Skip to Content

Thursday, January 21st, 2021

چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیی چییە

Be First!

 

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا ، زۆر بە خەستی باس لەچەمکی ( کۆمەڵگەی مەدەنی) دەکرێت. سەیری هەر گۆڤار و رۆژنامەیەک دەکەیت ، پڕیەتی لەم دەستەواژەیە. لە شاشەی تیڤییەکان و ستۆدیۆیی ڕادیۆکانەوە ، هەمووکاتێک گوێمان لەم ووشە تازەیە دەبێت. 

لێ کێشەکە لەوەدایە هەتاوەکو ئەمڕۆش زۆر کەس ئەم دەستەواژەیە بەکاردەهێنێت و زۆرجاریش زۆر شیلگیرانە داکۆکی لێدەکات ، بەبێ ئەوەی لە کرۆک و ناوەڕۆکی ئەم دەستەواژەیە تێبگات . دیارە بەس تەنها ئێمەی کورد نین  کە تووشی  پەتای کۆمەڵگەی مەدەنی بووین ، بۆ نموونە عەرەبەکانیش زۆر بە گەرمی باسی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن .  بەڵام ئەوان ئەوەیان باشە کە کۆمەڵێک کتێبیان لەمبارەیەوە نووسیوەو زۆرێکیش لە سەرچاوە ئوروپییەکانیان وەرگێراوەتە سەر زمانی عەرەبی .  لێ ئێمەی کورد هێشتا لەم بوارەدا زۆر لە دواوەین ، تەنانەت من تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوەیەکی باشم لەمبارەیەوە دەستنکەوتووە ، کەلەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی نووسرابێت .

 دیارە ڕاستە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەچاو چەمکەکانی تردا نوێیە، لێ ئەمیش مێژووییەکی دێرینی لە خەباتکردن هەیە.  چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی لەپاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، زۆر بە گەرمی هاتۆتە ناو میدیای کوردییەوە . چەندین ڕێکخراویش بەناوی ڕێکخراوی  کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دروستکراون. هەرچەندە کەمترین خزمەت لەم بوارەشدا ناکەن.  من لەم ووتارەمدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەم چەمکەو ، زانیارییەکی تارادەی پێویست لەمبارەیەوە  بە خوێنەری هێژا بددەم .

 

پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی/

 

دیارە کۆمەڵێک پێناسەی جیاواز و هەمەجۆر بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرێت . هەر یەکەو بەپێی بۆچوون و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات ، بەتایبەتی لە کوردستاندا .  بەڵام بە کورتی دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە :

هەر چالاکییەک یان جووڵانەوەیەکی ناو کۆمەڵگا ، بە شێوەیەکی خۆبەخشی  و ئازاد و سەربەخۆییانە، ئەندامانی کۆدەبنەوە بۆ بە دیهێنانی ئامانجێک ، ئاواتێکی دیارکراو ، کە خزمەتی کۆمەڵێکی دیاریکراو، یان گروپێک ، تەنانەت زۆرینەی هاوڵاتییانی کۆمەڵگە بکات . بۆ نموونە ئەو چالاکییانەی کەلە پێناو ( ئازادی تاکەکەسی ، دژایەتییکردنی جەنگ  و بڵاوکردنەوەی ئاشتی ، نەهێشتنی هەژاری ، چەوساندنەوەی ژنان ، داکۆکیکردن لە مافی کەمەنەتەوەو  بێگانەکانی وڵات) . یان دەکرێت لە پێناوی ئامانجێکی تەندروستیش بێت بۆ نموونە ( ئەو بزاڤانەی کە پشتگیری لە نەکێشانی جگەرە لە شوێنە گشتییەکان دەکەن) یان ژینگە پارێزیی1. 

بە کورتییەکەی هەموو ئەو جوڵانەوە جەماوەرییانە دەگەیەنێت ، کە بۆ ئامانجێکی ( سیاسیی، ئابووری ، ئایینی، ئێتنی ، ژینگەپارێزیی، ئاژەڵ دۆستیی) دەکرێت . ئەو بزاڤانەی کە دەیانەوێت فشاربخەنە سەر بڕیاریی سیاسی وڵات  و هەوڵی گۆڕینی سیاسەتێک دەدەن ، کەدژ  هزر و بەرژەوەندی کۆمەڵێکە.

لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگەی مەدەنی برییتییە لە جۆرە بزاڤێکی خۆبەخشانە ، کەئامانجی یارمەتییدان و خزمەتگوزاری دابینکردنە بۆ خەڵکانێک کە پێویستییان بە یارمەتیی خەڵکی تر هەیە ، وەکو رێکخراوە مرۆڤ دۆست و خێرخوازەکان ، ئەوانەی کە بواری خزمەتگوزارییدا ئەکتیڤن و یارمەتیی پێشکەشی خەڵکانی هەژار و نەخۆش و پیر و پەککەوتوو دەکەن .

خەڵکانێکیش پێیان واییە کە کۆمەڵگەی مەدەنی واتە ، هەموو کارووچالاکییەکی ناحکومی دەگەیەنێت ،  کەلەلایەن گرووپێک یان کۆمەڵێکی سەربەخۆوە ئەنجام دەدرێت. هەربۆیە زۆرجار دەستەواژەی رێکخراوە ناحکومییەکان بەکاردەهێنرێت2 .

بەڵام بەگشتی دەتوانم بڵێم کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە ، کە خەڵکانێک یان گرووپێکی خۆبەخش ئەنجامی دەگەیەنن ، بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک کەلایان پیرۆز یان گرینگە ، بەبێ ئەوەی بیر لە سوودی تایبەت یان بەرژوەندی شەخسی بکەنەوە. 

لەڕووی هزریشەوە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی مانای کارکردن لە پێناو کۆمەڵگەیەک کەلەسەر بنەوای دیموکراسیی بونیاتنرابێت . کۆمەڵگایەک کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ ، ئازادی تاکەکەسی ، تۆلێرانس ( لێبووردەیی) ، شەفافیەت ، سەروەریی یاسا ، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و عەلمانییەت  دامەزرابێت. بە واتاییەکی تر هەوڵدانێکە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پلورالیزم .

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ ڕێنانساز و شۆرشێ پیشەشازیی لەئوروپا سەریهەڵدا. کۆمەڵگەی مەدەنی هاوشانی چەمکە فکرییەکانی ( تۆلێرانس و ئازادی و عەلمانییەت ) سەریهەڵدا . دیسانەوە ئوروپا بە دایکی ئەم چەمکە گرینگ و مۆدێرنەی مرۆڤایەتیی دێتە ژماردن و کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی مەزنی ئوروپی ، لەم بوارەدا کارییانکردووە ، کەهەوڵ دەدەین بەکورتی باسی هەندێکیان بکەین.

 

مێژووی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی /

 

دیارە ڕاستە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتۆتە لای ئێمە ،لێ مێژووی ئەم چەمکە زۆر کۆنە . بەشێوەیەکی گشتی مێژووی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەڤدەهەم، بەتایبەتی لەپاش شۆرشی ئینگلیزی، لەو کاتانەدا بە خەستی جارێکی تر باسی دەوڵەت و کۆمەڵگا هاتەوە ئاراوە. قسەکردن و گفتووگۆی چڕوپڕ لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەتاوەکو سەدەی هەژدە بەردەوام بوو . 

نیرا چاندۆک دەڵێت :

“دیارە دەرکەوتنی ئەم چەمکە گرینگ بوو لە بوارەکانی پەیوەندیدار بە تاک ، پەیوەندی تاک بە دەوڵەت  و کەسانی دی کۆمەڵگاوە. کۆمەڵگەی مەدەنی جیابوونەوەی ڕوونی ژیانی مەدەنیی و سیاسییە لە یەکدای ، جیاکارییەک لە ڕابوردوودا بە گشتیی نەناسراوبوو . یەکەمین نیشانەکانی ئەم چەمکە تازەیەش لە شکڵبەندییەکانی لۆک و هۆبزدا دەرکەوت ، کەهەردووکیان تیورەسازیی سەرەتایی نوێگەریبوون.3”

 

مامۆستا و بیرمەندانی ئەم چەمکە /

دیارە لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنی و داڕشتنەوەی رۆڵی دەوڵەت  و تاک و، پەیوەندی ئەم دوانە پێکەوە ، نیقاشێکی گەورە لە نێوان  فەیلەسووفانی رۆئاوا بەرپا بوو . ئەم نیقاشە هەتاوەکو کۆتایی سەدەی بیستەمیش بەردەوام بوو . هەتاوەکو سەدەی هەژدە ، هەمان پێناسەی ئەرستۆ ( کۆمەڵگەی سیاسیی) بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرا. لێ پاشان ئەم چەمکە لەیەکتری جیاکرایەوە. 

فەیلەسووفی ئینگلیزی جان لۆک ، کە ئەویش بە یەکێک لەباوکە مەزنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مۆدێرن دەژمێرێت ، لەم بارەیەوە دەڵێت :

” کۆمەڵگا سەرچاوە لەسروشتی مرۆڤەوە وەردەگرێت ، بەڵام کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، دەبێت کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بێت ، واتە کۆمەڵگەیەک بێت  لەسەر بناغەی مەدەنیەت و هەنگاونانی دوولایەنە ڕاوەستابێت . کۆمەڵگەیەکی یاساڕێژ کە تێیدا تاکەکان سنوردارێتییەک بۆ مافی خۆیان قبوڵبکەن و دوخێکی سیاسی کە تیایدا تاکەکان ملکەچی یاسا مەدەنییەکان و پەیمانی دوولایەنەن، شتێکە کە دەبێت هۆشیارانە دروستبکرێت .4″ 

دیارە ئەم بۆچوونەی لۆک زیاتر دژی بۆچوونەکەی ئەرستۆ بوو بەتایبەتی ئەو چەمکە کە مرۆڤ وەکو ” ئاژەڵی سیاسی” دادەنا . هەروەها لۆک بەتەواوەتی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، لە چەمکی کۆمەڵگەی سیاسی ئەرستۆ جیاکردەوە. لەلایەکی ترەوە بە بۆچوونی لۆک ، مرۆڤ بۆ ئەوەی مافەکانی وەکو : مافی موڵکداریی ، گواستنەوەی دارایی، مافی ئازادیی ، بپارێزێت و ئەم مافەنەی بەدیبهێنێت ، دەچنە ناو کۆمەڵگەی مەدەنییەوە.

لەلایەکی ترەوە ئێمانوێل کانتی فەیلەسووفی ئەڵمانی ، هەوڵیدا جۆرێکی تر پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی بکات . کانت دەڵێت :

” مرۆڤ دەبێت لە دۆخی سروشتیی کە تیایدا هەرکەسێک بەپێی هەوەس و  ئارەزووەکانی خۆی دەسوڕێتەوە، بێتە دەرێ و پەیوەندی بەکەسانی ترەوە بکات . مل بۆ سنوردارێتییەکی یاسایی و دەرەکی گشتی بدات. بە واتایەکی تر ، دەبێت مرۆڤ بە پلەی یەکەم  بچێتە ناو دۆخی مەدەنییەوە  .5″

بەلای کانتەوە کۆمەڵگەی مەدەنی جۆرێکە لە قۆناغێکی پێشکەوتووی گەشەکردنی مرۆڤ. کەلە قۆناغێکی سروشتییەوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەنێت . ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕان و پێشکەوتنێکی گەورەی ئاوەزی مرۆڤ دەگەیەنێت. واتە کۆمەڵگەی مەدەنی قۆناغێکی پێشکەوتووی مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.

یاساناس و سیاسی ناوداری فەرەنسی ئەلێکسی دو توکوڤیێ   Alexis de Tocqueville  ساڵی 1835 کتێبێکی لەبارەی دیموکراسیی ئەمریکاوە نووسی، بەناونیشانی De la démocratie en Amérique

توکوڤیێ لە م کتێبەیدا هەوڵ دەدات کە پێناسەیەکی نوێ بۆ چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بکات و، لەهەمانکاتیشدا ئامانجەکەی بە ڕوونیی دەردەخات . ئەو پێی وایە ، کە ” دیموکراسیی بوونی جەماوەر” وەکو لەمبەرێک  وایە کە دەتوانێت ڕێگا لە ” دیکاتۆرییەتیی زۆرینە ” بگرێت 6.  

بەڵام یەکێک لەو کەسانەی کەبۆ یەکەمینجار توانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەکاربهێنێت و شرۆڤەیەکی ڕوونی بۆ بکات، بیرمەند وسیاسیی ناوداری ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشییە ( 1891/1937)بوو. گرامشی لە کتێبی ” دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنییدا” هەوڵیداوە پێناسەییەکی نوێ بۆ دەوڵەت و کولتووریی زۆرینە” زاڵبوونی کولتووریی ئوروپی کە خۆی بە کولتووریی سەرەکیی دادەنێت ”  دارشتەوە. 

گرامشی پێی وایە : 

” ئەوەی کە دەتوانێت دەوڵەت لە دیکتاتۆری بپارێزێت ، دەزگا تەقلیدییە بیرۆکراسییەکانی نییەتی، کە خاوەنی هەژمونی دەسەڵاتن بەسەر کۆمەڵگادا، بەڵکە ئەوە کۆمەڵگەی مەدەنییە کە دەتوانێت دەوڵەت بپارێزێت ، هەروەها ئەوە ڕای گشتییە کە رۆڵی سەرەکیی لەم بوارەدا دەگێرێت.7″

دیارە گرامشی بە توندی ڕەخنەی لە دیدی بیرمەندە رۆئاواییەکان دەگرت، کە کولتووری ئوروپییان بە کولتووری سەنتەر دادەنا. لەم بوارەشەدا  هەوڵێکی  ئێجگار گرینگی داوە.

 

 چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارنشینی /

دیارە خەڵکانێکی زۆر پێیان وایە کە چەمکی مەدەنی لەگەڵ شاردا دێتەوەو لەگەڵ دروستبوونی شار و مۆنۆپۆڵەکاندا پەیدابووە. بە واتاییەکی تر پێیان وایە ، کە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، چەمکێکی شارییە. دیارە لەپاش دروستبوونی شار و پەیدابوونی کولتوور شار، چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنییش پێشکەوت.

شار کۆمەڵێک ڕێساو یاسای تایبەتیی بە خۆی دانا، کە زۆرجیاوازتربوو لە کولتووریی لادێ. تاک لە شاردا ” ئینتمای” لە ( خێڵ، بنەماڵەوە، ناوچەوە” دەگۆرێت بۆ ” خود، رێکخراویی مەدەنی، دەوڵەت “. لێرەدا تاک دەتوانێت واز لە ئینتمای خۆی بۆ خیڵ بهێنێت و ئینتمای خۆی بۆ شتی تر بگۆرێت ، بۆ نموونە بۆ نیشتمان ، پارتێکی سیاسیی، رێکخراوێکی مەدەنی .

دەتوانم بڵێم شار بە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی سەرهەڵدانی چەمکی مەدەنیی دادەنرێت . شار و چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، هەردووکییان تەواوکەریی یەکترین . دیارە شاریش قۆناغێکی پێشکەوتوویی  ژیانی مرۆڤایەتیی دادەنرێت . لەهەمانکاتیشدا بە نیشانەییەکی گرینگی پێشكەوتنی کۆمەڵگەکان دادەنرێت . 

تاک تەنها لەناو شاردا دەتوانێت ئازادبێت ، تەنها لەشاردا دەتوانێت لە کۆت و بەندی ” خێڵ، بنەماڵە، ئایین” ڕزگاریی بێت . تاک تەنها لەناو شاردا دەتوانێت بە تەواویی مافەکانی ژیانی خۆی بگات ، جا مافی ماددیی بێت یان مەعنەویی. شار ئەو فەزاییەیە کە تاک دەتوانێت تێیدا گەشەبکات و تواناکانی خۆی تێیدا بەرجەستە بکات و بە مافەکانی خۆی بگات. هەربۆیە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیش ، لەگەڵ شارنشینیدا  پەیوەندییەکی ئێجگار بەتینیان هەیە.


چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بۆرجوازیی/

لەپاش شٶرشی پیشەشازیی و ڕێنانساز و سەرهەڵدانی کۆلۆنیالیزمی ئوروپی ، هەموو ئەمانە ڕێگایان خۆشکرد بۆ لەدایک بوونی چینێکی نوێ ،کە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو چینە کۆمەڵاییەتییانەی کە پێشتر مرۆڤایەتیی بینیبووی بە خۆیەوە. لەدایک بوونی چینی بۆرجوازیی لە ئوروپا ، رێگای خۆشکرد بۆ رووخاندنی ئەو بەها و نەریتە کۆنانەی کە پێشتر  زاڵ بوون بەسەر کۆمەڵگادا و ، لەهەمانکاتیشدا لەدایک بوونی کۆمەڵێک چەمک و بەهای نوێ ، بۆ ئەوەی جێگای کۆنەکان بگرێتەوە. 

بۆرجوازیی لەهەناوییدا بەیەکێک بە بەرگرییکەرە سەرسەختەکانی ( تاکگەرایی، بازاڕیی ئازاد) دەژمێرێت. هەر لەسەرەتاوە بیرمەندە گەورەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، بە گرینگیی و بایەخێکی گەورەییان بە  پیرۆزیی موڵک و سامانی تاک دەدا، بۆ نموونە جان لۆک ، زۆر جەختی لەسەر پیرۆزراگرتنی موڵکی خەڵکی دەگرت.  دەتوانم بڵێم کە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بۆرجوازیی تەواوکاریی یەکترین . 

نیرا چاندۆک دەڵێت :

” کۆمەڵگەی مەدەنیی تەنها کاتێک بوو بە چەمکێکی ڕوون و گونجاو  کە بواریی مەدەنی بە باشی دروستبوو. دروستبوونی بواری مەدەنیش  خۆی دەرئەنجامی سەقامگیریی سەرمایەداریی بوو .8″

لەگەل لەدایکبوونی سیستەمی سەرمایەداریی ، کۆمەڵێک چەمک و نەریتیی نوێ لەدایک بوون. دیارە ئەمەش لەبەرئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری ، چیتر نەیدەتوانی لەگەڵ کولتووریی سیستەمی دەرەبەگایەتییدا بگونجێت ، هەربۆیە ناچاربوو کە کولتوورێکی نوێ جێگای کولتوورە کۆنەکە بگرێتەوە. 

سەرمایەداریی زاڵبوونی هەژموونی ” خێڵ، ئایین ” بەسەر تاک دا لەبەرژەوەندی ئەودا نەبوو. بەڵکە سەرمایەداریی پێویستیی بە هێزێکی کاریی ئازاد هەبوو، کە چ وەختێک بیەوێت بەکاریبهێنێت و سوود لە تواناکانی وەربگرێت. هەرکاتێکیش پێویستیی پێ نەما ، فرێی بداتە دەرەوە.  ئەو زنجیر و کۆت و بەندانەی کە ( خێڵ ، ئایین) لە دەوریی تاکدا دایاننابوو، لە بەرژەوەندی ویدا نەبوون ، هەربۆیە هەموویانی رووخان . بەڵام لەجیاتیی ئەو زنجیرانە ،  سەرمایەداریی تاکی بە کۆمەڵێک زنجیریی تر بەستەوە. 

لێ ئەوەی گرینگە بیزانین ئەوەییە، کە سەرمایەداریی و چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، پەیوەندییەکی ئێجگار قووڵیان پێکەوە هەیە و تەواوکاریی یەکتریشن .


پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی /

دیارە کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو هەر چەمکێکی تری فکری لەسەر کۆمەڵێک پایە دانراوە. هەموو ئەو پایانەش پێکەوە ئینجا دەتوانن تەلاری کۆمەڵگەی مەدەنی دروستبکەن . بە نەبوونی یەکێک لەو پایانە ، ئەم تەلارە ناتەواو و ناشرین دەردەچێت . لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی باسی هەریەک لەو پایانە بکەم ، کە کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەری وەستاوە.

 

1.بوونی سیستەمێکی دیموکراسی /

بەبێ بوونی سیستەمێکی سیاسیی کەپشت بە پرەنسیەکانی دیموکراسی ببەستێت ، ناتوانین باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین . دیارە کە باسی سیستەمی دیموکراسیی دەکەین ، مەبەستمان ئەوەیە ، کە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەردو دوور لە ساختەکارییەوە  دابمەزرێت. سیستەمێک کە چەندین پارتی سیاسیی ، تێیدا کێبرکێی بکەن لە نێوانیاندا و ، زۆر ئازادانە هەر پارتە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی خۆی ، بۆ حوکمرانی ، دەسەڵاتی سیاسیی ، کۆمەڵگا، ئابووریی ، ئاشتی و جەنگ ، داهاتووی وڵات ، بۆ جەماوەرە دەربخات .

هیچ سیستەمێکی دیموکراسیی بە بێ بوونی پارتی سیاسی جیاواز ، کەلە رووی فکر و پرەنسییب و دیدیان بۆ داهاتوو جیاواز بن لەیەکتری ، سەرناگرێت. بەبێ بوونی چەندین گووڵ ، هیچ کاتێک باخچەی دیموکراسیی سەوز نابێت . کۆمەڵگەی مەدەنییش واتە ، ڕێگە دان بە دیدی فکریی و سیاسیی جیاواز ، تا بە ئازادانە قسەی خۆیان لەبارەی کۆمەڵگاو داهاتووی وڵات بکەن. 

لەهەمانکاتیشدا پێویستە لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازادەوە، گەل سەران و نوێنەری  خۆی دیاریی بکات. دەبێت هەلوومەرج و کەشووهەوای ئازاد بۆ هەموو کەسێک برەخسێنرێت ، بۆ ئەوەی پەیامە سیاسیی و بەرنامەکانی پارتەکەی بە خەڵکی بگەیەنێت.  ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی .

 

2. فەراهەمکردنی ئازادی تاک و کۆمەڵ  /

یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئازاییە. چ ئازادیی تاک یان کۆمەڵ. لەهیچ وەختێکدا  کۆمەڵگەی مەدەنیی بەبێ فەراهەمکردنیی ئازادیی ، سەرناکەوێت و جێگیر نابێت . دیارە  خەباتی مرۆڤ لەپێناویی ئازادیدا ، مێژووییەکی ئێجگار دوورودرێژ و خوێناویی هەیە. سەیریی لاپەڕەی مێژوویی هەرکۆمەڵگەیەک یان نەتەوەو وڵاتێک بکەیت، دەبینیت تاکەکانی خەباتێکی ئێجگار گەورەو خوێناوییان لەپێناویی ئازادیدا کردووە. دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیش کاتێک بەرەو پێشەوەچوو، ئەوکاتەی کە ئازادیی توانی بەیەکجاریی ببێتە کۆڵەیەکی بنەرەتیی کۆمەڵگا.    

گەورە فەیلەسووفی هۆڵاندیی سیپۆنزا، کەبەباوک و مامۆستای ئازادیی و چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێت و لەم بوارەشدا کۆمەڵێک ووتار و کتێبی نووسیوەو، هەتا مردنیش زۆر شیلگیرانە بەرگریی لە هەردوو چەمکەکە کردووە. سیپۆنزا دەڵێت :

“هێزی گەورەی کۆمەڵگا لەوەدایە کە زۆرترین بڕی ئازادیی دەستەبەر بکات.” 

دیارە لەوکاتانەدا تۆماس هۆبزی فەیەلسووفی ئینگلیزیی ، کەبەیەکێک لە داکۆکیکەرانیی بیری دەسەڵاتی رەهای دەوڵەت بوو، سیپۆنزا زۆر بە توندی دژی ئەم بۆچوونەی هۆبز وەستایەوە. سیپۆنزا دەڵێت :

” پێویستە لەسەر دەوڵەت ئاشتیی و ئاساییش بەرقەراربکات ، بەڵام بەبێ ئەوەی مافی ئازادیی لە مرۆڤەکان زەوت بکات ، ئەو مافەی کە بنەوای هەموو سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە،،،،بە ڕای من هیچ شتێک هێندەی سەرکوتکردنی ئەقڵ و رادەربڕین و بیروڕا ، هەڕەشە ومەترسیی نییە بۆ سەر قەوارەی دەوڵەت 9.”

جان لۆک (1632.1704) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ( پەیامێک لەبارەی حکومەتی مەدەنی) ، دەڵێت : ( هەموو مافێک  بریتییە لە ئازادیی و یەکەمین مافیش تەنیا مافی ئازادییە.10″

جان جاک رۆسۆی فەیلەسووفی ناوداری فەرەنسیش ” 1712 /1778″ کەبەیەکێک لە داکۆکیکەرانی بیری ئازادیی و مافی مرۆڤ دادەنرێت ، زۆر لە فەیلەسووفانی تری پێش خۆی داکۆکی لە چەمکی ئازادیی دەکات . ئەو پێی وایە کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت واز لە مافی ئازادی خۆی بهێنێت ، چونکە ئەم مافە گوزارشت لە بوونی مرۆڤ دەکات. رۆسۆ دەڵێت :

” دەستبەرداربوونی مرۆڤ لەئازادییەکانی ، واتە دەستبەرداربوونی لە خەسڵەتی مرۆڤ بوون و مافەکانی مرۆڤ و ئەرکەکانی مرۆڤیش ،، دەستبەرداربوونیش لەم شتانە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا ناگونجێت . سەندنەوەی ئازادی لە ئیرادەمان ، واتە سەندنەوەی هەموو خەسڵەتێکی مۆڕاڵی لە ڕەفتارو کردەوەکانمان.11″

دیارە ئازادی بە یەکێک لە کۆڵە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێت ، بەبێ بوونی ئازادیی مەحاڵە کۆمەڵگەی مەدەنی سەربگرێت. دیارە زۆرجار خەڵکانێک پێیان وایە کەباسی ئازادیی دەکەین تەنها مەبەستمان ئازادی سیاسیی، یان تەنها ئەوان جەخت لەم خاڵە دەکەنەوە، بەڵام لەراستیدا هەتاوەکو تاک لەهەموو بوارەکانی ژیانیدا ئازاد نەبێت ، ناتوانرێت کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دروستبکەین. 

دیارە مرۆڤیش ئازادیی تەنها لە بواری سیاسیدا ناوێت ، بەڵکە پێویستە تاک لەهەموو بوارەکانی ژیانیدا ئازادانە بژی “کۆمەڵایەتی، ئایینی، رێکخراوەیی”. گەر کەسێک نەتوانێت ئازادانە  هەڵسووکەوت بکات و راوبۆچوونە تایبەتییەکانی خۆی دەرببرێت ، ناتوانین بەو کۆمەڵگایە بڵێین ئازادە. بۆ نموونە پێدەچێت لەهەندێک کۆمەڵگادا کارێکی ئاسان بێت کە تاک رای خۆی لەسەر مەسەلە سیاسییەکان دەرببڕێت ، بەڵام زۆر کارێکی زەحمەت و دژاواربێت ، ڕەخنە ئاراستەی دەسەڵاتیی ئایینی یان دژی نەریتی کۆنی کۆمەڵگا بوەستێتەوە. 

بۆ نموونە لە کۆمەڵگا رۆهەلاتییەکاندا بەتایبەتی لەپاش بەهاری عەرەبی، تاڕادەیەکی زۆر بواری ئازادی سیاسی فەراهەمکراوە، بەڵام لەبواری ئازادی ئایینی و تاکگەرایی ، زۆر بەرەو دواوە دەچێت ، بەجۆرێک کە پێشتر تاک لە سەردەمی دیکتاتۆرەکاندا ، زیاتر لە بوارە مەدەنییەکاندا ئازاد بوو هەتاوەکو ئەمڕۆ ، چونکە ئەمڕۆ لایەنی ئیسلامییە سیاسییەکان ، زۆر بەهێزبوون و ئەوانیش بەهەموو شێوەیەک دژی رەخنەگرتنن لە ئایین و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگا.

بە بروای من هیچ وەختێک ئێمە ناتوانین باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزارندنی سیستەمێکی پلورالیزمی بکەین ، هەتاوەکو تاک بە شێوەیەکی تەواوەتیی بە مافی ئازادیی خۆی نەگات. گەر کەسێک نەتوانێت ئازادانە قسەبکات و بریاری خۆی بدات ، بۆ نموونە چۆن دەتوانێت واز لە ئینتمای خۆی لە ‘ خێل، یان ئایین ، یان بنەماڵە ” بهێنێت ،و ئینتمای خۆی بۆ رێکخراوێکی مەدەنی بگۆڕێت.  لەبەرئەوە هیچ کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی بەبێ بوونی ئازادی  سەرناگرێت.

 

3. جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و عەلمانییەت /

هەتاوەکو کۆتایی سەدەی نۆزەدەهەمیش ئایین رۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەبوو بەسەر تاک و کۆمەڵگەی رۆئاواییدا. بیرمەندن و فەیلەسووفانی ئوروپا ، لەسەدەی هەڤدەوە کەوتنە خەباتێکی گەورە لە پێناویی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت . دیارە جان لۆک یەکێک بوو لە داکۆکیکەرانی  ئەم چەمکە. ئاخر گەر دین هەژموونی خۆی بەسەر تاک و کۆمەڵگادا بسەپێنێت ، مەحاڵە بتوانین باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین. چونکە کۆمەڵگەی مەدەنی باوەڕیکی تەواوەتی بە لێبوردەیی ئایینی و ئازادیی تاک لە هەڵبژاردنی ئایین و مەزهەبدا هەیە. ئەمەش لەگەڵ زاڵبوونی دین بەسەر تاک و کۆمەڵگادا ناگونجێت . 

جان لۆک لەپاش شەڕە مەزهەبییە خوێناوییەکانی  ئوروپا بە گشتی و ئینگلاند بەتایبەتی، کەوتە خەبات لە پێناویی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت . 

جان لۆک دەڵێت :

(هەر کەنیسەیەک بە بڕوای خۆی مەسیحی پەتییە و بە بروای  خۆی ئەوانی دیش هەڵە و مورتەدەن. هەموو کەسێک بروا وایە ئەوەی خۆی باوەری پێیەتی هەقیقەتە و هەرچیەکیش کە جیاوازە لەو ، وەک هەڵە مەحکوم دەکات . گەر مافی سەرکوتکردن بە کەنیسەیەک بددرێت ، ئەوا ناچارین هەمان ماف بە کەنیسەکانی تریش بددەین .)

لۆک ، زۆر دژی ئەوەبوو کە دەوڵەتێکی ئاینی دروسبێت و، ئایین ببێتە ناسنامەو مەرجەعی سەرەکی دەوڵەت ، چونکە ئەو پێی وابوو کە گەر دەوڵەتێک بیەوێت مەدەنی بێت ، نابێت دەوڵەتێکی ئاینی بێت . جان لۆک لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ( نامەیەک دەربارەی لێبوردن) دەڵێت :

( بەو پێیەی جێبایەخی دەسەڵاتی مەدەنی بریتییە لە بەرژەوەندی مەدەنی و ئەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە دنیاوە هەیە، ئەوا دەسەڵاتی ئایینی بۆی نییە خۆی لە کاروبارەکانی هەڵقورتێنێت، لەبەرامبەریشدا پێویستە یاساکانی دەوڵەت لە بیروباوەڕیی ئاینی بەدووربێت ، ئەمەش مانای وایە نابێت باس لە دەوڵەتی مەسیحی بکەین ، مادامەکی یاساکانی دەوڵەت سەروکارییان لەگەڵ شەریعەتی مەسیحیەتدا نییە.12)

دیارە دەوڵەتی ئایینی ماوەیەکی زۆر لە ئوروپادا بەرقەرار بوو، هەرئەمەش  بوو بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناویی مەزهەبی لە ناو ئوروپادا. لەبەرئەوە فەیلەسووفانی ئوروپا ، پێیان وابوو باشترین چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئایینی و مەزهەبی لە ئوروپا و، سەقامگیربوونی ئاشتیی ، جیاکردنەوەی دین بوو لە دەوڵەت. 

فەیلەسووفی مەزنی فەرەنسی ڤۆلتێر، کەبە یەکێک لە داکۆکیکەرانی بیری ئازادی و دەوڵەتی مەدەنی دادەنرێت . ساڵی 1763 پاش چەندین ڕووداوی دڵتەزێن ، کەناخی ڤۆلتێر دەهەژێنێت ، کتێبێکی مەزن بەناوی ( ووتارێک لەبارەی لێبووردنەوە دەنووسێت ) . 

ئەم کتێبە دەبێتە بەرنامەیەکی درێژخایەن بۆ ورووژاندنی رای گشتی فەرەنسی ، بە قازانجی دژایەتیکردنی دەمارگیری و هاندانی خەڵکی بۆ لێبووردەیی و قبووڵکردنی مەزهەب و دیدی جیاواز. هەروەها لەم کتێبەیدا ، بەتوندی هێرش دەکاتە سەر کەنیسەی مەسیحی بەگشتی  و کاسۆلیکی بەتایبەتی. ڤۆلتێر دەڵێت :

” مەسیحیەت مێژووی شانزە سەدە بەربەیەتە . سەردەمێکی درێژ  بەسەر فەرمانڕەوایی مەزهەبی مەسیحیەتدا بەهۆی قووستەنینەوە نەڕۆیشتبوو کە ئاتانازیەکان و ئۆسبیەکان * ، کەوتنە گیانی یەکدی و لەوساوە تا ئەمڕۆ هەمیشە کەنیسەی مەسیحی لە خوێندا غەرق بووە.”

ڤۆلتێر دەیەوێت سوود لە وانە تاڵەکانی مێژوو وەربگرێت ، هەربۆیە  دەڵێت :

( ئەم جیاوازییە ترسناکانە کە چەند سەدەیەکی خایاندووە ، وانەیەکی گرینگە سەبارەت بەوەی  ئێمە دەبێت هەڵەکانی یەکدی ببەخشین . جیاوازبوون ، بەدبەختی گەورەی مرۆڤەو ” لێبووردن” یش تەنها ڕێگا چارەیەتی .13)

ڤۆلتێر پەنا بۆ بازرگانی دەبات و دەیەوێت  لەم ڕێگایەوە ، بۆچوونەکانی بسلەمێنێت.

( لە بۆرسەی ئەمستەردام یان لەندەن یان بەسرەدا ، کە زەردەشتی ، یەهودی ، موسڵمان ، کاسۆلیک ، پرۆتستانت ، ئەرتەدۆکسی ، هەر هەموویان مامەڵە پێکەوە دەکەن و خەنجەر بە ڕووی یەکدا هەڵناکێشن  بۆ ئەوەی یەکێکیان ئەویدی بهێنێتە سەر دینەکەی خۆی . کەوابوو بۆچی ئێمە ” مەسیحیەکان” پاش ئەنجومەنی نیقیە * *بەردەوام کوشتار لەگەڵ یەکیدا دەکەین ؟.14)

دیارە ڤۆلتێر لەو باوەرەدا بوو ، کە بازرگانی دەتوانێت ڕێگا لە توندوتیژی و دەمارگیری ئایینی بگرێت . کارو خەباتی ڤۆلتێر لە پێناوی لێبووردندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو ، لە گەشەسەندنی بیری لێبوردن و دامەزراندنی کۆمەڵگای مەدەنی و فەراهەمکردنی ئازادی بیرورا. 

___________________________________________________________________

*Saint Athanase( 373/265) ڕابەری کەنیسەی مەسیحیەتی یۆنانی بوو

Euseb de Cesaree(340/265) نووسەر و یەکێک لە گەورەکانی  مەسیحیەتی یۆنانی بوو.

**Dicee(نیکییە یان نیقییە) شارێکی کۆنی یۆنانی بوو ” ئێستا تورکیایە” ، یەکەمین ئەنجومەنی بڕیاردانی مەسیحیەت لە ساڵی 325 ، تێیدا دروستکرا.

ئامانجی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەییە کە تاک بەشێوەیەکی تەواوەتی ئازاد بێت و بە مافەسروشتییەکانی خۆی بگات. لەبەرئەوە هیچ وەختێک تاک ناتوانێت بەم مافانەی بگات ، گەر بێت ، لە ژێر هەژمونی دەوڵەت یان ئایین یان نەریتی کۆمەڵگا ئازاد نەبێت. لەبەرئەوە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت ، بەیەکێک لە ئامانج و بەرنامە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێت.  لەبەرئەوە من زۆرم لاسەیرە کە ئێستا لایەن ئیسلامییەکان باس لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن .  چونکە ئەمانە بەهیج شێوەیەک قبووڵی ئەوە ناکەن کە کەسێک بڵێت من باوەڕم بە خودا نییە. یان کەسێک چی دەخواتەوە یان چی لەبەر دەکات ئازادبێت، چونکە بەپێی تەعالیمی ئیسلامی بێت ، تاک بە کۆمەڵێک ڕێسای ئاینییەوە بەستراوەتەوەو دەبێت بەو شێوەیە هەڵسووکەوت بکات .  بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی پێی وایە کە تاک دەبێت تەنها ملکەچی ئەو یاسایەنە بێت ، کە خۆی دایناون ولە خزمەتی تاک دان. واتە ملکەچی یاسا ئاسمانییەکان نەبێت. ئەمەش پێچەوانەی بەرنامەی پارتە ئاینییەکانە.

 

4. جیاکردنەوەی دەسەڵات و سەروەریی یاسا /

یەکێک لە ئامانج و ئەرکەکانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، کارکردنە بۆ کەمکردنەوە دەسەڵات و هەژموونی دەسەلاتی سیاسیی بەسەر تاک دا. کاری بنەڕەتی کۆمەڵگەی مەدەنی ، فشارهێنانە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی کە تاوەکو تاک لە ژێر چنگی  دەسەڵات ڕزگاربکات . 

دیارە لەم پێناوەشدا هیچ کەسێک هێندەی فەیلەسووف و بیرمەندی گەورەی فەرەنسی ( شارل دی مۆنتسکیۆ.1689/1755) کاری نەکردووە. ئەو لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ( رۆحی یاساکان ،Lois des Esprit) زۆر شێلگیرانە  پشتگیریی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات . خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەڕێز ئیدریس شێخ شەرەفی ئەم کتێبە نایابەی کردووە بە کوردی و دەزگای موکریان چاپی یەکەم و دەزگای وەرگێرانیش چاپی دووەمی ئەم کتێبە نایابەی کردووە. 

مۆنتسکیۆ دەڵێت : 

” پێویستە یاساکان لەگەڵ سروشت و پرەنسیبی ئەو حکومەتەی کە دامەزراوە یان دادەمەزرێت بگونجێت، جا چ یاسا سیاسییەکان کە دەبنە هۆی پێکهێنانی دەوڵەت ، چ یاسا مەدەنییەکان کە دەوڵەت دەپارێزن 15.”

واتە مۆنتسکیۆ پێی وایە کە یاسا مەدەنییەکان دەتوانن پارێزگاریی لە دەوڵەت بکەن .  لەهەمانکاتدا ئەو پێی وایە کە تەنها یاسا دەتوانێت ئازادیی و ئاسایشی هاوڵاتییان بپارێزێت.

 

لەمبارەیەوە دەڵێت :

“سەربەخۆیی دەسەڵاتی قەزائی ، گرینگییەکەی هەر لەوەدانییە کە پاراستنی ئازادی سیاسیی دەستوور بیخوازێت ،بەڵکو پێداویستییەکی زۆرئۆرگانییە کە مافی هاوڵاتیی پێویستیی پێیەتی تا لە ئاسایش و ئارامی و دڵنییایی بەهرەمەند بێت .”

مۆنستکیۆ پێی وایە کە جیاکردنەوەی دەسەڵات سوودێکی گەورەی هەیە بۆ کۆمەڵگە و رێگرێکی زۆرگەورەشە لە دروستبوونی حکومەتی ستەمکار ، چونکە بەم شێوەیە دەسەڵات تەنها لە دەستی کەسێک یان گروپێک کۆنابێتەوەو نابێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی ستەمکار. لەکاتێکدا کە دەسەڵاتەکان بەسەر چەند دەزگایەکدا دابەشکران ، هاوڵاتی کەمتر دەکەوێتە ژێر هەژموونی دەسەڵاتەوە. 

ئەو دەسەڵاتی بەسەر سێ دەزگادا دابەشکرد: 1. دەسەڵاتی جێبەجێکردن “حکومەت”. 2. دەسەڵاتی تەشریعی ” پەرلەمان “.3. دەسەلاتی قەزائی ” دادگا”.

ئەو پێی وابوو لەرێگای ئەم دابەشکردنەوە ، هاوڵاتییان کەمتر دەکەونە بەر هەژموونی دەسەڵاتەوەو ئازادانە تر دەژین . هەروەک خۆشی دەڵێت :

” لە ژێر ئاڵای حکومەتی ستەمکاریدا مرۆڤ وەکو ئاژەڵ هیچ شتێکی دەست ناکەوێت ، جگە لە غەریزەی سروشتی و ملکەچی و تەمێکردن نەبێ . هەر بڕیارێک کە پاشای ملهوور دەریدەکات بەسەو دەبێت پەسەند بکرێ و ئەملاو ئەولای نییە .16″

لەبەرئەوە هیج کاتێک ناتوانین باسی کۆمەڵگەی مەدەنی و پلوورالیزم و دیموکراسیی بکەین ، هەتاوەکو دەسەڵاتەکان جیانەکرابێتەوە. لەهەمانکاتیشدا پێویستە یاسا بە شێوەیەکی تەواوەتی بەرقەرار بێت و سەروەریی هەموولایەک بێت. چونکە تەنها یاساکان دەتوانن هاوڵاتیی لە دەستدرێژی دەسەڵات و خەڵکان و لایەنەکانی تر بیپارێزن. هیچ کاتێک هاوڵاتییان ناتوانن بەرگری لە مافەکانیان بکەن ، گەر یاساکان پارێزگارییان لێ نەکەن . لەبەرئەوە جیاکردنەوەی دەسەڵات ، مەرجێکی سەرەکی و بنەرەتی کۆمەڵگەی مەدەنی دێتە ژماردن .

 

5. ڕێکخراویی مەدەنی /

خاڵێکی گرینگی تر بوونی ڕێکخراویی خۆبەخش و مەدەنییە. هیچ کاتێک ناتوانین باس لە کۆمەڵگەی مەدەنیی بکەین ، گەر رێکخراویی مەدەنیمان نەبێت. رێکخراوەکان لۆکۆمۆتیڤی کۆمەڵگەی مەدەنین ، بەبێ رێکخراوەکان کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی نییە. 

ئەرکەکانی رێکخراویی کۆمەڵگەی مەدەنی /

 

1. کۆکردنەوەو رێکخستنی ئەندامان بەشێوەیەکی خۆبەخشانەو دوور لە بەرژەوەندیی تایبەتی.

2. بەکارهێنانی هەموو شێوازێکی خەباتی ئاشتییانەو مەدەنییانە ، بۆ بە دیهێنانی ئامانجی رێکخراوەکە.

3. هەوڵدان بۆ فشارهێنان بۆ سەر دەسەڵات و رای گشتی ، بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی رێکخراوەکەیان بهێنن. 

4. دوورکەوتنەوە لە هەموو بیروبۆچوونێکی تەسکی حیزبی ، عەشیرەتیی، ئاینیی. 

5. کارکردن بۆ زیادکردنی فەزای ئازادیی سیاسیی و تاکەکەسی ، باشکردنی مافەکانی مرۆڤ ، دژ وەستانەوە بە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان، پارێزگاریکردنی ژینگە و ئاژەڵ، دژایەتیکردنی شەڕ و بڵاوکردنەوەی هەستی ئاشتی پارێزی، پاراستنی کەمە نەتەوەو ئایینەکان، دژایەتیکردنی بیری راسیزمی و فاشیزمی نەتەوەیی و ئایینی . دژایەتیکردنی گەندەڵی و ملهووریی دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینی17 . 

6. خۆ دوورختسنەوە لە سیاسەتەکانی دەوڵەت و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو سیاسەتانەی کە دژ بە مافەکانی مرۆڤن.

7. پارێزگارییکردنی مافی ئەندامان و هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە.18

 

گلۆبالیزم و زیادبوونی ڕۆڵی رێکخراوە مەدەنییەکان /

 

لەپاش رووخانی  بلۆکی رۆهەڵات و سۆڤێت ، جارێکی تر رێکخراویی مەدەنی لە جیهاندا ڕۆڵێکی ئێجگار مەزنیان لە سیاسەتی جیهاندا بینی. ئەمڕۆ هەندێک رێکخراوی مەدەنی ، دەتوانن سیاسەتەکانی دەوڵەتان بگۆڕن ، بگرە هەندێکییان لە پارت و گرووپە سیاسییەکان زیاتر رۆڵییان لە سیاسەتی دەوڵەت و جیهاندا هەیە. لەهەمانکاتیشدا رۆژ لە دوای رۆژ ، ژمارەی رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکان زیاتر دەبێت .

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراویی ( بانکی نێودەوڵەتی ) ، لە ساڵی 1990 وە هەتاوەکو ساڵی 2006 ، ژمارەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە جیهاندا ، لە 6000 وە گەیشتۆتە 50000 . واتە دە بەرامبەر زیادیکردووە. هەروەها لە ڕووی پێشکەشکردنی یارمەتیی دارایی و مرۆییشەوە ، ڕێژەییان زیادیکردووە، کە هەر بەپێی ئەو ئامارە ، ئەم رێکخراوانە نزیکەی 15 ملیارد دۆلار یارمەتییان لە جیهاندا پێشکەشی خەڵکانی هەژار و لێقەوماو کردووە 19.

ئەمڕۆ رێکخراوە مەدەنییە ناحکومەییەکان ڕۆڵی گەورەییان هەیە و دەتوانن فشاری گەورە بۆ سەر دەوڵەتان دروستبکەن . بۆ نموونە ڕێکخراوی ( ئەمنستی ئەنتەرناسیۆناڵ ) لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا ، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی هەیە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕیسواکردنی ئەو دەوڵەتانەی کە پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ دەکەن . یان ڕێکخراوی ( گرین پی) ، کە رێکخراوێکی مەدەنیی و جیهانییە، ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاراستنی ژینگە و ڕیسواکردنی ئەو حکومەت و کۆمپانیایانەی کە ژینگە پیس دەکەن . 

لە بواری دژایەتیکردنی سیستەمی کەپیتالیزم و کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکانیش، رێکخراوە مەدەنییەکان رۆڵییان زۆر لە پارتە چەپەکان زیاترە. دیارە ئەمڕۆ تەنها لە ڕێگای پارتێکی مارکسی لینینییەوە دژایەتیی سەرمایەداری جیهانی ناکرێت ، بەڵکە رێکخراوە مەدەنییەکان ، زۆر لە پارتە چەپەکان ئەکتیف ترن و رۆڵییان زیاترە ، بۆ نموونە رێکخراوێکی وەکو ( ئەتاک) یان رێکخراوی ( ئاشتی جیهانی) ، زۆر لە پارتە چەپەکان ئەکتیف تر و ڕادیکاڵانەترن بەرامبەر بە حکومەتە رۆئاواییەکان . بەتایبەتی لە بواری دژایەتییکردنی سیاسەتی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و، داکۆکیکردن لە مافی گەلانی هەژار و پاشکەوتووی ئەفریکا و ئاسیا و ئەمریکای لاتیین. لەم چەند ساڵەی دواییدا ، ئەم ڕێکخراوانە فشارێکی زۆرییان بۆ حکومەتەکانیان هێنا ، کە واز لە قەرزی دەوڵەتە هەژارەکانی جیهانی سێهەم بهێنن. لە ڕاستیشدا هەر ئەم فشارە بوو ، کە وای لە حکومەتە رۆئاواییەکان کرد ، کە واز لە بەشێک لە قەرزەکانی خۆیان لەو دەوڵەتانە بهێنن. 

لەبواری دژایەتییکردنی سیاسەتی شەرەنگێزی ئەمریکا و  پەلاماردانی وڵاتانی جیهانی سێهەم لەلایەن رۆئاواوە، بینیمان لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا وە، هەروەها لە شەڕی ئەفگانیستاندا، رێکخراوە مەدەنییەکان ڕۆڵێکی ئێجگار مەزن و جوامێرانەی بینی لە دژایەتیکردنی ئەم شەرەو ڕیسواکردنی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا . 

لەبەرئەوە ئەمڕۆ رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکان ڕۆڵێکی ئێجگار مەزنیان هەیەو، بە شێوەیەک کە زۆرجاران رۆڵییان لە دەوڵەتەکان زیاترە . بەتایبەتی لە بواری یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماودا ، بۆ نموونە لە کاتی کۆڕەو پاش ڕاپەڕین ، رێکخراوە مەدەنیی و ناحکومییە رۆئاواییەکان ، یارمەتییەکی زۆریی خەڵکی لێقەوماویی کوردیان دا. ئەمڕۆ ئەم رێکخراوە خێرخوازییانە زووتر و چالاکتر دەچن بە دەنگ خەڵکی لێقەوماو هەژاریی جیهانەوە، بەتایبەتی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکاندا. 

سەرنجێک لەبارەی ڕێکخراوە مەدەنییە رۆئاواییەکان/

دیارە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی رۆئاوا بەتایبەتی خێرخوازەکان ، ڕاستە لە ڕووی مرۆییەوە یارمەتییەکی زۆریی خەڵکی لێقەوماویان داوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ، کەبەشێکی زۆریی ئەم ڕێکخراوانە ، لە ژێرەوە کار بۆ دەزگا سیخورییەکانی ئەو وڵاتانە دەکەن . لەهەمانکاتیشدا خزمەتی سیاسەتی دەرەکی ئەو وڵاتانە دەکەن. بەتایبەتی لە ڕووی کۆکردنەوەی زانیاریی و هەواڵی گرینگ دەربارەی ئەو وڵاتانەی  کە تێیدا کاردەکەن . هەربۆیە هەمووکاتێک لەپشت هەر کارێکی مرۆیی رۆئاواییەوە ، ئەجنداییەکی گەورەی سیاسیی لە پشتە.

جگە لەوەش بەشێکی زۆریی ئەو رێکخراوانەی کەلە بواری گەشەپێدانی دیموکراسیی و مەدەنییەتدا کاردەکەن ، کار بۆ ئەجنداییەکی تایبەتی سیاسیی دەکەن . زۆرجار لە ژێر ناوی پەرەپێدانی دیموکراسیی و رێکخراویی مەدەنییەوە ، هەوڵی نانەوەی پێشویی و ئاژاوە بۆ ئەو وڵاتانە دەنێنەوە. هەر بۆیە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی سێهەم ، بە حەزەرەوە پێشوازیی ئەم رێکخراوانە دەکەن. بۆ نموونە ئەم ساڵ حکومەتی سەربازیی میسری، هەرچی ڕێكخراویی مەدەنی رۆئاوایی بوو ، لە وڵاتدا دەریکردن و بنکەکانیان پێ داخستن ، چونکە تەداخولییان لە کاروباریی سیاسیی ناوخۆی میسر دەکرد. لە وڵاتی روسیاش حکومەتی روسی هەرچی ڕێکخراوی مەدەنی و گەشەپێدانی دیموکراسیی رۆئاوایی بوو، هەموویان لە وڵات دەرکرد ، چونکە دەیانویست حکومەتی پوتین بروخێنن. 

دیارە زۆرجار ئەم ڕێکخراوانە وەکو نووکی ڕمی سیاسەتی دەرەکی وڵاتانی رۆئاوایین ، چونکە ئەمان لە ژێر ناوی کارێکی جوان و پیرۆزەوە ، خەریکی بە ئەنجام گەیاندنی  سیاسەتێکی نەگریسی رۆئاوان ، کەبریتیە لە زاڵکردنی هەژمونی رۆئاوا بەسەر جیهاندا.

ڕۆهەڵات و چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی /

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی چەمکێکی نوێیە لە رۆهەڵاتدا، دەتوانم بڵێم زۆر درەنگ  ئەم چەمکە گەیشتە رۆهەڵات . لەهەمانکاتیشدا نووسەرانی رۆهەڵات زیاتر خۆیان بە چەند چەمکێکی ترەوە خەریکردبوو، بۆ نموونە تا ماوەیەکی زۆر ( مارکسیەت و دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزم و ناسیۆنالیزم) ، پانتاییەکی گەورەی بەسەر عەقڵی رۆهەڵاتدا داگیرکردبوو. لەماوەی سی ساڵی پێشووشدا بەڕێژەیەکی زۆر ، بیری ئیسلامی و سەلەفییەت ، پانتاییەکی گەورەی بەسەر عەقڵی رۆهەڵاتدا کێشاوە.

بەڵام لەماوەی بیست ساڵی پێشوودا بەتایبەتی پاش ڕووخانی بلۆکی رۆهەڵات و یەکێتی سۆڤێت، چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەناو رۆهەڵاتدا بڵاوبۆتەوە. لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵیک نووسەر و بیرمەندی زۆر ، خۆیان بەم چەمکەوە خەریکردووە. جگەلەوەش چەندین رێکخراویی مەدەنیی هەمەجۆر لەم بوارەدا دروست بووە. 

ڕێگرەکانی  چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆهەڵاتدا  /

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆهەڵاتدا کۆمەڵێک ڕێگری گەورەی لە پێشدابووە، هەربۆیە نەیتوانییوە بە باشی گەشبکات و پێشبکەوێت. من لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی تیشک بخەمە سەر چەند ڕیگرێک ، کە وایکردووە کە ئەم چەمکە هەر لەسەرەتاوە ، بە کزیی بێتە ناو مەیدانی هزری رۆهەڵاتەوە.

1. دەسەڵاتی سیاسی /

دیارە هەتا ئەم چەند ساڵەی دوایی بەتایبەتی هەتا ساڵی 2011 ، زۆربەی ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەی کە حوکمی رۆهەڵاتییان دەکرد، حکومەتێکی دیکتاتۆری عەسکەری یان خێڵەکی بوون.  ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە ، کە زۆربەی دەسەڵاتە دیکاتۆرییەکان دژی تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ، چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنین . چونکە ئەم چەمکە داوای سیستەمێکی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەکەن. ئەمانەش هەمووی دژی بیری دیکتاتۆریی و عەسکەریی و خێڵەکین. هیچ وەختێک دیکتاتۆرەکان ، چاویان بەرایی نایەت ، چالاکوانێکی مەدەنیی یان رۆژنامەنووسێکی ئازاد ببینن.  

لەبەرئەوە زۆرجار بەشێکی زۆریی ئەو کەسانەی کەلەم بوارەدا چالاک بوون ، تووشی ڕاونان و گرتن و زۆرجاریش تیرۆرکردن بوون. ئەمەش وایکردووە کە خەڵکانێکی ئێجگار کەم ، بوێرن خۆیان لە قەرەی ئەم چەمکە بددەن.

 

2. دەسەڵاتی ئایینی و گرووپە ئیسلامییەکان /

دیارە یەکێک لە ئامانجەکانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و دژایەتیکردنی بیری ئوسوڵیی و سەلەفیی ئاینییە. ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە ، کەلەماوەی چل ساڵی پێشوودا ، تەوژمی ئیسلامگەرایی و ئوسوڵیی ، بەتەواوەتی باڵی بەسەر هەموو رۆهەڵاتدا کێشاوە. بەتایبەتی لەپاش شۆرشی ئێران ، کە ئیسلامییەکان توانییان زاڵ بن بەسەر شۆرشدا و لەپاشانیش توانییان جێگای شای دیکتاتۆر بگرنەوەو ، کۆمارێکی ئیسلامی دابمەزرێنن. کە زۆرجار بەهەمانشێوەی شا ، بگرە زۆرجاریش لەو خراپتر هەڵسووکەوت لەگەڵ خەڵکی ئۆپۆزسیۆنی خۆیان دەکەن.

لە وڵاتانی عەرەبیش ، گرووپە ئیسلامییەکان بەوپەڕی هێزی خۆیانەوە  کەوتنە دژایەتیکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە هەڵگری بیری کۆمەڵگەی مەدەنین و داوای کۆمەڵگایەکی عەلمانیی و دیموکراسیی دەکەن . پارادۆکس لەوەدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەتی لەپاش  بەهاری عەرەبی ، ئیسلامییەکان  توانییان لەڕێگای هەڵبژاردن و سیستەمی دیموکراسییەوە دەسەڵات بگرنە دەست . هەروەک  بیرمەندی گەورەی عەرەب ( هاشم ساڵیح) دەڵێت :

” ئیسلامییەکان هەڵوێستێکی ئێجگار هەلپەرستانەیان لە شۆرشی گەلانی عەرەب بینی، جاران دژی بیری دیموکراسیی بوون بەڵام ئەمڕۆ ئەوان لەهەموو کەس زیاتر پەلەی هەڵبژاردنیانە 20″.

لەبەرئەوە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ، بۆ ساڵانێکی زۆر دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئەمڕۆش ، لەشەڕێکی گەورەدایە لەگەڵ بیری ئیسلامی سیاسی. زۆرجاریش خەڵکانێکی زۆر بوونەتە قووربانی ئەم شەڕانە. بەتایبەتی نووسەران و بیرمەندان، لە وڵاتی میسر ، کە گەورەترین وڵاتی عەرەبییە . 

 

3.کاریگەری خراپی رۆئاوا /

 

ڕۆئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی ، ڕۆڵێکی ئێجگار خراپییان بینی لە نەهێشتن  گەشەسەندنی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی . چونکە هەتا ساڵی 2011 ش، رۆئاوا بەهەموو تواناییەکیەوە ، پشتگیری ( سەربازیی ، پۆلیسی، ئابووریی، سیاسیی) ئەو رژێمە دیکتاتۆرو عەسکەرییانەیان دەکرد ، کە حوکمی رۆهەڵات دەکەن ، چونکە ئەم ڕژێمانە هەموویان ئەلقە لەگوێی خۆیان بوون و خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەوانیان دەکرد . رۆئاوا هیچ بەرژەوەندی لەوەدا نەبوو ، کەئەم رژێمانە برووخێنێت و دیموکراسی لە رۆهەڵاتدا بڵاوبێتەوە، بەڵکە بەرژەوەندی ئەوان لە مانەوەی ئەم رژێمانە بوو. 

لەلایەکی تریشەوە بەحکومی ئەوەی سەرچاوەی ئەم چەمکە رۆئاوا بوو، هەمووکاتێک ئیسلامییەکان و دیکتاتۆرەکان دژی دەوەستانەوە ، بەبیانوویی ئەوەی ئەم چەمکە دژی کولتووری رۆهەڵاتە . زۆرجار ئەو کەسانەش کەلەم بوارەدا چالاک بوون ، بە نۆکەری رۆئاوا تۆمەتباریان دەکردن . ئەمەش خۆی لە خۆیدا نەهامەتییەکی گەورەی بۆ ئەم چەمکە دروستکردبوو.

دیارە جگە لەم دوو ڕێگرە کۆمەڵیک رێگری تریش هەبوون کە دەتوانم بڵێم کارییگەری خراپیان هەبووە لە نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ئەم چەمکە ، لەوانە ( هەژاریی ، نەخوێندەواریی ، نەبوونی سەرچاوەی باشی رۆشنبیریی، نەبوونی رێکخراویی بەهێز و چالاک لەم بوارەدا.)

ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە رووخانی دیکاتۆرەکان و بەهاری عەرەبیدا/

یەکێک لەسیما گرینگ و گەورەکانی بەهاری عەرەبی ئەوەبوو ، کەلەم شۆرشە گەورانەدا ، رێکخراوە مەدەنییەکان رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لە رووخانی ئەم رژێمانە بینی ، بەتایبەتی لە وڵاتی میسر . جاران کە باس لە شۆرش دەکرا ، یەکسەر باسی پارتی شۆرشگێری توندوتۆڵ و پرەنسیبی شۆرشگێرانەو، بوونی سەرکردەی شۆرشگێر و خەباتی ژێرزەمینی و پارتیزانی دەکرا. لێ شۆرش و بەهاری عەرەبی ، جارێکی ترا توانی پێناسەیەکی نوێ تر بداتە شۆرش لە جیهاندا. ئەوەی جێگای سەرنج و بایەخدانی هەموو جیهان بوو لەم شۆرشانەدا، پارتی سیاسیی یان سەرکردەیەکی مەزن ، هیچ رۆڵییان نەبوو لەم شۆرشانەدا.

بگرە دەتوانم بڵێم لەم شۆرشانەدا دوو دیاردەی گرینگ دەرکەوت ، یەکەمیان : بەهێزبوونی ڕۆڵی تەکنەلۆژیای نوێ( سەتەلایت ، ئینتەرنێت بەتایبەتی فەیس بوک ) . دووەمیان : بەهێزبوونی ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان.  لەم شۆرشانەدا ڕێکخراوەکانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی ، ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەبوو، لەهەمانکاتیشدا زیاتر خەڵکی خۆیان لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا دەبینییەوە.

دەتوانین بڵێین زیاتر لەبەر ئەوەبێت ، چونکە خەڵکی لە ڕۆهەلات باوەڕیان بە پارتە سیاسییەکان نەمابوو ، کە بتوانن گۆڕانکاریی گەورە بکەن ، هەربۆیە خەڵکی خۆی لەناو رێکخراوە مەدەنییەکاندا دەبینییەوە. لەلایەکی تریشەوە  خەڵکی لەناو ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا ، کەمتر دەکەوتە بەر دیسپلین و  ملکەچی حیزبی ، کە خەڵکی تاقەتی ئەم جۆرە خەباتەی نەماوە.

دەتوانم بڵێم لەپاش بەهاری عەرەبییەوە ، چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی گەشەسەندنێکی باشی بەخۆیەوە بینی . لێ مەخابن ئەم گەشەسەندنە زۆریی نەخایاند، چونکە بەهێزبوونی بزاڤی ئیسلامی لە وڵاتانی عەرەبیی و دەستبەسەرگرتنی شۆرشەکە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، جارێکی تر کۆمەڵگەی مەدەنی هەنگاوی بەرەودواوە نا. 

 

کورد و چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی /

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو هەموو رۆهەڵات زۆر درەنگ بە کوردستان گەیشت. دەتوانم بڵێم لەپاش ڕاپەڕینەوە زۆر بە کزی باسی ئەم چەمکە کرا. بەڵام لەپاش ڕاپەڕینەوەو بوونی کەشوهەوایەکی ئازاد، ڕێگای خۆشکرد کە کورد بە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاشنا بێت. لەپاش ڕاپەرین ووتاری ( کوردایەتی) باڵی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردیدا کێشابوو. لەهەمانکاتیشدا ( حیزب) سەنتەری هەموو جووڵەیەکی سیاسیی و فکریی و کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی بوو. بەشێوەیەک کە ( حیزب) ڕێگای بە هیچ شتێکی تر نەدەدا سەردەربهێنێت. 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕێکخراوێکی بواری مەدەنی هاتنە مەیدانەوە، کەپێشتر بوونیان نەبوو. یان بە شێوەیەکی تر دەتوانم بڵێم ئەو شتانە نامۆبوون لە لای تاکی کوردی. لەپاش ڕاپەڕین بەتایبەتی لە بواری داکۆکیکردن لە مافی ژنان ، چەند ڕێکخراوێکی ژنان دروستبوون، کە تاڕادەیەکی زۆر توانییان هۆشیاریی لەمەڕ ئەم بابەتە بە خەڵکی کوردی بگەیەنن. دەتوانم بڵێم ( کۆمۆنیستەکان) ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بواری ڕێکخراویی ژنان و رێکخراوەکانی تردا بینی ( بێکاران ، کرێکاران ، خوێندکاران) . 

بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییانە ئەوەبوو، کە زۆربەیان نەیاندەتوانی لە چوارچێوەی حیزبایەتی دەربچن ، بەڵکە هەموویان ملکەچی بڕیارەکانی حیزب بوون. ئەمەش گەورەترین ڕێگربوو لە بەرەوپێشچوونی ئەم ڕێکخراوانە . 

دیارە لەپاش راپەڕین چەند خۆپیشاندان و چالاکی هەمەجۆر لە بوارەکانی ( ئازادیی سیاسیی، ئازادی رۆژنامەگەریی، داکۆکیکردن لە مافی ژنان، دژایەتیکردنی گەندەڵی ، دژایەتیکردنی شەڕ) دروستبوون. بەڵام بەحکومی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ، بزاڤی مەدەنی لە کوردستاندا بەرەو دواوە چوو. دەتوانم بڵێم تاکە چالاکی کەلە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا کران، چالاکی دژایەتیکردنی شەڕ و برەو دانی ئاشتیی و برایەتیی بوو. کەلە ساڵانی شەڕی ناوخۆدا ، چەند ڕێکخراوێکی مەدەنی دروستبوون ، کەئامانجیان راگرتنی شەڕ و نەهێشتنی گیانی شەڕی براکوژی بوو. هەرچەندە ئەمانیش نەیانتوانی سەربکەون ، چونکە شەڕەکە زۆر لەوە گەورەتربوو ، کەئەم ڕێکخراوانە بتوانن ڕایبگرن.

بەڵام لەپاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، قۆناغێکی نوێ هاتە کایەوە، کە زیاتر مەجالی برەودانی بیری چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی تێدابوو. لەم قۆناغەوە کۆمەڵێک ڕێکخراویی مەدەنی دروستبوون ، کەلە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەکتیف بوون . دیارە بەشی زۆریی ئەم ڕێکخراوانە لەلایەن حکومەتەوە یارمەتی دەدران ، بەشێکیشیان لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییە ئەمریکایی و ئوروپاییەکانەوە  یارمەتییان وەردەگرت. بەڵام دەتوانم بڵێم کەلەماوەی ئەم شەش ساڵەی دواییدا ، بەتایبەتی پاش یەکبوونەی هەردوو حکومەت ، بواری کۆمەڵگەی مەدەنی گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینییوە.

ڕێگرییەکانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا /

دیارە لە کوردستاندا چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک ڕێگردا دەبینێتەوە، کە بواری پێشکەوتن و گەشەسەندنی نادەن ، من لێرەدا بە کورتی  باسی هەندێکیان دەکەم .

1.نەبوونی زانیاریی و هۆشیاریی پێویست لەبارەی ئەم چەمکەوە /

هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا ، کەچەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر درەنگ گەیشتە کوردستان. دەتوانم بڵێم کتێبخانەی کوردی لەم بوارەدا زۆر هەژارە. ئەو کتێبانەی لەم بوارەدا چاپکراون ، بەپەنچەی دەست دەژمێرێن. نووسەرانی کورد زۆر درەنگ خۆیان لە قەرەی ئەم بابەتە گرینگە داوە. لە بواری وەرگێراندا لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند کتێبێک چاپکراوە، کە جێگای دەستخۆشین ، لێ هێشتا هەر کەمە. کێشەکە لەوەدایە ئەمرۆ ئێمە لە کوردستاندا کۆمەڵێکی زۆریی رێکخراویی مەدەنیمان هەیە ، لێ ئەم ڕێکخراوانە زۆرکەم شارەزاییان لە چۆنێتی کارکردن لەم بوارەدا هەیە . بەشێکی زۆرییان زیاتر لەبەر بێکاریی دروستبوون و لەبەر خاتری دەستکەوتنی کارێک ئەم ڕێکخراوانەییان دروستکردووە. هەربۆیە زۆرکەم دەتوانن خزمەتی بواری مەدەنییەت بکەن .

2.زاڵبوونی بیری حیزبایەتی بەسەر کاری رێکخراوە مەدەنییەکاندا/

هەتاوەکو ئەمرۆش بەشی زۆریی رێکخراوەکان عەقڵیەتی حیزبایەتییان بەسەردا زاڵە وناتوانن خۆیان لە کۆت و بەندەی حیزب رزگاربکەن. ئەمەش وایان لێدەکات کە نەتوانن لەو بوارەی خۆیاندا گەشەبکەن و ئامانجەکانی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشبخەن . هەربۆیە کاتێک ڕێکخراوێکی مەدەنی دروستدەبێت ، پاش ماوەیەکی کەم ئینشقاق و دووکەرتیی تێدەکەوێت . بە بڕوای من هەتاوەکو لە عەقڵیەتی حیزبایەتیی رزگارمان نەبێت ، ناتوانین لە بواری خەباتی مەدەنیدا پێشبکەوین. هەروەها بەحکومی ئەوەی کە بەشێکی زۆریی ئەو رێکخراوانە لەلایەن حیزبەکانەوە یارمەتیی دەدرێن و خۆیان ناتوانن سەرچاوەی دارایی بۆ خۆیان دابین بکەن، هێندەی تر ملکەچی حیزبەکان دەبەن و ناتوانن لە ژێر فەرمانی ئەوان دەربچن.

3.بەهێزبوونی بزاڤی ئیسلامی  و دەسەڵاتی ئایینی/

وەکو هەموو رۆهەڵات ، کوردستانیش خۆی لەبەردەم تەوژمی ئیسلامگەراییدا دەبینێتەوە. چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنییش دژی بەهێزبوونی ڕۆڵی ئایینە لە ناو کۆمەڵگادا و داوای ئازادیی تاکەکەسی و لێبوردەیی ئایینیی و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت دەکات ، کەئەمانەش هەمووی دژی بیری ئیسلامگەرایین . هەربۆیە بزاڤی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی لەبەردەم شەڕی ئیسلامییەکانیش دەبینێتەوە، کەئەمەش رێگرییەکی گەورەن بۆ پێشوەچوونی ئەم چەمکە .

4.دەسەڵاتی سیاسیی/

دیارە ڕاستە دەسەڵاتی کوردی وەکو دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هێندە دژایەتیی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیی نەکردووە، بەڵام دەسەڵاتی کوردیی هاندەرنەبووە بۆ پێشوەچوونی ئەم چەمکە . هەروەها جارجارەش دژی هەندێک چالاکڤوانی مەدەنیی وەستاوەتەوەو زۆرجاریش ئەم چالاکڤانانەیان زیندانی کردووە. لەلایەکی تریشەوە  بوونی شەڕی ناوخۆ، گورزێکی ئێجگار خراپیی لەم چەمکە وەشاند  . 

5.نەریت کۆنی کۆمەڵگا/

زۆرجار نەریتی کۆمەڵگا و یاساو ڕێساکانی کۆمەڵگا دەبنە رێگرێکی گەورە لەبەردەم گەشەسەندنی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە ئازادیی تاکەکەسییەوە هەیە، یان ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە مافی ژنانەوە هەیە. بەداخەوە هەندێک نەرینی کوردەواریی رێگرە لەبەردەم لەپێشوەچوونی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی. بەبڕوای من  تاکی کورد ، بەچەندین زنجیریی نەریتی کۆمەڵایەتیی بەستراوەتەوە، کەبۆ پساندنی ئەم زنجیرانە ، پێویستیمان بە شۆرشێکی گەورەی فەرهەنگی دەبێت ، هەتاوەکو تاکی کورد ئازادبێت.

دیارە جگە لەم ڕێگرانە ،چەندین ڕێگریی تریش هەن کە ناهێڵن چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا پێشبکەوێت ، بۆ نموونە ( هەژاریی، دواکەوتووییی ، ناهۆشیاریی  و خراپ حاڵی بوون لە چەمکەکە ،،،هتد)

دوا قسە /

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی  چەمکێکی ئێجگار گرینگ و پڕ بایەخە، بە دڵنییایەوە پێویستیی بە لاپەڕە و دێریی زۆرتردەبێت ، هەتاوەکو لەمبارەیەوە بدوێین. هەروەها رۆژلەدوای رۆژیش ئەم چەمکە زیاتر لە جیهاندا گەشەدەستێنێت و تیشکی ئەم گەشەسەندنەش دەگاتە لای ئێمە. ئەمرۆ رێکخراوە مەدەنییەکان لە سیاسەتیی جیهانیدا رۆڵییان زیاتر دەبێت ، لەهەمانکاتیشدا لەناو کۆمەڵگاشدا رۆڵییان بەرچاوتر دەبێت . هەربۆیە زۆر گرینگە کە ئێمەی کورد ، ئاگاداریی ئەم چەمکە گرینگە بین و بزانین چۆن بۆ خزمەتی کۆمەڵگەکەمانی بەکاردەهێنین. چونکە بە بڕوای من گەر بمانەوێت پێشبکەوین و تێکەڵی جیهانی مۆدێرن بین ، پێویستە هەوڵی گەشەسەندنی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بددەین .

نووسینی : ئەردەڵان عەبدوڵا

 

سەرچاوەکان /

 

1. مصطلحات المشارکة المدنیةNational Democratic Institute . www.ndi.org

2. تعریف المجمتمع المدني. البانک الدولي.www.Worldbank.org.arabic.

3. چەند تێکستێکی وەرگێراو. نووسینی : چەند نووسەرێک . وەرگێرانی ، ڕێبین هەردی. چاپی دووەمم ،خانەی وەرگێران . سلێمانی . 2011. لاپەرە 122.

4. هەمان سەرچاوە .

5. هەمان سەرچاوە.

6. www.Wikipedia.org.Deutsch.Zivilgesellschaft 

7. هەمان سەرچاوە.

8. چەند تێکستێکی وەرگێراو. نووسینی : چەند نووسەرێک . وەرگێرانی ، ڕێبین هەردی. چاپی دووەمم ،خانەی وەرگێران . سلێمانی . 2011. لاپەرە 124.

9. د.زەکەریا ئیبراهیم . کێشەی ئازادیی سیاسی. وەرگێرانی ، شوان ئەحمەد. چاپی یەکەم . بەڕێوبەرایەتی خانەی وەرگێران. سلێمانی . 2011.لاپەرە.16،17

10. هەمان سەرچاوە

11. هەمان سەرچاوە.

12. جان لۆک . نامەیەک دەربارەی لێبووردن . وەرگێرانی لە فارسیەوە : شۆرش جوانڕۆیی ، فەرشید شەریفی. چاپی یەکەم . خانەی وەرگێران. سلێمانی . ساڵی .2004

13. چەند تێکستێکی وەرگێراو. نووسینی : چەند نووسەرێک . وەرگێرانی ، ڕێبین هەردی. چاپی دووەمم ،خانەی وەرگێران . سلێمانی . 2011. لاپەرە 69

14. هەمان سەرچاوە . لاپەرە .64

15. مۆنتسکیۆ. رۆحی یاساکان . وەرگێرانی : ئیدریس شێخ شەرەفی . چاپی دووەم . دەزگای وەرگێران . هەولێر.  لاپەرە.71

16. هەمان سەرچاوە.ل98

17.کریمە بکراوي. أي دور للمجتمع المدني في تطوير التماسك الوحدوي؟ . سایتی حوار المتمدن

18.جمیل عودة . ماهي فکرة المجتمع المدني.www.annabaa.org

19.تعریف المجتمع المدني. سایتی بانکی نێودەوڵەتی .www.Worldbank.orge. arabic

20. هاشم صالح.  في مفهوم “الدّولة المدنيّة” (1). 13. کانون الاول( دیسمبر) 2011. سایتی الاوان .

 

Previous
Next

Leave a Reply