Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

ڕاگەیاندنێك لە (دەستەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار)-ەوە بۆ ڕای گشتیی و دەزگا پەیوەنددارەکان

Be First!
by September 27, 2012 ژنان

 

لەپێناو گەڕاندنەوەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار

لەپێناو سنووردانانێک بۆ سەرکوتکردنی ڕەگەزیی لە کوردستاندا

 


بۆ:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وەزیری داد

دەزگای داواکاری گشتیی

ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان

 

مامۆستا ساکار، ئەو کچە تەمەن ٢٨ ساڵەی گوندی ده‌ڵاڵان-ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌ركه‌پكان له‌ سنووری قه‌زای رانیه‌ کە له‌ به‌ره‌به‌یانی ٤-ی شوباتی ئه‌مساڵدا كوژرا و هەموو ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن کە لەلایەن باوکیه‌وە کوژرابێت، سەرەتای ئەم مانگە دۆسییەکەی بەبێ لێکدانەوەی وورد لە دادگا داخرا و، بەبیانوی هەبوونی لێبوردنی گشتییەوە، باوکی بەبێ وەرگرتنی هیچ حوکمێک بەردرا. بەدوای ئەوەدا لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران باوکی ساکار دەستگیر کرایەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکدا بدرێتەوە دادگا.

ئێمە لە (دەستەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار) کە لەپێناو گەڕانەوەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار و لەپێناو داکۆکیی لەو بەهایانەی کە گەڕانەوەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار نوێنەرایەتیی دەکات، خۆمان لەم دەستەیەدا ڕیکخستووە، دەمانەوێت لەڕیگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە ئەم هەڵوێستگیرییانەمان کە لە خوارەوە ڕیزیان دەکەین بگەیەنین بە ڕای گشتیی و بە دەزگا پەیوەنددرارەکان لە هەرێمی کوردستان:

١. ئەو کارەی دادگای بەرایی سلێمانی کردی کە ویستی بەناوی بڕیاری لێبوردنی گشتییەوە، باوکی ساکار لە هەموو مولاحەقەیەکی یاسایی پارێزراو بکات، گرنگە لێکۆڵینەوەی وورد بۆ هەموو پاڵنەرەکانی پشتی بکرێت. زۆر پێدەچێت هۆکاری ئەو بڕیارەی دادگا هەر تەنها هەبوونی بڕیاری لێبوردنی گشتیی نەبووبێت. ئێمە گومانی ئەوە دەکەین کە فاکتەری گوشار و واسیتە و واسیتەکاریی و بەرتیلدان و ئینجاش فاکتەری زیهنییەتی پیاوسالاریی و سەیرکردنی کوژرانی ژنێک لەلایەن ئەندامێکی خێزانی خۆیەوە وەک ڕووداوێکی کەم-کارەساتبارتر لە کوژرانی پیاوێک یان ژنێک لەلایەن غەریبەیەکەوە، هەموو ئەم فاکتەرانە ڕۆڵیان لەو بڕیاردانەی دادگادا هەبووبێت. ئەوەی ئەم گومانەی ئێمە ڕەوا دەکات ئەو ڕاستییانەیە کە بۆ نموونە پۆلیس چەکەکەی باوکی ساکاری لە دۆسیەی کەیسەکە دەرکردووە و بۆی سەرنگون کردووە، هەروەها پۆلیس دەقی ئەو ئیفادەیەی مامۆستا ساکاری شاردۆتەوە یان گۆڕیویەتی کە لە خەستەخانە داویەتی، وە دایکی ساکار کە ئامادە نەبوو لە دادگا سوێند بخوات، مەلایەک ڕێنوێنیی کردووە سوێندی درۆ بخوات و بۆی حەڵاڵ کردووە، جگە لەو ڕاستییەی کە کەسوکاری باوکی ساکار بە هەڕەشەی خۆپیشاندان و جادەداخستن و هەڕەشەی پشێویینانەوە و هەڕەشەی دەستبردن بۆ تیرۆر، قائیمقامی ڕانیەیان هێناوەتە ژێرباری ئەوەوەی کە لەگەڵیان دانیشێت.

٢. گریان و بوورانەوە و سویندنەخواردن و شایەتیینەدانی دایکی ساکار لە دووەم دانیشتنی دادگادا شایەتییدانێکی ڕۆشن بوو لەسەر مێردەکەی و دەبێت دادگا ئەوە وەک بەڵگەی قورسی تاوانباریی باوکی ساکار سەیر بکات. دایکی ساکار مافی ته‌واوی خۆیه‌تی نه‌یه‌وێت شایه‌تی بدات و ده‌بێت ئەو شایەتییدانەی کە لە دانیشتنی سێیەمی دادگادا دای بخرێتە لاوە چونکە بەناچاریی و لەژێر گوشاردا شایەتیی دا، وە دەشبێت لە دانیشنی داهاتووی دادگادا لە شایەتییدان ببەخشرێت و چیتر فشاری بۆ نه‌هێنرێت. دایکی ساکار حەقی خۆیەتی درۆ بکات و بڵێت دڵنیا نیم مێردەکەم ساکاری کوشتووە، وە ئەو شایەتییەی نابێت هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی پرسی خەتاباریی لە دۆزەکەدا. له‌ وڵاتانێک که‌ مافی مرۆڤ و دیموکراتیی تیایاندا ڕێزی لێده‌گیردرێت، شایه‌تییدان فه‌رز نییه‌ له‌سه‌ر ئەندامانی خانەوادە و خزمی نزیک چونکە هیچ دادگایەک نابێت کەسێک بخاتە «حیرەتی لایەنگریی و ویژدان»ەوە. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سەیری مەوقیفی دایکی ساکار بکەین دەبینین کە ئه‌و ته‌واو هەقی خۆیەتی ناتوانێت شایەتیی بدات لە دژی مێردەکەی، چونکە هەم هاوسەرێتی و هەمیش ئێستا لە ژێر زەختێکی زۆر گەورەی هەوڵی خزم و عەشیرەتەکەیدایە بۆ به‌بێتاوانده‌رکردنی مێردەکەی. له‌ولاشه‌وه‌ ئەو بێتاقه‌تی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مێرده‌که‌ی ئه‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ کچه‌که‌ی کردووه‌. دایکی ساکار له‌نێوان ئه‌م دوو به‌رداشه‌دایه‌. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕێواندا کردوویەتی باسی ئەم حیرەتە دەکات و لەوێدا ئاشکرا ئەوە دەڵێت کە ئەو درۆی پێ کراوە و لەبەردەم ڕۆحی کچەکەیدا ویژدانی ناڕەحەتە. هیچ دادگایه‌کی دادپه‌روه‌ر لە وڵاتانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ ئامادە نییە تەنانەت تاوانباریش بخاته‌ مه‌وقفێکی وا قورسه‌وه‌، بۆیە مەرجی درۆنەکردن لەسەر تاوانبار دانانێن و نایاسایی نییە تۆمەتبار درۆ بکات لەپێناو ئەوەی خۆی لە سزا دەرباز بکات.

٣. بەخشینی دایکی ساکار لە شایەتییدان نابێت هیچ ڕێگرییەک بخاتە دادگاییکردنەکەوە. فەلسەفە و حیکمەتی هێنانی شایەت بۆ دادگا ئەوەیە تاوانباریی یان بێتاوانیی تۆمەتبار لای دادوەر ڕۆشن بێتەوە، نەک ئەوەی شایەتەکە بڕیار بدات کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان. بۆیە ئامادەنەبوونی شایەتێک بۆ شایەتییدان دەبێت مەسەلەی تۆماتبارییەکە ڕۆشنتر بکاتەوە نەک ڕێگریی بخاتە دادگاییەکەوە و تۆمەتبار بەو جۆرە دەربازی بێت لەدەستی عەدالەت. ئەوەی کە دەوترێت ئەگەر کەس داوای تۆمارنەکردبێت دژ بە تۆمەتبار کەواتە تۆمەتبار دەبێت بەر بدرێت و نەدرێتە دادگا، قسەیەکی وا تێنەگەیشتنی تەواوە لە فەلسەفەی هەبوونی دادگا و لە جەوهەری کۆنتراکتی کۆمەڵایەتیی و لە ڕۆڵی دەزگای داواکاری گشتیی و لە وەزیفەی دەزگای پۆلیس. کە ئینسانێک کوژراوە، کەواتە ئەو ئینسانە شکاتکەرە و کۆمەڵگاش بە کۆنتراکتی کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتی داوەتە دەست دەوڵەت تا دادگا دامەزرێنێت و دادپەروەریی بۆ ئەم هاوڵاتیی و ئەو هاوڵاتیی بگەڕینێتەوە و، دەزگای داوکاریی گشتیی دامەزرێنێت تا دەعوای لەسەر هەر هاوڵاتییەک هەبێت کە لە یاسا لادەدات و ئەو ئەرکەی داوە بەسەر شانی دەزگای پۆلیسدا کە شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک تا ئەو تاوانبارانە کەشف بکەن کە تاوان دەکەن و دوایی حاشای لێدەکەن. 

٤. ساکار دەبێت و مافی خۆیەتی دادگایی بۆ کوشتنەکەی ساز بدرێت و لە کەیسەکەی بکۆڵرێتەوە و بکوژەکەی سزا بدرێت. لە کوێی دونیادا ئەگەر یەک زەڕڕە ڕێز بۆ ئینسان هەبێت شتی وا قبوڵ دەکرێت ئینسانێک بکوژرێت، کەچی دەوڵەت بەبێ گەڕان بەدوای بکوژدا، یان بەبێ ڕەسمییەتدان بە تاوانباریی و بەرپرسیارێتیی بکوژەکە لە دادگایەکی ڕەسمییدا، گومانلێکراوێک ئازاد بکات کە چەندین بەڵگەی ڕۆشن هەن کە تاوانبارییەکەی دەسەلمێێنن؟ هەر یەکێک لە ئێمە مافی ڕەهامان بەسەر دەوڵەتەوە هەیە هەوڵ بدات ئەو کەسانەی غەدرێکمان لێ دەکەن ڕووبەڕووی عاقیبەتەکانی کردارەکانی خۆیانیان بکاتەوە. ساکار غەدری لێ کراوە. ئەگەر دەسەڵات دوای ئەوە ناکەوێت بۆی کە تاوانباری ڕاستیی بدۆزێتەوە و لە دادگایەکدا ڕەسمییەت بە تاوانبارییەکەی بدات و سزای ڕەوا بدات بەسەریدا، ئەوە دەسەڵات ئەرکی خۆی ئەنجام نەداوە.

٥. یاسای لێبوردنی گشتیی نابێت ببێتە یاسای شەفاعەتخوازیی و پەڕاندنەوەی پیاکوژان. یەکێک لە یاسا هەرە ناجۆر و هەڵەکانی پەرلەمانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا یاسای لێبوردنی گشتییە. دەسەڵاتی سیاسیی بۆ بردنەوەی دڵی دەنگدەران و بردنەوەی لایەنگرییان، بەو یاسایە میهرەبانییەکی وا بە تاوانباران دەفرۆشێت کە تەنانەت بەر لە دادگاییکردنیشیان، ئامادەیە لە تاوانی گەورەی وەک کوشتنی ئینسانیش بیانبوورێت. ئەمە مامەڵەکردنی بردنەوەی دەسەڵاتە لەسەر حیسابی بەهای ئینسانیی هاوڵاتییانی ئەم هەرێمەی ئێمە و نابێت ڕێگەی پێبدرێت. حیکمەتێک لە سزای یاسایی چاوترساندنی خەڵکە لە دەستبردن بۆ تاوانکردن و یاساشکێنیی. ئایا دەسەڵاتی سیاسیی و دادگاکانی کوردستان چی ئاماژەیەکی خەتەرناک بۆ باوک و براکانی ناو کۆمەڵگایەکی ترادیشیوناڵ و دواکەوتووی وەک کۆمەڵگای کوردیی دەنێرن کاتێک پیشانیان دەدەن کە مومکینە بەبێ وەرگرتنی هیچ حوکمێکی یاسایی لە کوشتنی خوشک و دایکەکانیان ڕزگاریان بێت؟ ئەمە کارێکی خەتەرناکە و دەبێت زووبەزوو بکێشرێتەوە. یاسای لێبوردنی گشتیی گوایە بۆ کەمکردنەوەی تاوانە، بەڵام بەم جۆرە بێت ئەو یاسایە لە کرداردا ڕێژەی تاوان بە پلەیەکی زۆر دەباتە سەرەوە. بە مانایەکی تر، دەسەڵاتداران بەو جۆرە بەشداریی دەکەن لە زیادکردنی ڕیژەی تاوانکاریی لە کۆمەڵگادا.

٦. دەبێت ئەو پۆلیسانە بدرێنە دادگا کە هەوڵی گۆڕونکردنی بەڵگەکان دەدەن. هەوڵی ئەوەی کە تاوانێک بشاریتەوە، لە یاسادا بە موساهەمەکردن و بەشدارییکردن لەو تاوانەدا چاو لێدەکرێت. کاتێکیش دەزانین کە ئەمە لەلایەن دەزگای پۆلیسەوە دەکرێت کە خۆی ئەرکی نەهێشتنی تاوانی لە ئەستۆیە، ئەمە تاوانەکە گەورەتر دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە شتێکی وا مانای هەبوونی کەلەبەری خەتەرناکە لەناو دەزگای ئەمنیی و دادپەروەریی هەرێمدا. سزادانی توندی ئەو بەشدارییەی پۆلیس لە شاردنەوەی تاوانەکەدا یارمەتییدەرێکی گەورە دەبێت بۆ داخستنی ئەو کەلەبەرە خەتەرناکە لە دەزگای ئەمنیی و دادپەروەریی هەرێمدا.

٧. دەبێت ئەو مەلایەی ڕێگەی پیشانی دایکی ساکار داوە درۆ بکات، سزا بدرێت. ئەو مەلایە دەیزانی کە درۆکردنی دایکی ساکار ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە پیاوکوژێک لە سزا ڕزگاری بێت و خوێنی ئینسانێک لە بەلاشە بڕوات. ئەمە هیچی جیاواز نییە لە دابینکردنی چەکێک بۆ کەسێک تا کەسێکی تر بکوژێت. کاتێکیش دەزانین کە ئەو ڕێگەپیشاندانە لەلایەن مەلایەکەوە دەکرێت کە دایکی ساکار باوەڕی وایە خۆی بە لایەنگری ئەخلاقی ڕاستگۆیی دەزانێت، ئەمە موساهەمەی ئەو مەلایە لە داپۆشینی ئەو تاوانەدا کاریگەرتر دەکات، بۆیە سزاکەی دەبێت توندتر بێت.

٨. نابێت ڕێگە بە کەسوکاری باوکی ساکار بدرێت پشێویی بخەنەوە و جادەوبان دابخەن. داخستنی جادە و دەستبردن بۆ گێرەشێوێنیی بۆ ئەوەی دەزگای دادوەریی نەتوانێت کاری خۆی بکات کارێکی نایاساییە و دەبێت بە توندیی ڕێی لێبگیردرێت و سزای هەبێت. ئەو کارە میلیشیادروستکردنی خێڵ و عەشیرەتە لەبەرامبەر دەزگاکانی دەوڵەتی مۆدێرندا. ئەو خۆپیشاندانانەی ئەوان نابێت هیچ حیسابێکی بۆ بکرێت و نابێت دەسەڵاتداران لەبەردەم گوشاری ناڕەوادا کۆڵ بدەن و لەگەڵیاندا دانیشن. هیچ کەسێک نابێت مافی هەبێت هەوڵ بدات بە خۆفەرزکردن بەسەر دەوڵەتدا، کاریگەریی لەسەر بڕیاری سەربەخۆیانەی دادگاکان دابنێت. ئەرکی دەوڵەتە دادگاکان و دادوەرەکان لە هەڕەشە و گوشار بپارێزێت تا بتوانن بڕیاری دادپەروەرانە بدەن.

٩. هەڕەشەی کەسوکاری باوکی ساکار لە چالاکوانانی مافەکان ژنان دەبێت سزای بە دوادا بێت. ئەرکی دەسەڵاتدارانە نەهێڵن هەڕەشە بکرێتە چەکێک لەبەرامبەر چالاکیی مەدەنیی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا. کاتێک برایەکی مامۆستا ساکار یان هەر کەسێکی تر لە خزمانی هەڕەشەی سوتاندنی بارەگاکانی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەن، ئەمە ئیتر هەڕەشەیەکی خەتەرناکە کە لە وڵاتانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ چەندین ساڵ زیندانیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەجیددینەگرتنی ئەم زیادەڕۆییەی و سزانەدانی هەڕەشەکەران هەم خەتەری سەر ژیانی چالاکوانانی مافەکانی ژنان زیاد دەکات و هەمیش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم مافی دیموکراتییانەیاندا لە خەباتکردن بۆ مافەکانی ژنان.

١٠. حکومەت کە یاسای توندوتیژیی ناو خێزانی دەرکردووە ئەرکێتی نەهێڵێت کوشتنی ژنان لەلایەن خێزانەوە وەک کارەساتێکی ئەهوەنتر لە کوشتنی ئینسانێک تێپەڕێت. حکومەت ئەرکێتی نەهێڵێت دۆسیەی کوشتنی مامۆستا ساکار داخرێت و ڕێگە نەدات بە سوڵحی عەشایه‌ری بکوژەکە دەربازی بێت. لەکاتێکدا کە یاساکانی هەرێم لە ئێستادا کەلێنی وا گەورەی تیایە کە ڕیگە دەدات ئاوا کوشتنی ئینسانێک بەبێ لێکۆڵینەوە و بەبێ دەرچوونی حوکمی دادگا و بەبێ سزا تێپەڕێت، ئەوە کافیی نییە و سوودێکی نابێت تەنها دەزگای داواکاریی گشتیی داوای تێهەڵچوونەوە بۆ دۆزەکە بکات، چونکە مومکینە لە دادگای تێهەڵچوونەوەش هەر بە هەمان بیانووەوە دۆسییەکە دابخرێتەوە. بۆیە ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانان و ئەرکی سەرۆکوەزیرانە بەر لەوەی دۆزەکە بچێتە دادگای تێهەڵچوونەوە، یاسای لێبوردنی گشتیی هەموار بکەنەوە یا لە کاری بخەن، وە مەرجی هەبوونی شکاتکەر لە دۆزی کوشتندا لە یاسای سزادان لابدەن و لە یاسادا ئەوە ڕوونتر بکەنەوە کە ئەرکی داواکاری گشتییە داوای مولاحەقەی یاسایی گومانلێکراو بکات نەک تاکەکەس. سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە زۆر بۆنەدا خۆی وەک داکۆکییکاری دەرکردنی ژنان لە پلەدوویی پیشان دەدات. ئەمە لای ئێمە جێگەی دەستخۆشیی گەورەیە. ڕێگەنەدان بە تێپەڕینی کوشتنی ژنان بەبێ سزا مەحەکێکی ئەسڵیی ڕاستگۆیی سەرۆکوەزیرانە لەو بەڵێنانەیدا.

 

 

دەستەی دادپەروەریی بۆ مامۆستا ساکار

٢٥/٩/٢٠١٢

desteydadperwerii@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply