چیرۆكێكی ئه‌به‌دیی له نامه‌یه‌كدا
پێم خۆشه كاتێك ئه‌م نووسینه ده‌خوێنیته‌وه، له خانوویه‌كی قوڕدا بیت، به ته‌نیشت ڕووبارێكی تیژڕه‌و و توڕه‌وه، بیر له هاتنی وه‌رزێكی هێمن بكه‌یته‌وه. له‌م كاته‌دا گوێت له ده‌نگی ئه‌و گه‌ڵایانه بێت، كه (با) ئهیانلهرێنێتهوه، له په‌نجه‌ره‌ی خانووه قوڕه‌كه‌وه منداڵێك ببینیت به قوڕ یاری ده‌كات و شتێكی لێ دروست ده‌كات، كه نه ئینسانه، نه گیانله‌به‌ر. له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا، كتێبخانه‌یه‌كی كۆن له پشته‌وه‌ت بێت، پڕ بێت له ڕۆمانه‌كانی (( تۆڵستۆی و دیستۆیفسكی و چیخۆف و نیكۆلای گۆگۆڵ و نیكۆس و گابرێل گارسیا ماركێز و پاولۆ كۆیلۆ و …))
چه‌ند تابلۆیه‌كی ((ڤان كوخ و بیكاسۆ و دافنشی)) وه‌ك په‌یكه‌رێكی كۆن به‌رانبه‌رت وه‌ستا بن، سه‌مفۆنیایه‌كی ((بتهۆڤن)) ئه‌و ژووره بكاته تێكه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌به‌دی. ئینجا له‌سه‌ر كورسییه‌كی دارین بیت، كورسییه دارینه‌كه له پیرێتی خۆیدا خه‌م له گه‌نجێتی تۆ بخوات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه هه‌ر به خه‌یاڵ جوانن، تۆ وا دانێ به خه‌یاڵ هه‌ر له‌و شوێنه‌ی!.
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و نامانه‌ی ئینسان یه‌كجار بۆی دێت، یه‌كجار بۆی ده‌نووسرێت، یه‌كجار ده‌خوێنرێته‌وه، یه‌كجاریش وه‌ك مردن دێت و ده‌ڕوات.
من به‌رده‌وام حه‌زێكی شه‌ڕكردنم تێدایه، له به‌فر سپی تر و له خوێن سوورتر و له ئاسمان دوورتره، زۆر جار له‌م شه‌ڕانه‌دا دۆڕاو ده‌رده‌چم، به‌رانبه‌ر هه‌موو شته‌كان، ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر خۆشم. من كه‌سێكم زۆرجار بێ په‌یام و زۆرجاریش به‌تاڵ و ته‌نیام، به‌تاڵییه‌كی ترسناك، نه فه‌یله‌سووف و نه پادشا و نه پیاوكوژ و نه چه‌قۆكێش و نه قوماربازه به ئه‌زموونه‌كان لێم تێناگه‌ن، ئه‌شێ ئه‌مه‌ش ئه‌و هونه‌ره نه‌گریسه بێت، كه پێویستییه‌كی زۆری به جاسووس گرتن هه‌بێت، تا كه‌سێك بێت و بیخوێنێته‌وه، ناخۆشترین شت ئه‌وه‌یه، تۆ نووسه‌رێكی بێ قه‌ڵه‌م و بێ خوێنه‌ر بیت. ئێستاش نازانم بۆ ئه‌م نووسینه كاڵ و كرچهم بۆت نووسی.
من تۆ وه‌ك ئینسان ده‌بینم، هونهرێكت تێدایه به‌رانبه‌ر دونیا، تاڕاده‌یه‌ك هی سه‌رده‌می حاجهرییهكانه، هونه‌ر شتێك نییه بیكڕیت، به‌ڵكو هونه‌ر شتێكه پێویسته له قووڵترین چاڵه تاریكه‌كاندا بیدۆزیته‌وه، هه‌یه تا ئه‌به‌د ده‌گه‌ڕێت، به‌لایدا ده‌ڕوات و كه‌چی نایدۆزێته‌وه، نازانم تۆ دهیدۆزیتهتهوه، یان نا؟ یان دۆزیتهتهوه و ونت كردووه؟ یان خۆت ونی و هه‌رگیز نایدۆزیته‌وه. تۆ له هه‌ر شوێنێك بكه‌ویت، عهرشێكی تر دهلهرزێنیت، كه زۆر دووره له‌وه‌ی من ناوم ناوه هونه‌ر.
منیش وه‌ك تۆ كه له‌دایكبووم، ویستم وه‌ك ئیمپراتۆرێكی بچووك دونیا داگیر بكه‌م، پێده‌چێ هی ساده‌یی منداڵیم بێت، وا بیرم كردۆته‌وه به‌رانبه‌ر دونیا، ویستم شۆڕشێكی گه‌وره بكه‌م بۆ مانه‌وه‌ی منداڵیم، به‌ڵام غه‌می من هه‌رگیز له گه‌وره‌بووندا ئه‌و ناسكییهی منداڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆم، تۆش گه‌وره مه‌به، قه‌ت گه‌وره مه‌به، كه گه‌وره‌ش بوویت، خۆت به شته ساده‌كانه‌وه بغڵافێنه، بیر له‌وه بكه‌وه كه دایكت له بازاڕه و چووه بووكهشووشهیهكت بۆ بكڕێت، ئێستاش دره‌نگ نییه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كانت كۆبكه‌یته‌وه و خۆت خه‌ریك بكه‌یت به دونیای شته‌ی بچووكه‌كانه‌وه، هه‌میشه به‌لاغه‌تی منداڵیت با له زمانتا ته‌عبیر له مانه‌وه‌ت بكات، بچۆ بۆ ده‌شته دووره‌كان، ئه‌و په‌پوولانه بدۆزه‌ره‌وه، كه له جانتای منداڵیتا لێت جێ‌ما، به‌دوای ئه‌و ئهدرهسانهدا بگه‌ڕێ، وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌ك له پاش منداڵیتا لێت ونبوو، هه‌موو ڕۆژێك ده‌ست به‌سه‌ر منداڵه‌كاندا بهێنه و پێیان بڵێ : ((گه‌وره‌بوون ڕێگایه‌كه، دیوێكی هێنده نهێنی هه‌یه، كاتێك ده‌ست به دۆزینه‌وه‌ی ده‌كه‌یت، خۆت بوونه‌وه‌رێكی دۆڕاو و ونی ناو كهوكهبێكی دزێوی تری.))
با واز له منداڵی بێنین، به‌ڵام مرۆڤ هه‌ندێ جار هیچ شتێك نییه شانازی پێوه بكات، ته‌نیا ته‌نیاییه‌كه‌ی نه‌بێت، من كارم به‌وه‌وه نییه له كوێدا وه‌ك ته‌نیایه‌ك و له كوێدا وه‌ك كچێكی غروور و وه‌ك كچێكی به‌حه‌یا و له كوێشدا شه‌رمن ده‌رده‌كه‌وی، ئه‌وه كاری من نییه، چه‌ند عه‌جوول و چه‌ند بێ‌باك و چۆن دوور له ئاسمان ده‌ڕوانیت. تۆ ئێستا ئه‌م نووسراوه ده‌خوێنیته‌وه دوایی له حه‌ساره‌كانی ناختا نایشاریته‌وه. دوایی وه‌ك با خلیسكێنه به وشه ڕووخاوهكانم ده‌كه‌یت، یان وه‌ك دڵی جه‌لادێكی گه‌مژه هه‌نجن هه‌نجنی ده‌كه‌یت، ئه‌وه یاسایه‌كی كۆنه، له سێوه‌كه‌ی (حه‌وا)ه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، تۆ ته‌ماشای پۆترێتهكهی خۆت بكه و بڵێ: ((ئای! گه‌مژه‌كان چه‌ند به‌خته‌وه‌رن و ئاقڵه‌كان چه‌ند ترسناك ده‌مرن.)) نازانم ڕه‌ق نووسیومه، یان تووڕه، تۆ ده‌زانیت هه‌ور چه‌ند ڕه‌ق باران داكات، زه‌وی جوانتر بۆی پێده‌كه‌نێت، پێناچێت من فریای هه‌موو شتێك بكه‌وم و ڕوونی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌م نووسینه بۆ تۆ په‌یامێكی ئینسانییه، په‌یامێكه له شێوه‌ی وه‌حییه‌كی بچو‌وكدا، كه تۆ له زه‌مان و عهرشێكی تردا ونت كردووه.
من به‌رده‌وام حه‌زم به‌وه‌یه ئینسانێك له تۆفان و ڕه‌هێڵه سه‌قه‌ته‌كانی دونیا بپارێزم، دونیا فێڵێكی په‌نهان و شاراوه‌ی هه‌یه، ئاخر مرۆڤ زۆر جار سه‌ر له‌م یارییه قۆڕه‌ی دونیا ده‌رناكات، حه‌ز ده‌كه‌م تۆ له‌و یارییه‌دا نه‌دۆڕێیت، به‌ڵكو تۆ سه‌یركه‌رێكی ورد و وریای ناو گۆڕه‌پانه‌كه بیت، كه پێی ده‌ڵێن (دونیا). ئینسان خۆی بوونه‌وه‌رێكی زۆر گه‌مژه‌یه، كه دۆڕا، نه مه‌لائیكه و نه عه‌شره‌ت و نه كتێبه‌كانیش ناتوانن ئه‌و شكسته‌ی چاكبكه‌نه‌وه، ئێوه‌ی كچه عهیارهكان به سێ شت خۆتان ده‌خه‌نه ناو ئه‌و سندووقه‌وه (( پاره، كوڕ، شه‌هاده)).
نا، تۆ قووماربازێكی سهرلێدهرچوو نیت، تا بتوانیت خه‌ته ته‌نكه‌كانی ناو پاره كوڕ و شه‌هاده له‌یه‌ك جیا بكه‌یته‌وه، تۆ هه‌وڵ بده ئینسان بدۆزیته‌وه، چونكی ئینسان خه‌م له هه‌موو شتێك ده‌خوات، ئینسان بیر له ته‌نیایی ده‌ریا و گه‌وره‌یی خودا و جوانیی باڵنده و ناسكیی په‌پووله ده‌كاته‌وه.
ئیشی من نییه، قسه له‌سه‌ر سه‌نعه‌تی عیشق بكه‌م، به‌ڵام قه‌ت به‌و ئاگره یاری مه‌كه، عیشق له‌م وڵاته‌دا شكاوه، شتێكه له‌وه تۆختر و ناچیزتره، تـۆ بتوانی كاتی له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر به‌ریت، تۆش ئه‌وه‌نده به‌ختێكی باشت نابێت، تا كوڕێكی ناو ڕۆمانه گه‌وره‌كان، مامه‌ڵه‌یه‌كی ئینسانانهت له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت و دره‌نگتر بمریت و زیاتر ببینیت، قه‌ت به‌و ڕێگایه‌دا مه‌ڕۆ. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت وشه‌ی (عیشق) بنووسنه‌وه، كه له‌دایكده‌بن، یه‌كسه‌ر ده‌مرن و به كه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه نایه‌ن، هه‌ندێكیان له سه‌فه‌ره درێژه‌كاندا و هه‌ندێكی تریان به دزییه‌وه خۆیان ده‌به‌نه‌وه جێگایه‌ك، كه جگه له نۆڤلێت و شیعری قه‌دیمی شاعیران، هیچی تری لێ نییه، ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت كاره‌كته‌رێكی ناو فیلمێكی درۆزنی عیشق بیت، بڕۆ مردن له (حه‌لاج) بكڕه و جادووی ئه‌و سیحربازانه له مل بكه، كه ده‌یانه‌وێت فێڵ له فریشته‌كان بكه‌ن، نا، تۆ واز له‌و مه‌ته‌ڵه بێنه، تۆ بڕۆ به‌شێوه‌یه‌ك، كه قه‌ده‌ر خۆی قوودره‌تی خۆی له تۆدا تاقی بكاته‌وه، ئه‌زانی هیچ شتێك له جێگای خۆیدا نییه، ته‌نانه‌ت سه‌گه‌كه‌ی بهرماڵیشتان له كاتی خۆیدا ناوه‌ڕێت، لێره هه‌موو شته‌كان تێكچووه، ده‌ستكاریكردنی زیاتر یارییه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆیه تۆ له عهرشێكدایت، به‌رده‌وام ئینسانی ئاڵۆز و تێكشكاو دروست ده‌كات، شوێنێك كه یه‌ك یه‌ك ئینسانه‌كانی تێدا ده‌دۆڕێت، به‌رده‌وام به‌دیار ئه‌و ته‌رمانه‌وه ده‌گریم، من یه‌كجار ده‌گریم، كه گریام، ئیدی بۆ ئه‌به‌د لام ده‌مرن و هه‌رگیز نایه‌نه‌وه بۆ لام، من ده‌مه‌وێت تۆ به‌و ڕێگایهنهدا بڕۆیت، كه به باڵی په‌پووله نه‌خشێنراوه و بازگه‌ی فریشته‌كان سه‌رپه‌رشتی ڕۆشتن و هاتنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ن، بۆ دیوه نادیاره‌كانی عه‌ده‌م، تۆ به ڕێگایه‌كدا بڕۆ، كه پڕ بێت له ئینسانی یاخیی و ڕۆحی ته‌نكی منداڵی و كاسكێتی شاعیره كۆنه‌كان و ئاله‌تی مۆسیقاره‌كان.
من هه‌موو ئه‌م نووسینه‌م به خاتری هیچ شتێك نه‌كردووه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بێت كه نه‌دۆڕێیت، ده‌زانم كه‌مێك ئه‌هلی كتێب و تۆزێكیش ده‌ته‌وێت گوێ بگریت و تۆزقاڵێكیش حه‌ز ده‌كه‌یت ببینیت، من حه‌ز ناكه‌م تۆ بدۆڕێیت، دوایی وه‌ك ئینسانێكی پووچ سه‌یرت ده‌كه‌م، ناتوانم درۆزن بم، من هه‌میشه به‌رانبه‌ر درۆ مه‌یلێكی زۆر ترسنۆكم هه‌بووه، پێده‌چێت ئه‌وه یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی منداڵیی من بێت، به‌رانبه‌ر خوا و شته موقه‌ده‌سه‌كان، من حه‌ز ده‌كه‌م هه‌میشه شه‌ڕێكی بێبه‌رانبه‌ر بۆ ئینسان بكه‌م، به‌لای منه‌وه ئه‌م شه‌ڕه جوانترین شه‌ڕی دونیایه، كه من سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌م، من دوای تۆ سنووری هێزه‌كانم دهگوزامهوه بۆ شوێنێكی تر، بۆ لای مرۆڤێكی تر، ئیدی باكم به دۆڕاندنی تۆ نییه، تۆ كچێكی من حه‌ز ناكه‌م زوو بمریت، ئه‌شێ سه‌دان كتێب هه‌بێت نه‌تخوێندبێته‌وه، ده‌یان سه‌فه‌ر هه‌بێت نه‌تكردبێت له شوێنه عاسییهكاندا، چه‌ندین حكایه‌ت هه‌بێت گوێت لێ نه‌بووبێت، ئه‌و حكایهتانهی گه‌ڵاكان شه‌رم له هاتنی وه‌رزێكی خراپ ده‌كه‌ن و ئه‌ستێره‌كان به‌رده‌بنه‌وه و ده‌بن به تۆزی سه‌ر په‌نجه‌ره‌كانی ئه‌م خاكه نه‌گریسه، به‌ڵام تازه ئێمه ئینسانێك نین، نه موسڵمان و نه كافرێكی مورته‌دی بێدهستنوێژ و نه شێتێكین، نه‌فره‌ت له ((نیچه)) بكه‌ین، ئێمه مرۆڤێكین زۆر جار نازانین سه‌ر به چی ئهدیانێكین، زۆر جار دینی ئێمه زه‌مینی و هه‌ندێ جار ئاسمانییه، خۆشمان وه‌ك قاسیدێك، له‌و بۆشاییه‌ی نێوان ئاسمان و زه‌میندا وه‌ستاوین.
كه چوویته زانكۆ وا دانێ ده‌چیته (قوومارخانه) كێت بینی وه‌ك قووماربازێكی فێڵباز سه‌یری بكه، هه‌میشه گه‌نجه‌كانی زانكۆ، گه‌نجانێكن، له سه‌گ برسیتر و له شه‌یتان زۆرزانتر و له (با) تیژترن، تۆ نابێت تیكه‌یه‌كی چه‌ور و مه‌قاشێكی كۆنی ده‌ستی زه‌مانه بیت له‌و قوومارخانهیهدا، بگره هه‌ندێ له مامۆستاكانیش ئوستاز و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوومارخانه گه‌وره‌یه‌ن، كه وه‌ك ئه‌هریمه‌نێكی بچووك جاروبار پاره و ڕۆح و شه‌ره‌فی خۆیانی تێدا ده‌دۆڕێنن، له‌وێ هه‌موو شتێك هه‌یه، ته‌نیا یه‌ك شتێك نه‌بێت، ئه‌ویش (جوانی)یه!.
تۆ له‌و كچانه مه‌به، هه‌ر جارێك به خه‌یاڵیكی شه‌یتانانه له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیاندا ده‌گۆڕێن، تۆ له‌و كچانه مه‌به، كه به میكیاجێكی تۆخه‌وه ده‌رده‌كه‌ون و ئاوێنه‌یه‌كی بچووك و كۆمه‌ڵێك ئه‌ده‌واتی میكیاج له‌گه‌ڵ جانتاكهیاندا هه‌ڵده‌گرن و وه‌ك سه‌ربازێكی دۆڕاو شه‌ڕی پێ ده‌كه‌ن، من پێت ده‌ڵێم له‌و شه‌ڕانه‌دا سه‌ركه‌وتن جۆرێكه له دۆڕاندن، به‌ڵام له به‌رگێكی تردا، ئه‌و كچانه‌ی شه‌ڕی جوانی ده‌كه‌ن، ئه‌وانه هه‌ندێ جار ئینسان ده‌به‌نه‌وه، به‌ڵام دونیا ده‌دۆڕێنن.
با بیرم نه‌چێت تۆ میكیاجێكی ته‌نك بكه، له‌ساده‌یی خۆته‌وه جوانییه‌كانی خۆت له‌وێوه بدۆزه‌ره‌وه، له ته‌قه‌ی (پاپووچ)ه‌كه‌ته‌وه، بیر له‌وه بكه‌وه، باڵنده‌یه‌كی سركی سه‌ر دارێكی پاییز ههڵنهفڕێنی، جله‌كانت با له كچێكی شاعیر بچێت، زۆر عه‌یار و مووڕهتهب دهرنهكهوی. به‌شداری له‌و سه‌فه‌رانه‌دا مه‌كه له زانكۆدا، چونكه له سهفرهكانی زانكۆدا ناشرینی كه‌شف ده‌بێت، به‌رده‌وامیش جوانی ده‌سوێت.
من حه‌ز ناكه‌م هه‌موو شتێكت پێ بڵێم، وه‌ك داشی شه‌تڕه‌نج مه‌لیك بجووڵێنم، خۆت به‌رده‌وام حه‌ز بكه، جارێ وه‌ك ڕۆمانووسێك و جارێك وه‌ك فیلمساز و جارێكی دی وه‌ك فریشته‌یه‌كی به‌ئه‌زموون ده‌ركه‌وی، له هه‌موو جاره‌كاندا با كتێبێكی بچووك له‌ناو جانتاكه‌تدا بێت، وا بیر بكه‌وه دونیا مه‌ته‌ڵێكی بچووكه، برا بچكۆله‌كه‌ت به‌و مه‌ته‌ڵه پێده‌كه‌نێت.
هه‌وڵ بده جه‌سته‌ت به‌شێوه‌یه‌ك پیشان مه‌ده و ده‌ری مه‌خه، به‌و جۆره‌ی ڕۆحت بكوژێت، چونكی كچ كه جه‌سته‌ی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌رخست، كه خۆی ده‌یه‌وێت، ئه‌وا ڕۆحی ده‌كوژێت، مرۆڤ هه‌ندێ جار ڕۆحی ده‌كوژێت له ڕێگه‌ی جه‌سته‌یه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانێت.
ئینجا هه‌وڵ بده خوشكه بچووكه‌كه‌ت خۆش بوێت و ده‌ست به‌سه‌ریدا بهێنه و بڵێ : ((تۆ به ڕه‌گ ده‌چیته‌وه سه‌ر پاكیزه‌ی مریه‌م.)) خه‌م له ساده‌یی دایكت بخۆ، بیر له‌وه بكه‌وه كه له‌ودیو قوتابخانهكهتانهوه، گۆڕستانێك هه‌یه و مردوویه‌كی تێدایه، نامه‌یه‌كی پێیه و بۆنی ئه‌به‌دییه‌تی لێ دێت، ده‌ست بێنه به‌سه‌ر سه‌گه‌كه‌ی به‌رده‌م ماڵتاندا و پێی بڵێ : (( هه‌رگیز به ئه‌ستێره‌كان مهوهڕێ.)) چونكی زۆربه‌ی شه‌وان له چاوانی تۆوه ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ده‌بینم، له هه‌موو شوێنێكدا بیر بكه‌وه، به خه‌یاڵ شت دروست بكه و پاشان بیانشكێنه و چاكیان بكه‌وه، هه‌ر خه‌یاڵ بكه، هه‌ر به فه‌نتازیا بژی.
ئیدی وابزانم به‌سه، ئه‌زانی چیرۆكێكی عه‌نتیكه‌یه، نا عه‌فوه‌ن ئه‌مه نامه‌یه، نامه‌یه‌ك كه تۆ پێی پێده‌كه‌نیت و ده‌ڵێیت : (( ئه‌م پۆترێته خنجیلانه‌ی من چه‌ند جوانه!)) ئینجا ئه‌گه‌ر پێت خۆش بوو بیدڕێنه، چونكی ئێمه هه‌موومان لاپه‌ڕه‌یه‌كی دڕاوی ده‌ستی زهمانهین، كه هه‌رگیز كۆناكرێینهوه.
سیروان كه‌ریم
+ ئه‌م چیرۆكه له ژماره (79)ی گۆڤاری (هه‌ناردا) بڵاوبۆته‌وه…