Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

چیرۆك.. خەونێكی سەخت

Be First!
by November 30, 2008 چیرۆک

 "چیرۆك".. خەونێكی سەخت
 
 هێمن مەحمود
 Hemnm1979@yahoo.com
 
 (هاوڕێی بەرێزم  ئارام  كاكەی فەلاح  لە ئیمێلێكدا بۆی نوسیوم  هەموو چیرۆك  نوسینێكم  دوو كیلۆ كەم دەكەم، وەها  بڕوات پڕ مشتێكم دەمێنێتەوە…ئەم نوسینە درێژكراوەی ئەو وتەیەی ئەوە)
 
 هەندێ جار دەڵێی لەشاخێكی بەرزەوە فڕێ دەدرێمە خوارەوە، لەجیاتی ئەوەی كە هەست بەوە بكەم هەموو گیانم دەشكێت كەچی هەست بەوەدەكەم شتێكی تازە لەرۆحمەوە دەیەوێت دەربێت، شتێكی تازەی وەها كە ئەو هەستەم لەلا دروستدەكات من سەر بەمەملەكەت و دونیایەكی دیكەم، سەر بەم مەملەكەت و دونیا جەنجاڵە نیم.
 هەندێ سات هەن لەژیانماندا كە تەعبیری لێ ناكرێت، ناتوانرێت بنوسرێتەوە، ناتوانرێت لێی تێبگەین.
 نوسینی چیرۆك ئازارێكی سەختە، هەندێ جار بیری ئەو ئازارە دەكەم و بەدوایدا وێڵم، هەندێ جاریش حەزناكەم بەو ئازارەدا تێپەڕبم و حەزم لەوەیە ئەو ئازارەم نەبێت و هەڵبێم.
 خودایە… ئەوە چ ئازارێكە وەها دەكات بەدوایدا وێڵ بین، وەها دەكات بیریبكەین و رۆح بۆ بەرگەگرتنی رابێنین.
 من دەمەوێت چی بنوسمەوە؟ باس لەچی دەكەم؟ كەسێك كەساڵانێكی دواتر ئەو كاتەی بومەتە خۆڵەمێشی رۆژگار چی لەمن تێدەگات؟.
 نازانم و تا ئێستا وەڵامێكم دەستنەكەوت…
 رۆژگارێكی درێژ بیرم لەنوسین و نەنوسین دەكردەوە، شەوانێكی زۆر هەرچیم دەنوسی دەمدڕی و بێ ئومێدی و بێهودەییەكی زۆر دایدەگرتم.
 نوسین لەنێوان ئومێد و نا ئومێدیدا تەنها مەگەر ئەوانە لێی تێبگەن كە میوانێكی هەمیشەیی نێوان ئەو دووانەن..
 شەوێك دەموت هەموو ئەوانەی نوسراون و ئەوانەی دەینوسین هیچ نین جگە لە خۆفریودان..
 بەیانیەكی زوو كە یادەوەریی كەسێك خەیاڵی داگیردەكردم دەكرد دەموت خودایە چەند حەزم لەنوسینە تا لەم تەنهاییە دەرمبكات و دەستم دەكرد بەنوسین.
 نازانم لە كوێوە دەست پێبكەم؟ لەكوێوە حەرفی ئەو رۆژگارانە كۆكەمەوە كە لەدەستمان چون، لە كوێوە هاوڕێیانم زیندوكەمەوە، لە كوێوە خێزانەكەمان كۆكەمەوە وەك سەردەمی مناڵی .
 من نەخۆشم، نەخۆشی نوسین،نەخۆشی بەر شاشەی كۆمپیوتەرەكەم، نەخۆشی سەر وەرەقەی سپی..ئەو وەرەقانەی كە زۆربەی جار بێ ئەوەی تەنانەت دێڕێكیش بنوسمەوە رەشی دەكەمەوە…
 خودایە..ئەم نەخۆشییە چەند حیكمەتە….ئەم ژانە چەند خۆشی یە…
 من هەموو شتێكم هەیە، هەر لەژنێك كە تا مردن خۆشم دەوێت تاوەكوو خانوو وەزیفە و مناڵێكی جوان و هتد…كەچی هەر تەنهام.
 تەنهام و هیچ شتێك جگە لە نوسین و چیرۆك ناتوانێت تەنهایم چارەسەر بكات…ئای..ئەوە چی نەگبەتیەكە..
 نوسین و چیرۆك و چیرۆك و نوسین..
 نازانم لە كوێوە بنوسم…لە كوێوە دەست پێ بكەم..وەك چۆن ناشزانم لە كوێوە واز بهێنم و لەكوێشەوە دواهەمین خاڵ دابنێم.
 من نازانم باسی چیدەكەم، وەك چۆن نازانم چیش دەنوسم، تەنها شتێك كە بزانم ئەوەیە ژیانی من بێ چیرۆك ، بێ نوسینەوەی چیرۆك ژیانێكی بێ هودە و پوچە..
 هەربۆیە خودای گەورە مەمانكوژە تاوەكو فریای نوسینەوەی هەموو چیرۆكەكان دەكەوم..كە فریاش ناكەوم!
 هاوینی 2008
 

Previous
Next

Leave a Reply