Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەند سەرنج و تێبنییەك لەسەر كتێبی…..

چەند سەرنج و تێبنییەك لەسەر كتێبی…..

Closed
by July 24, 2008 کتێبخانە

 چەند سەرنج و تێبنییەك لەسەر كتێبی
 بیبلۆگرافیای رۆژنامەگەری كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دەرەوەیدا 1908-1988
 
 رێناس نەورۆزی –  برۆكسل
 newrozi@journalist.com
 
 كتێبی بیبلۆگرافیای رۆژنامەگەری كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دەرەوەیدا 1908-1988 لەلایەن  نووسەر و لێكۆڵەرەوە جوتیار تۆفیق نووسراوە و ساڵی 2007 لەلایەن بنكەی ژین لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاوكراوەتەوە. كتێبەكە لە 182 لاپەڕە پێكهاتووە. لاپەڕە 3-9 گوتەیەكی سەرەتا، چەند سەرنجێك. لاپەڕە 10-77: ئەو گۆڤار و رۆژنامە و بڵاوكراوانەی كە لە نێوان ساڵانی 1908-1988 لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دەروەیدا دەركراون. لاپەڕە 81-141 پاشكۆی یەكەم: ژیاننامەی چەند كەسایەتییەكی كورد كە لە بواری رۆژنامەگەریدا لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاریانكردووە. لاپەڕە 142-180 پاشكۆی دووەم: خوێندنەوەی كتێبی  "رۆژنامەنووسی كوردی سەردەمی كۆماری دێمۆكراتی كوردستان 1942-1947". لاپەڕە 181-182 پاشكۆی سێیەم: گۆڤار و بڵاوكراوەكانی كۆمەڵە.
 
 دیارە كتێبەكە ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە و ئەمە یەكەمین هەوڵی سەرانسەرییە دەربارەی مێژووی رۆژنامەوانی كوردی لە تەواوی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەرەوەیدا، بەڵام ئەو پەڕەی كە كتێبەكەی لەسەر چاپكراوە، بەهیچ شێوەیەك پەڕی كتێبێكی لەو جۆرە نییە، چونكە پەڕێكە بۆ كاروباری كۆپیكردن بەكاردێت، نەوەك بۆ كتێبی تایبەت بە ئەرشیف و مێژوو. ئەگەر كتیبێك تایبەت بێت بەلایەنی دیرۆك و وێنەی رۆژنامە و گۆڤاری كۆن و وێنەی كەسایەتیەكانی كورد لە خۆ بگرێت و كتێبێكی ئەرشیفی و وێنەداربێت پێویستە دەزگا چاپەمەنییەكانی كوردستان لەسەر پەڕەیەكی تایبەت بە فۆتۆ و لە چاپخانەی تایبەت بە پەڕەی فۆتۆگرافی چاپیان بكەن. لە كتێبەكەدا چەند هەلەیەكی چاپی و چەند هەلەیەكی زمانەوانی هەیە، رەنگە خودی كاك جوتیار تۆفیق بەو جۆرە رێنووس و دەنگانە بینووسێت، چونكە ئێمە تا ئێستا زمان و رێنووسی یەكگرتوومان نییە، بۆیەكە هەر یەكەمان بە شێوازێكی تایبەت بە خۆی دەنووسێت، ئەوەی لێرەدا مەبەستمە زیاتر هەڵوەستەی لەسەر بكەم ناوەڕۆكی كتێبەكەیە بە تایبەتیش بەشی بیبلۆگرافیای رۆژنامە و گۆڤارەكانی نێوان 1908-1988.
 
 سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە چەند هەلەیەكی ناو كتێبەكە بكەم و هەندێك لە زانیارییەكان راستبكەمەوە و لەسەریان زیاد بكەم، لە دوایشدا دەمەوێت ئاماژە بە ناوی چەند رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەم كە لەم كتێبەی كاك جووتیار تۆفیق ئاماژەیان پێ نەكراوە.
 
  لەم كتێبەدا ناوی (103) رۆژنامە و گۆڤار ریزبەند كراون كە لە نێوان 1908-1988 لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دەرەوەیدا ریزبەند كراون. بێگومان دانانی مێژووی (1908-1988) هەلەیە، چونكە یەكەم بڵاوكراوە كە لە كتێبەكەدا ئاماژەی پێكراوە گۆڤاری The Kurdistan Missionary یە، كە كاك جووتیار نووسیویەتی یەكەم ژمارەی ئەم گۆڤارە لە ساڵی 1908 دەرچووە. ئەمەیان بە بۆچوونی من هەلەیە، چونكە بەپێی چەندین بەلگە و سەرچاوەی دیرۆكی ژمارە (1)ی بەرگی یەكەمی ئەم گۆڤارە لە ساڵی 1910دا بڵاوكراوەتەوە نەك 1908، بۆیەش دەكرا لە جیاتی 1908 ساڵی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (كرمانشاە) كە ساڵی 1909بڵاوكراوەتەوە، بكرابووایە یەكەم ساڵی دەستپێكردنی بیبلۆگرافیاكە واتا (1909-1988) راستتر دەبوو.
 
 كاك جووتیار بە پشت بەستن بە ژمارە (10)ی بەرگی پازدەیەم گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی كە یەكەم ژمارەی ساڵی یەكەمی ئەم گۆڤارە لە 1908دا دەرچووبێت! كاك جووتیار ئەو زانیارییانەی لە وێنەی بەرگی گۆڤاری (The Kurdistan Missionary) وەرگرتووە كە لە لاپەڕە 113ی كتێبی (كوردستان لە سێبەری مێژوو)ی خاتوو (سوسان میسیلاس)ی ئەمركییەوە وەریگرتووە. لەسەر بەرگی گۆڤاری (The Kurdistan Missionary) بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە: (Volume 15.  OCTOBER, 1923,  No. 10.) واتا (بەرگی پازدە، ئۆكتۆبەر 1923، ژمارە 10). بەڵام كاك جووتیار لە كتێبەكەیدا نووسیویەتی (ژمارە 10ی ساڵی پازدەهەمینی لە ئۆكتۆبەری 1923) دەرچووە. (Volume) واتا بەرگ، نەك ساڵ! بەڵام مەرج نییە بەرگی هەموو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەیەك لە جیهاندا یەك ساڵی پڕ بێت، هەندێك بڵاوكراوە هەن لە ساڵێكدا دوو بەرگیان لێدەردەچێت، هەشیانە بە دوو ساڵ بەرگێكی لێدەردەچێت، هی واش هەیە بە هۆی گرفتی ئابووری و تەكینكی ماوەی چەند ساڵێك وەستاوە و پاشان لەسەر هەمان زنجیری بەرگەكانی خۆی دەستیكردۆتەوە بە دەرچوون. بۆیەكە بەكارهێنانی (Year ساڵ) لە بەرامبەر (Volume بەرگ) هەلەیە.
 
 ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجی منە كە كاك جووتیار هەر لە لاپەڕەی 9ی كتێبەكەیدا دەڵێت: (دكتۆر ئەمیر حەسەنپوور دەربارەی ئەم گۆڤارە نووسیویەتی: گۆڤاری كوردستان میشنێری، مانگە بوو و هەوەڵ ژمارەی لە ئۆكتۆبەری 1910 لە شاری شیكاگۆ لە هەشت لاپەڕەدا دەردەچوو و دوایە ژمارەكانی گەیشتە 16 لاپەڕە…..). بەڵام وەكو ئاماژەم پێكرد هەلەكە لە بەركاهێنانی ساڵی پازدە بووە لە بری بەرگی پازدە، چونكە ساڵی پازدەی گۆڤارەكە لە 1923دا، دەمانگەیەنەتە ئەوەی كە ساڵی 1908 یەكەم ساڵی گۆڤارەكە بووبێت!
 
 هەندێك لە ژمارەكانی ئەو گۆڤارە (The Kurdistan Missionary) بەو جۆرە دەرچوونە:
 
 بەرگی یەك، ژمارە (1)ی لە مانگی 10/1910 دەرچووە.
 بەرگی سێ، ژمارە (11)ی لە ساڵی 1913 دەرچووە.
 بەرگی پێنج، ژمارە (2)ی لە مانگی 11/1915 دەرچووە.
 بەرگی نۆ، ژمارە (12)ی لە مانگی 12/1917 دەرچووە.
 بەرگی دوازدە، ژمارە (4)ی لە مانگی 4/1920 دەرچووە.
 بەرگی سێزدە، ژمارە (2)ی لە مانگی 2/1921 دەرچووە.
 بەرگی چواردە، ژمارە (10) لە مانگی 8/1922 دەرچووە.
 بەرگی پازدە، ژمارە (10) لە مانگی 10/1923 دەرچووە.
 
 دەربارەی ئەم گۆڤارە و چالاكی مەسیحییە ئەمریكییەكانی ئەو سەردەمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڕوانە:
 International Journal of Kurdish Studies Vol. 20, no. 1&2 (2006) pp. 215-233.
 
 دەربارەی زنجیرەی (30) راوێژ
 كاك جووتیار لە لاپەڕە 38ی كتێبەكەیدا و لە زنجیرەی (30)ی بڵاوكراوەكاندا بە پشت بەستن بە كتێبەكەی جەمال خەزنەدار "رابەری رۆژنامەگەری كوردی، 1973، بەغدا" نووسیویەتی: (بڵاوكراوەی راوێژ 1948؟، لە سنە دەركراوە).
  من دڵینام لەوەی كە راوێژ لە ساڵی 1948 دەرنەچووە، بەڵكو گۆڤارێكە لە ساڵی 1946 لە سەردەمی كۆماری كوردستان دەرچووە، بەڵام شوێنی دەرچوونەكەی شاری سنە بووە، ئەگەرچی ئەوكاتە شاری سنە لەژێر دەسەڵاتی كۆماری كوردستان نەبووە، بەڵام ئەم گۆڤارە بەپشتگیری و دەسەڵاتدارێتی (كۆماری كوردستان) دەرچووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین" و فارسی. رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە ساڵی 1946 دەرچووە و، لەگەڵ رووخانی كۆماری كورد لە مەهاباد ئەم گۆڤارەی شاری سنە-ش لە دەرچوون وەستاوە. لەوە دەچێت، تەنیا یەك ژمارە یاخود چەند ژمارەیەكی كەمی لێ دەرچووبێت. دكتۆر عەبدوڵرەحمان قاسملۆ لە چاپی سێیەمی كتێبەیدا چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی لە لاپەڕە 144 دەڵێت: "دیتمان كە پێشەوا قازی و هەندێك لە بەڕێوەبەرانی حزب هەوڵیاندا كە ناوچەی سنە و كرماشانیش رزگار بكەن و بە تایبەتی بۆ ناوچەی سنە بەرنامەی زۆر روون و دیاریكراویان هەبوو". ئەمەیان بەلگەیەكی گرنگە كە بەرنامە و پەیوەندییەكانی كۆماری كوردستان بە شاری سنە دەخاتە ژێر باس و لێكۆڵینەوەی زیاتر. دووەمینیش بڵاوكراوەی رێگا كە تاكە ژمارەكەی لە كۆتایی مانگی 10- سەرەتای مانگی 11/1948 دەرچووە، ئاماژەی بە ناوی بەشێك لەو رۆژنامە و گۆڤارانە كردووە كە لە ماوەی یەك ساڵەی تەمەنی كۆماری كوردستان دەرچوونە. (رێگا) دەربارەی راوێژ وەك (مجلە = گۆڤار)ی ناساندووە و شوێنی دەرچوونیشی وەك (سنە) ئاماژە پێكردووە، كاتی دەرچوونیشی (ماوەی یەك ساڵەی تەمەنی كۆمار) نووسیوە. ناشێ و ناكرێ ئەم گۆڤارە لە ساڵی 1948 دەرچووبێت، كە بڵاوكراوەی (رێگا)ی تێدا دەرچووە. چونكە ماوەی نێوان 1946 لەگەڵ 1948 ئەوەندە زۆر دوورنین، بۆیە كە حەسەنی قزلجی لە ساڵی 1948 ئەو وتارەی بە زمانی فارسی لە (رێگا)دا نووسیوە باشتر ئاگای لە دوو ساڵی بەر لە خۆی هەبووە و ئاگای لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمەی كورد هەبووە، بەتایبەتی كە بۆ خۆیشی لە سەردەمی كۆماردا نووسەر و رۆژنامەوانێكی چالاك بووە. ئێستا كە ساڵی (2008)ە و ئێمە باشتر ئاگاداری رووداوەكانی ساڵی (2006)ی پەیوەست بە كوردستان و كوردین، ناتوانین گۆڤارێك كە لە 2006 دەرچووبێت و ئێمە بە ئێستا 2008ی بینووسین.
 
 
 دەربارەی زنجیرەی (41) بەغستان
 زانیارییەكان لەلای من بەوجۆرەن: بەغستان = بێستوون: (گۆڤارێكی مانگانەی مێژوویی خوێندەواری). (بڵاوكراوەی: ئیدارەی گشتی بڵاوكردنەوە و راگەیاندن). شوێنی دەرچوون: تاران. زمان: كوردی "هەورامی و كورمانجی ناوین" و فارسی. رێنووس: ئارامی. سەرپەرشتی: دكتۆر محەممەد موكری (كرماشان 1921-2007). ژمارە: (1)ی لە مانگی ازرماە ساڵی 1331ی هەتاوی، 2564ی مادی بەرامبەر (1952)ی زایینی دەرچووە. هەر ئەو تاكە ژمارەی لێدەرچووە، پێوانە: ناوەندی و وێنەدارە.
 
 
 دەربارەی زنجیرەی (59) چوارچرا
 لە لاپەڕە 60ی كتێبەكەیدا كاك جووتیار نووسیوەتی: (بڵاوكراوەی كوردی زمانی كۆنفیدراسیۆنی كوردی جیهانی خوێندكارانی ئێرانە). من پێم وایە ئەمە هەلەی چاییە و راستیەكەی بەوجۆرەیە (بڵاوكراوەی كوردی زمانی كۆنفیدراسیۆنی جیهانی خوێندكارانی ئێرانە). شوێنی دەرچوونیشی شاری كیل – ئەڵمانیا بووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی ساڵی یەكەم لە مانگی 2/1978 دەرچووە، ژمارە: (2)ی ساڵی یەكەم لە مانگی 5/1978 دەرچووە.
 
 
 دەربارەی زنجیرەی (66) راستی
 لە لاپەڕە 62-63ی كتێبەكەیدا كاك جووتیار نووسیویەتی: "راستی 1978-1979 لە تاران لەلایەن دەستەیەك لە رووناكبیرانی كوردەوە دەرچووە. حەسەن قزڵجی سەرپەرشتیكردووە". كە سەرچاوەكەشی نامە و دەستنووسێكی ئەحمەدی شەریفی بووە. دواتر نووسیویەتی "لەلایەن رێكخراوەی لاوان و خوێندكارانی ئێران لە خاكەلێوەی 1357، وەك پاشكۆی (ئارمان-فارسی)….. دەرچووە". راستی كە (بڵاوكراوەی رێكخراوی لاوان و خوێندكارانی دیموكراتی ئێرانە) لە تاران دەرنەچووە، بەڵكو لە شاری بەرلین – ئەڵمانیا دەرچووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە نەورۆزی 1357ی هەتاوی (كۆتایی مانگی 3/1978- سەرەتای مانگی 4/1978) دەرچووە، ژمارە: (3)ی لە جۆزەردانی 1357 (كۆتایی 5/1978- سەرەتای 6/1978) دەرچووە، ژمارە: (5-6)ی لە خەرمانان-گەلاوێژی 1358 (7-9/1978) دەرچووە.
 
 
 بەشێك لەو رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوانەی كە  لەكتێبی (بیبلۆگرافیای رۆژنامەگەری كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دەروەیدا) ئامادەژایان پێ نەكراوە
 
 
 كرماشان
 1979-كرماشان
 رۆژنامە؛ ساڵی 1979 لە شاری كرماشان دەرچووە. زمان: فارسی و كوردی "كورمانجی خواروو و كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی.
 
 
 ئیتیحادی چەپ
 1979-سنە
 (هەفتەنامەی یەكێتی چەپ، بڵاوكراوەی هەفتانەی رێكخراوی یەكێتی چەپ). لە شاری سنە دەرچووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە رۆژی /6/1979 دەرچووە، ژمارە: (10)ی لە رۆژی 11/8/1979 دەرچووە، ژمارە: (11)ی لە رۆژی 18/8/1979 دەرچووە. پاش داگیركردنەوەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی ئێرانەوە، ئەم بڵاوكراوەیە لە دەرچوون وەستاوە. هەر لەو سەردەمەدا لەلایەن هەمان رێكخراوی یەكێتی چەپ، هەفتەنامەیەكیتر بە ناوی (ئیتیحاد چپ) بە زمانی فارسی لە ئێران دەرچووە.
 
 
 خبرنامە كوردستان
 1979-سوێد
 هەواڵنامەیەكی تایبەتە بە هەواڵ و رووداوەكانی ئەو سەردەمەی رۆژهەڵاتی كوردستان. (كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات – لقی سوێد  AKSA) بە زمانی فارسی دەریكردووە. ژمارە: (1)ی لە ساڵی 1979 دەرچووە، ژمارە: (5)ی لە رۆژی 19/6/1358ی هەتاوی (10/9/1979)ی زایینی دەرچووە، ژمارە: (6)ی لە رۆژی 21/6/1358ی هەتاوی (12/9/1979)ی زایینی دەرچووە.
 
 
 رزگاری
 1979-رۆژهەڵاتی كوردستان
 (ئۆرگانی سازمانی وەحدەتی كۆمۆنیست). لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەرچووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە ساڵی 1979 دەرچووە، ژمارە: (16)ی لە رۆژی  4ی بەفرانباری 1358 (25/12/1979) دەرچووە، تا ساڵی 1980 بەردەوامبووە لە دەرچوون.
 
 
 بولتەنی خەبەری كوردستان
 1979-فرەنسا
 (بولتەنی خەبەری كوردستانی ئێرانە)، هەواڵنامە، رامیاری: (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران / تەشكیلاتی ئەوروپا) لە پاریسی پایتەختی فرەنسا دەریكردووە و هەندێك لە ژمارەكانی دووبارە لە ستۆكهۆلمی پایتەختی سوێد چاپكردۆتەوە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە ساڵی 1979 دەرچووە، ژمارە: (42)ی لە رۆژی 13/10/1983 دەرچووە، ژمارە: (54)ی لە رۆژی 17/2/1984 دەرچووە، ژمارە: (155)ی لە رۆژی 30/5/1986 دەرچووە و پاش ماوەیەك ئەم بڵاوكراوەیە لە دەرچوون وەستاوە. پێوانە: A4.
 
 
 بولتن خبری كوردستان
 1979- فرەنسا
 هەواڵنامە، رامیاری، مانگانە: (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران / تەشكیلاتی ئەوروپا) لە پاریسی پایتەختی فرەنسا دەریكردووە. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1979 بڵاوكراوەتەوە، ژمارە: (180)ی لە ساڵی 1987 دەرچووە، ژمارە: (208)ی لە ساڵی 1988 دەرچووە، ژمارە: (265)ی لە ساڵی 1993 دەرچووە. پێوانە: A4.
 
 
 تاڤگەی كوردستان
 1979-سنە
 گۆڤار، رۆشنبیری، گشتی: دەستەیەك رۆشنبیری كورد لە شاری سنە دەریانكردووە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین" و فارسی. رێنووس: ئارامی. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1979 و بەگشتی زیاتر لە (3) ژمارەی لێدەرچووە و وێنەدارە.
 
 
 Kurdistan du Iran
 1979-فرەنسا
 هەواڵنامە، وەرزیی ناڕێك (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران). لە پاریس دەریكردووە. زمان: فرەنسی. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1979 دەرچووە و تا ساڵانی 1990 ناو بەناو بەردەوام بووە لە دەرچوون.
 
 
 رێگای كرێكار
 1979-رۆژهەڵاتی كوردستان
 رۆژنامە، رامیاری، مانگانە: (ئۆرگانی ناوەندی سازمانی كارگەرانی ئینقلابی ئێران – كۆمیتەی كوردستان). شوێنی دەرچوون: رۆژهەڵاتی كوردستان. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: عەرەبی. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1979 بڵاوكراوەتەوە. ژمارە: (22)ی لە جۆزەردانی 1364ی هەتاوی (كۆتایی مانگی 5 و سەرەتای مانگی 6/1985) دەرچووە، ژمارە: (29)ی لە مانگی بەفرانباری 1364 (كۆتایی 12/1985 – سەرەتای 1/1986) دەرچووە. ئەم رۆژنامەیە تا كۆتایی ساڵەكانی 1980یش ژمارەیتری لێدەرچووە. پێوانە: شێوە رۆژنامەی بچووكە. (رێگای كرێكار) پاشكۆی سەربەخۆی رۆژنامەی (راە كارگر)ی فارسی زمانی ئۆرگانی (سازمانی كارگەرانی ئینقلابی ئێران) بوو.
 
 
 كوردستان
 1980-مەهاباد
 رۆژنامە؛ رامیاری. (ئۆرگانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران – پەیڕەوانی كۆنگرەی چوارەم). زمان:  فارسی و كوردی "كورمانجی ناوین" رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە ساڵی 1980 دەرچووە. ئەم رۆژنامەیە چەند ژمارەیەكی كەمی لێدەرچووە و پاشان وەستاوە.
 
 
 پێشڕەو
 1986-ئەوروپا
 گۆڤار؛ تیۆری، رامیاری. (سازمانی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران – كۆمەڵە / دەرەوەی وڵات) بە زمانی فارسی لە ئەوروپا دەریكردووە. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1986 دەرچووە، ژمارە: (3)ی لە سەرەتای 1987 دەرچووە.
 
 
 اێحاب انقلاب
 1986-تاران
 گۆڤار، گشتییە. (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران – ناوچەی كوردنشین) دەریكرووە. زمان: فارسی و كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. یەكەم ژمارەی لە ساڵی 1986 بڵاوكراوەتەوە، ژمارە: (37)ی ساڵی شەشەمی لە 1992 دەرچووە.
 
 
 ئاڵا
 1986-سوێد / نەرویج
 گۆڤار، رامیاری، گشتی. لە سەرەتاوە لە ساڵی 1986 وەك (ئۆرگانی بەرەی یەكگرتووی كوردستان) دەرچووە، پاشان لە ساڵی 1990 بەدوا وەك (ئۆرگانی پارتی سەربەخۆیی كوردستان) درێژەی بە دەرچوونی داوە. شوێنی دەرچوون: سەرەتا لە شاری ئوپسالا / سوێد دەرچووە. لە ساڵی 1990 بەدوا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج درێژەی بە دەرچوونی داوە. زمان: كوردی "كورمانجی ناوین". رێنووس: ئارامی. ژمارە: (1)ی لە سەرماوەز – مانگی 10/1986  دەرچووە. ژمارە: (21)ی ساڵی حەوتەم لە بەفرانباری 1993 دەرچووە، ژمارە: (28)ی لە خەزەڵوەری 1996 دەرچووە و ئێستا وەستاوە. پێوانە: شێوە گۆڤاری بچووكە.
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.