Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

چیرۆك– مرۆڤی واقع بین … عه‌زیز نه‌سین

Be First!
by March 6, 2008 ئەدەب

وه‌رگێڕانی: كه‌ریم تاقانه‌
مامۆستا هه‌میشه‌ له‌ قوتابخانه‌داده‌یگوت:
 – منداڵینه‌، هه‌وڵ بده‌ن واقیع‎بین بـن تا ببن به‌ شتێک..
له‌ ماڵ‎دا، باوک‌و دایکم‌و.. گه‌وره‌تره‌کانیش به‌رده‌وام ئه‌م ڕسته‌یه‌یان ده‌گوته‌وه‌:
 – مرۆڤ ده‌بێ‌ واقیع‎بین بـێ‌ تا ببـێ به‌ شتێک.. به‌ڵام هیچ که‌سێک نه‌یده‌زانی ده‌بێ‌ چ بکه‌ین تـا واقیع‎بین بین. ڕۆژێک له‌ مامۆستام پرســی:
 – مامۆستا، ئه‌رێ چۆن چۆنین واقیع‎بین ده‌بین؟!.
مامۆستا سه‌عاتێکی ڕه‌به‌ق له‌باره‌ی واقیع‎بینی‎یه‌وه‌ قسه‌ی کرد، به‌ڵام نه‌یگوت چۆن ده‌بێ‌ واقیع‎بین بین؛ ئه‌وه‌  بوو هیچم له‌ قسه‌کانی هه‌ڵنه‌کڕاند..
له‌ بابم پرسی.. ئه‌ویش نه‌یتوانی قایلم بکا، ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ ده‌یانزانی، ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌م ڕازه‌ گه‌وره‌یه‌ بدرکێنن.
که‌ له‌ تاقیکردنه‌وه‌دا ده‌رنه‌چووم، هه‌موو پێیان‌ده‌گوتم:
– مرۆڤێکی واقیع‎بین نـــی. 
به‌ڵام ئه‌من بیر ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ تاقیکردنه‌وه‌دا قبووڵ بوون، چــی میدالیایه‌کیان له‌ به‌رۆک‌و سینگ‌ دراوه‌ تا من بێبه‌ش بمێنمه‌وه‌. ئه‌وان بێکارن، ئه‌منیش بێکارم.. ئه‌وان بێ‌پووڵن، ئه‌منیش هه‌روه‌ها.. که‌وایه‌ جیاوازیی نیوان ئێمه‌ چی‎یه‌؟!.
… پێم نایه‌ نێو کۆمه‌ڵگاوه‌ تا ڕه‌نگه‌ له‌وێ‌ په‌ی به‌ ڕازی ((واقیع‎بینی)) ببه‌م؛ به‌ڵام له‌وێش، سه‌رم به‌ر به‌ردی کـه‌وت.
ئه‌من هه‌ر له‌ منداڵی‎یه‌وه‌ لایه‌نگری هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بووم.. پێم خۆش بوو ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئه‌منیش ببمه‌ گۆرانی‎بێژێکی ناسراو. شه‌و‌و ڕۆژ خه‌ریكی ڕاهێنان بووم‌و ئـاوازم ده‌خوێند.. به‌یانیان‌و نیوه‌ڕوان، عه‌سرانه‌‌و شه‌وانه‌.. له‌ ماڵ‎دا، له‌ شه‌قام‎دا، گۆرانیم ده‌خوێند‌و خۆم ڕاده‌هێنا.. دراوسێکانمان لـێ‌هاتنه‌ هه‌ڵڵاو هات‌و هـاوار.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌رکه‌سێکم پێ‌ده‌گه‌یشت، ده‌یگوت:
 – كاكه‌ تـۆ مرۆڤێکی واقیــع‎بیـن نــی، مرۆڤ له‌ ڕێگای گۆرانی گوتنه‌وه‌ نابێ‌ به‌ هیچ!.
 ئه‌وه‌ بوو وازم له‌ گۆرانی گوتن هێنا‌و ده‌ستم دایه‌ شێعر گوتـن.. شه‌و‌و ڕۆژ، به‌یانی‌و ئێواره‌ شێعرم ده‌گوت‌و له‌ دنیای هه‌ست‌و خه‌یـاڵ‎دا ده‌ژیـام.. ئه‌م کاره‌ هیچ که‌سێکی‌ ته‌نگه‌تاو نه‌ده‌کرد‌و ئازاریشی نه‌ده‌گه‌یانده‌ دراوسێکانمان.. به‌ڵام بۆ ئه‌منیش سوودێکی نـه‌بوو؛ هه‌مدیس ده‌یانگوت:
 – تۆ مرۆڤێکی واقیـع‎بیـن نـی.. ئه‌وه‌تا زۆربه‌ی شـاعیران خه‌ریكن له‌ برسان ده‌مرن‌و هیچ‎کامیشیان نابن به‌ هیچ!.
وازم له‌ شاعیرییش هێنا.. عه‌شقی وێنه‌کێشان له‌ که‌لله‌ی دام.. ڕۆژ‌و شه‌و، به‌یانی‌و ئێواره‌ سه‌رقاڵی وێنه‌کێشان بووم.. به‌ڵام هه‌موو لـۆمه‌یان ده‌کردم:
 – تۆ مرۆڤێکی واقیـع‎بیـن نــی.. ساڵانێکی پـێ‌ ده‌چێ‌ تا مرۆڤ وێنه‌کێشێکی چاکی لـێ‌ ده‌ربچـێ‌!..
ئه‌م کاره‌شم خسته‌ لاوه‌‌و وه‌ک ده‌ڵێن سفره‌ی هونــه‌رم کۆ کرده‌وه‌.. دوای بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌و کاری ئــازاد که‌وتم.. به‌ڵام پێت وایه‌ خه‌ڵکی وازیان لـێ‌‌هێنام؟.. نــه‌.. هه‌میسان پێیان ده‌گوتم:
 – تۆ مرۆڤێکی واقیـع‎بیـن نــی، له‌گه‌ڵ ئه‌م باره‌ ئابووری‎یه‌ی وڵات‎دا، چـما ده‌توانی له‌ ڕێگای کارو کاسپیی حه‌ڵاڵ‌و بێ‌شێله‌‌و پێله‌وه‌ ببیه‌ شتێک؟!.. بازرگانی‌و پیشه‌سازی‌و کاسپیش خێرێکیان تـێ‌دا نه‌ماوه‌…
خـۆ ڕاستیشیان ده‌گوت؛ چونکه‌ له‌م کاره‌ش‎دا زۆر زوو هه‌ڵشكام‌و دیسان ماوه‌یه‌ک کاتم به‌ فیڕۆ چوو.
پـــاره‌که‌، به‌ هه‌ر که‌ڵه‌کێک بوو له‌ ئیداره‌یه‌ک‎ دامه‌زرام.. مووچه‌یه‌کی نه‌گۆڕ وه‌رده‌گرم.. ئێستا خه‌یاڵم له‌ ئاست داهاتوودا ڕاحه‌ته‌.. له‌ ئیداره‌دا شێعر ده‌ڵێم.. دوانیوه‌ڕوان که‌ڵک له‌ ته‌عتیلی وه‌رده‌گرم‌و وێنه‌ ده‌کێشم.. شه‌وانه‌ش له‌ کافێ‌‎دا گۆرانی ده‌ڵێم‌و ڕۆژانی حه‌سانه‌وه‌ش خه‌ریکی کڕین‌و فرۆشتن ده‌بم.. له‌ ئاکـام‎دا، هه‌موو پێم ده‌ڵێن که‌ مرۆڤێکی واقیـع‎بیـنم.. ڕاستیش ده‌ڵێن، چونکه‌ له‌ سایه‌ی سه‌ری ئیداره‌وه‌ به‌ گشت کارێکیش‎دا گه‌یشتووم.. مرۆڤ کاتێ‌ که‌ مووچه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی‌و بژی‌و مه‌مره‌ی هه‌بێ‌و خه‌یاڵی له‌مه‌ڕ مه‌عاشه‌وه‌ ئــاسووده‌ بێ‌‌، هه‌ر کارێکی پـێ‌ خۆش بێ‌، ده‌توانێ‌ بیکا.
 ئه‌ی خـۆ له‌خۆڕایی نییه‌ هه‌موو خه‌ڵکی تێ‌ده‌کۆشن هه‌رچۆنێک بووه‌ له‌ ئیداره‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی‎دا کارێک بۆ خۆیـان بدۆزنه‌وه‌‌و دابمه‌زرێن…

 

Previous
Next

Leave a Reply