Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

چۆن پارسه‌نگی پاسۆک به‌لای ته‌نها حیزبێک دا که‌وت؟!

Be First!
by October 7, 2011 گشتی

  

   وه‌کو که‌سێکی هه‌ندێک ئاگادار به‌ڕابوردوی (پاسۆک) ، هه‌روه‌هاپابه‌ندێکی سه‌ره‌تایی ئه‌و حیزبه‌ ئه‌م نوسینه‌ ده‌نوسم ، زیاتر بۆ ڕون کردنه‌وه‌ی دیده‌ی خوێنه‌رانی به‌ڕێزه‌ له‌هه‌ر شتێکی تر  .

 ( پاسۆک) وه‌کو حیزبێک له‌ ساڵی 1976 دا ده‌رکه‌وت ؛ په‌رچدانه‌وه‌یه‌کی شکستی هه‌ره‌س و ئاشبه‌تاڵی شۆڕشی ئه‌یلول بو ،  که‌سی ئاگای به‌ویژدان‌ ڕێزی ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ی له‌هه‌مو بارێک بۆ ده‌گرێت .

   هه‌رله‌ و ساڵه‌ش دا ، من که‌سێکی ئاگادارم له‌ هه‌ندێ به‌رخوردی سه‌ره‌تای ئه‌و مێژووه‌ ؛ به‌قه‌ده‌ر بون و توانای خۆم .

 (پاسۆک)  له‌ بیروبۆچون دا جگه‌ له‌بیری نه‌ته‌وه‌یی ، روداوی ڕابوردو ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری کوردی جارسی کردبون ؛ له‌و ماڵ مالێنه‌ی ،  دوای جیابونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی  و سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی چه‌دکداری ئه‌یلول .

 
  ( پاسۆک)  له‌ بنه‌ڕه‌ته‌ (کاژیکی)ه‌که‌یه‌وه‌ ،  ئه‌و به‌شه‌ کزه‌ی ناڕازی بون‌  بوه‌ به‌رامبه‌ر‌ جیابونه‌وه‌ی ساڵی 1964 له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری ئه‌یلول دا و تائه‌وه‌ی گه‌یشت به‌ دوبه‌ره‌ی چه‌سپاوی سوتانی خه‌رمانی ڕه‌نج و خه‌بات ،  به‌ زمانی  خه‌ڵکی ساده‌ به‌ ( جه‌لالی) و ( مه‌لایی) ناو نران  .

   
   (پاسۆک) سستی و ژێماله‌یی کردنی ئه‌ندامانی  (کاژیک) ــ کۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه‌ و یه‌کێتی کورد ـ به‌سه‌ر دوبه‌ره‌ ی (جه‌لالی) و (مه‌لایی) ، دیسان جۆرێک له‌هه‌ڵوێست و تێڕامانی تیا دروست کردبون .

 ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌م دیدو بۆچونی کادیره‌ پێشکه‌توه‌کانی کاژیکیان له‌ سه‌ره‌تای کۆستی هه‌ره‌س و ئاشبه‌تاڵ دا  پێکهێنابو .
 تا ئێستا ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ ی به‌راییانه‌ی (پاسۆک) بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌ ‌.

   له‌وێدا بیری پێکهێنانی  پارتی یه‌ک هاتۆته‌ گۆڕێ‌ بۆ‌ پاکژ کردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی کورد . ئه‌مانه‌ پێڕست و درێژ کردنه‌وه‌ی مێژویی تری ده‌وێت که‌ ئه‌م نوسینه‌ توانای هه‌ڵپێچانی ته‌واوی له‌ هه‌مواردا نیه‌  .

  زۆر لێک دانه‌وه‌ی هه‌نوکه‌یی هه‌یه‌ . به‌رامبه‌ر به‌دیارده‌ی به‌لاداکه‌وتنی زوربه‌ی ئه‌ندامانی پاسۆک به‌لایه‌نی (پارتی) دا ، هه‌ر که‌س ئازاده‌ له‌ بیرو لێکدانه‌وه‌ی خۆی . من ته‌نها یه‌ک لایه‌نی مێژویی ده‌خه‌مه‌ ڕو  خۆم تێی دا ژیاوم، چونکه‌ من ته‌نها له‌و بواره‌وه‌ له‌تێکی شکاوی ئاوێنه‌ی ڕاستیه‌کان لای خۆم شک ده‌به‌م .

 (پاسۆک) وه‌کو حیزبێکی نوێ ، به‌هۆی سیاسه‌تی پاوه‌نخوازی گۆڕه‌پانی شۆڕشه‌وه‌  له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌ موخه‌زره‌مه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری کوردیه‌وه‌ ، توشی ته‌نگ پێ هه‌ڵچنین بو ، هه‌روه‌ها به‌هۆی کوژران و وازهێنانی  سه‌رکرده‌ به‌تواناکانیه‌وه‌ . له‌وێدا ته‌نها پاسۆک بووه‌ حیزبێکی بڕکه‌مرده‌ی ناکام ، که‌مبونه‌وه‌یان بۆ گروپێکی بچوکی ناو باره‌گاو چا کزو خه‌مباره‌کانی سه‌رسنور  ، تائه‌وه‌ی حیزبه‌نه‌یارو نوکته‌ چیه‌کانی ده‌یان گو‌ت ئه‌و حیزبه‌ی به‌( مه‌نجه‌ڵێک پاپراخ تێر ده‌خۆن) ، گاڵته‌یان به‌و سه‌ره‌نجامه‌ ده‌کرد که‌خۆیان خوڵقاندبویان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا به‌پێوانه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ( پاسۆک ) حیزبێک بوو گیانی گه‌نج بونه‌وه‌ یاخی بون  له‌ مێژوی جارسی بزوتنه‌وه‌ی پێسوی کورد و غه‌دری نه‌ته‌وه‌یی دروستی کردبوو ، به‌ڵام ئیتر وای به‌سه‌رهات و بڕی نه‌کرد ئامانجه‌کانی خۆی به‌ئاکام بگه‌یه‌نێت . به‌هه‌ر حاڵ ، نامه‌وێت زیاتر له‌ مه‌به‌ستی باسه‌که‌م دور بکه‌ومه‌وه‌ ، ئه‌ویش دوا سه‌ره‌نجام و چاره‌نوسی ئاینده‌ی( پاسۆک)ه‌ ‌.
له‌بارێکی ئاوا ناجۆردا سه‌کردایه‌تی پاسۆک کورتی هێنابو بۆ سه‌ر دو که‌سایه‌تی له‌دواساتی بزوتنه‌وه‌ی شاخ و به‌رگری چه‌کداری دا .

  ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆیاداوه‌ری خۆم  له‌ ساڵانی ئاشت بونه‌وه‌ی گشتی 1986 به‌دواوه‌ .
   له‌و ده‌مه‌دا( پاسۆک) هاته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانی قۆڕغ کراوی پێشو .
   له‌ پشتی دێی ( مالومه‌) بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی دانا نزیک له‌ دێی ( یاخسه‌مه‌ر) ی بنکه‌ی سه‌رکردایه‌تی ( یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان) و له‌نزیک ئه‌و حیزبه‌وه‌ که‌ له‌ساڵانی 1981 به‌دواوه‌ ، دوای دابڕانی نێوانیان له‌ سۆنگه‌ی دو ڕوداوی خوێناوی ، له‌ دێی ( مامه‌خه‌لان) و ( گه‌ڕه‌دێ) و ده‌رپه‌ڕاندنی پاسۆک بۆ سه‌رسنوره‌کان .

   ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه‌ به‌ته‌نهایه‌ی سه‌رکردایه‌تی ( پاسۆک)  بۆ ئه‌ شوێنه‌ نیشانه‌یه‌کی نزیک بونه‌وه‌ و له‌یه‌ک ئه‌مین بونه‌وه‌ بوو  دسو حیزبی نه‌یاری پێسو، جێگه‌ی تێ ڕامان بو بۆ که‌سانێکی پاسۆک ، به‌وه‌ی چوار پێنج ساڵ بوو به‌وه‌ گۆش ده‌کران که‌ یه‌کێتی پاوه‌ن خوازو که‌م فرسه‌ته‌ .  چۆن له‌‌ ناحه‌زیه‌کی قوڵه‌وه‌‌ له‌ پڕ بون به‌دو دۆستی هێنده‌ متمانه‌داری یه‌کتری ، من یه‌کێک بوم له‌و که‌سه‌ تێڕاماوانه‌ بوم و به‌ئاسانی بۆم قوت نه‌ده‌چو ، چۆن هه‌مو هێلکه‌کان خراونه‌ته‌ نێو سه‌به‌ته‌یه‌کی به‌ر ده‌ستی نه‌یاری دوێنێ .

   کاتێک له‌ ده‌مه‌دا پرسیارم له‌ که‌سی سکرتێر ده‌کرد  ، هه‌میشه‌ وه‌ڵامی ته‌ماوی سه‌رابیانه‌ی ده‌دایه‌وه‌‌ ، یان من وای تێ ده‌گه‌یشتم ، ئه‌وه‌ش دنیای سیاسه‌ت بو ، دیاره‌ من به‌هه‌ڵه‌تێی که‌وت بوم ، هه‌مواری جوت مۆراڵی ، دوروییه‌ کانی ئه‌و دنیایه‌م نه‌ده‌کرد  .

 ئیتر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ نه‌متوانی له‌ وه‌ڵامی گرده‌ بڕ تێر ببم .
له‌وێدا نیه‌گه‌رانیه‌ک به‌ره‌و دوباره‌ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌و موراجه‌عه‌ی کردم .

  ئیتر‌ خۆم ده‌گه‌ڕام به‌دوی تاپۆو تارمایی وه‌ڵامی بن بڕ دا .

 له‌و خاڵه‌وه‌ ، به‌مێژوی دو  سه‌رکرده‌ی ته‌نهاو تاقانه‌ی  ئه‌و حیزبه‌دا یه‌کانگیر بوم ، خولیای چیوه‌ کنه‌کردنی ، ڕاستیه‌کانی ژیانیان بوم  .

 ئه‌وانیش ( حه‌مه‌ مسته‌فا)ناسراو به‌ (ئازاد مسته‌فا) و ( که‌ریم شێخ سه‌لامی به‌رده‌زه‌ردی) ناسراو به‌ ( مولازم که‌ریم) ، یه‌که‌میان  له‌ بنه‌ڕه‌تا کارمه‌ندی ته‌ندروسی بووه‌ له‌پێشه ی شاریدا ، ئه‌وی تریان ئه‌فسه‌رو ده‌رچوی کولێژی پۆلیسی به‌غدا بو .

 ، ئیتر هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی تری دیار له‌ مێژوی 1986و ئاشت بونه‌وه‌ی گشتی و له‌ ته‌نهایی و ده‌ور چۆڵی حیزبه‌ که‌دا له‌و کاته‌دا له‌ گۆڕه‌پانی ئازاد دا له‌ئارادا ‌بون ، دور له‌ دواترو ئێستای .
  له‌و مێژووه‌ قوڵتری ژیانی( ئازاد مسته‌فا)ی سکرتێر ، به‌پێی قسه‌ که‌ره‌که‌ی من و ئاگارێک له‌ چالاکی ئه‌وکاته‌ی  له‌شه‌سته‌کانی ؛ به‌ (جه‌لالی) بون ده‌ست پێ ده‌کات له‌سه‌ر داواو بڕیاری ( کاژیک ) و له‌ حه‌فتا کاندا به‌تایبه‌ت له‌دواکاتی نزیک هه‌ره‌س و ئاشبه‌تاڵ دا له‌نێو پارتی دا بووه‌ وه‌کو جه‌لالیه‌ تێکه‌ڵکراوه‌کانی دوای حه‌فتاکان و وه‌کو کاژیکێک له‌نێو پارتی بووه‌ ، خۆی ئه‌و قۆناصه‌ی بۆ باس کردوم و ، یه‌کێک بووه‌ له‌ وانه‌ی به‌یانه‌ی ناڕه‌زایی کاژیکیان ده‌رکردووه‌ که‌ به‌ به‌یاننامه‌ی پێنجونی کادێره‌ ناڕازی یه‌کانی کاژیک ناوزه‌دا له‌ ئه‌ده‌بیاتی کاژیک دا و له‌سه‌ر ئه‌و به‌یانه‌ له‌هه‌ردولای پارتی و کاژیک تاوانبار بون و ئاشبه‌تیاڵ و میانجگه‌ری هه‌ندێک که‌سی نزیک له‌ باره‌گای بارزانی ملی له‌په‌ت و به‌ندیخانه‌ی ڕایات ڕزگار کردون .

وه‌لێ مێژوی (که‌ریم سه‌لام) به‌ پارتی بون و ئه‌ندام بونی له‌ یه‌کێتی قوتابیان ودواتر به‌ته‌زکیه‌ی حیزبی له‌ ساڵی 1972 دا چۆته‌کۆلێژی پۆلیسی به‌غداو به‌پله‌ی ئه‌فسه‌ری یه‌ک ئه‌ستێره‌ له‌وێ ده‌رچووه‌ ، پاش ساڵیک دامه‌زراندن له کاری ده‌وڵه‌ت دا‌ ساڵی 1974دا و له‌ ئه‌نجامی تێکچونی ڕێکه‌ وتن نامه‌ی ئازاردا چوه‌ته‌وه‌ ڕیزی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد ، له‌وێ بووه‌ به‌جێگری فه‌رمانده‌ی به‌تاڵێۆن له‌ به‌تالێۆنه‌که‌ی( حسه‌ین به‌گی جوانڕۆ)  ،  دوای هه‌ره‌س وه‌کو عائیدون هه‌واڵه‌ی باشوری عێراق کرابوو وه‌کو کارمه‌ندی فه‌رمانگه‌ی نفوس  و تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سلێمانی بۆ سه‌رکاری فه‌رمانگه‌یی به‌هه‌مان پیشه‌ . دواتر ناچارکردنی به‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ ی  بۆ شاخ له‌ ساڵی 1978دا .ئه‌م زانیاریانه‌م له‌خۆی بیستوه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی 1986ـ 1988دا .

   دردۆنگیه‌کی بن که‌وتو ، له‌نێوان ئه‌م دو سه‌رکردیه‌دا  هه‌بوو .
  که‌سانی نزیکیان ده‌یتوانی به‌ ئاسانی بگات به‌ و ڕاستیه‌  ؛  هه‌نذیک جار وه‌کو  گاڵته‌ و پێکه‌نین له‌ڕوی یه‌کداو ، هه‌ندێ جاریش جار  له‌ پاشه‌مله‌و به‌شێوه‌ی بریندار که‌ر . باری دو لایه‌نی ( جه‌لالی) و ( مه‌لایی) وه‌کو تانه‌ توانج له‌ یه‌کتر ده‌دا ، ئه‌م نوسینه‌بواری وردتری به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی وه‌های تیا نابێت .

وه‌ڵی ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی شکستی په‌یامی( نه‌جه‌لالی) و ( نه‌مه‌لایی) بونیان بو ، له‌لای که‌سانی وه‌کو من .

دواتر پاسۆک به‌ کوێ دا گوزه‌ری کرد ؟

به‌هۆی هه‌راشی دور نه‌بینینی ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ پاسۆک له‌ گۆڕه‌پان و پاوه‌نی دا ده‌ژیا ، لایه‌نی (که‌ریم سه‌لام )هه‌میشه‌ ڕوی له‌ گه‌شه‌بوون ده‌نا به‌بێ ویستێکی تایبه‌تی خۆی و کارێزمایبه‌رده‌وام گه‌وره‌تر ده‌بوو ، به‌وه‌ی   که‌سێکی سه‌ربازی و مه‌یدانی بو  ، زیاتر له‌وه‌ی سیاسی و مونه‌زیرێکی حیزبی بێت ، له‌و ڕۆژه‌شدا به‌خت ڕوی له‌و سیفاته‌ بو .
 به‌پێچه‌وانه‌ی ( حه‌مه‌ مسته‌فا)ی سکرتێر ، زیاتر نوسه‌رو ئه‌دیب بو زیاتر له‌ سیاسه‌تیش کادرێکی ناوه‌ندی بو له‌ بزوتنه‌وه‌ی پێشوی داو له‌نێو کایه‌ی جه‌لالی دا  سیاسه‌ت و خه‌باتی کرد بو  ، له‌ کۆپی ئه‌وان بۆ نه‌خشه‌ ڕێگای سیاسی خۆی ده‌گه‌ڕا  ؛ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک ڕیزی تایبه‌تی بۆ بارزانی و  ئیدریسی کوڕی . به‌گشتی‌ سه‌رده‌م و کاته‌کان  یارمه‌تی ( که‌ریم سه‌لام) یان زیاتر ده‌دا ، هه‌روه‌ها نه‌خۆشی و مه‌رگی (حه‌مه‌ مسته‌فا)ش یارمه‌تی ده‌رێکی ناگه‌هان بۆ  (که‌ریم سه‌لام ) ، دور له‌حه‌زی خۆی  ، چونکه‌ له‌ سیاسه‌ت دا خۆی به‌ فێرخوازێکی ئازاد مسته‌فا ده‌زانی .
 
ئه‌وانه‌ مێژویه‌کی پێش نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشوی ئه‌و که‌سه ‌دیارانه‌ن که‌ چاره‌نوسی پارته‌که‌یان که‌وت بووه‌ ده‌ست ، ده‌توانرێت ‌هه‌ندێک ڕێچکه‌ی ئاینده‌ی ئه‌و حیزبه‌ په‌ژمورده‌یه‌ ی پێ ده‌خویندرێته‌وه‌ .

دواتریشی له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ پاش نه‌مانی ( ئازاد مسته‌فا) ، هاتنه‌وه‌ی مولازم(شوان) یش به‌دره‌نگ وه‌ختی ، هیچی له‌وباره‌ نه‌گۆڕی ؛ بگره‌ به‌ره‌ی (که‌ریم سه‌لام)ی پته‌ و تر کرد ، ئه‌و به‌ڕێزه‌ خۆی زیندووه‌ خۆی ده‌توانێت له‌ڕاستیه‌کانی خۆی بدوێت  .
  له‌ دوای ڕاپه‌ڕین بۆ فراوان کردن و پڕ کردنه‌وه‌ی شوێنی چۆڵی سیاسی ( ئازاد مسته‌فا) و باری تایبه‌تی ئه‌وه‌سه‌رده‌مه‌ی حیزب ، که‌سانێکی تری ئاوارته‌ هێنرانه‌ نێو  حیزبه که‌‌وه‌ ، نه‌ک سه‌ر به‌ پارتی بون به‌ڵگو  هه‌ندێکیان له‌ ده‌زگا حه‌ساسه‌کانی ئه‌و حیزبه‌دا له‌ کۆن و ئه‌و کاته‌دا کاریان ده‌کرد ، یان به‌لانی که‌موه‌ داخ له‌دڵه‌کانی یه‌کێتی بون .
  هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ نه‌بانی دور ئه‌ندێشی نه‌کردنی هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی ، وای کرد باگردێنی گرانی پاسۆک بخولێته‌وه‌ بۆ سه‌ر سه‌ربانی پارتی ، ئه‌م باسه‌ ورد کردنه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت به‌ڵام هیوادارم ڕۆشن کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌یه‌ک بێت بۆ سه‌ر ڕاستیه‌کان و ته‌قه‌ی ڕو له‌ تاریکی  ڕوله‌ کۆتای بێت  .

  هه‌روه‌هاده‌کری ئه‌مه پارسه‌نگێک بێت بۆ ئه‌و برا نوسه‌رانه‌ی که‌ به‌ ڕه‌مه‌کی ناتۆره‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌مو ( پاسۆکی کۆن)دا و   هیچ هه‌ڵبواردنێکی تیا ناکه‌ن .

نازانڕیت ئاخۆ هیچ حیزبێکی تر ده‌بێت بتوانێت ، هه‌تا سه‌ر له کایه‌کانی‌ ( جه‌لالی) و ( مه‌لای) بون هه‌تا سه‌ر خۆی بپارێزێت .
ئه‌گه‌ر (نه‌فره‌ت)ه‌ یان (ڕه‌حمه‌ت) ، ئه‌وه‌ده‌گه‌یه‌نێت سه‌رده‌م له‌وه‌ی تێ په‌ڕاندووه ، یان( حیزب)  له‌جیاتی ( خوێ) له‌دژی بۆگه‌ن و خه‌سار بون خۆیشی بۆگه‌نی کردووه‌ .

به‌( ئه‌گه‌ر)ێک کۆتایی به‌م نوسینه‌ دێنم هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر هیچی وای لێ سه‌وزنابێت . 
 
(( ئه‌گه‌ر ئازاد مسته‌فا بمایه‌ ڕێچکه‌ی کاروانی پاسۆک ڕوی له‌ کوێ ده‌بو؟))

5/10/2011
سلێمانی

saidaraf@hotmail.com
نوسینی: سه‌عید عارف باپیر

Previous
Next

Leave a Reply