Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

چیرۆكی كوشتنی هاوڵاتییه‌ك و كه‌مته‌رخه‌می پۆلیس…سازدانی/ كاروان سالار

Be First!
by April 28, 2009 گشتی

چیرۆكی كوشتنی هاوڵاتییه‌ك و كه‌مته‌رخه‌می پۆلیس و دادگا له‌ گرتنی تاوانباراندا، له‌زاری برایه‌كی كوژراوه‌كه‌وه‌

سازدانی/ كاروان سالار:

چیرۆكه‌كانی تاوان و خراپه‌ كارییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا به‌ هۆی ئه‌و دۆخه‌ پاشاگه‌ردانیه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌مانی گرتۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵكشان نه‌بێت ئه‌وا بێگومان ڕوو له‌ دابه‌زین نییه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی له‌ زیادبوونی تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و توندوتیژییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت…!؟

ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و ئیداره‌ی هه‌رێمیش نه‌ك به‌ دواداچوونی جدی و به‌رپرس بۆ ئه‌م پرسانه‌ ئه‌نجام ناده‌ن، به‌ڵكو وه‌ك له‌م ڕووداوه‌ی خواره‌وه‌دا كه‌ برای كه‌سێكی قوربانی بۆمان باس ده‌كات، زۆرجار پۆلیس تاوانباریشی له‌به‌ر ده‌ستدا بووه‌ كه‌چی ده‌سگیری نه‌ كردووه‌، هه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌وڵ و توانایی خۆیی و پاره‌ سه‌رف كردن ماف نه‌سه‌نێته‌وه‌ نه‌ دادگا و نه‌ پۆلیس ئه‌و مافه‌ ناسێنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌م ڕووداوه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ یه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فه‌رمانی گرتنی هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌رمی كاری كردوه‌ و ڕۆژانه‌ش به‌ چه‌ند بازگه‌یه‌كی ئاسایش و پۆلیسدا تێپه‌ڕیووه‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت… وه‌ له‌ئه‌نجامدا برایه‌كی كوژراوه‌كه‌ تاوانباره‌كان ده‌دۆزێته‌وه‌.

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، هاوڵاتییه‌كی شاری سلێمانیه‌ و چیرۆكی كوشتنی براكه‌ی له‌لایه‌ن چوار كه‌سه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ باس ده‌كات: "شه‌وی 27/7/2005 كاتژمێر 10:30 ده‌قیقه‌ به‌ باوكێك وسێ كوڕی له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕێكدا (كارزان)ی برامیان به‌ فیشه‌ك كوشت… له‌ گه‌ڕه‌كی شێخانی شاری سلێمانی…، له‌ پاش كوشتنی بكوژه‌كان كه‌ بریتی بوون له‌ (ع، ك، ش، م) هه‌ڵهاتن و خۆیان حه‌شاردا، به‌ڵام دواتر هه‌ر هه‌مان شه‌و له‌ڕێی كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ پێی وتبوون خۆتان حه‌شار مه‌ده‌ن كارزان نه‌مردووه‌، ئه‌وه‌بوو خۆیان ته‌سلیمی بنكه‌ی پۆلیسی ڕزگاریی كرد…"
محه‌مه‌د درێژه‌ی به‌ باسه‌كه‌ی داو ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆلیس خه‌ریك بووه‌ تاوانباران ئازاد بكات "پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی پۆلیسی بنكه‌كه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ كارزانی برامیان كووشتووه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌سێكی بنكه‌ی پۆلیسی ڕزگارییه‌وه‌ به‌ ڕێكه‌وتن ده‌ربازیان بێت، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی خۆمان (كه‌سوكاری كوژراوه‌كه‌) ئه‌و پیلانه‌مان پوچه‌ڵ كرده‌وه‌…، وه‌ پاش ئه‌وه‌ ته‌سلیمی بنكه‌ی پۆلیسی ئیسكان كران…"

برای كوژراوه‌كه‌ كه‌ ده‌رده‌سه‌ری و واسته‌ی دادگا وه‌رسی كردبوو به‌م جۆره‌ باسه‌كه‌ی درێژ كرده‌وه‌ "پاش دانیشتنه‌كانی دادگا بۆ ماوه‌ی ساڵێك و سێ مانگ ئه‌وه‌بوو له‌دوای ئه‌و فڕو فێڵانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ ئه‌نجامیاندا به‌ پاره‌ دادگا بڕیاریدا به‌ ئازاد كردنی سێ له‌ تاوانباره‌كان و حوكمی دوانزه‌ ساڵ زیندانی به‌سه‌ر یه‌كێكیاندا…، پاش ئه‌م بڕیاره‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ ئێمه‌ش وه‌ك كه‌سی كوژراوه‌كه‌ داوامان له‌ دادگای ته‌میز كرد بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌بڕیاری دادگادا و ئه‌وه‌ بوو هه‌موو به‌ڵگه‌كانمان برد بۆ دادگای ته‌میز، سه‌ره‌نجام خۆش به‌ختانه‌ دادگای ته‌میز پاش دراسه‌كردنی كێشه‌كه‌ بڕیاری سزادانی سێ تاوانباره‌كه‌ی تری ده‌ركرد به‌زیندانی كردنیان بۆ ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵ، كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ دادگای سلێمانیدا له‌ ڕێگه‌ی حاكمه‌كه‌وه‌ به‌ پاره‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ به‌ر درابوون…!؟"

چیرۆكه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و برای كوژراوه‌كه‌ش باس له‌ كه‌مته‌ر خه‌می پۆلیس ده‌كات له‌ ده‌ستگیر كردنه‌وه‌ی تاوانباراندا بۆ ئه‌وه‌ی سزای تاوانه‌كه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندین جار شوێنی تاوانبارانی ده‌ستنیشان كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می پۆلیسه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سێ له‌ تاوانباره‌كان خۆی شوێن پێی هه‌ڵگرتوون و دۆزیونیه‌ته‌وه‌ "پاش بڕیاری دادگای ته‌میز بۆ ده‌ستگیركردنه‌وه‌ی ئه‌و سێ تاوانباره‌ و حوكمدانیان به‌ زیندانی كردنیان بۆ ماوه‌ی دوانزه‌ ساڵ ئه‌وه‌ بوو یه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان به‌ هه‌وڵی خۆمان شوێنیمان ده‌ست نیشان كردو له‌ ڕێگه‌ی بنكه‌ی پۆلیسی ئیسكانه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا، پاش چوار مانگی تر به‌هه‌مان شێوه‌ شوێنی تاوانبارێكی تریانم دۆزییه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی سلێمانی بوو، له‌ ڕێی پۆلیسی سه‌د و چواره‌وه‌ توانیمان ده‌ستگیری بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ته‌نیا یه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان مابوو كه‌ خۆی شاردبۆوه‌ و جێ گۆڕكێی زۆری ده‌كرد و به‌ داخیشه‌وه‌ پۆلیس كه‌مته‌رخه‌م بوو چونكه‌ هیچ به‌دوادا چونێكی بۆ نه‌ده‌كرد و بۆیه‌ زۆر ئه‌زیه‌تی داین"

تاوانباری چواره‌م، پاش ماوه‌یه‌كی زۆر ئینجا ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌رمیش كاری كردووه‌ و ڕۆژانه‌ش به‌ چه‌ندین بازگه‌دا هاتوچۆی كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ فه‌رمانی گرتنی هه‌بووه‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌. محه‌مه‌د، بۆ گرتنی چواره‌م تاوانبار به‌م شێوه‌یه‌ درێژه‌ی دایه‌: "پاش پتر له‌ ساڵێك  و شه‌ش مانگ به‌سه‌ر بڕیاری گرتنه‌وه‌ی و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار بۆخۆم شوێنی تاوانباره‌كه‌م ده‌ستنیشان كرد، وه‌ به‌داخه‌وه‌ پۆلیس هیچ هاوكار نه‌بوو له‌ گرتنیاندا و ته‌نانه‌ت جارێك كه‌ شوێنكه‌یم ده‌ستنیشان كرد له‌ناو گه‌راجێكدا بوو كاتێك به‌ پۆلیسم گووت بۆ گرتنی ده‌یان وت ده‌مانچه‌ی پێیه‌، یان نا!؟ به‌م شێوانه‌ چه‌ند جارێك له‌ده‌ستمان ده‌رباز بوو تا دواجار له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هه‌واڵم پێگه‌یشت كه‌ له‌ كۆمپانیایه‌كی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ قادركه‌ره‌م كارده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ و له‌وه‌ دڵنیا بووم كه‌ له‌وێیه‌، دوای هیلاكیه‌كی زۆر توانیم ئه‌ویش به‌گرت بده‌مه‌وه‌ له‌ ڕێی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ و دواتر هێنرایه‌وه‌ بۆ به‌ندینخانه‌ی معه‌سكه‌ر سه‌لام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان بوو لێره‌دا، ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌م تاوانباره‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فه‌رمانی گرتنی هه‌بوو به‌ڵام له‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌رمی كاری ده‌كرد و ڕۆژانه‌ش به‌ته‌نكه‌ره‌كه‌ی به‌چه‌ندین بازگه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ له‌ كاتی كار كردنه‌كه‌یدا به‌بێ ئه‌وه‌ی پۆلیس هیچ لێی بپرسێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ڕایه‌ی كه‌ پۆلیس هیچ هه‌وڵێكی بۆ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌نه‌داوه‌…؟!"
 
محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، له‌ كۆتایدا له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ده‌ستخۆشی بۆ دادگای ته‌میز و ئه‌وانه‌ی هاوكاربوون له‌ده‌ستگیر كردنه‌وه‌ی تاوانباره‌كاندا، هاوكات ناڕه‌زاییه‌كانیشی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ربڕی "به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا یاسا جێبه‌جێ ناكرێت و ئه‌وه‌ی فه‌قیر بێت و بێ پاره‌بێت مافی ده‌خورێت، چونكه‌ ئێمه‌ له‌م كێشه‌یه‌دا پاره‌یه‌كی زۆر كه‌ زیاتر له‌ سێ ده‌فته‌ر دۆلار مه‌سره‌فمان كردووه‌ تاوه‌كو توانیومانه‌ مافی خۆمان به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ست كه‌وتنی بچوكترین زانیاری له‌سه‌ر شوێنی تاوانباران به‌بێ به‌رامبه‌ر نه‌بووه‌، جگه‌ له‌مه‌ش به‌داخه‌وه‌ لێره‌ پیشه‌ی پارێزه‌ریش بۆته‌ بازرگانی كردن، هه‌ر له‌م كێشه‌یه‌ی ئێمه‌دا پارێزه‌ر هه‌بووه‌ كه‌ پاره‌یه‌كی زۆری وه‌رگرتووه‌ كه‌چی بچوكترین ڕۆڵی نه‌بووه‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌دا…، ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ یاساو خۆشه‌ویستی بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام تا ئێره‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌، وه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ و توانایی خۆمان و پاره‌ سه‌رف كردن مافی بۆ سه‌ندینه‌وه‌ نه‌ك دادگا و پۆلیس، چونكه‌ ئه‌و دوو شوێنه‌ كه‌مته‌رخه‌می زۆری تێدایه‌ و نه‌یتوانیوه‌ به‌ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.

Previous
Next

Leave a Reply