Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

چیرۆکی دارتاشەکە

Be First!
by February 7, 2012 چیرۆک

 

مەنسور بەرەو کتێبخانەکەی باوکی ڕادەکا، زەرفیکی بچوکی نامەی بەدەستەوەیە”سەد پۆست کارت” دەڵی پەکوو “دەیویست سەد پۆستکارتمان لێبدزێ” دەموچاوی ئارەقە دەرئەدا، بەشی دوایی رێگاکە بە ڕا کردن بڕی،  باوکی لێپرسی” کێ؟” لەکاتێکدا ماشینی حیسابەکەی لەسەر مێزەکە داناو ژمارەیەک لەدەفتەری ژمێریاری نووسی ودەیڕوانیە کوڕەکەی.
“دارتاشەکە”
سولتان بەسەرسورمانی یەوە لێپرسی ، “دارتاشەکە “، “تۆ دڵنیایت؟”
بە لەخۆباییبوونێکەوە وەک ئەوەی لەدەستی مافیایەکی ترسناک رزگاری کردبێ کوڕە ئەسمەرەکە بۆ باوکی دووپاتی دەکاتەوە، سەد پۆست کارت “کاتێ دەیویست بڕوا، شەرمن وشپرزە بوو، لەبەر ئەوەی دوا رۆژی بوو، بیرم نەکردەوە دەگاتە ئەو ڕادەیە، پرسیاری لێکردم ، ئەگەر کارێکی دیکە هەبێ بۆتانی ئەنجامدەم ، گوتی پیویستم بەکارە، گوتم دوایی وەڵامت لێدەگیڕمەوە،  دوای هەموو شتێ ، رەفەکانی دانا، دوایی چاوم بەشتی کەوت لەگیرفانی بەروانکەکەی دا، لێم پرسی ئەوە چی یە؟ بەشپرزەییەوە گوتی چی؟ گوتم ئەوەی لەگیرفانت دایە، گوتی بۆ خۆم هێناومە، گوتم پیشانم بدە، پیشانی نەدام، منیش زەرفەکەم لەگیرفانی دەرهێنا، ئەوەتە لەبەردەمت دایە، بەتەمابوو سەد پۆستکارتمان لێبدزێ، بەڵام پلانەکەی سەری نەگرت، باش چاودێریم کرد”
مەنسور چیرۆکەکەی رازاندەوە، ئەگینا لەکاتێ دانیشتن دا وەک هەمیشە خەوی لێدەکەوت بەڵام کاتێ جەلال دین بەتەمای ڕویشتن بوو لەڕاستی دا عبدور ئەو کوڕەی کە دوکانەکە خاوێن دەکاتەوە، دارتاشەکەی گرت، عبدور دارتاشەکەی بینی کە پۆست کاتەکانی برد، پێی گوت ئەوەی لەگیرفانت دایە ناتەوێ پیشانی مەنسور بدەی، بەڵام جەلال دین بەردەوام بوو لەسەر ڕۆیشتن، ئەو کوڕەی دوکانەکە پاک دەکاتەوە هەژارە لە عەشیرەتی هەزازە لەرووی ئەتنیکی یەوە خوارترین پلەی کۆمەڵایەتیان هەیە لە کابول، زۆر کەمدووە “ئەوەی لەگیرفانت دایە  پیشانی مەنسور بدە” کاتێ بانگی دارتاشەکەی کرد ئیدی لەو دەمە مەنسور کەوتە خۆی و پۆستکارتەکانی لەگیرفانی جەلال دین دەرهێنا، وا ئێستاش دەیەوی ئافەرین لەباوکی وەرگرێ، بەڵام سولتان بەهێمنی بەستەیەک کاغەز هەلئەداتەوەو دەڵێ” ئێستا لەکوێ یە؟”
“ناردمەوە بۆ ماڵەوە، پێم گوت بەئاسانی لێدەرباز نابێ”
*                                    *                                  *
سولتان بێدەنگ دەبێ، بیریدەکەوێتەوە کاتێ کە دارتاشەکە هات بۆ لای لەکتێبخانەکە، خەڵکی هەمان گوند ودراوسێ بوون، جەلال دین لەو رۆژانەوە تاوەکو ئێستا گۆرانی بەسەر نەهاتووە، وەک دارەدەست باریکە، دوو چاوی گەورەی ترسنوکی دەرپەریوی هەیە، لەوانەیە ئێستا لاوازترە لەچاوی جارانەوە، وێرای ئەوەی چل ساڵی تێنەپەراندووە بەڵام بڕبڕەی پشتی چەماوەتەوە، بنەماڵەی جەلال دین هەژارن بەڵام جێگای رێزن، باوکیشی دارتاش بوو بەڵام لەم ساڵانەی دوایی چاوی کز بووە چیتر ناتوانێ کار بکا.
سولتان خوشحاڵ بوو بەوەی ئیش بە جەلال دین راسپێرێ، لەبەر ئەوەی زیرەک بوو لە ئیشەکەی دا، سولتان پیویستی بەرەفی نوێ هەبوو، تائێستاش کتێبەکانی بەشێوەیەکی ئاسایی دانراون، دەکرێ راستەوخۆ لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابنرێن ولەسەر بڕبڕەی پشتی کتێبەکان ناوەکانی بخوێنرێتەوە، کتێبەکانی لەسەر رەفی قەد دیوارەکان دانرابوون، هەندێ سنووقی سەربەخۆی کتێبیشی هەبوو، بەڵام ئێستا پیویستی بەرەفەیە تاوەکو بەشێوەیەکی دروست کتێبەکانی بخاتە روو، پیویستی بەرەفەی خوار هەیە تاوەکو بەتەواوی بەرگی کتێبەکانی بکەوێتە بەر چاوی تەماشاکەر وەک کتێبخانەکانی رۆژئاوای لێبێ، کرێی رۆژانە لەسەر پێنج دۆلاری ئەمریکی رێککەوتن، لەرۆژی دوایی جەلال دین گەڕایەوە، چەکوش وراستەوبسمارو هەندێ تەختەی پێ بوو ژووری پشتەوەی ئەمبار بوو، بوە شوێنی ئیشکردنی جەلال دین، بەدرێژایی رۆژ بسمار دەکوتێ، چوار دەوری رەف وپۆست کارتن، پۆست کارت سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی سولتانە، خۆی دەچێ بۆ پاکستان ولەوێ چاپی دەکا و دواتر بەقازانجێکی زۆر دەیفرۆشێتەوە، سولتان هەمیشە ئەو وێنانەی هەڵدەبژارد کە حەزی لێیەتی، بەبێ ئەوەی بیر لەپارەی وێنەگر یان وێنەکێشەکە بکاتەوە، هەر کە وێنەیەکی بینی یەکسەر ئەیبا بۆ پاکستان وسەرلەنوێ چاپی دەکاتەوە، هەندێ فۆتۆگراف بێ بەرانبەر وێنەی پێئەدەن، پۆست کارتەکان بەباشی دەفرۆشرێ، باشترین کڕیاری ئەو سەربازانەیە کە سەر بە هێزەکانی نیودەوڵەتی پاراستنی ئاشتی ین، سەربازەکان لەکاتێ سوڕانەوەیان بەناوی کابول دا سەردانی کتێبخانەکەی سولتان دەکەن بەمەبەستی کڕێنی پۆست کارت، کارتەکان بریتین لە وێنەی ئافرەتان کە بۆرکایان داپۆشیوە، مناڵان لەسەر زریپۆشەکانا یاری دەکەن،  شاژنەکانی رۆژانی رابوردوو کە جلی ئاواڵەیان پۆشیوە، پەیکەرەکانی بودا لەبامیان پێش ئەوەی تالیبان بیانتەقێنێتەوە، ماینی بۆزکاشی، مناڵ لەجلوبەرگی نیشتمانی تەقلیدی دا، دیمەنی سروشتی وشک، کابول لە پێشان داو کابول لە پاشان دا، سولتان وریا بوو لە هەڵبژاردنی وێنە، سەربازەکان ناچنە دەرەوە  ئەگەر بەستەیەک پۆست کارتیان نەکڕێبێ.
کرێی رۆژانەی جەلال دین دەکاتە بەهای تەواوی ١٥ پۆست کارت، لەژووری پشتەوە پۆست کارتەکان دانراون، سەدان کارت لە هەر وێنەیەک لەنیو جانتا یان لەدەرەوە دانراون، بەلاستیق پێچراون یان بەئاواڵەیی لەو گۆرە دایە،  لەنێو سنووقی کارتوون و لەسەر رەفەکان دانراون.
“دەڵێ سەد کارت” لەگەڵ بیرکردنەوە دا سولتان گوتی تۆ پێت وایە ئەمە یەکەم جارێ بێ؟
“نازانم گوتی دەمویست پارەکەی بدەم بەڵام بیرم چوو”
“بەڵێ لەوانەیە بیەوێ بڕوای پێ بکەین”
“دەبێ کەسێک داوای لێکردبێ بیدزێ” مەنسور دەیگوت ” ئاوا بەو ڕادەیە زیرەک نیە جارێکی تر بیانفرۆشێتەوە، بەدڵنیاییەوە نەیدزیوە هەتا بەدیواردا هەڵیواسێ”.
سولتان جنێو ئەدا، کاتەکەش زۆر نیە بایەی ئەم گرفتە بکا، لەماوەی دوو رۆژدا دەبێ سەفەر بکا بۆ ئێران، ماوەیەکە ئەوە بۆ یەکەم جارە ئاوا بەم شێوەیە ئیشی زۆر بێ و پیویستە بیکا بەڵام دەبێ پێش هەموو شتی لەگەڵ ئەم گرفتەیا مامەڵە بکا .هەرگیز کەس ناتوانێ دزی لە سولتان بکا و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێ.
سولتان گوتی “چاوت لە کتێبخانەکە بێ، دەچم بۆ ماڵەوەیان، دەبێ لەم مەسەلەیە بپێچینەوە تا بنی نەخەکە دەر ئەکەین”رەسولی زاوای لەگەل خۆی دەباو دەڕۆن بۆ گوندی دیە خودایداد، رەسول بە باشی دارتاشەکە دەناسێ.
ئۆتۆمبێلەکە رێگای گوند دەبڕێ و دەچێتە ژوورەوە، تەپۆتۆز دوای خۆی جێدەهێڵێ، دەگەنە ئەو کۆڵانەی کە دەچێ بۆ ماڵی جەلال دین، سولتان بەرەسول دەڵێ”بزانە ،پیویست ناکا کەس ئاگاداری ئەم مەسەلەیە بێ، پیویست ناکا هەموو بنەماڵەکەی ریسوا بن”
دوکانی گوندەکە کەوتوتە گۆشەیەکەوە لەوێ کۆڵانەکە دەڕوا بۆ ماڵی جەلال دین لای دوکانەکە کۆمەڵی پیاو ڕاوەستاون لەنێویاندا فایز وەستاوە کە باوکی جەلال دینە، پێشوازییان لێدەکاو دەستی سولتان دەگوشێ و باوەشی پیا دەکا،  بەخۆشنودییەوە پێیان دەڵێ “فەرموون پیاڵەی چا بخۆنەوە” وادیارە شتێک دەربارەی پۆست کارتەکان نازانێ، پیاوەکانی تریش حەز دەکەن سولتان بدوێنن،  ئەم پیاوە لە ژیاندا لە هیچەوە تەگبیری خۆی کرد تاڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
سولتان گوتی ئێمە جگە لە چاوپێکەوتنی کوڕەکەت هیچی ترمان ناوێ، دەتوانی بیدۆزیەوە. پیاوە پیرەکە دەڕوا لەکاتێ گەڕانەوەی دا کوڕەکەی بەدواویەتی،  جەلال دین بەترس ولەرزەوە تەماشای سولتان دەکا.
سولتان دەڵێ”ئێمە لەدوکان پیویستمان پێتە، دەتوانی بۆ ماوەیەک لەگەڵماندا بێ “
جەلال دینیش ئاماژەی رازیبوونی بۆ دەکا.
کاتێ کە دەڕۆن باوکەکە پێیان دەڵێ”جارێکی دی وەرنەوە بۆ چایخواردنەوە”
*                           *                               *
سولتان بەڕەقی دەڵێ”هۆی سەردانەکەمان دەزانی” کاتێ کە هەردووکیان لەخانەی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە دانیشتبوون ورەسولیش لێدەخوڕێ، ئێستاش لەرێگا دان بەرەو ماڵی مردزجانی پۆلیس کەبرای وەکیلە وەکیلیش زاوای سولتانە. “تەنیا دەمویست سەیری کارتەکان بکەم وبیانگەڕێنمەوە شوێنی خۆیان، دەمویست پیشانی مناڵەکانمی بدەم وێنەگەلێکی جوانن” دارتاشەکە خۆی لەگۆشەکە ناوەو شانەکانی دەلەرێنێتەوە، هەردوو دەستی خستووتە ناو یەک و لەنێو لاقی دایناوە، جار نە جارێکیش نینۆکی دەچەقێنێتە پەنجەکانی بەپەلە قسان دەکاو بەتوڕەییەوە دەڕوانێتە سولتان، سولتانیش لەسەر کوشینەکە دانیشتووەوبەهێمنی پرسیار بارانی دەکا.
“دەمەوێ ژمارەی ئەو کارتانە بزانم کە بردوتە”
“جگە لەو کارتانەی کە دیوتانە، هیچی ترم نەبردووە “
“بڕوات پێ ناکەم”
“ڕاستی یت پێ دەڵێم “
“ئەگەر دان بەوەدا نەنێت کە زۆرترت بردووە، پۆلیست لێ ئاگادار ئەکەمەوە”
دارتاشەکە پەلاماری دەستی سولتان ئەداو ماچ بارانی دەکا، سولتانیش دەستی دەکشێنێتەوە .
“واز لەم رەفتارە هیچە بێنە، خوت گێل مەکە”
“سوێند بەخواو بەشەرەفم، جگە لەوانە کارتی دیکەم نەبردووە، نەمخەرە زیندانەوە، تکات لێدەکەم، پارەکەیت ئەدەمێ، من پیاوێکی بەشەرەفم، بمبورە،  بێ ئەقڵ بووم بمبورە، حەوت مناڵم هەیە، دووان لەکچەکانم بەدەستی ئیفلیجی مناڵانەوە دەناڵێنن، خێزانەکەم زگی هەیە، هیچمان نیە بیخوەین، مناڵەکانم بەدەست برسێتی یەوە دەناڵێنن، هاوسەرەکەم هەموو رۆژی دەگرێ لەبەر ئەوەی داهاتەکەم تێری هەموومان ناکا، لەسەر پەتاتەو سەوزی کوڵاو دەژین، تەنانەت پارەی برنجمان نیە، دایکم پاشماوەی نەخوشخانەو چێشتخانەکان دەهێنێتەوە،  هەندێ جاریش چێشتخانەکان پاشماوەکانیان فرۆشتووە، لەم رۆژانەی دوایی تەنانەت نانمان نیە، هەروا من نانی پێنج مناڵی خۆشکەکەم ئەدەم لەبەر ئەوەی مێردەکەی بێکارە، منیش لەگەڵ باوک ودایکێکی پیروداپیرەم دەژێم”
سولتان دەڵی”ئەوە لای خۆت ماوەتەوە، دانی پیا بنێ کە زۆرت بردووە، بەم شێوەیە ناکەوێتە زیندانەوە”
بەڵام دەمەتەقەکە لە بازنەیەک دا دەسوڕێتەوە، دارتاشەکە هەژاری خۆی دەردەخا، سولتانیش دەیەوێ ئەو دان بەوەدا بنێت کە کارتی زۆری دزیوە هەروا دەیەوێ بزانێ فرۆشتویەتی بەکێ.
شاری کابول یان تێپەڕاند، جارێکی تر گەڕانەوە بۆ گوند، رەسول لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکەیە، رێگایەکە قوڕو چڵپاوە، خەڵکەکە بەپەلەیانە دەیانەوێ پێش رۆژئاوا بگەنە ماڵەوە، چەند سەگێکی بەرەڵلاش شەڕیان لەسەر ئێسک وپروسک، مناڵان بەپێ پەتی ڕادەکەن، ئافرەتێکیش خۆی پێچاوەتە بۆرکاوە هاوسەنگی خۆی لە پشتی پایسکلی مێردەکەی ڕاگرتووە، پیاوێکی پیریش عەرەبانەیەکی پرتقاڵ پاڵدەنێ، بەهوی باران بارینی ئەم رۆژانەی دوایی پێی قوڕاوی بووە، رێگا خۆڵینەکە بۆتە شادەماری میزوزبڵ و پاشماوەی ئاژەڵەکان،  کە باران لەکۆڵانەکانەوە ڕاپێچیان دەکا بەرەو رێگایەکە، رەسول لەبەرانبەر دەرگایەک رادەوەستێ، سولتان پێ دەڵێ برۆ لەدەرگایەکەی بدە، مردزجان دێتە دەرەوەودوای سڵاوکردن داوایان لێئەکا بچنە ژوورەو.
کاتێ پیاوەکان بەقاڵدرمەکەیا سەرکەوتن، گوێبیستی خشەخشی هێمنی تەنورەی ئافرەتان دەبن، ئافرەتانی ماڵەکە خۆیان دەشارنەوە، هەندێکیان لەپشتی دەرگای نێوەکراوەکە ڕادەوستن، مناڵێکی بچوکیش بە تیلەی چاو لەدرزی دەرگایەکەوە دەڕوانێ، ئاخۆ بەم درەنگەشەوە ئەم میوانانە کێ بن، ئافرەتەکان جگە لەکەس وکار نابێ یەکێکی دی چاویان پێبکەوێ، مناڵە گەورەکان چای بۆ میوانەکان دەهێنن کە دایک وخۆشک لەموبەق ئامادەی کردووە.
مردزجان بە چوارمەشقی دانیشتووەو دەڵێ “باشە” جلی تونیکی تەقلیدی لەبەر دایە وشرواڵێکی لنگ بەرین لە پێ دایە، ئەو جلەی کەتالیبان خەڵکی ناچار ئەکرد لەبەریکەن، مردزجان حەزی لەم جل وبەرگەیە، باڵای کورت و قەڵەوە لەنیو جل وبەرگی بەرین هەست بە ئیسراحەت دەکا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئیشەکەیەوە دەبێ جلی لەبەرکا کە حەزی لێنیە ئەویش جلی کۆنی فەرمی پۆلیسی ئەفغانی یە، پێش هاتنی تالیبان لەنێو دوڵابەکەی هەڵیواسیبوو، ئەم جلە تاڕادەیەک تەسک بوو لەبەر خاوەنەکەی دا هەروا قورسیشە، وەک ئەوەی تەنیا تایبەت بێ بەزستان، لەپاشماوەی چنینی ناوخۆ بەرهەم هێنرا بوو، ئەم جلە لەسەر مۆدەی روسی دروست کراوە، زیاتر بۆ سیبریا دەشێ لەوەی بۆ کابول، لە رۆژانی بەهار کە پلەی گەرما دەگاتە ٨٥(فهرنایت) مردزجان لەرێگای چوونی بۆ ئیش ئارەقە دەردەدا.
سولتان بەپەلە هۆی سەردانەکەیان روون دەکاتەوە، مردزجانیش لێدەگەرێ هەر یەکەو بەنۆرەی خوی قسە بکا، وەک ئەوەی قسەکانیان بەراورد بکا، سولتان لەتەنیشتیەوە دانیشتووە، جەلال دینیش لەبەرانبەری دا، مردزجان بەهێمنی وتێگەیشتنەوە سەریان بۆ دەلەقێنێ، گوێ بۆ قسەکانیان رادێرێ، بۆ سولتان وجەلال دین چای دەهێنرێ، هەروا شیرینی توفی کە بەکەرە دروستکراوە لەبەردەمیان دادەنین، ئەوانیش خەریکی قسەکردنن.
مردزجان دەڵێ ” لەبەرژەوەندی خۆت دایە وا باشترە ئەم کێشەیە یەکلابکەیتەوە، نەڕۆین بۆ پۆلیسی ڕاستەقینە”
جەلال دینیش دەڕوانێتە ئەرزەکە ودەستی خۆی دەگوشێ وقسەیەک دەدرکێنێ نەک بۆ سولتان بەڵکو بۆ مردزجان.
“لەوانەیە پێنج سەد کارتم بردبێ، هەمووی لەماڵەوەیە، دەستم پێوە نەداوە دەیانگەڕێنمەوە”
پۆلیسەکە دەڵێ “باشە، منیش لەباتی تۆ بوومایە دەستم پێوە نەدا”
بەڵام سولتان ئەمەی بەس نیە “من دڵنیام تۆ لەوە زیاترت بردووە، ئێستا پێمان بڵێ ! فرۆشتۆتە کێ؟”.
مردزجان دەڵێ”لەبەرژەوەندیت دایە دان بەهەموو شتێک دا بنێ”
بەنیگایەکی ئاڵۆز تەماشای جەلال دین دەکاو دەڵی “ئەگەر کار بگاتە لێپرسینەوەی پۆلیس ئەوا وەکو ئێستا بەهێمنی لەگەڵتا نابین وچای وشیرینی پێشکەشت بکەین”
” بەڵام ئەمە ئەوپەڕی ڕاستی یە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە نەمفرۆشتۆتە کەس”
ئەم ڕستەیە دەڵێ ونیگای دەگوازێتەوە لە نێوان هەردووکیاندا .بەڵام سولتان پەیگیرەو قسەکانی دووبارە دەکاتەوە، کاتێ ئەوە هاتووە بچین بۆ ماڵەوە، ئەوەی لەکاتێ قەدەغەکردنی هاتووچوو بەرچاوبکەوێ دەیگرن، تەنانەت چەند کەسێک کوژران، لەبەر ئەوەی بەهۆی تێپەرینی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە سەربازەکان هەستیان بە مەترسی کرد، بەبێدەنگی سواری ئۆتۆمبیلەکە بوون، رەسول داوا لەدارتاشەکە دەکا راستی بڵی “ئەگەر نە جەلال دین ئەم کێشەیە گەورەوفراوان دەبێ”
کاتێ گەیشتنە ماڵی دارتاشەکە پێ دەڵێن بڕوا کارتەکان ئامادە بکاو بێهێنێ، بەپەلە دەگەرێتەوەو بەستەیەکی بچوکی کارتی پێیە لە نێوشاڵێک پێچراوە کەخاڵی زەردوپرتقاڵی پێوەیە، سولتان پێچراوەکە دەکاتەوە بەسەرسورماوییەوە سەیری وێنەکان دەکا، دوای ئەوەی گەرێندرایەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەویش ئەیخاتە سەر رەفەکان بەڵام سەرەتا دەبێ وەک بەڵگەیەکی دزی کەڵکی لێوەرگرێ، رەسول سولتان دەگەیەنێتە ماڵەوە، دارتاشەکەش بە سیمایەکی شەرمەزار لەو پێچە ڕاوەستاوە کە دەڕوانێتە ماڵەوەیان.
*                                *                                      *
ئیقبال وئیمال کە هەردووکیان کوڕی سولتانن ٤٨٠ کارتیان لەسەر ڕایەخەکە راخستوە ودەیانژمێرن، سولتانیش دەیەوێ ژمارەی ئەو کارتانە بزانێ کە دارتاشەکە دزیویەتی، کارتەکان وێنەی جۆراوجۆرن، لە ژووری پشتەوە بەسەدانی لێدانراوە، ئەگەر بەتەواوەتی بەستەیەکی دیاریکراوی لێنەمێنی، زەحمەتە بزانرێ کەنەماوە، سولتان لەمێشکی خۆی لێکیئەداتەوەو هەڵیدەسەنگێنێ ئاخۆ دەرزەنێک لەبەستە کارتەکان نەماوە، لەوانەیە هەر بەشێکی بردووە، بۆ بەیانی دەبێ بەژمارەکان دا بچێتەوە.
بۆ رۆژی دوایی سەرلەبەیانی سەرلەنوێ دەست دەکەن بە ژماردن، لە پرێکا دارتاشەکە لەبەر دەرگا ڕاوەستاوە وپێش دەرگاکەی گرتووە، زیاتر لەجاران سەرشوڕە، لەناکاو بەرەو سولتان دەچێ وپێی ماچ دەکا، سولتانیش لە ئەرزەکە رایئەپسکێنێ وبە دەنگێکی هێواش پێ دەڵێ “پیاوەکە خۆت کۆ کەرەوە، ئەم پاڕانەوەیە دادت نادا”
دارتاشەکە دەڵێ “بمبورە، بمبورە، بۆت قەرەبوودەکەمەوە، بۆت قەرەبوودەکەمەوە، مناڵی برسی لە ماڵەکەم دایە”
“تائێستاش من لەسەر قسەی خومم، ئەوەی دوێنی پێم گوتی، پارەم لێت ناوێ بەڵکو دەمەوێ بزانم کارتەکانت بەکێ فرۆشتۆوە، ژمارەی کارتەکان چەندە کە بردوتە؟”.
ئەمجارەیان فایز باوکە پیرەکەی جەلال دین ئامادەیە، ئەمیش دەیەوێ بچەمێتەوەو پێ سولتان ماچ بکا بەڵام پێش ئەوەی ئەم کارە بکا سولتان دەیگرێ،  حەز بەبینینی کەسێک ناکا پێڵاوەکەی ماچ بکا نەخواسمە دراوسێیەکی پیر بێ.
“دەبێ ئەوە بزانێ کە بەدرێژایی شەو لێمداوە، زۆر شەرمەزارم، من وا پەروەردەم کرد کە ڕاستگۆوشەریف بێ…بەڵام ئەوەتە ئێستا کوڕەکەم دزە”
فایز لەکاتێکدا ئەم قسانەی کرد، دەیڕوانیە کوڕەکەی کە لەگۆشەی دوکانەکە کوڕماوە، دارتاشە چەماوەکە وەک مناڵێک دێتە پێش چاو کە دزی ودرۆی کرد بێ، دەیویست لەسەری خۆی بدا.
سولتان بەهێمنی فایز لەرووداوەکە ئاگاداردەکاتەوە کە جەلال دین کارتەکانی لەگەڵ خۆی بردۆتەوە بۆ ماڵەوە، ئێستا ئەوەی لێدەوێ کە ژمارەی کارتەکان چەندەو فرۆشتویەتی بە کێ.
فایز بەپاڕانەوە دەڵێ “تاقە رۆژێک مۆڵەتم بدەرێ وای لێئەکەم دان بەهەموو شتێک دابنێ، ئەگەر شتی تر هەبێ کە نەیگوتبێ ” پێڵاوەکەی فایز کە لەسەر پێیەتی بە کۆن دێتە پێش چاو، گۆرەوی لە پێی دا نیە، پانتۆڵەکەی بە پەتێک بەناوقەدیەوە بەستراوە، قۆڵی چاکەتەکەی دەبریسکێتەوە، لەشێوەی کوڕەکەی دایە، تەنیا جیاوازییان ئەوەیە ئەم ئەسمەریکی تۆخترە، قەبارەی بچوکەو کوڕیەکەشی زیاترە، هەردووکیان لاوازو داماون، باوکەکە بەرانبەر سولتان وەستاوەوسولتانیش نازانێ چی لەسەری پیویستە بیکا، هەست بە شپرزەیی دەکا بەرانبەر ئەم پیاوە کە لە جێگای باوکیەتی، دواتر فایز دەجوڵێ، گوێرایەڵانە دەچێ بۆئەمباری کتێبەکان کە کوڕەکەی لەتەنیشتیەوە ڕاوەستاوە، لە چاوتروکانێکدا دەستی بەرزدەبێتەوەو هەر لەوێ لە نێو کتێبخانەکە دەست ئەکات بەلێدانی کوڕەکەی”هیچ وپووچی بێ قیمەت، تۆ پەڵەی شەرمەزاری یت بە نێوچاوانی بنەماڵەکەمانەوە، خۆزگە لەدایک نەبوویتایە، دۆڕاوێ فێڵباز “
باوکەکە لەکاتێکدا لەکوڕەکەی ئەدا دەگریا وبەئەژنۆ لە زگی کوڕەکەی ئەدا بەشەق لەناوگونی، بەهەردوودەست لەپشتی ئەدا، جەلال دینیش تەنیا ڕاوەستاوەو پشتی چەماندۆتەوە، بەهەردوو دەستی سینگی خۆی دەپارێزێ، کەچی باوکی چەماوەتەوە بەسەریا بەڵام لەپرێکا ڕادەکا بۆ دەرەوەی دوکانەکە،  هەر کە سێ هەنگاوی درێژ دوورکەوتەوە، لەخوار قاڵدرمەکانەوە بەرەو شەقامەکە ئاوا بوو، کڵاوەکەی فایز کە لەپیستی بەرخ دروست کراوە کەوتە سەر زەوی، لەگەرمەی شەرا لێکەوت، هەڵیدەگرێ وسەر لەنوێ دەیکاتە سەری، ڕادەوستی وماڵئاوایی لەسولتان دەکاودەڕوا، لەمیانەی شووشەکانەوە سولتان سەیری دەکا کە چۆن لەنگە لەنگ بەرەو پایسکلە کۆنەکەی دەچێ،  تەماشای راست وچەپی خۆی دەکا بەهێمنی رووەو گوند دەڕوا.
دوای ئەوەی کەتۆزی ئەم دیمەنە شپرزەیە نیشتەوە، سولتان دەستی کردەوە بە ژماردن، ئوقرەی لێبرا بوو “چل رۆژ لێرە ئیشی کرد، گریمان هەر رۆژەودوو سەد کارتی بردبێ ئەمە دەکاتە هەشت هەزار کارت، من دڵنیام بەلایەنی کەمەوە هەشت هەزار کارتی دزیوە” ئەمەی گوت دەیڕوانیە مەنسور، ئەویش شانی هەڵتەکاند، دیمەنیکی جەرگبڕە چاو لە دارتاشیکی هەژار بکەیت بەدەستی باوکییەوە لێدان دەخوا، مەنسور مەسەلەی پۆست کارتەکانی زۆر بەلاوە گرنگ نەبوو، بڕوای وا بوو دوای ئەوەی کارتەکانیان گەڕاندەوە ئەم بابەتە نەعلەتیە لەبیر بکرێ، بەپاڕانەوە بە باوکی گوت” جورئەتی تەواوی نیە کارتەکان بفرۆشێ،ئەم بابەتە لەبیر بکە “
” لەوانەیە لەسەر داخوازی یەکێک ئەمەی کردبێ، تۆ خاوەن دوکانەکان ئەناسیت کە دەستنیشانکراوان لە بەرژەوەندی ئێمەیا پۆست کارتمان بۆ بفرۆشن، هەندێ لەوانە ماوەیەکە هیچیان لێ نەکڕیوین، من پێم وایە بڕێکی باشیان لێکڕیوە، لەوانەیە بەنرخیکی هەرزان لەدارتاشەکە کڕێبێتیان، گێلە لەوانەیە بەرانبەر گۆرانیەک پێیان فرۆشتبێ، تۆبڕوات چۆنە؟”
مەنسور جارێکی دیکە شان هەڵدەتەکێنێ، باوکی خۆی دەناسێ، واز ناهێنێ تا وەکو بەدوای شتەکاندا نەڕوا بۆ کۆتایی . هەروا ئەوەش دەزانێ کە باوکی ئەم ئەرکە پێ دەسپێرێ، باوکی سەفەر دەکا بۆ ئێران و مانگێک لەوێ دەمێنێتەوە.
“پێت چۆنە ئەگەر خۆت و مردزجان هەندێ لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە بکەن لەکاتێکدا کە من لێرە نابم ؟ هەقیقەتیش ئاشکرا دەبێ، کەس ناتوانێ دزیم لێبکا”
چاوی خستووتە سەر مەنسورودەڵێ”دەیتوانی هەموو بازرگانیەکەم تێک وپێک بدا” دەڵێ ” بێنە پێش چاوی خۆت هەزاران پۆست کارتم لێبدزێ وبێفرۆشێ بە دوکان وکتێبخانەکانی کابول، ئەوانیش بەنرخێکی هەرزانتر لە نرخی ئێمە بیفرۆشن، لەباتی ئێمە خەڵک دەچێ بەلای ئەواندا، بەم شێوەیە سەربازە کڕیارەکانم لەدەست ئەدەم کە کارتم لێدەکڕن، هەروا هەموو کڕیارانی کتێبیش لە دەست ئەدەم ناوبانگیشم بە خراپە بڵاوئەبێتەوە کە بەنرخێک ئەفرۆشم گرانتر لەخەڵکی دیکە لەکۆتاییش دا ئیفلاس دەکەم”
مەنسور زۆر گوێ ناداتە پێشبینیە خراپەکانی باوکی، توڕەوهەڵچووە لەبەر ئەوەی دوای ڕۆیشتنی باوکی، ئەرکی دیکەی پێ ڕاسپێردراوە بێجگە لەوەی دەبێ هەموو کتێبەکان تۆمار بکا و دەبێ ئەو کتێبە تازانەش وەرگرێ کە خاوەن چاپخانەکان لەپاکستانەوە بۆیان دەنێرن، هەروا ئەو کارە روتینیانە جێ بە جێ بکا کە پیویستە لەسەر هەر کەسی خاوەن کتێبخانە بێ لە کابول، دەبێ ئۆتۆمبێلیش لێخوڕێ هەروا دەبێ کتێب فرۆشیەکەی خۆیشی بکاتەوە، ئەوا ئێستاش رۆڵی پشکێنەری پۆلیس پێ ڕاسپێردراوە.
دەستبەجێ دەڵێ “بایەخ بەفەرمانەکانت ئەدەم” جگە لەمە ناتوانی شتێ تر بڵێ.
“نەرم مەبە، سازش مەکە ” ئەمە دوا قسەکانی سولتان بوو پێش ئەوەی ئەو ئێوارەیە بەفرۆکە بەرەو ئێران سەفەر بکا.
*                                     *                                  *
هەر کە باوکی ڕۆێشت، مەنسور هەموو شتەکانی لەبیر کرد، قۆناغی ئیمانداری دوورووی بەسەر چوو، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی مەزارشەریف، تەنیا هەفتەیەکی خایاند، نوێژ کردنی پێنج جارەی لەرۆژێکدا هیچی نەگۆری، ئەو ڕیشەی کە بەریداوەتەوە دەیخورێ، هەر کەس سەیری بکا وادێتە پێش چاوی کە پەریشانە، دیمەنی خۆی بەدڵ نەبوو بەتایبەتی کاتێ کە جلی( تونیکی) بەرینی تەقلیدی لەبەردا بوو.
“ئەگەر نەتوانم بیر لە بیرکردنەوەی رێگاپێدراو بکەمەوە، دەتوانم هەموو شتێ لەبیر کەم” لەگەڵ خۆی دا ئەمەی گوت، زوو وازی لە ئیمانداری هێنا،  زیارەتەکەشی بەڕابواردن لە قەڵەم دا، دوای ڕۆێشتنی باوکی لەئێوارەی یەکەم دا، لە دوو هاورێیەوە دەعوەتنامەیەکی پێ گەیشت بۆ دەرەوەی ماڵ، بەڵێنێ پێدان کە لەگەڵیاندا بڕوا، بێ ئەوەی بزانێ ئەوان هەندێ ئەلکۆلی ئۆزبەکی وئەرمینیان لەبازاری رەش بەنرخێکی گران کڕیوە .
فرۆشیارە گەڕۆکەکە پێ گوتن “ئەمە باشترین خواردنەوەیە کە هەبێ” کوڕەکان لەبەرانبەر هەر بوتڵێک دا چل دۆلاری ئەمریکیان پێ دا، زۆربەی کڕیارەکانی لەو کوڕە گەنجانە بوون کە لە دەستی سانسۆری سەختی کەس و کار هەڵهاتبوون بۆ ئامێزی خواردنەوە تا مەستی ولەدەستدانی هاوسەنگی، مەنسور پێشتر تامی شەرابی نەکردووە، لە ئیسلام دا خواردنەوە مادەیەکی  زۆرحەرامە،  لەئێواریەکی زوو هاورێیەکانی مەنسور دەست ئەکەن بە خواردنەوە، کۆکتێل ئەکەن وبەردەوام ئەخۆنەوە، دوای ماوەیەکی کورت لەژووری هۆتێلەکە کە پەردەکانی داپۆشراون، لەترسی ماڵەوە بەکرێ گرتویانە، ئەرز لەژیر پێیان دەخولێتەوە، جارێ مەنسور نەچووەتە لایان، سەرەتا دەبێ براکانی بگەیەنێتە ماڵەوە، کاتێ مەنسور گەیشتە لای هاورێیەکانی بینی دادو بێداد دەکەن وهاواریانە دەیانەوێ بازبدەن بەسەر بالکونەکەیا، دوای ئەوەی مەنسور ئەم دیمەنە دەبینێ پەشیمان دەبێتەوەو گفت بەخۆی ئەدا کە نزیکی خواردنەوە نەکەوێ، ئەگەر خواردنەوە وا لە هەردوو هاورێیەکەی کردبێ، بێگومان ئەگەر ئەویش پەشیمان نەبێتەوە هەمان چارەنووسی تووش دەبێ.
*                                *                           *
لەماڵی جەلال دین کەس ناتوانێ بخەوێ، مناڵەکانی لەسەر ئەرزەکە ڕاکشاون،  بەبێدەنگی دەگرین، لەهەموو کاتێکیان خراپتر بیست وچوار سەعاتی رابوردوو بوو، کاتێ کە دەبینن باپیرەیان لەباوکیان دەداوپێ دەڵێ دز، هەموو شمەکی ماڵەکە ژێرەوبان بووە، لەحەوشەدا باوکی جەلال دین لەبازنەیەکی بێکۆتایی دەسورێتەوە “چۆن دەبێ کوڕیکی وام هەبێ ،سەراپا بنەماڵەکەی شەرمەزار کردووە؟ دەستکەوتم چی بوە تا وام بەسەر بێ؟”
کوڕە گەورە بەدبەختەکەی لەسەر حەسیرێک دانیشتووە لەو ماڵەی کە لە ژوورێک پێکهاتووە، لەبەر برینی خوێناوی پشتی ناتوانێ لەسەر پشت ڕاکشێ،  لەبەر ئەوەی باوکی بەگورزێکی ئەستور لێدابوو، دوای لێدانی کوڕەکە لەکتێبخانە هەردووکیان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، باوک بە پایسکل وکوڕیش بەپێ رێگای شارەکەی تێپەراند، جارێکی دی باوکەکە لە کوڕەکەی دا، کوڕەکەش هیچ بەرهەڵستکارییەکی نیشان نەدا، لێدان لە پشتی وجنێویش بەسەروگوێلاکیا،  ئەندامانی خێزانیش بەترسەوە چاویان لێ یانە، ئافرەتەکان مناڵەکانیان دەردەکرد، بەڵام شوێنیکی تر نەبوو بۆێ بڕۆن، خانوەکەیان لە دەوری حەوشەیەکی کراوەدا دروست کراوە، دیوارێکی بەقەراغ جادەکەوەیە، بەدرێژایی دوو دیوارەکەی تر شوێنی دانیشتن هەیە، لە پشتەوەی چەند ژوورێک هەن پەنجەرەکانی بە مشەما گیراون دەکەونە بەرانبەر حەوشەکەوە،  ژووریک بۆ دارتاشەکەوهاوسەرەکەی وحەوت مناڵەکەی، ژوورێکیش بۆ باوک ودایک وداپیرەی، ژوورێکی تر بۆ خۆشکەکەی ومێردەکەی وپێنج مناڵەکەیان،  ژوورێکی دیکە بۆ مۆبەق وجێگای خواردن تیایدا تەنورێک لەهەناوی ئەرزەکە دروست کراوەوهەروا سۆپایەکی بریموس هەندێ رەفەی تیایە،  مناڵەکانی دارتاشەکە لەسەر باوەڵێک دەخەون کە لە پەڕوی دڕاووپاشماوەی قوماش دروست کراوە تەنانەت هەندێ شوێنی بە کارتون و پارچە نایلون گیراوە، هەردوو کچە ئیفلیجەکەشی لەسەر لاقی لاریان عەکازەیان داناوە، لەکاتێ ڕۆیشتن لەبن هەنگڵیان دادەنێن، مناڵەکانی دیکەش ئەگزیمایان هەیە لەجۆری بەد، بەبەردەوامی زیپکەی خوێناوی دەخورێنن.
لە جەولەی دووەم دا هەردوو هاورێیەکەی سولتان شەیتان لەکەلەیان ئەدا،  لەوسەری شاریشەوە مناڵەکانی دارتاش خەو دەیانباتەوە.
*                        *                        *
دوای سەفەرەکەی باوکی بەرۆژێک، بۆ بەیانیەکەی مەنسور لەخەو هەڵدەستێ،  هەست بەسەربەستی دەکات، ئەوا ئێستا ئازادە، چاویلکە رەشەکانی دەخاتە سەر چاوی، ئەو چاویلکەی کە لە زیارەتەکەی بۆ مەزارشەریف کڕێ،  بەئۆتۆمبێلەکەی شاری کابول تەی دەکا، بەتوندی شەست میل لەسەعاتێک دا لێخوڕی، بەقەراغ کەری بارکراووکۆمەڵی بزنی پیس وسواڵکەروسەربازی نیزامی ئەڵمانی تێپەرێ، کاتێ کە پەنجەی بۆ ئەڵمانەکان درێژ کرد،  ئۆتۆمبێلەکەی کەوتە چاڵێکی سەر رێگاکەوە، بۆیە پرتەو بۆڵە دەکاوجنێو ئەدا،  پیادەڕەوەکانیش لەپێش ئۆتۆمبێلەکەی باز ئەدەن، بەدوای خۆی دا گەڕەکەکانی کابول جێدەهێڵێ کە لە مۆزائێکی سەرسورهێنەرووێرانەی جەنگ وخانووی رووخاو پێکهاتوون، دەچێتە گەڕەکێکی تری هاوچەشن.
سولتان پێگوتبوو”دەبێ ئەنجامی کردەوەکانی خۆت قبوڵ بکەیت، بەم شێوەیە ئەخلاقت ڕاست دەبێتەوە” مەنسوریش بەگاڵتەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی سەری بائەدا، لەمەولا رەسول دەتوانێ جانتا هەڵگرێ ونامە وەرگرێ، لەمەولا مەنسور دەبێ بایەخ بەخۆی بدا تا وەکو باوکی دەگەڕێتەوە، جگە لە گەیاندنی براکانی بۆ سەر کار کاتێ بەیانیان هیچی تری نەکرد ئەویش هەتا زمانی لێندەن، ئەو کەسەی مەنسور لێبترسێ باوکیەتی، لەحزوری باوکیا جورئەتی نیە نارەزایەتی دەربرێ، ئەو تەنیا کەسێکە رێزی لێبگرێ و دانیپیابنێ، بەلایەنی کەمەوە ئەگەر ئامادە بێ .
ئاواتی مەنسور ناسینی ئافرەتانە، ئەم مەسەلەیەش لەکابول ئاسان نیە،زۆربەی خێزانەکان چاودێرێ کچەکانیان دەکەن وەک ئەوەی چاودێری گەنجینە بکەن،  لەپرێکدا بیریکی خۆش بەمێشکیا دێ ئەویش ئەوەیە بچێتە خولیکی سەرەتایی ناوەختی فێر بوونی زمانی ئینگلیزی، زمانە ئینگیزیەکەی مەنسور باشە لەبەر ئەوەی لەپاکستان خوێندویەتی، بەهەڵەدا نەچوو بوو، هەر لەکۆتایی وانەی یەکەمدا چاوی کەوتە سەر کچێک کە لەوانیتر باشتر بوو، دەیەوێ بەوریاییەوە قسەی لەگەڵ بکا، جارێکیان کچەکە رێگای پێدا کە بیگەێەنێتە ماڵەوە،  مەنسوریش داوای لێکرد سەردانی کتێبخانەکەیان بکا بەڵام هەرگیز نەهات،  رۆژێکیان کچەکە چی دیکە ئامادە نەبوو لە پۆلی فیربوونی زمانی ئیگلیزی دا،  مەنسوریش نەیتوانی پەیوەندی پێوەی بکا، هەستی کرد شتێکی لەدەست داوە،  پێش هەموو شتێک زۆر بەداخەوە بوو کە چیتر نەهات لەکاتێکدا زۆر حەزی لێبوو زمانی ئینگلیزی فێر بێ.
بەپەلە کچە قوتابیەکەی زمانی ئینگلیزیی لەبیر کرد، لەژیانی مەنسوردا هیچ شتێکی راستەقینەو بەردەوام نیە، لەم بەهارە جارێکیان داوەتیان کردبوو بۆ ئاهەنگێگ لە دەرەوەی کابول، هەندێک لە ناسیاوانی ماڵیکیان بەکرێ گرتبوو،  خاوەن ماڵەکەش لەباغچەی بەری ماڵەکە پاسەوانیان لێکردبوو.
لەرۆژی دوایی هاورێیەکی بە خرۆشەوە مەنسور ئاگادار دەکاتەوە.
“کوڵاژدمێکی ووشککراوەیان دەکێشا”
“کوتایان تا وەکو ببێتە ئاردێکی نەرم، لەگەڵ توتن دا تێکەڵیان کرد ئیدی مەزاجیان بەرزبوەوە بەڵام مەزاجێکی نەختی توڕە”
مەنسوریش بەسەرسورمانەوە گوێ لە قسەکەی رادەگرێ.
رۆژێکیان سولتان نامەیەک دەنێرێ و تیایدا دەڵێ، سبەینێ لەماڵەوە دەبم،  مەنسوریش دەستبەجێ واز لە ژیانی ژەهراوی دێنێ، ئەو ئیشانەی باوکی داوای لێکردبوو هیچی جێ بە جێ نەکردووە، کتێبەکانی ریز نەکردووە ژووری پشتەوەی رێکنەخستووە، بەدەنگی داخوازیە نوێیەکانەوە نەچووە، هێشتا ئەو سنووقە کتێبانەی وەرنەگرتووە کەلە ئەمباری گواستنەوە کەڵەکە کراون،  سەبارەت بە دارتاشەکەش خولەکێک بیری لێنەکردۆتەو لێکۆڵینەوە دەربارەی بکا.
شەریفەی دایکی دەستبەرداری شەر نابێ لە گەڵیدا “کوڕم چیت بەسەر هاتووە نەخۆشێ؟”
بەشانازییەوە دەڵێ ” نە هیچم نیە”
بەڵام دایکی شەڕە دەنووکی لەگەڵ دەکا ئەویش پێ دەڵێ “دەمت داخە ئەڵێ ئاودەستە، بگەڕێرەوە بۆ پاکستان” مەنسور رووبەرووی هاوار دەکا ” لەو کاتەی گەڕایتەوە ئێرە، هەموو شتێکت وێران کرد “
شەریفە دەست ئەکاتە گریان “چۆن دەبێ مناڵەکانم وابن، چیم کردووە تاوەکو خۆشیان بەچارەی دایکیان نێ؟” شەریفە هاوار دەکاو دەقیژێنێ بەسەر مناڵەکانیا،   لەتیفە دەست ئەکاتە گریان، بیبی غول کەدایکی سولتانە خۆی دەجوڵێنێ بەملاو بەلادا، سۆنیا کە ژنی دووەمی سولتانە کورپەکەی خۆی کە لەتیفەیە هێور دەکاتەوە، لەیلا کە نۆزدە سال تەمەنیەتی خۆشکی بچوکی سولتانە خەریکی جل شووشتنە، مەنسور بەتوندی دەرگای ژوورەکە پێوە ئەدا و ئەچێتە ئەو ژوورەی کە خۆی و یونسی مامی هاوبەشن تیایدا، یونس لەسەر جێگایەکەی پرخەی دێ، تووشی پەتای ئیلتهابی جگەر بووە، بەدرێژایی رۆژ لەسەر جێگایەو حەب قووت ئەدا، چاوەکانی ڕەنگی زەردیان لێنیشتووە، لەهەموو کاتێ زیاتر خەمناک وڕەنگ پەریوە.
کاتێ کە لە رۆژی دوایی سولتان دەگەڕێتەوە، مەنسور زۆر بێئۆقرە دەبێ، خۆی لەسەیرکردنی هەردوو چاوی تیژی باوکی دەپارێزێ، بەڵام بەهەر حاڵ پیویستی بەوە نیە زۆر بێئۆقرە بێ، لەبەر ئەوەی ئێستا سولتان بەتەواوی بایەخەوە سەرنجی سۆنیا ژنە بچکۆڵەکەی ئەدا، لەرۆژی دوایی کاتێ لە کتێبخانەکە بوون باوکی لێپرسی ئاخۆ چیکردووە سەبارەت بەو کارانەی پێ راسپێردرابوو، پێش ئەوەی مەنسور بپرژێتە سەر وەڵامدانەوە، باوکی دەستی کرد بە پێدانی فەرمانی نوێ .
سەفەرەکەی سولتان بۆ ئێران زۆر سەرکەوتووبوو، سەرلەنوێ پەیوەندیی کردبوو بە کۆنە بازرگاکانەوە، بەم زووانە کارتونی کتێبی فارسی بەدوای یەکدا دەگەنە کابول بەڵام ئەو شتەی کە بیری نەچوو بوو مەسەلەی دارتاشەکەیە .
سولتان بە دووچاوی زەق دەڕوانێتە کوڕەکەی “تائێستا هیچت نەدۆزیوەتەوە “
پیویستە لەسەرت هەر سبەینێ بچی پۆلیسی لێ ئاگادار بکەیتەوە، باوکی گوتی لە ماوەی رۆژێک دا دان بە هەموو شتێک دادەنێ، ئەوە مانگێک تێپەر بوو، لە پاکستان گەرامەوە، هێشتا نەخراوەتە زیندانەوە، بەهەرەشەوە دەڵێ ” تۆ کوڕی من نییت” بەزمانیکی ناشرینی هەڕەشەئامێز دەڵێ “ئەوەی دزی لە من بکا،  هەرگیز بەختەوەری بەخۆیەوە نابینێ “
*                            *                         *
بۆ سبەینێ دوای ئەوەی کە تاریکی ڕەوییەوە، دوو ژن لەگەڵ دوو مناڵدا لەدەرگای ماڵی سولتان خان ئەدەن لەیلاش بەتەمبەڵییەوە دەرگایان لێدەکاتەوە،  دەمێک پێدەچێ تا بۆ لەیلا دەرئەکەوێ کە داپیرەو مامۆژنی دارتاشەکەن ودوو مناڵیان لەگەڵ خۆیاندا هیناوە .
دەڵێن “تکاتان لێ دەکەین بمانبورن، بمانبورن تکاتان لێدەکەین ” خاتری خوا بمانبورن دەگرین، داپیرەکە تەمەنی نزیکەی نەوەد ساڵە، قەبارەی بچووکە،  پەژموردەیە، دەم وچاوی لە چڕوچاوی مشک دەچێ، چەنەیەکی مووداری نوکنی هەیە ،داپیرەی دارتاشەکەیە لە باوکەوە، هەر ئەم بوو لە هەفتەکانی رابوردوودا دەیویست نەوەکەی راستیەکان بۆی بدرکێنێ .
“هیچمان نیە لەسەری بژین برسێتی بڕستی لێبریوین، بڕواننە ئەم دوو مناڵە،  پارەی پۆست کارتەکان قەرەبوو دەکەینەوە “
لەیلا داوای لێکردن بێنە ژوورەو داپیرە پیرەکە لە شێوەی مشک خۆی دەخاتە سەر پێی ئافرەتەکان، خێزانەکە لەدەنگی هات و هاوار بەخەبەر هاتن، چوونە ژوورەوە، ئەوانیش زۆر شپرزەبوون بەرانبەر بەم بەدبەختی یە کە وەک هەوای سارد خۆی کرد بە ژوورا، هەردوو ئافرەتەکە کوڕێکی دوو ساڵانەو کچێک لە ئیفلیجەکان لەگەڵ خۆیاندا هینا بوون، مناڵە ئیفلیجەکە زۆر بەزەحمەت لەسەر ئەرزەکە دائەنیشێ، لاقە ووشکبوەکەی تووشی ئیفلیجی هاتووە بەعەکازەکەیەوە هەڵواسراوە، بەهێمنی و ویقارەوە دانیشتوەو گوێ بۆ گفتوگۆی دەوروبەری هەلخستووە.
کاتێ پۆلیس بەسەر ماڵەوەیان دادا جەلال دین لە ماڵەوە نە بوو، بۆیە لەباتی ئەو باوک وبراکەیان برد، گوتیان بۆ رۆژی دوایی دێنەوە جەلال دین ئەبەن،  بەدرێژایی شەو کەس خەوی لێنەکەوت، لەبەرەبەیان پێش ئەوەی پۆلیس بگەڕێتەوە، هەردوو ئافرەتە بەتەمەنەکە وەک نوێنەری هەموو ئەندامانی خێزان کەوتنە رێ بەمەبەستی وەدەستهینانی مەرحەمەت ولێبوردنی سولتان.
“ئەگەر شتێکی دزیوە، هەژاری خێزانەکەی پاڵیپێوە ناوە، بڕوانە مناڵەکانی وەکو چولەکە لاوازن، جل وبەرگی پیویستیان نیە، هیچیان نیە بیخۆن “
لەگەڕەکی مایکرورایون دڵەکان رەحمەتیان لێدەباری، بەڵام سەردانەکەیان جگە لەبەزەیی ئەنجامێکی دیکەی نەبوو، کاتێ سولتان بڕیاری شتێک بدا،  ئافرەتەکانی خێزانی خان ناتوانن هیچ کارێ بکەن بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەکە پەیوەست بێ بە کتێبخانەکەوە.
ئافرەتەکان بە دوو ژنەکەیان گوت “حەزمان کرد یارمەتیتان بدەین، ئەوەی لەدەستمان بێ بیکەین بەڵام سولتان بڕیاردەرە”
“سولتانیش لە ماڵەوە نیە”
هەردوو ژنەکە دەست ئەکەنە گریان و هات و هاوار، دەزانن قسەکانیان ڕاستە بەڵام ناتوانن خۆیان بێ هیوا بکەن . لەیلا دێتە ژوورەوە قاپێک هێلکەورۆن ونانی تازەی پێ یە دەیداتە ژنەکان هەروا شیری کوڵاو بۆ مناڵەکان دەهێنی،  کاتێ کە مەنسور دێتە ژوورەوە، هەردوو ژنەکە پڕی پێی ئەدەن ماچی بکەن، ئەویش بە تێهەڵدان دووریان دەخاتەوە، دەزانن کە ئەو کوڕە گەورەی باوکیەتی لە غیابی باوکی دا ئەو جڵەوی کۆنتروڵکردنی شتەکان لەدەست دەگرێ، بەڵام مەنسور بڕیاری دابوو ئەو کارە بکا کە باوکی داوای لێکردووە.
داپیرە بەگریانەوە هاوار دەکا ” لەو رۆژەی سولتان دەستی بەسەر کەرەستەکانی جەلال دین دا گرتووە، چی دیکە ناتوانێ کار بکا، ئەوە چەند هەفتەیەکە هیچمان نەخواردووە، تامی شەکرمان بیرچووتەوە” ، ” ئەو برنجەی کە دەیکڕین لەوانەیە بۆگەنی کردبێ، مناڵەکانی رۆژ لەدوای رۆژ لاواز دەبن، بڕوانە ئەم دوو مناڵە هەر پێست و ئێسکن، باوکی جەلال دین هەموو رۆژی لەکوڕەکەی ئەدا، رۆژی لەرۆژان هەرگیز بیرم نەکردوتەوە کە من دز پەروەردە دەکەم” داپیرە ئەمەی گوت، ئافرەتانی مایکرورایون بەڵێنیان پێئەدەن، ئەوەی لەدەستیان بێ بیکەن تاوەکو سولتان رازی بکەن، گەر چی پێشوەخت دەیانزانی هیچ شتێک سودی نیە .
لەکاتێکدا داپیرەو مامۆژن لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیا رێگایان گرتە بەر بەرەو گوند، پۆلیس ئامادە بوو، جەلال دین یان قوڵبەست کرد، دوای نیوەرۆ مەنسوریان وەک شایەد بانگ کرد، لە تەنیشت دادوەرەوە لەسەر کورسی یەک دانیشت، لاقی خستە سەر یەک، حەوت پیاو گوێ لە لێپرسینەوەکە دەگرن ،کورسیەکان بەش ناکەن بۆیە دووانیان لەسەر کورسییەک دائەنیشن،  دارتاشەکەش لەسەر ئەرزەکە دانیشتووە، کۆمەڵێکی تیکەڵ وپێکەڵن، هەندێ پۆلیس قاتی فەرمی قورسی زستانەیان لەبەرە کە ڕەنگی خوڵەمێشی یە هەندێکی تریان جل وبەرگی تەقلیدیان لەبەرە، ئەوانی تریش جلی سەوزی پۆلیسی جەنگیان لەبەرە، زۆر کێشە هەیە لەم ئوفیسە چارەسەر ناکرێ، بۆیە دزینی پۆست کارت مەسەلەیەکی ترسناکە، پۆلیسێک لەتەک دەرگاکە ڕاوەستاوە نازانی سەر بە ژوورەوەیە یاخود سەر بە دەرەوە .
گەورەی دادوەرەکان گوتی” پیویستە لەسەرت پێمان بڵێ کارتەکانت بەكێ فرۆشتوە، ئەگەر نە دەتنێرین بۆ زیندانی ناوەندی “.
ووشەی “زیندانی ناوەندی ” ترس ولەرز بەژوورەکەیا بڵاو دەکاتەوە، زیندانی ناوەندی ئەو شوێنەیە کە تاوانبارە ڕاستەقینەکان لەخۆ دەگرێ، دارتاشەکە لەسەر ئەرزەکە خاو دەبێتەوە، وادێتە پێش چاو کە بێ هیوایە، دەستەکانی دەگوشی،  ئەو دەستانەی کە ئیشی دارتاشیان پێدەکا، هەزاران قونچکەو شوێنی برینی پێوەیە، لەژێر ئەو تیشکە خۆرەی کە لە پەنجەرەکە دێتە ژوورەوە، دەکرێ بەروونی قونجکە و شوێن برینەکانی دەستی ببینرێ کەلەئاکامی بەکارهێنانی چەقۆومنشارودرێلەوە وایلێهاتووە، وەک بڵێت لە باتی دەم و چاو دەست نوێنەرایەتی یی دەکا، ئێستاش هەر حەوت پیاوەکە لە دەستەکانی ورد دەبنەوە،  وەک ئەوەی کێشەکە پەیوەندی بەدەستیەوە هەبێ نەک بە خودی خۆیەوە، دوای ماوەیەک بردیان بۆ زیندانیکی بچوک، پانتایەکەی دە پێی چوار گۆشەیە بەشێوەیەک دروست کراوە کە ناتوانێ تیا بوەستێ، ئەوەی پێبکرێ چەماندنەوەیە یاخود دانیشتنە وخەوتنی بەگڵوڵە .
چارەنووسی جەلال دین ئێستا لە مشتی بنەماڵەی مەنسور دایە، ئەوان دەتوانن واز لە سکاڵاکەیان بهێنن یا خود وەکو خۆی بیهێڵنەوە، ئەگەر دەست لە سکاڵاکەیان هەڵنەگرن، ئەوە دەست بە دەست بە دامودەزگاکان دەڕوا، ئیدی درەنگە ئازادی بکەن، دواتر پۆلیس بڕیاری حوکمی لەسەر ئەدەن.
گەورەی دادوەرەکان دەڵێ “ئێمە دەتوانین ٧٢ سەعات لێرە بیهێڵینەوە، دواتر ئێوەش بڕیاری خۆتان یەکلایی کەنەوە “
ئەو پێوایە جەلال دین دەبێ سزای خۆی وەرگرێ لەبەر ئەوەی هەژاری پاساو نیە بۆ دزی .
دادوەرەکە نێوبانگی چاکی هەیە، لەگەڵ مەنسوردا کەوتە گفتوگۆ، کاتێ کەمەنسور لێپرسی ئاکامی ئەم کارە بەکوێ دەگا ” خەڵکی هەژار زۆرە ئەگەر بەهۆی تاوانەوە سزا نەدرێن ئەوا کۆمەڵگا بەگشتی هەڵدەوەشێتەوە، کاتێ کە سەرپێچی لەیاسا دەکرێ زۆر گرنگە ئێمە نموونە بدەین بەدەستەوە ” مەنسور کاتێ کە دڵنیا بوو جەلال دین لەوانەیە بەهۆی دزینی پۆست کارتەکانەوە شەش ساڵ زیندانی بەر کەوێ، بیری لە مناڵەکانی دەکردەوە نیگای برسی یان جل وبەرگی دڕاویان هەروا بیر لە ژیانی تایبەتی خۆیشی دەکاتەوە کە چەند ئاسانە،  دەتوانێ لە تاقە رۆژێکدا خەرجی مانگانەی خێزانی دارتاشەکە سەرف بکا .
دەستەیەک گوڵی دەستکرد نێوەی مێزەکەی داگیر کرد بوو، ئەو گوڵانەی کە زۆر لەمێژە چینێکی تۆزی لێنیشتووە، لەگەڵ ئەوەش دا درەخشانەوەیەک بەخشیبوە ژوورەکە، وادیارە پیاوانی پۆلیسی گوندی خودایداد ڕەنگیان خۆش دەوێ، دیوارەکان بە بۆیەی سەوزی قەرسیلی ڕەنگ کرابوون، گڵوبەکەیان سورە بگرە سورێکی تۆخە، بەقەد دیوارەکەوە وێنەی قارەمانی جەنگ مەسعودیان هەڵواسیبوو، لەهەموو دائیرە فەرمیەکانی دیکەی کابول ئەم وێنەیە هەڵواسراوە، گەورەی دادوەرەکان بە دووپاتکردنەوەوە گوتی “بیرت نەچێ،  ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی تالیبان بوایە ،ئەوە دەستتیان دەبڕییەوە “
“کەسانێک لەو تاوانەی تۆ کەمتریان کردبوو کەچی وایان لێکرد “
دادوەرەکە باسی ئەو بێوەژنەی کرد کە مێردەکەی مرد بوو
” زۆر هەژار بوو، کوڕە بچکۆڵانەکەی لە بەر بێ پیڵاوی قاچی زۆر سەرمای دەبێ، وەرزەکەش زستان دەبێ ناتوانێ لەدەرگا بچێتە دەرەوە، کوڕە گەورەکەشی مێرد منداڵ بوو، چوو جووتێ پێڵاوی بۆ برا بچکۆڵەکەی دزی کە بە بەڵگەی تاوانەکەوە گیرا، دەستی ڕاستیان بڕییەوە ،ئەمە زیادەڕەوییەکی زۆرە”
دادوەرەکە پێوابوو ” دارتاشەکە سەلماندویەتی کە پیاوێکی خراپە چونکە چەند جار لەسەر یەک دزیی کردووە، ئەگەر بەمەبەست ناندانی مناڵەکانت دزی بکەیت ئەوە جارێک دزی ئەکەیت ” بەپاساوهینانەوەگوتی.
دادوەرە گەورەکە لە سنوقی پشتەوەی خۆی ئەو شتانە پیشانی مەنسور دا کە دەستی بەسەراگیراوە وەک مەقلی و چەقۆی مۆبەق وچەقۆی باخەڵ وبۆکسی ئاسنین ودەمانچەوکەرەستەی کارەبایی ودەستەی کاغەزی یاری، قومار لە پێناوی پارە شەش مانگ زیندانی لەسەرە .
” دەستبەسەری ئەو کۆمەڵە کاغەزەی یاری گیراوە لەبەر ئەوەی یاریچی دۆڕاو پەلاماری یاریچیە براوەکە ئەدا چەقۆیەک لێئەدا، هەردووکیان دەیانخواردەوە،  دۆڕاوەکە سزا درا لەبەرخواردنەوەو قومارو لێدان”
پێدەکەنن “یاریچیەکەی دی ئازاد کرا لەبەر ئەوەی ئێستا بەتەواوەتی لە پەل وپۆ کەوتوە ،ئەو سزایە بەسیەتی! “
مەنسور پرسیار دەکا ” سزای خواردنەوە چی یە ؟”
لەکاتێکدا دەیزانی خواردنەوە بەپێ شەریعەت تاوانیکی گەورەیە و سزای قورسی لەسەرە ،قورئانی پیرۆز وەسیەتی هەشتا جەڵدەی کردووە.
دادوەرە گەورەکە دەڵێ
“ئەگەر لەگەڵت راستگۆ بم ،ئەوە زۆر جار چاو پۆشی لەم شتانە دەکەم، ئەگەر بۆنەی ژنهینان بێ، ئەوە پێیان دەڵێم ئەمرۆ وەک پشوودانە، بەڵام دەبێ بزانن هەموو شتێ بەمیانرەوی خۆشەو لەسنوری خێزان دا بێ ” .
” ئەی دەربارەی رابواردن “
“ئەگەر خێزاندار بن ئەوە رەجم دەکرێن و دەکوژرێن، ئەگەر سەڵتیش بن ئەوە سزاکەی سەد جەڵدەیە وپیویستە لەسەریان ببن بەهاوسەر، ئەگەر یەکێکیان خێزاندار بێ، بۆ نموونە پیاوەکە، ژنەکەش سەڵت بێ ،ئەوە پیویستە لەسەر پیاوەکە مارەی بکا وەک ژنی دووەم، بەڵام ئەگەر ژنەکە مێردی هەبێ و پیاوەکە سەڵت بێ، ئەوە ژنەکە دەکوژرێ و پیاوەکە جەڵدو زیندانی دەکرێ “.
دادوەرەکە گوتی
” بەڵام هەندێ جار بەشێوازێکی تر بۆ ئەم مەسەلەیە ئەڕوانم، ئەگەر ژنەکە بێوەژن بێ پیویستی بە پارە بێ، لەم کاتە هەوڵئەدەم یارمەتیان بدەم و بیانخەمە سەر رێگای راست”
” تۆ دەربارەی خەڵکی ریسوا قسە دەکەی بەڵام سەبارەت بە خەڵکی ئاسایی چی ؟”
“جارێکیان دامان بەسەر ژن وپیاوێک دا لە ناو ئۆتۆمبێل بوون، لەو کاتە ئێمە،  باشتر وایە بڵێم کەس و کارەکانیان ناچاریان کردن کە زەواج بکەن “
دەڵێ ” ئەوە رەفتاریکی بە بەزەییانە بوو، پێت وا نیە؟ دوای هەموو شتێ، ئێمە وەک جەماعەتی تالیبان نیین “
دادوەرەکە گوتی ” پیویستە لەسەرمان خۆمان نەدەین لەقەرەی ڕەجم کردنی ئەفغانی بەبەرد، ئەفغانیەکان ئەوەندە بەدبەختیان چێشووە تا خودا بڵێ بەس”.
*                      *                        *
مەنسور لەبیرکردنەوەیەکی قووڵ دا، دائیرەی پۆلیس جێدەهێڵێ، دادوەرەکە ئەوپەری سێ رۆژی بۆ داناوە، تا هەنوکەش ئەو دەتوانی لە خەتابار خۆش بێ،  بەڵام ئەگەر کات لەوە زیاتر تێپەر بکات ئیدی زۆر درەنگە، مەنسور مەزاجی رێگای پێنادا بگەڕێتەوە کتێبخانە، بۆیە دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە بۆ نان خواردن، بەکەمی شتی وا رووئەدا، خۆی دەخاتە سەر جێگاکە، لە خۆشبەختی هەمووان خواردن ئامادەیە .
دایکی دەڵێ “پێڵاوەکانت لەپێ داکەنە”
مەنسور لە وەڵام دا ” ون بە لە بەر چاوم “
بەدواییدا شەریفە ” مەنسور دەبێ گوێرایەڵی دایکت بی “
بەڵام مەنسور وەڵامی ناداتەوەو لە سەر ئەرزەکە ڕادەکشێ، رووەو سەرەوە قاچ لەسەر قاچ دائەنێ ونەعلەکانیشی لەپێ دان، دایکیشی دەم دادەخاو بێدەنگ ئەبێ . مەنسور دەڵێ “پیویستە لەسەرمان بڕیار بدەین چی بکەین لەگەڵ دارتاشەکەیا”
جگەرەیەکیش دادەگیرسێنێ، دایکیش دەست ئەکاتە گریان، مەنسور لە حزوری باوکی دا تائێستا جگەرەی دانەگیرساندوە، بەڵام هەر کە باوکی لە دەرەوەی ماڵ بێ ئیدی بەکەمالی ئیسراحەت جگەرە ئەکێشێ ودایکی بێزار ئەکاو لەکاتێ نانخواردن و لە پێش و پاشی دا، ژوورە بچکۆڵانەکەیان پر ئەکا لە دووکەڵ،  ماوەیەکی زۆرە بیبی غولی داپیرە سکاڵایەتی لەدەست مەنسور سەبارەت بەو کەم رەوشتی یەی کە لە گەڵ دایکیا دەینوێنێ، بەڵام ئەمجارەیان حەزی جگەرە کێشان بەسەری دا زاڵ دەبێ بە پرتە پرت دەستی بۆ درێژ ئەکا “جگەرەیەکم نادەیتێ ؟”
چەند خولەکێکی بێدەنگی تێپەرێ، ئاخۆ داپیرە دەستی کردووە بە جگەرە کێشان؟ لەیلا بە پەلە بانگی دەکا (دایە) جگەرەکەی لێدەفرێنێ، بەڵام مەنسور جگەرەیەکی دی پێ ئەداتەوە، لەیلا وەک ناڕەزاییەک ژوورەکەی جێهێشت،  بیبی غولیش دائەنیشی وبە بەختەوەرییەوە جگەرە ئەکێشێ ئیدی بۆ پێش و پاش قۆڵی ناجوڵێنێ، جگەرەکەی دەستی بەرز ئەکاتەوەو بەقووڵی دووکەڵەکەی هەڵئەمژێ، بیبی غول بە پاساو هینانەوە دەڵێ “بەم شێوەیە دەتوانم خواردنم کەم بکەمەوە ” دوای ئەوەی جگەرەکەی کێشا گوتی “بەرەڵلای کەن ” . “سزای خۆی وەرگرت باوکی لێدا، شەرمەزار بوو، بەهەر حاڵ پۆست کارتەکانی گەڕاندەوە”.
شەریفە پالپشتی قسەکانی بیبی غولی کردوو گوتی ” مناڵەکانی بینیت، چۆن دەتوانن بژین، ئەگەر لە داهاتی باوکیان بێبەش بکرێن ؟”
دوای ئەوەی دایکی جگەرەکەی کوژاندەوە لەیلا گەڕایەوەو گوتی ” لەوانەیە ببینە هۆی مردنی مناڵەکانی “. ” ئەگەر نەخۆش بکەون چی،  ناتوانن حەقدەستی پزیشک بدەن وبەهۆی ئێمەوە دەمرن، لەوانەیە بەهۆی برسێتی یەوە بمرن ” هەروا گوتی ” بەهەر حاڵ لەوانەیە دارتاشەکە لەزیندان بمرێ، زۆر کەس ناتوانێ شەش ساڵ لە زیندان بمێنێتەوە، زیندان پرە لە نەخۆشی سل و زۆر نەخۆشی دیکە “
بیبی غول گوتی ” بەزەییتان هەبێ “
مەنسور تەلەفونی سولتان دەکا کە لە پاکستان دایە بەو مۆبیلەی کە تازە کڕیویەتی، پرسیار لە باوکی دەکا کە رێگای پێبدا دارتاشەکە بەرەڵلا بکا،  بێدەنگی باڵی بەسەر ژوورەکە ئە کێشێ، هەمووان گوێیان لە دەمەتەقەکەیە .
گوێیان لەدەنگی سولتان دەبێ کە لە پاکستانەوە هاوار دەکا ” دەیەوێ بازرگانیەکەم لە ناو دا، نرخەکانم بشکێنێ، کرێیەکی باشم پێدا، پیویستی بەوە نەبوو دزیم لێبکا، فێڵبازیکی لادەرە، خەتابارە، دەبێ راستیەکان بدرکێنێ،  هەرگیزاوهەرگیز کەس لەدەستم رزگاری نابێ، بەتایبەتی کە هەوڵی دابێت بازرگانیەکەم تێک بدا “
مەنسور لەم سەری خەتەوە هاوار دەکا ” لەوانەیە بەشەش ساڵ زیندانی حوکمی بدەن، کاتێ لە زیندان ئازاد دەبێ، لەوانەیە مناڵەکانی بمرن “
“ئەگەر بە شەست ساڵ زیندانی حوکم بدرێ گوێم لێنیە، پیویستە لەسەرێ ئازار بچێژێ تا ئەو کاتەی کە پێمان دەڵێ کارتەکانی بەكێ فرۆشتوە “
” کاتێ کە تۆ تێرێ دەتوانیت ئەم قسانە بکەیت ” مەنسور هاوار دەکا
” من کاتێ بیر لە مناڵە لاوازەکانی ئەکەمەوە کە ئەم باوکیانە، گریانم دێ،  لەوانەیە خێزانەکەی لە ناو بچێ “
” چۆن جورئەت ئەکەیت بە پێچەوانەی باوکت قسان بکەیت ” سولتان لەمۆبیلەکەوە هاوار دەکا، ئەوانەی ژوورەوەش دەنگی دەناسنەوە، دەزانن ئێستا توڕەیەو سەراپا لەشی دەلەرزێ ” چ جۆرە کوڕێکیت تۆ ” پیویستە لەسەرت گوێرایەڵی هەموو شتێک بی، هەموو شت، چیت بەسەر هاتووە ؟ بۆ وا بێ ئابروو دەرچووی لەگەڵ باوکت دا ؟”
دەموچاوی مەنسور ڕاگەیەنەری شەڕێکی ناوخۆیە کە پێوەی دەناڵێنێ، ئەو تائێستا جگە لە جێ بە جێ کردنی فەرمانەکانی باوکی شتێکی دیکەی نەکردووە،  سەبارەت بەو شتانەی کە باوکی ئاگای لێیەتی، تا ئێستا بە ئاشکرا رووبەرووی باوکی نەبۆتەوە، جورئەتی ئەوەی نیە وا بە ئاسانی باوکی توڕە بکا .
دەڵێ “باشە ” خەتەکە دادەخا، بێدەنگی باڵیدەکشێنێ بەسەریاندا، ئیدی مەنسور دەست ئەکاتە جنێودان .
شەریفە هەناسە هەڵدەکشێ ” دڵی لە بەرد ڕەقترە ” سۆنیاش بێدەنگ دەبێ.
*                     *                      *
بەردەوام بەیانیان وئێواران خێزانی دارتاشەکە دێن، هەندێ جار داپیرەکەی هەندێ جاریش دایکی یان مامۆژنی یان هاوسەرەکەی، هەمیشە مناڵێک یان دووانیان لەگەڵ دایە، هەموو جارێ هەمان وەڵام وەردەگرنەوە، کە سولتان بڕیاردەرە، کاتێ بگەرێتەوە ماڵەوە، هەموو کێشەیەک چارەسەر دەکرێ، بەڵام دەزانن ئەم قسەیە ڕاست نیە، سولتان بڕیاری مەحکوم کردنی داوە .
لەکۆتاییدا چی دیکە حەوسەڵەیان نامێنێ، دەرگایان لێ ناکەنەوەو بەبێدەنگی دادەنیشن، وا پیشان ئەدەن کە لە ماڵەوە نیین .
مەنسور دەڕواتە دائیرەی پۆلیس بە مەبەستی درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەیان،  چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکیەتی، بەتەمایە دوای گەڕانەوەی رازیی بکا، بەڵام گەورەی دادوەرەکان ناتوانێ زیاتر لەوە چاوەڕوان بێ، ئەو ژوورەی کەپانتایەکەی دە پێیە، بۆ چەند رۆژێکی کەم زیندانی تیا دەهێلنەوە، جارێکی دی داوا لە دارتاشەکە ئەکەن دانیپیابنێ، ئاخۆ کارتی زۆرتری نەبردووە لەو ژمارەیەی کە پێشووتر ڕایگەیاندووە، هەروا ئاگاداریان بکاتەوە، فرۆشتویەتی بە کێ، بەڵام نکۆڵی دەکا، بۆیە هەردوو مەچەکی جەلال دین کەڵەبچە ئەکەن و لە خانوە قوڕینەکە دووری دەخەنەوە، دائیرەی لۆکاڵی پۆلیس ئۆتۆمبێلی تیا نیە،  بۆیە ئەکەویتە ئەستۆی مەنسور کە دارتاشەکە بەرێ بۆ ویستگای ناوەندی پۆلیس لە کابول.
لەدەرەوەی ویستگایەکە باوکی دارتاشەکەو کوڕەکەی و داپیرەکەی ڕاوەستاون،  کاتێ کە مەنسور دەگاتە لایان، بەدوودڵی لێنزیک دەبنەوە، مەنسور ڕقی لە ساتەکانی ئەم چاوپێکەوتنە دەبێتەوە، لە غیابی باوکی دا دەبێ وەک دادوەریکی دڵڕەق رەفتار بکا .
مەنسور خۆی لەنێوانیان رادەپسکێنێ و دەڵێ ” من جگە لە ڕاسپاردەکانی باوکم شتی دیکەم نەکردووە، چاویلکە رەشەکەی لەسەر لووت دائەنێت ولە ناو ئوتۆمبێلەکەی دائەنیشێ، داپیرەو مناڵە بچکۆڵانەکە رووەو مال دەگەڕێنەوە،  باوکیشی سواری پایسکلە سەقەتەکە دەبێ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەدا دەڕوا، خۆی بەدەستەوە نادا، دەیەوێ خۆی بگەیەنێتە کوڕەکەی، ئەوانەی نێو ئۆتۆمبێلەکە پیاوە پیرەکە دەبینن کە چۆن بەسواری پایسکل پەیتا پەیتا لەبەر چاویان ون دەبێ.
لە جاران هێواشتر مەنسور لەئۆتۆمبێلەکەی دەخوڕێ، لەوانەیە چەند ساڵێک تێبپەرێ ئەوجا دارتاشەکە ئەم شەقامانە ببینێتەوە .
دەگەنە ویستگای ناوەندی پۆلیس، لەمیانەی دەسەڵاتی تالیبان دا، ئەم ساختمانە زیاتر جێگای ڕق و کینەی خەڵک بوو، وەزارەتی فەرمان بەچاکەو قەدەغەکردنی خراپە لێرە بوو کە ناسراو بوو بە وەزارەتی ڕەوشت، ناوەندیکی سەرەکی بوو بۆ پۆلیسی ئاینی، ئەوانەیان دەهینا بۆ ئێرە کە پیاوی ریش تاشراو بوون یان ریش و شرواڵەکانیان زۆر کورت بوون هەروا ئەو ئافرەتانەی کە لە گەڵ بێگانەیا دەردەچوون بۆ شەقامەکان یان خۆیان بە تەنیا دەردەچوون یاخود لەژێر بۆرکاوە خۆیان دەڕازاندەوە .هەموویان دەهێنران بۆ ئەم شوێنە، بەدرێژایی چەند هەفتەیەک سووکایەتیان پێدەکرا، پێش ئەوەی بیانێرن بۆ زیندانەکانی تر یان ئازاد بکرێن . کاتێ کە تالیبان ڕۆیشت دەرگاکان کرانەوەو زیندانیەکان ئازاد کران، کێبڵ و حیزران لەم شوێنانە بوون، وەک کەرەستەی ئەشکەنجە بەکار دەهێنران، پیاوەکان بەرووتی جەڵدەیان لێئەدرا بەڵام ئافرەتەکان بۆیان هەبوو لەکاتێ ئەشکەنجەدانا بە پەڕۆیەک جەستەیان داپۆشن،  پێش تالیبان دەزگای هەواڵگری زاڵمی سۆڤیەتی لێرە بوون، دوای ئەوانیش هێزی پۆلیسی ئەنارشستی موجاهدین ساختمانەکەیان داگیر کرد، دارتاشەکە بەقاڵدرمە فراوانەکەیا سەردەکەوێ بۆ نهومی پێنجەم، دەیەوێ شان بە شانی مەنسور بروا، بەدڵ شکاوییەوە سەیری دەکا، وادەرئەکەوێ کە چاوەکانی زیاتر زەق و گەورە بوونە، لەمیانەی هەفتەی ڕابوردوودا کەگیراوە، چاوە پر بەزەییەکانی وەک ئەوەی بیانەوێ لەکاسە بێنە دەرەوە، بمبورە، بمبورە،  بەدرێژایی ژیانم بێ بەرانبەر دەبمە خزمەتکارت، بمبورە.
بەڵام مەنسور بەردەوام رووەو پێشەوەی خۆی دەڕوانێ، پیویستە لەسەرێ پاشەکشە نەکا، سولتان فەرمانی داوە، ئەم ناتوانێ بەرهەڵستکاریی بکا، لەوانەیە
لەمیرات بێبەش بکرێ، لە ماڵ وەدەرنرێ، وای هەست دەکرد لە کن سولتان زیاتر براکەی تری رەواجی هەیە، ئیقبالی برای دەتوانی (محاسبة) فێر ببێ،  بەڵێنی وەرگرتووە کە پایسکلی بۆ بکڕن، ئەگەر مەنسور بەرهەڵستکاریی بکا لەوانەیە سولتان هەموو پەیوەندییەکی بپچرێنێ، هەستی هەر چۆنێک بێ لە بەرانبەر دارتاشەکەیا بەڵام ناتوانێ سەرەڕۆیی بکا، چاوەروانی لێپرسینەوەو نووسینی کۆنووسن، بە پێ یاسا شکایەتلێکراو زیندانی دەکرێ تا ئەو کاتەی خەتاباری یان بێگوناهی ساغ دەبێتەوە، هەموو کەسێ دەتوانێ شکایەت لەیەکیکی تر بکاو بیخاتە زیندانەوە، مەنسور رووبەرووی لێکۆڵەرەوەکە کێشەکە باس دەکا، دارتاشەکەش لەسەر ئەرز دانیشتوەو، پەنجە گەورەکانی هەردوو پێی وا دێنە پێش چاو کە درێژو چەوتن، نینۆکەکانی رەش و ئەستورن،
بەروانکەو جلوبەرگەکەشی دڕاون، پەیشتەماڵەکەی بەسەر پشتیا شۆڕ بوەتەوە،  شرواڵە کۆنەکەشی بەسەر چۆکیا شۆڕ بوەتەوە.
لێکۆڵەرەوەکە کە لە پشت مێزەکەیەوە دانیشتووە بەوردی وبەخەتیکی جوان ئیفادەی هەردووکیان دەنووسێ، کاربۆنیش بەکار دەهێنێ تاوەکو کوپییەک لێدەربکا، پۆلیسەکە پێدەکەنێ ومەسەلەکەی بەسەیر دێتە پێش چاو
” چی وایلێکردووی بەتەنگەوەی پۆست کارت بیت لە ئەفغانستان “
پێش ئەوەی دارتاشەکە بتوانێ وەڵام بداتەوە، درێژە بەقسەکانی ئەدا ” ئێستا پێم بڵێ بەکێ فرۆشتوتە، ئێمە هەموومان دەزانین نەتدزیوە تاوەکو بینێرێ بۆ خزمەکانت “
دارتاشەکە بەدوودڵییەوە دەڵێ ” تەنیا دووسەدم بردووە، ئەویش رەسول هەندێکی پێدام “.
مەنسور دەڵێ ” تۆ درۆ ئەکەیت رەسول هیچ پۆست کارتێکی پێنەداوی “.
پۆلیسەکە دەڵێ ” لەبیرت نەچێ کە لەم ژوورە بوارت پێدراوە ڕاستیەکان بڵێ “
کاتێ کە پۆلیسەکە گوێ لە مەنسور ڕادەگرێ، کەی و لەکوێ و چۆن ئەم مەسەلەیە روویداوە دارتاشەکە دەکشێتەوەو پەنجەکانی دەتەقێنێ ووەک پشوودانێک هەناسە هەڵدەکێشێ، لە پشتەوەی لێکۆڵەرەوەکە، لەمیانەی شووشەی پەنجەرەکەوە بەرزاییەک بەروونی دیارە کە دڕوانێتە کابول، خانوی بچوک ئاوێزانی دامێنی چیاکە بووە، لەسەرەوەی چیاکە بۆ خوارەوە رێگای پێچاوپێچ دیارە، لەهەمان پەنجەرەوە دارتاشەکە دەتوانێ خەڵکی ببینێ کە وەک مێروولە بۆسەرەوەو بۆ خوارەوە هەنگاو هەڵدێنن، ماڵەکان لە کەرەستەی پاشماوە دروست کراون، ئەو کەرەستانەی لە کابول دەست دەکەوێ، کابولیک کە جەنگ کاوڵی کردووە، لە پارچەی ئاسن وتەختەوپلاستیک و کەڵپووچ تادەگاتە خەرمانی وێرانە لیرەولەوێ .
لەپرێکدا لێکۆڵەرەوەکە لە تەکی دائەنیشێ ” دەزانم کە مناڵی برسیت هەیە، هەروا دەزانم کە تاوانبار نیت، منیش دوا شانسم پێداوێ وەریگرە، پێم بڵێ کارتەکانت فروشتۆتە کێ، ئەگەر پێم بڵێ ئەوە ئازادت دەکەم، ئەگەر نە ئەوە بۆ چەند ساڵێک زیندانیت دەکەم ” .
مەنسور زۆر بایەخ بە بابەتەکە نادا، لەوانەیە سەدەمین کەڕەت بێ، ئەم پرسیارە لە دارتاشەکە دەکرێ و داوای لێدەکرێ دانیپیابنێ کارتەکانی فروشتۆتە کێ،  لەوانەیە ڕاست بڵێ، لەوانەیە هیچی نەفروشتۆتە کەس، مەنسور سەیری سەعاتەکەی دەکاو باوێشک ئەدا .
لەناکاو ناوێک لەنیوان لێوانی جەلال دین دەترازێ، بەهێواشییەک کەزۆر بەزەحمەت بێتە بەر گوێ و دەڵێ .
مەنسور بەپرتاوی هەڵدەستێ .
ئەو ناوە کە جەلال دین ناوی برد، خاوەن کوشکێکە لەبازار،  تیایدا رۆژنامەوفیلم و کارت وکارتی ئاهەنگی ئاینی و بۆنەی زەواج و دەسگیرانی و لەدایکبوون و پۆست کارتی دروشمدار دەربارەی ئەفغانستان دەفرۆشێ، ئەو پیاوە هەمیشە کارتەکانی لەکتێبخانەکەی سولتان دەکڕێ بەڵام ماوەیەکە هیچی لێناکڕێ .
مەنسور وەبیری هاتەوە کە ئەو پیاوە هەمیشە سکاڵای بوو سەبارەت بەنرخی کارتەکان.
وەک ئەوەی شتێک لەشوێنی خوی ترازا بێ، جەلال دین دەلەرزی و قسەی دەکرد .
” دوا نیوەڕوانێک، دەستم لەکار هەڵگرتبوو هات بۆ لام، قسەی لەگەڵ کردم،  ئاخۆ پیویستم بە پارەیە، بێگومان پیویستم بە پارەیە، دوایی پرسیاری لێکردم،  ئاخۆ دەتوانم هەندێ پۆست کارتی بۆ پەیدا بکەم، لە سەرەتادا رەتمکردەوە، بەڵام گەڕایەوەو باسی پارەی لە گەڵ کردم، ئەگەر بۆی بهێنم، بیرم لە ماڵ و مناڵەکانم کردەوە، مووچەی دارتاش بۆ بەخێوکردنی مناڵ دەرناهێنێ، بیرم لە هاوسەرەکەم کردەوە کە چۆن ددانەکانی دەڕزێ لە کاتێکدا هێشتا سی ساڵانە،  بیرم کردەوە کە لە ماڵەوە چۆن بێبەزەیی بۆم ئەروانن، لەبەر ئەوەی ناتوانم بە پێ پیویست پارەیان بۆ بە دەست بێنم، بیرم کردەوە کە ناتوانم جل و پێڵاو بۆ مناڵەکانم بکڕم، ناتوانم حەقدەستی پزیشک دابین بکەم، بیرم لەو خواردنە خراپە کردەوە کە دەیخوەین، بەم شێوەیە خۆم دواند، ئەگەر هەندێ کارتی بۆ پەیدا بکەم لە کاتێکدا لە کتێبخانەکە ئیش دەکەم، ئەوە لەوانەیە هەندێ کێشەم بۆ چارەسەر بکرێ، سولتان ئاگای لێنابێ، پۆست کارتی زۆرە هەروا پارەشی زۆرە، دوایی هەندێ کارتم برد “
پۆلیسەکە دەڵی ” پیویستە لە سەرمان بچین بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەڵگەکاندا بگرین ” هەڵدەستی و فەرمان بە دارتاشەکە ئەدا، مەنسورو پۆلیسیکی دیکە لەگەڵی دەڕۆن، ئۆتۆمبێلەکە دەڕۆا بەرەو بازاڕ بۆ ئەو کوشکەی کە پۆست کارت دەفرۆشێ، لەوی کوڕێکی بچکۆڵانە کار دەکات، لەپشت کونێکی بچوکەوە دانیشتووە .
پۆلیسەکە دەپرسێ ” مەحمود لە کوێ یە” مەحمود چووە خواردن بخوا،  پۆلیسەکە جلی مەدەنی لەبەر دایە، کارتشناسیەکەی نیشان کوڕەکە ئەداوخۆی پێدەناسێنێ و پێدەڵێ، دەمەوێ سەیری پۆست کارتەکان بکەم، کوڕەکە رێگای پێئەدا بڕواتە ناو کوشکەکەوە، لەشوێنیکی تەسک کە بە دیوار دەور دراوە،  لەنیوان تەختەکان رەفە دانراون، مەنسور و پۆلیسەکە پۆست کارتی سەر رەفەکە دێننە خوارەوە، هەمان ئەو کارتانەیە کە سولتان چاپی کردوون،  خستویەتیە نێو کیسەوە، ژمارەکانی لەوانەیە بگاتە چەندین هەزار، بەڵام ئاخۆ کامەیە، مەحمود بەشێوەیەکی یاسایی کڕیویەتی، کامەشی لە جەلال دین کڕیوە، ئەم مەسەلەیە زەحمەتە یەکلایی بکرێتەوە، کوڕەکەو پۆست کارتەکان دەبەن بۆ دائیرەی پۆلیس، لە چاوەڕوانی مەحمود دا پۆلیسێک لەتەک کوشکەکە جێدەهێڵن،  بەڵام کوشکەکە دادەخرێ و مۆر لەسەر قوفڵەکانی دەدرێ، لەم رۆژەدا چی دیکە مەحمود ناتوانێ زیاتر کارتی سۆپاس بفرۆشێ هەروا لەبەر هەمان هۆ ناتوانێ وێنەی قارەمان و جەنگاوەران بفرۆشێ .
لەکۆتایی دا کاتێ کە مەحمود دەگاتە دائیرەی پۆلیس، هێشتا بۆن کەبابی لێدێ،  سەر لەنوێ قسە لێدەرهێنان دەست پێدەکاتەوە .لەسەرەتا دا مەحمود نکۆڵی لەناسینی دارتاشەکە دەکا، ئیدیعای ئەوە دەکا کە هەمووشتێکی بەرێگای مەشروع لە سولتان و یونس و ئیقبال و مەنسور کڕیوە، دواتر تەکنیکی قسە کردن دەگۆڕێ و دەڵێ رۆژێکیان دارتاشەکە پەیوەندی پێوە کردم بەڵام هیچ شتێکم لێنەکڕی .
دەبێ خاوەن کوشکەکە شەوێک دەستبەسەر بمێنێتەوە، بەڵام مەنسور ئازادی دەکا .
لەڕێرەوەکەدا باوکی دارتاشەکەومامی وکوڕی خوشکەکەی و کوڕەکەی لەچاوەڕوانی دان، لێنزیک دەبنەوەو بەدوای دا دەڕۆن، هەست بە ترس و لەرزی دەکەن کاتێ کە بۆ دەرەوە هەنگاو هەڵدێنێ، چی دیکە لەتوانای دا نەبوو، جەلال دین دانیپیانا، ئەمەش دڵی سولتان خۆش دەکا، مەسەلەکە چارەسەر کرا، ئێستا دوای ئەوەی دڵنیا بوون کە جارێکی دی فرۆشراوە،  ئیجرائاتی داوای جەزا دەست پێدەکاتەوە، قسەی قسەلێدەرهێنەری سەربازیەکەی بیرکەوتەوە ” ئەمە دوا شانستە، ئەگەر دانیپیابنێ ئەوە رێگات پێئەدەم بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەت “
مەنسور هەست بە نارەحەتی دەکا، بیر لە قسەکانی ئەم دواییەی سولتان دەکاتەوە، پێش ڕۆیشتنی ” لە پێناوی ئەم بازرگانییەوە، ژیانم خستە مەترسییەوە،  زیندانی کرام لێم درا، خۆم تووشی هیلاکەت کرد کە شتێک بۆ ئەفغانستان بکەم، دارتاشێکی هیچ و پووچ دەیەوێ ماندووبوونی هەموو ژیانم تێک بدا، دەبێ سزای خۆی وەرگرێ، مەنسور لێبوردنت نەبێ، نەرمی مەنوێنە “
لەماڵێکی رووخاوی خۆڵێنی لە خودایداد، ئافرەتێک دانیشتووە، دەروانێتە هەوا،  مناڵەکانی دەگرین لەبەر ئەوەی هیچی نیە بیانداتێ، چاوەروانی باپیرەیانە لەشار بگەڕێتەوە، لەوانەیە لەگەڵ خۆی شتێک بهێنێ، مناڵەکان بەرەو پیریی دەچن،  کاتێ بە پایسکلەکەی لەدەروازەکە دێتە ژوورەوە، بەڵام بەدەستی بەتاڵ دێتە ژوورەوە، هەروا ماڵەکەشیان بەتاڵە، ڕادەوەستن وسیمای رەشی دەبینن، ئیدی دەست ئەکەنە گریان و خۆیانی پێ شۆڕدەکەنەوە وگوێڕادێرن ” باوکمان لەکوێ یە ، کەی دەگەڕێتەوە لامان ؟ ” .

                              تەواو
 
نووسینی /ئۆسنە سیرستاد
وەرگێرانی لەعەرەبییەوە…نەهرۆ/نەرویج 

 

Previous
Next

Leave a Reply