Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

چەند تێبینیەکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان و گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا

Be First!
by April 17, 2013 گشتی

 

 

 

دوای بەئاکامنەگەیشتنی گفتوگۆکانی ئۆسلۆ، دەوڵەتی تورکیا ناچار بوو لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێتە گفتوگۆوە. پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆکانی ئۆجەلان و تورکیا، ترۆریستەکانی تورکیا سێ ژنی خەباتکاری کوردیان لە پاریس ترۆر کرد، کە تەرمەکانیان بە ئاڵای (پێکاکا) وە لە پاریسەوە بۆ کوردستان ناردرانەوە. دوای ئەو کارەساتە شاندەکانی پارتی ئاشتیی و دێموکراسی(بەدەپە) و كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی (كەجەكە) بە مەبەستی درێژەدانی گفتوگۆکانی نێوان (پێکاکا) و تورکیا سەردانی بەڕێز ئۆجەلانیان کرد، کە لە دوا دانیشتنیاندا، نامەیەکی ئەویان لەژێر  بۆردومانی خەستی هێزی ئاسمانیی تورکیادا بۆ قەندیل برد. ناوەرۆکی ئەو نامەیە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام سەرکردایەتی (پێکاکا) لە وەڵامی ئەرێنیی بەو نامەیە، ژمارەیەک دیلی تورکیای ئازاد کردووە. لە درێژەی ئەو پرۆسەیەدا، پەیامێکی بەڕێز ئۆجەلان کە ئەڵیی لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا نووسراوە و ناوی پەیامی ئاشتی لێنراوە لە مەراسمی نەورۆزی شاری ئامەددا خوێندرایەوە. 

پەیامە نەورۆزیەکەی ئۆجەلان چ داخوازیەکی بۆ گەلی کوردستان تێدایە؟

تەنها نووسراوێک کە لەو نامەگۆڕینانەوەی بەینی قەندیل و ئۆجەلاندا بڵاوکرابێتەوە، پەیامە نەورۆزیەکەی بەڕێز ئۆجەلانە، کە تیایدا ئارەزووی عوسمانیەکی نوێ و دەوڵەتێکی دێموکراتیی مەزن دەکات کە ناوی تورکیایە. 

ئۆجەلان لە ڕۆژگارێکی زۆر تاریک و سامناکدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان پێی نایە مەیدانی خەبات و لەم پێناوەشدا گەلێک کاری بەنرخی کرد، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لەوپەڕی بەهێزی پارتەکەی و بزووتنەوەی کوردستاندا، بەو پەیامە نەورۆزیەی، ئاو بە ئاگری شۆڕشی کوردستاندا دەکات و بەبیانووی ئاشتیخوازییەکی مەسیحئاساوە، ئاڵای دامەزراندنی تورکیای دێموکرات بەرزدەکاتەوە و کورد و تورکی ̋میزپۆتامیا و ئانادۆڵ̋ بانگەواز دەکات، وەک دوو نەتەوەی موسڵمان و برای دینی، لە چوارچێوەی تورکیایەک کە لە ئایندەدا دێموکراتیزە دەکرێت، بەیەکەوە بژین.

بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامە نەورۆزیەکەیدا کە ئەمریکا و ئه‌وروپای یەگرتوو و زلهێزەکانی خۆرئاوا و دەوڵەتی تورکیاش چوونەتە پشتی، نەک لە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان نادوێت، بەڵکو بە بیانوی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیۆری نەتەوە ــ دەوڵەت، جگە لە تورکیا، هەموو ئەو دەوڵەتانەش کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و ڕوخانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوین پێکهاتوون، بە دەستکردی خۆرئاوا و ناڕەوا دەزانێت. ئۆجەلان بەم تیۆریەی لە ڕاستیدا چووەتە جەنگی سەربەخۆیی کوردستان و ئەو ئامانجەی کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا  هەزاران کەس له‌ باكووری کوردستان لە پێناویدا گیانیان بەختکردووە.

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا باسێک لە مافی دیاریکردنی چارەنووس نییە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام بەڵێنی بە گەلی تورک دەدات کە لە ئایندەشدا ده‌توانن وه‌کو ئه‌مڕۆ له‌ ئانادۆلی کۆندا و له‌ ژێر ناوی تورکیادا بژین. لەو نووسراوەدا ئۆجەلان نەک داوای چوونەدەرەوەی هێزەداگیرکەرەکانی تورکیا و ڕێکخستنی ڕیفڕاندۆمی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد ناکات، بەڵکو بانگەوازی گەریلاکانی کوردستان دەکات باکووری کوردستان بۆ هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا چۆڵ بکەن و لە ناوچە ئازادکراوەکانی وڵاتی خۆیان بچنە دەرەوە! هه‌ڵبه‌ت نه‌ورۆزنامه‌كه‌ی ئۆجەلان زۆر قسە هەڵدەگرێت و لەم کورتە نووسراوەدا ناکرێ هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بابه‌تانه‌ بکرێت کە لەو پەیامەدا هاتوون، بەڵام به‌گشتی ده‌كرێت بڵێین هیچی تێدا نییە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

 

گفتوگۆیەکی نەرم و نهێنی

ئەمڕۆ لە ململانێی نێوان تورکیا و کوردستان، پارسەنگی هێز بە قازانجی شۆڕشی کوردستانە و ئەگەر ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کوردستان بە دروستی لەگەڵ ڕەوشەکەدا هەڵسوکەوت بکات دەتووانێت وەک ململانێیەکی دیپلۆماسی و بانگەشەیی سوود لە گفتوگۆکان وەرگرێت. بێگومان گفتوگۆ دەبوو‌ لە نێوان ڕابەرایەتی (پێکاکا) و بەرزترین کاربەدەستانی حکوومەتی تورکیا بەڕێوەبچوایه‌، نەک لە نێوان دەمودەزگای پۆلیسی نهێنی تورکیا و بەڕێز ئۆجەلان کە ١٤ ساڵە لە ئیمراڵی زیندانیە و لەو ماوەیەدا بۆ جارێکیش بواری ئەوەی پێ نەدراوە بە دەنگ و ڕەنگی خۆی لە مێدیا دەرکەوێت یان لانیکەم پەیامە نەورۆزیەکەی بە دەنگ و ڕەنگی خۆی بڵاو بكرێته‌وه‌. 

 بێگومان گفتوگۆ دەبوا بە گەڵاڵە و داخوازینامەی لە پێشدا ئامادەکراو بکرێت و دوای هەر دانیشتنێکیش خەڵکی کوردستان و تورکیا لە پڕۆسەی گفتوگۆکان ئاگادار بکرێنەوە. هەروەها دەبوا وەک پێشمەرجی گفتوگۆ داوا لە تورکیا بکرێت هەزاران زیاندانی سیاسی ئازاد بکات و هێزە داگیرکەرەکانی لە کوردستان بەرێتە دەرەوە، تا ئەم ̋بەیەکەوەژیانەش̋ کە ئۆجەلان پێشنیاری دەکات، لە ڕیفڕاندۆمێکدا لە کوردستان بخرێتە دەنگدانەوە.

لە دانیشتن و گفتوگۆکانی نوێنەرانی پارتەکانی پارچەکانی تری کوردستان لەگەڵ داگیرکەراندا، بە هەموو کەموکووڕیەکیشەوە، هەمیشە لای بیروڕای گشتی ڕۆشن بووە کە لایەنی کوردی داوای چی دەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای دەکات زیاتر لە داوای لێبوردنێکی گشتی دەچێت تا داواکردنێکی ئاشکرای مافە نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردستان. 

سەیر ئەوەیە کە لەو پەیامەدا تەنانەت ئاماژەیەکی بچوكیش بە چۆنیەتی خۆبەڕیوەبردنی باکووری کوردستان نەکراوە و تەنها داخوازیەک لە له‌وێدا هاتبێت ئەوەیە کە تورکیا بە فەرمی دان بە بوونی کورددا بنێت و ڕێگە بدات خەڵکی کوردستان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی تورکیادا بەشداریی بکەن. شایانی باسە کە دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا بە ئاشکرا هیچ بەڵێنێکی نەداوە و تەنانەت شه‌ڕبه‌سێكی ڕانەگەیاندووە و هێرشە ئاسمانیی و زەمینیەکانیشی درێژەیان هەیە.

ئامانجی تورکیا لەم گفتوگۆیانە 

 ئه‌وه‌ ڕوونه‌ كه‌ حکوومەتی بەشار ئەسەد چارەنووسی ڕوخانە و تەمەنێکی زۆری نەماوە. کۆمەڵێک گروپی کۆنەپەرستی گوێلەمستی ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە لە دژی ڕژیمی دیکتاتۆری ئەسەد تا بناگوێ چەکدار کراوون و شۆڕشی خەڵکی سوریا بەو دەستتێوەردانە دەرەکیانە دەمێکە بەلاڕێدا براوە. قۆناغی دوای ڕووخانی دەوڵەتی سوریا، بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی، سه‌رده‌می کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای بەشار ئەسەد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی گوێلەمستی ڕۆژئاوایە. ئه‌مڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی کوردی چەکدار و بەهێزە و ڕەوتێکی سێیەمی پێکهێناوە کە نە لەگەڵ ئەسەدە و نە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامیەکەی دەوڵەتی سوریاشه‌، زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی کوردستان لەبەردەست هێزی چەکداری کوردستان دایە.

 دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هەستیارییەکی زۆر بەم ڕەوشە نیشان دەدات و پەرێشانی ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی لە چەشنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دامەزرێت و بۆ تێکدانی ئەو ڕەوشەی ڕۆژئاواش ئامادەی هەموو جۆرە پیلانگێڕییەکە.

 بەپێی ئەو هەڵسوکەوتانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی گفتوگۆکاندا نیشانداوە، وادەردەکەوێت کە ئەو دەوڵەتە لەو گفتوگۆیاه‌نه‌دا نیازپاک نییە و بەشوێن ئەوەوەیە کە:

١) لە ڕێگەی خستنە ژێر فشاری بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە گەریلاکانی پارتی کرێکاران ناچار بە چەکدانان و بەجێهێشتنی باکووری کوردستان بکات، بۆ لەخشتەبردنی شۆڕش سوود لەو کارێزمایە وەربگرێت کە ئۆجەلان لە ناو(پێکاکا) و خەڵکی کوردستاندا هەیەتی.

٢) دووبەرەکایەتی بخاتە ناو ڕیزەکانی پارتی کرێکاران و خەڵکی کوردستان لە شۆڕش ساردبکاتەوە.

٣) دەسەڵاتێکی لە چەشنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان دانەمەزرێت.

٤) خۆی لە ئەگەری ڕودانی ڕاپەڕینێکی وەک ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی باکووری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت.

٥) ئاسایشی هەناردەکردنی گازی پڕۆژەی ناباکۆ و گاز و نەوتی باشووری کوردستان لە ڕێگەی باکووری کوردستانەوە بۆ ئەوروپا دابین بکات.

 ٦) هەنگاوێکی تریش لە ئەندامەتیی یەکیەتی ئەوروپا نزیک بێتەوە. 

7)……

 بەو هیوایە شۆڕشوانانی باکووری کوردستان ئەم تێبینیە ڕەخنەگرانەیە بە ئەرێنی و دڵسۆزانە بنرخێنن و بزانن کە ئەم ڕۆژانە لە پارچەکانی تری کوردستانیش خەڵکی بە نیگەرانی و پەرۆشێکی زۆرەوە چاوەدێریی هەلومەرجی هەستیاری شۆڕشی باکووری کوردستان دەکەن و زیاتر لە جاران لەسەر هاوپشتی و یەکڕیزیی و یەکگرتووی خەڵکی کوردستان پێ دادەگرن . چاوەڕوانی لە دڵسۆزان و خەباتکارانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان ئەوەیە، کە تا ڕاماڵینی یەکجاری داگیرکەران و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان درێژە بە خەباتی چەکداریی و جەماوەرییان بدەن و گفتوگۆکانی ئێستاش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەکاربێنن. بێگومان سەرکەوتنی باکوور هیوای هەموو کوردستانە و هەر هەنگاوێک پێشکەوتنی ئەو پارچەیەی کوردستان، دەسکەوت و پێشکەوتنی هەموو کوردستانە.

 

سۆران زەکی

1/4/2013

Previous
Next

Leave a Reply