Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕامالینی بەفرلە ڕۆژی خۆشەویستی!

ڕامالینی بەفرلە ڕۆژی خۆشەویستی!

Closed
by February 12, 2013 چیرۆک

 

(1)

 

 

لەگەل هاتنی وەرزی زستان پیشەم مالینی بەفری بەردەرکی مالان بوو. یەکێ لە خاوەن مالەکان ژنێکی فەرەنساوی بوو بە ناوی ( بریژێت ) . دەم بە پێکەنین و ڕووخۆش، بالا کورت و پرچ ڕەش و پێست برۆنزی بوو.  

بەیانیان کە دەچوو بۆ دەوام بە سواری ئۆتۆمبیلەکەی، بە خەندەوە سلاویی لێدەکردم. لەگەل خەندەکەی ڕیزە ددانە وردو سپیەکانی دەدرەوشانەوە. منیش لە کانگای دڵەوە وەلامیم دەدایەوە.

بەیانیەکیان یەکێ لە تایەی ئۆتۆمبیلەکەی پەنچەر بوو، ئاگاداریم کردەوە. دوای ئەوەی سوپاسی کردم پێیگوتم خەمت نەبێت ، ئەمڕۆ بە پاسکیلەکەم دەچم بۆ دەوام!.

لەبەردەرگە چاوەڕوان بووم ، لە پڕ بینیم بە خۆیی پاسکیلەکەی هاتە دەرەوە.

 وتم : بەم بە فرە زەحمەتە بگەیتە سەرکار.

بزە پێکەنینی کرد و سواری پاسکیلەکەی بوو. وەک ئەوەی سەر شەقام بەفری بەسەرەو نەبێت پاسکیلەکەی  لێخوڕی. 

بەردەگەی مالیم بە جوانی ڕاماڵی .  پاشان جامی ئۆتۆمبیلەکەشیم پاککردەوە. بینیم دەرگەی ئۆتۆمبیلەکەی قفل نەدرابوو. بیرم کردەوە ئەگەر سپانە و جەگی هەبێت تایەکەی بۆ پەنچەر دەکەم.

سنووقی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەم کردەوە جەگ و سپانەیەکی ئەلمانیم تیابوو. بەو سەرمایە هەرچۆنێک بوو تایە پەنچەرەکەم لێکردەوە .  خستمە ناو ئۆتۆمبیلکەم و بردمە لای پەنجەرچی پەنچەرم کرد . گەڕامەوە و تایەکەم بۆ بەستەوە.

ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ماڵی ( بریژێتم ) کرد بۆ ئەوەی پارەی بەفر ماڵینەکەی لێوەرگرم. کە گەیشتمە بەردەرگەی ماڵی، زەنگم لێدا. 

دەرگەی کردەوە و گوتی: با سەرمات نەبێت وەرە ژوور.

  لە  چێشتخانەکەی مێزێکی لێبوو بە وێنەی دڵ ، لەگەل دوو کورسی دارکە دەسک و پێیەکانی لە شێوە ی گوڵ دروستکرا بوون. 

پێمگووت : مێزو کورسیەکەت زۆر جوانن.

 – سوپاست دەکەم… قاوە دەخۆیتەوە یان چای؟

 – قاوەیەکی ڕەش .

ئینجا بە پێکەنینەوە وتی : دەزانم تۆ تایەکەت بۆ پەنجەرکردم ، زۆر سوپاس.

وتم : چۆن زانیت؟

وتی : لە تۆ زیاتر کەسیتر نەیدەزانی ئۆتۆمبیلەکەم پەنچەرە!.

وتم : ڕاستدەکەیت.

– کەمێک ڕۆنی ڕەش ڕژابووە ژێر تایەکەوە.

منیش وتم : هەولمدا یارمەتیت دەم.

– دەستخۆش…..ئەم زستانە بەفر زۆر باری؟

وتم : بەلێ، بۆ من زۆر باشە ، پارە زۆرتر پەیدا دەکەم.

-جگە لەم ئیشە کاریتر دەکەیت.؟

وتم : نەخێر، بە ڕۆژ دەچم بۆ فێربوونی زمان !.

– تۆ ئینگلیزییەکی باش قسە دەکەیت!.

( زمانی ئینگلیزم باش نەبوو، لی خەلکی ئەم ولاتە کەس ناشکێننەوە ).

وتم : لە قسەکردن باشم، بەس لە نووسین خەراپم.

(حەزم دەکرد زۆرتر بمێنمەوە، لی هیچ بابەتێک نەبوو لەگەلی باسکەم).  دوا قوومم لە قاوەکە داو وتم : من دەبێت بڕۆم.

وتی : زۆر باشە، یەکشەممەیەکیتر دەتبینمەوە.

(پارەکەی خستە ناو زەرفێکەوە و دایە دەستم).

پێش ئەوەی لەبەردەرگەی ماڵەکەی بێمە دەرەوە،  لێمپرسی : مادام بریژێت، تۆ پیشەت چییە؟

– بە ڕۆژ مامۆستای زمانی فەرەنسیم ، ئێوارانش لە ڕەستورانت کار دەکەم.

وتم :  لە کام ڕەستورانت؟.

– لە ڕەستورانی ( سانت دەنیس )…. کووپنی خواردنم هەیە ، ڕاوەستە ، با بچم بۆت بهێنم.

چووە ژوورەوە، کووپنێکی بەدەستەوە بوو وتی : بەم کووپنە دەتوانی بە خۆڕایی نان بخۆێ لە ڕۆژی (ڤالنتاین) ؟

منیش وتم : ( ڤالنتاین)  مانای چییە؟

وتی : چۆن نازانیت؟.

وتم : بمبورە ، نازانم!.

وتی : تۆ دەزگیرانت هەیە؟

وتم : نەخێر.

وتی : کەواتە ئەم کووپنە دەستی تۆ نادات. کەی حەزت لێبوو وەرە بۆ ڕەستورانەکە بیرەیەک پێکەوە دەخۆینەوە.

 بۆ ڕۆژی دوایی لە قوتابخانە لە مامۆستاکەم پرسی (ڤالتاین ) چییە ؟ 

مامۆستاکەم زۆر بە جوانی چیرۆکی ڤالتاینزدەی بۆ گێڕامەوە.

( لە دڵی خۆمدا وتم : ئەو هەموو ساڵە لە ولات خوێندم جگە لە مێژووی جەنگی قادسیە و ئیستعمار و سەهۆنیزم ، هیچیتریان فێرنەکردم).

هەفەتیەک بەر لە ڕۆژی ڤالتاین بەفری  بەردەرگەی ماڵی  کچە فەرەنسیەکەم پاکدەکردەوە. گوێم لە دەنگێ بوو وتی : وەرە ژوور با  پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە.

بەفری سەر چاتەکەم داتەکاند، بووتەکەشم یەک دووجار بە دیوارەکە دادا و پاکم کردەوە. چوومە ژوور. بۆنی هێلکە ڕۆن و قاوەیەکی خۆشدەهات.

لە چێشتخانەکە دانیشتم . ( بریژێت ) بیجامەیەکی فش و فانیلەیەکی تەنکی لەبەردابوو. کە گووپی قنگی لە بیجامەکەیەوە دەلەرییەوە.

وتی : دەبێت نانی بەیانیم لەگەلدا بخۆیت.

وتم : برسیم نییە؟

وتی : کاتێ تۆم بینی خواردنەکەم زیاتر کرد تا پێکەوە نان بخۆین.

وتم : باشە ،( تۆستێک ) دەخۆم.

قاوەیەکم بۆ خۆم تێکرد و لە قاپێکش لەفەیەکی هێلکەم دروستکرد . 

بریژێت بە بەزەردەخەنەوە لییپرسیم : تۆ بەڕاستی نازانیت ( ڤالنتاین) لە چ ڕۆژێکە؟

وتم : ڕاستیەکەی، لە ژیانمدا ناوی ( ڤالنتاینم) نە بیستبوو. چەند ڕۆژ پێش لە مامۆستاکەم پرسی . ئەو چیرۆکەکەی بە جوانی  بۆ گێڕامەوە.

وتی : ئەی لە ولاتی ئێوە بۆ ڕۆژی خۆشەویستی  چی دەکەن؟.

وتم : لە ولاتی ئێمە  خۆشەویستی قەدەخەیە. من کچێکم خۆشدەویست تا نامەیەکم دەدایە دەستی ، هەزار موجازەفەم دەکرد.

وتی : ئەی دایک و باوکت باسی خۆشەویستی بۆ نەکردوون؟

وتم :باوک و دایکم  چل ساڵ زیاتر پێکەوە بوون، کەچی ڕۆژێک گوێم لێنەبوو باوکم بە دایکم بلێت : ژنەکە خۆشم دەوێی؟

بریژێت پێکەنی، منیش بەدوای ئەوەوە پێکەنیم.

وتی : من زۆرم خوێندووە لەسەر کەلتووری ڕۆژهەلات ، لی نەمدەزانی ڕۆژی خۆشەویستی لای ئێوە نیە.

وتم : لەسەردەمی مندا نەبووە، لەوەبێت نەوەی داهاتوو یادی بکەنەوە.

لەم کاتە بریژێت دوو پەرداخ ئاوی ساردی هێنا  ، خۆی لار کردەوە تا یەکێ لە پەرداخەکە بداتە دەستم، لەگەل لار بوونەوەی جووتە مەمکی وەک سێوی قەد درەخت شۆڕ بوونەوە خوارەوە. لام وابێت ئەویش هەستی کرد. کە  دەڕوانمە درزی مەمکی.

دەستی برد بۆ تەلەفۆنەکەی مالەوەیان کە بە قەد دیواری چێشتخانەکەوە هەلواسرابوو . بە پەنجە ناسکەکانی دوگمەی ژمارەکانی لێدا.

لەبەرئەوەی بە زمانی فەرەنسی قسەیکرد، هیچ تێنەگەیشتم.

کە تەلەفۆنەکەی داخست. ئەگەرچی نیگای چاوی پڕ لە خۆشەویستی بوو. لی نەختۆکەک نیگەران بووم لە دانیشتنەکەم.

پێمگووت : زۆر سوپاس بۆ قاوەکە، دەبێت بڕۆم بەردەرگەی مالەکانیتر ڕاماڵم.

بریژێت تا بەردەرگەی ماڵەکەی لەگەلم هات و دەستی گرتم و بە دەنگێکی ناسکەوە  وتی : ئەگەر دەواتت کەم بۆ ڕۆژی خۆشەویستی ئامادەی لەگەلمدا بێت بۆ ڕەستورانت.

( منیش لە دڵی خۆمدا وتم خواوبێت ، وا خۆی هاوار دەکات، بۆ کوێ دەچیتە دەرەوە ؟) .

وتم : بەبان چاو. ئامادەم لەگەل شۆخێکی وەک تۆ بۆ هەموو شوێنێک بچم!.

 لەیەکتر نزیک بووینەوە. باوەشم بۆ کردەوە . سەرەتا باوەشێکی بچکۆلانەی دامێ.

بایەکی سارد لەدەرگەکە دەهاتە ژوور. تا هێزم تیابوو لەباوەشم کرد و وتم : گەرمت کەمەوە.

دەرگەکەی داخست، دەستی ڕاکێشام بۆ چێشتخانەکە وتی : با سەرو قاوەیەکیترش بخۆینەوە.

سەیری کاتژمێرەکەم کرد، وتم ئەی بۆ تۆ درەنگ نییە؟.

وتی : نەتبینی تەلەفۆنم کرد.

وتم : بەزمانی فەرەنسی قسەتکرد.

 وتی : بە بەڕێوبەرم گووت بەفرێکی زۆر باریوە، ناتوانم بێم بۆ دەوام.

 دەستیم گرت و ڕامکێشا بەلای خۆما . لەباوەشم دامنشاند.

وتی : چیدەکەیت؟.

وتم : بەفرەکە ڕادەماڵم!.

***   ***

ژووانێکی تاڵ لە ڕۆژی خوشەویستی!

(2)

 

لە ڕۆژی خۆشەویستی ڕووداوێکی ناخۆشم بەسەرهات. لەو ڕۆژەدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەفرباری بوو. من و هاوکارەکەم لە کاتژمێر پێنج ونیوی بەرەبەیانەوە خەریکی ڕامالینی بەفری بەردەرگەی مالەکان  بووین.

 لە کاتژمێر نۆ و چارەگ نانی بەیانیمان لە کافتریایەک خوارد. لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە بەژنێک بەفر باری بوو، ناچار بە خاوەن ماڵەکانمان ڕاگەیاند کە بەفر مالینەکەمان دوا دەخەین بۆ ڕۆژێکتر.

لە هەمان کات ( بریژێت ) بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دەکردم و دەیگوت : خۆشەویستەکەم، لەبیرت نەچێت ئێوارە دەچینە ڕەستورانەکەی سەنتەری شار.

ئێوارە درەنگ گەڕامەوە ماڵ ، خێرا دوشێکم کرد. زەنگی موبایلەکەم لێیدا. بریژێت وتی : تۆ بە سواری پاس وەرە بۆ ڕەستورانەکە ، لە دوای نان خواردن بە ئۆتۆمبیلەکەم  دەگەڕێنەوە مال. 

 لە دوکانی بەنزیخانەکەی سەرکۆلانەکەمان چەپکێ گوڵم کڕی. سواری پاسی ژمارە ٦٩ بووم. ئەگەرچی زۆر ماندوو بووم ، بەلام دڵخۆشبووم چونکە  ڕۆژێکی تایبەت بوو لە ژیانم.

 بەهۆی بەفربارینەوە پاسەکە خێراییەکەی کەمتر بوولە جاران. بۆیە بە هەلـم زانی  سەر خەوێکی بۆ بکەم، بۆ ئەوەی لە پاش نانخواردنی ئێوارە خەو نەمباتەوە.

لەبەر ماندوو بوون نازانم بۆ چەند خوولەک چاوم چووە خەو؟. 

 کاتێ ئاگادار بووم شوفێری پاسەکە هاواری دەکرد و دەیگوت : دابەزە ئێرە دوا ئیستگەیە.

بە چاوی خەوالوو، لێمپرسی: ئەوە تۆ دەلێی چی؟ من دەبێت لە سەنتەری شار دابەزم.

شوفێرەکە وتی : سەنتەری شارمان بە جیهێشتووە.

وتم : ئێرە کوێیە؟

وتی : ئێرە  ڕۆژهەلاتی شارە. دەبێت دوو ئیستگەیتر بگەڕێیتەوە دواوە،  پاسێکیتر بگریت.

وتم : ئەی تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ ناو شار.

وتی : من شفتم تەواوبووە. کاتم بە فیڕۆ مەدە دابەزە. 

سەیرێکی موبایلەکەم کرد تا بزانم کاتژمێر چەندە؟. بینیم لە ژووانەکەم دوا کەوتووم چوار پێنج نامەشم بۆ هاتووە. خێرا نامەکانم خوێندەوە.

شوفێرەکە قیڕاندی بە سەرما، وتی : دابەزە با نێم بە شەق داتبەزێنم.

چەپکە گوڵەکەم گرتە دەست و خێرا دابەزیم. لە کاتی دابەزین گوێم لە دەنگی شوفێرەکە بوو بەردەوام جوێنی پێدەدام.

لە ناو ئیستگەی پاسەکە وەستام، بای ساردی زستان ڕوومەتی دەزاندبووم. قاچەکانم کەوتنە لەرزین. سەیرێکی چواردەوری خۆم کرد . جگە لە چەند بالاخانەیەک کە نزیکی کیلۆمەترێک لێم دووربوون هیچیترم نەبینی.

دەستم برد بۆ گیرفانم تا تەلەفۆنێک بۆ( بریژێت ) بکەم.  گیرفانەکانم پشکنی موبایلەکەم نەدۆزییەوە. بۆم دەرکەوت کە موبایلەکەم لەناو پاسەکە بە جێ هێشتووە. بەرەو ئیستگەکەی خوارتر شۆڕبوومەوە.

بەدەم ڕێوە بیرمدەکردەوە و دەمگوت : لەم ڕۆژەدا هەزارەها چەپکە گوڵ و نامە لە نێوان ئەویندارەکان دەگۆڕدرێتەوە. هەزارەهایتر لەیەکتر تووڕەن و دەرگەی دڵیان دادەخەن. کەسانیترش هەن هەستی خۆشەویستیان نییە و تاوان دەکەن!.

 

دوو کوڕی هەرزەکارم بینی لەناو ئیستگەی پاسەکە ڕەواستابوون، بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد. 

پاش سلاو کردن ، لێیانم پرسی : موبایلتان پێیە ، دەمەوێت تەلەفۆنێ بکەم.

وتیان : نەخێر.

چەپکە گوڵەکەم لەباوەش گرت و لە گۆشەیەک ڕاوەستام. هەرئەوەندە  ئاگاداربووم دوو گەنجەکە بە بۆکس و شەق بەربوونە گیانم ، کەوتمە سەرزەوی قاچی یەکێکیانم ڕاکێشا تا لە بنی خۆمی نێم، لی ئەویتریان بە پێ لەقە شەکەتی کردم. ئینجا گیرفانەکەمیان پشکنی هەرچیم هەبوو دزییان. چەند مشتە کۆلەیەکی تریان لێدام تا لە هۆش خۆم چووم.

کاتێ ئاگادار بوومەوە شوفێری پاسێک و چەند کەسێک بە دیار سەرمەوە ڕاوەستابوون. 

شوفێرەکە دەستی گرتم و وتی : ئۆتۆمبیلی فریا کەوتن بەڕێوە، مەترسە.

قسەم پێنەدەکرا. سەیرێکی چواردەوری خۆمکرد، بینیم  پەڕەی گوڵ و خۆێن زەوییان سوور داپۆشیبوو.

ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنەکە گەیشت ، خستمیانە سەرقەلەوێرەیەک و بەرەو نەخۆشخانە بردمیان.

لەپاش تیمار کردن ، باری تەندروستیم باشتربوو. پۆلیس هات و زانیاری لەسەر ڕووداوەکە لێوەرگرتم.

پزیشکێکش پێیگوتم : هەرکات حەزت لێبوو دەتوانی نەخۆشخانە جێبهێلی!. 

تەلەفۆنێکم بۆ (بریژێت ) کرد، ڕووداوەکەم بۆ گێڕایەوە. 

وتی : خۆشەویستەکەم ، هەر ئێستا دێم بۆ لات!.

لەپاش نیو کاتژمێر بریژێت بە نیگەرانیەوە گەیشتە بەردەم نەخۆشخانەکە.  کە منی بینی لاچاوم شین ومۆرە بووەتەوە. باوەشی پێما کرد و وتی : بمبەخشە، هەلەی من بوو کە ڕۆژی خۆشەویستیم پێناسندی!.

بە سواری ئۆتۆمبیلەکەی برژێت  دوای نیوە شەو گەیشتینەوە ماڵ. لەسەر قەنەفەکەم ڕاکشام . (برژێت)ش دوای تووڕە بوون و جوێندان بەو گەنجانەی کەمنیان ئازاردابوو.هاتە لامەوە دەستی بەسەرمدا هێنا و لاواندمییەوە. 

زۆری نەبرد بە پەنجە نەرم ناسکەکەی یاری بە مووەکانی سەر سینگم کرد، دوو سێ جار لەسەریەک ماچیکردم. 

وتم : ببوورە بریژێت گیان… ڕۆژی خۆشەویستیم لێتێکدای!.

باوەشی پێما کرد و پێکەنی و وتی : کەس نییە بتوانێ ڕۆژی خۆشەویستیم لتێک بدا.

وتم : مەبەستت چییە؟

وتی : ئەمشەو خۆم تیمارت دەکەم!.

سەرەڕای ماندوو بوون و بێهێزیم شەوێکی خۆشم لەگەل برژێت بەسەر برد.

بۆ سبەینێ ، نزیک کاتژمێر دە و چارەک زەنگی ماڵەکەم لێیدا. دەرگەم کردەوە، خانمێکی نازادر کە چەپکێ گوڵ و کارتۆنێکی بەدەستەوە بوو خۆی پێناسندم و وتی : من لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوبەری پاسەکانی شارەوانییەوە هاتووم.

وتم : فەرموو.

وتی : ئەم چەپکە گول و پۆستکارتە دیاری ئێمەیە بۆ تۆ، ئەم کارتۆنە بچووکەش موبایلەکەتی تیایە، بە  داوای لێبوردنەوە بۆتی دەگەڕێنینەوە.

 

ن/جەلال قادر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.