Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەند لە عەرەفات دەچن!… عەزیز ڕەئووف

چەند لە عەرەفات دەچن!… عەزیز ڕەئووف

Closed

  خودایە ئەوانەى بەنانەڕەق گەورە بوون، بۆ لە تەشریبا غەرقیانكەیت تێر ناخۆن؟… ڕێبوار سیوەیلى
 ڕاپۆرتەكەى "مایكڵ ڕۆبن" لە پەیمانگاى دامەزراوەى ئەمریكى لەسەر بارودۆخى هەرێمى كوردستان زەنگێكى تەواو ترسناكە بەوەى كە بەرپرسانى ئەم هەرێمە لە چ بارودۆخێكدا ژیان دەگوزەرێنن و خەڵكیش لە چ نەهامەتیەكدا دەژین. ئەم ڕاپۆرتە كە لەژێر ناونیشانى" ئایا كوردستانى عیراق هاوپەیمانێكى باشە بۆ ئەمریكا؟" لێوانلێوە لە فەزاحەت و بێحورمەتیكردن بە تاكەكانى ئەم دەڤەرە لەلایەن سەركردە سیاسیەكانەوە. لێوانلێوە لە گەندەڵى و بەهەدەربردنى سامانى ئەم میللەتە و دروستكردنى دۆخێكى نالەبار كە نوخبەیەكى سیاسى لە دۆخێكى ئابوورى باڵادا بژین و زۆرینەى تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیەش لە نزمترین و نەهامەتترین ئاستدا ژیان بگوزەرێنن.
 بێگومان ئەمە جارى یەكەم نیە كە سیاسەتكاران و نوسەران و ڕێپۆرتەرەكانى دەرەوەى ئەم كۆمەڵگەیە لە ناشرینیەكان ئاگادامان دەكەنەوە. چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە ئەشكەنجەدانى زیندانیەكان لەلایەن ئاسایشەوە و ڕەوشى ڕۆژنامەنوسى لە هەرێمى كوردستان و گەندەڵى و مەحسوبیەت لەم هەرێمە وەئاگایان هێناینەوە لەوەى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان ئەو دەسەڵاتە جوانە نیە كە هەندىَ میدیاى حزبى و سیاسەتمەداران بە گوێى دەرەوەیدا دەچرپێنن.
 هەر لەسەرتاى هاتنى مارێنز بۆ ناو كۆمەڵگەى عیراقى ویستمان پێیان بڵێین كە كوردستان خاوەنى ئەزموونێكى دیموكراسیە و پێویستە ئەم جۆرە لە دیموكراسى بكرێتە نموزەجێك بۆ سەرجەم شا و شارۆچكەكانى ترى عیراق بەتایبەتى لە ناوەڕاست و باشور. بەڵام نەمانزانى ئەمە تەنها خەونەكانى خۆمان بوون و ئەمریكیەكان باوەڕیان پێنەكردین و دەسەڵاتداران لە بەغدا چەندین بەرپرس و وەزیریان بانگێشتى دادگاكرد بۆ لێپرسینەوە، كەچى ئێمە لەم هەرێمە نەمانتوانى یەك بەرپرس دادگایى بكەین، هەرچەندە دەمانزانى بەڕۆژى ڕوون سامانى ئەم میللەتە بەهەدەر دەبەن و ئەو دەوڵەمەندبوونە وا بەزووى هەروا لەخۆوە نیە.
 بەرپرسانى ئەم دەڤەرە دەیانەوێت لە عەرەفات بچن. ئەوان نایانەوێت وەك غاندى و ماندێلا بژین. ئەوان دەیانەوێت جیاواز لە ئێمە ژیان بگوزەرێنن. ئەوان دەیانەوێت بە سەرمایە و بە ژیانێك لێوانلێو لە ڕەفاهیەت بیسەلمێنن كە مەخلوقێكى جیاوازترن لە ئێمە. ئەگەرنا دۆستان من دەپرسم دوو ملیار دۆلار چى پێناكرێت، كە من دڵنیام ئەم مەبلەغە پارەیە كۆى ستراكچەرى ئابوورى و كۆمەڵایەتى ئەم دەڤەرەى لەسەرەوە بۆ خوارەوە پێ دەگۆڕدرێت.
 بە بڕواى من هیچ هێزێك لە دەرەوەى ئەم هەرێمە چانسى ئەوەى نابێت حكومەت لاواز بكات گەر ئەوحكومەتە بەڕاستى حكومەتى خەڵك بێت. هەموو ئەو هەڕەشانەى لەدەرەوە لێمان دەكرێت بارتەقاى ئەوە مەترسى نیە كە گەنجێك لەم حكومەتە زویر بێت. هەموو دەسەڵاتێك پێویستى بە بەرگریكەرێكى ناوخۆیى هەیە. گەر حكومەتى هەرێم بیەوێت لەنێو ئەم هەموو دوژمنەدا لەسەر پاى خۆى بوەستێت ئەوا پێویستى بەوە نیە هەڕەشەى بەرپەرچدانەوە لە ئۆپراسیۆنە سەربازیەكان بكات، بەڵكو بەر لە هەر شت پێویستى بەوە هەیە حكومەتى خەڵك بێت و سادە بێت وەك خەڵك. حكومەتى هەرێم بەوە نابێتە حكومەت كە فڕۆكەخانە و سوپەرماركێت و بازاڕو ڤێلاى مۆدێرنى هەبێت، بەڵكو بەوە دەبێتە حكومەتى خەڵك كە بتوانێ خەونەكانى خەڵك بێنێتە دى، بەوە دەبێتە حكومەت كە خۆى خاوەنى بەرهى خۆماڵى بێت و بتوانێت لە بەردەم هەر هەڕەشەیەكى ئابووریدا كە لەدەرەوە بكرێتە سەرى، لەسەر پاى خۆى بوەستێت. حكومەتى هەرێمى كوردستان هیچ لەو مەرجانەى تێدا نیە. ئەم حكومەتە ناتوانىَ یەك قوتو ئاوى تەماتە بەرهەم بێنێت، ناتوانىَ یەك گەنجى كەلار و هەڵەبجە لەخۆى ڕازى بكات، سەربارى ئەوەش لێوانلێوە لە گەندەڵى و مەحسوبیەت و بەتاڵانبردنى ئابوورى ئەم هەرێمە بۆ گیرفانى نوخبەیەكى سیاسى كە بەناوى شۆڕشگێریەوە نوێنەرایەتى ئێمە دەكەن.
 سانا نیە قبوڵى ئەو بارودۆخە نالەبارە بكەیت لە هەرێمى كوردستان. سانا نیە بەرپرسێكى ئەم هەرێمە خاوەنى دوو ملیار دۆلار بێت و ژن و پیاوێكیش لە هەولێر لەبەر دەستكورتى منداڵەكەیان لە نەخۆشخانە وەرنەگرنەوە. سانا نیە زۆرینەى داهاتى ئەم وڵاتە بەدەست بەرپرسەكانەوە بێت و كەچى شەقامەكانى شارۆچكەى شۆڕش و ڕزگارى لە گەرمیان قیرتاو نەكرابن و كەس و كارى ئەنفالەكان لە باودۆخێكى تەواو دژواردا ژیان بگوزەرێنن. سانا نیە بەرپرسانى ئەم دەڤەرە خاوەنى ئەو سەرمایە زۆرە بن كە "مایكڵ ڕۆبن" ئاماژەى پێدەكات و كەچى دانیشتوانى ئەم هەرێمە پاش حەڤدەساڵ لە دەسەڵاتى خۆماڵى، بێبەش بن لە  ئاو و كارەبا كە سەرەتاییترین پێدوایستى مرۆڤن.
 سەیرە ئەم هەرێمە  كێشەى سوتەمەنى هەبێت و منداڵانى ناو كلاسەكانى قوتابخانە لەبەر سەرما وانەیان بۆ نەخوێندرێت، كەچى هەر كۆمپانیایەكى بیانى گەر بیەوێت لەم هەرێمە نەوت دەربهێنێت دەبێت 10%ى داهاتى ئەو نەوتە بۆ شەخسى سەرۆكى هەرێم بێت.
 ڕاپۆرتەكەى مایكڵ ڕۆبن زەنگێكى ترسناكە بۆ بەرپریانى ئەم دەڤەرە كە وردەوردە لە جەماوەر دوور دەكەونەوە و دەیانەوێت لاسایى عەرەفات بكەنەوە. ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ئۆپراسیۆنەكانى توركیا بۆ سەر هەرێمى كوردستان مەترسیدار ترە، چونكە ئۆپراسیۆن هەڕەشەیەكى دەرەكیە، بەڵام ئەو فەزاحەتەى كە لە ڕاپۆرتەكەى مایكڵ ڕۆبندا هاتووە هەڕەشەیەكى ناوخۆییە و بێشك دەستى هەیە لە دۆڕاندنى متمانەى خەڵك لە حكومەتێك كە بە خوێن و قوربانى بەرهەمى هێناوە.
 azizrauf2003@yahoo.com 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.