Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

ڕازێك له‌ زاری دره‌ختێكه‌وه … ‌فه‌رهاد ساڵح

Comments
by August 14, 2009 ئەدەب

 

 

وام پێ باش بوو به‌ده‌م ڕێگه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ بگرم. له‌ ماڵ چومه‌ ده‌رو به‌ قادرمه‌كاندا چوومه‌ خوار، به‌ ڕیتمێكی له‌سه‌رخۆ ڕێگام ئه‌بڕی. ژماره‌كه‌م لێدا….، هه‌ڵه‌ نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌م لێدا كه‌ شه‌وێك پێشتر له‌ هاوڕێكه‌مم وه‌رگرت. نا، هه‌ڵه‌ نه‌بوو، به‌ڵام پێ ئه‌چوو شه‌به‌كه‌ ته‌واو نه‌بوو بێت، ‌یان ئه‌ویش له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رقاڵی په‌یوه‌ندییه‌كی تر بووبێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تردا، له‌به‌رئه‌وه‌ وام پێ باش بوو كه‌مێك چاوه‌ڕی بكه‌م و پاشان بۆ جاری دووه‌م هه‌وڵ بده‌مه‌وه‌، بۆیه‌ بڕیارمدا بچمه‌ باخی گه‌ڕه‌ك كه‌ كه‌وتبووه‌ كۆڵانه‌كه‌ی ته‌نیشتمان،"به‌ ڕێیه‌كی بێده‌نگدا ئه‌چوویته‌ ئه‌و كۆڵانه‌و باخه‌كه‌ش كه‌وتبووه‌ ئه‌وبه‌ری كۆڵانه‌كه‌". له‌سه‌ر كورسییه‌كی تایبه‌ت به‌ باخه‌كه‌ دانیشتم. لای چه‌پمه‌وه‌ یه‌ك دوو مناڵ له‌ به‌شی تایبه‌تی خۆیاندا سه‌رگه‌رمی یاری كردن بوون، سه‌گێكیش له‌ لای ڕاستمه‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانی خاوه‌نه‌كه‌یدا ڕاكه‌ ڕاكی بوو، له‌وه‌ ئه‌چوو چالاكی و توانایی خۆی به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی پیشان بدات. له‌ناكاو، سه‌رنجم چووه‌ سه‌ر دره‌خته‌ به‌رزو به‌ته‌مه‌نه‌كانی ناو باخچه‌كه‌ كه‌ له‌ چیمه‌نه‌ سه‌وزو شێداره‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵكشابوون.
"چ دیمه‌نێكی جوانیان هه‌یه‌! ئه‌و دره‌خته‌ پیرو به‌ته‌مه‌نانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دره‌خت و گه‌ڵا تازه‌پێگه‌شتووانه‌ی بوونه‌ته‌ په‌رژینی باخچه‌كه‌و ئه‌و چیمه‌نه‌ سه‌وزو ئاڵ و شێداره‌ پێكه‌وه‌ چ هه‌وایه‌كی سازگار ئه‌به‌خشن!".
له‌ناكاو، ده‌نگێكم بیست، به‌ چرپه‌یه‌ك ئه‌چوو، دڵنیام كه‌سێك له‌ده‌ورم نه‌بوو، پاشان ده‌نگه‌كه‌ش له‌‌ ده‌نگی مرۆڤی ئاسایی نه‌ده‌چوو. به ‌خۆم نه‌بوو، سه‌رنجم چووه‌ سه‌ر ئه‌و دره‌خته‌ی به‌رده‌مم وه‌ك ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ئاراسته‌ی ده‌نگه‌كه‌ دیاری بكه‌م. به‌ڵام ته‌واو بوو، ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ بوو، له‌ دره‌خته‌كه‌وه‌ بوو. سه‌یره‌!! تۆ بڵێی من گوێم زرنگابێته‌وه‌ یاخود ئاراسته‌ی هه‌ڵه‌ی من بوو بۆ دره‌خته‌كه‌، ئاخر دره‌خت كوا قسه‌ ئه‌كات!؟.
پاشان دره‌خته‌كه‌ ووتی.. نه‌خێر، ئه‌وه‌ زرنگانه‌وه‌یه‌ك نه‌بوو له‌ گوێی تۆداو ئاراسته‌كه‌شت هه‌ڵه‌ نه‌بوو. من له‌ دووره‌وه بانگم ئه‌كردی، تۆ به‌نیاز بوویت ڕاسته‌ڕێ بگریت و به‌ره‌وخوار بڕۆیت، به‌ نیازیش نه‌بوویت ئه‌مڕۆ بێیته‌ ئێره‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ گوێ زرنگانه‌وه‌ تێگه‌شتووی؟ ئه‌ی كڵۆڵ…
پاشان ووتی..ئاخر مرۆڤه‌كان وا ئه‌كه‌ن دره‌خته‌كان بكه‌ونه‌ قسه‌، ئا…ئا مرۆڤه‌كان وا ئه‌كه‌ن )هه‌ستم كرد وورده‌ وورده‌ توڕه‌ بوون له‌ ده‌نگیدا به‌دیار ئه‌كه‌وێت(، مرۆڤه‌ گه‌لۆره‌كان، دڕدۆنگه‌كان، ڕاستتر وایه‌ بڵێم ئێوه‌ی مرۆڤی له‌پاش جێماو وا ئه‌كه‌ن دره‌خته‌كان بكه‌ونه‌ قسه‌، دره‌خته‌كان توڕه‌ بن، وویستم بپرسم، باشه‌ چی بووه‌؟ مرۆڤ چی كردووه‌ به‌رامبه‌رتان؟ به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشبینی پرسیاره‌كه‌می كرد بێت و زووتر كه‌وته‌وه‌ قسه‌ كردن له‌وه‌ی بوار به‌من بدا تا ئه‌و دێڕه‌ی تیا بڵێم…
ووتی..قه‌هری ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئێوه‌ جگه‌ له‌ ناڕاسگۆیی و ناپاكی و نادروستیی‌ له‌ناو خۆتاندا، دابڕان و دواكه‌وتنی ئێوه‌یه‌ له‌ ئێمه‌، توڕه‌ بوونی من ته‌نها له‌سه‌ر تۆ نیه‌)وورده‌ وورده‌ هاته‌وه‌ سه‌رخۆ(، به‌ڵكو توڕه‌ بوونی من توڕه ‌بوونی هه‌موو دره‌خته‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه‌ له‌ ئێوه‌ی مرۆڤ.

پاش كه‌مێك وه‌ستان، ووتی..ئه‌توانی پێم بڵێی ئێوه‌ له‌سه‌ر چ سیستمێك، حیكمه‌تێك یان ئه‌فسانه‌یه‌ك ژیانتان پێكهێناوه‌و به‌ڕێوه‌ی ئه‌بن؟ ئه‌توانی باسێكم بۆ بكه‌ی ئێوه‌ چین و كێن و له‌ كوێوه‌ هاتوون؟
ووتم..ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم و بیستبێتم، ئێمه‌ سه‌ر به‌ ئه‌فسانه‌یه‌كین كه‌‌ ئاده‌م و حه‌وا ڕۆڵێكی گرنگ ئه‌بینن تێیداو ڕۆڵه‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ش نه‌وه‌ی ئه‌وانن و سه‌ربه‌وانن.
ووتی..كه‌واته‌ ئێوه‌ هه‌مووتان كوڕو كچی ئاده‌م و حه‌وان؟
ووتم..به‌پێی ئه‌فسانه‌كه‌ ڕاسته‌.
ووتی..كه‌واته‌ ئێوه‌ هه‌مووتان خوشك و بران؟
ووتم..به‌پێی ئه‌فسانه‌كه‌، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌.
ووتی..كه‌واته‌ ئێوه‌ هه‌مووتان زۆڵ و ناپاك و داوێن پیسن؟
ووتم..به‌پێی ئه‌فسانه‌كه‌، ئه‌مه‌شیان ڕاسته‌ به‌ڵام،….
قسه‌كه‌ی پێ بڕیم و ووتی، به‌ڵام هیچ، ئه‌ته‌وێ شه‌رعیه‌ت بده‌ی به‌ زۆڵی و ناپاكی و داوێن پیسییه‌كانتان، ئه‌زانم ئه‌ته‌وێ ئه‌وه‌ بكه‌یت. ئه‌وه‌ ئێوه‌ن، هه‌ركات درۆتان كرد شه‌رعیه‌ت ئه‌ده‌ن به‌درۆكانتان. ئێوه‌ وه‌ك دوا گه‌شه‌ی زینده‌وه‌ره‌كان و زینده‌وه‌ری عاقڵ، هاتن و زه‌مینتان شێواند، سروشتی ژیانتان شێواند، سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانتان شێواند. ئێوه‌ هاتن و زه‌مینتان پارچه‌ پارچه‌ كردو هه‌ر كۆمه‌ڵێكتان و پارچه‌یه‌كتان برد بۆ خۆتان و ناوتان لێ نا نیشتیمان، ئێوه‌ هاتن و ماناتان به‌خشیه‌ هه‌موو ئه‌و بووانه‌ی ده‌وروبه‌رتان، نه‌ك وه‌ك سروشتی بووه‌كان خۆیان كه‌ چین، به‌ڵكو لێكدانه‌وه‌ی ئێوه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندیتاندا پێیانه‌وه‌.
 
پاش بێده‌نگییه‌كی كورت به‌رده‌وام بوو ووتی..ئیمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ خودادا ئه‌و په‌یمانه‌مان به‌ست، كه‌ ئێمه‌ بتانگه‌یه‌نینه‌ جوانی و خۆشه‌ویستییه‌ ئه‌زه‌لییه‌كان. ئاخر یه‌ك جوانی ئه‌زه‌لی هه‌یه‌، كه‌چی چه‌نده‌ها جوانۆچكه‌تان دروست كرد، یه‌ك خۆشه‌ویستی ئه‌زه‌لی هه‌یه‌، كه‌چی چه‌نده‌ها خۆشه‌ویستۆچكه‌تان دروست كرد، خودایه‌كی ئه‌زه‌لی هه‌یه‌، كه‌چی ئێوه‌ ژماره‌یه‌ك خودای گچكه‌تان دروست كرد. هه‌ر ئێوه‌شن ناشرینیتان دژ به‌ جوانی ناساند، ڕقتان له‌ خۆشه‌ویستیدا دروست كرد، ئه‌هریمه‌نتان كرد به‌ گژ خودادا. ئێمه‌ش ساڵه‌ هایه‌… له‌دوور هاوارتان لێ ئه‌كه‌ین…)له‌ڕێ لاتانداوه‌ گه‌لێ به‌هه‌ڵه‌دا چوون گه‌لێ دوواكه‌وتون(، به‌ڵام ئێوه‌ بێباك ته‌نها به‌ گوێ زرنگانه‌وه‌ تێده‌گه‌ن.
ئێوه‌ زۆر جار گوێتان ئه‌زرنگێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها هاوارو ناڵه‌ی ئێمه‌یه‌، ئاخر ئێمه‌ له‌ مێژه‌ هاوارتان لێ ئه‌كه‌ین…)له‌و ڕێیه‌ لاتانداوه‌ كه‌ ئه‌تانگه‌یه‌نێته‌ نه‌مری، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی ئێستاتان به‌ره‌و نادیارتان ئه‌بات، گه‌لێ دوواكه‌وتون و گه‌لێ زیاتر دووائه‌كه‌ون، بۆ كوێ ڕێ ئه‌كه‌ن؟(، ئێوه‌ش ته‌نها بێباك ملی ڕێی هه‌ڵه‌تان گرتووه‌و پشت له‌ ئێمه‌ ڕێ ئه‌كه‌ن.
ئه‌زانم، سه‌رسامی به‌وه‌ی كه‌ چۆن به‌زمانی ئێوه‌ ئه‌دوێم! ئێمه‌ له‌ هه‌موو زمانێك تێده‌گه‌ین و به‌ زمانی خۆشتان هاوارتان لێ ئه‌كه‌ین. ئه‌وه‌ ئێوه خۆتانن له‌ یه‌كتر تێناگه‌ن، ئێوه‌ پاش ئه‌وه‌ی زه‌ویتان پارچه‌ پارچه‌ كردو كۆمه‌ڵتان تیا دروست كرد، زمانیشتان تایبه‌ت به‌ خۆتان دروست كرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه،‌ خواست و وویستی هه‌ر كۆمه‌ڵێك، داگیر كردن و له‌ناوبردنی خاك و كۆمه‌ڵێكی تر بوو!.
ئای…ئێوه‌ چ بونه‌وه‌رێكن؟! ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌توانن بیر بكه‌نه‌وه‌ به‌ خۆتان ئه‌ڵێن بونه‌وه‌ری عاقڵ؟ به‌ڵام كام بیركردنه‌وه‌، ئێوه‌ بیر له‌ چی ئه‌كه‌نه‌وه‌؟،
ئێوه‌ گه‌ر بیربكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ شه‌رعییه‌ت بده‌ن به‌ درۆكانتان، نه‌ك بیركردنه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كان و گه‌یاندنی ڕاستییه‌كان، ئێوه له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ناتانه‌وێ،‌ دنیایه‌ك له‌ ڕق پیرۆز ئه‌كه‌ن، كه‌چی هه‌گبه‌یه‌ك له‌ خۆشه‌ویستی له‌به‌ر پێی سۆزانییه‌كدا فڕی ئه‌ده‌ن ته‌نها بۆ ساتێك جووتبوون له‌گه‌ڵتاندا. ئای..ئێوه چ بونه‌وه‌رێكن! پێم ناڵێی ئێوه‌ بیر له‌ چی ئه‌كه‌نه‌وه‌؟ ئێوه‌ هه‌مان پرۆسه‌ی زینده‌وه‌ره‌ ناعاقڵه‌كانی تر دووباره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای بیركردنه‌وه‌.
ئای…كڵوڵینه‌، بۆ له‌مه‌ولا پێویسته‌ شه‌رعیه‌تی زیاتر بده‌ن به‌ درۆكانتان تا له‌گه‌ڵ درۆ گه‌وره‌كانتانا جیاوازتر بنوێنن، ڕق پیرۆزتر بكه‌ن و خۆشه‌ویستیش هه‌ر به‌دزییه‌وه‌ بكه‌ن. چونكه‌ ئێوه ئێستا ‌ له‌ لێواری ئه‌و ژیانه‌ هه‌میشه‌ییه‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن كه‌ بیركردنه‌وه‌كان تێیدا نه‌مره‌. ئه‌وه‌ په‌یمانی ئێمه‌ بوو له‌گه‌ڵ خودادا، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ بتوانن بگه‌نه‌ خوداو نه‌مری. ئاخر ئێمه‌ بووین سه‌رچاوه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی ئێوه‌…
له‌ به‌هاری ئێمه‌وه‌ فێری مانای ژیانه‌وه بوون و په‌یتان به‌ ‌تۆنه‌ جیاوازه‌كانی ڕه‌نگی سه‌وزی برد، هه‌ر له‌ پایزی ئێمه‌وه‌ فێری تێكه‌ڵكردنی ڕه‌نگه‌كان و تابلۆ كێشان و هۆنراوه‌ نوسین بوون، هاوین و زستانی ئێمه‌ بوو ڤیڤاڵدی خسته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نوسینی موسیك، هه‌ر ئێمه‌ش یاسای كێشی زه‌مینمان به‌ نیوتن و دواجار به‌ ئێوه‌ش‌ ناساند.
پێم ناڵێی ئێوه‌ به‌ره‌و كوێ ڕێده‌بڕن…؟!
پاشان ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌زه‌لیمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا دروستكردووه‌، كه‌ نه‌توانن بۆ هه‌میشه‌ دووربكه‌ونه‌وه‌ لێمان، به‌ڵام ئێوه‌ی له‌ پاش جێماو به‌رده‌وام پشت له‌ ئێمه‌ ڕی ئه‌كه‌ن. تێناگه‌م! ئاخر ئێوه‌ به‌هه‌ناسه‌ی ئێمه‌ ئه‌ژین. ئێمه‌ ئه‌و هه‌ناسه‌ پیسانه‌ی ئێوه‌ وه‌رئه‌گرین و له‌ هه‌ناوی خۆماندا پاكی ئه‌كه‌ینه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ هه‌ناسه‌ی پاكتان پێ ئه‌به‌خشین تا ئاسوده‌ بن. ئه‌وه‌ ئێمه‌ین هه‌ناسه‌ پیسه‌كانی ئه‌م زه‌مینه‌تان بۆ خاوێن ئه‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌تا له‌ ئێمه‌شه‌وه‌ نزیكتر بن)بۆ نمونه‌ كاتێك بۆ تاوێك له‌ باخێكدا پشوو ئه‌ده‌ن( زیاتر هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی ئه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كات ڕاسته‌وخۆ هه‌ناسه‌كان ئاڵوگۆڕ ئه‌كه‌ین و نزیك ئه‌بنه‌وه‌ له‌و ژیانه‌ی بیركردنه‌وه‌كان تێیدا نه‌مره‌، به‌ڵام گوزه‌رانی له‌ مێژینه‌ی ئێوه‌ له‌ لێوه‌ره‌كانی ئه‌و ژیانه‌دا، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ بێده‌نگ و سه‌رسام ئه‌ڕواننه‌ چوارده‌ورتان.

تا ئه‌و كات، من سه‌رسام و بێده‌نگ گوێم گرتبوو. پاش كه‌مێك بێده‌نگی و پێش ئه‌وه‌ی بوار به‌من بدا تێهه‌ڵچۆوه‌و ووتی..ته‌ماشاكه‌، له‌هه‌ر ووڵاتێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا، ئێمه‌ یه‌ك ئاراسته‌ی كاركردنمان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئاسوده‌ كردنی ئێوه‌یه‌. به‌یه‌ك نه‌فه‌س هاوارتان لێ ئه‌كه‌ین، ئاخر ئه‌وه‌ ئه‌ركی ئێمه‌یه‌‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێیه‌ بن كه‌ ئه‌تانگه‌یه‌نێت به‌ خوداو نه‌مری، ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌یمانه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی ئێمه‌ بوو له‌گه‌ڵ خوادا. تێناگه‌م!)ورده‌ ورده‌ توڕه‌ ئه‌بوو( له‌و ته‌مه‌نه‌ كورته‌ی ژیانتانا چۆن فریای ئه‌و هه‌موو ناڕه‌وایه‌تییه‌ ئه‌كه‌ون؟! چونكه‌ ناڕه‌واییه‌تییه‌‌كانتان ته‌مه‌نێكی درێژتر ئه‌خوازێ، ئاخر‌ ئێوه‌ ته‌مه‌نێكی زۆر كورت ئه‌ژین، به‌پێی زه‌مه‌نی ئێمه‌، ئێوه‌ ئێجگار كورت ئه‌ژین. زه‌مه‌نی ئێمه‌و ئێوه‌ گه‌لێك جیاوازه‌، له‌ شه‌وو ڕۆژێكی زه‌مه‌نی ئێمه‌دا، چه‌نده‌ها مانگ و ساڵ به‌زه‌مه‌نی ئێوه‌ی تێدا جێده‌بێته‌وه‌، كه‌چی ئاوهاش، ئێوه‌ بوون به‌‌ هۆی شێواندنی سروشتی ژیان، ئاووهه‌واو وه‌رزه‌كان. هه‌ر ئێوه‌ش ئه‌بنه‌ هۆی شكانی ئه‌و په‌یمانه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خواوه‌ندا له‌ جێ به‌ جێ نه‌كردنی ئه‌ركه‌كه‌ماندا. ئای…ئێوه‌ چ بونه‌وه‌رێكن!)هێواش هێواش ئه‌هاته‌وه‌ سه‌رخۆ( ئێمه‌ له‌ مێژه‌ هاوارتان لێ ئه‌كه‌ین…له‌و ڕێیه‌ لاتانداوه‌ كه‌ ئه‌تا‌نگه‌یه‌نێت به‌ نه‌مری، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی ئێستا له‌سه‌ری ڕێ ئه‌كه‌ن ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، ئێوه‌ش بێباك و دڕدۆنگ ملی ڕێتان گرتووه‌و پشت له‌ ئێمه‌ ده‌ڕۆن.

پاش بێده‌نگییه‌كی كورت، توڕه‌ بونه‌كه‌ی ڕه‌ویه‌وه‌و به‌ ئارامی و به‌ تۆنێكی نه‌رم و جیاوازتر كه‌وته‌وه‌ قسه‌ كردن و ووتی..ئێمه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ڕێگه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوونتان بدۆزینه‌وه‌، به‌ڵام تاكه‌ هیوایه‌كیش بۆ ڕزگاربوونتان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆتان فێری موسیك بكه‌ن، چونكه‌ تازه‌ ئێوه‌ بۆ هه‌میشه‌ پشت له‌ ئێمه‌ ڕێ ئه‌كه‌ن و هاوارو ناڵه‌ی ئێمه‌ش‌ ته‌نها وه‌ك گوێ زرنگانه‌وه‌یه‌ك ده‌گاته‌ ئێوه‌و هیچی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ باشترین ڕێگه‌ موسیكه‌ بۆ ئاشتبونه‌وه‌مان و هاتنه‌وه‌تان بۆ سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئێمه‌ له‌ مێژه‌ خوازیارین. ئاخر هه‌ر ئێمه‌ بووین پشت و په‌نای مۆزارت، بیتهۆڤن بۆ تاوێك غافڵ نه‌بوو لێمان، هه‌رچه‌نده‌ باخ له‌ ئامێزی ئێمه‌دا گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ئه‌و جیاوازتر، جگه‌ له‌و  په‌یوه‌ندییه‌ی ئێمه‌‌، په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆشی له‌گه‌ڵ خواوه‌ندا هه‌بوو.
له‌ ناكاو، سه‌ری به‌رزكرده‌وه‌و به‌ خرۆشێكی زۆره‌وه‌ ووتی..ئه‌مه‌ دوافرسه‌تی ڕزگاربونتانه‌، موسیك له‌ هه‌موو بنجێكی ئه‌م زه‌مینه‌دا هه‌یه‌، گه‌لۆر مه‌بن و خۆتان فێربكه‌ن، ئه‌مه‌ دوافرسه‌ته‌، خۆتان فێری موسیك بكه‌ن، دڵنیا بن ڕزگارتان ئه‌بێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ بۆ تاوێك به‌ دروستی بیربكه‌نه‌وه‌و خۆتان فێری موسیك بكه‌ن. پاشان هاته‌وه‌ سه‌رخۆو لێی پرسیم بۆچی سه‌رت داخستووه‌؟
به‌ نائومێدییه‌كه‌وه‌ سه‌رم هه‌ڵبڕی و ووتم..به‌ڵام ئێمه‌ له‌ مێژه‌ موسیك فێربووین.

ئه‌م جاره‌ به‌ توره‌بوونه‌وه‌ ووتی..ئه‌مه‌ چ درۆیه‌كی شاخداره‌، ئێوه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ته‌نها هه‌وڵبده‌ن فێربن گوێ له‌ موسیك بگرن، ئاخر بوونی موسیك ڕاستییه‌كی په‌تییه له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئێوه‌وه‌یه‌، ته‌نها و ته‌نها ئه‌توانن هه‌وڵبده‌ن و فێری بن، كه‌ له‌ پاشدا ئه‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌و ڕێیه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و ژیانێكی جیاوازتره‌ له‌و ژیانه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ی ئه‌به‌ن و گوزه‌رانی تیا ئه‌كه‌ن. موسیك ئه‌و درۆیه‌ نیه‌ ئێوه‌ بتوانن خولقێنه‌ری بن و وه‌ك هه‌موو درۆكانیترتان شه‌رعیه‌ت بده‌ن به‌ بوونی، ئاخر كامه‌تا موسیك له‌و پارچه‌ بچوكه‌ی ووڵاتی ئێوه‌دا، خۆتان مه‌خه‌نه‌ نێو هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌و ڕزگاربوونتان بۆ هه‌میشه‌ مه‌حاڵ بێت.‌ ئێمه‌و موسیك نزیكایه‌تییه‌كی ئێجگار زۆرمان هه‌یه‌، ناكرێ فێری موسیك بووبێتن و ئێمه‌ ئاگادار نه‌بووبین، گه‌لێك به‌ڵه‌دا چوون. ئێوه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها گوێ له‌موسیك بگرن، چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك تێپه‌ڕێت وئێوه‌ هه‌ر گوێ له‌ موسیك بگرن، ئاخر ناكرێ فێری موسیك ببن به‌رله‌وه‌ی به‌باشی گوێتان له‌ موسیك نه‌گرتبێت، ناتوانن فێری موسیك ببن گه‌ر نه‌بووبێته‌ به‌شێك له‌ ژیانتان‌، پێویسته‌ بتوانن له‌هه‌ر بنجێكی ئه‌م زه‌مینه‌دا موسیك ببیستن، له‌ هه‌موو‌ دارستانێكدا موسیك ببیستن.
پاشان هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو به‌ تۆنێكی تكاكارانه‌ به‌رده‌وام بوو ووتی..بكه‌ونه‌ خۆتان، ئێوه‌ جارێ پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ن خۆتان فێری گوێگرتن بكه‌ن له‌ موسیك، ته‌نها گوێ له‌موسیك بگرن، ئه‌مه‌ دوا فرسه‌تی ڕزگاربوونتانه‌، دڵنیاتان ئه‌كه‌م ڕزگارتان ئه‌بێت، گرنگ نیه‌ ئێستا ئێوه‌ له‌ لێواری ژیانه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌‌دا گوزه‌ران ئه‌كه‌ن، موسیك له‌ هه‌موو جێگایه‌كدا هه‌یه‌، ته‌نها موسیكه‌ له‌و لێواره‌وه‌ بتانهێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌قینه‌كه‌، ته‌نها موسیكه‌، هه‌رچی زووتره‌ هه‌وڵبده‌ن خۆتان فێر بكه‌ن، خۆتان ڕابهێنن به‌رده‌وام گوێ له‌ موسیك بگرن، ئه‌مه‌ دوا فرسه‌تی ڕزگاربوونتانه، به‌ڵام په‌له‌ مه‌كه‌ن و ماندوو مه‌بن له‌ گوێگرتن، چونكه‌ پێویسته‌ كات بڕوات و ئێوه‌ هه‌ر گوێ له‌ موسیك بگرن، چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك تێپه‌ڕێت و ئێوه‌ هه‌ر گوێبگرن، دڵنیا بن دوا فرسه‌تی ڕزگاربوونتانه‌. ئه‌و بیره‌ فڕێده‌ن كه‌ ئه‌ڵێن "ئێمه‌ له‌ مێژه‌ موسیك فێربووین"، بیرێكی هه‌ڵه‌یه‌و له‌ ڕێیه‌كی هه‌ڵه‌دان، گه‌لێ دواكه‌وتوون، ناتوانن فێری موسیك ببن گه‌ر به‌باشی گوێتان له‌ موسیك نه‌گرتبێت، گه‌ر موسیك نه‌بووبێته‌ به‌شێك له‌ ژیانتان، ئاخر ئێوه‌ پێویسته‌ جارێ ته‌نها خۆتان فێری گوێگرتن بكه‌ن له‌ موسیك، ئه‌گه‌ر نا ئه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌و لێواره‌دا ئه‌مێننه‌وه‌و گوزه‌ران ئه‌كه‌ن و ڕزگاربوونیشتان مه‌حاڵ ئه‌بێت. موسیك، له‌سه‌ر ترۆپكی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا سه‌ما ئه‌كات و ڕۆئه‌چێ به‌ نێو ڕه‌خته‌كانی زه‌ویدا. ئااااای….ئه‌مه‌ دوا فرسه‌تی ڕزگاربونتانه‌، بكه‌ونه‌ خۆتان و هه‌وڵبده‌ن خۆتان ڕابهێنن له‌ گوێگرتنی موسیك، كه‌ له‌ پاشان ئه‌توانن هه‌وڵبده‌ن و فێری بن. هه‌و‌ڵبده‌ن و ماندوو مه‌بن ته‌نها گوێبگرن، لێگه‌ڕێن ڕۆژو مانگ و ساڵ تێپه‌ڕێ و ئێوه‌ ته‌نها گوێ له‌ موسیك بگرن، نه‌وه‌تان دوای نه‌وه‌تان فێری گوێگرتن بكه‌ن له‌ موسیك، ئاخر پێویسته‌ كات تێپه‌ڕێ و چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك تێپه‌ڕێ و ئێوه‌ هه‌ر گوێبگرن، ئه‌مه‌ دوا فرسه‌تی ڕزگاربوونتانه‌، دڵنیام تازه‌ ئێوه‌ بۆ هه‌میشه‌ پشت له‌ ئێمه‌ ڕێ ئه‌كه‌ن، په‌له‌ مه‌كه‌ن، ماندوو مه‌بن، ته‌نها گوێ له‌ موسیك بگرن…موسیك، ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ ژیانتان مه‌حاڵه‌ فێربوونتان، مه‌حاڵه‌ ڕزگاربوونتان، ئه‌مه‌ دوا فرسه‌تی ڕزگاربوونتانه‌. هیواكان له‌م ژیانه‌تاندا باڵا ناكات، خۆشه‌ویستییه‌كان كورت و كه‌م خایه‌ن و ده‌نگتان به‌ خودا ناگات. له‌م لێواره‌دا، ئێوه‌ ته‌نها ئه‌و خودا بچوكانه‌ی خۆتان دروستتان كردووه‌ ده‌ناسن كه‌ ڕۆژانه‌ سوێندی پێده‌خۆن تا ئه‌وی دیتان بڕوا به‌ درۆكانتان بكات. له‌م ژیانه‌ی ئێستا‌تاندا، گه‌ر سه‌رقاڵی خۆشه‌ویستییه‌ك بوون ئه‌وا ژماره‌ی درۆكانتان باڵا تره‌. بكه‌ونه‌ خۆتان، گه‌لێ دواكه‌وتوون، هه‌وڵبده‌ن خۆتان فێری گوێگرتن بكه‌ن له‌ موسیك، ته‌نها گوێگرتن له‌ موسیك، پێویسته‌ كات تێپه‌ڕێ و ئێوه‌ ته‌نها گوێبگرن له‌ موسیك، ته‌نها موسیك، ماندوو مه‌بن، هه‌وڵبده‌ن خۆتان ڕابهێنن گوێبگرن له‌ موسیك، موسیك….موسی……ك…..)وورده‌ وورده‌ ده‌نگه‌كه‌ دوور ئه‌كه‌وته‌وه تا ئه‌وه‌ی بووه‌ زرنگانه‌وه‌یه‌ك له‌ گوێمدا(. منیش سه‌رسام و بێده‌نگ، پاش ته‌واو خامۆش بوونی ده‌نگه‌كه‌ سه‌رم هه‌ڵبڕی و ڕووانیمه‌ چوارده‌ورم، مناڵان له‌ هه‌ڵاو زه‌نای یاریكردنی خۆیان ماندوو نه‌ببوون و سه‌گه‌كه‌ش هه‌ر ڕاكه‌ ڕاكی بوو له‌ جێ به‌ جێ كردنی فه‌رمانی خاوه‌نه‌كه‌یدا و منیش بۆ جاری دووه‌م هه‌وڵمدا په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ وه‌ربگرم.‌ ‌  

Previous
Next

Leave a Reply