونی خۆی دەگات بە زانین بەڵام زانینی ئێمە لەسەر چاخی خۆمان نەک هەر دابڕاو نییە لەو زانینەی لە چاخەکانی پێشووتر زاڵبوونە بەڵکو لەو زانینەش بەڕێوەیە. هەمیشەش کە باس لە هاتنەکایەوەی فەلسەفە لە یۆنانی کۆن دەکرێت، کە دەکات سەدەی 6 ی پێشزانین،  باس لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و ئابووری ئەو دەمەی یۆنانی کۆن دەکرێت و لەڕێگای مەسەلەی هاتنەدونیای فەلسەفە لەناوجەرگەی ئەو بارودۆخە مانا بۆ ئەو بارودۆخە دادەنرێت. فەلسەفە لەو دەمەدا کە لەپێناوی مرۆڤ دا هاتۆتەکایەوە سەروەری دەمی خۆی بووە. هەروەها فەلسەفە کە هاتۆتەکایەوە بۆ ئەوە هاتۆتەکایەوە کارئاسانی بۆ مرۆڤ بکات. کار لەسەر دۆزینەوەی کێشەکانی بکات و وەڵامی ڕێک و پەسەندکراو بۆ گرفتەکانی بدۆزێتەوە.

هەروەها بۆئەوەی فەلسەفە بە سەردەمی خۆیەوە سەرقاڵبێ فەلسەفە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی چاخی خۆیەتی. بەمە ڕووبەڕووبوونەوە دەبێ بە یەکێ لە خەسڵەتەکانی نەشونمای فەلسەفە و پێویستی فەلسەفەش بە ڕووبەڕووبوونەوە پێویستیەتی بۆ ئەو هەل و مەرجەی کاریتیادەکا. ئاشکرایە کە هەر ڕووبەڕووبوونەوەشە سەرچڵی لە بیربۆچوونە فەلسەفیەکانا دەسازێنێ و زەمینە بۆ سەرلەنوێ تێگەیشتن لە ماهیەتی فەلسەفە خۆشدەکا. ئەمە کە بەرهەمی فەیلەسوفە و لە باوەڕی فەیلەسوفەوە بە سەرچڵی سەردەردەکات هێز بە بەر حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە فەلسەفیەکان دا دەکات. 

ئەو دەمەی فەیلەسوف گەشە بە ڕووبەڕووبوونەوە یان حاڵەتی سەرچڵیە فەلسەفیەکان دەدات نایەوێت گشت فەلسەفە بکات بە شوێنێک بۆ دروستکردنی زۆرانبازی یان سازاندنی حاڵەتی ئاژاوە و پەشێوی ، نەخێر ئەوە ئامانجی فەلسەفە نیە فەلسەفە ئاژەوگێڕ بێت یان فەیلەسوف فەرتەن و ئاشووب بنێتەوە . بەڵکو ئەوی فەلسەفە لە دروستکردنی چرکە ڕووبەڕووبوونەوەکان مەبەستیەتی یەکلاکردنەوەی هەقیقەتە و لێنەگەڕانە لە دۆزینەوەی ڕاستی. ئەمەش داوا دەکا بیری ڕەخنەیی لەو چاخە دا زاڵ بێ و ڕۆلی لە بەدەستهێنانی ڕاستی هەبێ. بیری ڕەخنەییش لەگشت چاخێکا پێویستی بەوەیە کێشەکە دیاریکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە و بەڵگە و ئاکامیش بەدەستەوە بدات. بۆیە دەکرێ بووترێ ئەو بیرەی وانەبێت ڕەخنەیی نییە یان دوورە لە چاخی خۆیەوە.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە وترا، وێنابوونەکانمان، تێڕامانەکانمان کە دەبن بە وتنی فەلسەفی پێویستە لە چاخی خۆیانەوەوە نزدیکبن. وێنابوونە فەلسەفییەکان بەرهەمی تێهزرینێ قووڵن. ئەوە فەلسەفەیە تەماشاکردنە گشتییەکان دەگۆڕێ.بەپێیئەوەی فەلسەفە بەرهەمی ئەو بیر و بیرکردنەوەیەیە کە مرۆڤ پێیدەگا،فەلسەفە دەتوانێ وەک کردەێ هزری قووڵ لەسەر وێنابوون و تەماشاکردنەکان بژی.ئەمەو فەلسەفەکردن کە خەسڵەتێ مرۆییە دیارە ئەمەوادەکا وێنابوونە فەلسەفییەکان لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر جیاواز بێ، هەر جۆرە وێنابوونێ ژینگە و پەروەردەی خۆی هەیە، یاخود گشت وێنابوونێ فەلسەفی هەل و مەرجێ دیاریکراوی خۆی هەیە، تەنانەت سروشتی هزری وێنابوونەکان نەگۆڕاو و جێگیر نیین. هاوکات وێنابوونە فەلسەفییەکان چەمکی فەلسەفی نوێ دادێنن، وێنە لەسەر گەردوون دادەڕێژن بۆیە داهێنانی واتای فەلسەفی لە چاخێکەوە بۆ ئەویتر جۆراوجۆرە.واتە داهێنانی وێنابوون لەسەر گشت چاخێ تایبەتێتی خۆی هەیە.کەوابێ لە هەموو ژینگەێ هزری فەلسەفی بەوجۆرە نەشونما ناکا وەک چۆن لە یۆنانی کۆن نەشونمای کرد.ئەوەش گرینگە بزانین لەگشت چاخێکا وتنی فەلسەفی و وێنابوونی فەلسەفی یەکتر تەواودەکەن. 

وێنابوونی زەینی کاریگەریی بەسەر فەلسەفەوە جێدێڵێ واشمانلێدەکا هێما بۆ لایەنێ دی بکەین کە بۆ گشت شتێ لە گەردوون دەشێ وێنابوونێ فەلسەفی خۆمانمان هەبێ و ئێمەی مرۆڤیش بەهۆی فەلسەفەوە دەکارین بە گەردوونەوە لە پێوەندیدابین و ئەو وێنابوونانەش لەکاتی خۆیا دێنەسازان و سرووشتی تێگەیشتنی خۆشمان دیاریدەکەن. ئەو سەرچاوە ئاینی یان میتافیزیکی و ئیتیکی و دەروونی و کۆمەڵایەتیانەش کاریگەریان لە قووڵایی هزری مرۆڤی گشت چاخێ دادەنێن ڕەنگدانەوەی خۆیان لە فەلسەفەی ئەو چاخە دەبێ و زۆرجاریش دەبینین و دەبیستین فەلسەفە ئەو دەمەی هاتۆتە دونیاوە ، ئەڵبەتە لە یۆنانی کۆندا، خۆی وەک دایکی گشت زانستەکان نیشانداوە و ئەمەش وایکردوە سەرەتای وێنابوونە زانستیەکان فەلسەفیبن و گشت وێنابوونێ لە فەلسەفەوە سەرچاوەبگرێ و یان فەلسەفە گشت پرسیارەکان لەناو خۆیدا کۆکاتەوە. بەس لەگەڵ گەشەی دۆزی مرۆڤ و پێویستیەکان و زۆربوونی پرسیارەکان گەلێ زانین یان زانست بەشێ تایبەت بەخۆیان پێکهێناوە هەربۆیشە ئەمڕۆ فەلەکناسی، مێژوو، سیاسەت، زیندەوەرناسی، زەویناسی، کەشناسی، وجوانکاری و ..هتد بوونیان هەیە. لەدوای دەرکەوتنی ئەم زانینانەوە گشت چاخێ زۆرترین تیۆریزە دێنێتەدونیا و بەپێیئەوەی فەلسەفە ئامادەبوونی خۆی لەناو ئەم زانینانە هەیە ئەمە وایکردووە فەلسەفە سەرقاڵبوونی خۆی بە چاخی خۆیەوە هەبێ.

وێرای ئەویوترا،لە گشت سەردەم و دۆزێکدا فەیلەسوفەکان ویستوویانە بۆچونی خۆیان بەجۆرێ جیا و نزدیک لەو بارودۆخەی تیایژیاون بەرچاوخەن و لەو ڕووەشەوە ویستوویانە خۆنەویست و نەبەردبن و سەرقاڵیشبن بە پشکنین بە جیاکردنەوەی باشە لە خراپە هەروەها ڕاست لە درۆ و دیاریکردنی شوێنی مرۆڤیش لە گەردوون و کاریگەری شتەکانی ناو ئەم گەردوونەش بەسەر ئەم مرۆڤەوە. کاتێ ئەندێشەمەندێ وەک مارکس پێیوادەبێ فەلسەفە پووختەی ڕۆحی گشت سەردەمێ پێکدێنێت ئەو تەماشاکردنەمان لادروستدەکا گشت سەردەمێ فەلسەفەێ تایبەت بەخۆی بەرهەمدێنێ کە تێکڕای پرسیارەکانی ئەو سەردەمە لەخۆیداڕا کۆدەکاتەوە. بەپێیئەوەی مرۆڤ هەمیشە بابەتێ سەرەکی بووە بۆ فەلسەفە مرۆڤ (یان فەیلەسوف) وای لە فەلسەفە کردووە بەردەوام بە چاخی خۆیەوە سەرگەرم بێ  و، دەشێ لەم ڕوەوەشەوە یۆنانیەکان بەنموونە بهێنرێتەوە چۆن بەردیبناغەیان بۆ ئەو گفتووگۆیانە داناوە تەماشای مرۆڤ وەک بوونەوەرێ سەیر و کارای ناو گەردوون کردووە ئەمە ئەوەش دەگەێنێ سەرەتاکانی دەرکەوتنی فەلسەفە سەرقاڵبوونبووە بە پرسیارە گەردوناویەکانەوە ،بەو پرسیارانەی ئەندێشەی مرۆڤی ئەو دەمەیان داگیرکردووە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی لە هەموو دەمێک دا فەلسەفە سەرقاڵبوونێکی خۆی هەیە و زۆنێ دیاریکراویش بۆ گومان و لێخوردبوونەوە مسۆگەردەکا. بەمشێوەیە فەلسەفە دەستبەرداری چاخی خۆی نابێ. یان ئەو فەلسەفەیەی لە چاخی خۆیەوە دوورە فەلسەفەێکی ناپێویست و بێڕیشەشە.

لەسەر بناغەی ئەو تێگەیشتنانەی لایسەرەوە بێ بابەتی  فەلسەفە چییە و یان فەلسەفە بەچییەوە سەرقاڵە؟ خودی ئەو پرسیارەیە وەڵامەکەی ئەوەمانلا ڕووندەکاتەوە سەرقاڵبوونەکانی فەلسەفە پێوەندی بە بینینی فەیلەسوفەوە هەبووە بۆ ئەو دەمەی تیایژیاوە. دولۆز ووتەنی فەلسەفە بۆ زانینی واتاکانە ئەمەش وادەکات بووترێت گەڕان بەدووی چییەتی فەلسەفە خۆی لە قەرەی دۆزینەوەی واتاکان دەدات. کاتێکیش دەمانەوێت لە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ بگەین پێویستمان بەوەیە لەوە بگەین واتا چییە؟ کەوابێ لەڕێگای واتاکانەوە گوزارە لەوەدەکرێ چۆن چاخ دەژین؟یان ئەوی فەیلەسوفەکان دەرکیپێدەکەن چۆن واتاکان دایدەڕێژن؟ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی چاخەکان واتای تایبەت بە خۆیان بەرهەمدێنن.چاخەکان لەگەڵ کاتا واتاکان دەسەپێنن و لەڕێگای ئەو واتایانەشەوە وێنە لەسەر ئەو چاخە زەقدەکەنەوە.

دەمی (چاخی) فەیلەسوف دەمی ئەو کێشانەیە لەو کاتەدا هەن. کێشەکان کە ڕووبەڕووی مرۆڤەکان لەو دەمەدا دەبنەوە فەیلەسوفەکان وەک کێشەی خۆیان دەیانبینن و وێنابوونی خۆیان لەڕێگای تیۆریزەکردن و تێهزرینەکانیانەوە دەستنیشاندەکەن. ئەو کێشانەی بیرمەندان چارەسەری دەکەن لە شیکردنەوەکانیانا لێیانەوە فێری ئەوەدەبین چی بە کێشە ببینینەوە؟ چۆن کێشە چارەسەرکەین؟ هاوکاتیش چەند چارەسەر لەگەڵ دەمی خۆیدا یەکدەگرێتەوە؟ هەرتایبەت بەم لایەنە پێویستە ئەوەش بڵێین لەکاتێکا فەیلەسوف فەلسەفەدەکا گرینگە توانای گەیاندنی هەبێت و ئەوی دەیڵێ بەڵگەداریکا. ئەمەو دەمەکانیش گوشاردەخەنەسەر فەیلەسوف بە دەمی خۆیانەوە سەرقاڵبن. لێرە دەشێ ئەوەش بڵێین کە گشت دەمێ فەیلەسوف و فەلسەفەی خۆی هەیە. ڕەگ و ڕیشەی ئەو فەلسەفەیەی لە دەموەختی دەرکەوتنی سێکولاریزم سەریهەڵدا پێوەندی ڕاستەوخۆی بەو گفتووگۆیانەوە هەبوو بە جیاکردنەوەی ئاین لە دەسەڵاتی سیاسی تایبەتدەکرا، یان هەر ئەو دەمە ئەو دەمەبوو دێکارت پێیوابوو پێویستمان بە فەلسەفەێ ناڕوونی بەزیان نییە بەڵکو پێویستمان بە فەلسەفەێ ڕوونی بەسوودە کە لە دەمەکانی تردا زۆرتر کارلەسەر ئەم لایەنەکراوە و ئەو شتانەش کە دەچنە خانەی فەلسەفەوە و چۆنیش فەلسەفە لە ڕیزی زانینەکانی تردا ڕیزدەکرێت مانای خۆیان دەم لە دوای دەم هەبووە.هیچ دووریش ناڕۆین کە فەیلەسوفەکان لەپاش دێکارت بەولاوە هەریەک شتێکیان بۆ ووتن لەسەر خود هەبووە جا بۆ ڕەتکردنەوە بێت یان داکۆکی. ئەڵبەتە لەپاش نیچە بەولاشەوە ڕاستی بوو بە واتاێ فەلسەفی کە لەلاێ ڕەتکرایەوە و لەلاێدیش داکۆکیلێکرا. ئەمەش نیشانەیە لەسەرئەوەی واتا و بینین و ڕاڤەکردنە فەلسەفییەکان دەم لەپاش دەم وەک خۆیان نەماونەتەوە و سروشتی بیرکردنەوەی فەلسەفیش ڕەوتی تر وەرگرتووە.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، سەرقاڵبوونی فەلسەفە بە دەمی خۆیەوە واتە بەهەنووکەییبوونی فەلسەفە ئەمەش دەکرێ وەک پەرچەکرداریێکی ڕوناکبیری ئەو دەمە ببینرێ فەلسەفە کاری تیادەکا.گومانیشیناوێ ئەم بەهەنووکەیبوونەی فەلسەفە لە دەمێکەوە بۆ ئەویتر گۆڕانیدێتەسەر چونکە پرسیارە فەلسەفییەکان وەک خۆیان نامێننەوە و هەروەک لایسەرەوەش وتمان کێشەکان پێویستدەکا لەگەڵ چارەسەرەکانا هاوکاتکرێن و هایدگەر وتەنی ئەوی لە فەلسەفەدا گرینگە گۆڕینی وەڵامەکانە بۆ پرسیار. گەر ئەمەش لەگشت چاخێکا بکرێ ئێمە مرۆڤ دەبین بە خاوەنی دونیاێ پرسیار بەرامبەر بەو وەڵامانەی هەمانە.

ئەوی پێشتر سەبارەت بە سەرقاڵبوونی فەلسەفە وترا ئەوەش دەخاتە ژێرپرسیارەوە کە چۆن تیۆری فەلسەفی ،لەسەر بناغەی چ جۆرە هزرێ فەلسەفی، خۆی پێکهێناوە؟تیۆرە فەلسەفیەکان خۆیان لەسەر ئەو واتا و بۆچوونانە پێکهێناوە کە بەدرێژای مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا هاتوونەتەسازان.فەلسەفە لەگەڵ هاتنەدونیای لەسەردەستی یەکەم فەیلەسوفی جیهان تالیس پرسیاربووە لەسەر بۆنموونە: ڕاستی بوونمان؟ بنیادی گەردوون؟ واتە ئەوەی چۆن گەردوون پێکهاتوە؟ چیین ئەو مادانەی لەم گەردوونەدا هەن؟ فەلسەفە لەم قۆناغەدا گەڕان بووە بەدووی چییەتی گەردوون و ئەوی لەو گەردوون دا شاراوە و پەنهانە.بەس دواتر و لەسەر دەستی سێ بیرمەندە گەورەکەی یۆنان(سوکرات،ئەفلاتوون،ئەرستۆ)فەلسەفە ئاقاری زۆرتر وەردەگرێ.قۆناغی سوکرات تەواو لەو قۆناغە جیایە کە پێیدەڵێن قۆناغی تالیس.چونکە سوکرات وادەکات فەلسەفە بە جیهانی مرۆڤەوە سەرقاڵبێت و بۆیە شیشرۆن پێیوابووە لەگەڵ سوکرات فەلسەفە لە ئاسمانەوە دێتە سەرزەوی.ئەمەش لەسەر بناغەی ئەوەیکە سوکرات ئیشێ زۆر بۆ فەلسەفە چێدەکات و فەلسەفە بەو پرسیارانەوە دەگلێنێ بە ڕەووشت و جوانی و خۆشەویشتی و یەزدان و ناخی مرۆڤەوە تایبەتن.پاش سوکرات سەرقاڵبوونە فەلسەفییەکانی ئەفڵاتوون سەرنج دەخەنەسەر جیهان و بۆئەو مەبەستەش جیهان لەسەر دەستی ئەفلاتوون دەبێ بە دوو بەشەوە و ئەفلاتوون لەڕێگای ئەو دابەشکردنەوە دیدی فەلسەفی خۆی پێکدێنێ.دوو جیهانەکەش بریتیدەبێ لە جیهانی مادی(ئەوی ناویدەبات بە فیزیک) و جیهانی ئایدیالیستی(ئەوی ناویدەبات بە میتافیزیک).جیهانی یەکەم جیهانی خوارەوەی جیهان پێکدێنێ و هەرچی جیهانی ئایدیالیستیە جیهانی سەرەوەی جیهان پێکدێنێ.هەروەها جیهانی یەکەم جیهانی شتە هەستیەیەکانە(ناماقووڵەکان)، لەم جیهانەدا بەهۆی هەستەوە بەشتەکان دەگەین. ئەڵبەتە لە جیهانی دووەم دا بەهۆی عەقڵەوە (ماقووڵیەتەوە) بە شتەکان ئاشنادەبین. جیاوازی ئەم دوو جیهانە (ناماقووڵ و ماقووڵ ) لە دیدی ئەفڵاتوون تەنیا لێرە ناوەستێ بەڵکو شتە هەرە سەرەکیەکە ئەوەیە کە کام لەو جیهانە ڕاستی تیایە و چەند ئەو جیهانە ڕاستی پارێزە. چونکە جیهانی یەکەم ،یان جیهانی مادی ،جیهانێ جووڵەئامێزە و لە شوێنی خۆی ناوەستێ بۆیە ڕاستی لەم جیهانە جێگیر و سەقامگیر نییە. ئەوەی بۆ ئەفڵاتوون گرینگە جیهانی دووەمە کە جیهانە ئایدیالیستیەکەیە کە جیهانێ وەستاو و جێگیرە بۆیە ڕاستی لەم جیهانە لەدروستبووندایە. جیهانی دووەم جیهانی شتە ڕەهاکانە و گۆڕانیان ناێتەسەر: بۆنموونە یەزدان سەربە جیهانی ئایدیالیستیە و لەوێدا یەزدان وەک شتێ ڕەها ئامادەیە. 

شوێنی وتنە کە سوکرات بایەخێ زۆری بە عەقڵ دەدا و دواتر ئەم بایەخە بە عەقڵ لە فەلسەفە لای ئەرستۆ بوو بە بایەخ بە لۆژیک (فۆڕمال). دواتر ئەم لایەنە لەسەر دەستی ئەرستۆ گۆڕانی هاتەسەر. ئەمەشوایکرد کە فەلسەفە بۆ ئەرستۆ بریتیبێ لە زانستی پرنسیپ و هۆکارە ئەوەلییەکانی بوون. بوونمان یان بوونەوەر ئاکامە و پێویستە فەلسەفە لێکۆلینەوە لە هۆکاری بوونی ئەو ئاکامانە بکات. یان ئێمە لەناو بوونا دەرئەنجامین و هۆکاری بوونمان  و بوون مەرجە وەک دەرئەنجام ببینین و لە سەرچاوە و هۆکارەکانی حاڵیبین. بەس بۆ ئەرستۆ یەزدان هۆکاری هۆکارەکانە. ئەم جۆرە هۆکارە هۆکاری نییە و خۆیبۆخۆی هەیە. بەپێی فەلسەفەی ئەرستۆ بێ هۆ بریتییە لە چوار جۆر. هۆی مادی. ئەم هۆیەش ئەوشتە دەگرێتەوە شتی لێیپێکدێت: بۆ نموونە تەختە. هۆی فۆڕمال (وێنەی). واتە ئەو شێوە یان وێنەیەی لێیپێکدێت: بۆنموونە کورسی، هۆی کاریگەر ئەو شتەی کە ئەو شتە پێکدێنێت: بۆنموونە دارتاش. دوا هۆش هۆی مەبەستییە، ئەوشتەی ئەو شتە لەپێناویا دروستبووە: بۆنموونە دانیشتن. کەواتە ئەرستۆ دەگەڕێت بەدوای ئەسڵی شتەکان. شتەکان لە بوون وا لە ئەرستۆ دەکات بەدووی خوڵقێنەریان بگەڕێت. بەمجۆر بێ گشت ئەوی لە بوونا هەیە هۆکارێک بوونی ئەو بوونەوەرەی ڕاگرتووە یان هۆکارێک لەپشت بوونیەوەیە. بەواتاێتر ، شتەکانی ناو بوون لە خۆڕا نیین و بێ مەبەست ئامادەنیین. لەسەر ئەم بناغەیە دەکرێ ئەوەش بڵێین کە ئەرستۆ چییەتی فەلسەفە لەوەدا دەبینێتەوە کە فەلسەفە لە هۆکان بکۆڵێتەوە و پێشیوابووە فەلسەفە قسەیە لە بوون وەک ئەوەی هەیە.

بۆیە دەکرێ هێما بۆئەوەش بکەین کە مەرجە لە کۆنتێکستی فەلسەفیدا ئەو سەرچاوە ئاینی یان میتافیزیکی و ئیتیکی و دەروونی و کۆمەڵایەتیانە دەستنیشانکرێ مانا بۆ ژیان و بوونی مرۆڤەکان دروستدەکەن. هاوکات ئەمە وادەکا ئەوەش بڵێین کە ڕوانگە بۆ لێکۆڵینەوە لە چییەتی فەلسەفە زۆرن. واتە ئەوەی بپرسین فەلسەفە چییە؟ دەکرێ ئێمە لەم ڕوەوە خۆمان لەبەردەم گەلێک ڕوانگەدا ببینینەوە کە بەشێکیان پێوەندییان بەو پرسیارەوەیە فەلسەفە لە چاخی خۆیدا چی پێدەکرێ؟ گەر چاخی مرۆڤ ژیانی بگرێتەوە ژیانی ڕۆژانە و فەلسەفە بەشێ زۆر لەو پێوەندییە پێکدێنێ کە فەلسەفە بە چاخی خۆیەوە سەرقاڵدەکا. کاتێکیش میرلۆ – پۆنتی وتنێکی سیزان بە نموونە دێنێتەوە کە “ژیان ترسناکە   la vie ،c est effrayant”” . بەپێی ئەو گوزارەیە ژیان کە ترسناکە ئەم ترسناکییەی ژیان ترسناکی گشت چاخی مرۆڤ دەگرێتەوە. ئەم ترسە لە قووڵایی هزری مرۆڤدا پەنهانە بەڵام ترسەکان بەپێی چاخەکان گۆڕانیاندێتەسەر. گومانیشیناوێ کە ڕیشاڵی هزری واتاکان و ڕۆشنبیری فەلسەفی لە گشت چاخێکا وەک یەک نییە. ئەمەش بەو مانایە دێ کە واتا فەلسەفییە جیاجیاکان چاخی خۆیانیان هەیە و لەپێناو قسەکردن لە کێشەکانی مرۆڤ لەو چاخە هەن. ئەم سێرکردنەش ئەو وێنەیەمان لادروستدەکا کە وەزیفەی فەلسەفە دروستکردنی واتایە سەبارەت بەو چاخەی هەنوکەییە. سەرقاڵبوونی فەلسەفەش بە چاخی خۆیەوە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی هەبوونی فەلسەفە. شایانی ووتنیشە فەیلەسوفان بەدرێژای مێژووی فەلسەفە هەوڵیانداوە بە شێوازی جیا لە کێشەکانی چاخی خۆیان بکۆڵنەوە و لەوەش حاڵیین فەلسەفە لەپێناو مرۆڤ هاتۆتەکایەوە.

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

سەرنج: ئەم نووسینە بە 3 بەش لە هاوڵاتی بڵاوبۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.