Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چەند ڕێنومایىوئامۆژگارى پێویست بۆ ژنان

چەند ڕێنومایىوئامۆژگارى پێویست بۆ ژنان

Closed
by October 31, 2008 ژنان

 
 چەند ڕێنومایىوئامۆژگارى پێویست بۆ ژنان
 
 ئا:   که‌ژاڵ عەلا

 
 
  لەگەلأ ڕوودانى گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتیەكاندا  لەجیهان ، ژنان زیاتر لەڕابووردوو پێشكەوتنیان بەخۆوە بینیوەو بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانێكدا بەشداریدەكەنو پلەو پایەیان بەرزو دیارە. ئەمەش جگەلە ئەنجامدانى كارە سەرەكیەكانى خۆیان. لەنموونەى هاوسەردارێتىو دایكایەتىو بەڕێوەبردنى ماڵو پەروەردەكردنى منداڵو نەوەكانى دواڕۆژ، ژنان چالاكانە هاتوونەتە مەیدانەكانەوە وەك:  ئابوورى، كۆمەڵایەتى، زانستى، سیاسی و..هتد..
  ئاشكرایە لە ناوكۆمەڵگەى باوكسالاریدا ژنان زیاتر لەجاران چاوەڕوانى لێئەكرێتو ئەمەش تا ڕادەیەك بارێكى گرانە بەسەر شانى ژنانەوە، هەربۆیە پێویستە ڕیكخراوە فێمێنیستیەكان زیاتر خۆیان ماندووبكەنو ڕۆڵى سەرەكى ببینن بۆ  هووشیاركردنەوەى ژنان لە بوارە جیا جیاكاندا، تا ژنان كەمترو كەمتر دووچارى سترێسو گوشارى كێشەو كێشمەكێشى كۆمەڵایەتىو كۆمەڵگە ببنەوە. چونكە هەرجۆرە سترێسێك بۆى هەیە كاریگەرى هەبێت بۆ توشبوون بەنەخۆشى دەرونىو نەخۆشیە جەستەییەكان. لەبەر ئەوەى ژنان بەهۆى زۆرى ئیشو كارەكانیانەوە یا چالاكی كۆمەڵایەتیو ئابوورى ناتوانن بەشێوەیەكى شیاو پێشبكەون. هەربۆیە ژنان پێویستە بۆ بەرنامەكانى داهاتوویان بەباشى ئاگایان لە سەلامەتىو تەندروستى خۆیان بێت.
 لەم بارەیەوە بەباشمان زانى هەندێ ئامۆژگارى پێویست بخەینەڕوو:
 
   1.  بەدواى كەماڵدا مەگەڕێ: لەبەر ئەوەى كە ژمارەیەكى زۆر ئیشوكارى جۆراو جۆرت لەسەر شانە هەوڵى ئەوە مەدە كە هەموو ئیشەكانت بەشێوەیەكى زۆر باش ئەنجام بدەیت. چونكە وزەو تواناكانى هیچ مرۆڤێك ئەوەندە زۆر نیە كەتۆ بتوانیت لەیەك كاتدا كەیبانوویەكى باش، دایكێكى نموونەیى،هاوسەرێكى شایستە، وەرزشكارێكى چالاك, كارمەندێك یاخود قوتابیەكى سەركەوتووبیت…باشتر وایە هەمیشە لەفیكرى ئەوەدا نەبن بۆدەستەبەركردنى  كەسایەتیەكى نموونەیى لەهەمووبوارە جیاجیاكانى ژیاندا، بەڵكو ئەوەندەى كە لەتواناتاندایە هەوڵبدەنو ووریاى تەندروستیتان بن، چونكە سەلامەتى لەسەرو هەموو شتێكەوەیە.
 
 2. لەنێوان ئەو كارانەى كە بەرپرسیارى لێى یەك یا دوو دانەیان هەڵبژێرەو كە لەهەموویان زیاتر گرنگە بەلاتەوە  هەوڵبدە وزەى زۆر لەوانەدا بەكاربهێنە.  
 
 3. هەمیشە گرنگى بدەبە كارەسەرەكیەكانتو ئەولەویەتى خۆت بگۆڕە. چونكە لەهەر سەردەمێكدا  واپێویست دەكات گرنگى بدرێت بە كارى سەرەكی. بۆنموونە: لەسەرەتاى  پێكەوەنانى ژیانى هاوسەرداریدا زیاتر هەوڵبدە بۆ بەختیارى ژیان، تا لەسەر بنچینەی خۆشەویستىو ڕێزو لێك تێگەیشتنەوە ژیانێكى ئاسوودە بنیات بنێیت. ڕێگەنەدەیت سترێسو گومڕایى ئارامیت لێ بشێوێنێت. زەمەنێك كەمنداڵێكى بچكۆلانەت هەیە تا منداڵەكەت گەورەتر دەبێت، باشتروایە زیاتر ئەولەویەت بە ڕۆڵى دایكایەتى بدەیت، گرنگى كەمتربدەیت بە كارى كۆمەڵایەتىو سیاسىو زانستى…
 
   4. ئەوە لەبیر نەكەیت كە تۆ مرۆڤێكیت وەك هەر مرۆڤێكى تر، حەزو ئارەزوو ئامانجێكى تایبەت بەخۆت هەیەو ئەم ئارەزووانە ڕاستەوخۆ یەكێكە لەوشتانەى كە تۆ پێویستە ڕۆڵی تێدا ببینیت. لەبەر ئەوە پێویستە بەووریاییەوە ئەوشتەى ئەتەوێت بەدەستى بێنیتو بەرنامەیەكى گونجاوى بۆ دابڕێژە.
 
   5. كەسایەتى خۆت بەهۆى ئەو كارانەى كەئەنجامى دەدەیت بەكەم مەنرخێنە. هەندێك لە ئافرەتان نرخى خۆیان لەسەر بنچینەى ئەو كارو چالاكیانەى كە ئەنجامى دەدەن هەڵئەسەنگێنن. ئەگەر بێتو ئەم كارانەى بەباشى ڕا نەپەڕێنێت ئەوا ئەكەوێتە سەرزەنشت كردنى خۆىو هەست بەكەمێتى خۆى ئەكات. ئەمە لەكاتێكدا یە نرخى هەر مرۆڤێك زۆر زیاترە لە هەمووئەو جۆرە كارو چالاكیانەى كە ئەنجامیان دەدەین. چونكە مرۆڤ لەهەر پلەوپایەو مەقامێكدا بێت هەر بەنرخە. ئەگەر باوەڕ ت بەمەش نیە ئەوا ئەتوانیت لەكەسانى نزیك بەخۆت ببپرسیت كە بوونو نەبوونى تۆ تا چ ڕادەیەك لەلاى ئەوان گرنگو بەنرخە.
 
  6. وەرزش ئەنجام بدە. چونكە گرنگترین چالاكییەكانى كە ئەتوانێت تەندروستیت بپارێزێت وەرزشە. ئایا وەرزش ئەنجام دەدەیت؟ ئەگەر نا باشتر وایە لەمبارەیەوە بیر بكەیتەوەو بەرنامەكانى ژیانى خۆت بگۆڕیت.
 
 7. خواردنى باش هەڵبژێرە. یەكێك لەباشترین ڕێگاكان بۆ باشتركردنى تەندروستى لەش خواردنى تەندروستو باشە وەك لەم خاڵانەى خوارەوەدا دەست نیشانمان كردوون:
 
 •  مادەى خۆراكى تازەو تەندروست بەكاربێنە.
 • چەورىو خوآو شەكرو نیشاستە كەم بەكاربێنە.
 • سەوزەو میوە زۆر بەكاربێنە.
 • بەروبوومەكانى شیرو گۆشتى سوورو خۆراكى دەوڵەمەند بەپڕۆتین بەشێوەیەكى گونجاو بەكاربێنە.
 • لەكاتێكى دیاریكراو ڕێكوپێكدا نان بخۆ.
 • ژەمەكان تەركمەكە.
 8. لەگەلأ خەڵكدا بەشێوەیەكى گونجاو پەیوەندى كۆمەڵایەتی بەجێبێنە. پەیوەندیەكەتان با نەزۆربێت نەكەم. هەرگیز دوورەپەرێزى مەكە چونكە تەنهایى زۆربەى كات ئەبێتە هۆى دروستبوونى سترێسو خەمۆكى. هەربۆیە با شتر وایە چەند سەعاتێك لەكاتى خۆت دابین بكەیت بۆ میواندارى و پەیوەندى لەگەلأ كەسوكارو هاوڕێكانتدا، بەڵام بەشێوەیەكى سادەوساكار نەك ڕەسمیات كە ببێتە  هۆى ماندوێتىو وزەسەرفكردنێكى زۆرو زیانى لێبكەوێتەوە.
 
    9. هەوڵبدە جاربەجارآ بچیتە سەیرانو گەشتو گوزار، لە سەیرى سروشت چێژ وەربگرە.
 
     10. زۆربەى كاتەكانت هەوڵبدە خۆت سەرگەرم بكەیت بەشتێكەوە لەنموونەى: موتاڵاكردن، چنین، وەرزش،دورومان, ئیشى هەویر، وێنە كردن، خواردن لێنان، گفتوگۆكردن لەگەلأ هاوڕێیەكتدا…تابتوانیت شادمان بیو بەدووربی لەخەیاڵاتى پڕوپوچ.
 
 11.  بۆ هەندێك لە كارەكانت داواى یارمەتى بكە لەكەسانى شایستەو باش. چونكە هیچ مرۆڤێك ناتوانێت كەسێكى تەواو بێت.
 
 12.  خۆت بەدووربگرە لەڕقوكینە. هەرگیز ئەوە لەیاد مەكە كە ژیان مەیدانى ئەسپ سوارى نیە كە مرۆڤ تیایدا  پێشبڕكێ بكات، بەڵكو مەیدانى ژیان مەیدانی خەباتوململانێكردنە لەگەلأ بابەتە هەنووكەییەكان و كێشە جۆراو جۆرەكانى ژیان. هەرمرۆڤێك بەردەوام بریتیە لە كەسێكى تایبەت بە خۆى و جیاواز. لەبەر ئەوە باشتر وایە گرنگى بدەیت بەژیانى تایبەت بەخۆتو لەو ڕوەوە هەوڵەكانت بخەرە گەڕ. ئاشكرایە ڕقەبەرایەتى لەگەلأ خەڵكدا كارێكى ناشایستەو پڕوپوچە. بۆ ئەم كارەش تەنها شارەزایىو ڕۆشنبیرى خۆت ئەتوانێت یاریدەدەرتبێت، تابتوانى خاوەنى دڵێكى پاكو لەخۆبووردووبیت.
 
 13. چوارچێوەى مەعنەوىو تواناكانى خۆت ڕێكبخە. تا بتوانیت بەشێوەیەكى سەركەوت و بڕیارى خۆت بدەیت لە كاروبارو هەموو جۆرە ڕەوتێكى ژیاندا دووچارى وەسوەسەو نیگەرانىو دڵەڕاوكێیەك نەبیتەوە لە بڕیارەكانتداو كەسێكى سەركەوتو بیت لە بەرنامەكانتدا.
 
 14. پێكەنین لەیاد مەكە. هەوڵبدە هەمیشە كەسێكى دەم بەپێكەنینو ڕووخۆش بیت. چونكە پێكەنین  زۆر لەنەخۆشیە دەروونیەكان ئەپەڕێنێتو سەرو سیمایەكى جوانت پێئەبەخشێت.
 
    ئەوەشتان لەبیر نەچێت كە تەنها خۆت بەرپرسیاریت لە ژیانى تایبەت بە خۆتو هەر خۆشت ئەتوانى سەركەوتوانە ژیانێكى ئاسودەو بەختەوەرو بەتەندروست بۆخۆت دابین بكەیت.
 
    سەرچاوە: سایتى  زنان
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.