Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕاپەڕینە مەزنەکەى بەهارى ساڵى (1991) و چەند یادەوەریەکى کورت… فریاد زەنگەنە

ڕاپەڕینە مەزنەکەى بەهارى ساڵى (1991) و چەند یادەوەریەکى کورت… فریاد زەنگەنە

Closed
by March 6, 2008 گشتی

یادەوەریەکانى کاتى ڕاپەرینم بیر ناچێتەوە …. ساتە خۆش و ناخۆشەکانى
کاتێک ڕاپەرین سەرجەم شارو شارۆچکەکانى گرتەوە بە گشتى ، دیارە شارى خورماتووى خۆشەویست بەشێکى هەرە گرنگ بوو لە کوردستاندا کە خەڵکی ئەم شارەش وەکو باقی شارەکانى ترى کوردستان رۆڵى بەرچاویان هەبو لە ڕزگار کردنی شارەکەیاندا لە بەر چەند تایبەت مەندیەک وە یەکێک لەو تایبەت مەندیانە ئەوەیە دووز خورماتوو چیاکانى حەمرینى سنوورى سروشتى کوردستان جیا دەکاتەوە لە بەشەکەى ترى عەرەبی عێراق ، بۆیە هەر ئەو ڕاپەڕینە سەلماندی کە گەلی کورد هیچ کات وساتێک چاوى لە ماڵى کەسى تر نەبرێوە …
من لەو کاتەدا کە ڕاپەڕین کرا تەمەنم (12) ساڵ بوو لە پۆلى چوارى سەرەتای بوم لە قوتابخانەى (غەزالی) ، ئەوەى لە یادم بێت کاتێک وتیان ڕاپەرینە ئەوە بوو پۆل پۆل پێشمەرگە دیار بوو لە چیای هەنجیرەوە بەرەو ناو شار دەهاتن من ئاواتم ئەوە بوو بەس تەنها پێشمەرگە ببینم ئیتر هیچی ترم ناوێت بۆیە لە ماڵەوە وتیان چاوەڕوان بە تا وەکو پێشمەرگە دەگاتە لاى ماڵى خۆمان منیش زۆر بە پەروشەوە چاوەروانى ئەو کاتەم دەکرد کە بە چاوى خۆم پێشمەرگە ببینم. خۆشەویستى خەڵکى بە شەرەفى ئەم شارە بە کورد و تورکمانەوە بێ جیاواز بوو بەرامبەر بە هاتنى هێزى پێشمەرگە و ڕزگار کردنیان لە دەستى رژێمى بەعسی لە ناوچوو …
کاتێک پێشمەرگە گەیشتە لاى ماڵمان من ڕۆیشتم بۆ سەر گەڕەکەکەمان بۆ تەماشا کردنیان لە نزیکەوە ، ئەوەى کە جێگاى باس کردنە وەکو بیرم بێت ئەو کۆمەڵە پێشمەرگەیە بە شەقامی سەر کۆڵانەکەى لاى ماڵى ئێمەوە بەرو بەریدەکە و ئیستخبارات تیپەربون زۆر کەم بون تەنانەت لە پەنچەکانى دەست تێنەدەپەری لەو کەسانە کە تاکو ئێستا لە یادمەو بیرم ناچێتەوە (نازم غایب)ە کە پێشمەرگەى حیزبی شیوعی بوو ، بویە هەردەم لە یادم ناچێت ئەم کەسە خزمێکیان لە گەڕەکەکەمان دراوسیمان بون ماڵى      ( کاک خورشیدى قادر شاوان)یان پێ دەگوت خزمى نزیکى ماڵ ئەو کاک خورشیدە بوو ناو بە ناو سەردانیانى دەکرد ، ئەو کاتە پێشمەرگە هیچ کات لە بیر نەدەکرا . پێشمەرگە خاوەن مەبدء بون ، پێشمەرگە قارەمان بون ، وەکو ئێستا نەبون . بە دواى پارەو پۆلدا بگەڕێت . شێر بون ئەو سەردەمە ، ئەوان مێژوێکى پڕشکۆیان بە جێ هێشت بۆ گەل ونیشتمانەکەیان لە دوای خۆیان ، بۆیە هەرگیز قەد قەد لە یاد ناچنەوە . شتەکانم زۆر بە دەگەمەن لە یادە چونکە من زۆر منداڵ بوم نەمدەتوانى بگەرێم وەکو ئێستا ، کاتێ ئێمە لە سەردەمى مندالیدا ئەوەندە منداڵ دەرنائەچوو بۆ گەڕان بۆیە لە ماڵەوە هەر خەرێکى خوێندن بوین ، ئەو شتانەی تر کە لە یادمە لە کاتى ڕاپەریندا دراوسێەکەمان بە ناوى (مام عوسمان شانە) کابرایەکى زۆر نەتەوەیی بوو لە سەر گەڕەکەکە راوەستابو هانى خەڵکى دەدا بۆ ڕاپەرین خۆى کابرایەکى بە تەمەن بوو ، ئەیگوت کورێنە ئەمڕۆ ڕۆژمانە ڕۆژى کوردانە هانی گەنجەکانى دەدا بۆ لە ناو بردنى دامودەزگاکانى رژێمى بەعسی لە ناو چوو ، وە لەو شتانەى تر کە لە یادمە وە بە ناخۆش ترین رۆژى لە قەڵەم دەدەم لە لاپەرەکانى مێژوى شارەکەماندا و مێژوى کوردستان . ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە تێک شکا و بەعس دیسان بە هێزێکى گەورە گەرایەوە ناو دووز خورماتوو ئێمە لە گەڕەکەکەى خۆمان لە ماڵەوە ماینەوە و نەرۆیشتین بۆ دەرەوەى شار وەکو دەراوسێکانمان ، هەندێ لەو دراوسیانە و گەڕەکەکانى تر مانەوە ئەمجار روومان کردە ژێر زەمینى ماڵى (بەکرى عوسمان شانە) بە رەحمەت بێت کەسێکى ئازاو قارەمان بوو بەرامبەر بە خەڵک . ماینەوە لەگەڵ کۆمەڵى خەڵکى دیکە لە ناو ئەو ژیرزەمینەدا بۆ ماوەیک ، دواتر هێزى بەعس هەڵیان کوتایە سەرمان داواى تەسلیم بونیان لێ کردین کە چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە باوکمیان گرتبو لەگەڵ (حسین خەیات) لە ژیرزەمینەکەى ماڵی ئەوان دواتر درابو بە دەستى (بارق حاجی حونتە)وە کە وەکو باوکم ئەڵێ بارق هات بۆ لامان وە من وحۆسێن خەیات وتى چەند رۆژە شان بە شانى هێزى پێشمەرگە دژى ئێمە راوستاون ئێستا هاتونە ئەتانەوى ڕزگار بن و لێ تان خۆش بین باوکم ئەڵێ یەکسەر بڕیارى لە سیدارەدانمانى دەرکرد وە ئەمرى کرد بمان بەن بۆ رەمى کردنمان من و حۆسینى رەفیقم لە کاتى چاو بەستنماندا بە دەستى سەربازەکان ئەوەنمان زانى سوپەریەکى سوور کردى بە ژوردا تەماشمان کرد (شێخ حەمید فەهەد)ە کە شێخى عەشیرەتى "ڕلبو حمدان"ە لە گوندى "حلیوە" وە لە هەمان کاتدا شێخى "بارق"یشە کە هەرکێز ناتوانێ لە قسەى دەربەچێت سەلامى کرد لە هەمومان پرسی لە بارق ئەم دوو پیاوە خیرە لیرەن ، بارق لە وەڵامدا وتى شێخ ئەم دوو کەسە وا بۆ ماوەى (10) رۆژ دەروات لەگەڵ پێشمەرگە دژى ئێمە راوەستاون وە ئێستا بڕیارى لە سیدارەدانیانمان دەرکردووە . شێخ هاتە قسە وتى من ئەم دوو پیاوە زۆر بە باشی دەیانناسم کەسانێکى پێشمەرگە نین ئەمانە کاسبکارن حەقیان بە سەر هیچەوە نیە وە ئەبێت لێان خۆش بیت شێخ حەمید زۆر بە باشی حۆسێنى دەناسی بە هۆى خەیاتیەکەیەوە وە کراس (دشداشە)ى لە لاى دەدوران ، باوکم وتى لەویدا یەکسەر بڕیارى دەرکرد وتى لە بەر خاترى شێخ رەوانەى تکریتیان بکەن بۆ زێندان ، رەوانەى تکریت کراین بۆ ماوەى (40) رۆژى رەبەق بێ سەرو شوێَن بوین ئاگامان لە هیچ نەبوو . ئیتر ئێمە لەگەڵ باوکمان ئاگامان لە یەکتر نەما…
دواتر ڕژێمى بەعس ئێمەی دەرکرد بەرەو  "یەنگیچە" کە بۆ ماوەى چەند رۆژیک لەوى ماێنەوە دواتر بە زێلێ سەربازى بەرو ناوچەى (قادر کەرەم) ناردمانیان کە لە ژێر کونترۆڵى هێزى پێشمەرگەدا بوو ، لەوێشەوە بەرەو چەمچەماڵ بەرێ کەوتین بە سەیارەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ، لەو پێشمەرگانە کە لە (قادر کەرەم) بەر چاومان کەوت کە خزم و دوست ویەک ماڵ بوین کاتى خۆى (مەلا تالیب) بوو ، دایکمى ناسی بە راستى زۆر ئاسان کاری بۆ کردین بۆ رۆیشتنمان بۆ چەمچەماڵ بۆ ماڵ باپیرم لە ناحیەى "شۆرش" لەوێ کە کاتێک گەیشتمان بە ماڵى بابیرم ئەوانش هەڵ هاتبون بەرەو ئێران ئێمەش هەستاین کەوتین بە رێ وەکو ئەو خەڵکە ، دواتر لە ئێران سەقامگیر بوین لە ناوچەیەک بە ناوى (ئەبڵاغ) کە سەر بە شارى "بۆکان"ە ئەو شوێنە کە گۆرى مامۆستاى گۆرانی بێژى گەورەى کورد (حەسەن زیرەک)ى لیە کە هەموو بەیانیانێ دەچوین بۆ شت کڕین مەزارەکەیمان لە "ناڵەشکێنە" دەبێنى . لە ئێران ماینەوە بۆ ماوەى (40) ڕۆژ لەو گوندە خەبەرمان نەمابوو لە باوکم چی بە سەر هاتوە جار وا بوو خەڵکى کوردستانى عێراق رێگای دەکەوتە ئەو گۆندە بەرەو پیرى دەچوین و پرسیارمان لێ دەکرد دەیگوت (عەلی کیماوى) ئەو کەسانەى کە مانەتەوە و دەرباز نەبونە ئەڵین هەر هەموى لە سێدارەداون دەراوەن ، بە زەبونى دەگەراێنەوە لاى دایکم دەگریان . وەکو وتم ئاگامان لێ نەما تاوەکو سەدامى گۆر بە گۆر (لێ بوردنى گشتى) دەرکرد بۆ گەرانەوە کوردە ئاوارەکانى عێراق لە ئێران ، گەراینەوە کوردستان گەیشتینە ماڵى باپیرم یەکسەر خەبەرى خۆشیان لێ گێراینەوە یەکێک لە ماڵى مامى باوکم ماڵى (مام برایم) وتی باوکتان بەر بوە هاتوە بە دواتانە لە ئێران لە (دوو ئاوان) کە ماڵى مامى باوکم لەیوێ بون ، باوکم کە هاتبوو بە دواماندا نەمانى دۆزیبوەوە یەکسەر گەراینەوە بۆ عێراق لەوێش هاتبو بۆ ماڵى خۆمان بە راستى لە خۆشێدا ئاگامان لە خۆمان نەما هەر چەند ماندوبوین ، دواتر ئێمەش هەر هەمومان بەیانى زوو رۆیشتین بۆ گەراج سەیارەیەکى تایبەتمان گرد بۆ خورماتوو گەراینەوە تەماشا دەکەین خەڵکى و دراوسیکانمان زۆربەى هێشتا نەگراونتەوە کە کاتێک باوکمان بێنی لە خۆشیدا دەگریان . ماڵ وحال نەمابوو هەموى بە تاڵان چو بوو بە دەستى عەرەبەکانى گوندى "حلیوە" و رفیق حزبیەکانى بەعس . گەورەترین کارەساتى دڵ تەزێن بە سەر کوردا هات لە دواى کیما بارانى هەڵبجەو ئەنفال ڕاپەرینەکەى بەهارى ساڵى (1991) ساتە خۆشەکانى ئەو کات بوو کە سەرجەم شاروشاروچکەکانى کوردستان پاک کرایەوە لە دامودەزگاى رژێمى بەعس ، بەڵام لە دواى تێشکاندنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کورد توشی وەزعێکى زۆر خراپ و نالە بار رووبەروى بوەوە . من لەگەڵ داواى لێ بوردنێکى زۆر لە خوێنەرى بەڕێز، نەم توانى وەکو پێویست باس لە سەر رۆیشتنمان بکەم کە دەرچوومان لە عێراقەوە بەرو وڵاتى ئێران چونکە لە راستیدا کورد بە گشتى لەو کاتدا توشی وەزعێکى دەرونى زۆر خراپ بوو ، شتەکانم زۆر بە دەگمەن لە یاد ماوە . راستە مێژویەکى گەوەرى تۆمار کرد بوە هوى پشتگیرى راستە وخۆى جورێک لە خەباتى ڕزگارى خوازى گەلەکەمان . نابێت هیچ کات یادى ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلەکەمان لە بیر بچێتەوە وە هەردەم یادى بکەێنەوە و باس لە خۆشی وناخۆشیەکانى بکەین . 
 
  
Firyad.zangana@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.